بەردى دڵمان بەشانى ئاو هەڵناگیرێ
 


شیعرى: ئاوات ئالانى
awatalany@yahoo.com


ئاو...ئەى مەخلوقى دڵتەڕ
کاتێ لە شڵپوهوڕى
چەمێکا ئەتبینم
پێم خۆشە بتوێمەوەو
وەک تیشى خۆر
لە سپێدەى سەحەرێکا
تێکەڵاوى ڕۆحى بزێوت بم...
ئەمەوێ لەگەڵتا بێم
تا بۆنى پنگە مەستم کاو
پڕ هەست بم.!
لە سێبەرى شۆڕەبییەکدا
وانەى کڕنووش فێربم
ئەى ....ئاو
ئەوەى من لە تۆیا ئەیبینم
مەحاڵە هەموو کەس بیبینێ
ئەوەى تۆ بەمنى ئەبەخشى
مشتێک بەرائەتى تەڕە
چاوى سەر
سوورە لە ئاستیا... تەنها دیدەى
دڵ ئەیبینێ....
ئەى.. مەخلوقى جوان
ڕازى بە
لێو بنێم بە پلوسکى کانییەکەوە..!
دڵنیام یەکەم قوم
قوڵپە قوڵپى گریانم بیر ئەچێتەوەو
لە دووا قوما
قاقاى پێکەنین ئەمباتەوە
بۆ مەملەکەتى مناڵى..
ئەى ..ئاو بێتامى تۆ
پڕە لە حیکمەتى لەزەت
لە بێ تۆیدا دەشت و دەر
تاراى سەوزى زەماوەندى لێ ون ئەبێ
لە حزورى بێڕەنگیتا
ژیان ڕەنگین ئەبێ
لە دووریت وێنەکانى سەراب
قەشمەرى بە نیگامان ئەکا
ئەى.. ئاو حەز ئەکەم
لە کەنار دەریا
کراسى شەپۆل بکەیتە بەرم
ماسى ڕۆحم لە تۆڕى
ئەم هەموو خەمە وشکانە بکەیتەوە
گوێم پڕ کەى لە هاژەى ژیان
لە گەڵ خۆتا بمبەى
کێ هەیە مەیلى هاوڕێیەتیت نەکا؟
دەستم لە دەستى تۆدا بێ
لە فەنابوون ناترسم
ئەوانەى لە مردن ئەترسن
لە وشکانیدا فێرى مەلەى ئەوین نەبوون
هەموومان ئەو ڕاستییە ئەزانین و نایڵێین!
عیشق نەبێ
دڵى بەردمان
بەشانى ئاو هەڵناگیرێ
ئاو.. ئەى مەخلوقى بزێو
سیماى تەڕت لە بەرگى هەورێکا دەرخە
ئاسۆى ڕوانینم تەژیکە
بە ئەسرینى شادى
ئەمەوێ....
فەرشى سینەم لە بەر پێتا ڕاخەم
چرپەى هەنگاوەکانت خۆشترە
لە مۆسیقاى {بتهۆڤن}
با مۆسیقارەکان بمبەخشن
ئاخر هیچ دەنگێ
ناگا بە حیلکەحیلکى کانى و
شڵپەى ماچى شەپۆل و
حاڵى دەروێشانەى تاڤگە
من لە بێتامى ئاوا
تامى ژیان ئەکەم
لە بێبۆنى ئەوا
هەست بە بوونى خۆم ئەکەم..!
ئاو ..ئەى مەخلوقى جوان
کێ هەیە وەک تۆ
بێ ڕیاو ڕەنگ
لە چەما سەرى لەسەر
بەرد بێت بۆ سوجدەو
لە ژێر باڵاى نەمامێکا
ڕۆچێ بۆ ئایندەو
بە بەردەم زیندەگیا بڕوا
بۆ مانەوەو
زمان.. بکاتە پەتى سێدارەو شەهید بێ
لەڕێى ژیانا؟!
ئاو.. ئەى بێڕەنگ ترین مەخلوقى جوان
کاتێ لە توڕەیى
لافاوێکا ئەتبینم
ئەزانم شەڕ
لە فەرهەنگى تۆیا نییە
تەنها ئەتەوێ
خۆ لە لێڵى تاوان بپارێزین
کە لە کارێزێکەوە دێیتە دەر
کزەى ئەوین زاکیرەم
ڕوون ئەکاتەوە
کە لە بیرێکا ئەتبینم
بیرەوەریم ئەزرینگێتەوەو
لێوانلێو ئەبم لە هێمنى
ساتێ لە چەما
چەپڵە لێ ئەدەى
چیا ئەشکەوتى گوێى پاک ئەکاتەوە
بۆ بیستن
وەختێ لە تاڤگەیا سپى ئەبى
تاریکى ناخمان ئەڕەوێتەوە
لە دەریاشا..
لەو دایکە شینپۆشە ئەچى
کە بەدەستى شەپۆل
بێشکەى سەفەرمان ڕائەژەنێ و
ئەمانداتە دەست کەنارى کامەرانى
ئاى چەند لە دایکى مرۆ ئەچى!؟
دایکى ئێمە
ئافرەتیکە لە ڕەگەزى باران
نیوەى کۆمەڵە و
دایکى نیوەکەى تر
تۆى ئاویش دایکى گەردوونى و
سێ بەشى میهرەبانى
زەوى هیى تۆیە
ئاو.. ئەى مەخلوقى بزێو
ساتێ لە ئاسمانەوە شۆڕ ئەبیتەوە
وەختێ لەئەرزا جاوشارکێ ئەکەى لەگەڵما
فێرى زمانى هاژەتم کە
چۆڕێ ئەوین بپرژێنە بەسەر دڵما
تا بمبەخشێ
خالقى تۆى مەخلوقى تەڕ.