بڵێی هه‌ڵکات بای عیشقی من !
جه‌مال غه‌مبار
ده‌زانم بادیه‌ی عیشـقه خه‌ته‌رناک
که‌چی هه‌ر چووم ، ئه‌گه‌ر مام و ئه‌گه‌ر چووم
* مه‌حوی *
هه‌موو ئه‌ترسن به عه‌شیقه‌کانیان نه‌گه‌ن ؛
- ئاسمانێکی ته‌نیایه ئه‌وێ ، له‌وه‌ته‌ی خوڵقاوه باران ئه‌گرێ و
که‌چی هه‌میشه چاوه‌ڕێیه هه‌ورێک بکات به ماڵی خۆی..
- پێکی حوزنێکه ئه‌وێ ، له‌وه‌ته‌ی پڕ بووه له ئێمه ، ئه‌ناڵێنێ و
که‌چی جارێک ، ته‌نها جارێک خۆی مه‌ست نه‌بوو..
ئیتر بۆ کوێ ، بۆ لای کام گۆرانیی بچێت
دڵی شکاوی ئه‌م هه‌موو ته‌رمه بداته‌وه .. !
به‌م ئه‌ستێره غه‌مگینانه‌وه ، که عیشقیان بۆ شینایی نه‌ماوه
به‌م نزا کوژراوانه‌وه ، که ئیتر ڕازی نین بچنه به‌رده‌م چ خوایه‌ک
به‌م هه‌موو ژنه ڕه‌شپۆشه‌وه که له جیاتی کارت
گله‌یی ئه‌خه‌نه سنووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه
به‌م دره‌خته مێینانه‌ی ، که قه‌یره‌یی ، جوانیی هه‌موویانی وه‌راند
به سوپایه‌ک لاولاوی گه‌نجه‌وه که له دیوار نیگه‌رانن ...
به‌م هه‌موو شه‌قامه‌وه که بێزاربوون له خۆپیشاندان ..
به‌م هه‌موو پۆله شه‌هیده‌ی له داخی بێکه‌سیی نیشتمان
عومری چرۆکانی سه‌ردڵیان سپی بوو ..
به خۆمانه‌وه ، خۆمانی له ته‌مبوره‌کانی بێهوده‌یی جێماو ،
به‌م هه‌موو کۆتره عاجز و غه‌مگینه‌وه ، بۆ کوێ بچین ؟
ئیدی ئه‌فسانه‌ی شاخیش به‌سه‌ر چوو ،
سیحره‌که‌ی جارانی نه‌ما ، ڕه‌ونه‌قی لێڵ بوو ..
شه‌وێک چرایه‌ک ، بۆ ئه‌وه‌ی دڵی خۆی بداته‌وه ،
به‌ده‌م ڕۆیشتنه‌وه به‌سه‌ر ئاوی نه‌زاکه‌تدا پێی وتم ؛
- ئه‌ز نامه‌وێت بۆ سپێده‌کانی ڕابوردوو بگریم
من ناخوازم ئێواره نارنجییه‌کانی دوێنێ هه‌میشه دووباره ببنه‌وه.
به‌ڵام هه‌میشه به گومانم له‌وه‌ی باخچه‌کانی سبه‌ی
گوڵێک بۆ په‌رچه‌می یار بگرن ،
به‌گومانم له‌وه‌ی به‌یانییه‌کی تر بێت و
تیایدا نیشتمانه گه‌نجه‌که‌م مه‌رزه‌کانی به قاچاغ نه‌بڕیبێت و
سنوورداش نه‌کرابێته‌وه ..
به گومانم له هه‌ڵکردنی بای عیشقێکی تر ..
به‌گومانم ..
له ئاگره‌که‌ی خۆیشم به گومانم ..!
******
منیش ئه‌ترسم نه‌گه‌ڕێمه‌وه لات کلارا ،
ئاخر به کام گۆرانیی ، باران بارانه‌ت بۆ بڵێم !
له کام گۆڕستانی بێهوده‌یی
کێلێکی کریستاڵ بۆ گۆڕی پێکه‌نین بخوازم و
لێی بنووسم : ئه‌بێ هه‌موو نه‌فسێک عیشق بچێژێ !
کلارا ؛
که وه‌فا دڵی هه‌موومانی شکاند ،
که یه‌کێکمان وه‌ک نیشتمان
به ده‌ست دڵی خۆیه‌وه گیری خوارد و
ئه‌وی تریشمان به لایه‌کی تری دنیادا ،
هه‌ردوو وه‌ک تۆزی ده‌م با ، په‌رشبووین ..
که ئیتر له‌سه‌ر ئه‌م به‌ردی مه‌نفایه خلیسکاین و
که ئیتر خوێنی یه‌کترمان کرده گۆزه‌ی ماڵه موهاجیره‌کانه‌وه ...
تازه چۆن بگه‌ڕێمه‌وه لات کلارا ؛
که ڕه‌نگزه‌ردیی خه‌زان خه‌تای پایز نه‌بێت و
که ئیتر که‌سێک نه‌بێت چاوه‌ڕوانی تێپه‌ڕینم بکات
به لای سپێده‌ی باخچه‌که‌یاندا
بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌شێک گه‌ڵای ڕه‌نجاو کۆکه‌مه‌وه و
ده‌مه‌و ئێواره بیبه‌مه‌وه بۆ باڵنده ناسیاوه‌کانی خودا !
که نه‌توانم ده‌ستی سۆز به سه‌ری باراندا بهێنم ..
که ئیتر له مه‌غریبانی بێنازییدا
ئه‌ستێره‌یه‌ک نه‌مابێت ڕێی عیشقم نیشان دات ..
ئه‌ترسم ئیتر نه‌گه‌ڕێمه‌وه
ژێر ساباتی ئه‌و جیلوانه‌ی
که ڕۆژانێک په‌نجه‌ی منیان ئه‌خسته سه‌ر لێوی گێلاسێ ..
کلارا ، گۆرانییم لێ پڕمه‌که له گله‌یی ئه‌گه‌ر جارێکی تر
نه‌توانم عه‌ده‌میه‌تی ئێره‌م وه‌ک نهێنییه‌کی ئاشکرا
بخه‌مه‌وه نێو جانتا ڕه‌شه‌که‌ی جارانی ژیان و
ئه‌گه‌ر نه‌دره‌وشێمه‌وه وه‌ک زریوه‌ی
یه‌که‌مین ئه‌ستێره که له‌سه‌ر گۆیژه‌وه هه‌ڵدێت ..
به‌ر ده‌رگای شیعرم لێمه‌گره کلارا ، ئه‌گه‌ر گوڵم بۆ نه‌گرتی ،
جاڕی نیشتمانم لێمه‌ده ئه‌گه‌ر هاتمه‌وه و
ئه‌و کۆڵانی ئه‌به‌دییه‌ته‌م نه دۆزیه‌وه که خۆمیان تێدا کوشت ..
کلارا ، دوعام لێمه‌که ؛
مه‌ڵێ : خوا به دڵی عاشقانت له‌گه‌ڵ نه‌کات !
خوا نه‌تخاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ماکردن له‌گه‌ڵ پایز ..
کلارا ، ئیتر ئێواره‌یه‌کی تر له کوێوه سه‌ر هه‌ڵبدا و
تۆ بێیت و باسی شکاندنی گیتاره‌که‌ی خۆت بکه‌یت
به ده‌م سوتاندنی ئه‌و کتێبانه‌ی
خه‌یاڵیان پڕ کردین له وه‌سوه‌سه و
هه‌وای سه‌فه‌ر و جێهێشتن و عه‌سره‌کانی خۆکوشتن !
ئیتر شه‌وێکی تر چۆن هه‌ڵبکا و
تۆش له‌گه‌ڵ مۆسیقا بێیت و
پێکه‌وه ورته ورتی حیکایه‌تێک بکه‌ین و بڵێین ؛
- هه‌بوو نه‌بوو .. ئاو له ئێمه عاشقتر نه‌بوو
شه‌و له گۆرانیی ئێمه خامۆشتر نه‌بوو
زه‌مان ، زه‌مانی ئه‌وانه بوو به ئه‌ڤین بیمار ببوون
زه‌مان ، زه‌مانی گێڕانه‌وه‌ی نوێژی به‌سه‌رچووی
گه‌ڵاکان بوو به قه‌زای دره‌خت و
له‌سه‌ر به‌رماڵی قه‌سیده‌یه‌ک
شاعیره‌که‌ی فریا نه‌که‌وت خۆی بکوژێت ..!
هه‌بوو نه‌بوو ، له گه‌ڕه‌کی کۆتره‌شینکه‌کان ،
له ماڵی گریاندا
ڕه‌شه‌بایه‌ک هه‌بوو ، ته‌ریقه‌تی ونکردبوو
له دین وه‌رگه‌ڕابوو ، سیمای وه‌ک ئێواره تار ببوو
بۆنی خه‌ونی دوای بارانی لێئه‌هات ...
هه‌بوو نه‌بوو ، ئه‌و ڕه‌شه‌بایه وه‌ک نیشتمان
به‌ده‌ست هه‌موومانه‌وه ئه‌یناڵاند ...
که حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌ده‌ست ئێمه‌وه نه‌ئه‌ما ،
وه‌ک دێوانه سه‌رێکی حوزنی هه‌ڵئه‌بڕی و
وه‌ک بیه‌وێت بڵێ ؛
هه‌تا زستانی کام هاوار بێبه‌ش له به‌فری گه‌نجێتیی و
هه‌تا سێبه‌ری کام عه‌سر مه‌حروم له پیاسه‌ی نه‌وره‌سان
هه‌بوو نه‌بوو .. نیشتمانێک هه‌بوو ، کلارا ، نیشتمانێک
به‌ناو ساڵه وشکه‌کانی ئێمه‌دا ڕای ئه‌کرد و
بۆ ئه‌وه‌ی دڵی – بـا – بداته‌وه
ده‌ستی به کاسکێته‌یه‌وه نه‌ئه‌گرت !
نیشتمانێک هه‌بوو .. دڵی به هیچ نه‌ئه‌کرایه‌وه ..
جگه له ئێمه‌ی مناڵه لاساره‌کانی
له هیچ په‌شیمان نه‌بوو ...
هه‌بوو نه‌بوو
... نیشتمانێک هه‌بوو ..
هه‌تیوه‌کانی خۆی به دڵپیسیی ڕه‌جمیان ئه‌کرد ..
نیشتمانێک هه‌بوو کلارا .. نیشتمانێک !
کلارا ، من که پێڵاوی – با – م ون کردبێ ،
که هه‌ردوو ده‌ستم خڵتانی ئه‌ستێره بن ،
که نیگاکانم له سه‌ر خۆڵی ژنێکی ڕه‌جمکراو هه‌ڵخرابن ،
که خه‌رمانی عومری فانییم به هه‌ناسه‌یه‌ک بسووتێ ،
ئیتر بۆچی ئاگری خۆت به نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسی
ئاوێکی برینداری وه‌ک منه‌وه سه‌رفئه‌که‌یت !
کلارا ،
وام دانابوو که پێت گه‌یشتم ؛
ئه‌و ئێوارانه‌ت بۆ شه‌رحکه‌م که هیی من نیین و
که‌چی وه‌ک په‌پووله‌ی مۆمیاکراو به زۆر ئه‌یانخه‌مه نێو په‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌کانی
ژیانم ...
کلارا .. من له چیی په‌شیمان نیم .. له چیی !
چه‌ندین جار ڕه‌وانه‌ی شه‌ڕگه‌کان کرام و
بریندار کرام و
به دیل گیرام و
هه‌ر به دیلییش کوژرام و
که‌چی من هه‌ر نه‌بوومه خاوه‌نی چ حیکمه‌تێک ..
کلارا ، تۆ ده‌رگام لێدائه‌خه‌یت ئه‌و ده‌مه‌ی په‌شیمانیی ئه‌بارێ
کلارا ، تۆ سینه‌تم لێئه‌شاریته‌وه ئه‌و ده‌مه‌ی ماچ دا ئه‌کات
کلارا ، تۆ سێوه حه‌رامه‌که‌م نیشان ئه‌ده‌یت
ئه‌و ده‌مه‌ی خوداوه‌ند بێره‌دا ڕائه‌بورێت ..
کلارا .. کێ له خۆی ئه‌چێت ، هه‌تا منیش ببمه‌وه به خۆم !
تازه سه‌ری خۆیشم وه‌ک بارمته لای کانیی دابنێم
بۆ تاقه یه‌ک هه‌ناسه‌ش نامباته‌وه قه‌راغ ئه‌و گۆمه‌ی
یه‌که‌مجار بۆنی مانگم تێدا کرد و دڵی خۆمم تێدا جێهێشت..
کلارا ، چ گمه‌یه‌ک ئه‌چێته‌وه سه‌ر ماڵی کۆتر
هه‌تا ئێواره‌ی منیش به له‌نجه‌ولار خۆی بکاته‌وه
به گونده ڕووخاوه‌که‌ی تۆدا ..
كلارا ، شه‌وی قه‌سیده‌ی من که‌ی وا درێژ بوو
یه‌خه‌ی کتێبه بێنازه‌کانم کوا هێنده کاڵ ببوونه‌وه
مه‌زاری یارانم که‌ی ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ جه‌فا به‌ینیان هه‌بوو
چاوه‌ڕوانییم که‌ی هه‌موو ڕۆژێک ئاوا
ده‌ستی ئه‌خسته قژی گریانه‌وه !
خه‌ونم که‌ی هه‌موو نیوه‌شه‌وێک ئه‌یدایه زریکه
له‌تاو ئه‌و هه‌موو غه‌دره‌ی له ئاوێک ئه‌کرێت
جاران پێی ئه‌وترا ؛ ژیان و
ئێستا خوا بردوویه‌تیه‌وه بۆ خۆی !
کلارا ، زیخی جێماو یان ته‌رمێکی فڕێدراویش نه‌بووم
لافاو بمخاته سه‌رشانی و
پێده‌شت به پێده‌شت بمهێنیته‌وه بۆ لای تۆ ...
کلارا .. کێ بۆ لای خۆی ئه‌چێته‌وه ، هه‌تا منیش بێمه‌وه لات !
کلارا .. چ غه‌مناکێکی بیمار بووم من ، ئه‌و ده‌مه‌ی تۆم ناسی بێدارێکی چه‌نده
ناموراد بووم من ، ئه‌و شه‌وه‌ی هاتمه خه‌ونت
كلارا .. تازه ته‌نیایی من و بێنازیی نیشتمان
له کوفرێک ئه‌چن
که‌س خۆی ناکات به خاوه‌نی !
کلارا .. کێ له خۆی ئه‌چێت ، تا منیش ببمه‌وه به تۆ !
• ئوسترالیا – پایزی باشوور
ئه‌دیلاید – 2007