خەونەکانى باران
 

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
1/2/2007


ئەگەر سەفەر نەبووایە، باران کتێبێکى دیکە دەبوو
لە سەر پشتى (با) خۆى پەخش دەکرد
بە ئیحساسى بەیانى دەکرایەوە
بە دەنگى هەتاو خۆى دەنواند
کەس نەیدەتوانى بیخوێنێتەوە
کتێبێک لە نوور
لە خەندە هەڵوەریوەکانى دایکم
کتێبێک لە گەڕەکەکانى منداڵى
لە سەرچاوەکانى بەهار
لە خەونى هەڵگەڕاوەى نیگا خەواڵوەکانى ئەستێرە
وەک ئەوەى کتێب جگە لە وێڵ بوون
بە قەوارەى ئاو هەڵواسرا بێ
باخچەیەک بە قەوارەى زەردەپەڕ
هەموو کەس ناتوانێ بیخوێنێتەوە.

باران وەستاوە
وەک گەڵایەک پەنجە لە سێبەر دەبزێوێ
وەک بزەیەک لە سەر لقى شەقامى چاوەڕوانیدا
کز دەسوتێ
کتێبێکى شینم خەریکە لێوە تەڕەکان حونجە دەکەم
دەڕۆم بێ ئاگا
لە شەپۆلە چاو زەردەکانى هەتاو گومڕا دەبم
تا رۆخى بەربوونەوەى شکۆفە
دەڕۆم بێ پەروا لە دەنگى باران هەڵدەخلیسکێم
هەڵدەسمەوەو دەڵێم
ئەوە ژیان نییە، جەنگێکى گەرمە لەگەڵ خوناو
شەڕێکى ساردە لەگەڵ زەردەخەنەى هەتاو
ئەوە ژیان نییە
خەریکە باران خەو دەیباتەوە
خەریکە تەمەن سەرشار دەبێ لە پرس
لە سێبەرى ئاوێکەوە تەماشا دەڕوا
بڕوانە کاتى خۆکوشتنى بارانە، لە دوا لاپەڕەى ئەو دەفتەرەى
بە نەشئەى مەستێکەوە دەبریسکێ
بە نیگاى مەستێکەوە خۆم هەڵدەواسم
دەڕۆم تا رۆخى بەربوونەوەى هۆش
بە سەر شەڕى دوو لیمۆى کاڵ
تا ئەوپەڕى شپڕزەیى دەریا
لەوێ ئاو لە ژنێک دەچێت کە دوودڵى گەڕانەوەیە
گوڵدانى هەناسەیەکى دیکەى عەشق
هەناسەیەکى دیکەى پاک بوونەوە.
دەڕۆم لە قەراغ دارستانێک کە ئەفسوون لە تاریکى دەژمێرێ
لە کەنار دەریایەک کە دڵۆپ دڵۆپ
زەردەخەنە بە رێبواران دەفرۆشێ
تا باران ببارێت.

دەڕۆم
تا باران ببارێت
ئاو لە تەختى پاشا نایەتە خوارێ
دەریا چۆلەکەیەکە لە سەفەر
تازە لە نائومێدى گەڕاوەتەوە
وەک خۆر باى باڵى بدات
وەک دڵێکى گوشراو
ترپەى دێت
دەنگى پڕە لە خەونی باران
باران بە دەنوکى شەو دەنووسێ
غەریبى چ ئەفسوونێکە سەیرکە دەریاى لێدەرژێت.

ئەوە ئاو نییە وەستاوە
موسافیرێکە بە فەرامۆشى پێدەکەنێ
جوتیارێکە بە ئاسمان دەڵێ:
بنمیچى باران
رێبوارێکە
لە بەر هەیوانى رێگا
قاشێک خەیاڵ دەکاتە توێشوى تەنیایى
دەستم بەر هەر چى دەکەوێت
بۆنى پڕشنگى هەتاو دێت
دەڕۆم لە کۆڵانە سەرمەستەکانى شیعر
تەڕ دەبم تەڕ
وەک ئەوەى بڵێى
ئەوە باران نییە وەستاوە
بیابانە شەپۆل شەپۆل
چاوى تەڕ کۆ دەکاتەوە
ئەوە منم
هێندە غەریبانە دەڕۆم
هەستدەکەى باران نابارێ
هەستدەکەى بەسەرهاتى خۆم لە تاریکى
دەنووسمەوە.