تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
ماردین ئیبراهیم
بۆ لازۆ
که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا،
دڵی ده‌زگیرانه‌که‌م وه‌ک زه‌نگێک به کڵێسایه‌کدا داده‌کوتم
له‌باری ده‌به‌م نیه‌تی پیاوچاکان
تاڵانی ده‌که‌م گه‌نجینه‌ی شاران
پشت ده‌که‌مه مسگه‌ره‌کان
نه‌فره‌ت ده‌که‌م له گۆزه‌گه‌ره‌کان
ژه‌هر ده‌که‌مه پیاڵه‌ی لاوکبێژه‌کانه‌وه
ده‌نگخۆشان فه‌رامۆش ده‌که‌م
خه‌تخۆشی ده‌که‌م به گوناه
نیگارکێش و پیاوکوژان پێکه‌وه ده‌نێمه زیندان
من پیاوێکی به‌دخووم،
میسک و عه‌نبه‌ر ناناسم
بۆنی زه‌عفه‌رانم له یاد چۆته‌وه
به‌هاراتفرۆشه‌کان ده‌ده‌م له دار
باده‌گێڕه‌کان ده‌که‌م به خۆڵی سه‌ر مه‌زار
......
که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
که هۆلاکۆ هێرشی هێنا تۆ به‌رگری مه‌که
تۆ ده‌ست به‌سه‌ری هه‌وره‌کاندا بێنه
تۆ نازی پشیله‌کان هه‌ڵبگره
که ئێواره‌یه‌ک منت بیرکه‌وته‌وه،
ئه‌ستێره‌کان بژمێره
که ئێواره‌یه‌ک تۆم له‌یادکرد،
خوایه به‌ر تیری زاڵمان که‌وم
.....
له‌به‌ر خاتری من تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
له‌به‌ر خاتری من له‌سه‌ربان بخه‌وه
له‌به‌ر خاتری من سه‌یری کشانی نه‌یزه‌که‌کان بکه
که‌شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا با من له جوانی بێبه‌ش بم
به‌ڵام تۆ بچۆ له سه‌ربان بخه‌وه
با که‌سێک هه‌بێت سه‌یری هه‌وره‌کان بکات
با که‌سێک هه‌بێت ئه‌ستێره‌کان بژمێرێت
تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
بۆ خاتری ئه‌ستێره‌که‌ی سه‌ر 'مه‌ککه'
بۆ خاتری فه‌قێکانی 'یه‌زد'
بۆ خاتری جزمی 'عه‌ممه'
....
من پیاوێکی به‌دخووم
که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا ڕاده‌که‌م بۆ شه‌ڕ
به تفه‌نگه‌که‌م تاڤگه‌کان ده‌ترسێنم
ماڵه‌باجێنه‌ی هه‌وره‌کان تێکده‌ده‌م
خوا به‌ناو ئه‌ستێره‌کاندا ڕاوده‌نێم
به‌ڵام تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
با که‌سێک هه‌بێت مناره‌کان بژمێرێت
با که‌سێک هه‌بێت ده‌ست به‌سه‌ری گومبه‌زه هه‌تیوه‌کاندا بێنێت
.....
ڕۆژێک دێت که‌س ئاگای له که‌س نامێنێت
من په‌ست ده‌بم به مناڵی خه‌وتوی ناو جۆلانه‌کان
که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا تۆ له‌یادم که
به‌که‌س مه‌ڵێ تۆفانێک له ناو مندایه ژیر نابێته‌وه
با‌که‌س نه‌زانێت له‌ناو ڕه‌حمی بورکانێکدا ڕاکشاوم
له یاده‌وه‌ری خۆت ده‌رمبێنه
وه‌ک چۆن پاشاکان نقێم له ئه‌نگوستیله‌کانیان ده‌ردێنن
وه‌ک چۆن خوا یونسی له سکی نه‌هه‌نگێک ده‌رهێنا
با حاشام لێبکات هه‌ڵمی دارستان
با حاشام لێبکه‌ن شه‌وه درێژه‌کانی زستان
....
په‌نگره‌کانی فیتنه ده‌گه‌شێنمه‌وه
شه‌ڕ ده‌به‌مه ماڵی دۆسته‌کانم
وه‌ک ماری ئاوی له‌ناو قه‌وزه‌دا ڕاده‌کشێم
کوشتنی دیله‌کان به خۆم ده‌سپێرم
تۆ بچۆ سه‌ر لوتکه‌ی شاخێک هه‌وره‌کان باوه‌شێنکه
تۆ بچۆ گۆڕستانێک، گۆڕه‌کان ئاوڕشێنکه
با که‌سێک هه‌بێت حه‌وشه‌ی ماڵی مردووه‌کان ئاوڕشێنکات
با که‌سێک هه‌بێت هه‌وره تاداره‌کان باوه‌شێنکات
......
جه‌نگێکی گه‌وره ده‌قه‌ومێت
خزمه‌کانم له سه‌ر کوشتنی دیله‌کان ده‌بێته شه‌ڕیان
به‌یانی‌یه‌کی زووی جه‌ژن،
خزمه‌کانم
وه‌ک خێڵێکی وه‌حشی له‌ده‌وری جه‌نازه‌یه‌ک هه‌ڵده‌په‌ڕن
.....
شه‌ڕێکی گه‌وره ده‌قه‌ومێت
وڵات پڕده‌بێ له په‌یکه‌ری ناپاکان
دوو ژن ته‌رمێک به‌ناو ته‌مدا ڕاده‌کێشن
خیانه‌تی من به‌سه‌ر سه‌ری دۆسته‌کانمدا کڕێوه ده‌کات
دوو ژن بێشکه‌یه‌ک به ناو قوڕدا ڕاده‌کێشن
له ناو ئه‌و هه‌موو ته‌رمه‌دا منداڵێک سه‌رگه‌ردانه
خۆر له ناو خۆڵبارانێکی زه‌رددا کز ده‌سووتێت
تاریکی‌یه‌کی چڕ هه‌ناسه‌ی کونده‌په‌پووه‌کان سوار ده‌کات
مانگ له ناو دوکه‌ڵی گونده‌کاندا ده‌خنکێت
تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
تۆ مانگی یه‌کشه‌وه‌یت با له‌ناو دوکه‌ڵی گونده‌کاندا نه‌خنکێیت
تۆ مه‌ڵێ ناخنکێم،
ئاخر ئه‌ی مانگی به‌نازم ده‌خنکێیت!!
.....
شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێت
مردووه‌کان به کفنه‌کانیانه‌وه دێن داوای میراتی خۆیانم لێده‌که‌ن
منیش وه‌ک چه‌قه‌ڵێکی برسی زمانم داده‌چۆڕێت
تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
با من و تۆ به یه‌که‌وه حه‌شر نه‌کرێین
با به یه‌که‌وه گوێمان له نه‌فخی سوور نه‌بێت
تۆ دونیاش ئاو بیبات ده‌په‌رژێیته سه‌ر ئینجانه‌کان
تۆ شه‌به‌نگێکی نوور به ده‌ورته‌وه‌یه
من قافڵه‌یه‌ک له پیاوکوژانی خوێنتاڵ به‌دوامه‌وه‌یه
....
له خه‌ونمدا تۆ له باڵکۆنێکه‌وه کۆللاره‌یه‌ک هه‌ڵده‌ده‌یت
دوو سه‌گی باڵدار وه‌ک دوو تاعونی ڕه‌ش
به‌سه‌رماندا ده‌فڕن،
ڕێنوار له‌سه‌ر په‌ڵه هه‌ورێک دانیشتووه و نایه‌ته خوار
من هاوار ده‌که‌م ڕێنوار هۆ ڕێنوار
ده‌نگم له بادا ده‌یبه‌ستێ
دانه‌کانم وه‌ک مشتێ قه‌زوان ده‌ڕژێنه کۆشمه‌وه
به گریانی من 'حه‌سیب' له گۆڕه‌که‌یدا به‌خه‌به‌ر دێت
ڕێنوار له سه‌ر په‌ڵه هه‌ورێک دانیشتووه و گۆرانی ده‌ڵێت:
ئه‌و باڵکۆنانه، ئه‌و باڵکۆنانه
هه‌ی داد له زامی ئه‌و باڵکۆنانه
ئه و باڵکۆنانه ، ئه‌و باڵکۆنانه
ڕۆژێک ده‌مکوژن ئه‌و باڵکۆنانه
ئه‌و کچه جوانه هی کێ‌یه ئاو ده‌داته برینداره‌کان؟
ئه‌و کچه جوانه هی کێ‌یه،
ده‌ست ده‌خاته سه‌ر هه‌نیه‌ی ده‌رده‌داره‌کان؟
...
شه‌ڕێکی گه‌وره له شار قه‌وما بوو
ڕێژنه ته‌رزه‌یه‌کی تووڕه به‌ر سه‌ربانه‌که‌مان ده‌که‌وت
کاسه و که‌وچکه‌کانمان پڕ ده‌بوو له خۆڵ
باوکم ده‌یگووت: ئه‌وه کێ‌یه ته‌په ته‌پ ده‌کات؟
کاروانسه‌راکان پڕده‌بوون له ئه‌سپی غه‌ریب
هه‌ندێک ده‌یانگوت ڕۆژی حه‌شره، ئه‌ها
زه‌وی به ناو فه‌زای ئه‌به‌دیدا ڕۆده‌چێ!
هه‌ندێک نوشته‌کانیان له ئاو هه‌ڵده‌کێشا
قورعانیان تا زوحه‌ل به‌رزده‌کرده‌وه
هه‌ندێکیان ته‌نه‌که‌یان ده‌کوتا،
نه‌فره‌تیان بۆ کوڕه خه‌تاباره‌کانیان ده‌نارد
...
که تۆ بچیت بۆ شه‌ڕ
ئه‌دی کێ گوڵی سه‌ر گۆڕه‌کان ئاودات؟
بۆ ده‌چیت بۆ شه‌ڕ؟
کێ هه‌یه هێنده‌ی تۆ لێی جوان بێت هه‌وره‌کان باوه‌شێنکات؟
..
وه‌ک عه‌بدێک له‌سه‌رپلیکانه‌کان داده‌نیشم
وه‌ک سه‌گی ئاوی له لیته‌دا ڕاده‌کشێم
به دزی‌یه‌وه گه‌ردانه‌ی کچه مامه‌کانم ده‌فرۆشم و
فیشه‌کی پێده‌کڕم، ده‌ینێم به سه‌رچۆپی کێشه‌کانه‌وه
دارتاشه‌کان له باخی قه‌یسیه‌کاندا ده‌نێژم
ئینجا کیژه ئاگر‌په‌رسته‌کان دوعای دنیام لێده‌که‌ن
با دنیا بزانێت من بۆنی زه‌عفه‌رانم له یاد‌چۆته‌وه
با دنیا بزانێت من پیاوێکی به‌دخووم
...
با براده‌ره‌کانم وه‌ک عه‌بد هه‌ر له‌سه‌ر پلیکانه‌کان دانیشن
با خوشکه‌کانم وه‌ک سه‌گی ئاوی له لیته‌دا ڕابکشێن
با کیژه ئاگر په‌رسته‌کان دوعای دنیام لێبکه‌ن
با دنیا بزانێت که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا من ده‌چم بۆ شه‌ڕ
...
دوای شه‌ڕیش
دوای ئه‌وه‌ی لافاو فانۆس و به‌له‌مه‌کان ده‌بات
دوای ئه‌وه‌ی ئاگر ده‌ستنووسه گرانبه‌هاکان ده‌سووتێنێت
من له‌زیندانێکدا پۆکه‌ر ده‌که‌م
له به‌ندیه‌وانه‌کان ده‌پاڕێمه‌وه
چا و جگه‌ره‌م بۆ بێنن
له‌سه‌ر باسکی خۆم ناوی تۆ ده‌کوتم
زه‌مانی خۆم پڕ ده‌که‌م له خوێن
که شه‌ڕ ته‌واو بوو،
یان له خه‌سته‌خانه‌یه‌کدا به زه‌لیلی ده‌مرم
یان ده‌چمه‌وه گونده‌که‌ی خۆمان
باسی ئه‌و ڕۆژانه ده‌که‌م
که شه‌ڕێکی گه‌وره له شاردا قه‌وما بوو
که‌س ئاگای له من نه‌بوو
که شه‌ڕ وه‌ک به‌چکه ورچێک ده‌یڕه‌نجاندم
باسی ئه‌و ڕۆژانه ده‌که‌م، که من له شه‌ڕدابووم
ڕۆژێکیان له‌سه‌ربازگه خۆڵاوییه‌کان فیشه‌کم بارده‌کرد
ڕۆژێکیان له به‌فردا گۆڕم بۆ هاوڕێ کوژراوه‌کانم هه‌ڵده‌که‌ند
ڕۆژێکیان چاوی دیله‌کانم ده‌به‌ست
گۆرانی 'دیسان واده‌ی تیربارانه'م ده‌گووت
ڕۆژێکیان زیلم لێده‌خوڕی
ژنه تۆقیوه‌کانم ده‌گواسته‌وه بۆ بیابان
که‌س ئاگای له من نه‌بوو که شه‌ڕ وه‌ک بێچووه ورچێک ده‌یڕه‌نجاندم
..
ده‌گه‌ڕێینه‌وه
با دنیا بزانێت که شه‌ڕ ئێمه‌ی گۆڕی
ده‌گه‌ڕێینه‌وه ئه‌و قوڕه بشێلین که باوکان گرتیانه‌وه
ئه‌و شه‌ڕه ته‌واو‌که‌ین که باپیرانمان هه‌ڵیان گیرساند
ئیتر ناڵێین کێ به‌م قیامه‌ته ئێمه‌ی نارد بۆ ئه‌شکه‌وت
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له پرسه‌ی براداره‌کانمان چا بگێڕین
ئیتر ناڵێین ئه‌م هه‌موو ته‌رمه چۆن بنێژین
ده‌گه‌ڕێینه‌وه ئه‌سپی به‌دکاران ناڵ ده‌که‌ین
باسی ئه‌و دیارییانه‌ی ده‌ستگیرانه‌تی ناکه‌ین که
لێیمان دزرا
ده‌گه‌ڕێینه‌وه خه‌نه ده‌گرینه‌وه بۆ په‌نجه‌ی خائینان
سێوی کرمێ فڕێ ده‌ده‌ینه ماڵی بووک
نائومێدی ده‌ڕژێنینه ڕۆحی زاوا
باسی ئه‌و تفانه ناکه‌ین که به ته‌ویڵی ژنه‌کانه‌وه‌یه
وه‌ک سه‌گی قوڕاوی ده‌گه‌ڕێینه‌وه
وه‌ک داڵه‌که‌رخۆره ئێواره‌ی گه‌ڕه‌ک پڕ ده‌که‌ین له شوومیی
ده‌گه‌ڕێینه‌وه و دوعای خێر بۆ که‌س ناکه‌ین
خۆمان له هاوڕێکانی منداڵی ده‌دزینه‌وه
که ڕۆحیشمان سه‌رمای بوو
به ئێواره بێمروه‌ته‌کان دایده‌پۆشین
با دنیا بزانێت
که شه‌ڕ ئێمه‌ی گۆڕی.
...
2007