نامبینیت ، چۆن پایز ئه‌بمه‌وه ..
نامبیستیت ، چه‌ند له گۆرانییه بێڕه‌نگه‌کانی ئاو ئه‌چم !
* جه‌مال غه‌مبار *
[ بۆ باخچه‌ی وه‌فا ، که هه‌تا دوێنێ ئێواره‌ی موحیببه‌تیش بێ گوڵ بوو..
بۆ " ئه‌وی نیشتمان " که بێده‌نگ هه‌ڵئه‌وه‌رێ ...]
هه‌تا شینبوونی خه‌یاڵی شاعیرێک به قامه‌تی گوناهه‌وه .
هه‌تا دامرکانه‌وه‌ی ئاگری ده‌قێک له نوێژی ئیماندارێکا .
هه‌تا خۆم ، هه‌تا ئه‌م شیعره هه‌ر ئه‌ڤین ،
هه‌تا شکانی باده‌ی ئه‌م گریانه هه‌ر فڕین ..
هه‌تا ئه‌وێ با هه‌رچی گڕی سۆزی عاشقان هه‌یه
له خه‌رمانی هیجری من به‌ر ببێت ،
با گوڵه‌کانی سینه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌کانی تۆدا بمرن ئه‌ی ته‌نیا !
با شه‌قام و دره‌خته غه‌ریبه‌کانی ئه‌وێم
له‌گه‌ڵ ئێواره‌ی تۆدا پیاسه‌یه‌ک بکه‌ن ئه‌ی ته‌نیا !
ئه‌ز نازانم تۆ له کام باخچه‌دا ڕواویت
نازانم چه‌ند شاران گه‌ڕاویت
تاکو منی بێ حیکمه‌تت دۆزییه‌وه ..
هه‌تا ئه‌وێ هه‌ر تۆ و هه‌ر فانۆسه‌کانی خوا له کوچه‌کانی ئاودا ، هه‌تا ئه‌وێ
پیاسه‌یه‌کی ده‌مه‌و مه‌غریبی ته‌نیایی و
هه‌تا پڕبوون له بۆنی ماچ
له گۆرانییه شه‌وقداره‌کانی مه‌یخانه‌ی دڵ ...
هه‌تا سووراوی ئه‌م شیعره به‌ر لێوانی مه‌ریه‌مێکی مه‌ست ئه‌که‌وێ
با گوڵ شاهید بێت کێ وڵاته‌که‌ی منی
خسته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی جێهێشتنی خۆی و
كێ ده‌ستی کرد به دڵی وه‌نه‌وشه‌کانیدا و
کێ بۆ یه‌که‌مجار خه‌ریته‌ی جوانییه‌که‌ی
له به‌یانییه ته‌ڕه‌کانی " ئاسیا " کرده‌وه و ،
ئاوه‌کانیشی پڕ کرد له مه‌عنای ملکه‌چیی !!
با هه‌تاوی دڵ ، به ده‌م نووسینه‌وه‌ی سێبه‌ره‌کانی عیشقه‌وه
له‌سه‌ر به‌ردی قیامه‌ت بنووسێت ؛
له شه‌وی هه‌ر عاشقێکدا ، له سپێده‌ی هه‌ر دڵێکدا
مه‌خلوقێک فێربووه لێره‌وه به‌ناو ته‌می گۆرانیی و
به‌ناو خه‌تمی وه‌رزه‌کاندا تێئه‌په‌ڕێت ...
مه‌خلوقێک وڵاتی به شانه‌وه‌یه و
هه‌تا هه‌ڵاتنی عه‌تر له تاریکیی ،
له ناو سووتانی مۆمی غه‌ریبێکدا ، له تووڕه‌بونی خۆیدا ،
له‌سه‌ر به‌ردێکی نزیک دڵی دوو عاشق .. دائه‌نیشێت !
هێنده ستاره ناگرێت هه‌تا ئینجانه‌ی گۆرانییه‌ک
بخاته به‌ر په‌نجه‌ره‌ی چاوه‌ڕوانیی ...
ئه‌و نیگه‌رانه له‌وه‌ی ؛
ئه‌م شارانه بۆچی ڕقیان له ئاسمانه !
ئه‌م ماڵانه له‌به‌ر خاتری چیی بێ په‌نجه‌ره‌ن ...
ئه‌و تووڕه‌یه له‌وه‌ی که‌سێ ناپرسێ ؛
ئه‌رێ گوڵ هه‌یه بزانێت له‌کوێ جێماوه دڵی ئه‌و ؟!
بۆ خه‌ره‌ندی چ خه‌مێکه ، وا هه‌ڵدێراوه دڵی ئه‌و !
له ئاسمانی کام فیراقدا وه‌ک مانگ گیراوه دڵی ئه‌و !
" له‌و ڕۆژه‌وه ڕۆیشتووه تۆراوه دڵی ئه‌و
هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ڕێ بێ سه‌ر و شوێن ماوه دڵی ئه‌و ! "(*)
ئه‌و نیگه‌رانه و ، ئه‌مێستا چرۆی تووڕه‌بوون ده‌رئه‌کا ،
که نه‌وره‌سه‌کانیش وه‌سفی ده‌ریا به‌ده‌م وه‌جدی نیشتمانێکی
شیرینه‌وه ئه‌که‌ن ، هه‌مو جارێ ئه‌ڵێن :
غه‌ریبێک له ئاوێنه‌ی باراندا وه‌ک سه‌ناریای خه‌م
ته‌نیا ته‌نیا ئه‌چێته‌وه ، کز کز ئه‌سووتێ ..
به ده‌م ئه‌و وه‌جده‌وه ،
حه‌ز ئه‌کات دوا هه‌ناسه بنووسێت و
حه‌ز ئه‌کات دوای نه‌سووتان له دۆزه‌خی ئه‌م شیعره‌دا ،
ئه‌وه‌نده ئازاد بێت ئاسمان هیی ئه‌و بێت ..
ئیتر ئه‌وه‌نده سیزیف نه‌بێت ، ئیتر خۆی بێت ..
به‌ده‌م ئه‌و وه‌جده‌وه ، حه‌ز ئه‌کات
ئه‌م به‌رده‌ی له‌سه‌ر شان داگرن .. ئه‌م به‌ردی ژیانه ئه‌وی کوشت ..
ئه‌و غه‌ریبه ، چیتر به‌که‌ڵکی ئه‌م به‌یانییه نایه‌ت
ده‌نگی ئه‌و بۆ ئه‌م گۆرانییه نه‌شاز نه‌شاز ئه‌چێته‌وه ....
ئیتر دایگرن .. با سێبه‌ر له باخچه نه‌بڕێت
ئه‌و ڕه‌نگه ئیتر نه‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕووبارێک
که پێشترێ هه‌ندێک نه‌سیمی قسه و
پڕ به چارۆکه‌یه‌ک ڕۆشنایی و ،
هه‌ندێ هاوڕێیه‌تیی تێدا جێهێشت ..
دایگرن .. خۆی و به‌رده شینه‌که‌ی سه‌ر شانی داگرن
ئه‌و له ناو هه‌ڵوه‌ریندا کار ئه‌کات
خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌یه که ئه‌یگه‌یێنن به قیامه‌ت !
هه‌مو ڕۆژێک له غه‌ریبیی خۆی هه‌ڵئه‌نوتێ ، ئه‌که‌وێ به‌سه‌ر مردنا
به ڕێکه‌وت ئاوێنه‌یه‌ک پێشوازیی لێئه‌کات ، پێیئه‌ڵێت ؛
- ئه‌وه تۆی ،
ئه‌ی ته‌ماشای جێماو له دوا ئاوڕدانه‌وه‌ی مانگێکی موسافیر
ئه‌و ده‌مه‌ی جانتاکانی ته‌مه‌ن ئه‌پێچیته‌وه و
کتێبی شار دائه‌خه‌یت ..
- ئه‌وه سێبه‌ری تۆیه ،
ئه‌ی که‌ناریی سه‌رقاڵ به دڵنه‌وایی نیشتمان ..
بێده‌نگییت له کوێ هێناوه ، ئه‌م گریانه له کێ فێربووی !
- ئه‌وه تۆی ؛ هه‌ی خانه خه‌راپ !
هه‌ی ماڵی شیعرت وێران و
هه‌ی خۆت وێران ..
ئه‌وه خۆتی یان ئایه‌تی ئاوابوونته ، له ده‌ستی زه‌مه‌ن ئه‌تکێ !
هه‌ی خانه وێران ؛ ته‌واو ته‌واو شه‌که‌ت بوو دڵی من ،
هێنده ده‌فته‌ری په‌پووله‌کانت بۆ بگه‌ڕێ ،
هێنده سه‌ری وه‌فا بخاته ئاوی خه‌به‌رنامه‌کانه‌وه ،
ئه‌ی هه‌ڵاتوو له ده‌ست دوا گوناهی خۆشه‌ویستیی ؛
مۆسیقا نه‌ما دڵم نه‌گری ..
گۆشه‌گیریی نه‌ما دڵم نه‌بێته شووشه بۆی ...
هه‌ی خانه وێران ،
ماندوو بووم به ده‌ست کاولاشی بیره‌وه‌ریی و
جه‌فای ژن و بۆنی ئه‌و قه‌سیده غه‌مگینانه‌ی
یه‌کپارچه ئه‌و ناوه‌یان ئه‌کرد به ماڵی ڕه‌یحانه و
منیشیان ئه‌دایه‌وه ده‌ست ئێواره‌ی بارانێکی نا‌ئومێد ..!
ئه‌ی جریوه مێینه‌که‌ی ژێر گه‌ڵاڕێزانێکی شه‌رمن ؛
ئێواره‌یه‌ک به ته‌نیا وه‌ک ئاوێکی عاجز تۆ دێیت و
به هه‌موومان ئه‌ڵێیت ؛
- من لای ( کلارا ) وه گه‌ڕاومه‌ته‌وه ،
له مردنێکی چۆڵ ئه‌گه‌ڕێم
ئه‌رێ که‌س مردنێکی چۆڵ شک نابات بۆ کرێ ،
ئه‌رێ مردوویه‌ک بێزار نییه له گۆڕ و مه‌رگ و حیکاته‌کانی خۆی
تا بیانبه‌خشێت به ئێمه .. !
تۆ لای نازنازه‌کانی خوداوه دێیته‌وه ،
هه‌رچییه‌کت له‌وێ دیوه ، هه‌ڵی ڕێژه هه‌ناسه‌ی ساردی ئێمه‌وه ..
نامه ، ئاوی دڵی ئێمه نادات ، ژیان له نامه و شیعرێکی کورت‌دا کوانێ جێگه‌ی
ئه‌بێته‌وه ! ...
ئه‌وه ته‌مه‌نه قسه ئه‌کات نه‌ک منی عه‌بدێک به‌ده‌ست عاقیبه‌تی ته‌نیایی و
به‌ده‌ست مه‌غریبه‌کانی نیانییه‌وه ..
ئه‌وه ته‌مه‌نه ، ئه‌وه من نیم قسه ئه‌که‌م ..
من پێم خۆش‌بوو ، خۆم به ته‌نها بچمه سه‌ر "وه‌یس" ، پێی بڵێم ؛ ئاخر تۆ نه
وه‌یسی منیت ، نه هیی ئێمه ..
تۆ خه‌زانی تۆبه‌کارانت هه‌ڵوه‌راند ، تۆ که‌نارێکی هێمن بوویت
له شه‌پۆله‌کانی خۆماندا غه‌رقی په‌شیمانییت کردین ..!
تۆ عاشقانه ، هه‌میشه ئه‌توت :
له سێبه‌ری گۆرانییدا له‌یلاکانی خۆتان ماچکه‌ن
بڕۆنه‌وه لای سپێده‌کانی فه‌سڵی گوڵ ، به‌ده‌م شکۆفه‌ی خۆیه‌وه ..
وه‌ک من مه‌که‌ن ...
من و نیشتمان به هه‌ردووکمان له‌یلایه‌کمان هه‌بوو
له‌قه‌راغی جه‌نگه‌ڵێکدا ، به‌ده‌م نوێژکردنه‌وه لێمان جێ‌ما ..
وه‌ک من مه‌که‌ن ، به ئاوی کوژراندا مه‌په‌ڕنه‌وه ،
من به قسه‌ی هه‌ناری ژیان فریوم خوارد
به ڕه‌نگی ئاوێک
که له بنه‌وه‌ی مه‌رکانه‌کانی یه‌قیندا ستاره‌ی گرتبوو
ره‌سمی خه‌ون و ئه‌فسانه‌کانی ئومێدم کێشا ..
وه‌ک من مه‌که‌ن ،
کریستاڵی بێده‌نگییتان بکێشن به دیواره‌کانی ده‌نگدا
ئێوه هه‌رگیز ته‌قلیدی منداڵییم مه‌که‌نه‌وه ، منداڵییم گۆڕستان بوو
ئێستا که ته‌مه‌نم سپیی بووه ؛
ئێستا ئه‌زانم بۆچی ژنانی وه‌ک دایکم
خه‌ونه غه‌مگینه‌کانی خۆیان بۆ گه‌ڕیده‌یه‌کی غه‌ریب نه‌بووایه
نه‌ئه‌گێڕایه‌وه...
ئێستا تێئه‌گه‌م بۆچی دراوسێکه‌مان
به‌شێک له هه‌تاوی ئێوارانی ئه‌هێنایه‌وه ماڵه‌وه و
به ژنه میهره‌بانه‌که‌ی خۆی ئه‌وت :
هانێ ئه‌وه بۆ چاوه‌زار به ده‌رگاکه‌دا هه‌ڵواسه !
ئێستا که پێڵاوه‌کانم پڕن له نائومێدیی ڕۆیشتن ،
ئێستا که ده‌سته‌کانم متمانه‌ی چنینه‌وه‌ی سه‌وسه‌نی
ئومێدیان به شه‌وی باخچه نه‌ماوه ،
ئێستا له‌وسه‌ری تۆوه دێمه‌وه ، پڕم له مه‌غریبی عاشقان
پڕم له هیچ ،
ئه‌و هیچه‌ی هه‌موومانی به مشتێک له ژیانی فانیی گۆڕییه‌وه..
ئێستا سه‌رم پڕه له دڵئێشانی ڕۆژه‌کانی خودا به‌ده‌ست داڵغه‌ی هه‌فته‌کانی
پیربوونه‌وه ..
له‌و سه‌ری خه‌یاڵاتی تۆوه دێمه‌وه
ئه‌ی که‌نارییه ڕوخاوه‌که‌ی هێلانه‌ی من ! ئه‌ی ته‌نیا ..
نه‌هاوه‌ندێک نییه دڵی هه‌ردووکمان به مه‌قامێکی ته‌ڕ بسپێرێت ..
ئه‌ی گۆرانییه پر ته‌نیاییه‌که‌ی ئێواره غه‌مگینه‌کانی من ! ئه‌ی ته‌نیا..
دڵم پڕ پڕه له خه‌یاڵی ئه‌و شارانه‌ی
باوه‌ڕیان به شۆڕش و ئاهه‌نگی یادکردنه‌وه‌ی گریان نه‌ماوه..
ئێستاش به‌و شارانه‌دا ، به خه‌ون بێت یان ڕاستی ،
ئه‌و ده‌مه‌ی گوزه‌ر ئه‌که‌م
له هه‌ندێکیان ئه‌که‌ومه بن ته‌می شینی سبه‌ینانی ئه‌ڤین ،
له هه‌ندێکی تریان ، شه‌و بێت و شه‌و نه‌یه‌ت ،
ئه‌وانه‌ی له ئه‌ڤین ئه‌چن ، به ئاره‌زووی به‌ر چرا کزه‌کان دامئه‌پۆشن ..
وه‌کو ئه‌ڤین ، ئه‌مده‌نه ده‌ست گوڵه‌کانی سه‌ر سینه‌یان !
وای بۆ مانگه‌شه‌وێک وه‌ک دڵم که‌وته خواره‌وه و
قه‌تارچییه‌ک له گۆشه‌ی مه‌یخانه‌یه‌کدا دۆزییه‌وه ،
هه‌تا مردیش ، ئه‌و قه‌تارچییه هه‌ر هاواری ئه‌کرد :
دڵێکم دۆزیوه‌ته‌وه ، کێ وه‌سف و ناونیشانه‌که‌یم ئه‌داتێ ،
ئه‌وه خاوه‌نێتی و ئه‌یده‌مه‌وه ... هه‌تا مردیش ، هه‌ر وای ئه‌وت !
وای له ڕێگه داخراوه‌کانی ئه‌م عومره په‌ژمورده‌یه‌ی من ،
مه‌پرسن چۆن وه‌ک سه‌رابێکی شکاو له خۆیاندا جێیان هێشتم...
نازانم تازه به چ ڕوویه‌که‌وه ، به کام نه‌زاکه‌تی جارانی ئاوه‌وه به‌یانی
باشێکی گه‌رم له‌و داربڕه پیرانه بکه‌م
که سه‌ری بڕاوی منیان دایه‌وه ده‌ست بارانێکی عاشق ..
به ڕووباره سه‌نگینه‌که‌ی ئه‌وبه‌ری نیشتمانیشیان وت ؛
- هه‌ر پایزێک هات و سۆراخی ئه‌م غه‌ریبه‌ی کرد ..
- هه‌ر مردنێک ڕێی که‌وته ئه‌م ناوه و
ویستی ئه‌م گیانه هه‌ڵکێشێت ..
- هه‌ر تاعونێک بێره‌دا تێپه‌ڕی و
ویستی ئه‌م ڕۆحه شه‌که‌ته تووش کات ..
- هه‌ر گۆڕێکی ماندوو به‌ده‌م داڵغه‌ی مه‌رگه‌وه لێره پشوویه‌کی دا و ویستی
هه‌واڵی ئه‌م غه‌ریبه بزانێت ....
تکایه به هه‌موویان بڵێ ؛ ئه‌م شیعره به ئه‌مانه‌ت لێره نێژراوه !
ده‌خیلتم پێیان بڵێ ؛ ئه‌م خه‌مه‌یان ته‌نها و ته‌نها
بۆ یادی یه‌که‌مین دڵشکانی - کلارا -
له گیای عه‌ده‌م ، لێره‌دا چاندووه
بۆ له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌ی غه‌در
له ناو مانا ساردوسڕه‌کانی ژیان ، ئه‌م دڵه‌یان لێره داناوه !
*******
من هه‌تا نوخته‌ی گه‌یشتن به تۆ ، به لێوی تۆ ،
ئه‌بێت شاعیر بم..
من هه‌تا پڕبونی جانتاکه‌م له پیریی
هه‌تا نوێژه‌کانم ئه‌خه‌مه سه‌ر سیڕاته موسته‌قیمه‌که‌ی عیشق ،
هه‌تاکو تۆ ، هه‌تا لای قسه‌کانی تۆ ، لای سپێتیی دڵی تۆ ،
مه‌جبورم چاوه‌کانت پڕ پڕ بکه‌م له سپێده
له‌گه‌ڵ – با – یه‌کان زه‌وی به زه‌وی سه‌فه‌رنامه‌ت له‌گه‌ڵ به‌شکه‌م ..
قه‌سیده‌یه‌ک گه‌ر تۆ له‌وێ نه‌بیت ئه‌ی ته‌نیا !
ته‌رزه‌ی بێده‌نگیی ، شووشه‌ی جومله‌کان ئه‌شکێنێت ...
قه‌سیده‌یه‌ک تۆ دیار نه‌بیت ، ته‌سلیمی وه‌فا ئه‌بمه‌وه و
ئه‌م پێکی ڕۆحه پڕ ئه‌که‌م له ویردی
ئه‌و کۆتره دڵسافانه‌ی منیان خستۆته سه‌ر گمه‌ی گه‌ڕانه‌وه...
لێره‌وه هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی
دڵت خه‌به‌ری هاتنه‌وه‌ی من ئه‌دات ، ئه‌ی نیشتمانی ته‌نیا !
لێره‌وه هه‌تا ئه‌و خۆڵه‌ی له‌به‌ر فانۆسی لماوییدا
دڵه کوتێی سه‌حرا ئه‌نوسێته‌وه ...
خۆم و باده و چرا و ده‌ف و گیتارێکی شه‌رمن ،
خۆم و ڕووبار و چارۆکه‌یه‌کی پڕ له ڕه‌یحانه‌ی گله‌یی ،
هه‌ر خۆم و خۆم ، وڵاتێک به شانمه‌وه و
شمشاڵێکی غه‌درلێکراو له جانتاکه‌مدا و
ته‌رمی گۆرانییه‌ک له ده‌نگما و
جه‌نازه مه‌سته‌که‌ی خۆیشم له‌گه‌ڵ خۆما ، دێینه‌وه و
ئه‌بینه سێبه‌ر بۆ خه‌یاڵی هه‌تاوێک به‌ده‌م ڕووانینه‌وه ..
ئه‌بینه ده‌ریا بۆ گۆرانیی عاشقێک به‌ده‌م فڕینه‌وه ...
ئه‌بینه‌وه به‌شه‌رابی ئه‌و ماڵانه‌ی
له تاو شه‌ڕ هه‌میشه سه‌رخۆش بوون ..
ئه‌بینه‌وه به وڕێنه‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی
کاتێک له شه‌ڕی سێیه‌می که‌ون ئه‌گه‌ڕێنه‌وه
ژنه‌کانیان بوون به په‌یکه‌ری لــم ،
بوون به شه‌معی تواوه‌ی ده‌م شه‌وانی چاوه‌ڕوانیی !
یه‌ک له‌و ژنانه به‌ر له توانه‌وه ، له‌نامه‌یه‌کدا وتبووی ؛
هێنده‌م چاوه‌ڕوانی لێتکا ،
هێنده‌م به‌رهه‌یوان و په‌نجه‌ره بۆ هاتنه‌وه‌ت گرت
تاکو بووم به ئینجانه‌ی هه‌ور و
ده‌یان گوڵه‌بارانم بۆ گرتیت !
سه‌برم شکا ، گۆزه‌ی گریانم وردوخاشبوو ...
ببووره گه‌ر چیی‌تر چاوه‌ڕاونییم تێدا نه‌ڕوێت !
ببووره گه‌ر ببمه ته‌می حوزنێکی ون و
ئیتر بۆ ئه‌به‌د چاوم به چاوت نه‌که‌وێته‌وه ئه‌ی پیاوی جه‌نگ !
*******
تکایه له شووشه‌ی یاده‌وه‌ریی من مه‌ڕوانن ،
چاو له شه‌رمنیی قه‌سیده‌ی من مه‌که‌ن ،
به قسه‌ی ئاگری من مه‌سووتێن ،
منی بێده‌نگ له سووتانی ئه‌و هه‌موو
بخوردی گیانه و
له وردوخاشکردنی ئه‌و هه‌موو مرواریی عیشقه و
منی ڕووڕه‌ش له‌به‌ر ده‌رگای ئه‌و ئاوه شه‌هیدانه‌ی
که چوونه شه‌ڕه بێهووده‌کانی منی مرۆڤ و
ئیتر تا ئه‌به‌د نه‌گه‌ڕانه‌وه ...
منی زه‌لیل له‌به‌ر قاپیی ڕسته‌یه‌کدا
که به خه‌تێکی هه‌تاویی له‌سه‌ر لافیته‌ی ئاسمان نووسرابوو :
- کوڕم تۆ مردبوویت ،
ئه‌و ده‌مه‌ی قه‌تاری ژیان لێره‌وه تێپه‌ڕی ..!
به قسه‌ی ئه‌م ته‌رمه زه‌لیله مه‌که‌ن ،
بۆ خۆتان بچنه‌وه ژێر که‌پری هه‌ر خه‌ونێک
وه‌ک گوڵ بتانکاته‌وه
خۆتان بده‌نه‌وه ده‌ست مانگ .. ده‌ست سارای خه‌ون !
شه‌و له نامه‌ی عه‌شیقێکدا ببن به ماچ ،
ببن به ئه‌فسانه‌ی ژنێکی عاجز یان مامزێکی تووڕه
له شارێکی نا‌ئومێد ، نابه‌ڵه‌د به ڕێگه‌کانی وه‌فا ..
ژنێک هه‌میشه وه‌ک شه‌قام پڕه له گله‌یی ،
له ده‌نگی سیاسه‌ت که دوای هه‌لا هه‌لابوون ؛
پارچه‌کانی خۆی کۆ ئه‌کاته‌وه و
داوه‌تی هه‌موومان بۆ سه‌ر سفره‌ی نیشتمان ئه‌کا ... !
ئای کۆڵانه تاقانه‌که‌ی منداڵیی من ، ئه‌ی نیشتمانه ته‌نیاکه‌م
له مابه‌ینی ئاسمانه هه‌ڵکه‌نراوه‌که‌ی " مه‌ڵکه‌ندیی " و
گڵکۆ پر بخورده‌کانی " پیرمه‌سوور " دا ،
بسته خاکێک هه‌یه ئاگری لێئه‌ڕوێت ..
ئه‌ڵێن ئه‌وانه‌ی بۆ ته‌وافی گۆڕی عاشقان دێنه ئه‌وێ
له باخچه‌که‌ی " مه‌حوی " یه‌وه سه‌فه‌ر ئه‌که‌ن
ئه‌وانه جۆره گوڵێکن ،
نایانه‌وێ له‌به‌ر خۆری بێمروه‌تیی عه‌ڕابه‌کانی شه‌ڕدا
دڵیان هه‌ڵوه‌رێ ..
ئه‌ی ڕووباره تاقانه‌که‌ی ناو خوێنی من
ئاخر وه‌ره و
ڕۆژی سه‌دجار بمبارێنه
به‌سه‌ر بێمانایی ژیان و
بمبارێنه به‌سه‌ر ئه‌و قسه پڕوپوچانه‌ی
ئێمه‌یان له عیشق بڕییه‌وه ...
هه‌ی له‌به‌ر خۆت و که‌پره‌که‌ی ئێوارانی کانیی فریشته‌که‌ت بمرم ..
وه‌ره و دوا دێڕه سه‌قه‌ته‌کانی ته‌نیاییم بنووسه‌وه ..
بێ و ، فێرم بکه چۆن شیعر نووسینیش فێڵێکی تره له مردن ..
درۆیه‌کی تره بۆ ژیرکردنه‌وه‌ی ژیان
ئه‌و ده‌مه‌ی له چه‌قی بازاڕی ده‌هره‌کاندا
له دایکی ون ئه‌بێ ... وه‌ک ونبونی ڕۆحی من !
ئاخر وه‌ره و .... بۆ دواجار ته‌سلیمی خۆمم که‌ره‌وه ،
بۆ دواجار بمده‌ره‌وه ده‌ست ئه‌و ڕێواسه عاشقانه‌ی
له چارۆکه‌ی نیشتمانی کچه‌کان به‌ر ئه‌بنه‌وه !
ئاخر هه‌ی له‌به‌ر که‌پری بێئومێدیی و
باخی دڵشکان و
مێرگه سووتاوه‌که‌ی دڵت بمرم ،
ئه‌ی وه‌ک مه‌رگی من بێده‌نگ !
ئه‌ی نیشتمانی بێوه‌ژن ؛ ئه‌ی ته‌نیا ..!
سێپته‌مبه‌ر - کۆتایی 2006
ئوسترالیا – باشوور
(*) دێڕێکی – بێخود – ی گه‌وره به ده‌ستکارییه‌وه .
- مه‌ڵکه‌ندی و پیرمه‌سوور : دوو گه‌ڕه‌کی دێرینی سلێمانیین .