به‌رزه‌خ
ئارام قه‌ره‌داغی
چه‌ند جوانه ئه‌م تاریکییه
چه‌ند جوانه ئه‌م هه‌موو نغرۆبوونه تا سه‌ر ئێسقان
له‌تاریكیدا
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆلاى ئه‌و هه‌ناسانه‌ى
كه به‌جێم هێشتوون
له‌ودیوى ناخى منه‌وه
ئه‌ودیوتر هه‌یه
له‌قوڵایی هه‌ناسه‌كانیشمدا
قوڵایى قوڵتر
كه گه‌ڕامه‌وه,
به‌خاك و خۆڵدا دێمه‌وه و
قاچه‌كانم خۆڵ ده‌یگرێ و
ئه‌ڵێم:
نالى به ئیجازه‌ى تۆ
به‌نه‌فره‌تبى
ئه‌ى حه‌بیبه
چه‌ند خۆشبو لافاوێك بیبردینایه
من ده‌مه‌وى دوێنێ كۆبكه‌مه‌وه
بۆ كۆكردنه‌وه‌ى دوێنێ
چه‌نده‌ها به‌یانى ترم پێویسته
چه‌نده‌ها ده‌فژه‌نم ده‌وێ
ئێى ده‌فژه‌ن.......
من ئیقاعێكى ده‌روێشانه‌م لێت ده‌وێ
ده‌ى ئیقاعێك......
ته‌نها ئیقاعێك و به‌س
من پێویستم به‌وه‌یه
حاڵ بمگرێت
ده‌ى..
ته‌نها ئیقاعێكى ده‌روێشانه و به‌س
چه‌ند شه‌رمه‌زارییه ئه‌م نزیکییه
له‌ئه‌رزه‌وه و
ئه‌م دوورییه
له ئاسمان
تۆ چه‌ند مه‌غرورى به‌وه‌ى
نزیكترى له ئاسمان و
دوورترى
له خ ۆ ڵ
ئه‌و به‌ده‌م سه‌رخۆشیه‌وه ده‌یوت
خودایه من تۆم خۆشه‌وێ
خودایه .......
تۆ ده‌په‌رستم
ئێمه له‌سه‌رخۆشیدا
چه‌ند ڕاستگۆترین
ئێمه له‌سه‌رخۆشیدا
چه‌ند وردتر
بۆهه‌ناسه‌كانمان ده‌گه‌ڕێین
له‌م به‌رزه‌خه‌دا
ڕۆژ ئه‌ده‌ینه ده‌م شه‌و
جگه‌ره ئه‌ده‌ینه ده‌م ج گ ه ره
به‌رزه‌خ
ئه‌ده‌ینه ده‌م
ب ه ر ز ه خ
له‌م به‌رزه‌خه‌دا
له دوێنێ وردئه‌بینه‌وه
بۆ سبه‌ینێ ئێمه نامانه‌وێ
له خه‌و هه‌ستین و
به‌زۆر له‌ژێرجێگا ده‌رمان دێنن
ئه‌رێ جه‌نگریزخان
كه تۆ له جه‌نگه‌كان
جێده‌ماى
چۆن ڕۆژه‌كانت
س ه ر ه ب ڕ ى
ئه‌رێ تۆ
هه‌رگیز ڕۆژێك
شتێكت لێ ون بووه
كه لێره ده‌ڕۆین هه‌میشه
به‌په‌شیمانى ده‌ڕۆین
چه‌ند پێویستمان به ئازادبونه
ئازادبوونى ڕۆح له جه‌سته
ئازادبوونى من
له ته‌وته‌مه‌كانى ئێوه
ئازادبوونى من
له تاپۆى ته‌وته‌مه‌كانتان
من پێویستم به‌هه‌نگاوێكى ئازادانه هه‌یه
هه‌نگاوێك به‌بێ جه‌سته
به‌بێ ته‌وته‌م
به‌بێ تاپۆ
من سه‌رم له‌زه‌نده‌قه‌وه
ده‌ره‌چێت و
له‌ناو ئیمانا ئه‌مرم
سه‌رم له‌گومانه‌وه
ده‌ره‌چێو
له‌ناو جێگه‌كانى
یه‌قینا ئه‌نوم
من چه‌ند پێویستم به هه‌نگاوێكه ئه‌ى ده‌فژه‌ن
ته‌نها هه‌نگاوێك و
به‌س
چه‌ند هیلاكین
به‌ده‌ست ئه‌م گه‌ڕانه بێ هوده‌یه‌وه
به‌م خه‌ڵتانى غوربه‌ته‌وه
ئه‌گه‌ڕێین و هه‌ر نامۆین
كه‌شه‌كه‌ت بوویت
ئاڵاكه هه‌ڵكه‌و نه‌شیدێك بڵێ بۆ وه‌ته‌ن
له‌ناو ده‌شتاییه‌كانى تۆدا
ون ده‌بم و
هه‌ر له‌ناو تۆدا
بۆ تۆ و بۆ شتى تر ئه‌گه‌ڕێم
به‌سه‌ر شاخه‌كانى تۆوه
ئه‌مرین له برسا و
قارچكێكمان ده‌ست ناكه‌وێ
له‌ناو دۆڵه‌كانى تۆدا
به‌ده‌م گه‌ڕانه‌وه
تۆز ئه‌مان خوات و
دوو ده‌نك خڕنوك تۆزێك ئه‌سپۆن
هه‌ر هیچ هیچمان چنگ ناكه‌وێ
من هه‌ر ئه‌بێ لێره‌وه بڕۆم وه‌ته‌ن
ئه‌عرافێكى دورو درێژ
به‌كۆڵمه‌وه‌یه
با له‌م تاریكیه‌دا
به‌تاریكى سه‌یرى ده‌فه‌كان بكه‌ین ئه‌ى ده‌فژه‌ن
به‌تاریكى سه‌یرى دوێنێ بكه‌ین
كه‌مۆمێك ئه‌كوژێته‌وه
ڕه‌نگێك جوانتره بینین
له‌باوه‌شێكا ئاسوده‌تر ئه‌ژین
من هه‌ناسه‌یه‌كم له‌ژێر دارێكى به‌هه‌شتا
جێهێشتبوو
كه‌ده‌چم هه‌ڵیگرمه‌وه
به‌یه‌ك پریاسكه سێوه‌وه ئه‌ڕۆم
به‌یه‌ك توره‌كه گه‌نمه‌وه
ئه‌ڕۆمه‌وه بۆ ئه‌وێ
چه‌ند دوورن
هه‌ناسه به‌جێماوه‌كانى ئێمه
چه‌ند په‌رته‌وازه‌ن
پارچه‌ى نه‌شیده‌كانى وه‌ته‌ن
چه‌ند به‌هیلاكى ئه‌ژین
چه‌ند به‌موحتاجى ئه‌مرین
كاتێك چنگه‌كانمان
پڕه له‌خوێنى بنیاده‌م
هاوار ده‌كه‌ین باپیره دواى تۆ
براكانمان خیانه‌تیان لێكردین
باپیره ... براكانمان
هه‌رله‌دواى تۆوه
له‌ده‌رگاكه‌ى پشته‌وه هاتوچۆ ئه‌كه‌ن
باپیره... ئێمه‌ین ئه‌و كاروانه‌ى
كه له‌ئاده‌م و له‌تۆ
جێده‌ماین .. ئێمه‌ین .. ئێمه
ئێستا له‌به‌ینى كتێبه‌كان
له‌ژێر پێڵاوه‌كانى یه‌كترى
له‌ناو باخچه گشتیه‌كان
بۆ هه‌ناسه‌كانمان ده‌گه‌ڕێین
باپیره..
تۆبڵێى كۆیان كه‌مه‌وه
به‌دوو لێوى ته‌زیوه‌وه
ده‌م له ئایاته‌كانى فه‌نابوونه كوتم
باس له‌ون بوونى وجوده‌كه‌م
ون بوونى ڕه‌ها
ده‌ى با ون بین
ده‌ى كۆیان كه‌وه
تا قوڵتربینه‌وه
هه‌ناسه‌ى جێماوى دوورترمان
هه‌یه
قوڵتر
ڕۆچوتر له ڕۆچوونا...