هیچ چاوێک چاوه‌ڕوانم نییه
نووسینی: لاش ئالین
وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه: هیوا قادر & عه‌بدوڵا قادر دانساز
به‌ته‌نها هه‌ر منم له ژووره‌که‌دا بێ جووڵه
دانیشتووم. ڕۆژنامه‌که‌م گرتووه به‌ده‌سته‌وه‌و له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشتووم.
که‌س چاونابڕێته چاوم، گه‌ر که‌سێکیش سه‌یرمبکات وه‌ک وایه سه‌یری مۆبیله‌ی
ماڵه‌که بکات. من لێره دانیشتووم و خۆم واپیشان ده‌ده‌م که ده‌خوێنمه‌وه،
به‌ڵام من به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناخوێنمه‌وه به‌ڵکو دانیشتووم و بیر
له‌وه‌ده‌که‌مه‌وه که به ته‌نها هه‌ر منم له‌م ژووره‌دا بێ جوڵه دانیشتووم،
ته‌نها که‌سێکیشم که له چاوی هیچ که‌سێکدا نابینرێم. ئینگرید ده‌چی بۆ سه‌ما و
هاراڵد ده‌ڕوات بۆ شار. بیرێر ده‌چێت بۆ ئه‌گله‌نجه و ئاناش کوڕه‌که‌ی ده‌زگیرانی
پاش سه‌عاتێکی تر دێت به شوێنیداو بێگومان به‌سواری ئۆتۆمبیل ده‌چن بۆ هێرنوێساند
و شه‌وێ لای ئاشنایه‌کیان ده‌مێننه‌وه. هه‌موویان ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه. ژنه‌که‌شم
ده‌چێت بۆ دانیشتنی ئاینی. خه‌تیبێکی حه‌دیس خوێنی هێنده سه‌رسوڕهێنه‌ر هاتووه،
ژنه‌که‌م وا به ئینگرید ده‌ڵێ. که‌چی ژنه‌که‌م ئه‌مه به من ناڵێ. هیچ که‌سێ هیچ
شتێک به من ناڵێت.
کاتی خۆی پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و شته ڕووبدات که ڕوویدا، هه‌میشه گرێتا ڕۆژانی شه‌ممان
وه‌ک ئێستا نیسی و بێرتیلی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا بۆ ئێره.
ـ ئێستا بۆتان هه‌یه بۆ خۆتان له‌ماڵی باپیره بمێننه‌وه، کاتێک که دایه‌و بابه
ده‌چنه ده‌ره‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه واده‌وترا.
ئه‌و سه‌رده‌مه کوڕه‌کان خه‌نیده‌بوون به‌وه‌ی که بۆیان هه‌بوو لای من
بمێننه‌وه. به توێکڵه‌دار به‌له‌مم بۆ ده‌تاشین وبه‌کاغه‌ز کۆلاره‌م بۆ
دروستده‌کردن. کوڕه‌کان دواهه‌مین که‌س بوون که چاویان ده‌بڕییه چاوم. چاویان
ده‌بڕییه چاوم و ده‌یانووت:
ـ ئای.. که باپیره‌مان میهره‌بانه! به‌ڵام ئه‌وانیش گۆڕان، ئه‌وانیش وازیان
له‌وه هێنا که چاوببڕنه ناوچاوم. ته‌نانه‌ت ئه‌وه پێش
ئه‌و ڕووداوه‌ش بوو که ڕوویدا. کوڕه‌کان ئیتر وازیان له‌وه‌هێنا داوام لێبکه‌ن
به‌له‌می توێکڵه‌دارو کۆلاره‌یان بۆ دروستبکه‌م. له‌جیاتی ئه‌وه گۆڤاری
"ئه‌لله‌ش"یان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێنا بۆ ئێره. بۆخۆیان داده‌نیشتن و نه‌خشه‌کانیان
ده‌بڕی و که‌تیره‌یان لێده‌داو خانوو قه‌ڵایان پێدروست ده‌کرد، به‌ڵام هه‌رگیز
پرسیاریان له‌من نه‌ده‌کرد. هه‌روه‌ها مه‌کینه‌ی فڕۆکه‌شیان دروستده‌کرد، که له‌و
سه‌رده‌مه‌دا بووبوو به باو، که‌چی هه‌رگیز بۆ ڕێنومایکردنیش پرسیارێکیان له من
نه‌ده‌کرد. تا له کۆتایدا ته‌نانه‌ت کوڕه‌کان ئه‌و یاریانه‌شیان پیشانی من
نه‌ده‌دا که دروستیان ده‌کرد.
ئیتر پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و شته ڕووبدات که ڕوویدا شته‌کان به‌م شێوه‌یه‌بوون.
ئێستاکه‌ش به‌ته‌واوه‌تی هه‌ر وه‌ک ئه‌و سه‌روه‌خته وه‌هایه.
من ته‌نها که‌سێکم له ژووره‌که‌دا بێ جووڵه دانیشتووم. بێ جووڵه دانیشتووم و
ڕۆژنامه‌که‌م به‌ده‌سته‌وه گرتووه. ئێستا که‌س چاونابڕێته ناوچاوم. به ده‌گمه‌ن
که‌سێک ده‌مدوێنێ، گه‌ر که‌سیکیش جارێک له جاران شتێکم له‌گه‌ڵ بڵێت ئه‌وا چاو
نابرێته ناوچاوم. ـ باوکه هه‌ندێک توتنی پایپم ناده‌یتێ. هه‌ندێک جار بیرێر
واده‌ڵێت. به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز سه‌یرم ناکات. بیرێر سه‌ری پایپه به‌تاڵه‌که‌ی خۆیم
بۆ درێژده‌کات و منیش کیسه‌ی تووتنه‌که‌ی ده‌ده‌مێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی خۆی تووتن
تێبکات. پڕ به‌دڵ پێمخۆشه پییبڵێم: "هابگره ڕۆله‌که‌م، به‌ڵام مهیره‌بان به،
جارێکی تر که شتێک به باوکه‌پیره‌که‌ت ده‌ڵێیت چاو ببڕه ناو چاوی".
به‌ڵام من هه‌رگیز ئه‌مه‌م پێ نه‌ووتووه. زمانم
ئه‌ستووره‌و ناکه‌وێته گۆ.. نازانم زمانم چ ده‌ردێکییه‌تی، من هه‌رگیز ناتوانم
ئه‌وه‌ی له دڵمدایه پی یبڵێم، ئاخر پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و
شته ڕووبدات که ڕوویدا زمانیشم تێکچوو. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه هه‌ستده‌که‌م
تابێت زمانم ئه‌ستوورتر ده‌بێت و له‌ده‌ممدا ناگه‌ڕێ. من
گه‌لێک شتی زۆم له‌سه‌ر خۆم بارکردووه، که ویستوومه بیاندرکینم، به‌ڵام ته‌نها
ووشه‌یه‌ک چییه که بێ به‌هایه زمانم ڕێگه‌ی ده‌رچوونی نه‌داوه. ئێستا هه‌ر له‌م
کاته‌دا که گه‌ڕاومه‌ته‌وه ده‌خوازم به ژنه‌که‌م و منداڵه‌کان و منداڵی
منداڵه‌کانم بڵێم: "بۆچی هه‌مووتان وازتان له چاوبڕینه چاوی من هێناوه؟ بۆچی هیچ
قسه‌یه‌کم له‌گه‌ڵدا ناکه‌ن؟ ئه‌وه‌ی که ڕوویدا هه‌رگیز ڕووی نه‌ده‌دا گه‌ر ئێوه
جارجارێ چاوتان ببڕیایه‌ته ناو چاوم و بۆ جاریک له جاران بتاندووانمایه".
تازه گوزه‌شت! زمانم هه‌رگیز نابێته‌وه به‌وه‌ی که هه‌بوو، تازه نابێت به
شتێکی تریش...
من تا ئێستا ته‌نها که‌سێکم له ژووره‌که‌دا بێ جووڵه دانیشتووم و هه‌موو ئه‌وانی
تریش به پرتاو به‌لامدا دێن و ده‌چن.
ـ ئه‌ننا، تۆ ده‌زانیت گۆره‌وییه‌کان له کوێن؟ ژنه‌که‌م وا ده‌ڵێت و چاو ده‌بڕیته
ناو چاوی ئا‌ننا. جووتێ گۆره‌وی بده به براکه‌ت.
ـ کاتم نییه! ئا‌ننا هاوارده‌کات، له کاتێکدا خه‌ریکی ئاماده‌کردنی سه‌به‌ته‌یه‌کی
گه‌وره‌یه له خواردن که خۆیی و ده‌زگیرانه‌که‌ی ده‌یانه‌وێت به سه‌فه‌ری
ئۆتۆمبیل له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن، زۆر به په‌له‌ش چاو ده‌بڕێته ناو چاوی هه‌ردووک
له ژنه‌که‌م و کوڕه‌که‌م.
ـ جووتێک گۆره‌ویم بۆبێنه، دووباره بیرێر هاوارده‌کاته‌وه. ئه‌م ماڵه
به‌جه‌هه‌نم چێت که چ جۆره ئافره‌تێکی تێدا ده‌ژی. ها.
ـ ئارام به، ژنه‌که‌م وای پێده‌ڵێت.
ژنه‌که‌م به دیار ته‌باخه‌که‌وه دانیشتووه‌و پرچی لوول ده‌کات. سووژنه‌که‌ی خسته
سه‌ر ته‌باخه‌که‌و دواتر هه‌ستاو چووه ژووریکی تر. پاش که‌مێک ژنه‌که‌م به جوتێک
گۆره‌وییه‌وه گه‌ڕایه‌وه و هه‌ڵیدا بۆ بیرێر. ژنه‌که‌م چاوده‌بڕێته ناو چاوی
کوڕه‌که‌م و ده‌ڵێت:
ـ به هه‌مان ڕه‌نگی قاته‌که‌شته، زۆر جوان لێی دێت؟
ـ ده‌ستخۆش دایکه گیان، وای پیده‌ڵێت و چاوده‌بڕێته ناو چاوی و پێده‌که‌نێت.
ئه‌مه به‌خته که پیاو دایکێکی ئاوا نایابی هه‌بێت.
بیرێر له ژووره‌که‌ی خۆیدا وونده‌بێت و ژنه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای
ته‌باخه‌که‌و سووژنه‌که هه‌ڵده‌گرێ و به ڕۆژنامه‌یه‌ک ساردی ده‌کاته‌وه. په‌ڵه‌ی
گه‌وره‌و قاوه‌یی له ڕۆژنامه‌که‌دا دروستده‌بێت. ناهێڵێت په‌ڵه قاوه‌ییه‌کان
هێنده تۆختربن قژه‌که‌ی ده‌ئاڵێنێته ده‌وری سووژنه‌که‌و لوولی ده‌کات. ژنه‌که‌م
ده‌چێت بۆ دانیشتنی ئاینی، خه‌تیبێکی وا مه‌زن هاتووه، ژنه‌که‌م هه‌ر له‌ویادا
ئاوا به ئینگرید ده‌ڵێت.
ـ گه‌ر ده‌ته‌وێت، ده‌توانیت جووتێ گۆره‌ویی حه‌ریر له من قه‌رزبکه‌یت، ئینگرید وا
به‌دایکی ده‌ڵێت و چاوده‌بڕیته ناو چاوی.
ـ ئه‌وه‌ی بۆ ئاهه‌نگی سه‌ما ده‌گونجێ بۆ دێر ده‌ستنادا، ژنه‌که‌م وا ده‌ڵێت.
ـ من له کڵێسا خه‌ڵکی وام دیوه گۆره‌ویی ته‌نکیان له پێدابووه، ئینگرید ده‌ڵێ.
ـ له کڵێسا، به‌ڵێ! ژنه‌که‌م واده‌ڵێت و خنه‌یه‌کی بۆ ده‌کات و چاوده‌بڕێته ناو
چاوی کچه‌که‌ی. من که‌سی وام دیوه ده‌موچاوی وا سواغداوه هه‌ر له سۆزانی چووه،
به‌ڵام شتی له‌م جۆره له دانیشتنی ئاینیدا ڕوونادات.
ـ که‌یفی خۆته چۆنت ده‌وێت با وابێت، ئینگرید ده‌ڵێ. هه‌رچۆنێک بێت گۆره‌وییه‌کان
هیچ عه‌یبێکیان نییه، هه‌روه‌ها ڕه‌نگیشیان ڕه‌شه.
له‌پڕا هارالد به هه‌ناسه‌بڕکێ له ده‌ره‌وه به پرتاو خۆی ده‌کات به ژووردا.
هارالد له کۆنسۆم کارده‌کات. ئێواره‌ی شه‌موانیش کاتژمێر پێنج دایده‌خه‌ن، به‌ڵام
ئێستا کاتژمێر گه‌یشتووه به شه‌ش و چاره‌ک. هه‌نووکه ئه‌و په‌له‌یه‌تی بۆ
گه‌یشتن به‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی ده‌چێت بۆ شار. ـ ئه‌ی هاوار بۆ خاتری خوا
له‌بیرتان نه‌چووبێت قاته قاوه‌ییه‌که‌م بخه‌نه ژێر ئتووه‌که‌وه! هه‌ر له‌ناو
ده‌رگاکه‌وه هاوارده‌کات و چاوده‌بڕێته ناو چاوی ژنه‌که‌م و ئانناو ئینگرید.
ئینگرید ئه‌وه تۆ ئتووت کردووه، به‌ڕاستی من پێتا ڕاده‌په‌رمووم بۆ کاری ئاوا،
هارالد واده‌ڵێت و ده‌ست درێژده‌کات و ده‌ست به ژێر چه‌نه‌ی ئینگریددا دێنێت.
به‌ڕاستی تۆ کچی ته‌نگانه‌یت، واده‌ڵێت. ڕۆژی دووشه‌ممه قتوویه‌ک ئه‌نه‌ناست بۆ
دێنمه‌وه.
ـ جا ئه‌وه که‌مترین شته که ئینسان داوایبکات، ئینگرید واده‌ڵێت و زه‌رده
ده‌یگرێ، هارالدیش زه‌رده‌یه‌کی به‌ڕوودا ده‌کاته‌وه‌و چاوده‌برێته ناو چاوی.
ئه‌و ده‌م هارالد فرته‌ده‌کات بۆ ژووری کوڕه‌کان. من وه‌کو پێشتر ڕۆژنامه‌که‌م
به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و بێ جووڵه دانیشتووم. ته‌نانه‌ت هارالدیش ڕووی به ڕووی مندا
وه‌رنه‌چه‌رخاند. له پڕا گوێم لێیه چۆن چۆنی ئه‌وان له ژووری کوڕه‌کاندا به‌سه‌ر
یه‌کتریدا هه‌ڵده‌شاخێن. هه‌ر ئێستا بیرێر قه‌ره‌وێته‌یه‌کی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و
به‌له‌ز دێته ده‌رێ.
ـ بڕوانه دایکه! بیرێر هاوارده‌کات. کچه‌کان سه‌یرده‌که‌ن! ئه‌و شاگرد
دووکانداره نه‌فره‌تییه هه‌مووڕۆژێک باشترین قه‌ره‌وێته‌کانی منی به‌کارهێناوه.
تخووا ئه‌مه نه‌گبه‌تی نییه، من پێویسته قه‌ره‌ویته‌یه‌کی نازدارم هه‌بێت کاتێ
که ده‌چم بۆ ئه‌گله‌نجه، چونکه پیاو هه‌رگیز نازانێت که له‌وێ چی ڕووده‌دات. من
خۆم بینیومه که جاری وا هه‌بوو به‌بێ چاکه‌ت و هێله‌ک دابنیشیت و نان بخۆیت،
بۆیه پیاو پێویسته قه‌ره‌وێته‌یه‌کی گه‌لێ کیبارانه‌ی له‌ملدابێت بۆئه‌وه‌ی هه‌ست
به که‌می نه‌کات. ئایا هیچ ئتوویه‌کتان به‌سه‌ر ته‌باخه‌که‌وه دانه‌ناوه؟
باشه، که‌وابوو بیکه‌ن به‌خاتری خوا‌و ئتووه‌که‌ی بخه‌نه سه‌ر!
ـ ئارام بگره برا! هارالد وایپێده‌ڵێت و به لوتبه‌رزی و هه‌نگاوی درێژه‌وه دێته
ژوورێ. هارالد چه‌کمه‌جه‌ی دۆڵابێکی ده‌رهێناوه‌و به‌باوه‌شییه‌وه گرتوێتی و
له‌سه‌ر مێزی چێشتخانه‌که دایده‌نێت. هه‌ر کام له‌مانه دڵت ده‌یخوازێت بیبه،
هارالد واده‌ڵێت. تۆ ده‌بینی من هێنده خوا حه‌زبکات قه‌ره‌وێته‌م هه‌یه.
قه‌ره‌وێته‌که‌ی تۆ ده‌بێت له کاتی جیاکردنه‌وه‌دا که‌وتبێته ناو ئه‌وانه‌ی
منه‌وه.
ـ مه‌گه‌ر خوا بزانێت که من چه‌ند قێز له‌م شاگرد دووکانداره ده‌که‌مه‌وه! بیرێر
هاوارده‌کات و پشت له چه‌کمه‌جه‌که ده‌کات. ئتووه‌که‌ی له‌سه‌ردانێ. ئینگرید! خۆ
هێشتا له‌و باوه‌ڕه‌دایه که من یه‌کێک له‌و قه‌ره‌وێته قێزه‌ونانه‌ی ئه‌وم
ده‌وێت. تا ئێستا ده‌رکی به‌وه نه‌کردووه که حه‌زی من و ئه‌و خه‌ره‌ندێکیان
به‌ینه. ئاخر به‌ڕاستی تۆ چۆن شاگردێکیت! بیرێر واده‌ڵێت و ڕووی خۆی
وه‌رده‌چه‌رخێنێت و چاوده‌بڕێته ناو چاوی هارالد. قه‌ره‌وێته‌ی جه‌نابت ناشیاوترین
و قێزه‌ونترینه، باشه.
ـ تۆ خۆت له کاری من هه‌ڵمه‌قورتێنه، ئه‌ی تایت کوڵێنه‌ری نه‌فره‌تلێکراو، هارالد
هاواری به‌سه‌ردا ده‌کات.
ـ تایت کوڵاندن، مه‌گه‌ر خوابزانێت که چه‌ند کارێکی هێجگار باشه. بیرێریش
هاوارده‌کات. ئه‌وه یه‌کێکه له باشترین کاره‌کانی ناو هه‌موو کارگه‌که. ئه‌مه‌ش
سه‌دو نه‌وه‌د و نۆ پله سه‌روتره به‌راورد به کاره نه‌فره‌تییه‌که‌ی تۆ.
ـ هێنده ئاگر خۆشمه‌که، ئا‌ننا هاوارده‌کات، له‌کاتێکدا خه‌ریکی خه‌یار قاژکردنه
به قاژی باریک و ده‌یانخاته ناو شووشه‌ی سرکه‌وه.
ته‌نها هه‌ر منم له ژووره‌که‌دا بێ جووڵه دانیشتووم. من ته‌نها که‌سێکم که که‌س
نامدوێنێت. من ته‌نها که‌سێکم له ژوره‌که‌دا که له‌چاوی که‌سیاندا نابینرێم. من
ته‌نها که‌سێکم له‌م ژووره‌دا که بێده‌نگم.
ـ من ناتوانم "مایۆنیس"ه‌که بدۆزمه‌وه! ئه‌ننا هاوارده‌کات و چاوده‌بڕێته نێو
چاوی ژنه‌که‌م. خۆ له‌لیستی کڕینی شتومه‌که‌کاندا له‌بیرت نه‌چووه مایۆنیس
بنووسیت؟ ـ نه‌خێر بێگوومان، ژنه‌که‌م واده‌ڵێت. هه‌نووکه له پرچ لوولکردن
بۆته‌وه‌و چووه له‌به‌رده‌م ئاوێنه گه‌وره‌که‌دا وه‌ستاوه‌و خۆی به ئاوێنه‌که
پیشانده‌دات. بگه‌ڕێ پێش ئه‌وه‌ی هاواربکه‌یت، ژنه‌که‌م وا به ئا‌ننا ده‌ڵێت. ئایا
تۆ له‌و بڕوایه‌دایت که قژم زۆر لوول بووبێت؟ ژنه‌که‌م وا به ئینگرید ده‌ڵێت و
چاوده‌بڕێته ناو چاوی.
ـ بۆ دانیشتنی ئاینی، نه‌خێر، دایکه، ئینگرید واده‌ڵێت و ئتووه‌که‌ی گه‌رمکردووه‌و
خه‌ریکی ئتووکردنی قه‌ره‌وێته‌که‌ی بیرێره.
بیرێر ڕاوه‌ستاوه‌و تێیده‌ڕوانێت. گرانترین کراسی له‌به‌رکردووه که بایی سی و
پێنچ کڕۆنه. ده‌ست به‌سه‌ر سنگی خۆیدا ده‌هێنێ و ده‌ڵێت: قوماشه‌که‌ی هێنده‌ی
پێستی ژنێک نه‌رمه.
ـ کاتێک پیاو ده‌چێت بۆ ئه‌گله‌نجه پێویسته کراسێکی گرانبه‌های له‌به‌ردابێت،
بیرێر واده‌ڵێت. چونکه پیاو هه‌رگیز نازانێت چی له‌وێ ڕووده‌دات.
له‌پڕا بیرێر ڕوو به‌لای مندا وه‌رده‌چه‌رخێنێت و سه‌یری سه‌ر سنگم ده‌کات.
یه‌کسه‌ر منیش چاوداده‌گرم و سه‌ر ده‌ژه‌نمه‌وه به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌که‌داو هه‌ست به
دڵم ده‌که‌م که چۆن به‌قایمی ده‌ست ده‌کات به لێدان.
تا سیانزه‌هه‌مین ترپه‌ی دڵم ده‌ژمێرم به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک ڕووبدات. به‌ڵام له
حه‌ڤده‌هه‌میندا بیرێر ڕوو به‌لای ژنه‌که‌مدا وه‌رده‌گێڕێ، ژنه‌که‌م تا ئه‌وکاته‌ش
له‌به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌که‌دا وه‌ستابوو سه‌یری قژی ده‌کرد تا بزانێت به‌ڕێکوپێکی
لوول بووه. بیرێر چاوده‌بڕێته ناوچاوی ژنه‌که‌م و ده‌ڵێ:
ـ تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دایت کابرا "سنووس"ی هه‌بێت؟ پیاو هه‌رگیز نازانێت چی له
ئه‌گله‌نجه ڕووده‌دات. جاری واهه‌بووه به‌ده‌وری مێزێکدا دانیشتووین و هێنده‌ی
هه‌ڵماتێک سنووس له ژێر لچماندا بووه. ئه‌و که‌سه‌شی تا دواهه‌مین که‌س
توانیوویه‌تی خۆی ڕابگرێت ئه‌وا قاپێک شه‌رابی بردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی
یارییه‌کی گه‌لێک خۆشه.
ـ نا، کابرا ئه‌م زه‌مانه سنووسی نییه، ژنه‌که‌م واده‌ڵێت.
ـ بێگومان خۆ تۆ نه‌بوویت که خۆت ڕاگرت و قاپه شه‌رابه‌که‌ت برده‌وه؟ ئینگرید
ده‌ڵێت.
ـ باشه کچی باش تۆ باوه‌ڕ به‌چی ده‌که‌یت، ها؟ بیرێر واده‌ڵێ و به سمتی ئینگریددا
ده‌کێشێ بۆ ئه‌وه‌ی تووڕه‌ی بکات.
ـ واز له‌م کرده‌وانه‌ت بێنه، ئینگرید وای پێده‌ڵێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانێ
قه‌ره‌وێته‌که‌ت بگره.
خوای گه‌وره، من بیرم کرده‌وه، ئه‌مه بۆچی وای لێهات؟ بۆچێ ته‌نها هه‌ر من بێ
جوڵه دانیشتووم؟ بۆچی هه‌ر من له چاوی هیچ که‌سێکیاندا نابینرێم؟ بۆچی به‌ته‌نها
هه‌ر من که‌س له‌گه‌ڵم نادوێت؟
خۆ ئه‌و ده‌میش هه‌ر ئاوابوو پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و شته ڕووبدات که ڕوویدا، که‌واته
ئه‌مه‌ی که ئێستا ڕووده‌دات خه‌تای ئه‌و ڕووداوه‌ی پێشوو نییه که ڕوویدا. من
ئه‌و کاته‌ش وه‌ک ئێستا دانیشتبووم و خۆم واپیشان ده‌دا که ڕۆژنامه
ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌وکاته‌ش هیچ کامیان له‌گه‌ڵم نه‌ده‌دوان و که‌سیش چاوی
نه‌ده‌بڕییه ناوچاوم. زۆر باشم له‌بیره، تاوێک پێش ئه‌وه‌ی که ئه‌و شته ڕووبدات
دانیشتبووم و بیرم ده‌کرده‌وه: ئه‌م ماڵه هه‌رچۆنێک بێت ماڵی منه. من ئه‌م
خانووه‌م به مه‌چه‌که‌کانی خۆم دروستکردووه. هه‌ر وه‌ک کۆیله‌یه‌ک کارم ده‌کرد بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌م خانووه بۆ ئێوه بنیاتبنێم. هه‌ر که له شه‌فتی کاره‌که‌م
ده‌بوومه‌وه به‌پاسکیل ده‌چووم بۆ سه‌ر زه‌وییه‌که‌و تا تاریک داده‌هات کارم
ده‌کرد. زۆربه‌ی ڕۆژانی پشووش هه‌ر لێره بۆ ده تا دوانزه سه‌عات ڕه‌نجم ده‌دا.
به‌ڵێ، ئه‌وکاته‌ش پڕاوپڕ وه‌ک ئێستا وابوو. ئه‌وه هه‌ر من بووم بێ جووڵه
داده‌نیشتم، ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وان بوون که له‌و ناوه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون و به
سۆز و گرژییه‌وه چاویان ده‌بڕییه ناو چاوی یه‌کترییه‌وه. ئینگرید ده‌چوو بۆ
سه‌ما و هارالد ده‌چوو بۆ شار. بیرێر ده‌چوو بۆ ئه‌گله‌نجه و ئه‌ننا ده‌رده‌چوو بۆ
سواری ئۆتۆمبیل. هه‌موویان ده‌چوونه ده‌رێ. ژنه‌که‌شم ده‌چوو بۆ دانیشتنی ئاینی.
خه‌تیبێکی وه‌ها مه‌زن هاتووه، ژنه‌که‌م ئه‌وکاتیش هه‌ر وای به ئینگرید ده‌وت.
ئه‌وکاتیش ژنه‌که‌م ئه‌مه‌ی لای من باس نه‌ده‌کرد. ژنه‌که‌م هه‌رگیز باسی خواکه‌ی
خۆی بۆ من نه‌ده‌کرد.
ـ خوا، به‌ڵێ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نانه‌ت خوا‌ش چاو نابڕێته چاوی من،
ئه‌ویش ئه‌مه ناکات. ئه‌و خوایه‌ی که هه‌مووان له منداڵییه‌وه گوێمان له ناوی
ده‌بێت که باسی ده‌که‌ن، هه‌ر له قوتابخانه‌وه گه‌لێک شت ده‌رباره‌ی فێرده‌بین،
ئینسان هه‌ست به نزیکبوونه‌وه ده‌کات لێی که باوه‌ڕی پێدێنێت. بێ له‌وه
جاروباریش له‌و ماوه‌یه‌ی که مرۆڤ تیایدا ده‌ژی ناوی ده‌برێت.
ـ ته‌نانه‌ت خوا‌ش وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی تر وابوو بۆ من، ئه‌ویش هه‌رگیز چاوی
نه‌بڕییه ناوچاوم. نا، ئه‌ویش هه‌رگیز هیچی به من نه‌وتووه. گه‌لێک جاران
ویستوومه قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م و پێیبڵێم: ـ سه‌یری چاوه‌کانم بکه، خوای گه‌وره،
قسه‌م له‌گه‌ڵدا بکه. کوره من هێجگار ته‌نهام. به‌ڵام ئه‌و هاواره‌م له‌پای
خودادا ته‌نها هه‌ر له سنگمدا ده‌مایه‌وه‌و بۆخۆی خه‌فه‌ده‌بوو.
که‌چی من هه‌رگیز ئه‌مه‌م به خودا نه‌وت. کاتێک ده‌مه‌وێت شتێک به خودا بڵێم
زمانم ئه‌ستوور ده‌بێت و
نایه‌ته‌گۆ. به‌ڵام ئه‌و ئێواره‌یه‌ی که ئه‌وه ڕوویدا که ده‌بوو ڕووبدات.
بیرمدێت هه‌ر ئاوه‌ها دانیشتبووم و بیرم ده‌کرده‌وه: تۆ بڵێی به‌ڕاستی ئه‌وان
چاره‌ی منیان نه‌وێت؟ ئایا حه‌ز به باوکیان ناکه‌ن که ژیان و ماڵێکی ئاوهای پێ
به‌خشیوون؟ به‌بیرم دێته‌وه که من دانیشتبووم و ته‌مه‌نام ده‌خواست
نه‌خۆشبم، ده‌مویست به‌ده‌م ئازاره‌وه گرمۆڵه ببم تا ببینم که چی ڕووده‌دات.
بێگومان ئه‌وان هه‌رده‌م خزمه‌تم ده‌که‌ن؟ به‌ڵام ئایا ئه‌وان چاوده‌بڕنه ناوچاوم؟
تۆ بڵێی جله‌کانم له‌به‌ردابکه‌نن و بمخه‌نه ژێر پێخه‌فه‌که‌مه‌وه؟ بڵێی ئه‌وان
لێگه‌ڕین ئیتر نه‌چن بۆ سینه‌ما، بۆ شار، چوون بۆ ئه‌گله‌نجه، سه‌فه‌ر به
ئۆتۆمبیل، چوونه دانیشتنی ئاینی؟ تۆ بڵێی ئه‌وان به دیار پێخه‌فه‌که‌مه‌وه
ڕابوه‌ستن و چاو له‌چاوانم ببڕن و قسه‌م له‌گه‌ڵدا بکه‌ن؟ تۆ بڵێی ئه‌وان ئیتر
قه‌ره‌وێته‌و گۆره‌ویی و کیسه‌ی خواردن له‌بیربکه‌ن؟ تۆ بڵێی ژنه‌که‌م له بری
لوولکردنی پرچه ماش و برنجییه‌که‌ی شتێکم بۆ لێبنێت و بیکات به‌ده‌ممه‌وه؟
له‌بیرمه ئه‌و ده‌م من ئاوا بیرم ده‌کرده‌وه. به‌ڵام من خۆم نه‌خۆشنه‌خست و ده‌ستم
به ناڵه‌ناڵیش نه‌کرد.
ئه‌وجا ئینگرید چوو بۆ سه‌ما، هارالد چوو بۆ شار، بیرێر چوو بۆ ئه‌گله‌نجه و
ئانناش به ئۆتۆمبیل سه‌فه‌ری کرد. هه‌موویان چوونه ده‌رێ. هه‌روه‌ها ژنه‌که‌شم
چوو بۆ دانیشتنی ئاینی. من له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشتبووم و خۆم واپیشان ده‌دا
که ڕۆژنامه ده‌خوێنمه‌وه. نیسی و بێرتیل له‌به‌رده‌م مێزی چێشتخانه‌که‌دا
دانیشتبوون و پشتیان له من کردبوو سه‌رقاڵی زه‌مقلێدان بوون له چه‌ند گۆڤارێکی
ئه‌لله‌ش. ئه‌وان ته‌نانه‌ت بۆ ته‌نها جارێکیش چییه داوایان له من نه‌کرد سه‌یری
ئه‌و پارچه کاغه‌زانه بکه‌م تابزانم که چۆن توانیویانه بیلکێنن به‌یه‌که‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ شتێک ڕووینه‌دابوو له‌و شته‌ی که به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌چوو
رووبدات. کوڕه‌کان چرای چێشتخانه‌که‌یان ڕاکێشابووه خواره‌وه بۆ سه‌ر مێزه‌که.
ڕووناکییه‌کی خڕی به‌هێز که‌وتبووه سه‌ر مله شۆڕبووه‌کانیان.
ئه‌وان بیریان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که من له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌م دانیشتووم و
ڕۆژنامه‌که‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه. بیریان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که هیچ
ڕووناکییه‌ک نایه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی که به‌ده‌ستی منه‌وه‌یه. به‌ڵام
ڕه‌نگه ئه‌وان له‌وباوه‌ڕه‌دانه‌بن که من ده‌خوێنمه‌وه؟ ئاخر که‌نتۆرێک چ
پێویستی به ڕووناکییه ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌کیشی به‌ده‌سته‌وه‌بێت...
سه‌ره‌تا ده‌سته‌کانم که‌وتنه له‌رزین. ده‌بوو ڕۆژنامه‌که فڕێبده‌مه سه‌ر
زه‌وییه‌که بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستمه‌وه له‌توکوت نه‌بێت، نه‌شمده‌ویست وابکه‌م.
به‌ڵام به‌هه‌رحاڵێک کاتێک که ڕۆژنامه‌که‌م به‌ردایه خوارێ ده‌ستم ڕاته‌کی. کۆم
بوومه‌وه‌و هاوارێکی وا زۆرم بۆ هات که له‌تاوا په‌نجه‌کانم خسته ناو ده‌ممه‌وه.
ده‌مویست زمانم له بنا ده‌ربکێشمه ده‌ره‌وه چونکه نه‌یده‌توانی گوێڕایه‌ڵیم
بکات. به‌ڵام له‌پڕا بیرمکرده‌وه: له‌وانه‌یه هیچ ده‌نگێکیش نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه
چونکه خۆ من هیچ که‌سێکم نییه تاهاواری بۆ بکه‌م؟ له‌وانه‌شه هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌بێت که زمانم ساڵ له‌دوای ساڵ ئه‌ستورترو ڕه‌قترده‌بێت؟ ناتوانم ڕوو له هیچ
که‌سێک بکه‌م، چونکه من بۆ هیچ که‌سێک بوونم نییه. نه بۆ خودا، نه بۆ ژنه‌که‌م،
نه منداڵه‌کانم یان منداڵی منداڵه‌کانم یان کرێکاره‌کانی هاوڕێم. که‌س هه‌ست به
من ناکات. هیچ چاوێک چاوه‌ڕوانی من نییه. من ببم یان نه‌بم چ ڕۆڵێک بۆ خه‌ڵکی
ده‌گێڕێت، دێته‌وه بیرم من ئه‌وکاته ئه‌وه‌نده نا‌ئومێد خۆمم ده‌بینی که هه‌رگیز
پێشتر به‌و ڕاده‌یه بێ ئومێدیی وام به خۆمه‌وه
نه‌بینیبوو. به‌ڵام ئه‌و کاته، به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌م به‌بیر دێته‌وه، که بیرم
له شتێکی تر ده‌کرده‌وه: هه‌ڵدێم، له هه‌ر هه‌موو
شتێک هه‌ڵدێم! وابیرمکرده‌وه. بۆی هه‌ڵدێم! ڕاده‌که‌م بۆ دارستانه‌که! با
به‌دوامدا بگه‌ڕێن! با هه‌رچی خه‌ڵکی "سولفافۆش"ـه کۆی بکه‌نه‌وه‌و هه‌ر هه‌موویان
به‌دارستانه‌که‌دا به دوامدا بگه‌ڕێن. با به‌زنایه‌کی هێجگار گه‌وره بێن و
هه‌موو دارستانه‌که په‌یبکه‌ن به‌شوێنمدا و با‌نگم بکه‌ن:
ـ گۆستاڤ ئه‌نده‌شۆن، هۆو، تۆ له کوێی؟
به‌ڵێ، زۆر به‌باشی دێته‌وه بیرم، که هه‌ر که‌مێک پێش ئه‌وساته چۆن چۆنی بوو.
به‌بیرم دێت له‌سه‌ر نووکی پێ له چێشتخانه‌که‌وه
چوومه ده‌رێ. ئیتر وورده وورده ئه‌و شته ده‌ستی به ڕوودان کرد، ئه‌وه‌ی که
ڕوویدا.
به‌ناو سلفافۆشدا ده‌رچووم. من نامه‌وێت له‌وه زیاتر ته‌نهاتربم و بێ جووڵه له
ژووره‌که‌دا دابنیشم. نامه‌وێت له‌وه زیاتر خۆم واپیشان بده‌م که ڕۆژنامه
ده‌خوێنمه‌وه. نامه‌وێت ته‌نها هه‌ر بۆ خودی خۆم بوونم هه‌بێت. من ده‌مه‌وێت
که‌سێک بمدوێنێت و چاوانی ببڕێته ناو چاومه‌وه. ده‌مه‌وێت مانایه‌کم هه‌بێت بۆ
که‌سێک، هیچ نه‌بێ بۆ که‌سه‌کانی خۆم، به‌ڵێ، بۆ هه‌موو خه‌ڵکی ئیره له سولفافۆش.
ده‌مه‌وێت ئه‌وان هه‌موویان به بازنه‌یه‌کی ئیجگار گه‌وره بێن و هاواربکه‌ن:
ـ گۆستاڤ ئه‌نده‌شۆن، هۆو... تۆ له کوێی؟
من به‌ناو دارستانه‌که‌دا ڕامکرد. تووله‌ڕێگای داوێنی گرده‌که‌م گرته‌به‌ر، دنیا
تاریک و نوته‌ک بوو، هیچ ئه‌ستێره‌یه‌ک به ئاسمانه‌وه نه‌بوو. تووله‌ڕێگاکه‌م
بزرکرد، ڕێکردن به‌ناو ده‌وه‌نی چڕدا وه‌ک ڕۆیشتن وایه به‌ناو سووتوو باریندا.
هه‌موو شتێک ڕه‌ش ده‌چۆوه. گه‌ڵاکانیش هه‌روه‌کو چڵوسکی ته‌ڕ ده‌یاندایه‌وه
به‌ناو چاوانمدا. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌و شتانه من ناخم ڕووناک بوو،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئومێدێک له‌ناخمدا بڵاچه‌ی ده‌دا، ئاه! بیرم کرده‌وه. ده‌بێت
چه‌نده له قوڵایی ناخمه‌وه به‌خته‌وه‌ربم کاتێک که گوێم له ده‌نگی سه‌دان
مرۆڤ ده‌بێت، به‌بازنه‌یه‌کی ئێجگار گه‌وره دێن و با‌نگم ده‌که‌ن:
ـ هۆ گۆستاڤ ئه‌نده‌شۆن، هۆو، تۆ له کوێی؟
بیرم کرده‌وه: تاوه‌کو به‌ته‌واوه‌تی نه‌گه‌نه ئاستم، من هاوار ناکه‌م و بڵێم:
"ئه‌وه‌تام!" ئه‌وسا هه‌ر هه‌موویان به‌ره‌وڕووم دێن و چاوده‌بڕنه ناو چاومه‌وه‌و
پێمده‌ڵێن:
چۆنیت، گۆستاڤ؟ هه‌موومان گه‌لێک دڵمان لات بوو، گۆستاڤ. چییه ئه‌وه ڕێت وێڵ
کردبوو، گۆستاڤ؟ ئێمه خه‌ریک بوو به هێجگاری هیوا بڕاوبین له دۆزینه‌وه‌ت.
گۆستاڤ، ئێستا چۆنیت، گۆستاڤ؟ پێویسته ته‌ندروستیت چاکبێته‌وه، گۆستاڤ. ئێمه
ئه‌وه‌نده شاگه‌شکه ده‌بین به چاکبوونه‌وه‌ی تۆ نه‌بێته‌وه گۆستاڤ.
من له خۆشیاندا به‌ناو داره‌کاندا ڕامده‌کرد، به سه‌ر چیاکه‌دا هه‌ڵزنام و
هه‌مووشتێک له سه‌مایه‌ک ده‌چوو. نه‌وه‌ستام تاکو گه‌یشتمه سه‌ر ترۆپکی چیاکه.
ئاله‌وێدا چوومه سه‌ر دارسنه‌وبه‌رێک. ئه‌وکاته هێنده تاریک بوو له‌تاوا له
جێگه‌که‌ی خۆم تۆتکه‌م گرت. چونکه ده‌مویست به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و بازنه ئێجگار
گه‌وره‌یه به چاوی خۆم ببینم که له سه‌دان مرۆڤ پێکهاتووه‌وه هه‌مووان
پێکه‌وه ڕێده‌که‌ن و با‌نگم ده‌که‌ن:
ـ گۆستاڤ ئه‌نده‌شۆن، هۆو، تۆ له کوێی؟
بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له سه‌ر سنه‌وبه‌ره‌که مامه‌وه چونکه بیرم له‌وه
ده‌کرده‌وه که کاتێکی زۆر ده‌خایه‌نێت تاکو که‌سێک بتوانێت ده‌رکه‌وێت.
به‌هه‌رحاڵ تا سه‌حه‌ر که‌وت هیچ ڕووینه‌دا. دابه‌زیمه خواره‌وه‌و له‌سه‌ر
گوونییه قه‌وزه‌یه‌کی ووشک ڕاکشام. هه‌ر زوو خه‌و بردمییه‌وه. که له خه‌و
ڕابووم خۆر به ئاسمانه‌وه بوو. خێرا به‌سه‌ر دارسنه‌وبه‌ره‌که‌دا هه‌ڵزنامه‌وه،
چونکه نه‌مده‌ویست کاتێک که دێن ته‌نانه‌ت سوچێکی زنجیره‌ی ئه‌و بازنه
گه‌وره‌یه چییه له ده‌ستم بچێت. به‌ڵام وا سه‌عات له دوای سه‌عات تێده‌په‌ڕێت
بێ ئه‌وه‌ی شتێک ڕووبدات. برسیم بوو، به‌ڵام دڵی خۆم به‌وه ده‌دایه‌وه و ده‌مووت
ـ هه‌ر ئێستا ئه‌وان دێن. هه‌ر ئێستا ئه‌وان به بازنه‌یه‌کی ئیجگار گه‌وره
به‌سه‌ر مه‌شقی دادوه‌ری شار دێن. پیرو جوان، هه‌موو که‌سێ، ئه‌وانه‌ی که کاریان
نییه یاخود نه‌خۆش نین، هه‌ر ئێستا دێن و هه‌ڵده‌زنێن به‌سه‌ر شاخه‌که‌دا. ئاخر
پیاو ده‌بێت زۆر به ووردی پێچ و په‌نای دره‌خته‌کان و پشتی گاشه‌به‌رده‌کان و
داره ڕماوه‌کان بپشکنێت. سه‌ده‌ها چاو بۆم ده‌گه‌ڕێن.
خۆر گه‌یشته ته‌وقی ئاسمان و دواتر دابه‌زییه‌وه خوارێ. خۆر وون بوو، کازیوه
به‌سه‌ر ئه‌و دیووی چیادا ڕژا. ـ خودایه، چه‌ند دڵم به‌خۆم سووتا؟ بۆچی نه‌هاتن؟
بیرم ده‌کرده‌وه. بۆچی ئه‌وان به بازنه‌یه‌کی گه‌وره نه‌هاتن و بانگیان نه‌کردم.
من هه‌ر گوێم شلکرد و گوێم گرت، به‌ڵام گوێم له هیچ شتێک نه‌بوو که په‌یوه‌ندی
به منه‌وه هه‌بێت. له کۆتاییدا من بووم به گومانکارێکی بێ هاوتا. ئه‌و
ئێواره‌یه ئاسمان گه‌لێک ڕوون بوو، ئه‌ستێره‌کان و مانگی چوارده‌م بینی. ئایه
ئه‌وه هه‌ر ته‌نها منم که به بوونی خۆم ده‌زانم؟ بیرم کرده‌وه. ئایه ته‌نها من
هه‌ر بۆ خودی خۆم بوونم هه‌یه یاخود بۆ که‌سانی ترش له‌م ژیانه‌دا؟ ده‌سته‌کانم
که‌وتنه له‌رزین. وه‌ک ڵاڵێک چاوم بڕییه مانگ. ئه‌وجا شتێک هاته سه‌ر ته‌وقی
سه‌رم، گیانله‌به‌رێکی نه‌بینراو ده‌می نا به ته‌وقی سه‌رمه‌وه. هه‌ستم به
مشه‌مشی ده‌کرد. هاوسه‌نگییه‌که‌م ئاڕاسته‌یه‌کی تری وه‌رگرت. ئاهـ ئه‌وه‌تا،
به‌ره‌و ده‌می داپچڕاوی مانگ هه‌ڵده‌لوشرێم! ده‌ستم له چڵێکی دارسنه‌وبه‌ره‌که
گیرکردوو هه‌وڵمدا خۆم بگرم. پێشتر هه‌رگیز هه‌ستم به شتێکی وا ترسناک نه‌کردبوو
وه‌ک ئه‌و کاته که هه‌ستم پێده‌کرد: من بوونم نییه! وام هه‌ستکرد. هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌شه که‌وا ده‌که‌ومه ناو خڕێتی ده‌می مانگه‌وه. من هه‌ر ته‌نها بۆ خودی خۆم
بوونم هه‌یه. هیچ که‌سێکی تر به بوونی من نازانێت. ئه‌وانه‌ی که له‌ماڵه‌وه‌ن
ده‌رکیان به‌وه نه‌کردووه که من له‌وێ نه‌ماوم. خۆ ئه‌و کاته‌ی که له‌وێشم هه‌ر
درکم پێناکه‌ن. ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان که من هه‌تاکو ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر
قه‌نه‌فه‌که دانیشتووم و خۆم واپیشان ده‌ده‌م که ڕۆژنامه ده‌خوێنمه‌وه. به‌ڵێ،
باشه ئاخر ئه‌وان چۆن بزانن که ئیتر من له‌وێ نیم. ئه‌وان هه‌رگیز سه‌یرم ناکه‌ن
و قسه‌م له‌گه‌ڵدا ناکه‌ن! من ته‌نها پارچه موبیله‌یه‌کم له ژووره‌که‌دا، ئه‌وان
به‌وه‌یان نه‌زانیوه که پارچه موبیله‌که ڕێی گرتۆته‌به‌رو ڕۆیشتووه. چونکه
ئه‌و پارچه موبیله‌یه پارچه موبیله‌یه‌کی وه‌ها زیاده‌بوو که ئه‌وان هه‌رگیز
پێویستیان پێی نه‌بوو به‌کاری بهێنن.
ناکرێت ئه‌مه به ڕاست بگه‌ڕێت. من نامه‌وێت له ده‌می مانگدا بخنکێم. نامه‌وێت
به‌ر ڕم بدرێم و به‌ر نووکی ڕمی بریسکاوه‌ی ئه‌ستێره‌کان بکه‌وم. من ده‌مه‌وێت
له‌سه‌ر زه‌وی بژیم. ده‌مه‌وێت له سولفافۆش بژیم. ده‌مه‌وێت لای که‌سه‌کانی خۆم
به‌هایه‌کم هه‌بێت. ده‌مه‌وێت به بازنه‌یه‌کی هێجگار گه‌وره بێن و با‌نگم بکه‌ن:
ـ گۆستاڤ ئه‌نده‌شۆن، هۆو، تۆ له کوێی؟
ده‌مه‌وێت ئه‌وان بمدۆزنه‌وه‌و هه‌موویان بێن بۆلام و پێمبڵێن:
ـ چ شانسێکه، که ئێمه تۆمان دۆزییه‌وه، ئه‌نده‌شۆن. ئێمه گه‌لێ نیگه‌رانی تۆ
بووین، ئه‌نده‌شۆن. ئه‌گه‌ر تۆ له‌ناوبچوویتایه زیانێکی گه‌وره‌بوو بۆ ئێمه،
ئه‌نده‌شۆن. تۆ جێگه‌ی شکۆمه‌ندیت بۆ سولفافۆش، ئه‌نده‌شۆن. تۆ یه‌کێک بوویت
له‌وانه‌ی، که یه‌که‌م که‌س بوو خانووی خۆی به‌ده‌ستی خۆی دروستکرد، ئه‌نده‌شۆن.
هه‌روه‌ها تۆ منداڵ گه‌لێکی گه‌لێک ڕێک و پێکت بۆ جیهان خستۆته‌وه، ئه‌نده‌شۆن. تۆ
گه‌لێ گه‌لێ سه‌عاتت له ژیانی خۆتدا بۆ کرێکاران ته‌رخانکردووه، ئه‌نده‌شۆن.
ته‌نانه‌ت تاقه ده‌نگدانێک چییه تۆ له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌ت تۆتکه‌ت نه‌گرتووه‌و
هه‌میشه ئه‌رکی هاوڵاتیبوونی خۆت به‌جیهێناوه، ئه‌نده‌شۆن:
بێ ئومێدی له ناخمدا بۆته تاریکه‌سه‌ڵا، بیرم کرده‌وه:
ـ ئه‌مه ناکرێت ڕاست بێت! دیاره من ناوم گۆستاڤ
ئه‌نده‌رشۆن نییه. ده‌نا به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستام بوونم نه‌ده‌بوو، خۆ ده‌بوو که‌سێک
منی به بیردا بهاتایه‌ته‌وه، ده‌بوو ئێستا به بازنه‌یه‌کی هێجگار گه‌وره
بهاتنایه.
هه‌رچۆنێک بوو توانیم نیگام دوور له ده‌می زه‌ردی ئاسمان وه‌رچه‌رخێنم. توانیم
لێوه مژۆکه‌کانی ئه‌و گیانله‌به‌ره نادیاره به ته‌وقی سه‌رمه‌وه هه‌ڵبکه‌نم.
کاتێک دووباره چوومه‌وه سه‌ر زه‌وییه‌که‌و ڕاوه‌ستام، ده‌موده‌ست سه‌ربه‌ره‌وخوار
به شاخه‌که‌دا غلۆربوومه‌وه. به‌ناو دارستانه گه‌وره‌که‌دا ڕامکردو پاشان به
ناو ده‌وه‌نه چره‌کاندا. گه‌ڵاکان هه‌روه‌ک چڵوسکی ته‌ڕ ده‌یاندا به‌ده‌موچاومدا،
چونکه له‌وێدا سه‌رتاپا تاریک بوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه وابوو که به‌ناو سووتوو
باریندا به‌ناو دارستانه‌که‌دا ڕابکه‌یت. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان ناخم زۆر تاریک‌تر
بوو. ناو ناخم له‌تاو بێ ئومێدی بوو بووه تاریکه‌سه‌ڵا.
کاتێک هاتمه خواره‌وه بۆ ناو سولفافۆش و چاوم به یه‌که‌مین خانوو که‌وت هاوارێک
له ناخمه‌وه هاته‌ده‌ره‌وه. هاواره‌که‌م گه‌لێک ترسێنه‌ر ده‌هاته به‌رگوێ.
له‌سه‌ره‌تادا خۆشم باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که ئه‌و نرکه‌و ناڵه‌یه له منه‌وه
دێته‌ده‌رێ. من نه‌مده‌ویست هاواربکه‌م، به‌ڵام که‌چی هه‌ر هاوارم ده‌کرد. به‌ناو
سولفافۆشدا ڕامده‌کرد و ده‌مقیژاند. من نه‌مده‌ویست وابکه‌م، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵێک
ئه‌و هاواره هی من بوو.
زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ر زوو ڕاکشابوون و خه‌وتبوون، به‌ڵام هه‌ندێکیان هێشتا هه‌ر له
ده‌ره‌وه‌بوون و به‌خه‌به‌ربوون. خۆشم گه‌لێکیانم به‌و لووره لوور و نه‌عره‌ته
نامرۆڤانه‌ییه‌ی خۆم بێدارکرده‌وه. به ڕاکردن به‌جاده‌ی "کاسێرن"دا هاتمه خوارێ
و دوور به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ڤیلاکان چووم، خه‌ڵکی که‌وتنه غاردان به شوێنمدا، به‌ڵام
من گه‌لێک تیژ ڕامده‌کرد و ده‌موویست زوو بگه‌مه‌وه ماڵێ، ده‌مویست فریابکه‌وم و
بچمه‌وه ماڵێ و داوای ئه‌وه‌یان لێبکه‌م که چاوببڕنه ناوچاوم، بۆیان ڕوون
بکه‌مه‌وه که منیش له‌و دنیایه‌ی ئه‌واندا که‌سێكـم و بوونم هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی
چیتر له‌ناو ئه‌و هه‌ڵلوشینه گه‌وره‌یه‌ی ئاسماندا نه‌تاسێم و مانگ قوتم نه‌دات.
به‌ڵام له‌وێدا، له سیله‌ی جاده‌ی گه‌ڕه‌کی ڤیلاکاندا ئه‌نده‌ش یۆنسۆنم پێگه‌یشت و
هاواری لێکردم:
ـ گۆستاڤ ڕاوه‌سته! ئارامت بێت، گۆستاڤ!
ئه‌نده‌ش ده‌ستی لێگیر کردم به‌ڵام من بۆکسێکم دا به کاکیله‌یداو به پشتا
غلمکرده‌وه. پاشان ده‌ستمکرده‌وه به ڕاکردن. به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد خه‌ڵکێکی زۆر
ده‌ستیانکرد به ڕاکردن به دوامدا.
ـ چییه سه‌رخۆشه؟ یه‌کێکان هاواریکرد.
ـ ئه‌م تیژپه‌ڕه گوستاڤ ئه‌نده‌شۆنه، یه‌كێکی تریان هاواریکرد.
ـ چییه سه‌ری شڵه‌قاوه؟ یه‌کێکی تریان ووتی.
ـ ده‌مێکه سه‌ری شڵه‌قاوه، یه‌کێکی تریان هاواری کرد.
من هه‌موو ئه‌م شتانه‌م باش دێته‌وه بیر.
خه‌ڵکه‌که گه‌یشتن پێم و گه‌لێکیان خۆیان هه‌ڵدایه سه‌رم. فریاکه‌وتم شه‌قێک
بسره‌وێنمه ناوگه‌ڵی یه‌کێکیان و لووره لووری پێبخه‌م، هه‌روه‌ها فریا که‌وتم
بۆکسێک به یه‌کێکی تریاندا بکیشم و لاری بکه‌مه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌نده
زۆرتربوون... به ده‌رزه‌ن ده‌هاتن و خۆیان هه‌ڵده‌دایه سه‌ر سه‌رم، ئیتر قۆڵ و
قاچمیان له پشته‌وه چه‌ماندمه‌وه‌و به‌رزیان کردمه‌وه.
ـ ئارامبه گۆستاڤ، یه‌کێکیان هاواریکرد.
ـ هیچ نییه گۆستاڤ. یه‌کێکی تریان هاواریکرد.
ـ ته‌له‌فونیان بۆ ئه‌مبوڵانس کردووه، هه‌مدیس یه‌کێکی تریان هاواریکرد.
ـ به‌دوای دکتۆریشدا ناردوویانه، هه‌مدیسان یه‌کێکی تریان هاواریکرد.
بۆ ناو چێشتخانه‌که هه‌ڵیانگرتم. ژنه‌که‌م تازه له کۆبوونه‌وه‌ی ئاینی ئێوارانی
یه‌ک شه‌ممه‌ی گه‌ڕابۆوه. بیرێر پاش ئه‌گله‌نجه خه‌وتبوو، شه‌وی شه‌ممه له‌سه‌ر
یه‌کشه‌ممه هه‌ر هه‌موو هێزی فسکردبۆوه‌و ئه‌گه‌رچیش ئه‌و ده‌بێت به‌یانی سه‌عات
شه‌ش بچێته سه‌ر کاره‌که‌ی. هارالد هێشتا له شار نه‌گه‌ڕابۆوه بۆ ماڵ، ئانناش
له سه‌فه‌ری ئۆتۆمبیلی نه‌گه‌ڕابووه‌وه. به‌ڵام ئینگرید له‌سه‌ر ئه‌و
قه‌نه‌فه‌یه‌ی که من هه‌میشه له‌سه‌ری داده‌نیشتم، دانیشتبوو. گۆره‌وییه
ته‌نکه‌کانی له پێی داکه‌ندبوو چاوی ده‌گێڕا تا بزانێت گۆره‌وییه‌کانی له هیچ
جێیه‌کدا نه‌دڕاون. کاتێک به هه‌ڵگرتنی منه‌وه هاتنه ژووره‌وه ئینگرید ڕایکرده
سه‌ره‌وه بۆ ژووری کچه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی دووباره گۆره‌وییه‌کانی له پێ بکاته‌وه.
بێ ئه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌وه بکات که من چۆنم. ته‌نها بیری له‌وه ده‌کرده‌وه، که
نه‌یده‌ویست به بێ گۆره‌وه‌ی خۆی پیشانی ئه‌وانه بدات که هوروژمیان هێنابووه
ناو چێشتخانه‌که‌وه.
له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که ڕایانخستم و هه‌ندێکیان تا ئه‌وکاته‌ش هه‌ر ده‌ست و قاچمیان
گرتبوو، من هێشتا ده‌ملووراند. من نامه‌وێت بلوورێنم، به‌ڵام چیبکه‌م له‌ناومه‌وه
هه‌ر لووره ده‌هاته ده‌رێ. من نامه‌وێت خۆم بده‌م به‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که‌دا و
ماسولکه‌که‌نام گرژبکه‌م و به دانه‌کانم قه‌پ بگرم. به‌ڵام چیبکه‌م هه‌موو
ئه‌مانه ڕوویاندا. خوای گه‌وره، له پڕا درکم به‌وه‌کرد که ئه‌مه دواتر
ده‌بێته چ به‌دبه‌ختییه‌کی گه‌وره بۆ من. له‌وێدا هیچ چاوێک چاوه‌ڕوانی منی
نه‌ده‌کرد. که ده‌یتوانی سه‌رله‌نوێ ڕامبکێشێته‌وه بۆ ناو دنیای ئاده‌میزاده‌کان.
ژنه‌که‌م ده‌ستی خستبووه سه‌ر گۆنای و ده‌هات و ده‌چوو.
ـ ئۆ، ئۆ، ئۆی! ژنه‌که‌م ده‌یلاوانده‌وه.
به‌ڵام ژنه‌که‌م نه‌هات به‌لای منه‌وه. چاوی نه‌بڕییه ناو چاومه‌وه، ئه‌و ته‌نها
وشه‌یه‌ک چییه به منی نه‌ووت. ته‌نها ده‌ستی له‌سه‌ر گۆنای دانابوو ده‌هات و
ده‌چوو هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌کێشا:
ـ من ده‌بێت ئاوام به‌سه‌ربێت؟
ـ ئارام به خانم، یه‌کێک ووتی.
ـ هه‌موو شتێک قابیلی ڕوودانه. یه‌کێکی تر ووتی.
ـ هه‌ر ئێستا دکتۆر دێت، یه‌کێکی تر ووتی.
ـ هه‌روه‌ها ئه‌مبولانسیش، یه‌کێکی تریان ووتی.
دکتۆر هات. هاته لام و ده‌ستی له جه‌سته‌م دا. دکتۆره‌که سه‌یری کردم به‌ڵام
ته‌نها سه‌یری سه‌ر سنگمی کرد، هه‌روه‌ها قاچم و ده‌سته‌کانم و چه‌ناگه‌م، ئه‌ویش
چاوی له چاوم نه‌بڕی.
ـ پیاوه‌که‌ت له‌م دواییانه‌دا چۆن چۆنی بووه؟ دکتۆره‌که پرسیاری له ژنه‌که‌م
کرد.
به‌ڵام تاکه ووشه‌یه‌ک چییه به منی نه‌ووت.
ـ بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌بێت پیاوه‌که‌م خه‌مۆکی گرتوێتی. ژنه‌که‌م وای ووت و ده‌ستێکی
بادا. له ڕاستیدا پیاوه‌که‌م هه‌رده‌م خه‌مۆک بووه. ته‌نانه‌ت زه‌مانی خۆشی ئه‌و
ده‌م هه‌ر خه‌مۆک بوو که داخوازیکردم. پیاوه‌که‌م هه‌میشه ناڕازی
بووه، که‌چیش هه‌میشه خۆی واپیشانداوه که ڕازییه. من هه‌رگیز له
پیاوه‌که‌م تێنه‌گه‌یشتووم. خۆزگه بۆ یه‌کجاریش ئه‌وه‌ی ده‌یویست بیوتایه.
هه‌میشه هه‌نگاوه‌کانی خۆی به‌دوای خه‌ڵکی تردا راستکردۆته‌وه‌و واشی نیشانداوه
که ڕازییه، بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ڕازیشبووبێت، دکتۆر. هه‌میشه ویستوێتی خه‌ڵکانی
تر جێ پێی ئه‌م هه‌ڵگرن، به‌ڵام ئه‌و چی ویستووه هه‌رگیز له‌باره‌یه‌وه
نه‌دواوه. ده‌یه‌وێت که ئێمه هه‌ست به‌وه‌بکه‌ین که ئه‌و چی ده‌وێت. به‌ڵام
ئاخر چۆن ئینسان هه‌ست به‌وه بکات له‌کاتێکدا که ئه‌و هه‌رگیز هیچ شتێک ناڵێت؟
ئۆ، من هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌متوانیوه لێی تێبگه‌م!
ئاخر سه‌خته دکتۆر، تۆ بتوانیت هه‌ست به خواستی مرۆڤێک بکه‌یت له‌کاتێکدا ئه‌و
که‌سه خواستی خۆی بۆ هیچ که‌سێک نه‌درکێنێت.
پیاوه‌که‌م که‌سێکی سه‌ختگیره. ساڵ له‌دوای ساڵ مه‌نگترو بێده‌نگتر بووه. هیچ
ژنێک ناتوانێت له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبکات. من سه‌یرم به خۆم دێت دکتۆر که چۆن
توانیوومه تا ئێستا له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبکه‌م. بێگومان هه‌رچۆنێک بێت ئه‌وه‌ی که
به‌سه‌ریداهات پێش چه‌ند ساڵێک له‌وه‌وبه‌ر بوو ئه‌وکاته بوو که شه‌ست ساڵی
پڕکرده‌وه. ئه‌و ده‌ڕۆشت و خه‌یاڵی به‌وه‌وه لێده‌دا که ئاهه‌نگێکی زۆر گه‌وره‌ی
له هۆڵی گه‌ل بۆ سازده‌که‌ن هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی که ئه‌و گرنگترین که‌سبێت له
سولفافۆشدا. به‌ڵام کاتێک که پیاوه‌که‌م شه‌ست ساڵی ته‌مه‌نی پڕکرده‌وه،
ئه‌وکاته ئێمه له سێهه‌مین مانگی مانگرتنماندا بووین. هیچ که‌سێک به‌هیچ جۆرێک
خه‌یاڵی به‌لای ئاهه‌نگ گێران و پیرۆزبایکردندا نه‌ده‌چوو. ئێمه‌ش ئه‌ومان
له‌بیرچووبۆوه. هه‌مووکه‌س ئه‌وی له‌بیرچووبۆوه. خۆ ئه‌و هه‌رگیز خۆشی ئه‌وه‌ی
که ده‌یویست نه‌یده‌درکاند.
هه‌رله‌ویادا له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشتبوو بۆ خۆی هه‌ر خه‌یاڵپڵاوی
لێده‌داو ته‌مه‌نای ده‌خواست.
به‌ڵام با من شتێک بۆ تۆ باس بکه‌م دکتۆر، له‌م
دنیایه‌دا هیچ ژنێک ناتوانێت ژیانێکی ته‌واو به‌ڕێبکات بۆ هه‌ڵهێنانی ئه‌و شتانه‌ی
که پیاوه‌که‌ی ته‌مه‌نای ده‌کات.
ـ به‌سه، به‌سه. دکتۆره‌که پێی ووت.
ئه‌مبوڵانسه‌که هات. ئه‌وکاته هێشتا من ڕاکشابووم و هاوارم ده‌کرد به‌بێ ئه‌وه‌ی
خۆم بمه‌وێت هاواربکه‌م. ڕاکشابووم و خۆم ڕاده‌پسکاند، ماسولکه‌کانم
گرژده‌کرده‌وه‌و به ددانه‌کانم قه‌پمده‌گرت. ئۆی خوای گه‌وره گه‌ر ژنه‌که‌م
بهاتایه و چاوی ببڕیایه‌ته ناوچاومه‌وه! ئه‌گه‌ر ئێستا بهاتایه و ده‌ستی
بخستایه‌ته سه‌ر ناوچاوم و ماوه‌یه‌کی درێژ چاوی ببڕیایه‌ته ناو چاوم، ئه‌وا ئه‌و
شته‌ی که پێشتر ڕوویدا هه‌رگیز ڕووی نه‌ده‌دا! ئه‌وسا هه‌ستمده‌کرد که من بۆ ئه‌و
بوونم هه‌یه و ئه‌و ده‌م له نۆژه‌ن له‌دایک ده‌بوومه‌وه. به‌ڵام ئه‌و ئێستا‌و
ئه‌وسا هه‌رگیز چاوی نه‌بڕییه ناو چاوم، هه‌ربۆیه‌شه من خۆم ڕاده‌پسکاندو هاوارم
ده‌کرد، ماسولکه‌کانم گرژده‌کرده‌وه‌و به ددانه‌کانم قه‌پم ده‌گرت. ده‌مویست بانگی
خوا بکه‌م، بانگی گرێتا و ئا‌ننا، ئینگرید و هارالد، بیرێر و نیسێ و بێرتیل، بانگی
هه‌موویان بکه‌م و پێیان بڵێم
ـ سۆزتان هه‌بێت به‌رامبه‌رم، قسه‌م له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، چاوتان ببڕنه ناوچاوم.
هاوبه‌شم که‌ن له‌گه‌ڵ شته‌کانی خۆتاندا تا منیش هه‌ستبکه‌م مر‌ۆڤم و ده‌ژیم.
به‌ڵام من وشه‌یه‌کم بۆ نه‌ده‌هاته سه‌ر زمانم.
برینپێچه‌کان هاتنه ژووره‌وه، به پشتوێنێک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ئه‌مبولانسه‌که
به‌ستیانمه‌وه‌و به‌ناو ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی که به مه‌چه‌که‌کانی خۆم دروستمکردبوو
به‌ته‌خته‌که‌وه هه‌ڵیانگرتم و بردیانم. ژنه‌که‌م ده‌هات و ده‌چوو ده‌سته‌کانی
خستبووه سه‌ر گۆنای. هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌کێشا:
ـ ئۆ، ئۆ، ئۆی! ئه‌مه به‌سه‌ر مندا ڕووبدات!
من هیچ شتێک به‌سه‌رمدا ڕووینه‌داوه! ئه‌وه به‌سه‌ر
تۆدا ڕوویداوه نه‌ک من. باشه چۆن شتێک به‌سه‌ر که‌سێکدا ڕووده‌دات که خۆی له
خۆیدا هیچ شتێک نه‌بێت؟
ئینگرید له‌ناو ده‌رگاکه‌دا وه‌ستابوو ده‌سته‌کانی خستبووه سه‌ر چاوی. ئینگرید
فریای ئه‌وه که‌وتبوو که گۆره‌وییه‌کانی جاریکی تر له‌پێ بکاته‌وه. به‌ڵام له
په‌له‌پڕوزکێدا گۆره‌وییه‌کان لۆچیان تێکه‌وتبوو. من له‌وباوه‌ڕه‌دام که هۆی
ئه‌وه بوو ئینگرید شه‌رمی ده‌کرد و ده‌سته‌کانی خستبووه سه‌ر چاوی. بیرێر
هاتبووه ناو ده‌رگای ژووری کوڕه‌کان و وه‌ستابوو، به‌ده‌م ئه‌و ده‌نگه
ده‌نگه‌وه خه‌به‌ری بووبۆوه‌و هه‌ر به‌و بیجامه‌یه‌ی که له‌به‌ریدابوو هاتبووه
خواره‌وه، خه‌واڵوو توڕه‌دیاربوو. پێش ئه‌وه‌ی چاوی به‌ته‌واوه‌تی بکاته‌وه خێرا
هاواریکرد.
ـ به نه‌عله‌تم کردن ئه‌وه ئه‌و هه‌موو هه‌راوهوریایه‌تان له چییه! ئێوه
خۆتان ده‌زانن که پیاو له ئه‌گله‌نجه بووبێت چۆن چۆنییه، من ده‌بێت سبه‌ی
به‌یانی سه‌عات شه‌ش هه‌ڵسم و بچم بۆ کار.
خه‌ڵکه‌که ده‌رگاکه‌یان داخست ده‌نا زۆر له‌وه زیاترم ده‌بینی و گوێ لێ ده‌بوو.
ئه‌و ده‌رگایه‌یان کرده‌وه که ده‌چووه سه‌ر پرده‌که. له‌ویادا مانگ، ئا مانگ
چاوه‌ڕوانم بوو! دیسانه‌وه هه‌ستم به لێوه مژۆکه‌کانی ده‌وری ته‌پڵی سه‌رم کرد.
ـ پشتێنه‌که قایم شه‌ته‌ک بده‌ن. ده‌مویست هاواربکه‌م.
زیاد له‌ساڵێک له نه‌خۆشخانه مامه‌وه. ئه‌وه‌تا ئێستاش دووباره گه‌ڕاومه‌ته‌وه
ماڵه‌وه. هه‌موو شتێک ته‌واو هه‌ر وه‌ک ئه‌و سه‌روه‌خته وایه که‌پێش ئه‌وی ئه‌و
شته ڕووبدات که ڕوویدا. ته‌نها منم له ژووره‌که‌دا بێجووڵه دانیشتووم،
دانیشتووم و ڕۆژنامه‌که‌م به‌ده‌سته‌وه گرتووه، ئێستا که‌س چاونابڕێته چاوم،
که‌سیش قسه‌م له‌گه‌ڵدا ناکات. ئینگرید ده‌چێت بۆ سه‌ما، هارالد ده‌چی بۆ شار،
بیرێر ده‌چێ بۆ ئه‌گله‌نجه و ئانناش ده‌چێت بۆ سواری ئۆتۆمبیل. هه‌موو ده‌ڕۆنه
ده‌ره‌وه. ژنه‌که‌شم ده‌چێت بۆ دانیشتنی ئاینی. به‌ڵام گرێتا ئه‌مشه‌و نیسێ و
بێرتیل ناهینێت بۆ ئێره‌و ئه‌وانیش ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه. ئیتر هه‌رگیز من گوێم
له‌وه نابێت که ئه‌و بڵێ:
ـ نیسێ و بێرتیل له‌ماڵی باپیره‌یان ده‌بن، تا من و بابه ده‌چینه ده‌ره‌وه‌و
که‌مێک ده‌سوڕێینه‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێ کوڕه‌کان ئێستا ئه‌وه‌نده گه‌وره‌بوون که بتوانن بێ ئێمه خۆیان شه‌و
به‌رنه‌سه‌ر. به‌ڵام من ده‌زانم که بۆچی ئه‌و ئه‌وان ناهێنێت بۆ ئێره، چونکه
به‌هۆی ئه‌و شته‌وه بوو که ڕوویدا. ئه‌وان له‌وه ده‌ترسن که ئه‌و شته جارێکی
تر ڕووبداته‌وه. جا کێ ده‌ڵێت ڕووناداته‌وه... هه‌ندێک جار هه‌م ئاره‌زوو هه‌م
ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی له‌رزم لێدێنێت. هه‌تاکو ئێستاش من هیچ چاوێکم نه‌دیوه
چاوه‌ڕوانم بێت.
- لاش ئالین له‌ساڵی 1915 له شاری سوندسڤاڵ له سوید
له‌دایک بووه‌و له 1997دا مردووه. به‌یه‌کێک له چیرۆکنووسه هه‌ره ناودارو
باشه‌کان داده‌نرێت، که زۆرجاران به لاش ئالینی گه‌وره له ئه‌ده‌بی سویدیدا
ناوی ده‌هێنرێت.
خاوه‌نی چه‌نده‌ها ڕۆمان و کۆمه‌ڵه چیرۆکه.
سه‌رچاوه:
;LARS AHLIN،
Inga
ögon
väntar
mig
TIDEN förlag،
Stockholm،
1944،
p. 17-38