شیعرى شه‌پۆلى چواره‌م، سه‌رهه‌ڵدان و خوێنه‌رو
ئاسته‌نگى
ده‌مێكه خوێنه‌رى كورد به‌ر جۆرێك شیعر ده‌كه‌وێت كه جودایه له‌و شیعرانه‌ى چاوى
پێى راهاتووه، یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندى ئه‌م شیعرانه تێكشكانى ئه‌و فۆرمه باوه‌ى
شیعر بوو، دواتر زمان و دونیا بینى ئه‌م شیعرانه، خوێنه‌ریان له‌ئاستێكدا
سه‌راسیمه‌و له‌ئاستێكى تردا جاڕز كرد. له‌م سالاَنه‌ى دوایداو له‌سه‌ر ده‌ستى
ره‌زاى عه‌لى پور له‌كوردستانى رۆژهه‌لاَت ئه‌م جۆره شیعره له‌شه‌پۆل و
ته‌وژمێكدا خوى بینییه‌وه كه‌ناوده‌نرێت شه‌پۆلى چواره‌م . ئێمه بۆ قسه‌كردن
له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وژمه سێ شاعیر‌و نووسه‌رى رۆژهه‌لاَتمان دواند ئه‌وانیش:
(محمود شێرزاد، كه‌مالى ئه‌مینى، جه‌واد حه‌یده‌رى)
گفتوگۆى: توانا
محمود شێرزاد
* كاك محمود شێرزاد ئێوه له ئه‌نجومه‌نى ئه‌ده‌بى مهاباد بوون، كه‌ى یه‌كه‌م جار
به‌ر ئه‌م شه‌پۆله شیعرییه نوێیه كه‌وتن؟ پێتان
وایه زه‌مینه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م نوێگه‌رییه شیعرییه له‌كوێَوه سه‌رچاوه‌ى
گرتووه؟
محمود شێرزاد: سه‌ره‌تا وه‌ك زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى نووسه‌رانى ئه‌ودیو له رێگه‌ى
شیعره‌وه هاتمه ناو بوارى نووسین. سه‌ره‌تا مناڵ بووم
و كلاسیكم ده‌نووسى، كه‌چى دوایى هه‌ر زۆر زوو له
رێگه‌ى خوێندنه‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه یه‌كه‌م له "شێخ نورى شێخ ساڵح" و "گۆران"و
پاشانیش له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له "سواره ئیلخانیزاده" و " قاسم
موئه‌ییه‌دزاده" وه ژانرى شیعرى كوردى ماڵاوایى له‌و ستایله كردووه، بۆیه منیش
بۆ هه‌میشه ماڵاواییه‌كى فره ره‌هه‌ندم له كلاسیك بوون كرد. لێره‌وه به قه‌ولى
ئێوه كه‌وتمه به‌ر ئه‌و شه‌پۆله شیعرییه. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ ئه‌وه‌ى له
رۆژهه‌ڵاتى كوردستان پێى ده‌كوترا نوێگه‌رى مودێرِنه نه‌بوو به‌ڵكوو پۆست
مودێرِنه بوو، ئه‌وه‌ش گۆرِانێكى سه‌یر بوو چوونكه به هه‌ندێ موتاڵا و
بیركردنه‌وه ئه‌و پرسیاره‌ت له‌لاگه‌ڵاڵه ده‌بوو كه چۆن ده‌كرێ تۆ مۆدێرِنه‌ت تا
راده‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى كه هه‌یه ئه‌زموون نه‌كردبێ ئیدیعا بكه‌ى پۆست
مودێرِِنه‌ى؟!! كه‌وابوو ئه‌و نوێگه‌رییه‌ى وه‌ك زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى هاورێیان
تێیكه‌وتبووم نوێگه‌رێیه‌كى عه‌قڵانى نه‌بوو به‌ڵكوو پۆست مودێرِنه‌یه‌كى سه‌قه‌ت
بوو. ئه‌وه‌ى راستى بێ ئه‌و بابه‌ته له ئه‌نجوومه‌نى
ئه‌ده‌بى مه‌هاباد كرِیارى نه‌بوو ئه‌و كات ته‌نیا من و كاك ناسر باباخانى
له‌و بواره‌دا ئیشمان ده‌كرد، به‌ڵام نازانم بۆ تا ئێستاش هیچ یه‌ك له‌و
بابه‌تانه‌م بڵاو نه‌كرده‌وه كه به‌و ستایله نووسیمن.
لێره‌وه ئاخێزگه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌و هه‌وڵه له
ئه‌نجوومه‌نى ئه‌ده‌بى بۆكانه‌وه بۆ سه‌قز و سنه‌و بانه و تا راده‌یه‌كیش
مه‌ریوانى ده‌گرته‌وه. یانى ئه‌و مێتۆده‌ى له مه‌هاباد ئیشى پێده‌كرا و ئه‌و كات
ئێمه پێمان ده‌كوت "سوننه‌ت"ى دوایى ده‌ركه‌وت هه‌رچه‌ند هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك
ره‌گه‌زى سووننه‌تیى بوو به‌ڵام له واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى نزیكتر، گه‌شه‌كردنێكى
نه‌رمى سروشتى و ئه‌ندازیارى هه‌نگاو به‌هه‌نگاوى ئه‌ده‌بى و فه‌رهه‌نگى به‌ڵام
هه‌ندێ خاو بوو، كه‌چى ئه‌وه‌یتر به ئێستاشه‌وه زۆر دووره له واقیعى
كۆمه‌ڵایه‌تى و بێ ژێرخان و قه‌ڵمبازێكى ناعه‌قڵانی ئه‌ده‌بى و
فه‌رهه‌نگییه. لێره‌وه هه‌ر زۆر زوو ئه‌و ستایله‌م وه‌كوو مێتۆدێكى سه‌ره‌كى
بیركردنه‌وه و ئیشكردنى بنه‌ره‌تى نه‌ك خوێندنه‌وه جێهێشت، به‌و مانایه
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به هۆى خوێندنه‌وه‌ى دوو قوتابخانه‌ى وه‌ك فۆرمالیزمى رووسى
و ره‌خنه‌ى نوێى ئه‌ده‌بى سنت ئه‌نگلوى ئه‌مریكا، پاشان هێرمنۆتیكى مودێرِن و
بیرمه‌ندانى وه‌ك مایكۆفسكى، یاكوبسن، شلایه‌ر ماخێر، رامان سێڵدن و ... هتده‌وه
سه‌ره‌تایه‌كى باشم له چواچێوه‌ى تاكه‌كه‌سى خۆمدا له نوێگه‌رى بنیات نا یانى تا
راده‌یه‌ك بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ى ئه‌وان باسى ده‌كه‌ن ئێمه به سه‌قه‌تى ئیشى
پێده‌كه‌ین، لێره‌وه ده‌بوو بزانین نوێخوازى له لایه‌ك تایبه‌تمه‌ندێكى
یونیوێرسالى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه، رابردووى پێ راڤه و ئێستاى پێ
ده‌ناسرێته‌وه، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه شێوه سروشتییه‌كه‌ى پڕۆسه‌یه‌كى هه‌نگا و
به هه‌نگاوى گشتگیره و ئه‌گه‌ر تاك ره‌هه‌ند ئیشى پێبكرێ و یاله
سیاقى سروشتى خۆى بكرێته ده‌ره‌وه كاره‌سات به‌رهه‌م دێنێ، واته عه‌قڵییه‌ت ـ
به‌رهه‌م ـ مرۆڤى فه‌رهه‌نگى و ئه‌ده‌بى سه‌قه‌ت دروست ده‌كا.
به‌ڵام به نیسبه‌ت به‌شى دووهه‌مى پرسیاره‌كه‌تان، ئه‌وه‌ى راستیبێ ئه‌و هه‌وڵه
له‌هیچ ئاخێزگه، بوار و خواستێكى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه سه‌رچاوه‌ى نه‌گرتووه،
به‌ڵكوو به‌رواڵه‌ت شه‌پۆلێكى نوخبه‌ویى بوو كه‌له رێگه‌ى موتاڵایه‌كى سه‌رپێستى
وه‌رگێڕانه‌وه ته‌شه‌نه‌ى كرده ناو ورده‌حه‌زى داهێنه‌رانه‌ى هه‌ندێ كه‌س. هاتا
ئێستاش ئه‌و هه‌وڵه و به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و بواره نه‌یانتوانیوه ستراكتۆره
چه‌ند كه‌سییه‌كان ببه‌زێنن و ببن به خه‌مى ستراكتۆر و خه‌ڵكانێكى
به‌ربڵاوتر. بۆیه حه‌زناكه‌م لێتى بشارمه‌وه، چه‌نده له‌و گشته كلاسیك بوون ــ
دواكه‌توویى و داخراوییه بێزارم سه‌د هه‌نده له‌و جۆره هه‌وڵانه بێزارم
كه به‌رهه‌مى موتاڵا و تێگه‌یشتن له‌واقیعى خۆماڵى و جیهانى نین. یانى هه‌ر
هه‌وڵێك له تێگه‌یشتن و مه‌عریفه‌تى خومان و ئه‌وانى دیكه‌وه
سه‌رچاوه نه‌گرێ ناعه‌قڵانییه و ئاو له ئاوه‌نگدا كوتانه و ناتوانێ
ئاخێزگه‌یه‌كى گونجاو بۆ خۆى دروست بكا.
* لاتان وانییه ئه‌م شیعرانه خوێنه‌رى كلاسیك له‌ساده فكرییه‌وه ده‌خه‌نه ناو
كێشمه كێش و تێراِمان و له‌سه‌ر وه‌ستان،
له‌كاتێكا شیعر به‌شێوه باوه‌كه‌ى ئه‌مه‌ى پێنه‌كراوه؟ ئه‌مه خه‌مى شیعره یان
وه‌زیفه‌ى فكر؟
محمود شێرزاد : ده‌ست خۆش، ئه‌و پرسیاره‌م زۆر به دڵه چونكه سه‌رووبنى قسه‌ى
هه‌ندێ كه‌سى ناو ئه‌و بواره ئه‌وه‌یه كه ئه‌ده‌بى كلاسیك ناتوانێ خوێنه‌ر توشى
رامان بكا به‌ڵكوو ئێمه گه‌ره‌كمانه له‌و رێگه‌یه‌وه خوێنه‌رى جیدى دروست
بكه‌ین. دیاره ئێمه ده‌بێ له نێوان دوو ره‌وتدا جیاكارى بكه‌ین. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ى
به‌شێك له جموجۆڵه فه‌رهه‌نگى و ئه‌ده‌بییه‌كانى ئه‌و چه‌ندساڵه‌ى دوایى
تاراده‌یه‌ك ره‌وتى سروشتى خۆى ده‌پێوێ و من هیچ قسه‌یه‌كم له‌سه‌رى نییه و
دواجار هه‌ر ئه‌وانیش ره‌نگه بتوانن خوێنه‌ر تۆزقاڵێ بجووڵێنن. دووهه‌م: مه‌به‌ستى
من ئه‌و باڵه‌یه كه به‌كرده‌وه سه‌لماندوویه‌تى تا ئێستا چه‌نده دووره له
لۆژیك و یاساكانى نوێخوازییه‌كى عه‌قڵانى، چه‌نده دووره له خوێندنه‌وه و
رامان، تا سه‌ر ئێسقانیش نزیكه له شێواندنى چه‌مكه‌كان و سه‌قه‌تكردنى ئه‌و
ورده جموجۆڵانه‌ش كه بوارى له‌دایك بوونیان بۆ ده‌ره‌خسێ.
لێره‌وه وه‌ك خۆم هیچ كێشه‌یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و تێگه‌یشتنه‌دا نییه.
چوونكه ئه‌ده‌بى كلاسیك ئه‌ده‌بى قۆناغى خۆیه‌تى و تا راده‌یه‌كیش ره‌ساڵه‌ت
و ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانى خۆى به جێگه‌یاندووه. به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌و
ئه‌ده‌به له لایه‌ك ژێرخانى روناكبیریمانه، له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه به‌شێك له
ئه‌ده‌بى كلاسیكى ئێمه وه‌ك په‌یام بۆ داهاتووه نادیاره‌كانیش تا راده‌یه‌ك
هه‌ڵگرى په‌یامى خۆى ده‌بێ وه‌ك هه‌موو ئه‌ده‌بى كلاسیكى دنیا، به‌ڵام به‌شێكیتر
له په‌یامه‌كه‌ى و هه‌روه‌ها مێتۆد و تكنیكه‌كانى ناتوانن وڵامده‌رى
ئه‌و سه‌رده‌مه بن. چوونكه بۆ هه‌ر سه‌رده‌مه‌ى مانا و تكنیكى خۆیمان
گه‌ره‌گه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه تا راده‌یه‌ك وه‌ك خۆى ببینین و
مامه‌ڵه بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌وان هى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ئێمه نییه كه له
دۆخى تێپه‌رِین داین، به‌ڵكوو هى سه‌رده‌مێكه كه مودێرنه‌مان ئه‌زموون كردبێ و
وڵامێكى دیكه‌ى نه‌بێ بۆمان و ..هتد ئینجا بیر له پۆست مودێرِنه كه‌ینه‌وه. ئه‌و
هه‌وڵه وه‌ك ئه‌وه وایه بینا درووست بكه‌یت به‌ڵام له میچه‌كه‌وه ده‌ست
پێبكه‌ى!! ئێمه ئێستا تا سه‌ر ئێسقان پێویستمان به نوخبه و مرۆڤى
"مودێرِن"ه نه‌ك نوخبه‌ى پۆست مودێرِن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بتوانین رێبه‌رایه‌تێكى
عه‌قڵانى مه‌عریفى دۆخى تێپه‌رینمان بۆ بكه‌ن نه‌ك ئه‌وه‌ى له رێگه‌ى نیشاندانى
مۆدێلێكى ناشیرین و بى بنه‌ماوه خه‌ڵكمان له نوێبوونه‌وه بۆبێزار بكا و
بترسێنێ. كه‌واته پێویستمان به فكر و تكنیكى مودێرِنه نه فكر‌و تكنیكى
پۆست مودێرِن. دواى ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ى كه ئه‌وان تا ئێستا به‌رهه‌میان هێناوه له
ده‌ره‌وه‌ى مه‌جامه‌له و "هه‌ڵمگره و هه‌ڵدده‌گرم"ى خویان خوێنه‌رى
جیدى دروست نه‌كردووه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه هه‌وڵێكه تا ئێستا خه‌ریكى
بێزاركردنى خوێنه‌ره. ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌توانێ خوێنه‌رى جیدیمان بۆ به‌رهه‌م بێنێ
رۆشنگه‌رى و قووڵبوونه‌وه‌یه‌كى مه‌عریفى دروون بونیادى مودێرِنه، گه‌رانه
به شوێن حه‌قیقه‌ت و خوێندنه‌وه‌ى مانادارى ره‌هه‌نده جیاجیاكانى ستراكتۆرى
كوردى و هه‌ڵوه‌سته‌ى فه‌لسه‌فییه، نه‌ك ئه‌و فۆرمگه‌را بێ مانا و بێ
نێوه‌رۆكه‌ى ده‌یه‌وێ له سه‌ر ئاستى رووكه‌شییه‌كى پارچه‌پارچه‌دا تووشى
گه‌مه‌یه‌كى بێ مانامان بكا. خۆم له‌و كاته‌وه تا ئێستا نووسین و ئه‌و
وتووێژانه‌ش كه له‌گه‌ڵ یه‌كتریده‌كه‌ن و به ترش و خوێوه بڵاوى
ده‌كه‌نه‌وه، ده‌یخوێنمه‌وه. قسه‌كانیان ئه‌زبه‌ر كردنێكى سه‌قه‌تى زانیارى و
تیۆرى خه‌ڵكیتره نه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌و زانیارى و " تیۆر"انه بنه‌مایه‌ك بن بۆ
به‌رهه‌مهێنان و بیركردنه‌وه. لێره‌وه بۆت ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و هه‌وڵه
به‌رهه‌مى قه‌یرانى غیابى مانایه‌كى هاوچه‌رخانه‌یه كه چه‌مسه‌رێكى ده‌بێ
مه‌عریفه‌ى عه‌قڵانى هاوچه‌رخ و جه‌مسه‌ره‌كه‌یتریشى مه‌عریفه‌ى خۆماڵى بێ.
كه‌وابوو زۆر ئاساییه كه‌سێك ماناى له لابێ مانا و به‌رهه‌مى مانادارى
لێده‌بیندرێ و كه‌سێكیش ته‌نیا بێ مانایى له‌لا ده‌سكه‌وێ به‌رهه‌مى بێ ماناى
لێده‌بیندرێ. دیاره كاك توانا جارێكى دیكه‌ش ئه‌وه بڵێمه‌وه رووى قسه‌م له
باڵه سه‌قه‌ته‌كه‌ى ئه‌و جموجۆڵه‌یه نه‌ك....
*له‌دواى سواره‌وه له رِۆژهه‌ڵات، نا‌توانیین به‌م ته‌وژمه بڵێین قۆناغ؟ له‌باشور
ئه‌وتازه‌گه‌رییه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستى گۆران و شێخ نورى شێخ
صاڵح كرا سه‌ره‌تا هه‌زمنه‌ده‌كرا، پێتان وانییه ئه‌م شه‌پۆله خۆى
بسه‌لمێنێت و ببێته ئه‌مرى واقیع؟
محمود شێرزاد : نه‌خێر ئه‌و ته‌وژمه قۆناغ نییه. قۆناغ هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز
و تایبه‌تمه‌ندى خۆیه‌تى كه له‌و جموجۆڵه‌دا نابیندرێ و ناتوانێ
دروستكه‌رى قۆناغیش بێ. لێره‌وه به‌شێكى زۆرى ئه‌وه‌ى كه هه‌یه هه‌روه‌ك باسم
كرد جموجۆڵێكه تا ئێستا سنووره‌كانى له سنوورى چه‌ند كه‌س و گرووپێكى بچووك
تێنه‌په‌رِیوه و له داهاتووشدا تێناپه‌رِێ، دواى ئه‌وه یه‌كێك له
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى هه‌رقۆناغێكى نوێ ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له وجوود و
به‌شێك له هێز و تواناییه‌كانى ریشه‌یان له قۆناغى پێش خۆیدایه، یانى دابرِان و
دووركه‌وتنه‌وه هه‌یه به‌ڵام عه‌قڵانییه و ئه‌ندازیارییه‌كى مه‌عریفى له
پشته، نه‌ك كه‌لێنێى واگه‌وره. لێره‌وه ئه‌وه‌نده‌ى خۆم له‌و بواره‌دا موتاڵام
كردبێ قۆناغێكم نه‌بینیوه له قۆناغى پێش خۆى ئه‌وه‌نده دووربێ و
سه‌ركه‌وتبێ، بۆیه هه‌ر قۆناغێك درێژبوونه‌وه‌یه‌كى عه‌قڵانى و
هاوچه‌رخانه‌ى قۆناغى پێش خۆى نه‌بێ نه وه‌ك قۆناغ ده‌كرێ پێناسه بكرێ نه
پێگه‌یه‌كیش ده‌توانێ بۆ خۆى بدۆزێته‌وه. بۆیه ده‌رئه‌نجام جموجۆلێك ده‌توانێ ببێ
به ره‌وت و پاشان قۆناغ دروست بكا كه جموجۆلێكى لۆژیكى بێ و له
خوێندنه‌وه و مه‌عریفه‌تى دروسته‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبێ.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه شێخ نورى و گۆران كردیان هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه
عه‌قڵانییه‌كانى نوێبوونه‌وه‌یان تێدابوو. دواى ئه‌وه ئه‌و مۆدیله ببوو به
ئه‌زموونێكى جیهانى و چیترگریمانه‌یه‌كى مودێرِن نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى
ئێستا كه گریمانه‌یه‌كى به ئیدیعا پۆست مودێرِنه. ئه‌وان كێش و سه‌روا و هه‌ندێ
كۆت و به‌ندیان فرێدا به‌ڵام مانا و وێنه و په‌یام و خسڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانى
ده‌قێكى نوێی لۆژیكیان جێگیر كرد و په‌ره‌یان پێدان. به‌ڵام به نیسبه‌ت به‌شى
ئاخرى پرسیاره‌كه‌ت نامه‌وێ درێژدارِى بكه‌م وهه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێم: هه‌ر هه‌وڵ و
ره‌وت و پرِۆسه‌یه‌ك به‌رهه‌مى زه‌رووره‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى هاوچه‌رخ و به
مه‌عریفه‌ته‌وه هه‌نگاو هه‌ڵنه‌هێنێته‌وه جێ ناكه‌وێ.
كه‌مالى ئه‌مینى
اك كه‌مال ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌م جۆره شیعره، كه به شیعری قۆناغی چواره‌م
ناوده‌نرێت و له ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه په‌رِیوه‌ته ناو شیعری براده‌رانی
رۆژهه‌ڵات و ئێستا بووه به جۆرێك له مۆده، قسه‌یه‌كمان بۆ بكه‌یت؟ ئه‌مه چۆن و
بۆ؟
كه‌مالى ئه‌مینى: پێش ئه‌وه‌ى وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان بده‌مه‌وه، پێویسته بڵێم من
نوێنه‌ری براده‌رانی رۆژهه‌ڵات یاخود شاعیرانی به‌ره‌ی چوار نییم، به‌س وه‌كو
شاعیرێك و له روانگه‌ی خۆمه‌وه قسه ده‌كه‌م. دیاره نوێبوونه‌وه‌ی شیعر لای
ئێمه به سواره‌ی ئیلخانی زاده‌وه ده‌ستپێده‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ سواره، عه‌لی
حه‌سه‌ینانی و چه‌ند كه‌سی دیكه له‌وانه قاسم موئید زاده و... . سواره له
شیعره‌كانیدا پێرِه‌وی كیشی نیمایی بوو، یانی سه‌ره‌تاییترین و به‌رچاوترینی
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م به‌ره، كه‌ڵك وه‌رگرتنه له كیشی نیمایی، خودی سواره
كاریگه‌ری زۆری له نیماوه پێوه دیاره، هه‌م له رووی فه‌زای ئوبژكتیڤیته‌ی
شیعره‌ییه‌وه و خولقاندنی وێنه‌ی بابه‌تی، هه‌روه‌ها ئاورِدانه‌وه له سروشت،
وه‌ك وتم به‌رچاوترین كاریگه‌ری كه راسته‌وخۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه نیماییه‌یه
بۆ ناو زمانی كوردی، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا ده‌كرێت به دیدیكی پۆزه‌تیڤه‌وه
سه‌یریبكه‌ین، چونكه هیچ نه‌بێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ی شیعری فارسی له ریێ سواره‌وه
هاتوه‌ته ناو زمانی كوردی، یان با بڵێم بووه به ئه‌زموونێكی كوردی، كێشى نیمایی
خۆی پێكهاته‌و سیسته‌مێكی عه‌روزی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازه له‌گه‌ڵ عه‌روز و
سیسته‌می شیعری كلاسیك، ده‌كرێت بڵێین ئه‌و كاره‌ی نیما، كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له
قفڵ و چفت و به‌سته‌كانی كێش و سه‌روای شیعری كلاسیكی فارسی بوو، با وه‌ك نموونه
چه‌ند دێرِێك له شیعرێكی سواره بهێنمه‌وه:
له چه‌شنی گه‌رووی كه‌و فعولن فعولن
كه‌وی دۆمی یه‌خسیری زیندانی داری فعولن فعولن فعولن فعولن
یان
گوڵم فعل
دڵم پره له ده‌ردو كوڵ مفاعلن مفاعلن
ئه‌ڵێم برِۆم له شاره‌كه‌ت مفاعلن مفاعلن
ئه‌ڵێم به جامی ئاوی كانیاوی دی یه‌كه‌م مفاعلن مفاعلن مفاعلن فعل و... تا كۆتایی.
دیاره له‌م جۆره كێشه‌دا عه‌روز ماوه، به‌س برِگه‌كان كه‌م و
زیاد ده‌كرێن و سه‌روا ئه‌و رۆڵه‌ی جارانی نییه، شیعر به رێژه‌ی شیعری
كلاسیكه‌وه ده‌ستێكی بازتری هه‌یه.
پاشان به‌ره‌ی دووه‌م هاتنه ناو كایه‌ی شیعره‌وه، كه من بۆ خۆم قه‌ناعه‌تم وایه
له راستیدا ئه‌م به‌ره شیعریان له رساله‌ت و شیعرییه‌تی خۆی دووركرده‌وه،
چونكه پتر وه‌ك ئامرِازی گه‌یاندنی په‌یام شیعریان ده‌نووسی یانی په‌یام زۆر
گرنگتر بوو له خودی شیعره‌كه، له‌وانه فاتیح شێخ ئسلامی، جه‌لالی مه‌له‌كشاو...
بۆ نموونه گوێبده‌ن به‌م شیعره‌ی كاك فاتیح:
شه‌و بوو/ شه‌و ێكی تاڵ و ره‌ش / وه‌ك ده‌روونی دێ‌و و درنج/ یان وه‌ك چاره‌ی
نه‌نووسراوی كوردی بێبه‌ش / شه‌وێكی بێ تروسكایی/ كه
تاریكی له‌م ئاسۆ تا ئه‌و ئاسۆ بوو/...
به گشتی ئه‌م به‌ره‌یه نه‌یانتوانی ئه‌زموونێكی شیعری بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان
به جێبهێڵن، هه‌وڵیان ئه‌وه بوو شیعری سیاسی بنووسن، به‌ڵام شیعری
سیاسه‌تبرده‌یان نووسی و كه‌مرِه‌نگ بۆنی شیعری پێوه دیاربوو.
پاشان كه‌ڵكه‌ڵه‌ی شیعریی و فۆرم له شیعردا و خودی شیعرییه‌ت، هه‌مدیسان له‌لایه‌ن
چه‌ند شاعیرێكه‌وه گیرسایه‌وه، وه‌ك فه‌ره‌یدون ئه‌رشه‌دی، مارف ئاغایی، كامبیز
كه‌ریمی، ژیلا حسینی و.. كه ئه‌مانیش پشتیان له‌و فه‌زاى سیاسه‌ته برده‌یه‌كرد،
توانییان هه‌ندێك كاری شیعری بنوێنن كه ده‌كرێت وه‌ك تایبه‌تمه‌ندی شیعری ئه‌م
شاعیرانه ئاماژه به بنه‌ماخوازی، مۆنۆلۆگ بوون، دووركه‌وتنه‌وه له كێشی
برِگه‌یی و دروستكردنی مۆسیقای ناوه‌كی له شیعردا و كۆمه‌ڵێك شتی تایبه‌تی دیكه.
پاشان هه‌ندێك كه‌س، وه‌ك ساڵه‌ح سوزه‌نی به شیعره‌سات و كامبیز كه‌ریمی به كتێبی
دوایین چركه‌كانی ژیانی چۆله‌كه‌یه‌ك و... به شاعیرانی به‌ینابه‌ینی ناسراون، كه
هه‌ڵبه‌ت كاری هه‌ركام له‌م شاعیرانه زۆر جیاواز، ناكرێت بیانخه‌ینه ناو یه‌ك
خانه‌ی زمانییه‌وه.
به‌ره‌ی چواره‌م به‌ره‌یه‌ك بوو، كه به شیعری ره‌زا عه‌لی پوور ده‌ستپێده‌كات،
پاشان كۆمه‌ڵێك شاعیری دیكه وه‌ك جه‌مال مه‌لایی، محه‌مه‌د موه‌فه‌قی، شاهۆ
مه‌حمودی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی، به‌یان عه‌زیزی و... په‌ره‌یان به‌م به‌ره داوه.
كه زۆرجار باسی تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان كراوه و من به كورتی به چه‌ند
تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ئاماژه ده‌ده‌م: چه‌ند ده‌نگی، چه‌ند پێكهاته‌یی، چه‌ند له‌حنی،
پاژنگه‌ری، پاژخوازی، فه‌زای سه‌یالی زه‌ین، ئایرۆنی و... كه له كاری هه‌ركام
له‌و شاعیرانه‌دا رویكرد و كاركردی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، بۆیه زۆر قسه‌ی
له‌سه‌رناكه‌م چونكه ئه‌وه ئیشی ره‌خنه‌گره نه من، خودی ئه‌م دابه‌شكردنه‌ش
به‌سه‌ر قۆناغه جیاجیاكاندا بێگومان پیاچوونه‌وه‌ی پسپۆرِانه‌ی پێویسته، چونكه
ئه‌مه‌ش له غیابی ره‌خنه‌دا هه‌ر كاری ده‌ستی شاعیره‌كانه‌و له‌وانه خودی ره‌زا
عه‌لی پوور.
ئه‌مه بۆ به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌تان كه بۆچی ئه‌م به‌ره‌یه به به‌ره‌ی
چواره‌م ناویانده‌ركردووه. به‌ڵام قه‌ناعه‌تم به وشه‌ی په‌رِینه‌وه‌ی ئه‌م شیعره
له ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه بۆ ئه‌ده‌بی كوردی به‌و شێوه ره‌هایه كه تۆ ده‌یڵێی و
هه‌روه‌ها به مۆدبوونی ئه‌مجۆره شیعره نییه. راسته له‌ناو فارسه‌كاندا هه‌ندێك
كاری وا ده‌بینرآ، به‌ڵام له راستیدا سه‌ره‌رِای جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره
نووسینه پێموایه ئه‌م ئه‌زموونه كوردییه زۆر سه‌ركه‌وتووتره، چۆن توشی
ده‌ستكردی بوون و میكانیكی بوون نه‌بووه‌ته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه نه‌ك فارسی،
به‌ڵكو ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی جیهانی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، كه‌وتووه‌ته ناو فه‌زا و
ته‌قسیك و زمان و زه‌ینێكی كوردییه‌وه. پاشان ئه‌گه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌كانی
ئه‌ده‌بی كوردی به‌ره‌و ئه‌زموونه‌كانی ئه‌ده‌بی بیانی هه‌ڵگری لایه‌نی نێگه‌تیڤ
بێت، ئینجا ره‌خنه‌كه لایه‌نی زۆر شاعیری گه‌وره ده‌گرێته‌وه له‌وانه گۆران و
شێخ نوری كورد و نازك مه‌لائیكه و به‌در شاكر سه‌یابی عه‌ره‌ب و نیمای فارس و نازم
حیكمه‌تی تورك و ... مه‌گه‌ر هه‌ركام له‌و شاعیرانه له خۆرِا و به بێئاگایی
شیعری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له وێَنه ئه‌ده‌بی فه‌رانسه و ...شیعریان
نوێكرده‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه رای منه‌و برِیار نییه هه‌مووی حه‌قیقه‌ته‌كه بێت،
ره‌نگه به پێچه‌وانه‌شه‌وه سه‌یربكرێ، به‌ڵام من له پێگه‌ی خوێنه‌رێكدا
ده‌توانم به جورئه‌ته‌وه له‌سه‌ر به قوه‌تبوونی شیعری ئه‌م به‌ره جه‌ختبكه‌م.
شتێكی دیكه كه پێویسته بیڵێم ئه‌م شیعره خه‌ریكه پرِۆسه‌ی سروشتی خۆی ته‌ی
ده‌كات و هیچ مانیفێست و برِیارێكی پێشوه‌ختی نییه، ئیمكانی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساوه
كه خۆی له خۆ‌یا و هه‌ر شاعیرێك له‌گه‌ڵ شاعیرێكى دیكه‌دا جیاواز و جیاوازتر بێت و
به‌رده‌وام بگۆڕآ و بزۆزی خۆی بپارێزآ، بۆیه من قه‌ناعه‌تم به وشه‌ی مۆده، كه
ئێوه به كاریده‌هێنن نییه، چۆن عومری مۆده زۆر كۆتاتره له‌و ته‌مه‌نه كه
تائێستا ئه‌م شیعره هه‌یه‌تی و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا تا من بزانم به شێوه‌ی جۆراوجۆر
و دیدی جوانیناسانه‌ی جیاوازی شاعیره‌كانی دیكه ئه‌م به‌ره‌یه هه‌ر به‌رده‌وامه،
ته‌نانه‌ت توانیوێتی تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ربێت له سه‌ر فه‌زای شیعری.
بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌تان پێموایه من له چه‌ند وتوێژی دیكه‌دا به چڕوپڕی
باسمكردووه، پێویست ناكات دووباره و چه‌ند باره‌ی بكه‌مه‌وه، به‌س ئه‌وه نه‌بێت
ده‌ڵێم ئه‌مه ئه‌زموونێكی تازه‌ی شیعرییه له ناو زمانی كوردیدا و قسه‌ی بۆ وتن
هه‌یه، خه‌ریكه له‌و ستانداردانه‌ی شیعری پێشخۆی كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر باو بووه،
لائه‌دات و خۆی له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی زماندا ده‌دۆزیته‌وه و قه‌ناعه‌تی تازه‌ی
پێیه‌و داهێنانی جیاواز ده‌كات، ئێستا سه‌ركه‌وتوویی یا سه‌ر نه‌كه‌وتوویی
ده‌كه‌وێته ده‌ستی خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر و زه‌مه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌و فه‌زا خوێنه‌واری
و ره‌خنه‌گرییه كه ئێمه‌ی كورد هه‌مانه!
· ئه‌گه‌ر واداینێین ئێوه له‌و شیعرانه‌ی خۆتاندا سه‌ده‌رسه‌د زمانتان شكاندووه،
پرۆسه‌ی وردوخاش شكاندنه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتووبووه، ئه‌ی دوای ئه‌مه‌چی؟ له
دروستكردنه‌وه‌ی دنیایه‌كی دیكه‌دا له‌سه‌ر زمان چیتان كردووه؟ واتا له‌مدیو ئه‌م
وێرانكردنه‌دا بنیادنانی مانا گه‌یوه‌ته كوێ؟
كه‌مالى ئه‌مینى: سه‌ره‌تا با ئه‌وه بڵێم كه نازانم تۆ خۆت چۆن گه‌یشتویته ئه‌م
قه‌ناعه‌ته، كه ئێمه ئه‌مانه‌وێ سه‌ده‌رسه‌د زمان بشكێنین، یان به قه‌ولی خۆتان
وردوخاشی بكه‌ین و ئه‌مه‌ش به سه‌ركه‌وتن بزانین، یا ئێوه عیلمێكی غه‌یبیتان
هه‌یه و له خودئاگا و ناخودئاگای ئێمه ئاگادارن، یاخود ئه‌و شیعرانه ئێوه‌ی
به‌و قه‌ناعه‌ته سه‌یره گه‌یاندووه.
نه‌خێر، من ئه‌گه‌ر قسه‌ی خۆم ده‌كه‌م ده‌ڵێم نه مه‌به‌ستم زمانشكاندنه به‌و مانا
كه ئێوه ده‌ڵێن، نه ئه‌وه‌ش به سه‌ركه‌وتنی ده‌زانم و پێَموانییه كه له
شیعره‌كانیشمدا زمانم وردوخاش كردووه، به بێئه‌ده‌بی نه‌بێ ده‌ڵێم ئه‌و بڕیاره‌ی
ئێوه سه‌رپێییانه‌یه و به په‌له‌یه، راسته من بۆخۆم هه‌ندێ لادانم له
پرنسیپه سه‌ره‌تاییه‌كانی زمان كردووه، به‌ڵام پێش هه‌رشتى ئه‌و لادانه، لادانه
له‌و فه‌زا دووباره و چه‌ندباره‌كراوه‌ی شیعری كوردی، كه به شێوه‌یه‌كی رادیكاڵ
له‌گه‌ڵ زماندا رووبه‌روده‌بێته‌وه، زمان له‌وه‌دا به شێوه‌یه‌ك لێوڕێژكراوه و
پێویسته ئه‌مجاره شیعر له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی زماندا خۆی تاقیبكاته‌وه، ئه‌مه
نه‌ك وردوخاشكردنی زمان نییه، به‌ڵكو كایه‌ی تازه‌یه له‌گه‌ڵ زمان. ئینجا هیچ
نه‌بێ كاری شیعر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تائێستا وه‌ستانه به‌رامبه‌ر به
ستاندارده‌كان، چ ستاندارده‌كانی زمان، چ ستاندارده‌كانی ژیان. خودی شیعری و
پڕۆسه‌ی شیعریش ئه‌گه‌ر ستانداردێك بۆ خۆی قابل بێت، ده‌بێ شیعر له به‌رامبه‌ر
ئه‌و ستاندارده‌ی خۆیدا بوه‌ستێ، ئه‌گینا شیعر له بزۆزی خۆی ده‌كه‌وآ.
ئێستا ئه‌گه‌ر بێمه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان، پێموایه مانا نه‌ك پێگه‌ی
تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵكو له‌و كایه زمانییه‌دا فه‌زایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سازده‌كرآ
تا بتوانی له شۆین-كاتی جیاوازدا ره‌نگ و رووی خۆی تازه‌بكاته‌وه، یانی كایه‌كانی
زمان له ئه‌نجامدا ده‌كه‌ونه خزمه‌تی خودی زمان و فره‌مانایی و... ئێمه وه‌ك
مرۆڤ له داله‌وه بۆ مه‌دلول ده‌چین یان با بڵێم به‌بێ وشه بیركردنه‌وه‌مان
مه‌حاڵه، كه‌واته له پشتی ئه‌و فورمه شیعرییانه‌دا بێگومان مانا هه‌یه‌و
هاوشانی فۆرم له قه‌واره‌ی جیاوازدا خۆی ده‌نوێنێ. تكایه ئه‌م شیعره له‌گه‌ڵ
شیعری دادایستی جیابكه‌نه‌وه.
* له شیعردا جۆرێك میوزیك هه‌یه، كه تێكسته‌كه بۆ خوێنه‌ر نیان‌تر ده‌كات له‌م
شیعرانه‌ی ئێوه‌دا، یان راستتر له‌م جۆره شیعره‌دا ئه‌مه نییه‌و خوێنه‌ر پاش
كه‌مێك خوێندنه‌وه توشی په‌رتبوونێكی مه‌زاجی ده‌بێت، پێتوانییه كه خوێنه‌ر
له‌گه‌ڵ دێڕو په‌راگرافیكدا راهاتووه كه مانابدات؟ واتا ئایا ته‌مه‌ڵی خوێنه‌ری
ئێمه‌یه كه توانای دۆزینه‌وه‌ی مانای نییه؟
كه‌مالى ئه‌مینى: هه‌مدیسان ئێوه خه‌ریكن له غه‌یبه‌وه ده‌دوێن، چونكه ئێوه
ته‌نیا یه‌ك خوێنه‌رن و ناتوانن بڕیاری ته‌واوی خوێنه‌ره‌كان سه‌رجه‌م له
دۆزینه‌وه‌ی مانادا ده‌ربخه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه راپرسییه‌كی به‌رفراوانتان له‌م
باره‌وه كردبێت!
سه‌ره‌تای پرسیاره‌كه‌تان به باسی میوزیكه‌وه ده‌ستپێده‌كات، من بۆخۆم له‌گه‌ڵ
به‌كاربردنی ئه‌و وشه‌یه، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شیعری نیم، دروست وایه وشه‌ی
مۆسیقا به‌كاربه‌رین، چونكه وشه‌ی میوزیك و ریتم و له‌مجۆره وشانه ته‌نیا
لایه‌نی ده‌ره‌كی مۆسیقا پیشانده‌ده‌ن و قابل به دابه‌شكردنن، به‌ڵام مۆسیقا
ده‌توانآ لایه‌نی هه‌رسێ جۆره‌كه له ریتم و ئیقاعی ده‌ره‌كی و ئیقاعی ناوه‌كی
بگریًَته‌وه. راسته له‌م شیعرانه‌دا مۆسیقا به‌و شێوه‌یه نییه كه له
ئه‌زموونه شیعرییه‌كانی دیكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، واته یه‌كده‌ست نییه و له‌گه‌ڵ
هه‌رگۆڕانێكی بابه‌تی یا گوتاری یان فۆرمی ئه‌ویش توشی گۆڕان ده‌بێت، ئه‌وه‌ش خۆی
بۆخۆی خواستێكی له پشته‌وه‌یه كه ده‌لاله‌ت له جیاوازی فه‌زاكان و كه‌سه‌كان و
شته‌كان و ئه‌و بابه‌تانه ده‌كات كه دێنه ناو شیعره‌كه‌وه. ناكرێ له شیعرێكدا
باسی چه‌ند حاڵه‌تی زه‌ینی مرۆڤ بكه‌ین، به‌ڵام له‌یه‌ك پێكهاته‌و یه‌ك ته‌مهیدو
یه‌ك فه‌زا و یه‌ك مۆسیقا كه‌ڵك وه‌ربگرین، وه‌ك چۆن تونالیته‌ی ده‌نگی یه‌ك كه‌س
له كاتی توڕه‌یی و عاشقبوون و دڵداری و ترس و... جیاوازه له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ستانداردێكی نووسین له لای ئێمه‌دا دروستبووه و وای كردووه،
كه خوێنه‌ر به قه‌ولی خۆتان له‌گه‌ڵ یه‌ك حاڵه‌تی شیعری به
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانییه‌وه رابێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام بێت و له ئاینده‌ش
هه‌ر وابێت، ئیتر له‌گه‌ڵ ده‌قی باودا خوێنه‌ری باو دروستده‌بێت، كه بۆ زه‌مانی
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك جێگه‌ی مه‌ترسییه. ئه‌گه‌رچی فه‌رامۆش نه‌كه‌ین ئێمه‌ی كورد
ئیستاكه‌ش له هه‌موو بوارێكدا قه‌یرانی خوێنه‌رمان هه‌یه.
* ئێوه له شیعر نووسینتاندا ئه‌ندێشه‌یه‌كتان هه‌یه یان پاش نووسین ئه‌ندێشه‌كه
دروستده‌بێت؟ یان به واتایه‌كی دیكه، زمان ئیشی خه‌یاڵ ده‌كات یان پێشتر خه‌یاڵ
زمانی نووسیوه‌ته‌وه؟
كه‌مالى ئه‌مینى: له‌لای هه‌ر شاعیرێكدا باگراوندێكی ئه‌ده‌بی یان رۆشنبیری هه‌یه،
واتا شاعیر كه‌سێكی خوێنه‌واره به نیسبه‌ت دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كولتوری
و... دیدی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، كه‌واته پێموایه هه‌موو شاعیرێكی جدی خۆیان
بۆخۆیان ده‌كه‌ونه ناو فه‌زای رۆشنبیرییه‌وه و خاوه‌نی ئه‌ندێشه و روانینی
تایبه‌ت به خۆیانن. پاش ده‌رونی بوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندێشه گه‌له له‌لای شاعیردا
و له ناخودئاگاییه‌وه جارێكی دیكه له قه‌واره‌ی شیعردا خۆی ده‌نوێنێته‌وه و
له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و ستاتیكی تایبه‌ت و... به گشتی شیعرییه‌ت خۆی ئاوێته ده‌كات.
پاش نووسینی شیعر هه‌ندێ شاعیر قه‌ناعه‌تیان وایه كه شیعره‌كه‌ی خۆیان ده‌ستكاری
بكه‌ن و خه‌ساره‌كانی ده‌ربكێشن سه‌رله‌نوێ بازسورایی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكی
دیكه پێیانوایه كه هه‌ر به‌وجۆره ده‌بێ بمێنێته‌وه تا ره‌سه‌نایه‌تی خۆی له
ده‌ستنه‌دات.
لێره‌وه بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان ده‌ڵێم: من بۆخۆم هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خت له
سه‌ر چۆن نووسین و چی نووسین ناده‌م و پێشتر ئه‌زموون و ئه‌ندێشه‌ی خۆم ده‌روونی
ده‌كه‌مه‌وه، پاش نووسینیش وه‌كو ره‌خنه‌گرێك سه‌یری شیعری خۆم ده‌كه‌م و
هه‌وڵده‌ده‌م خه‌سارناسی بكه‌م و خه‌ساره‌كانی له‌ناوبه‌رم.
جه‌واد حه‌یده‌رى
* كاك جه‌واد ئێوه شاعیرن و له‌ڕۆژهه‌ڵاتیش ژیاون، ئه‌م شه‌پۆله شیعریه له‌سه‌ر
ئاستى خوێنه‌ر له‌ڕۆژهه‌ڵات جێى به شیعرى باو له‌ق نه‌كردووه؟ ئێوه ئه‌مه به
قۆناغێك له‌شیعر سه‌یرده‌كه‌ن یان وه‌كو ریزپه‌ڕبینیوتانه؟
جه‌واد حه‌یده‌رى: سه‌ره‌تا با راشكاوانه بڵێم كام به‌ره‌ى چوار،
کێ و له كوێ ئه‌م پۆلێن
به‌ندییه كراوه یان باشتر ئه‌م پۆلێن به‌ندییه له‌سه‌ركام بنه‌ما بووه.
هه‌موومان باش ده‌زانین كه له دابه‌شكردن و پۆلێنبه‌ندیی شیعرى شاعیرانى
هاوچه‌رخى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كى كلاسیكی دابه‌شی بكه‌ین
به سێ قۆناغ:
قۆناغى یه‌كه‌م: قۆناغى به‌ر له كۆمارى مه‌هاباد كه ده‌توانین ئاماژه به سیف
القضات بكه‌ین.
قۆناغى دووه‌م: شاعیرانى سه‌رده‌مى كۆمار‌و دواى كۆمار كه ده‌توانین ئاماژه به
مامۆستا هێمن، هه‌ژار، عه‌ترى، حه‌قیقی، هێدی- ئاوات، خاڵه‌مین و...بكه‌ین.
دواى ئه‌وانیش له شه‌سته‌كان كه ده‌توانین بڵێین قۆناغى سێیه‌م، سواره، هاوار،
فاتح شێخ الاسلامى (چاوه).
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ته‌نها سواره توانى سه‌ركه‌وتووبێت به‌ڵام به‌داخه‌وه مه‌رگ
ئیزنى نه‌دا زیاتر خزمه‌ت به شیعری كوردى بكات.
ئه‌وه‌ى لێره‌دا پێویسته ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ره‌وته‌ى كه سواره‌و هاوڕێیه‌كانى
دامه‌زراند پاش مه‌رگى سواره راوه‌ستاو درێژه‌ى پێنه‌درا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاره‌ى
سواره كردى نه‌یتوانى زۆر ده‌وام بێنێت.
هه‌ربۆیه له‌دواى مه‌رگى سواره بۆشاییه‌كى گه‌وره كه‌وته ناو شیعری نوێی كوردى
له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان. هه‌ڵبه‌ت تاقولۆق كاركرا
به‌ڵام سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان به‌ده‌ست نه‌هێنا ده‌توانین ئاماژه به جه‌لالى
مه‌له‌كشا و فه‌ره‌یدونى ئه‌رشه‌دى و تاراده‌یه‌كى كه‌م ئاماژه به قاسمی
موئه‌ییه‌دى زاده (هه‌ڵۆ) بكه‌ین كه ئه‌ویش زیاتر لاسایی كردنه‌وه بوو له
سواره.
لێره‌دا ئه‌وه‌ى جێی گاڵته‌و پێكه‌نینه به‌ره‌ى چواره كه چه‌ند براده‌ر له
سه‌قز به شێوه‌یه‌كى نادروست و نابه‌جێ پێكیان هێنا كه به‌داخه‌وه جگه‌له‌وه‌ى
خزمه‌تێكیان نه‌كرد به‌ڵكوو تاراده‌یه‌كى زۆریش مێشكی لاوان و گه‌نجانیان به
لاڕێدا برد.
نازانم ئه‌و براده‌رانه چۆنیان له‌ڕوو هه‌ڵدێ باسی به‌ره‌ى چوار بكه‌ن ئاخر كاكى
خۆم كام به‌ره، له‌سه‌ر كام بنه‌ما، له‌سه‌ركام ده‌ق و به‌رهه‌م به‌هه‌مووى ئه‌و
براده‌رانه ده شیعری‌یان نییه‌و هه‌روه‌ها تائێستا ئه‌م براده‌رانه هه‌روه‌ك
سۆفیسته‌كانى یۆنانى كۆن هه‌ر چه‌واشه‌كارى ده‌كه‌ن.
یه‌كآ له‌و براده‌رانه له ئاینده‌ى ژماره (33) دا ده‌ڵێ من تازه‌كه‌ره‌وه‌ى
شیعری نوێی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌م له‌كاتێكدا ئه‌و براده‌ره له‌دایك بووى 1977 ه
ئه‌مه له‌كوێ و ئه‌وه له‌كوآ، كاتێك ئه‌م براده‌ره له‌دایك بووه سواره له
لوتكه‌دا بووه. یان ئه‌و به‌ڕێزه هێڵی سور به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه
دێنێت و ده‌ڵێت ئێمه تاراده‌یه‌ك ده‌توانین بڵێین شێركۆ شاعیره، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م
هه‌ویره ئاو زۆر ده‌بات و لێره‌دا مه‌جال نییه ده‌نا زیاتر له‌سه‌رى ده‌ڕۆم.
* له‌م شه‌پۆله‌دا زمان جۆرێك له‌تێكشكان تێكده‌شكێ، له‌حاڵێكى وادا پێتان وانییه
بابه‌ت له‌م شیعرانه‌دا بابه‌تبوونى خۆى له‌ده‌ست بدات. ئایا مانا وه‌كو شێوه
باوه‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه؟
جه‌واد حه‌یده‌رى: هه‌موومان باش ده‌زانین كه زمانى شیعری كوردى زمانى گوند‌و
لادێیه‌و زمانى شیعری شارمان نییه. هه‌روه‌ها ئه‌و براده‌رانه‌ى به‌ناو به‌ره‌ى
چوار له خۆڕاو به‌بێ هیچ زانستێكی زمانه‌وانى ده‌ستییان
داوه‌ته كارێك كه توانایان نییه جگه‌له‌وه‌ى خۆیان ده‌كه‌نه گاڵته‌جاڕی
خوێنه‌ران و ره‌خنه‌گران و ئه‌ده‌بدۆستان.
كاكى خۆم ده‌ست و پێ شكاندنى وشه‌و تێكدانى له خۆڕاى
رسته كوا ده‌بێته زمانى شیعری. ئه‌م براده‌رانه له‌خۆڕا هاتوون به‌بێ
ئه‌وه‌ى هه‌ست به لێپرسراوى و دڵسۆزی بكه‌ن ده‌ستیان كردووه به قه‌سابی كردنى
وشه‌و زۆر ناجوامێرانه سه‌روگوێلاكى وشه ده‌شكێنن و به‌وپه‌ڕی له‌خۆبایی بوون
ده‌ڵێن زمانى شیعری به‌ره‌ى چوار، ئه‌رێ كوا به‌رهه‌متان
ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن به‌رهه‌مه‌كانتان بڵاوبكه‌نه‌وه با خوێنه‌ران و ره‌خنه‌گران
راى خۆیان ده‌ربڕن، هه‌ڵبه‌ت ره‌زا عه‌لى پورو كه‌مال ئه‌مینی هه‌ندێ
نووسراویان به‌ناوى شیعر بڵاوكردۆته‌وه كه جگه‌له چه‌ند براده‌رى نزیكی خۆیان
ئه‌ویش به‌شێوه‌ى نان به قه‌رزدان قسه‌یان له‌سه‌ركردووه شتێكی تر له‌ئارادا
نییه.
* له‌م شیعرانه‌دا گێڕانه‌وه هه‌یه، فۆرم وه‌كو شێوه باوه‌كه‌ى خۆى نیشان نادات،
زمان ئیشى جوڵه ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌تان لا نوێگه‌رى نییه؟ .
جه‌واد حه‌یده‌رى: هه‌ڵبه‌ت شاعیرێك شاعیر بێت هه‌رگیز روخسار به‌قوربانى ناوه‌رۆك
ناكات و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. شیعری براده‌رانى به‌ناو به‌ره‌ى چوار نه له‌ڕووى
روخسار‌و فۆڕمه‌وه‌و نه له‌ڕووى ناوه‌رۆكه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته ناو
چوارچێوه‌ى شیعری كوردی خۆزگه ئه‌وانیش كارێكی وه‌ك نالی یان كردبا ئه‌وكات من
ده‌ستم بۆ له‌گه‌ردن ده‌دان.
نالى ده‌ڵێ: كه‌س به الفاظم نه‌ڵێ خۆ كوردی خۆكردییه
هه‌ركه‌س نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مانا ده‌كا
كارى ئه‌و براده‌رانه نه خۆكردییه، نه خۆكوردییه، بڕوابكه‌ن كه‌س نازانێ
چی‌یان كردووه، والله اعلم.
یه‌كآ له براده‌ران ده‌ڵێت بمگرن ئه‌گینا حه‌وت و حه‌وت ده‌كاته حه‌فتاوحه‌وت،
تكایه به‌ریده‌ن نه‌با شتێك
بشکێنی.
به‌رهه‌مێكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه كه تاموچێژى
هه‌بێت ئایا خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كانى كاك ره‌زاو براده‌رانى تر تام‌وچێژی
هه‌یه ته‌نانه‌ت بۆ خۆشیان؟با ئه‌م باسه لێره‌دا بمێنێته‌وه.
* ئه‌م گفتوگۆیه له ژماره 11 روژنامه‌ى (رۆژنامه)دا بلاَوبۆته‌وه.