زه‌مانه‌ت چی بوو ..؟
ڕێباز مه‌حمود - سلێمانی
rebazmahmud@hotmail.com
زه‌مانه‌ت چی بوو من ده‌ریا بدۆزمه‌وه و
ئه‌م زوڵمه‌ته‌ی پێم بوو فڕێی به‌مه ناو قوڵاییه‌وه ..
نه‌هه‌نگ له‌وه برسیتر نییه من به غایه‌ڵه‌ی وه‌هاوه بژیم ..
ئاو له‌وه تاریكتر نییه بشێ بچمه ناو خه‌یاڵیه‌وه و نه‌مبینێ ..
ئاگر هێنده‌ی پێویست گه‌رم و به‌تین نییه ،
خۆم بكه‌م به ماڵیا و ڕۆحی به‌ستووم گه‌رمی بێته‌وه ..
دواجار ئه‌وه منم له ڕووناكی‌دا وه‌حشه‌تم ئاشكرا ده‌بێت
دڵڕه‌قیم به‌و زه‌به‌لاحیه‌ی خۆیه‌وه
ئامبازی چڵێك وه‌نه‌وشه ده‌بێ و
تاریك دادێم !
من كه چاوم به‌رایی نایه‌ت
باڵنده‌یه‌ك حه‌ره‌می ئاسمانم ببه‌زێنێ و
به‌باڵه‌كانی هه‌وای تر بهێنێته ناو كێڵگه شێداره‌كانمه‌وه
به جریوه ئاسمانێكی تر بڕژێنێته ناو دڵمه‌وه
هه‌میشه زرت و زیندوو
له ناو نائاگایی ئێوه‌دام !
به‌ڵام زه‌مانه‌ت چییه ئاشوب له مندا له خه‌و
هه‌ڵنه‌ستێت ؟
تۆفانم له ئاست ڕه‌شبه‌ڵه‌كی ڕه‌نگه‌كاندا
له گۆشه‌یه‌كدا ئۆقره بگرێ و
هه‌ڵنه‌ستێته سه‌رپێ ؟!
وه‌ك گه‌رداوێك كه به‌هه‌موو سۆزی هه‌ڵچوویه‌وه به
سانایی
پێ ده‌نێت به‌سه‌ر سنگی گه‌ڕه‌كه خه‌وتووه‌كانی
به‌ربه‌یاندا
لافاوی منیش دڵخۆشیم پێش خۆی ئه‌دات و
به‌رده‌بێته باخی میوه‌ی ژنێك
كه بۆنی پێگه‌یین ده‌به‌خشێته ڕۆژه‌كانی ئێوه ..
كه شانه‌یه‌ك هه‌نگوینی حه‌رامه‌و
له كلۆره‌دارێكی نزاره‌كانمدا
له پیره‌داری شه‌ره‌فدا
غه‌واره‌یه‌ك دێت و بۆ خۆی حه‌ڵاڵ ده‌كات .
هێمنی و جوانی كۆڵانه‌كانی من له بێ ئاموشۆیی ئێوه‌دایه
حه‌وشه‌ی من هێنده دڵگیره تا ئه‌و ساته‌ی تیایدا
ڕوانینم به‌ر هاتنی ئێوه نه‌كه‌وێت .
سه‌ربانی من به‌رزبوونه‌وه‌م بوو بۆ لای شكۆمه‌ندی و
سكووتی قه‌به‌ی خودا ..
وه‌ك چۆن سه‌نگه‌رێكه بۆ خاڵی كردنه‌وه‌ی تفه‌نگه‌كانم
له فیشه‌كی بێز هاتنه‌وه‌م له بۆنی ئێوه
له كزه‌بای ئێوارانی ئێوه
به ئاراسته‌ی توانج وته‌فسیر وماڵی شوشه‌به‌ندی سه‌رسامیتان ...
زه‌مانه‌ت چی بوو ئه‌گه‌ر ده‌ستم سوور نه‌بوایه به خوێنی دوعا
ماڵه‌كه‌م له نووری مه‌ییوی عه‌شقم نه‌ده‌هاته گاروگیز ..؟
سه‌رم كه پڕ بوو له هه‌ڵچوونی ڕه‌ش ،
فواره‌ی نه‌ده‌كرد به‌سه‌ر ته‌مه‌نمدا و
بۆ ناو بیشووی دڕكوداڵه چڕه‌كانی
پێكه‌نینتانی ڕا‌نه‌ده‌ماڵیم ..!
پێكه‌نینی ئێوه له‌وه زیاتر زه‌مان ڕووناك ده‌كاته‌وه
دان به خۆدا گرتنێكی من، بستێكی له ئێواره‌دا بۆ
بمێنێته‌وه و نه‌بینرێ ..
پێكه‌نینی ئێوه ژه‌هراوی تره له كه‌ڵبه‌ی مار
بزه‌ی سه‌ر لێوی ئێوه
پڕه له ورده شووشه‌ی سوكایه‌تی و بتڵه جێماوه‌كانی
دوای مه‌ست بوونتان به بێ غیره‌تی من ..
تیری توانجی ئێوه له‌وه تیژتره ، سنگی ڕه‌حمم نه‌پێكێ
به ڕوخساری گوڵێكم كه به‌ڕووی هه‌نگێكی سه‌ره‌ڕۆی
ئێوه‌دا ئه‌گه‌شێته‌وه ...
ئێوه ئه‌ی هاوسێ باخی، باخه به‌ناوبانگه‌كانی به‌هام
بوونی سیاجه به‌رزه‌كانی ئێوه ده‌ستكاری په‌رژینه‌كانمی پێ كردم و
دیواری كۆنكرێتی له نێوان حه‌ڵاڵی خۆم و
حه‌رامی ئێوه‌دا پێ هه‌ڵچنیم ..
ئێوه واتان كرد ،
ئێستا ئیتر دنیا بزانێت چی له باخه‌كه‌مدا ده‌ڕوێنم
نه‌مامه ناوازه‌كانم له باخی كام خوداوه به دانسته هێناون ..
ئێوه كه له دروست كردنی مندا
هه‌ره‌وه‌زتان له ژیانی خۆتان بۆ ڕێكخستم
له به‌رد و بلۆكی دوێنێی خۆتان
به‌ردی بناغه‌ی منتان دانا ..
زه‌مانه‌ت چیه ،
كه‌مێكی تر ؛
یه‌كه به یه‌كه‌ی بلۆكی دیواری ماله‌كانتان
خوێنی لێ نه‌چۆڕێت ..؟!