مه‌حوى له‌نێوان عه‌شقى خودا‌و عه‌شقى ئه‌و شۆخه‌دا
ئارام قه‌ره‌داغی
Aram_qaradaghi@hotmail.com
گه‌لێك قسه‌وباسى زۆر له‌سه‌ر شیعر و بیروبۆچوونه‌كانى مه‌حوى له ئه‌ده‌بی كوردیدا
ده‌بینرێت، به‌و پێیه‌ى مه‌حوى یه‌كێكه له‌شاعیره هه‌ره دیاره‌كانى ئه‌ده‌بی
كوردی، ئه‌ده‌بیاتى ئێمه هه‌تاكو ئێستاش شانازییه‌كى زۆر به‌م شاعیره
گه‌وره‌یه‌وه ده‌كات، چونكه توانى له نووسیندا ببێته خاوه‌نى ستایلێكى تایبه‌ت
به‌خۆى، كه به بینینی دوو دێڕ له شیعره‌كانى بتوانرێت جیابكرێته‌وه و مۆركى
تایبه‌تى خۆى هه‌بێت له‌شیعردا. ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى تا ئێستا كراون زۆربه‌ى
هه‌ره‌زۆرى له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زێكى تایبه‌تى له‌شیعرى مه‌حویدا ده‌دوێن ئه‌ویش
سۆفیگه‌رییه، ته‌واوى شیعره‌كانى مه‌حوى كه باس له‌هه‌سته‌كانى ناو دڵى ده‌كات
دراوه‌ته پاڵ خودا و مه‌حوى كراوه به‌و كه‌سه‌ى ته‌واوى عه‌شقى ناو دڵى بۆ
خودایه و جگه له‌خۆشه‌ویستى خودا هیج جۆره خۆشه‌ویستیه‌كى دى دزه‌ى نه‌كردۆته
ناو دڵیه‌وه و خاڵییه له هه‌موو شتێك، ئه‌م جۆره قسه‌كردنه له‌سه‌ر شیعره‌كانى
به‌راى من غه‌درێكى گه‌وره‌یه به‌رامبه‌رى كراوه، مه‌رج نییه ته‌واوی شیعره
غه‌زه‌لیه‌كانى مه‌حوى بریتیبن له‌ته‌ێه‌وف و توانه‌وه بۆ خودا، به‌ڵكو به
پێچه‌وانه‌وه ته‌ێه‌وف رێژه‌یه‌كى زۆر زۆر كه‌می شیعره‌كانى پێكهێناوه كه
شایه‌نى ئه‌و زه‌قكردنه‌وه گه‌وره‌یه نییه تا ئه‌و به‌و شێوه‌یه بناسرێت.
وه‌ك ده‌بینین له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا له شیعرى مه‌حویدا زۆرینه‌ى ئه‌و وشانه‌ى كه
ماناى یار بگه‌یه‌نێت دراوه‌ته پاڵ خودا و كه‌سایه‌تى ناسكى ژنى لێ وه‌ده‌رنراوه،
واتا مه‌حوى هه‌موو وشه‌كانى (یار، یان شۆخ یان دڵبه‌ر ...هتد)ى له‌جێگاى خودا
داناوه، پێویسته لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكرێت و بپرسین ئایا شیعرى ره‌مزیى یاخود
به‌كارهێنانى ره‌مز له شیعردا له چ كاتێكدا دێته ئاراوه؟ ئه‌مه‌ش زۆر ئاشكرایه
نه‌وه‌ك هه‌ر له شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتدا به‌ڵكو له هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا كاتێك
ره‌مز به‌كارده‌هێنرێت كه ناوبردنى وێنه‌ى یه‌كه‌مى ره‌مزه‌كه سانسۆرى
بخرێته‌سه‌ر و ناوبردنى ته‌واو نه‌گونجاو و قه‌ده‌غه‌بێت، له‌م كاته‌دا په‌نا
ده‌برێته به‌ر به‌كارهێنانى ره‌مز تاوه‌كو بتوانرێت مه‌به‌سته‌كان له وێنه‌یه‌كى
تردا ده‌رببڕدرێن.
یاخود له‌كاتێكى تردا ره‌مز به‌كارده‌هێنرێت بۆئه‌وه‌ى له‌ڕێگاى ڕه‌مزه‌كه‌وه
واتایه‌كى ته‌واوترو تێروته‌سه‌لتر بدرێت به ده‌ربڕینه‌كه و ئامانجى ته‌واوه‌تى
بپێكرێت، كه‌واته ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ڵێن زۆرێك له شیعره‌كانى مه‌حوى سۆفیگه‌ریی بن
ئه‌وا مه‌حوى چى پێویستى ئه‌كرد په‌نا به‌رێته به‌ر به‌كارهێنانى یار یان په‌رى
یان هه‌رچ وشه‌یه‌كى دی بۆ ره‌مز له‌جێگاى خودا، خۆ له‌زه‌مه‌نى مه‌حویدا ئه‌گه‌ر
بهاتبایه ناوى خودای به ئاشكرا‌و به ڕونتر ببردایه مه‌به‌ستى ئه‌و بوایه ئه‌وا
ئامانجه‌كانى باشتر ده‌پێكا و خه‌ڵكى زیاتر لێی تێده‌گه‌یشتن و گه‌وره‌تر سه‌یریان
ده‌كرد، پاشان گه‌ر به‌وردى سه‌یرى شیعره‌كانى مه‌حوى بكرێت زۆر به ئاسانى له
گه‌لێك شوێندا ده‌بینرێته‌وه كه مه‌حوى ته‌واو دڵدارانه ده‌دوێت و ره‌مزه‌كانى
زۆر دوره له سیفاته‌كانى خوداوه، له‌هه‌ندێ شوێندا ئاسه‌وارى روداو
ده‌بینرێته‌وه له‌گه‌ڵ دڵبه‌ره‌كه‌یدا كه به‌سه‌رى هاتووه، كه ئه‌مانه‌ش روداوى
به‌رجه‌سته‌ن و دوورن له هه‌موو خستنه قالبێكى خوداوه، مه‌حوى له كۆمه‌ڵگایه‌كى
كوردیدا كه‌سایه‌تیه‌كى دینى هه‌بووه و مه‌لاو گوتارخوێن بووه، وه‌ك له‌مێژوى
ژیانى ئه‌و پیاوه‌دا ده‌بینرێت كه هێنده شاره‌زابووه له یه‌كێك له
مزگه‌وته‌كانى ئه‌سته‌نبولدا مه‌لا بووه و گوتارى خوێندۆته‌وه، ئه‌م
كه‌سایه‌تیانه له كۆمه‌ڵگاى كوردیدا هه‌میشه چاویان له‌سه‌ره و گه‌لێك وشه‌و
ده‌ربڕین بۆ ئه‌مان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه به‌تایبه‌تى له بابه‌تى
خۆشه‌ویستى و ژن‌دا، بۆیه زۆرینه‌ى غه‌زه‌له‌كانى دراوه‌ته پاڵ خودا، ڕاسته له
بنه‌ماكانى ڕێبازى سۆفیگه‌ریدا وێنه‌ى خودا خراوه‌ته وێنه‌ى ژنه‌وه، به‌ڵام ئه‌م
جۆره ره‌مزه له سۆفیگه‌ریدا له‌كاتێكدا سه‌رى هه‌ڵدا كه كه‌سى سۆفی بویه
كه‌سیكى ناشیاو و نامۆ له حكومه‌تى عه‌باسیدا و دواى كوشتنى حه‌لاج ڕویدا ئه‌گین
له نووسینه‌كانى حه‌لاج و پێش ئه‌مدا وه‌ك رابیعه‌ى عه‌ده‌وی و محیه‌دینى عه‌ره‌بی
دا زۆر ئاشكرا و به‌ناوى خوداوه نووسینه‌كانیان نووسیوه‌و بێ په‌نا بردنه به‌ر
ره‌مز و ره‌مزكارى، هه‌رچه‌نده ئه‌م به‌كارهێنانه‌ى وێنه‌ى ژن له بری خودا لاى
ئیبن رۆمى زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌و پێیه‌ى ئیبن رۆمى كه‌وته ئه‌وكاته‌وه
كه سۆفیه‌كان به ئاشكرا ده‌ستكرا به كوشتن‌یان، به‌لام له‌سه‌رده‌مى مه‌حویدا هیچ
سانسۆرێك نه‌بووه تا په‌نا به‌رێته به‌ر ئه‌م جۆره نووسینه، ئه‌گه‌ر بگوترێت
مه‌حوى وه‌ك ڕێبازه‌كه‌ى ئیبن رۆمى شیعره‌كانى نووسیوه ناكرێت هه‌موو شیعره
غه‌زه‌لیه‌كانى بكرێت به ته‌ێه‌وف و دڵدارى له‌ناو شیعرى مه‌حویدا دابڕنرێت،
چونكه گه‌لێك به‌یتى هه‌ن ناتوانرێت بدرێته پاڵ خودا و به ئاشكرا مۆركى
مرۆڤایه‌تى پێوه دیاره، كه به‌هه‌ندێك نموونه‌ى كورت ئه‌مانه زیاتر
رونده‌كه‌ینه‌وه كه دیوانه‌كه‌ى پڕه له چه‌نده‌ها نموونه‌ى له‌م جۆره.
له‌شوێنێكدا مه‌حوى ده‌ڵێت:
سه‌رت پێ لازمه مه‌یبازه مه‌حوى
ده‌بێ دولبه‌ر كه‌هات ئێمه به‌سه‌رچین
لێره‌دا مه‌حوى ڕوده‌كاته خۆی و به‌خۆى ده‌ڵێت ئاگات له‌سه‌رت بێت و له‌ناو
نه‌چێت چونكه ئیشت تێى ده‌كه‌وێت، ئه‌وكاته‌ى كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ت دێت ئه‌بی تۆ
له‌خۆشیا له‌برى ئه‌وه‌ى به قاچ بچیت به پیریه‌وه ئه‌بی به سه‌ر بچیت، له
دودێڕى تردا وه‌ڵامى ئه‌مه ده‌داته‌وه و ده‌یسه‌لمێنى كه ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ى
هاتۆته‌دی و ڕوداوه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه دواى هاتنى دڵبه‌ره‌كه‌ى، ده‌ڵێت:
گله‌یی پێشم له‌سه‌ر سه‌ر هه‌م بووه بار
كه‌دى من دولبه‌رم هات و به‌سه‌ر چووم
لێره‌دا ده‌ڵێت من كه چاوه‌ڕێى دڵبه‌ره‌كه‌م بووم، دڵبه‌رم گه‌یشت و
به‌سه‌ریش چوم بۆلاى به‌ڵام ئێستا پێم گله‌یم لێده‌كات كه به سه‌ر چوم و به‌قاچ
نه‌چووم. كه ئه‌م نموونه‌یه هیچ نكۆڵیه‌كى لێ ناكرىَ پاش ڕوودانى ڕوداوێك
گوتراوه.
له‌ناو غه‌زه‌له‌كانى مه‌حویدا دیارده‌یه‌كى تر زۆر به‌ڕوونى ده‌رى ده‌خات كه
مه‌حوى مه‌به‌ستى خودا نه‌بووه و مه‌به‌ستى خۆشه‌ویسته‌كه‌ى بووه، چونكه له
گه‌لێك شوێندا یار به سته‌مكارو خوێن‌ڕێژ ناوده‌بات، كه ئه‌م سیفاتى سته‌مكارییه
ناكرێت لاى مه‌لایه‌كى وه‌ك مه‌حوى بدرێته پاڵ خودا، وه‌ك له‌یه‌كێك له
دێره‌كانیدا ده‌ڵێت،
له ناوا باسى تۆبه‌ى تۆ بوو ئه‌مڕۆ ئه‌ى
سته‌مگه‌ر شۆخ
بخه ئه‌م تۆبه پاشى كوشتنى من، تۆ بی ی‌و پیرت
له‌خوێندنه‌وه‌ى دیوانه‌كه‌ى مه‌حویدا توشى چه‌نده‌ها پارچه شیعرى پڕ
له‌هه‌ست و سۆزى دڵداریه‌كى ته‌ڕ ده‌بین كه مه‌حوى هه‌میشه ڕوو ده‌كاته
به‌رامبه‌ر و باسى ئه‌و شۆخه‌ى ناو دڵى ده‌كات له‌زۆر شوێندا له ڕاڤه‌ى
شیعره‌كانیدا ئه‌و شۆخه كراوه به خودا یان به ڕێنیشانده‌رێكى دینى بۆ گه‌یشتن
به خودا، كه خۆى له راستیدا كاتێك له شیعردا ره‌مز به‌كار هات شاعیر له
شوێنێكى شیعره‌كه‌یدا ئاماژه بۆ ئه‌و ره‌مزه ده‌كات بۆ به‌رچاوڕوونى خوێنه‌ر، وه
هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه ره‌مز هه‌یه بابه‌تى ناو شیعره‌كه له‌كاتى ده‌ربڕینى
ره‌مزه‌كه‌دا گۆڕانێكى به‌سه‌ردا دێت، مه‌حوى له دودێڕى تردا باس له‌وه ده‌كات
كه ته‌مه‌نى وا پیر بوو كه‌چى نه‌گه‌یشته ئه‌و شۆخه‌ى كه دڵى لایه‌تى ، وه‌ك
ده‌ڵێت:
نه‌گه‌یمه ئه‌و جوانه و گه‌یمه پیرى
مه‌ده‌د یا پیرى پیرانى بوخارا
له‌م به‌یته‌دا مه‌لا عه‌بدول كه‌ریمى موده‌ریس ئاماژه به‌وه ده‌كات
مه‌حوى لێره‌دا مه‌به‌ستى پێى ئه‌وه‌یه كه پیر بووه كه‌چى رشێى نه‌گه‌یشته
كه‌سێك ڕێنیشانده‌رى بكات بۆ لاى خودا وشه‌ى ئه‌و جوانه لاى مه‌لا عه‌بدول كه‌ریمى
موده‌ریس به ڕێنیشانده‌ر راڤه كراوه، به‌ڵام ته‌واوى قه‌صیده‌كه‌و ئه‌و چه‌ند
نیوه دێڕه‌ى كه له دواى ئه‌م دو دێڕه‌وه هاتوون هه‌مووى كۆمه‌ڵه به‌یتێكى
ته‌ڕى دڵدارین و هیچ ئاماژه‌یه‌كى بچوكیش نییه كه بمانباته‌وه سه‌رئه‌وه‌ى
مه‌حوى مه‌به‌ستى ڕێنیشانده‌ربێت، ته‌واوى قه‌صیده‌كه كۆكه له‌سه‌رئه‌وه‌ى مه‌حوى
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شۆخه‌كه‌یدا ده‌كات، هه‌ر له هه‌مان قه‌سیده‌دا له‌چه‌ند به‌یتى
دواتردا دیسان ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر باسى سته‌مكارى ئه‌و شۆخه‌ى كه ئه‌م پێی
نه‌گه‌یشتوه و باس له برژانگه‌كانى ده‌كات كه خوێناویى كردوه به خوێنى دڵى
عاشقه‌كانى، كه ئه‌م سیفه‌تانه دورن له‌سیفه‌تى كه‌سانى ڕێنیشانده‌ر، وه‌ك
ئه‌وه‌ى مه‌لا عه‌بدول كه‌ریمى موده‌ریس له‌سه‌رى دواوه.
ئه‌و شیعرانه‌ى كه به‌م شێوه‌یه لێكدانه‌وه‌یان بۆكراوه دیوانه‌كه‌ى مه‌حوى
داگیر كردوه، كه‌هیچ مانایه‌ك و ئاماژه‌یه‌كى سۆفیگه‌رى تێدا نییه‌و دراونه‌ته
پاڵ ته‌صه‌وف.
مه‌حوى له دو دێڕ شیعردا زۆر به‌ڕوونى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه زۆر لۆمه‌كراوه
له‌سه‌ر ئه‌و وشه ته‌ڕانه‌ى كه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت له ناو خۆیدا عاشقێكى
سه‌رسه‌ختى شۆخه‌كه‌ی بوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێك ده‌ربڕینی گوتبێت بۆ شاردنه‌وه‌و
ونكردنى شۆخه‌كه‌ى به‌كۆمه‌ڵێك وشه‌ى دینى، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌و ناوى مه‌لا و شێخه
بوه كه هه‌ڵى گرتووه
وه‌ك ده‌ڵێت:
چاوه جێى ئه‌و شۆخه بێ، وتم و ، وتی
ئه‌م مه‌لا شێخه قسه‌ى بی جا ده‌كا.