خودایه..كێ له‌من گوناهبارتره
زانا سامان
ئه‌و ده‌مه‌ى
ته‌مه‌نى خۆم به باران سپارد
هێشتا ژیان
له‌وپه‌رِى باریندا
عاده‌تى به ته‌ڕِبوونه‌وه نه‌گرتبوو
كه ئێواره‌كانى ته‌نیایم
له لاى یادگارییه‌كان به‌جێهێشت
سێبه‌رى دره‌خته‌كان
به‌رۆخى شه‌قامه‌كاندا
ناڵه‌یان ده‌هات
خه‌وى هه‌ڵبزركاوى ته‌مه‌ن
له‌كوچه‌ى بێنه‌واییدا
سه‌رى نه‌ئه‌دا به‌كۆشى خه‌مداو
تا ئه‌وپه‌رِى به((با)) چوون
هه‌ناسه رێگه‌ى نه‌گرته به‌ر ،
كه شه‌وه‌كانى وه‌بیر هاتنه‌وه‌م
له نێو بێداریدا نه‌خشاند
كاتى هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك
له بێده‌نگیدا
گمه‌ى نه‌ده‌هات له وێناكردن
یاخود كه هه‌ور
كراسێكى له خۆى بۆ دوریم
هێشتا ئاسمان
ره‌نگى سپى پێنه‌گه‌یشتبوو ،
به‌و چه‌شنه خۆم له‌یاد كرد‌و
ئه‌مدیوى وه‌رزه‌كانى ئێوه‌م له‌بیرچوو
بمبه‌خشن
له‌وێ ده‌ژیام
لاى تێروانینه‌كانى خۆم
خافڵبووم له‌وه‌ى
مــناڵێك..
تائه‌و سه‌رى بازارِ
هه‌ڵپه‌ى ده‌كرد
بۆ فرۆشتنى ((بنێشتێك))
یان رامانى
به دیار سه‌یركردنى
دوكانێكى پرِ له‌كالاَى یارى كردن،
من كه شێتى نێو خه‌یاڵم
بووم
ئۆباڵى گشت مناڵه هه‌ژاره‌كان
به گه‌ردنى من
كه بۆ تاوێك چییه....بمرم
بۆنم به هیلاكبوونیانه‌وه نه‌كردبوو
شه‌ونخوونى هه‌رچى دایكه
به‌دیار ساواى نه‌خۆشه‌وه
ده‌ك به ئه‌ستۆى من
فه‌نابوونى
خه‌ونه جوانه‌كانى گه‌نجان
قه‌یره بوونى
كیژه‌كانى شار
به‌سه‌رچوونى ته‌مه‌نى
باوكه مووچه‌خۆره‌كان
له‌م وڵاتى قه‌ده‌ره‌دا
ده‌ك به‌ملى من
من ئێستا كه
چیم له‌ده‌ست دێت
كه وه‌رێزێكم له جوانى
پێنه‌به‌خشیوون
ساڵێكم له رووناكى و
مۆمیًكم...
له‌تاریكایى شه‌وه بێ ته‌زووه‌كاندا
بۆ پێ نه‌كردوون
شیعرێكم تا ئه‌وپه‌رِى مه‌ستى
بۆ نه‌خوێندونه‌ته‌وه .... ئه‌مێستا چیبكه‌م ،
پێده‌چێت ...
گوناهبارترین پیاوى
ئه‌م زه‌مه‌نه بم
دوورنییه ..
جه‌لادێك بووبێتم و
خوێنى ئه‌وانم مژی بێت
ئه‌گه‌ر نا ...
سووتانى باڵى
ئه‌و هه‌موو په‌پووله‌یه له پایچى
یان وه‌رینى
ئه‌و په‌نجه ناسكانه بۆچ
كۆچى به‌لێشاوى
نه‌وره‌س هه‌تا كه‌ى ،
ده‌زانم كه تاوانبارم
چوون وڵاتێك له ئاسوده‌یى و
نیشتیمانێكم له خۆشبه‌ختیم
بۆ ساز نه‌كردن
ئاخر چه‌ند خۆش‌بوو
سه‌ربه‌رزانه
سڵاویان ئاراسته بكه‌م
بچمه *((شه‌عب ))
له‌ته‌كیاندا دابنیشم
به بێ كێشه
پێكه‌وه بچین بۆ پیاسه
سه‌رێك له (( باخى گشتى )) بده‌ین و
هه‌ناسه‌ى خوێندكاره عاشقه‌كان
به‌سه‌رماندا بپرژێت
هه‌ریه‌كه و دیاریه‌كم پێ
بده‌ن و
منیش به زه‌رده‌خه‌نه‌وه
بمووتبا ..... سوپاس
هه‌رچى خۆشییه بۆ ئێوه‌و
ناخۆشیه‌كانیش بۆ من
پێكه‌نینه‌كان بۆ ئێوه و
گریانه‌كان بۆ من
ژیرى بۆ ئێوه و
شێتیش بۆ من
له‌ش ساغى بۆ ئێوه و
به‌ڵا كانیش بۆ من ((زانا))
بڵێم .... سوپاس
هه‌رده‌م بچووكیتان ده‌كه‌م
من نازانم چیتر بڵێم ....؟!
بمبه‌خشن به‌گه‌وره‌یتان
واخه‌ریكه په‌شیمانى رامده‌ماڵێت
له‌و په‌رِى ته‌ریقبوونه‌وه‌دا
خه‌ریكم بمرم
بمبخشن له وێبووم
لاى تێروانینه‌كانى خۆم
*مه‌به‌ست له چایخانه‌ى ((شه‌عب)) ه .