گفتوگۆ*
کارزان عوسمان
Karzan984@yahoo.com
(بە کچەکەى ناو خەیاڵى خۆم پێشکەشە)
من هەمیشە دەڵێم:
- گەر تۆ نەبوویتایە
دڵنیام ئێستا پیاوێکى چەتوون بووم
لە سەر سووچى کۆڵانەکانى مەرگ رادەوەستام!
تۆیش پێم دەڵێیت:
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
هەمیشە لاى بەختگرەوەکان دەکەوتم
بەشوێن چارەنووسما دەگەرام!
من دەڵێم:
- گەر تۆ نەبوویتایە
قەت لە ئاو تێنەدەگەیشتم
هەرگیز ژێوان نائەبوومەوە
لە ڕاوکردنى تەیرەکان
تۆیش دەڵێیت:
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا شووم کردبوو بە پیاوێکى
سمێڵ بابۆڕی خاوەن دیوەخان
- گەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا کوڕێکم هەبوو لە وەهم
کچێکم هەبوو لە خەون و
ئێواران
دەمبردن بۆلاى دڵنییایی!
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
دڵنییام خۆشى نەدەکردەوە
تەرزەى خەمى بێ کۆتایی!
- گەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا ماڵێکم هەبوو لە لم
باخێکم هەبوو لە گومان
تەفسیرێکى ترم دەبوو بۆ ژیان!
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا لە کوێ ئەمناسى عیشق
لە ژێر سەیوانێک دەگەڕام
شەوانى پڕ باران
- گەر تۆ نەبوویتایە
خۆم نەئەدایە دەست قەدەرى عیشق
بۆئەوەى ببمە پیاوێکى خانەدان...
بازرگانیم بە کاتەوە دەکرد
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
ئەبووم بە سۆزانى
لە کۆشکى پییاوە بەدفەساڵەکاندا
سەمام دەکرد
- گەر تۆ نەبوویتایە
وەسوەسەى خۆکوشتنم لەسەرم دەر نەدەکرد
هەر پییاوێکى وجودى دەبوم و
عەسران لەگەڵ تەنییایی پییاسەم دەکرد
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
ئەبوم بە ڕاهیبێکى خنجیلانە و
مانم لە شووکردن دەگرت
- گەر تۆ نەبوویتایە
گاڵتەم بە شێتەکان دەکرد
دوکانێکم دادەنا و
عیشقم تێدا مەزاد ئەکرد
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا، حیکایەتەکانى نەنکمم
بە کەمێک دەستکارییەوە
بۆ کچە زاکانم دەکرد
- گەر تۆ نەبوویتایە
ئەبوم بە پیاوێکى ئەفلاتونى
شاعیرەکانم
لە کۆمارى خەیاڵمدا دەردەکرد
+ئەگەر تۆ نەبوویتایە
وەکو ژنە قەرەجێک
لەسەر شۆستە ڕەنگ زەردەکان
سواڵم لە پیاوە نەوسنەکان دەکرد!
- گەر تۆ نەبوویتایە
ئێستا..
لەگەڵ تەنهایى
گفتوگۆم
دەکرد!
*لە ژمارە 22 ى گۆڤارى (هەنار)دا بڵاو کراوەتەوە.