ئەمرم و هەناسەیەکی تۆ هەڵنامژم
 

چیرۆک/
هێمن مەحمود


سەعات یانزە و نیوی شەوی چوار شەمەی یەکەمین هەفتەی چل و پێنج ساڵی تەمەنم، پاش چل و پێنج ساڵ بۆ یەکەمجار شەو لە ماڵی خۆماندا نەخەوتم. چل و پێنج ساڵی رەبەق هەموو شەوێکی سارد، هەموو نیوەرۆیەکی گەرم، هەموو بەیانیانێکی فێنک لەو ژوورەدا دەخەوتم کە رقێکی زۆرم لێی دەبوویەوە. ئەو شەوەی بردمیان دایکم هەر لەئێوارەوە لەناو جێگاکەیەدا کەوتبوو، باوکیشم بەدەم سەڵاوات لێدانەوە سەری ماچکردم و تا بەردەرگاکە رەوانەی کردم. لەهەموو عومری خۆمدا چوارکەس تا ئەو شەوە داوایانکردبووم. یەکێکیان لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بووم و شوم پێنەکرد، یەکێکی دیکەشیان لە بیستوپێنج ساڵیدا بووم و غرور گرتبوومی و خۆم لە ئەو بە جوانتر دەزانی بۆیە رەفزم کرد، یەکێکی دیکەشیان سیوچوار ساڵی بووم و لەخۆم مناڵتر بوو نەمکرد، چوارەمیشیان هەرچەندە خاوەنی ژن ومناڵی دیکە بوو پاش ئەوەی زۆربەی تاڵەکانی سەرم سپی بوون ئێوارەیەکی درەنگ دوو پیاوی نارد بۆ داوام و هەفتەیەک پاش ئەوە لە شەوێکی خامۆشدا بردمیان.
هەموو بەیانییه‌ک کە هەڵدەستام دەموت خودایە لەم جەهەنەمە دەرم بکە، خودایە لەبەر خاتری پێغمبەران، لەبەرخاتری ئەسحابان وپیاوچاکان یەکجار تامی لێوی پیاوێکم پێ ببەخشە، تامی باوەشێکی گەرم، تامی هەناسەیەکی قوڵ. خودایە دەستی پیاوێک بنێری بەر سینەم بکەوێت تا هەست بە گەرمی دەستێکی دیکە بکەم لەسەر جەستەم، ئاخر من پاش چل وپێج نەک دەست بەڵکو هەناسەی پیاوێکیشم لە نزیکەوە گوێ لێنەبووبوو.
خوشکەکانم هەمویان شویانکرد، براکانم یەکە یەکە ژنیان هێنا و ئەم ماڵەیان بە جێهشت وبیرەوەرییەکی خۆشیان بەجێنەهێشت. دایکم ساڵانێکی درێژبوو توشی لەبیرچوونەوە هاتبوو و لەسەر جێگاکەی دوورنەدەکەوتەوە، باوکیشم هێندە بێدەنگانە دەژیا دەتوت دەمێکە ئەم دنیا پڕ ژاوە ژاوەی لەبیرچووەتەوە. ماڵمان بەسەر شەقامێکدا دەیڕوانی کە هەموو ئێوارەیەک کوڕی جوان جوان بەوێدا تێدەپەڕین.
ئەو کاتانەی تازە پێدەگەشتم لەسەربانەکەوە دەوەستام و سەیرم دەکردن و دڵم پڕدەبوو. دایکم هەموو رۆژێک ئەوەی بۆ دووبارەدەکردمەوە کچێکی عاقڵ و بە حەیابم و لەخۆمەوە سەرنج نەدەمە کوڕی خەڵکی. هەر بەراستیش وەها بووم و پاش چل وپێنج ساڵ غەریبترین مەخلوق لەلام جەستەی پیاو بوو. باوکم دوای پۆلی شەشی سەرەتایی لە مەکتەب هێنامیە دەرەوە و ئیدی مەکتەبم نەبینیوە.
لەهەموو تەمەنما خۆشەویستیم نەکردبوو، خۆشەویستیشم نەدەزانی، تەنها ئەوە نەبێت لە فلیمەکاندا دەمبینی. یەکەمجاریش کە مەمکەکانم گەورەبوون هەستم بە ئازارێکی زۆرکرد کە لەخوارەوە بەرەو سەرەوەم دەهات. کچێکی دراوسێمان کە ئارەزووییەکی سەیری هەبوو بۆ خۆشەویستی، یەکەمجار ئەوەی فێرکردم کە چۆن ئارەزووەکانم تێربکەم، ئیدی تا تەمەنی چل و پێنج ساڵی دەستەکانم تاکە هۆکارێک بوون بۆ تێرکردنی غەریزەکانم.
ئەو رۆژەش کە دواهەمین خوشکیان بردم تێر تێر گریام کەچی ئەو لەناو ئەو قەرەباڵغیەدا هەرخەریکی رەسمگرتنی خۆی بوو.چەند رۆژ دواتریش کە هاتەوە هێندە بە تام باسی یەکەم شەوی خۆی گێڕایەوە خۆم پێنەگیراو بەپەلە خۆم گەیاندە حەمامەکە.
ساڵانێکی درێژ دەبوو هەموو ئێوارەیەک لەحەوشەکەدا جێگایەک بۆ باوکم دابخەم و دایکیشم لەجامخانەکەدا بخەوێنم. ساڵانێکی درێژ خۆم بە تەنها لە ژورێکدا بووم، شەوەهای شەو تا دەمەوبەیان خەو نەدەچووە چاوم و بیرم لەو دایکە کڵۆڵەم دەکردەوە کە رۆژ لەدوای رۆژ شتەکانی بە تێکەڵاوی دەگێڕایەوە و لە بیری دەکردن.
شەوەهای شەو بیرم لەیەک تاکە کەس دەکردەوە و بیریشم لەهیچ کەس نەدەکردەوە .
ئەو ئێوارەیەش کە ئەو دوو پیاوە هاتنە داوام باوکم وتی با پرسێکی براکانی بکەم. براکانیشم پاش دانیشتنێکی درێژ بریاریاندا رازیبن بە مەرجێک دایکم و باوکم لەبیرنەچێت و سەردانیان بکەم.
ئەو پیاوەی منی داوادەکرد چەند گەڕەک خواروتری ماڵ ئێمە بوون و پێنج ساڵێکیش لەخۆم گەورەتربوو، بێ یەک و دوو رازی بووم. برایەکم دەیوت چۆن دەبێت کچێک بەو تەمەنەوە بمێنێتەوە و خەڵکی هەزار قسەی بۆ دروست دەکەن کە بۆچی ماوەتەوە. ئەوەکەی دیکەشم دەیوت ئەی باوکم و دایکم کێ بەخێویان بکات.
ساڵانێکی درێژ بیرم لەو لەحزە دەکردەوە کە بریاردەدەم ئەو ماڵە جێبهێڵم.
ئەو ماڵەی لە دەرگاکەی دەچمە دەرەوە و دەبمە خاوەنی ماڵی خۆم. ئەو ساتە هات و منیش بریاری خۆمم دا، دەبوو بڕۆم، ئەو ماڵە جێبهێڵم، قسەی ئەو خوشکەشم بەدی نەهێنم کە جارێکیان لەکاتی شەڕکردنماندا وتی تۆ پیر دەبیت و کەس نایەوێیت.
کە ئوتۆمبیلەکە لەبەردەمی دەرگاکەدا وەستا و بەو شەوە درەنگە هاتن بمبەم دڵم خێراییەکی سەیر لێیدەدا، نەک لە ئێوارەوە بەڵکو دوو رۆژیش بوو هیچم نەخواردبوو. کە وتم دایکە ئەمشەو دەمبەن لەسەر جێگاکەی جوڵەیەکی کرد و دەستێکی خستە ناو دەستم و هیچی نەوت.
باوکیشم لە ئێوارەوە بێدەنگییەکی قوڵ دایگرتبوو و سەر بەرماڵەکەشی بەجێنەدەهێشت. جانتاکەم پێچایەوە و بۆ دواین جار رۆشتمە ژوورەکەوە.
خودایە چەند گریام، چەند لەخۆم دا، چەند لەسەر جێگا قەدنەکراوەکەم خۆم بەسەر دەمدا خست، خودایە چەند دڵم پڕبوو.

لە دەرگاکە دراو بەپەلە خۆم کۆکردەوە، باوکم هەستا و دەرگاکەی کردەوە و بانگی کردم. پیرەژنێک لەبەر دەرگاکەدا چاوەڕێ ی منی دەکرد و دەنگی ئۆتۆمبیلە نەکوژاوەکە ئەو بێدەنگییەی شڵەقاندبوو. بە جانتاکەمەوە پاش چل و پێنج ساڵی تەمەنم، سەعات یانزە و نیو بۆ یەکەم جار بە شەو پێم لەدەرگای ئەو ماڵە بردە دەر. باوکم سەری ماچکردم و دەستی کرد بە سەڵاوات لێدان و دەستێکی بۆ بەرزکردینەوە.
ئێستاش کە لەپێشەوەی ئۆتۆمبیلەکەدام لەو بێدەنگییه‌دا بیر لەوەدەکەمەوە کەچی چاوەڕێمەوە، هەروەها بیر لە دایکیشم دەکەمەوە بەیانی سەیر دەکات پاش چل و پێنج ساڵ بۆیەکەمجار بەسەر جێگاکەمەوە نیم و خەم دایدەگرێت.
بیریش لە باوکم دەکەمەوە، کە کاتێک بە جێمان هێشت تیشکی گڵۆپە زەردەکەی بەر دەرگاکە هێندەی تر تەنها تری کردبوو.




بەهاری 2007
دەربەندیخان