عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

وەڵامەکانى رۆژنامەى کۆمەڵ


گفتوگۆى: هۆگر عومەر


پرسیار: شیعر دەنگدانەوەى دوو جیهانە، جیهانێک کە پێى دەڵێن واقیع و ئومێدى جیهانێکى ترە کە خەیاڵە، ئایا تۆ چۆن دەتوانیت هەمائاهەنگییەک درووست بکەیت لەنێوان ئەو دوو جیهانە؟ یان خەیاڵ لەنێو شیعرەکانى تۆدا یانى چى؟ ئایا شیعر دەتوانێت ئەو بۆیاغە بێت جارێکى دیکە ژیانى پێ ڕەنگ بکەیتەوە؟


وه‌ڵام: شیعر لە نێوان ئەو دوو جیهانەدا یان ئەوەى (هایدگەر) بە دوو چەمکى جیهان و زەوى ناوى دەبات، بۆشاییەک دەخولقێنێت ئەو بۆشاییە وەک چۆن بەرائەتى لێ دەتکێت بە هەمان شێوە ترسى لەخۆ گرتووە، ئەگەر ترس لە کۆى گومانەکانەوە بێتەوە کە سەر بە وێڵگەکانى مانایە، ئەوە بەرائەت لە وەشاندنى پڕشنگە درەوشاوەکانەوە بەرجەستە دەبێت. لەنێوان وێڵگەکانى ماناو پڕشنگە جوانەکانى بەرائەت شیعر نە رەنگکردنى ژیانە، نە بڕواى بە رەنگێکى تایبەتەوە هەیە، نە رەنگدانەوەى واقیعە، نە وەک ئەلتەرناتیفى واقیع دەردەکەوێت، بەڵکو هەڵگرى کۆمەڵێک پرسە لەمڕۆى ژیاندا، بەردەوامبوونى ئەو پرسانەش لە بەردەوامبوونى ناکۆکى نێوان ئەو دوو جیهانەوە سەرچاوە دەگرێت. بە دیوەکەى دیکە ئەوە بۆشایى نێوان ئەو دوو جیهانەیە کە جیاوازى درووست دەکات، بەبێ پرسى جیاوازى وزەى بیرکردنەوە، شیعر وجودى نییە. بەبێ ئەو ناکۆکییە دەرفەتێک بۆ تێڕامان و خەیاڵ و بەرهەمهێنان درووست نابێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بۆشایى ناوبراو لاى (هایدگەر) وەک شوێنى لێوردبوونەوەو بیرکردنەوەى خود سەیر دەکرێت، چونکە هایدگەر پێیوایە مرۆڤ ناتوانێت لە هەبوونى خۆى تێبگات تەنها لەرێگەى تێگەیشتن لە خودى خۆى نەبێت، لەرێگەى ئەو خودەى کە هەیە دەرک بە وجودى خۆى دەکات، دامەزراندنى وجودیش لەرێگەى دیالۆگەوە مەیسەر دەبێت، دیالۆگ بەو وەسفەى کە شێوەیەکى تایبەتە لە درووستکردنى زمان. دیالۆکیش بێ جیاوازى، بێ بیروڕاى جیاواز وجودى نییە، هەر لەوێشەوە نیشتەجێبوون لەو بۆشاییە کە بە زمان ناوزەد کراوە وەک مەسەلەیەکى شیعرى سەیر دەکرێت، مەسەلەى شیعریش تەنها دیاردەیەکى رۆشنبیریى نییە، بەڵًکو ناونانێکە بۆ دامەزراندن، هەر لەسەر ئەو بنەمایە جەوهەرى شیعر لە جەوهەرى زمان نزیک دەبێتەوە، وەک چۆن هەر لەوێشەوە لێیجیا دەبێتەوە، بەو مانایە جەوهەرى شیعر لەسەر رێساى بەیەکگەیشتن و جیاوازى وەستاوە. کەواتە شیعر ئەو بۆیە نییە کە جارێکى دیکە ژیانى پێڕەنگ دەکەیتەوە، بەڵکو لە بەیەکگەیشتنى خەیاڵ و جیاوازى مانا رادەبێتەوە، لە خۆ حەشاردانى ماناکان و درەوشانەوەى خەیاڵ بەرجەستە دەبێت.

ببوورە ناتوانم لەبارەى خەیاڵ لە شیعرەکانى خۆم قسە بکەم، بەڵام پێموایە خەیاڵ لە شیعردا تەعبیر لە قەلەقى ناوەوەى مرۆڤ دەکات، دەشێ قەلەقى مرۆڤ لە بەرائەتى بۆشایى نێوان دەرکەوتنى پڕشنگ و حەشاردانى مانا نزیک بکەینەوە بەو مانایەش مرۆڤ بوونەوەرێکە فرێدراوەتە نێوان مەرگ و لەدایکبوون. وەک چۆن ترسى مرۆڤ لە مەرگ وا دەکات لەنێوان مانا جیاوازەکاندا پەنایەک بۆخۆى بدۆزێتەوە.

پرسیار: ئایا شیعر پرۆسەى خۆ دۆزینەوەو کۆکردنەوەى پارچەکانى گیانە لەنێو دەقەکاندا، یاخود ونبوون و گەشتکردنى شاعیرە بۆ حاڵى فەنابوون؟

وه‌ڵام: شیعر نە گەڕانە بەدواى دۆزینەوەى خود وەک لاى خودگەراکان قسەى لێ دەکرێت، نە فەنابوونە لە نموونەى باڵادا وەک لاى میسالییەکان هەیە. شیعر بەرجەستەکردنى پرسى سەردەمە، خەونێکى ناواقیعییە لەبەرامبەر حەقیقەتێکى نەفرەتلێکراو، شیعر لە بڕینى حەقیقەتەکانەوە دێتەوە، بەردەوام لە گەمەى دەرکەوتن و خۆ حەشاردان راست دەبێتەوە.. شیعر لادانێکى کراوەى ئاڵۆزە لەنێوان گومان و دڵنیایى یارى لەگەڵ لادانەکانى زمان دەکات.
شیعر لە سەر دۆڕانى بەردەوامى ماناو بەرجەستەکردنى پڕشنگە جیاوازەکان گەمەکانى خۆى درێژە پێ دەدات، یان بە مانایەکى دیکە لە رێگەى تێپەڕاندنى ماناو خەیاڵى ئیبداعیانەوە دێتە نێو ژیانەوە، رەنگە ئیشکالییەتى یەکەممان لەو قسەکردنە لەسەر شیعر لەوێوە بێت کە هەموو خودێک شێوازى تایبەت بەخۆى بەرهەم دێنێت، وەک چۆن ئیشکالییەتى دووەمى ئیشکالیەتى یەکەم لە رستەیەکى مالامێ درێژ دەبێتە کە دەڵێت زمان قسان دەکات نەک نوسەر، نووسین گەیشتنە بەو پنتەى کە زمان دێتەگۆ نەک خود. بەو مانایە ئیتر شیعر پرۆسەیەکى ئاڵۆزە نە لە دۆزینەوەى خود کورت دەکرێتەوە ئەگەرچى تارمایى وجودى خودگەرایى بەدواوەیە، نە بەرەو حاڵەتى فەنابوون دەچێت، وەک چۆن لەسەر کۆکردنەوە رانابێتەوە، بەڵکو بەردەوام لە ناکۆکییەکان و قەلەقى بەیەکگەیشتن و بەیەکنەگەیشتندایە، لە پرۆسەى دیارو نادیاردا خۆى هەڵدەگرێتەوە... زەمەنى شیعر ستوونییە لە بەشدارى ئەویدیکەى جیاواز دێتە بەرهەم، لە داهاتووەوە بەرەو رابردوو و ئێستا دەجوڵێت، زەمەنى شیعر زەمەنى ئازادییە لە بەشدارى ئەویدیکەى خوێنەر، هەنووکەیى خۆى دادەمەزرێنێت، لە ئەویدیکەى جیاواز لە مانایەکەوە بەرەو مانایەکى دیکە دەجوڵێت، هەر لەرێگە ئەویدیکەوە لەبەرامبەر مەرگ پەیوەندى بە ژیانەوە دەکات. شیعر درووستکردنى ئەو فەزایەیە کە تەعبیر لە ئازادییەکانى مرۆڤ دەکات و وەک شیاوێکى ئەنتۆلۆژى دەردەکەوێت. شیعر زیندووەو لەگەڵ ژیان دەجوڵێت و هەناسە دەدات و گەشە دەکات، وەک چۆن بە دیوەکەى دیکە تەعبیر لە شاراوەکان و وسبەلێکراوەکانى ژیان دەکات و دەمانخاتە نێو تانوپۆکانییەوە...

پرسیار: تۆ سەرەتا بە شاعیر ناسراى، دوایى بەرەو لێکۆڵینەوەى ئەدەبى و رەخنەى ئەدەبى چووى، هەست ناکەى رەخنە و لێکۆڵینەوە بۆتە هۆى کەم بوونەوەى بەرهەمى شیعریت بەجۆرێک بە ساڵێک شیعرێکى نوێ بڵاو بکەیتەوە یان نا؟


وه‌ڵام: شیعرى نوێ پێویستى بە رۆشنبیریى نوێ هەیە، بەو مانایەش بێ بیرکردنەوەى قووڵ، بێ چەمک و شێوازى دەربڕینى جیاواز و کردنەوەى فەزاى خەیاڵ و دیدى جوانکارانەى سەردەم دەقى شیعرى کەمخوێن و نابووت دەکەوێتەوە. بۆ ئەوەى بتوانین دەقێکى جوان و سەردەمییانە بنووسین، بۆ ئەوەى بتوانین بەردەوام لەگەڵ رەوتى بیرکردنەوەو مەعریفەى سەدەم و دنیابینى سەردەم بڕۆین دەبێ بە شێوەیەکى ئەکتیفانە بەرەو رۆشنبیریى داهێنان و بەرەو کەشفى نهێنییەکانى داهێنان هەنگاو بنێین و ئاگادارى رەوتە نوێیەکانى سەردەم بین. هەموو شاعیرێک بارودۆخى تایبەت بەخۆى هەیە، بەڵام دەبێت لەخۆى تێبگات، کاتێک هەستدەکات ئەوەى دەینووسێت جۆرێکە لە پاشەکشە کردن، پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە، کاتێک هەستى کرد لە ناسنامەى شیعرى خۆى دەرچووە، ئیتر دەبێت بوەستێت. لەخۆگەیشتن بە مانا هایدگەرییەکەى واتە بوونى مرۆڤ لە جیهاندا، بوونى مرۆڤ لە جیهاندا تەعبیر لە بەرجەستەبوونى مرۆڤ دەکات، مرۆڤى داهێنەر لە داهێنانەوە خۆى بەرجەستە دەکات، بەو مانایە دەتوانیین لە رێگەى (هایدگەر)ەوە بڵێین بوونى مرۆڤ لە جیهاندا لە یەککاتدا پرۆسەیەکى بەردەوامى تێگەیشتنە لە دیاردەکان و تێگەیشتنە لە بوون. هەر بەو مانایەش ئەو وەستان و بەخۆداچوونەوەیە بە ویستێکى گەورەوە بەند دەبێت، ئەو پرسە پرسى ئازایەتى و ئیرادەیە، پرسى بوون و بەرجەستەکردنى بوونە لە شاعیرى داهێنەر چاوەڕوان دەکرێت، نەک ئەوانیدکە.

ئەو پرسە ئەنتۆڵۆژى لاى نووسەرێکى وەک (گاردەر) لە کچەى پرتەقاڵ دەبێتە پرسیارى تێڕوانین لە بوون و بەشداریکردن و بەشدارى نەکردن، دابڕان و پچڕان لە بوارە نوێیەکانى ژیان. بۆ نموونە (جۆرج)ى کوڕ لە وەڵامى ئەو پرسیارەى باوکیدا دێت لەرێگەى دید و ئەزموون و بیرکردنەوەى خۆى ژیان هەڵدەبژێرێت، سەرەڕاى ئەوەى کە باوک درەوشاوەترین وێنەى رۆشنبیرى وێڵ و سەرەڕۆ و گەڕۆک و دۆزەرەوەیە، خوڵقێنەرى هەستێکى نوێیە و خەوبینێکە بەرەو ئاسۆیەکى نەبینراە هەنگاو دەنێت، کەچى کوڕ لە هەڵبژاردندا چەمکى دابڕان پەیڕەو دەکات بەو مانایەى کە تێڕوانینیان بۆ ژیان جیاوازە. راستە باوک مرۆڤێکە دیدێکى تایبەتى بۆ زۆر کێشەى جەوهەرى هەیە، ئەو دیدەى درێژکراوەوەى هەموو ئەو سامانە میتۆدى و فیکرییەیە کە پێش ئەو لەو کایەدا هەبووە، ئەو بە ناسینى قووڵ و تەفسیرکردن و زانیارى نوێوە دەوڵەمەندییان دەکات، لە لایەکى دیکە کەسێکە بایەخى بۆ خەیاڵ هەیە و ناتوانێت لە لایەنە رۆحییەکە دوور کەوێتەوە، واتە تا رادەیەکى زۆریش کەسێکى یۆتۆپییە، بەڵام کوڕ بە هەڵبژاردنى هەنووکەیى ژیان و ئازادى و ئامادەکى ساتخوازانەى خۆى، دێت لە رێگەى هەڵبژاردنى ئەو ژیانە کورتە ئەو دیدە پۆتۆپیایەى باوک تێکدەشکێنێت، بە دیوەکە دیکەش درێژە بە سامانى مەعریفى بیڕوڕاى جیاواز و دیالۆگ دەدات. بەو مانایەش رۆشنبیرى سەربەخۆ ئەو کەسەیە کە دژایەتى لە قالبدان دەکات، چونکە لە قالبدان کە دواجار مردنى شتە جوانەکانى بەدوادا دێت، ئەو دابڕان و پچڕانە بەرەو بوارى نوێ و دەست پێکردنێکى دیکەى نوێمان دەکاتەوە، بەرەو بەرهەمهێنانى چەمکى نوێ و جیاواز... ئیتر دەبێت ئاگامان لەو گۆڕانکارییانە بێت کە بەسەر چەمک و ماناکاندا دێت. دەبێت بەردەوام لە رێگەى هەڵبژاردن و بڕوابوون بە جیاوازییەوە خەریکى بەرزرکردنەوەى ئاستى رۆشنبیریى و بیرکردنەوەى مەعریفى خۆمان بین. دواجار وەک ئەدۆنیس دەڵێت: هیچ شاعیرێکى گەورە لە دنیادا نییە تیۆریزەکەرێکى گەورە نەبێـت.

بەشى دووەم لەو پرسیارەى جەنابتان بە شێوەى جیاواز ئاراستەى من کراوە، بەڵام بەردەوام هەستدەکەم لەپشت هەڵبژاردنى پرسیارگەلى لەو شێوەیە بیرکردنەوەیەک هەیە کە جیاوازى دەخاتە نێوان دەقى شیعرى و دەقى لێکۆڵینەوە، ئەو جیاوازییە دەمێکە لە دنیاى ئەمڕۆى ئەدەب و هونەر کاڵ بۆتەوە، ئێستا لێکۆڵینەوە بەو مانایە سەیر ناکرێت کە دەقى شیعرى ئاراستەکانى دیارى دەکات، بەو مانایە نییە کە لە چواچێوەى دەقدا قەتیس دەبێت، بەڵکو وەک ئیبداعێکى دیکە و دەقێکى دیکەى ئیبداعى دێتە ژماردن. بە مانایەکى دیکە وەک چۆن دەقى لێکۆڵینەوە بۆ هەمووان نییە، دەقى شیعرییش بۆ هەمووان نییە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە ئەو جۆرە لە پێوانەکردن وەک جۆرێک لە ئابڵوقەدان دەکەوێتەوە، بۆیە بە بڕواى من دەبێ خوێنەر دووبارە پەیوەندییەکان لە سەر دنیابینى نوێ دامەزرێنێتەوە چونکە ئەوە دڵنیاکردنەوەى بیرو باوەڕە، ئەوە دڵنیاکردنەوەى چێژو خۆشى چەسپاو و باوە بەردەوام ئەو پرسیارە بەسەرچووانە وەبیر دەخاتەوە. ئیتر دەبێ خوێنەرى نوێخواز خۆى لە نۆرمە باوەکان بکاتەوە، ئەو خۆشەویستییە تەقلیدییەى ناوەوەى خۆى بخاتە ژێر رەخنەو پرسیارى سەردەمەوە، وەک چۆن بە دیوەکەى دیکەش دەقى شیعرى و لێکۆڵینەوە دەبێ خوێنەر بخاتە نێو گومان و دڵەڕاوکێوە نەک بە دڵنیابوونى بسپێرێت، چونکە دەق هەر ئەوە نییە کە وەسفى پەیوەندییەکان دەکات، بەڵکو دەبێ لەسەر رەخنەو پەیوەندى نوێ و پرسیارى نوێ خۆى دابمەزرێنێتەوە.
کەواتە ئەدەب دەبێ ئیرادەى زمان و ئاستى هونەرى و رەهەندە مەعریفییە جیاوازەکان دووبارە کەشف بکاتەوەو کۆى رووبەرە قەدەغەکراوو وسبەلێکراوەکانى رۆشنبیریى باو بخاتە نێو رەخنەو جوڵەى رەخنەوە، ئەو جوڵەیەش وەک بنەمایەک بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگە تیۆریزە بکات.


پرسیار: ئایا بووە تۆ بووبیتە ئەکتەرێکى شاعیر کە کارەکتەرى ئەویدیکە بکەیت؟

وه‌ڵام: رەنگە گرفتى من لەگەڵ وشەى ئەکتەر راستەوخۆ پەیوەندى بە دووبارە کردنەوە دابێت، دەشێ ئەوەش لە حاڵەتێکى دەروونییەوە بێت، بەڵام کە بیر لەو دووبارەکردنەوەو چەند بارەکردنەوەیە دەکەمەوە دووچارى دڵتەنگى دێم، دڵتەنگییەک تا رادەى بێزارى.. بۆیە وەک مرۆڤێکى سادە هەرگیز بیر لەو رۆڵە ناکەمەوە.. چونکە بەبڕواى من هەر رۆشنبیرییەک لەسەر داڕشتنەوەى بیرکردنەوەى ئەویدیکە بژیت، خاوەنى بیرکردنەوە نییە، لە لایەکى دیکە شیعر نە قسەکردنە لەبرى ئەویدیکە، نە هەرگیز بیر لە گرفتە کەسییەکانى ئەویدیکە دەکاتەوە. ئەوەى کە بەردەوام لە شیعردا قابیلى بیرلێکردنەوەیە ئەویدیکەیە و واقیعى چەسپاوە نییە، بەڵکو کایەکانى زمان و رەهەندە جیاوازەکانى مانایە، ئەوەى کە بەردەوام لە شیعردا قابیلى گفتوگۆکردنە تەجاوزکردنى پێوانەکان و هەنگاونانە بەرەو بەرزکردنەوەى هەستى جوانى و هەستى رەخنەو هەستى مرۆڤانەمان. دەقى شیعرى قسەکردن نییە لە ئەویدیکە، بەڵکو بەردەوام لەسەر هەڵوەشانەوەو بونیادنانێکى دیکە راست دەبێتەوە، بەردەوام لەسەر درووستکردنى پەیوەندى نوێ لەنێوان وشەو وشە، وشەو شتەکان دێتە ناوەوە، بەردەوام کار لەسەر تەقینەوەى مانا دەکات، نەک وەک ئەکتەرێک لەبرى ئەویدیکە دەرکەوێت، بەڵکو وەک رێگەیەکى نوێ بۆ تەعبیرکردن خۆى نمایان دەکات، هەرگیز ناکەوێتە تەعبیرکردن لە خەونى ئەویدیکە، چونکە خەونەکان لەیەکجیان، هیچ یەکێک لە ئێمە ئارەزووى ئەویدیکەى نییە، هەر یەک دنیاى خۆى هەیە، شیعر لەسەر جیاوازى ئەو دنیایانە جوانییەکانى خۆى دەوەشێنێت، ناچێتە نێو ئەزموونى کەسیى و تایبەتەکانەوە، بەڵکو پرسیار لە جەستەى رۆشنبیریى دەکات، شاعیر تەماشاى خودى خۆى دەکات، شاعیر تەفسیرى باو دەخاتە ژێر رەخنەو پرسیارەوە.


پرسیار:  لەچ شوێنێکاتێکدا جورئەتى نووسین نامێنێت؟ یان بڵێین بەراست وشە دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت و وێناى بکات؟

وه‌ڵام:  لەو شوێنە وشە مەرگى خۆى رادەگەیەنێت کە دیالۆگ و ئازادى لە تەگەرەدایە، کە بڕوابوون بە جیاوازى وجودى نەبێت، کە چینێک لە قسەکردنى سیاسى کۆنترۆڵى تەواوى کۆمەڵگەو رەهەندەکانى زمان دەکات. لەو شوێنکاتە نووسین بوێرى لە دەست دەدات کە بەنێو کۆمەڵگەیەکى بێ ئاگاو بێ بیرکردنەوە گوزەر بکات، کۆمەڵگەیەک سیاسییەکان دەمڕاستى ئاستەکانى رۆشنبیریى بێت ئیتر نووسین و رووە جیاوازەکانى نووسین دووچارى بنبەستبوون دێت. هەر بەو مانایە نەبوونى جێکەوتى وشە نیشانەى نەبوونى ئازادییە، نیشانەى نەبوونى پرسیارى سەردەمانەى کۆمەڵگەیە لە ئازادى. کەواتە بەبێ گرنگیدان بە ئاستى رۆشنبیریى و مەعریفى، بەیێ بەرزکردنەوەى ئاگایى کۆمەڵگە، ئاگایى رەخنەگرانە، عەقڵى ئازادى و ئیرادەى ئازادى درووست نابێت. بەبێ رەخنەگرتن لە نۆرم و ستراکتۆرى باو، بەبێ تەجاوزکردنى ئەو چینە لەقسەکردنى سیاسى، وشە ناتوانێت تەعبیرە بنەڕەتیەکانى بیرکردنەوەى خۆى دابمەزرێنێت. کاتێک وشە دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت کە پرنسیبى دیالۆگ و فەزاى ئازادى و بڕِوابوون بە جیاوازى وجودى هەبێت. کاتێک وشە دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت کە ئامادگى عەقڵى و مەعریفى لەئارادا بێت، کە مرۆڤ بتوانێت تەعبیر لەخۆى بکات، بێ ئەوەى بکەوێتە ژێر تەفسیرە باوەکان، بێ ئەوەى بکەوێتە ژێر ستراکتۆرى کۆمەڵگە تواناى بیڕیاردان و هەڵبژاردنى هەبێت....
 

هەولێر 5ى تەمموزى 2008