هه‌موو شيعرێك به‌رزان هه‌ستيار

ئاراس عەبدول کەریم
هۆڵەندا
arasabdulkerim@hotmail.com
 

پێشکەشە بە قەسیدەی "ساڵێک لە نیگەرانی "ی "بەرزان هەستیار " .



هەموو ڕێگاکان ...
ڕێگای چرا و
ڕێگای گوڵ و
ڕێگای ماچ و
ڕێگای ئاو و ڕێگای ئاگر
ئەچنەوە لای خانە وێرانەکەی تۆ و
لەوێ نەبێ،
نازانن خۆیان ون بکەن ..
*****
هەموو سەفەرەکانی گوناه ..
گوناهەکانی پەپوولە و
گوناهەکانی فریشتە و
گوناهەکانی گۆرانیی و
گوناهەکانی مناڵیی
ئەچنەوە بەر پەنجەرە وردوخاشەکەی تۆ و
تا بەوێدا گوزەر نەکەن ،
نازانن خۆیان بکوژن ..
ئاخر ئەوان
بۆ سێبەری پەرت پەرت بووی پیاوێک ئەگەڕێن
فیردەوسێک لە سەریا بێت و
جەهەننەمێکیش لە دڵیا ..!
ئەوانیش لە خۆت بەدترن ..!
ئەی بەدترین فریشتە و
ئەی جوانترین گوناهباری ئەم دنیایە ..
تۆ لەنێو بەرائەتی مردنێکا
هەموو فێڵەکانی خوات ئاشکرا کرد و
هەموو پێغەمبەرەکانت
لە موعجیزە بەتاڵ کردەوە ..!
*****
تۆ سەفەری هەموو بزمارەکانت
بردە نێو دەستی خۆتەوە و
بزمارێکت بە جێ نەهێشت ..!
هەموو کەشتییە حەرامەکانت
بە خوێنی خۆتا پەڕاندەوە و
کەشتیەکەت نقوم نەبوو..!
هەموو پەنجەرەکانی تەوبەت
لەسەری خۆتا شکاند و
پەنجەرەیەکت بیرنەچوو..!
چیت هێشتەوە ..؟!
ئەوە هەموو ساڵە پشتی دەست داخکراوەکان و
ئەوە هەموو ئێوارە قەیرەکان و
ئەوە هەموو سێبەرە شەرمنەکان و
ئەوە هەموو شارە خاپوورکراوەکانی عەشق ؛
کوێت هێشتەوە ..؟!
ئەی پیرترین مناڵی ئەم دنیایە
تۆ ، بەم دەستە سپیانەوە ،
چ خۆڵەپەتانییەک بە ئاگر ئەکەیت ..؟!
تۆ ، بەم تۆپەڵە پەشمەکەی دڵتەوە ،
چۆن بەشی ئەم هەموو عەشقە تەڕە ئەکەیت ..؟!
ئەی عەجوولترین مناڵ !!
چی ما لە ژێر دار وپەردووی
ماڵە باجێنەی هەر هەموو ساڵەکانا ،
لە سەفەرە زەردەکەی خۆتی نەئاڵێنی ..؟!
چی ما نەیبەیت ..؟!
******
من ئەزانم
هەر ڕۆژێک بێ
پاییزیش داگیر ئەکەیت و
لەوێ باویلکەیەک هەیە
عەیامێکە لە ناو "با " دا
بۆت ئەگەڕێ
تا پێت بڵێ :
شاهێدیی ئەدەم
کەس وەکو تۆ
عەشقی لە لا نەکردووم بە سەوزترین مردن و
مردنیشی لا نەکردووم
بە مناڵێکی ڕۆح سووک و
هەموو ڕۆژێک چاوشارکێی لەگەڵا بکەم ..
لەوێ باویلکەیەکی گوناح هەیە
بەخیلیی بە هەموو وەرزەکانت ئەبا و
خۆشت ئەوێ ..
ئاخر تۆ لە دووریی کیشوەرێکەوە
هەمیشە سیمای منت ناسیوەتەوە ...
*****
من ئەزانم هەر ڕۆژێک بێ
ئێوارەش داگیر ئەکەیت و
لەوێ نەورەسێکی قەرەج هەیە
بەخیلیی بە تەنیاییت ئەبا و
خۆشی ئەوێیت
ئاخر ئەو قەرەجە ، منم ..!
نەورەسێک هەموو ساڵەکانی لە پریاسکەی سەرابێکا لێ کەوتووە و
گێژ گێژ .. حۆل حۆل
لە ئاسمانا ، ئەیەوێ سۆراخیان بکات ..
نەورەسێک
عەیامێکە خۆرنشینت بۆ ئەگەڕێ
تا پێت بڵێ :
شاهێدیی ئەدەم
کەس وەکو تۆ ئاسمانێکی نەداومەتێ
لە ژێریا پارچەکانی خۆم کۆکەمەوە و
لە ژێریا بۆ پەرت پەرت بوونی خۆم بگەڕێم ..
ئاسمانێک لەژێریا حەز کەم
نەزر لە فڕین بکەم و
سەرخەمە سەر شانی خەیاڵێکت و
لەو هەموو شیناییەدا
شتێک نەڵێم ..
******
لەوێ نەورەسێکی قەرەج هەیە
خۆشت ئەوێ
عەیامێکە چاوەڕێیە
تا پێت بڵێ
سوپاس ..
شاهێدیی ئەدەم
هیچ ئاسمانێک بە قەدەر تۆ ..
هیچ ئاسمانێک لە ڕەنگی تۆ ..
هیچ ئاسمانێک لە دەنگی تۆ ..
گەورەم .. شاهێدیی ئەدەم
هیچ ئاسمانێک نییە غەیری تۆ ...!!