سیحرێكی شیرین ..
ڕێباز مه‌حمود -هۆڵه‌ندا
rebazmahmud@hotmail.com
چه‌ند ته‌جه‌للا به‌خشه
پشت له چه‌نه‌بازی سه‌رده‌مه‌كان و
ڕوو به ده‌نگ و ئاوازی تۆ
گوێ قوڵاخم !
ئه‌م هه‌موو وشکه که‌ڵه‌که‌ی ناو هه‌رێزی من
كه له په‌نایانه‌وه
بۆ ئاینده‌م ده‌ڕوانی و
که ده‌مێک بوو ڕوخابوون به سه‌ر نه‌شئه‌ی باخمدا
به چی هه‌ستانه‌وه سه‌ر پێ
چۆن وا خۆیان ڕێکخسته‌وه و
قنج و قیت دانیشتوون ؟
موعجیزه‌یه‌ك لێره‌وه ڕاده‌بوورێ
وا دیاره سیحرێكی شیرین ته‌شریف ده‌بات
دڵم خۆی كۆ كردۆته‌وه له گه‌ڵیا سه‌ر ڕێ بكه‌وێ
ئه‌مه هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌من
به‌خشیمن به ئومێدێكی چاوكه‌ژاڵ و
وه‌ك هه‌ندێ سنوقه فیشه‌كی دوای جه‌نگه‌كان
به به‌تاڵی ده‌یانبینمه‌وه
((ماڵی قه‌ڵبن و .. سه‌ر به ساحێبی خۆیان ! ))
ئه‌مه هه‌موو ئه‌و هه‌نیسكانه‌ی
شه‌وگارم پێ له خه‌و ڕاده‌چڵه‌كاند
ئه‌ستێره‌م پێ ده‌خستنه جریوه جریو
تاریكیم له‌گه‌ڵ دڵگه‌رمی خۆمدا
پێ ده‌هێنایه مقۆ مقۆ
كه‌چی كه‌سێك سه‌ر خۆی نه‌هێنا
كه‌سێك جوڵه‌یه‌كی بۆ نه‌كرد و
چاوێكی له حه‌نای ته‌نهایمدا هه‌ڵنه‌گڵۆفت !
ئه‌مه‌تان
هه‌موویانم
له هه‌ناسه‌كانما كۆ كردۆته‌وه ..
چیتر له‌م وه‌رزه قاقڕانه‌دا
خێوه‌تی قه‌ره‌جیانه‌ی ڕۆح هه‌ڵناده‌م
به‌م دره‌نگه
هیچ لادێیه‌كی دووره‌ده‌ست
له بیره‌وه‌ریش ئاوه‌دان ناكه‌مه‌وه ..
لێم سووره چیتر به‌ند نابم ،
یان خۆم به هه‌یبه‌تی خورپه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌واسم
كه له دڵی خۆمه‌وه تێده‌په‌ڕێ ،
یان سواری ئه‌و ئوتومبێله ده‌بم
كه تایه‌كانیم له خونچه‌ی هێرۆ
دروست كردن و
له گه‌راجی مناڵیما چۆنم ڕاگرتووه
هێشتا هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی و
سولفێكی خه‌یاڵ به‌سه
ناوی عه‌شقی لێ بهێنم !!
ئاه .. ده‌نگێك به خوڕ دایكردوه
به لێزمه به ڕۆحما ده‌بارێ
قه‌ت قه‌ت وه‌ك ئێستا شه‌ڵاڵ نه‌بووم له ژیان
كه ده‌مه‌وێ بڕۆم !
چۆن گوێ هه‌ڵده‌خه‌م
دنیا له بانگ كردنێكی به‌رده‌وام زیاتر نییه ..
وه‌ك چۆن دره‌خت تا سه‌ر سه‌وزایی
ڕووت ده‌بێته‌وه و
ده‌كه‌وێته زیكر
له ئاست دیده‌نی (با) دا ..
منیش تاسه‌ر ئێسقان چاوگێڕانم دیاره و
گوێ قوڵاخم !
ده‌نگێك به خوڕ به‌سه‌رما ده‌ڕژێ
من .. كه‌نه‌فتكاری ناو جێگای كه‌ساسی و
گیرخواردووی ناو پێچه زۆره‌كانی جاده‌ی ئه‌سه‌ف
من .. هه‌میشه له پڕێكا سه‌ر ڕێ كه‌وتووی بێ چه‌تر
ئه‌مجاره‌یان گۆرانیم
پیا ده‌چۆڕێته‌وه ..
ئه‌مجاره‌یان له خۆوه
پشتی كۆم بووی په‌رۆشیم
بۆ ده‌ركه‌وتنی گۆدۆیه‌ك
ڕاست ده‌بێته‌وه .
موعجیزه‌یه‌ك له‌م دره‌نگه‌وه
به ژیانی مندا تێده‌په‌ڕێ
به ڕوو خۆشی بارانه‌كانیا بێت ،
لێم سووره
به‌ڵێنی داوه بمبات له گه‌ڵ خوێ !
به سركی سوێسكه‌كانی ده‌ركه‌وتنیا بێت
دیاره ته‌ره‌ی ناو ئاوه‌دانی و
بۆنی شه‌نگه‌بی و
ته‌رووی ته‌ڕو بڕی دیوه‌كه‌ی تری
شی‌و و یاڵه‌كانی خۆمی لێ دێت !
چه‌ند كه‌یف سازم
كه ئێره‌ی ژیان جێ ده‌هێڵم و
ئیتر بیره‌وه‌ریم نابێته حه‌ماڵی بار و تفاقی شه‌ڕ
ئیتر له خه‌یاڵما تا ئه‌ژنۆیه‌ك پێم ڕۆ نا‌چێته
ناو چڵكاوی فرت و فێڵه‌وه !!
ئیتر ڕێگاكان
له ناسكی كازیوه‌كانه‌وه
ئیشیان به‌س ئه‌وه نا‌بێت
بمبه‌ن بۆ دڵڕه‌قی و خوێن ساردی كارخانه ...
ئیتر به‌شم نا‌بێت له هه‌ره‌وه‌زی
نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژ‌ه‌ی سیاجه‌كان
له به‌ینی دڵی خوشكه‌كانم و
كراوه‌یی ده‌رگاكان ..
له به‌ینی یه‌كتر له ئامێزنانی
عه‌شق و ئینسان
ئینسان و خودا
له تاو وه‌حشه‌ته‌كانی ته‌نهایی..
له به‌ینی تینوێتی لێوی گوڵ و
ڕشێنه ماچی هه‌ورێك
به خاتری نووسینه‌وه‌ی جوانی ...!
ئێی هاوسه‌فه‌ر
من دنیات بۆ ده‌گه‌ڕام و
كه‌چی تۆ كه‌وتیت به‌سه‌ر چاره‌نووسی مندا و
وه‌ك چه‌مێك ڕه‌نگاڵه
قڵپ بوویته‌وه و
ڕژای !
ئێستا هه‌ر دڵۆپێكت په‌پووله‌یه‌كه و
باخێكمی بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره
له باڵه‌كانی به‌ستووه..
تۆ هاتی و .. ناسكیت
به‌ر قه‌دی تامه‌زرۆیی و
شه‌وقی خۆرنشینی من كه‌وت و
له حه‌ژمه‌تا هێنده سوور هه‌ڵگه‌ڕای
گوڵه بێ ڕه‌نگ و ڕووه‌كانم
له ژێرڕاوه ،
دنیایه‌ك ڕه‌نگی ئاڵ و واڵایان
لێ چنیته‌وه !
وا ئێستاش
من ژیانم كۆ كردۆته‌وه و
دڵم پێچاوه‌ته‌وه و
سه‌فه‌رێكم له ڕێیه
كه تۆی موعجیزه ،
لێره‌وه به ئێستای مندا
بۆ فه‌تح كردنی هه‌موو پاشه‌ڕۆژم
ڕه‌ت ده‌بی و
له چاره‌ت نووسراوه
ڕۆحم به ئامێزته‌وه نێیت و
له جۆلانه‌ی چرپه‌كانتا ،
تا مردن ؛
ڕامژه‌نی !