کوا نیشتیمانه‌که‌ی جاران
موئه‌یه‌د مه‌حمود(کاردۆ)
نیشتیمان پۆسته‌چییه‌کی سه‌خییه
ده‌رگا به ده‌رگا
خه‌م دابه‌ش ئه‌کا
نیشتیمان په‌پووله‌یه‌کی ئێسک سووکه
به کوشتنی خۆی له ئێمه‌دا
به‌هار ده‌نێرێت بۆ مه‌نفا
نیشتیمان خانوویه‌کی لمینی قه‌راخ ده‌ریایه
من گه‌ڕامه‌وه بۆ نیشتیمان و نه‌م بینی
من گه‌ڕامه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتیمان
که‌چی له‌گه‌ڵما نه‌خه‌وت
من به دارستانه‌کانی نیشتیمان‌دا تێپه‌ڕیم
جگه له سۆراخی گه‌ڵاکان بۆ مه‌نفا
هیچی ترم نه‌بیست
من گه‌ڕامه‌وه بۆ نیشتیمان
گه‌ڵا زه‌رده‌کانم بینی
به باوه‌شی گه‌ڵا سه‌وزه‌کانه‌وه ده‌گریان
من ده‌ستم نا به دڵی نیشتیمانه‌وه‌و هیچم نه‌بیست
من خۆم به نیشتیمان ناساند و هیچی نه‌ووت
ئه‌و خۆی به من ناساند و من نه‌م ناسییه‌وه
من خۆم نه‌کرد به خاکی به‌ر پێی نیشتیمان
که‌چی ئه‌و خستمی به ژێر پێیدا(1)
من له پاش گه‌ڕانه‌وه‌م
وامزانی له ده‌رگای نیشتیمانێکی ترم داوه
من نه‌مزانی نیشتیمان له سنوور
به دارشه‌قێکه‌وه چاوه‌ڕوانیم ده‌کا
من نه‌مزانی نیشتیمان به لاله‌یه‌که‌وه بۆم وه‌ستاوه
من بۆیه نیشتیمانم خۆش ده‌وێ
چونکه مناڵی لێ زه‌وت کردووم
من بۆیه حه‌زم به نیشتیمان نییه چونکه گه‌وره‌ییم نابینێ
(1):- به‌یته شیعرێکی مه‌حوییه و ده‌ستکاریم کردووه
5-7-2007
ڤانکۆڤه‌ر-که‌نه‌دا