ئه‌م به‌یانییه زووه بیرمه‌كردى
چیرۆك
هێمن مه‌حمود
(ده‌ربه‌ندیخان)
Hemnm1979@yahoo.com
بۆ (رۆژان)
تۆ بۆنى موعجیزه‌ت لێ ده‌هات بۆیه ئه‌م هه‌موو ئه‌فسانه‌یه‌م
له‌ده‌ورت خوڵقاند.
هه‌میشه وهه‌میشه بیرم ده‌كردى وبه‌شوێن ئه‌و
گۆرانیانه‌دا ده‌رِۆشتم كه ده‌یانگه‌یاندمه‌وه به تۆ،
له‌نێوان ژیان ومردنمدا وه‌ستا بوویت
وژیانى بىَ تۆیم به‌لاوه سه‌ختتر بوو
له‌مردنێكى قورس وگران.
مناڵ بووم،
هێشتا تۆم نه‌ناسیبوو،
هه‌میشه بیرم له‌مردنى خۆم ده‌كرده‌وه، له
دواین نیگا بۆ دونیا، له
دواین وشه و له دواین پێكه‌نین،
له دواهه‌مین لێدانى دڵم كه ئیدى لێ
نادات وبۆ ئه‌به‌د راده‌وستىَ.
مناڵ بووم،
هه‌میشه بیرم له مردنى هاورِێكانم ده‌كرده‌وه،
له مردنى پیاوه پیره‌كانى گه‌رِه‌ك كه به
بێده‌نگى یه‌كه یه‌كه ده‌مردن و كۆڵانه‌كه‌یان
جێ ده‌هێشت و جگه له چه‌ند
یاده‌وه‌رییه‌ك كه بۆ ئێمه‌ى منداڵ شیرین بوو، هیچیان
له‌دواى خۆیانه‌وه جێ نه‌ده‌هێڵا.
به‌مناڵى ژیان هێند گه‌وره بوو به‌شی
نه‌ده‌كردم، ته‌نانه‌ت شه‌وانیشم ده‌دایه ده‌مى
رۆژه‌وه، كه‌چى هه‌میشه كۆمه‌ڵێك یاریم لێ جێ
ده‌ما. هاورِێیه‌كم
نیوه‌رِۆیه‌ك كه ده‌یویست له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى
شار بپه‌رِێته‌وه و بۆ قوتابخانه بڕوات ئۆتۆمبیل
لێی دا وكوشتى.
نیوه‌رِۆییه‌كى سه‌یربوو، دایكم به
په‌له رایكرده ماڵه دراوسێكه‌مانه‌وه، كه
له چاوتروكانێكا شاره‌كه ڕژابوونه
ماڵه‌كه‌وه و ده‌یه‌ها ژن له‌خۆیان ده‌دا،
دایكیشم ده‌ستى دایكى هاورِێكه‌مى گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ى هێنده‌ى تر ده‌موچاوى
خۆى بریندار نه‌كات و له
خۆى نه‌دا.
كه له مزگه‌وته گه‌وره‌كه‌ى شاریش هاورِێكه‌میان
شۆرد، ئێمه‌ى منداڵ هێند بچكۆله‌بووین
پیاوه گه‌وره‌كان نه‌یانهێشت برِۆینه‌وه مزگه‌وته‌كه‌وه و بۆ دواهه‌مین جار وبۆ
ئه‌به‌د له‌جه‌سته‌ى برِوانین.
ژیان تێده‌په‌رِى ومردنیش به‌ته‌نیشتییه‌وه هێدى هێدى هه‌رجاره‌و كه‌سێكى ده‌برد.
ئێمه‌ى هاورِێیانى گه‌رِه‌ك گێرِانه‌وه‌ى مردنى هاورِێكه‌مان وه‌ك گێرِانه‌وه‌ى
مردنى ئه‌فلامكارتۆنێك سه‌یرده‌كرد. هه‌مان بوو ده‌یوت
نه‌مردوه و هاكا زانیت گه‌رِایه‌وه،
هه‌شمان بوو ده‌یوت
خودا له‌و دونیا كردویه‌تیه په‌پووله،
مناڵێكیشمان تیادا بوو به‌ترسه‌وه ده‌یوت باسى مه‌كه‌ن چاوى لێمانه
وده‌زانىَ چى ده‌ڵێیین با ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خۆى نه‌بات.
به‌ڵام دواتر به تێپه‌رِینى ئێواره‌كانى كۆڵاندا بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئیدى
گه‌رِانه‌وه‌ى مه‌حاڵه وئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو شته تێپه‌رِه‌كانى دونیا،
وه‌ك هه‌موو شته تێپه‌رِه‌كانى مناڵى بۆ ئه‌به‌د له‌زاكیره‌ماندا كاڵ
بوویه‌وه وله بیرمان
كرد.
ئێمه‌ى مناڵانى كۆڵان چه‌ند هاورِێیه‌ك بووین كه دواتر
رۆژگار هه‌ریه‌كه‌مانى فرِێدایه شوێنێكه‌وه و زۆر به‌زوویى و
بێ یه‌ك گه‌وره‌بوین. من هیچ جارێك تامى مردنم
نه‌كردبوو، هه‌ستم به ئازاره قووڵه‌كانى
نه‌كردبوو، تا ئێواره‌یه‌كى زستان به‌سه‌ر مردنى خۆمدا
كه‌وتم. له‌یاریگا بچووكه‌كه
سه‌یرى یارییه‌كى دوو تیپى وه‌رزشیم ده‌كرد،
سه‌رمایه‌كى كوشنده بوو،
چه‌ند رۆژێك پێشتر باران وبه‌فرێكى زۆر باری بوو،
ئه‌و ئێواره‌یه نه‌بێت خۆردابوویه‌وه و
وه‌رزشكارانیش هه‌له‌كه‌یان قۆستبوویه‌وه و یارییان
ده‌كرد. كه یارییه‌كه ته‌واوبوو سه‌رماكه هێنده‌ى تر
زیادی كرد بوو،
له رِێگادا هاورِێیه‌كم وتى وه‌ره‌وه تاماڵ
برِۆین، دڵم داخورپا، زانیم
ڕووداوێك رووی
داوه، به‌ڵام ئه‌و هیچى پێ
نه‌وتم.
كه گه‌شتمه ماڵ ودیمه‌نى ئه‌و هه‌موو ژنه‌م بینى وبه‌گریانه‌وه په‌لامارییان دام
زانیم دایكم مردووه و بۆ
یه‌كه‌مجار هه‌ستم به دڵرِه‌قى مردن كرد.
ئێواره‌یه‌كى ترسناك وغه‌مگین بوو، تا
رِۆژانێك دواتریش رووداوێكى وه‌هام بۆ
نه‌ده‌سه‌لما، رۆحم پێی
ده‌وتم شتى وه‌ها روی نه‌داوه،
دڵیشم هه‌میشه بیرى ئه‌وى ده‌كرد.
تێپه‌رِینى رۆژگاره‌كان،
به‌سه‌رچوونى شه‌وه درێژه‌كان،
به‌یانیان وئێواره غه‌مگینه‌كان، پیاسه
ته‌نهاییه دوورودرێژه‌كانى شه‌و،وگوێگرتن
له‌گۆرانییه حه‌زینه‌كان، كردمى به‌هاورِییه‌كى
هه‌میشه‌یى مردن. بیرم له‌مردنى خۆم ده‌كرده‌وه،
له مردنى دایكم وله
مردنى باوكم و له مردنى
هه‌موو ئه‌وانى دى. له مردن
نه‌ده‌ترسام و به‌شوێن هه‌موو شوێن پێكانیدا ده‌رِۆشتم.
له‌نێوان هه‌موو مردنێكدا له رۆحه‌وه به‌قوڵى گریاوم،
ته‌نانه‌ت مردنى كه‌سێكى نه‌ناس، بینینى
لافیته‌یه‌كى ره‌ش(به‌داخه‌وه هاوڵاتى "......" كۆچى دوایى كردوه،
ئه‌مرِۆ یه‌كه‌م رۆژى پرسه‌كه‌یه‌تى له‌مزگه‌وتى...)،
دیمه‌نى جه‌سته‌یه‌كى كه‌وتوو له‌شه‌قامه‌كانى
ئه‌و وڵاتانه‌ى هه‌میشه جه‌نگه تیایدا، لاشه‌ى كه‌سێكى
سوتاو، بێتاقه‌تیكردوم. مردنم
خۆشنه‌ده‌ویست، به‌ڵام رقیشم لێی
نه‌بوو.
هه‌موو جارێك كه‌بیرم له‌مردنى خۆم ده‌كرده‌وه
دڵته‌نگییه‌كى سه‌یر دایده‌گرتم، بیرى ژیانم ده‌كرد له
دواى خۆم، له‌سه‌یرنه‌كردنى ئاسمان ده‌ترسام
جارێكى دیكه له‌ئێواره‌یه‌كى هاوینا، له‌باران ده‌ترسام
كه ئیدى به‌هورووژم به‌سه‌ر سه‌رما نابارێت،
له‌مه‌له‌نه‌كردنى ناو ئاوى رووبار‌ى سیروان.
كه‌بیرم له‌مردنى خۆم ده‌كرده‌وه هه‌میشه بیرم له‌و له‌حزه‌یه ده‌كرده‌وه كه
رۆحم له‌جه‌سته‌م ده‌رده‌چێت، رۆحم له‌و جه‌سته
بێگیانه ده‌رِوانێت كه كه‌وتووه
وئیدى ناجوڵێت وخوشك وبراكانم به‌سه‌ریه‌وه ده‌گرین.
بیرم له تۆ ده‌كرده‌وه كه ئیدى کێ
ئه‌ڵقه‌كه بكاته په‌نجه‌ت وکێَ به‌ته‌نیشته‌وه
ره‌سمه‌كان بگرێت. ته‌نانه‌ت شه‌وێك هێنده بیرم له‌تۆ و
مردن كرده‌وه خه‌وتم مردنم بینى. له‌سه‌حرایه‌كى
چۆڵدا ته‌نها بووم و
له خۆرم ده‌رِوانى،
هه‌ستم به‌گه‌رما نه‌ده‌كرد، هیچ ئاوه‌دانییه‌كیشم لێوه
دیارنه‌بوو، له‌و ته‌نهاییه ده‌ترسام،
له دڵى خۆمدا ده‌مپرسى ئێره كوێیه منى
تێكه‌وتووم، خۆ
من شه‌و له‌شاردا بووم
وتێر پیاسه‌م كرد و دواتریش
گوێم له 'هایده' گرت و
چه‌ند نامه‌یه‌كم بۆ تۆ نووسى و
(ئێواره‌ى په‌روانه)ى به‌ختیار عه‌لیم خوێنده‌وه.
خودایه چ سه‌حرایه‌كى چۆڵ‌بوو، ته‌نها منى لێ
بووم، نازانم له‌و
كاته‌دا بیرم له‌چى ده‌كرده‌وه، ته‌نها دڵته‌نگییه‌كى
سه‌یر دایگرتبوم، له‌ناكاو رۆحى خۆمم بینى بىَ هیچ
ئازارێك له‌جه‌سته‌م هاته ده‌ره‌وه وبه‌دیار لاشه
كه‌وتووه‌كه‌مه‌وه وه‌ستا.
یه‌كسه‌ر بیرم له‌تۆ ده‌كرده‌وه كه چه‌ند چركه‌یه‌كى دیكه دێـیته سه‌رم و
له‌خۆت ده‌ده‌یت. ده‌مویست هه‌ستم نه‌مده‌توانى،
ده‌مویست هه‌ناسه بده‌م ده‌مم بۆ نه‌ده‌كرایه‌وه،
ده‌مویست ده‌ستم بجوڵێنم ومۆبایله‌كه ده‌ربهێنم وته‌له‌فونێكت بۆ بكه‌م
وبڵێم من مردووم، ده‌ستم
به‌گوێی نه‌ده‌كردم، ده‌مویست
بیرم بكه‌وێـته‌وه ئه‌مه خه‌ونه ده‌یبینم،
بیرم بۆ نه‌ده‌كرایه‌وه.
رێك بیرم له دونیا ده‌كرده‌وه،
شه‌وه درێژه‌كانى زستان وبه‌یانییه فێنكه‌كانى هاوین.
بیرم له‌و هاورِێیانه ده‌كرده‌وه كه سه‌ره‌راى كۆن بوونیشیان
هه‌ر خۆشم ده‌ویستن. بیرم له كۆمپیوته‌ره‌كه‌م
ده‌كرده‌وه كه هه‌موو شه‌وێك روبه‌رِوى یه‌ك داده‌نیشین وتێر سه‌یرى یه‌ك
ده‌كه‌ین.
ئه‌وه مردنێكى بىَ ئازاربوو، بیرم له‌وه
ده‌كرده‌وه گه‌ر له ئۆتۆمبیلێكدا بووایه‌م
وئۆتۆمبیلێكى دیكه خۆ پێدا بكێشایه‌م چه‌ند
به‌ئازاربوو، هه‌ربۆیه مردنێكى وه‌ك ئه‌مه‌ى ئێستام به
دڵ بوو.
بیرم له‌تۆ ده‌كرده‌وه كه سه‌ده‌یه‌كه بۆت ده‌گه‌رِێم وله‌كاتى دۆزینه‌وه‌تا مردووم.
بیرله‌و قسه دورودرێژانه، ئه‌و شه‌رِه كورتانه‌مان،
سه‌یركردنه پرِ پرسیاره‌كانت، بیر له شه‌وى
ماره‌برینه‌كه‌ت كه تۆ به‌جله كوردییه‌كه‌ته‌وه وه‌ستابوویت
وپێكه‌وه وێنه‌مان ده‌گرت.
ده‌مویست هه‌ستبكه‌م نه‌مردوم، هه‌ستبكه‌م پێده‌كه‌نم،
هه‌ست بكه‌م بیرى تۆده‌كه‌م، به‌ڵام حه‌یف
مردبووم وبه‌ته‌نها له‌و سه‌حرایه‌دا كه‌وتبوم. كاتێك
زه‌نگى مۆبایله‌كه‌ش لێیدا ونامه‌یه‌كى تۆم بۆهات نووسیبووت
(دڵى من هه‌سته، ئه‌م به‌یانییه زووه زۆر
بیرمه‌كردى، ناتوانم تۆ بخه‌ویت ومن به‌ئاگابم،
ده‌مه‌وێت پێكه‌وه چێژ له‌م به‌یانییه زووه
ببینین، هه‌سته ماڵه‌كه‌م هه‌سته).
هه‌ستام، هه‌ستم كرد نه‌مردوم وده‌سته‌كانم به
ئاسته‌م جوڵاند، هه‌ناسه‌یه‌كى قوڵم هه‌ڵكێشا
و زانیم نه‌مردوم، له
دڵه‌وه خۆشییه‌كى سه‌یر دایگرتم، به‌چێژێكى زۆره‌وه
له دونیا، له‌و به‌یانییه زووه،
له تۆ..
له‌نامه‌یه‌كدا بۆم نوسیت"ژیان بىَ تۆ مه‌رگێكى درێژه وبىَ كۆتایه،
وژیانى منیش له‌تۆوه ده‌ست پێده‌كات"