بێده‌نگیی و کۆکوژیی
ئاماده‌كردنی حه‌مه كاكه‌ڕه‌ش
ئه‌م گفتوگۆیه یه‌کێکه له گفتوگۆیه‌کانی کتێبی (
بێده‌نگیی و کۆکوژی*) کتێبی
بێده‌نگیی و کۆکوژیی کۆمه‌ڵێک گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رو ڕۆشنبیرێک دا بۆ
قسه‌کردن ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی ئه‌نفال، له‌مڕۆژانه دا کتێبی( بێده‌نگیی و
کۆکوژیی) ده‌که‌وێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران، به‌چاکم زانی له 20 هه‌مین ساڵ
وه‌گه‌ری کاره‌ساتی ئه‌نفال هه‌ر جاره‌و یه‌کێک له گفتوگۆکان بیخه‌مه به‌ردیده‌ی
خوێنه‌ران.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش.
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا
..( جاشێتی و براکوژیش له قووڵاییدا، یه‌کێکن له‌و
ڕه‌مزو فیگه‌ره پاڵنه‌رانه‌ی کارێکی وه‌های کرد له بوونی ئینسانیانه‌ی خۆمان
هه‌ڵبێین و، بێهێز بوونی ده‌نگی ئێمه.. و ده‌سته‌وه‌ستانیمان له‌به‌رامبه‌ر
به‌هێز بوونی ده‌نگ و پلان و دوورنماکانی ئه‌وان بخاته ڕوو، که به داوه‌شاندنی
ئێمه شکا‌وه‌یه‌وه و خۆمان له هه‌موو به‌هایه‌کی به‌رزی مرۆڤانه داماڵی و
نکوڵیمان له گه‌وهه‌ره‌که‌ی ئه‌و دروشمانه کرد خۆمان پێ ئارایشت کردبوو. هێرشی
جاشه‌کان له ئه‌نفال.. و ئه‌تککردنی یه‌کتر له شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی شاخ و شاردا
باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و تراژیدیا ئه‌خلاقی و سیاسیه‌ی ئێمه‌ن، که هێشتاکه به
په‌رۆش نین ئه‌و ڕه‌گه ڕیشه‌داکوتراوه‌ی که له بواره جیاجیاکاندا ماوه
ده‌ربکێشین، پێشمان وایه ململانێی فیکری ئه‌مه له‌ئێمه ده‌خوازێت.. نه‌ک
ده‌ستبه‌سه‌راگرتن).
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا
پرسیار: ئه‌گه‌ر بهاتایه ئه‌نفال له وڵاتێکی ئیسلامی‌دا ڕووینه‌دایه و هه‌روه‌ها
مانایه‌کی ئیسلامیشی پێنه‌درایه، پێتانوایه ئه‌نفال بتوانرایه نوقمی
بێده‌نگیه‌کی وابکرێت، هه‌م له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه تا ده‌گاته هه‌موو وڵاته
ئیسلامیه‌کانی دونیا، ئه‌وسا وڵاتانی ئه‌وروپی.
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵآ: جۆرێک له بێده‌نگی هه‌یه، ئه‌و ساته‌وه‌خته
ده‌ستپێده‌کات که گه‌مارۆی بکه‌ر و ئه‌وه‌ی شاهیده ده‌دات، هه‌تاوه‌کو ئاماده
نه‌بێت، کاره‌سات و ڕووداوه‌که وه‌کو خۆی بگێڕێته‌وه. واته له‌و بابه‌ته
بڕوانێت و له‌کاتی دانپیانانه‌که‌یدا
( خه‌سڵه‌ته چه‌سپاوو نه‌گۆڕه‌کانی) ئه‌و بابه‌ته ده‌قا وده‌ق بخاته ڕوو.
به بارێکی تریشدا بۆ ئه‌وه‌ی مانا شاراوه‌کانی ڕووداوێک بخرێنه ڕوو ده‌شێ سه‌رنج
و ڕاڤه و ماناگه‌لێکی تری پێببه‌خشرێت، جا لۆگۆسیانه بێت ( ڕاڤه‌ی لۆجیکانه و
ئه‌قڵیانه) یان میتۆسیانه ( ڕاڤه‌ی خواوه‌ندانه و شاعیرانه). ئاخۆ ئێمه
ده‌که‌وینه کام به‌شی ئه‌م بێده‌نگکردنانه‌وه؟ بێده‌نگی ئه‌قلانی.. ئه‌خلاقی..
ئیستاتیکیانه...تاد
کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نقومی سێگۆشه‌ی به‌رمۆدای کولتووره‌کانی فارس..و
عه‌ره‌ب..و تورک بووه، به هه‌رسێ پنتی نائه‌قڵانی.. و نائه‌خلاقی.. و
نائیستاتیکیانه‌وه! پێده‌چێ ئه‌مه یه‌که‌مین پێگه و سنووری ده‌ستپێکردنی
بێده‌نگیه فه‌رزکراوه‌کان بێت.. بێده‌نگیه ناقۆڵاکان!
تۆ سه‌رنج بده له کرۆکی ئایینی ئیسلام ، له‌یه‌که‌مین سروش که دابه‌زیووه و
نێردراوه بۆ په‌یا‌مبه‌ر(د.خ) پێیڕاگه‌ێنراوه: ( بخوێنێته‌وه)، ئه‌ویش
فه‌رموویه‌تی: ( نازانم ). دووباره به گوێییدا دراوه‌ته‌وه (بخوێنه به ناوی
ئه‌و خودایه‌ی.....)، لێره‌وه- ده‌نگێک - هه‌یه که ده‌نگێکی پیرۆزی بێ مه‌رزه..
ئه‌و بێ مه‌رزی و بێپایانیه‌ش ده‌توانرێ نیشانه گه‌لێک بن بۆ- هێز و ده‌سه‌ڵات - .
ئه‌م ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ش ده‌سپێردرێت به ده‌ستی که‌سێک که له لایه‌ن خاوه‌ن
ده‌نگی یه‌که‌مه‌وه شایه‌نی ئه‌و- ڕۆڵ و ئه‌رک - بینینه‌یه، که ئه‌ویش
په‌یامبه‌ری ئیسلامه. که‌وابێ له به‌رامبه‌ر- بێده‌نگیه‌ک - که هی
په‌یامبه‌ره، ئه‌مر پێکردنێک، به گوێگرتن و خوێندنه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه -
واته - تۆ کارت بیستن و جێبه‌جێکردنه - و ئیراده‌ی خودای له‌سه‌ره، که
له‌سه‌روو ئیراده‌ی ئینسانیانه‌ی خۆته‌وه‌یه!
ئیدی ئه‌م هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاته‌ش له‌وێوه لێژ ده‌بێته‌وه و دێته خواره‌وه بۆ
ئه‌وانه‌ی به دوایدا دێن، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌مان پێده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی نزیکترین پشت
بێت له په‌یامبه‌ره‌وه.. پیرۆزتره.
به‌و مانایه‌ی له بازنه‌ی یه‌که‌مدا کێ ئاماده‌یی هه‌بووبێت و زووتر گوێی به
په‌یامه‌کان ئاودرابێت و بیسته‌ری ده‌نگی یه‌که‌م بێت . له بازنه‌ی دووه‌مدا که
بڵاوکه‌ره‌وه و گه‌ێنه‌ره سه‌رپشک کراوه و زیاتر ده‌توانێ ده‌نگ هه‌ڵبڕتر بێت.
چونکه هه‌ڵگری (ڕیسالیه‌ته) له‌و کاته‌شدا و له نێو بازنه
یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانیشدا جیاوازی نیه سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ربه چ نه‌ژاد و گروپێکی
کۆمه‌ڵایه‌تی و میلله‌تێکیت، چونکه جیاوازی له نێوان عه‌ره‌ب و عه‌جه‌مدا نیه
ته‌نها جیاوازییه‌ک هه‌بێت له( ته‌قواکردندا) یه. که‌واته ئوممه‌تی ئیسلام
مه‌رزه‌کان ده‌بڕێت و به پله‌ی ته‌قواکه‌ی جێ و ڕێگه‌ی دێت و ده‌پێورێت. بۆیه
(مورشیدی کامیل.. ده‌بێ هه‌ڵسونیشتنی موو به موو له‌گه‌ڵ کردار و سوننه‌تی
پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌دا ڕێک بێت، موویێک لانه‌دات).
گوێگرتنی دووه‌م له ماڵی خوداوه دێت که مزگه‌وته. جارێ دونیا ک‌ش و ماته .. پێش
نه‌غمه‌و جریوه‌ی باڵندان .. به‌رله‌وه‌ی هه‌ر چالاکیه‌ک بنوێنرێت، گوێبیستی
بانگدان ده‌بین و (فه‌رزه) که شایه‌تی بده‌یت ( که هیچ ئیلاهێک نیه، جگه له
ئه‌ڵڵا.. وه په‌یامبه‌ریش نێردراوی ئه‌ڵڵایه). ڕۆژی پێنج جار ئه‌مه ئاوی گوێی
پێداده‌درێ. جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ له دایکبوونماندا.. که هیچ فراژبوونێکی
جه‌سته‌یی و ده‌روونی له ئێمه‌دا پێنه‌گه‌ییووه.
به گوێدا بانگده‌درێت به ناوی خوداوه ئێستا تۆ ناوت فڵان کوڕی فیساره...تاد
ئێمه گه‌وره بووی نێوان هه‌موو ئه‌م ده‌نگه پیرۆزانه‌ین و ئاگایی و نائاگاییمان
به‌م ده‌نگانه جۆشدراوه و شێلراوه و ئاخنراوه و سیخناخه.
وه هیچ یه‌کێک له‌م ده‌نگانه‌ش له په‌یامبه‌ره‌وه بیگره هه‌تا موریدێک به
دیالۆگی نێوان دووکه‌س نه‌هاتووه. که‌سێک ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت.. تۆ ده‌نگ ده‌بیستیت.
گرنگیش نیه تۆ تێده‌گه‌یت یان نا.. ئه‌سڵی په‌یام ئه‌وه‌یه فه‌رزێک هه‌یه،
سه‌رنویشتی تۆیه و ده‌بێ هه‌میشه له زیکریدا بیت و جێبه‌جێ بکرێت. ئه‌م
(ته‌زکیه‌ی نه‌فسیش) نابێت هه‌تا بێده‌نگ نه‌بیت! مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وکاتانه ده‌نگ
هه‌ڵبڕیت که له ته‌هلیله‌دایت، ته‌هلیله‌ش زیکری خودایه به ده‌نگی به‌رز.
ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌وه سه‌ر( زاهیری شه‌ریعه‌ت) و
( شه‌ریعه‌تیش دره‌خته و ته‌ریقه‌ت په‌لوپۆیین و حه‌قیقه‌تیش میوه‌که‌یین)
له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی کورد له نێو ئه‌و سنوورانه‌دا که بۆ دید و ڕوانینی
تاکڕه‌هه‌ندانه‌ی تورک و فارس و عه‌ره‌ب غه‌ریب و زیاده‌یه..و هه‌ڕه‌شه له
قه‌واره‌ی ئه‌و وێنایانه ده‌کات که سێ جه‌سته‌که یتر هه‌یانه بۆ هه‌یبه‌تی
خۆیان. چونکه هه‌م خۆیان به ( ئێوه چاکترین کۆمه‌ڵن له‌ناو مه‌ردمی دنیادا سه‌رو
هه‌ڵدا)ده‌زانن و تێده‌گه‌ن.. هه‌م نه‌ته‌وه‌ی ده‌ست ڕۆیشتوون و گه‌یه‌نه‌ری(
ڕیساله‌ته) که‌شن. ئه‌م سێ جه‌سته‌یه به جیاوازی ئه‌و سوپه‌رئیگۆیه..
په‌نامه‌کی و ئاشکرایانه‌ی بۆ خۆیان دروستکردووه و ڕۆناوه، له شتێکدا یه‌ک
ده‌گرنه‌وه، که هه‌ریه‌که‌یان پارێزه‌ری به‌رقه‌رارکردنی گه‌وهه‌ری ئیسلامن.
وه هه‌رسێکیشیان به جیا و دابڕاو له یه‌کتری سیسته‌مێکیان له کۆن و تازه‌دا
دامه‌زراندووه و تاقیکردۆته‌وه که ئایدۆلۆژییه‌ته‌که‌ی دین بووه، به سه‌فه‌وی
و عه‌باسی و عوسمانلیه‌وه. ئه‌م ته‌قواکردنه‌ش نه‌ک نه‌بووه‌ته مایه‌ی برایه‌تی..
به‌ڵکو له پراکتیکدا پتر بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن بووه به ئامڕازگه‌لێک بۆ (
ده‌رکه‌وتنی خوود به سه‌نته‌رکردن) و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌وانیتر. جا به مانا
دینیه‌که‌ی بێت.. یاخود مانا سیاسیه‌که‌ی.
به هه‌ڵه‌دا ناچین گه‌ر بڵێین: زۆرجار کۆک و ته‌بایی ئه‌وان ته‌نها له به‌رامبه‌ر
که‌مایه‌تی و ئه‌و نه‌ته‌وه و گروپانه‌ی سه‌ر به ڕه‌گه‌ز و ئایینی ئه‌وان نین، و
غه‌یره‌ن له‌و ئایه‌ته‌دا خۆی نمایشده‌کات که ده‌فه‌رموێت:
(( آقتلوهم بالأهمال........... ))
له له‌نگه‌رگای فه‌رهه‌نگی سیاسیانه و مێژووییشی هه‌موویاندا بێ جیاوازی
ماناداربووه و کاریپێکراوه. به‌د گومانکارییه‌کانیشیان هه‌ر به‌مانه‌وه
نه‌وه‌ستاون، به‌ڵکو په‌یتا په‌یتا هه‌ژموونی جه‌سته‌ی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و
غه‌ریبه‌یه‌دا که کورده فراوان کردووه، هه‌تا له چاوی ئه‌و وڵاتانه‌ی به جۆرێک
له جۆره‌کان یاساگه‌لێک هه‌ن که به‌رگری له چه‌مکگه‌لی ئازادی و مافه‌کان
ده‌که‌ن، کورد بخزێننه که‌ناری نه‌بوونه‌وه و له ده‌ستی نه‌یه‌ت به ده‌نگ و
زمانی خۆی جه‌سته‌ی بریناوی و فه‌رامۆشکراوی خۆی بخاته‌ڕوو.. و بتوانن به ئاسانی و
به‌و شێوه‌یه‌ی خواستی ئه‌وانه بوونی ڕاسته‌قینه‌ی کورد، چاودێریبکه‌ن.. و حه‌شار
بده‌ن.. و دواتر له چه‌ندین ڕێگای تره‌وه.. ده‌سته‌مۆیبکه‌ن و له خودی
ئینسانیانه‌ی خۆیشی پاشه‌کشێی پێبکه‌ن و ئه‌و سه‌رکێش و یاخیبووه‌ی به‌ره‌نگاریش
ده‌کات ته‌فروتونا بکرێت، و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه نوزه‌بڕاوانه له ژێر زه‌بری
ترساندن و سزا گه‌لێکی سایکۆلۆژیدا که‌رامه‌ت و کبریائه ئینسانیه‌که‌ی وێران.. و
مه‌سخ بکه‌ن.. و بێتامی بکه‌ن.. و خۆی و مانا تێکشکاوه‌کانی خۆی له‌به‌ر چاو
بکه‌وێت.. و له دواجاردا خۆی بۆ هه‌موو( ئه‌مر و نه‌هی )ه‌کی ( چاکه و
خراپه)کانی ئه‌وان به‌ده‌سته‌وه بدات و بگاته خۆکوژی ماهیه‌تی خۆی به ده‌ستی
خۆی!
پێموایه..( جاشێتی و براکوژیش له قووڵاییدا، یه‌کێکن له‌و ڕه‌مزو فیگه‌ره
پاڵنه‌رانه‌ی کارێکی وه‌های کرد له بوونی ئینسانیانه‌ی خۆمان هه‌ڵبێین و، بێهێز
بوونی ده‌نگی ئێمه.. و ده‌سته‌وه‌ستانیمان له‌به‌رامبه‌ر به‌هێز بوونی ده‌نگ و
پلان و دوورنماکانی ئه‌وان بخاته ڕوو، که به داوه‌شاندنی ئێمه شکا‌وه‌یه‌وه و
خۆمان له هه‌موو به‌هایه‌کی به‌رزی مرۆڤانه داماڵی و نکوڵیمان له گه‌وهه‌ره‌که‌ی
ئه‌و دروشمانه کرد خۆمان پێ ئارایشت کردبوو. هێرشی جاشه‌کان له ئه‌نفال.. و
ئه‌تککردنی یه‌کتر له شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی شاخ و شاردا باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و
تراژیدیا ئه‌خلاقی و سیاسیه‌ی ئێمه‌ن، که هێشتاکه به په‌رۆش نین ئه‌و ڕه‌گه
ڕیشه‌داکوتراوه‌ی که له بواره جیاجیاکاندا ماوه ده‌ربکێشین، پێشمان وایه
ململانێی فیکری ئه‌مه له‌ئێمه ده‌خوازێت.. نه‌ک ده‌ستبه‌سه‌راگرتن).
پانۆرامای ئێمه و داگیرکه‌ره بێگانه‌کانیش هێنده ته‌مومژاوی و ناڕه‌وا و
ناهاوسه‌نگه، به‌و مه‌ودایانه‌ی نێوانمان که شکست پێدان و بچوککردنه‌وه و
خوێناوییکردنی جه‌سته و ڕۆحی یه‌کتره.. هێنده قه‌یراناوییه، وا به‌ئاسانی و
بێسڵه‌مینه‌وه ناتوانین دڕدۆنگیه‌کانمان بڕه‌وێنینه‌وه‌و بچینه هیچ
په‌یمانێکه‌وه که له‌سه‌ر بنه‌مای درۆ هه‌ڵنه‌چنرابێ.
با له دراوسێتیه‌که‌ی ئه‌م سێ جه‌سته گومڕابووه‌ش ڕابمێنین و ورد ببینه‌وه، که
ئێمه‌یان له نه‌خشه‌ی پرۆژه جیدییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیاندا ئیهمال کردووه و
کردۆته ده‌ره‌وه. له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ئاشتی په‌روه‌ر نین و پڕپڕن
له تێکشکانی مێژوویی و هه‌ریه‌که‌شیان به به‌ڵگه‌وه بێت یان ڕه‌مڵ لێدان،
ده‌رهه‌ق به نسکۆ و نشوستیه‌کانیان لۆمه و سه‌رزه‌نشتی ناڕاستگۆیی و
ته‌ڵه‌که‌بازییه‌کانی یه‌کتر ده‌که‌ن. ئه‌و مێژووه ڕووگرژه‌ی له نێوان تورک و
عه‌ره‌ب و عه‌جه‌مدایه ڕۆشنه و بۆ ڕووهه‌ڵماڵینی په‌نجه درێژکردنی منی گه‌ره‌ک
نیه. گرێچنی ته‌نگژه و شه‌ڕوشۆڕ و گه‌نده‌ڵ کارییه‌کانیشیان شاهیدی ئه‌وه‌ن، که
تا ئێستا ئاماده نین و پێیان ناکرێ به‌و میتۆده تاکڕه‌هه‌نده داخراوه به پێچ و
ده‌وره خوێناویی و پیلانگێڕییانه‌وه که له فۆرمی جیا جیادا هه‌ر خۆی دووباره و
درێژ ده‌کاته‌وه، به هه‌ماهه‌نگی پێ بنێنه قۆناغێکی تر و گرژییه‌کانیان خاو
بکه‌نه‌وه و نه‌هێڵن.. و له‌سه‌ر خوانێک که له‌سه‌ر بنه‌مای مۆڕاڵێکی نوێی
هه‌موویان بێت ته‌قه‌للابکه‌ن و کۆ ببنه‌وه. خوانی ئاشتی و متمانه‌بوون بۆ یه‌کتر
چێبکه‌ن و بگێڕنه‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویستمان پێیه‌تی ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئه‌و ڕاستیه‌یه.. تێبگه‌ین
دراوسێتی له ساده‌ترین ماناکانیدا، له‌سه‌ر داڕماندن و مایه‌پووچکردنی ئه‌و
مانایانه‌ی، ده‌بنه خه‌سڵه‌ت و پایه‌گه‌لێک بۆ دراوسێتی و ڕاگیرکردنی به‌هاکانی
دراوسێتی به ڕک به‌رکێ و ڕێگری‌کردن له چوونه ناویه‌ک و کارلێکی ئه‌و
مانایانه‌وه، که ڕێز له بنه‌مای چیه‌تی و نه‌ریتی پڕ به‌هایانه‌ی هه‌ریه‌که‌یان
ده‌گرێت.. نایه‌ته‌دی! نایه‌ته‌دی.. چونکه په‌یوه‌ندییه‌کی ئاوها بارگاوی به
نابه‌رابه‌ری و بێ متمانه‌یی و به که‌مگرتنی ماناکانی یه‌کتر و خوێن، جێگه و
فه‌زایه‌ک شک نابات بۆ گوزارشت له ئاقار و کۆی ڕوانینه جیاوازه‌کان- واته- شتێک
نامێنێ بۆ گفتووگۆ له‌سه‌ر ئه‌و کۆدانه‌ی پرۆسه‌ی یه‌کترناسین و ئاشنابوون ئاسانتر
ده‌که‌ن. به‌ومانایه‌ی به‌ر له‌وه‌ی ده‌رگا له‌سه‌ر یه‌کتر بکرێته‌وه و ڕووبه‌ڕو
ببنه‌وه، له‌ودیوده‌رگا داخراوه‌کان ( دامه‌زراوه سیاسی و کولتوری)یه‌کانه‌وه،
که زیاتر مه‌نه‌لۆجین.. هه‌تا دیالۆگ بن، له‌سه‌ر ئه‌و وێنایانه‌ی چنیوویانه..
حوکم به‌سه‌ر وێنه‌کانی یه‌کتریدا ده‌ده‌ن!
دیاره هه‌روێنه‌یه‌کیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی حوکمه پێشوه‌خته ستریۆتایپیه‌کان
درابێتن، هه‌میشه ستاتیکی ( ثابت) و شێواو و ڵێڵ و ناته‌واوه‌و پشت به‌ستوو نیه
به‌و ئارگۆمێنت و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه بێلایه‌نانه‌ی دینامیکیه‌تی
( متحول) هه‌قیقه‌ته جیاوازه‌کان ده‌سه‌لمێنن. له فه‌زایه‌کی ئاوهادا له بری
ئه‌وه‌ی ماناکان له نێو یه‌کتریدا ئاوس ببن و بزێن و واوه‌تر به‌رزتر ببنه‌وه و
چیه‌تیه‌کی تر ببه‌خشنه بونیادی خۆیان و ببنه مایه‌ی ئه‌کتیڤکردنی میکانیزمه‌کانی
خۆیان.. و ماناکانی یه‌کتر، ده‌بنه هۆی نابووتکردن و تیرۆرکردنی ئه‌و مانا و
به‌هایانه.
ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کیش هه‌بووبێت ته‌نها و ته‌نها له کایه‌ی سوودخوازییه‌کی
زووتێپه‌ڕدا بووه، نه‌ک له هه‌ناوی لێپرسراوییه‌تێکی هۆشیاری و شارستانیانه‌ی
وه‌هاوه هه‌ڵقوڵابێت که دابینکه‌ری ڕێزگرتن بێت له مافی تایبه‌تیه‌ته کولتووری
و مێژووییه‌کانی یه‌کتر و تێگه‌یشتن بێت لێیان و ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و
کرانه‌وه‌ی زیاتری بۆ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، بێئه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌کانیان تووشی
به‌دگومانی و سڵه‌مینه‌وه و ترسانێکیان بکات له به‌رامبه‌ر بوونی یه‌کتر.
ونبوون و نه‌بوونی ئه‌و میکانیزمانه‌ی تێکشکێنه‌ری له‌مپه‌ره‌کانن، به
پێچه‌وانه‌وه ته‌نگژه‌سازن و له‌وێدایه زمانێک ده‌خه‌مڵێت ته‌نها کاری ئه‌وه‌یه
بڕیار له‌سه‌ر چاکی و پاکیزه‌یی و بێگوناهی و نیازپاکی خود.. و
خراپی و نغرۆکردنی ئه‌ویتر ده‌دات.
ئه‌ویتر ئه‌گه‌رهه‌ڵگری خراپیه‌کیش نه‌بێت له خودی خۆیدا، خراپیه‌ک که ئاماده‌یه
و له لایه‌ن، ده‌وڵه‌تی یه‌ک فیکر و یه‌ک باوه‌ڕ و یه‌کڕیزی و یه‌ک ئامانجه‌وه
به‌رهه‌م ده‌هێنرێت پێوه‌ی ده‌لکێنرێت و زه‌حمه‌ته لێی ببێته‌وه.
وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه له ده‌وری ئه‌و په‌یام و
ده‌رئه‌نجامه سوپه‌رمانایه چه‌قبه‌ستووانه‌دا هه‌ڵده‌خڕێنێت و به گه‌ڕ ده‌خرێن،
که ئه‌و ڕه‌وشه له پراکتیکدا دژ به‌وانه ده‌بێته‌وه که گومان له‌و یه‌کڕیزی و
تاکڕه‌نگیه پۆڵاین و پیرۆزکراوه ده‌که‌ن که زۆر ساده منداڵدانی
تۆتالیتاریه‌تێکه له ناوه‌وه بونیاد ده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شووره‌ش بێت له‌گه‌ڵ
ئه‌ویتردا که‌دراوسێیه.
لێره‌وه‌یه ده‌توانین بڕوانینه‌وه له‌و حوکمه پۆڵایینه پڕ له هه‌راوهوریایه‌ی
له عێراقدا پیاده ده‌کرا، که چۆنچۆنی به یاسا و نه‌زمێکی نادادپه‌روه‌رانه و
خاڵی له هه‌موو ڕه‌وشتێکی مرۆیانه و شارستانییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ
ده‌رودراوسێدا ده‌کرد.. و له ناوه‌وه‌ی خۆشی‌دا چ ماجه‌رایه‌ک ده‌گوزه‌را و چۆن
ئاسایشی نه‌ته‌وه و چین و گروپ و که‌سێتیه‌کان به نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵێکی
کراوه.. و هه‌ژموونگه‌ری ئایدۆلۆژیای به‌عس ڕزێنرا بوون!؟
له ناوه‌وه داننه‌نان به شوناسه‌کانی تردا.. و نه‌بوونی پلۆڕاڵیه‌تی سیاسی.. و
سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازانه‌ی دژ به‌م ئه‌قڵیه‌تی
ده‌سه‌ڵاتخوازییه بوون. له ده‌ره‌وه‌ڕا هه‌ڵگیرساندنی هه‌شت ساڵ جه‌نگ له نێوان
عێراق و ئێران.. ململانێی دوور و درێژی ئایدۆلۆژی ڕاست و چه‌پی به‌عسیانه‌ی عێراق و
سوریا.. داگیرکردنی کوێت.. جگه له غه‌دره مه‌زهه‌بیه‌کان له نێوان شیعه و
سووننی و ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و سه‌رهه‌ڵدانی وه‌هابیه‌ت، واته له‌و سێگۆشه‌ی
به‌رمۆدایه‌دا له نێوان ته‌راتێن و شه‌ڕی ئه‌و فیلانه‌دا کورد، به‌و گژوگیایانه
ده‌چوو، که ته‌نها ده‌بووهه‌وڵبدات بمێنێته‌وه و نه‌فلیقێته‌وه و هه‌لاهه‌لا
نه‌بێت.. وه ده‌بوو به‌و ڵاڵه په‌ته‌یه‌ییه‌ی خۆشمانه‌وه که هه‌مووی بێده‌نگی
بوو ده‌ست به شوناسی خۆشمانه‌وه بگرین له نێو شانۆی دنیایه‌کدا که هه‌مووی
ده‌نگه ده‌نگ بوو!
له کاتێکدا ئێمه‌ی کرێچی و بێ‌ماڵ ( به دیدی ئه‌وان) له‌سه‌ر خاک و مێژووی ئه‌و
دراوسێ نه‌خۆش و شه‌ڕه‌نگیزانه، ده‌شێ حاڵمان چۆن بووبێت و ده‌بێت؟ ئه‌وان له
شه‌ڕه‌کانی یه‌کتردا سه‌رکه‌وت و بوونایه.. به‌رزه ده‌ماغی و گومڕاییه‌که‌یان
له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئێمه‌ش تاقیده‌کرده‌وه. نوشوستیشیان بهێنایه ئه‌و تێکشکانه
ده‌روونیه‌یان له ئێمه‌دا به‌تاڵ ده‌کرده‌وه و تۆڵه‌یان لێده‌کردینه‌وه . خۆ
ئه‌گه‌ر لێشمان نزیک که‌وتنایه‌ته‌وه هه‌ریه‌ک بۆ مه‌رامێک بوو.. هه‌تا دراوسێکه‌ی
تری پێبخاته تالووکه‌وه و ملکه‌چی عوقده سیاسی و فیکری و مێژووییه‌کانی خۆی
بکات. خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش بمانویستبا سوود له که‌لێن و درز و که‌له‌به‌ره‌کانیان
ببینین.. هه‌موو ئێمه‌یان به سیخوڕ و گومانلێکراوی وڵاته‌که‌ی دراوسێی ده‌زانی و
ده‌دایه قه‌ڵه‌م. بۆیه ئه‌نفال له‌و ڕووبه‌ره ناته‌ندروسته‌دا رووداوێک نه‌بوو
به ڕێکه‌وت و له خۆوه و یان له داڵغه‌ی سه‌رکرده‌یه‌که‌وه هاتبێت و ڕوویدابێت،
به‌ڵکو سه‌ره‌نجامی ئه‌و هۆیه ئایینی و سیاسی و مێژووییانه و قبووڵنه‌کردنی
شه‌ریکه به‌شێک بوو که بیریان له‌گه‌ڵدا بکاته‌وه و له فیکری ڕێگه‌چاره‌یه‌کدا
بن. به‌ڵکو ئه‌و شۆڤێنیه‌ته‌یان وه‌ها نابینای کردبوون ته‌نها گوێیان له ده‌نگی
خۆیان ده‌گرت و هه‌ڵوه‌دا بوون بوو به دوای ڕێگه‌چاره‌یه‌کدا که بۆ ئه‌به‌د نه‌ک
کورد بێده‌نگ بکه‌ن به‌ڵکو واوه‌تر چووبوون و له فیکری ئه‌وه‌دابوون به
یه‌کجاره‌کی له ڕه‌گه‌زی کورد ڕزگارییان بێت.. و له هه‌مانکاتدا نیشاندانی گه‌ردن
کڵۆفتی و پێشڕه‌وایه‌تیه‌کیش بوو به‌و وڵاتانه‌ی دراوسێ که هه‌مان کێشه‌یان هه‌یه
به‌ده‌ست کورد و که‌مایه‌تیه‌کانیانه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد مێژووییه‌کی دوور و درێژ به‌م هه‌موو په‌تایانه‌وه له‌گه‌ڵ
نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی ده‌نگ هه‌ڵبڕ به‌یه‌که‌وه بووین، نه‌مانتوانیووه و
ناتوانین هێند به ئاسانی خۆمان له نه‌خۆشیه‌کانی ئه‌وان بپارێزین و
ببوێرین.لایه‌نی که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان به قۆناغی ده‌وڵه‌ت بووندا
گوزه‌رابوون، بۆ ئێمه فه‌رهه‌نگێکی باڵاتربوون و هیچیان له ئێمه‌دا دروست
نه‌کردبێ گرێی خۆ به‌که‌م زانینیان له ئێمه‌دا چاندووه و به جێهێشتووه.
ئه‌وه‌شی ئه‌و گرێیه‌ی هه‌بێت، بێزمانه و هه‌میشه بێده‌نگه و ناتوانێت خۆی وه‌ک
خۆی ببینێت و بدوێنێت و به ده‌نگی به‌رزیش له خۆی بدوێت. که‌واته هه‌ر
ئایۆلۆژیایه‌کی دینی یان سیاسی خۆی به‌یه‌که‌م ده‌نگ و دوا ده‌نگی حه‌قیقه‌ت ببینێ
و وێنا بکات ئه‌م کاره‌ساتانه‌ی لێڕه‌چاو ده‌کرێت، فاشیه‌ت.. نازییه‌ت..
سۆسیالیزمیش له‌و مۆدێلانه‌ن. ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه ناسیۆنالیستی و کۆمۆنیستی و
مه‌زهه‌بیه‌کانی له‌مه‌ڕ خۆشمان، خۆیان له‌و خومخانه مه‌عریفیه سیاسی و فیکرییه
هه‌ڵکێشاوه. بۆیه ناتوانن جگه له خۆیان هیچ مه‌یلێکی تریان قبوڵ بێت!
ده‌رهه‌ق به وڵاتانی ئه‌وروپیش ئه‌وان ده‌زگا ڕه‌سمیه‌کانیان له ڕێگه‌ی دوو
دۆکۆمێنته‌وه ئێمه‌یان بینیووه و ده‌بینن، وڵاتانی سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا له بری
ئێمه ئاخفیون و شوناسه‌که‌مان ئه‌وه‌بووه که چاوی ئه‌وان بینیویه‌تی و زمانی
ئه‌وان گوتویانه و میتۆدی ئه‌وان سه‌لماندویانه. چونکه به پێی ڕێکه‌وتننامه
نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان ئێمه سه‌ر به‌و وڵاتانه‌ین.. و ئه‌مه‌ش خه‌ڵات و ده‌ست و دیاری
کۆڵۆنیالسته‌کان خۆیان بوون بۆمان مایه‌وه و گومرگه‌که‌ی ده‌ده‌ین. باسیشمان کرد
ئه‌و وڵاتانه‌ی سێگۆشه‌ی به‌رمۆداش بۆ خۆیان پڕ ئاژاوه و ناسه‌قامگیرن، جا تۆ
وه‌ره شه‌رحی قوربانی بده‌یته ده‌ست جه‌للاده‌که‌ی چی ده‌رده‌چێت؟
دۆکۆمێنته‌که‌ی تریش له‌لایه‌ن ئۆرینتاڵیسته‌کانه‌وه ( ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌کان ) بووه،
که خۆیان سه‌ر به ده‌زگا ڕه‌سمیه کڵێشه‌بازه بیرۆکراته‌کانی ئه‌وروپا خۆی بوون،
که وێنه‌ی سه‌رپێی و ڕووکه‌شیانه و تێکدراوی ئێمه بوون. که‌وابێ ئێمه‌ی
سه‌رکۆنه‌کراو، که‌وتووینه‌ته ژێر کۆمه‌ڵێک بێده‌نگی چین به چینی کۆن و تازه‌ی
که‌ڵه‌که‌کراوه‌وه.
به پێی هه‌ڕه‌می سیاسی نێوده‌وڵتیش ئه‌م وڵاتانه‌ی سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا به پێی
بۆچوونی سه‌میر ئه‌مین له په‌ڕاوێزی وڵاتانی په‌راوێز بووی سه‌نته‌ردان.. ئه‌مه‌ش
عوقده‌ی بچوک بوونه‌وه و خۆ به که‌م زانینی تیا به‌جێ هێشتوون. کو‌ردیش ده‌بێ به
په‌راوێزی په‌راوێز که‌وتووه‌کان. واته ده‌نگێک له کورد بێته ده‌ره‌وه به
کۆمه‌ڵێ ته‌رجومه و فیلته‌ری سیاسی و دیبلۆماسی و کولتووری و ئه‌خلاقی
عوقده‌داره‌کاندادا ده‌ڕوات و ئینجا ده‌گاته ده‌ست ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کانی
ئه‌وروپی! گرفتێکی تریش ئه‌وه‌یه کورد له نێو بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری
خۆیدا فۆرمی وه‌رنه‌گرتووه و به درێژایی مێژووه‌یه‌ک چه‌پێنراوه، بۆیه خۆی به
لاساییکه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌زانێ و زانیووه، بگره به ئاگایی یا
نائاگایی هه‌ڵگری ڕه‌وشه‌کانی ئه‌ویشه و له زۆر بواردا هه‌روه‌ک ئه‌و ڕه‌فتار
ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕژێمانه کوردیان بێده‌نگ ده‌کرد به هه‌ر هۆیه‌ک بێت
که هه‌ندێکیمان خسته‌ڕوو.. هه‌نووکه کورد وه‌فاداره به‌م حیکمه‌تی
ده‌سه‌ڵاتدارییه و خۆی خۆی بێده‌نگ ده‌کات. بۆیه سه‌یر نیه که سه‌رکرده‌یه‌کی
کورد ده‌رهه‌ق به دیسپلین.. له دانیشتنێکدا گوتبێتی: (( سه‌رکرده ده‌بێت وه‌ک
سه‌دام حوسێن بێت)). وه کورد ئه‌و ساته‌وه‌خته ده‌توانێ له جیهانه داخراوه‌که‌ی
ئه‌وان ده‌رباز بێت. که زمانی لێسه‌ندراوی هه‌ر چین و توێژ و گروپێک بگێڕێته‌وه
بۆ ناو ده‌می خۆی و به گفتوگۆ و دانوساندن و به‌یه‌کتر سه‌لماندن و ده‌نگدان و
ده‌ستا و ده‌ستکردنی ورده ده‌سه‌ڵاته‌کان خۆی ئاوه‌ڵا بکاته‌وه. ئه‌مه‌ش
ئاره‌زوویه‌ک نیه.. هێنده‌ی ناسینی ئه‌و فره میتۆده‌ییه یه که مه‌یله
جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵی پێده‌ناسرێ و پێده‌خوێنرێته‌وه.. و ده‌ستنیشانی جێگه و
ڕێگه‌یان ده‌کات و له ڕێی حوکمه‌تێکه‌وه که به یه‌کێتیه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه،
به پێی ده‌ستوورێک که گوزارشت له کۆی به‌رژه‌وه‌ندییه ناکۆکه‌کان ده‌کات
پێکهاتووه. له‌و کاته‌دا حوکمه‌ت شتێک نابێ جگه له ئیداره‌ی ئه‌و
به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه، که لایه‌نگرییان ناکا و دژیشیان ناوه‌ستێت و
هه‌موویان به خۆی ده‌زانێت و سه‌روه‌رییه‌که‌ی ته‌نها له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه
چۆنچۆنی ئیداره‌یان بدات. که ئه‌م پرۆسێسه غایب بوو.. چاوه‌ڕێکراوه
سه‌رکرده‌یه‌ک بێت و له ڕێی میدیای حیزبه‌که‌یه‌وه ڕاشکاوانه بڵێت (( هه‌تا
ئه‌ندازیارێکی حیزبی وه‌ستابێت، کار فه‌راهه‌م نیه بۆ ئه‌ندازیارێکی غه‌یره
حیزبی)). داخوا ئه‌م جیاوازی کردنه‌ی مافی هاوڵاتیان به پێوانه حیزبیه‌کان،
هه‌مان فه‌رهه‌نگی به‌عس نیه به میرات ماوه‌ته‌وه و درێژبووه‌ته‌وه بۆ نێو
فه‌رهه‌نگی سیاسی ئێمه‌ش؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه وه‌فاداری ئێمه بێت و هه‌موو نه‌ته‌وه
کورت بکه‌ینه‌وه بۆ نێو حیزب، که ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه. که‌واته
ده‌نگه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب ده‌نگی گومان‌لێکراو و زۆڵ ده‌رده‌چن. ئه‌مه ده‌لیلی
نه‌بوونی یاسا و ڕێسایه‌که که هاوسه‌نگیه‌ک له نێو مه‌یله جیاوازه‌کاندا
پێکبهێنێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌روو یاساوه نه‌بێت به‌ڵام یاساکانی لای ئێمه
غوڵامی ڕه‌هبه‌ره سیاسه‌تبازه عوقده‌داره‌کانمانن و ئێمه‌ش ڕاده‌هێننه‌وه
له‌سه‌ر توند و تیژی و ژاوه‌ژاو و نه‌خۆشیه‌کان بۆ یه‌کتر ده‌ستاوده‌ست پێده‌که‌ین
وگیانی نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌بێته نوکته‌ی خۆش.
ئایا ئه‌مه‌ش دیسان ڕاهێنانه‌وه‌مان نیه له‌سه‌ر ده‌ست به‌سه‌ردا گرتن و
بێده‌نگکردن؟ چ که‌سێکی هۆشیار و ده‌روون سه‌رفراز ئه‌توانێ بڕوا به ده‌سه‌ڵاتێک
بکات و چاوه‌ڕوانی لێی هه‌بێت، که هاووڵاتیبوون له ڕوانگه‌ی پێڕه‌وی ناوخۆی
حیزبه‌که‌یه‌وه تێده‌گات و ده‌بینێ، و به شکۆداریه‌وه مافی حیزبیه‌ک ده‌دا
به‌سه‌ر ناحیزبیه‌کدا و باس له که‌رامه‌ت و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ش ده‌کات.
ده‌سه‌ڵاتێک ئاوها گومڕایانه بدوێت، سه‌یر نیه هه‌موو شتێک قۆرخ بکات بۆ خۆی و
له‌ززه‌ت له زرنگاندنه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی و له کڕبوون و بێده‌نگکردنی غه‌یره
حیزبیه‌کان ببینێت! ئه‌مه‌ش پێمانده‌ڵێت: شه‌ڕی ئێمه له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌کاندا بۆ
دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی بووه.. نه‌ک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی لێمان
زه‌وتکرابوو، و داخواز و چاوله‌دووی جێگیرکردنی مۆڕاڵ و به‌هاگه‌لێکی ئینسانی بوون
که جێگه‌ی حه‌وانه‌وه و ته‌بایی هه‌موو مه‌یله جوداکانی کۆمه‌ڵگا بێت وه‌کویه‌ک.
پرسیار: ئه‌و هۆکارانه چین که ئه‌نفال له هۆشیارییه‌کی سیاسی ساده‌وه که
ته‌نها له یاد کردنه‌وه‌ی سه‌رپێیانه‌ی ساڵانه‌دا قه‌تیسبووه، ده‌گوازێته‌وه بۆ
هۆشیارییه‌کی کلتووری، له‌و بێده‌نگییه‌ی که خاوه‌نی قسه نییه ده‌گوازێته‌وه بۆ
بیرکردنه‌وه‌یه‌ک به ده‌نگی به‌رز. هه‌روه‌ها ئه‌م بێده‌نگیه چه‌ند په‌یوه‌ندی
به کورد خۆیه‌وه هه‌یه، هه‌م له ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ
ئه‌نفال و هه‌م له ئاستی ده‌سته‌ڵاتی کوردی خۆیدا.
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵآ: به شێوه‌یه‌ک بۆمان ڕۆشنبوه‌وه یادوه‌ری کورد،
یادوه‌رییه‌کی بێده‌نگ کراوه..که‌س و گروپی بێده‌نگ کراویش له‌گه‌ڵ هه‌ر
فرسه‌تێکدا که بۆنی ئازاد بوونی لێبێت، یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی به شڵه‌ژان و
بێسه‌روبه‌ره‌یی و ژاوه‌ژاو ده‌ستپێده‌کات و ده‌رده‌که‌وێ. بۆ خاتری ئه‌وه‌ی وه‌ڵام
به‌و بێده‌نگکردنه دوور و درێژه بداته‌وه که له پشتیه‌وه‌یه‌تی و جڵه‌وکێشی
کردووه.. به‌ڵام نازانێ چۆن! هاوار ده‌کات بژی.. بڕوخێ به‌ڵام ناتوانێ به قووڵی
بیربکاته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و شته‌ی به‌یانی ده‌کات. جنێو ده‌دات به‌ڵام خه‌ون به
ئه‌خلاقی به‌رزی شۆڕشگێڕانه‌شه‌وه ده‌بینێت جارێک ده‌بێته ئۆپۆزیسیۆن و له داخی
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئاستیدا که‌مکار و خه‌مسارده و نابینای ده‌گرێت ئه‌میش
ته‌ڕو وشک ده‌سوتێنێت و ئه‌مه‌ش به ڕادیکالیه‌ت تێده‌گات. جارێک هه‌موو شتێکی
قبوڵه و ده‌ڵێت: باوکم کۆمه‌ڵێکی دواکه‌وتووی وه‌ک ئێمه هه‌روا ده‌بێت و ئافه‌رم
بۆ ئه‌و که‌سه‌ی سوود له‌م فرسه‌ته ده‌بینێت. جارێک هه‌موو شتێکی ڕه‌فزه و
گه‌ره‌کیه‌تی هه‌موو شتیک بۆنی بێگوناهی و پاکیزه‌یی لێبێت. جارێک پێده‌که‌نێ به
مێژووی کۆشش و خه‌باتی خۆی.. و جارێک گاڵته‌ی به هه‌مووشتێک دێت. یان دڵی به
هه‌موو شتێک خۆشه، و ئالوده‌ی تێکه‌ڵی و پێکه‌ڵیه‌کی سه‌یر ده‌بێت!
تێکه‌ڵه و پێکه‌ڵه، چونکه هیچ شتێک ڕێکنه‌خراوه و به ئۆرگانیزه بووندا نه
گوزه‌راوه، ته‌نها ڕێکخراو بوونی حیزبی نه‌بێت به ده‌وری ئایدۆلۆژییه‌تێکدا.
ڕێکخراو بوونیش به پله‌ی یه‌که‌م، هێزی خۆی ئامانجه‌که‌یه‌تی.. نه‌ک مرۆڤ.
مرۆڤبوون به هه‌موو ڕه‌هه‌ندی ئازادی و مافه‌کانیه‌وه به پێودانگه‌کانی خۆی
ده‌پێوێ و به‌گه‌ڕده‌خا و لابه‌لا ده‌کاته‌وه.
ئه‌و شه‌ڕانه‌شی حیزب به‌رپایانده‌کات، له دواجارداهیچ نین جگه له سه‌پاندن و
فه‌رزکردنی ئه‌و بڕوایانه‌ی ئاییننامه‌ی کارکردن و جیهانبینییه‌که‌ین. چونکه
هه‌رحیزبێک جه‌ماوه‌ریبوون و پێشڕه‌وایه‌تیه‌که‌ی هه‌رچیه‌ک بێت ناتوانێت تان و پۆ
و ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌موو نه‌ته‌وه بێت به گشت گروپ و ورده کولتووره‌کانیه‌وه.
جا ئه‌گه‌ر چه‌مکی کولتووریش له ساده‌ترین پێدراوه‌کانیدا : ( چه‌ند گروپێک له
خه‌ڵک به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و یه‌کیان ده‌خات و بیروباوه‌ڕ، ترادیسیۆن، داب
و نه‌ریت، به‌ها و فێربوونه‌کان ده‌گرێته‌خۆ. جه‌وهه‌ری تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر
که‌سایه‌تی ئه‌و مرۆڤانه‌ی په‌یوه‌ستن پێیه‌وه وێنا ده‌کات...تاد ) ئه‌گه‌ر ئه‌م
بنه‌مایه نه‌بوو هه‌ر بنه‌ماڵه و گروپه به پێی باڵاده‌ستی و هێزی ئابووری و
سیاسی و سه‌ربازی خۆی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه گروپه‌کانی تر مه‌سخ و ڕه‌نگڕێژ بکات.
بۆ نمونه مرۆڤناسی ئه‌مه‌ریکی- ڕاس بێندێکت- له کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا،
کولتووره‌کانی دابه‌شکردووه بۆ دوو جۆری ((فه‌لسه‌فی)) و ((پاڵه‌وانی)). له ناو
کولتووری فه‌لسه‌فیدا.. حاڵه‌ته‌کانی وه‌کو قه‌ناعه‌ت، ئاشتیخوازی، میانڕه‌وی و
یه‌کسانی، و ئاره‌زوو بۆ ژیانی هاوبه‌ش، به ئاشکرا زاڵه.
له کاتێکدا له ناو کولتووری پاڵه‌وانیدا ڕه‌فتاره‌کان پشت به شه‌ڕخوازی، ناکۆکی
و به‌ربه‌ره‌کانی، ململانێ، سه‌ربه‌خۆییخوازی، و پله‌وپایه‌خوازی ده‌به‌ستن.
ئه‌زموونه‌کان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پیشانیداوین که کولتووری
پاڵه‌وانبازێتی زمانحاڵی زۆربه‌ی ئه‌و گروپانه‌یه که ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه
بووه و هه‌یه. کوردستانیش ده‌که‌وێته ئه‌و خشته‌یه‌وه و جه‌نگاوه‌رێک زۆر
به‌ڕێزتر و به شکۆتر وبه به‌هاتره له ڕۆشنبیرێک و هونه‌رمه‌ندێک و
ڕۆژنامه‌نووسێک. له کاتێکدا به پێی سیسته‌می کولتووری، به‌رهه‌مهێنه‌رانی
کو‌لتوور.. واته: نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، شاعیران، ده‌رهێنه‌ران له ناوه‌ڕاستی
سیسته‌می کولتوریدان.
که‌چی له فه‌رهه‌نگی باڵاده‌ستکراوی ئێمه‌دا.. لێپرسراوی سیاسی وا هه‌یه به
ئیفتیخارێکه‌وه گوتوێتی: کام شاعیره زۆر به ناوبانگه به چاره‌کێ عاره‌ق
هه‌ڵیده‌په‌ڕێنم! مه‌ئه‌ساته‌که لێره‌دایه هه‌موو بنه‌ماکان قڵپ کراونه‌ته‌وه..
و ئه‌وه‌ی ئه‌ندێشه و روئیا و هزر له مه‌یدانی کولتووریدا ده‌جوڵێنن و ده‌سازێنن
سیاسه‌تبازه‌کانن. سیاسه‌تبازێتیش لای ئێمه هه‌موو مۆڕاڵی کۆمه‌ڵگا له کڵێشه‌ی
ئایۆلۆژییه‌ته‌که‌یه‌وه هه‌ڵده‌هێنجێ و سه‌راپا جومگه هه‌ستیاره‌کانی کۆنترۆڵ
کردووه هه‌ر له دامه‌زراوه کولتوورییه‌کان و دیارده کولتوورییه‌کانه‌وه هه‌تا
مه‌رامه کولتوورییه‌کانیش .
ئه‌م نمایشه کورته‌م به خاتری ئه‌وه نیشاندا هه‌تا پله به پله ڕێگایه‌ک
بکه‌مه‌وه بۆ چونه سه‌ر ڕه‌گی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان، بۆ تێگه‌یشتن و
ڕۆشنبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرفتانه‌ی که بۆچی ئه‌نفال له هۆشیارییه‌کی سیاسی ساده‌وه
ناگوازرێته‌وه بۆ هۆشیارییه‌کی کولتووری! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بونیاد و هه‌یبه‌تی
کو‌لتوور بچوککراوه‌ته‌وه و ئاخنراوه‌ته به‌رنامه‌ی حیزبه‌کانه‌وه و خاوه‌ن
حیزبه‌کانیش خاوه‌نی هه‌موو شتێکن!
هه‌نووکه ئه‌وه قوتابخانه فیکرییه‌کان نین ڕێنوێنیمان ده‌که‌ن که ئایدۆلۆژیا و
باوه‌ڕپێهێنراوه‌کان و به‌هاکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و کار و ژیانمان بپشکنین و به پێی
هه‌لومه‌رجه‌کان خوێندنه‌وه‌ی تازه‌یان بۆ بکرێت و گه‌شه‌یان پێبدرێ و ئاراسته‌ی تر
وه‌ربگرن. به‌ڵکو ئه‌وه ده‌زگا حیزبیه‌کانن به‌های هه‌ر شتێک ده‌رده‌خه‌ن و
ڕه‌فتار و نۆرمی جۆراوجۆری پێده‌ده‌ن و نه‌ته‌وه به ده‌وری سه‌رۆک و دروشمه‌کانی
خۆیاندا کێش و باوه‌خولێ پێده‌که‌ن. حیزبیش وه‌ک هه‌ر گروپێکی تر له سایه‌ی ڕژێمه
دیسپۆتیسته‌کانی پێش خۆیدا خۆی به قوربانی یه‌که‌م ده‌بینێ.. و کۆمه‌ڵگا به
هه‌موو شێوه جیاجیاکانی چه‌وساندنه‌وه وچه‌پێنرانه‌کانیه‌وه له‌سه‌ر خۆی ناونووس
ده‌کا و سیسته‌می بۆری ئاو و کاره‌با و جاده و بانی بۆ چاره‌سه‌ر ناکرێت، که‌چی
سیسته‌م بۆ نوسین و تێکستی نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و بیرکه‌ره‌وه‌کان
داده‌مه‌زرێنێت و مه‌رزی ئه‌خلاقه‌کانمان بۆ ده‌کێشێت.
له‌و بارودۆخه‌دا که غیابی ئه‌خلاق و خه‌ون و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئینسانیانه‌یه
هه‌ر گروپه‌ی ده‌خوازێ وه‌ڵامی یه‌که‌مین به مه‌حرومیه‌ته‌کانی خۆی بداته‌وه.. و
ئاگر بۆ کووره‌که‌ی خۆی بدزێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و ژاوه‌ژاو و گه‌ڕه لاوژه‌یه
به‌رهه‌مده‌هێنێ که ئاماژه‌مان پێ‌کرد. بۆ ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و کێشانه‌ش..
ده‌شێ ده‌ستوورێک هه‌بێت که ماف و ئه‌رکه‌کان سکۆلارییانه و پته‌و به شێوه‌یه‌کی
دادپه‌روه‌رانه له به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا و به‌یه‌که‌وه له خۆ بگرێت و به پێی
په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کان له فه‌وزاوه بگۆڕێت به سیسته‌م.
داخۆ ئه‌م کارانه به هۆی هه‌ژموونی حیزبه‌کانه‌وه ڕه‌خساون و ده‌ڕه‌خسێنرێن؟
پانێڵێکی ئاوهامان هه‌یه که کۆده‌نگی هه‌موو ده‌نگ ده‌رهاتووه‌کان و ده‌زگا و
دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بێت بێ گۆتکردن و سڕینه‌وه‌یان؟ یاخود حیزب
ئه‌خته‌بووتێکه و په‌لی هاویشتووه بۆ نێو هه‌موو کایه کۆمه‌ڵایه‌تیه جیاجیاکان
و له بری هه‌موویان بیرده‌کاته‌وه و ده‌ئاخفێ و بڕیار ده‌دات و ئه‌مه‌ش به‌ئه‌رکی
مێژووکردی خۆی ده‌زانێ و ئێمه به‌س له‌سه‌رمانه ببیستین و پێڕه‌وی له‌و
فه‌رمایشتانه بکه‌ین هه‌تا نان بڕاو نه‌بین و تڕۆمان نه‌که‌ن!؟ هه‌رکاتێ حیزب له
ئاماندا بوو ئه‌وه جه‌ماوه‌ر له به‌خششه‌کان بێخه‌به‌ره.. و ئه‌گه‌ر
له‌ته‌نگژه‌شدا بوو، ده‌م و ده‌ست هاوار بۆ نه‌ته‌وه ده‌برێته‌وه و جه‌ماوه‌ر
تاجی سه‌ر و سه‌روه‌ره.
به کورتی و کوردی ئێمه له گیرفانی کو‌لتوور و مه‌عریفه‌ی تاکڕه‌هه‌ندانه‌ی سیاسی
ناوچه‌که هاتوینه‌ته ده‌رێ و قولانجێک نه‌چوینه‌ته ئه‌ولاوه و ناشمانه‌وێ بچینه
ئه‌ولاوه، به‌ڵگه‌نامه‌کانیش پێمانده‌ڵێن: ئه‌م له‌وه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه بۆ
درێژه‌دان به خۆی ئه‌م ده‌بڵ فه‌یسی (دووڕوویی سیاسی) ده‌خوازێ و - ده‌کارین به
دیبلۆماسیه‌ت ناوزه‌دی بکه‌ین ، چونکه ده‌سه‌ڵاتدارێتی له ڕۆژهه‌ڵاتتدا ئه‌مه‌ی
پێویسته و نامانه‌وێ پله‌وپایه‌مان به هه‌ندێ فه‌نتازیا و خه‌ونی شاعیرانه له
ده‌ست بچێ و بچین - ( ئه‌مه زه‌مزه‌مه‌ی سیاسه‌تبازه‌کانی فه‌رهه‌نگی سیاسیانه‌ی
لای ئێمه‌ن).
هاوڕێی ئازیز.. پێشچوون به خۆزگه و هوتافات و بانگه‌شه نایه‌ته‌دی، به‌ڵکو
میکانیزمی خۆی هه‌یه و دامه‌زراوی کۆمه‌ڵایه‌تی ورده کولتووره پیشه‌ییه‌کان..
ئه‌تنیکیه‌کان.. ئایینیه‌کان.. ناوچه‌ییه‌کان.. لادێنشینه‌کان...تاد ڕۆڵیان هه‌بێت
له زیند و ڕاگرتنی به‌هاکانی خۆیاندا و له ڕێگه‌ی کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و
سیاسیانه‌دا له چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌دا به هاوبه‌شی بژین و درشته کلتووری
نه‌ته‌وه به ڕه‌نگ و ڕووی تایبه‌تیه‌تی ورده‌کلتووره‌کانی خۆیان ببینن و بزانن.
ئا له‌و ئاوێته بوونه ئاره‌زوومه‌ندانه‌دایه هه‌رسێ چه‌مکی ( کۆمه‌ڵگا و کو‌لتوور
و که‌سێتی) له لای- ڕالف لینتۆن- جیاکردنه‌وه‌یان له لای تۆژه‌ره‌کان به
زه‌حمه‌ت ده‌زانرێت.
که‌چی جینۆسایدی ئه‌نفال که زیاتر لادێنشینه‌کانی گرته‌وه، له لایه‌ن ورده
کولتووره‌کانی شاره‌وه، نه هه‌ستیان پێکراوه.. نه بیریان لێکردۆته‌وه. له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی لادێنشینه‌کان ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان بزره و له لایه‌ن
حیزبه‌کانیشه‌وه ته‌نها بووه به که‌ره‌سته‌ی بانگه‌شه و بێخه‌یاڵن له
چه‌رمه‌سه‌ری و میحنه‌ته‌کانیان. ئه‌وه‌تا یه‌کێک له سه‌رکرده‌کان به
دڵنیاییه‌وه ده‌رهه‌ق به ئه‌نفالکراوه‌کان له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت:( وه‌ختی
خۆی که ئیداره‌ی هاوبه‌ش هه‌بوو له نێوان یه‌کێتی و پارتیدا و په‌رله‌مان
دروستبوو، بڕیار بوو له‌و باره‌یه‌وه شتێک بکه‌ن و ڕایبگه‌ێنن که ئه‌وانه
نه‌ماون بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نوسیان مه‌علوم بێت به‌ڵام دوایی دواکه‌وت.. بۆچی دواکه‌وت
نازانم؟ به ڕاستی ده‌بوو زۆر زووبکرایه، چونکه ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی قانوونی و
مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌رعی زۆر زۆر ناسکه!!)
ئه‌ی سه‌رکرده‌ی واقیعبین و دووربین! ئه‌گه‌ر تۆ نه‌زانی بۆچی دواکه‌وتووه و
له‌هه‌مانکاتدا مه‌سه‌له‌یه‌کی قانوونی و شه‌رعی زۆر زۆر ناسکیشه.ئه‌ی کێ ده‌یزانی
له‌ودیو ده‌رگاکانه‌وه چی ده‌گوزه‌را.. له به‌رامبه‌ر چاوه‌ڕوانی بێهودانه‌ی
چه‌ندین ئافره‌ت که شوویان نه‌کردۆته‌وه و له ڕووی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و
عاتیفیه‌وه کێ لێپرسراوه.. داخوا نماینده‌ی ئه‌و خه‌ڵکه کاره‌ستباره‌تان لابوو و
مۆڵه‌تتان پێدان هه‌تا به زمانی خۆیان بدوێن و گوزارشت له خۆیان و ڕێگا چاره‌یه‌ک
بکه‌نه‌وه دوور له ته‌فسیراتی ئێوه؟!
ئایا ئه‌مه فه‌رامۆشکردن نیه و ناگه‌ێنێت.. به مانا ئۆنتۆلۆژی و سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی؟ ئایا ئه‌م بێده‌نگی و بێده‌نگکردنه ڕۆنه‌چووه به مۆخماندا و
نه‌بووه به به‌شێک له کولتووری سیاسیمان؟ هه‌موو به جۆرێک له جۆره‌کان
تاوانبار نین، ده‌رهه‌ق به نیوه تیرۆرکراوه‌که‌ی له‌شی خۆمان. له رووی
سایکۆلۆژییه‌وه ئه‌مه موماره‌سه کردنی جۆرێک له ماسۆشیه‌ت نیه.. له
به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا و بێداربوونه‌وه‌ی سادییه‌تیش نیه له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا و
خه‌مسارد له به‌رامبه‌ر خانه مرێنراوه‌کانی جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌دا؟ ئاخۆ له نێو
ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه سیاسی و کولتوورییه‌دا به - مانا کۆمه‌ڵناسیه‌که‌ی- وه
کۆنترۆڵکردنی هه‌موو جومگه‌کانی کۆمه‌ڵدا چۆن کاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌گوێزرێته‌وه بۆ
هۆشیارییه‌کی کولتووری؟
له بری ئه‌وه‌ی کو‌لتوور زه‌مینه‌یه‌کی وه‌ها بسازێنێت که خود له‌گه‌ڵ خۆی و
ئه‌وانی تردا ئاشتبکاته‌وه و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی بکاته‌وه.. و به
ئیراده‌یه‌کی چاوساغانه‌وه نه کوێرکراوه‌وه پێویستیه‌کانی بناسێته‌وه و
هه‌ڵبژێرێ. دێین و به حیزبیان ده‌که‌ین و له مه‌نگه‌نه‌ی ئایدۆلۆژییایان ده‌ده‌ین
و ناهێڵین خاوه‌نی خودی خۆیان بن. نه‌بادا به‌یانی لێمان قیت ببنه‌وه و
چه‌قوه‌سووانه زماندرێژی بکه‌ن و به کاڵفامی خۆیان یاخی ببن!؟
پێموایه ڕێکخستنی مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵک به موگناتیسێک ده‌چێت، که لێی دراو فڕێ
درایه ئاگره‌وه.. خه‌سڵه‌تی موگناتیسیانه‌ی خۆی ونده‌کات و له ده‌ست ده‌دات، بۆ
ئه‌وه‌ی خۆی ڕێکبخاته‌وه ده‌بێ ئه‌و ئاسنه که پێشوتر موگناتیس بووه له
موگناتیسێکی تر بخشێنرێته‌وه هه‌تا ئاراسته تێکچووه‌کانی خۆی دابمه‌زرێنێته‌وه.
لێره‌دا بنۆڕه حاڵی فێرکردن و په‌روه‌رده له ڕووی پێکهاته و شێواز و
مه‌نهه‌جیه‌ته‌وه له جاران داوه‌شاوتر نه‌بێت، باشتر نیه. بنۆڕه به فه‌رمانی
فڵان سه‌رکرده قوتابخانه ده‌کرێته‌وه.. خه‌سته‌خانه داده‌مه‌زرێ.. خه‌ڵک
ده‌نێردرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بناغه‌ی کۆمپانیا داده‌ڕێژن، ئه‌ی وه‌زاره‌ته
پسپۆره‌کانمان کاریان چیه و بۆچی دانراون؟
به به‌رچاوانه‌یه و مه‌ته‌ڵ نیه، به‌هاکانیش له نێو په‌سه‌ندی ڕه‌نگه
حیزبیه‌کاندا کفن و دفن کراون.. و چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی.. داب و نه‌ریت و
نۆرمه‌کان.. بیروباوه‌ڕه‌کان.. سیسته‌می ژیانی خێزانی، قاڵبه‌کانی قه‌زاو قه‌ده‌ر و
ده‌ستی ئاسنین ده‌یانبات به‌ڕێوه و له جیاتی زمان پژان به ئه‌گه‌ره
تاقینه‌کراوه‌کانی خۆی.. به تێر و ته‌سه‌لی به زمانێکی دوباره بوه‌وه ڵاڵمان
ده‌که‌ن.
ده‌سه‌ڵات.. له کو‌لتوور هیچی ناوێت، ته‌نها ئه‌و ئه‌خلاقه به‌رزه‌ی لێیده‌وێت،
به ئه‌ندامی خێزان و قوتابخانه و مزگه‌وت و دامه‌زراو و ده‌زگاکان بقه‌بڵێنێت (
ئه‌وه‌ت بوێت که من – حیزب- به باشی ده‌زانم بۆت و کڕبه!) چونکه ئێمه
پێشڕه‌وایه‌تیتان ده‌که‌ین. ئیتر ئه‌وه ئه‌خلاقی سیاسیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته و ئاوا
براوه و ده‌ڕوات به‌ڕێوه. به‌ڵێ کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه‌ش له دوا شرۆڤه‌دا یه‌عنی
وابه‌سته، به حیزبیبوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه به‌رده‌وامه هاوبه‌شه‌کانتان، له‌مه
زیاتر بترازێت ئاسایشی نه‌ته‌وه ده‌که‌وێته مه‌ترسیه‌وه! چونکه په‌یوه‌ندی،
هێز، بیروباوه‌ڕ، هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌عنی باڵاده‌ستی حیزبیبوون!! ئه‌م
کرمه‌ڕێزبوونه‌ش به جیاوازی فۆرمالیستانه‌ی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و
سۆسیالیستیه‌کان له جه‌وهه‌ردا له ڕووی فیکرییه‌وه یه‌ک شتن و هه‌ریه‌ک پێی
وایه خۆی نماینده‌ی حه‌قیقه‌ته بۆ چین و نه‌ته‌وه و له دوورنماکانی ئه‌وان
زیاتر هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌کی تر گومانلێکراوه. ئه‌مه‌ش ئه‌و میراته دینیه‌یه(
چۆن هیچ ئیلاهێک نیه جگه له ئه‌ڵڵا) زیاتر!!
له نائاگایی سیاسی و ئایدۆلۆژی هه‌موویاندا کار ده‌کات و لێیان ده‌خوڕێ و ئه‌وانیش
خه‌ڵکی مێگه‌ل ئاسا لێده‌خوڕن.
له زمانی هه‌موویانه‌وه، له‌م ڕاستیه مێژووییه بترازێ ژێده‌ری هه‌موو
توێژینه‌وه‌یه‌ک ئاژاوه‌چێتیه.. دووربینیه‌کیش گه‌رهه‌بێت جۆرێکه له گێره‌شێوێنی
مناڵانه و به‌تاڵه. ئێمه چه‌ندین ساڵه خۆبه‌خشانه به شاخه‌وه بووین
کۆمه‌ڵگای ( کۆمه‌ڵه گای) خۆمان به هه‌ست و پێسته‌وه باش ده‌ناسین.
هێشتا له سه‌ره‌تاداین، خۆ ئێمه ئه‌وروپا نین.. بۆیه ده‌زانین له چ کۆڵانیکدا
ئازادی پێده‌ده‌ین و له چ شه‌قامێکدا لێیده‌سێنینه‌وه. فێری ئه‌وه‌یان ده‌که‌ین
ڕۆڵ و سنوور و به‌کارهێنانیان به چ شێوه‌یه‌ک دروسته و ده‌ڕوات به‌ڕێوه به
خزمه‌تی چینی کرێکار.. و نه‌ته‌وه‌ی کورد.. و ئوممه‌تی ئیمانداری ئیسلام!!! ئێمه‌ش
هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌مێنێته‌وه وه‌کو جاری جاران به دوای دروشمه‌کانیاندا
ببۆڕێنینه‌وه(( هه‌لهۆله لیلحیزب صامد))
کلتووری وڵاته کراوه‌کان کلتووری بیستن نیه به ته‌نها، به‌ڵکو کلتووری ئازادی
بینین و گفتوگۆ و سه‌لماندنیشه. هه‌تا به بێ شه‌رم و ترس و تۆقاندن. ده‌نگ
هه‌ڵببڕرێت و بتوانرێت نهێنیه‌کان بپشکنن و هه‌ڵکۆڵن و له ڕاستی و دروستیان به
شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان دڵنیا بن و شته‌کانی ئایین بده‌نه‌وه به ئایین و حیزب
بده‌نه‌وه به حیزب و په‌روه‌رده بده‌نه‌وه به په‌روه‌رده و حکومه‌ت و
دامه‌زراوه‌کان بده‌نه‌وه به خۆیان، به پێی په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی
به‌ریه‌ککه‌وتن ڕوونه‌دات.. خۆ ئه‌گه‌ر ڕووشیدا که‌متر بێت و چاره‌سه‌ری بۆ
بدۆزرێته‌وه. وه‌کو ترافیک لایت ده‌بێ نیشانه‌کانی هاتووچۆ هه‌بن و بایه‌خه‌کانی
بخرێته ڕوو. ئه‌گه‌ر سێگۆشه هه‌بوو له لای تۆوه، هه‌قی ئه‌ویتره بڕوات. که
نووسرا بوو ستۆپ هێواشی ناکه‌یته‌وه به‌ڵکو ده‌بێت بوه‌ستیت..تاد
تۆ بڕوانه له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان.. له سیسته‌می ڕێگاوبانیانه‌وه ده‌بینیت و
تێده‌گه‌یت سیاسه‌ت له‌و ووڵاته‌دا چۆن به شێوه‌یه‌کی ناچۆڕاڵی ده‌ڕوات به‌ڕێوه و
له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان چۆن ماشێنه‌کان هاتووچۆ ده‌که‌ن تاک و گروپ و چین و
توێژه‌کانیش ده‌چن به‌ڕێووه و که‌مترین به‌ریه‌ککه‌وتن ڕووده‌دات. له‌مه‌وه
هه‌رکاتێ سیسته‌می ڕێگاوبان که به ده‌مار و مولوله‌کانی جه‌سته ده‌چن چاکرا
ئه‌وا تێده‌گه‌ین ئه‌و کۆمه‌ڵه نزیک نه‌بووه‌ته‌وه له سه‌کته‌ی دڵ و ده‌ماغی
کۆمه‌ڵایه‌تی!
پرسیار: ئه‌و پێشنیاره تایبه‌تیانه‌ی ئێوه چین. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌ک
کاره‌ساتێکی سیاسی مێژوویی له یادوه‌ری ئینسانی کورددا به چه‌شنێک بمێنێته‌وه
که هه‌میشه جێی ئاوڕدانه‌وه و قسه‌کردن بێت له سه‌ری له لایه‌ن ئه‌و نه‌وانه‌ی
که له دواڕۆژی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دان؟
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵآ: ده‌شێ نه‌وه‌ی نوێ ئێستای خۆی بناسێت. ئه‌و ئه‌مێستایه‌ی
به ژیان و بوون و خودێتی ئه‌و نامۆ و ته‌کولۆ نه‌بن و له‌وێوه بچێته‌وه سه‌ر
ئه‌و گرفت و کێشه و مه‌رگه‌ساتانه‌ی به‌شێکی زۆریان له یادوه‌رییه‌که‌ی داگیر و
داغان کردوه و پاشه‌ڕۆژیشی لا ناڕۆشن و لا به‌دبین ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش هه‌روا ئاسان
نیه و ناچار ده‌بێت خۆی بۆ کۆمه‌ڵێ جه‌نگ ئاماده بکات. یه‌کێک له‌و ئه‌رکه
به‌راییانه‌ش که ئه‌و جه‌نگه ئه‌قڵانیه پێویستێتی ئه‌وه‌یه.. تێبگات کۆمه‌ڵ
له‌بن که‌ناری حیزبیه‌تدا، ده‌نگی ده‌رنایه‌ت و بوونه ڕاسته‌قینه‌که‌ی شێوێنراوه،
ته‌نها ڕێگایه‌کی کاربڕ و نوێش ئه‌وه‌یه به‌دوی ئه‌و ڕێگایانه‌دا هه‌ڵوه‌دا بێت..
که ژیان و بوون و خودی ئینسانیانیه‌که‌ی بۆ بگێڕنه‌وه و چیتر له نێو ته‌عریفه
سواو و پواو و نه‌زۆکه‌کاندا نابووت و بێ‌مانا نه‌بن. ئه‌مه‌ش نابێت ئه‌گه‌ر
دیسانه‌وه له ناو ئه‌و شتانه‌دا چینه بکه‌ین که ته‌نها ئایدۆلۆژیا و دین پاوانی
کردون و هێز و وزه‌یان له بنه‌ماکانی ئه‌وانه‌وه وه‌رگرتووه و دونیای ئێمه‌یان
پێ ڕێکخستووه و لێکداوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌خوازی هاوڕێیه‌تی فیله‌وان بکه‌یت..
ده‌بێ ماڵێک دروست بکه‌یت، که بۆ فیلیش شیاو بێت. بۆیه ناچار ده‌بێت ماناکان و
سروشتی نیشانه‌کانیان بگۆڕن به فره میتۆدییه‌کی زانستیانه‌ی وه‌ها که ورد
بوونه‌وه و تێڕوانینێکی نوێیان پێببه‌خشێت که له توانایدا بێت.. هه‌موو پنته
په‌راگه‌نده و نادیده و جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵ هاوئاهه‌نگ و هاوهیوا بچنه پێشه‌وه
و، نوێنه‌رایه‌تی ڕۆحی سه‌رده‌میانه‌ی خۆیان بکه‌ن و ئایدۆلۆژیا و ئاینیش له‌و
ڕۆحه کراوه و په‌نگ نه‌خواردو و جۆشسه‌ندووه‌دا به جۆرێکی تر به خۆیان
بگه‌نه‌وه و کۆتایی به سنوور ته‌سکیه‌کانی شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه تاک
ماناییه‌کانیان بهێنن و تێبگه‌ێنرێن ئێوه‌ش ده‌توانن هه‌ر یه‌ک مانا بن.. نه‌ک
هه‌موو ماناکان، یاخود باوکی هه‌موو ماناکان.
ده‌بێ بیروباوه‌ڕه‌کان به کۆتایی خۆیان بگه‌ێنرێن و جێ بۆ بیرکردنه‌وه
به‌رده‌وامه‌کان چۆڵبکه‌ن و بکه‌نه وه، به‌و مانایه‌ی خۆیان وه‌ک یه‌کێک له
ده‌رکه‌وته‌کانی بیرکردنه‌وه له قۆناغێکدا ببینن و، وا مه‌زه‌نه نه‌که‌ن خۆیان
به سروشتی دوا بیرکردنه‌وه‌کان ببینن و بزانن. چونکه وه‌ستان له‌و ته‌نگژه
نائه‌قڵانیه‌دا ئه‌گه‌ری زیاتر و دۆزینه‌وه‌ی زیاتری خۆمان و ژیان و
شارستانیه‌تمان له به‌رده‌مدا ونده‌که‌ن و ده‌سڕنه‌وه و فۆتۆکۆپی ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته دیسپۆتیزمانه‌مان بۆ ده‌که‌نه‌وه که له ڕۆژهه‌ڵاتی ئایین و
ئایدۆلۆژیادا مه‌رگه‌سات خوڵقێن بوون و ده‌بن به هۆی ئه‌و ئه‌قڵه
دوگماگه‌راییانه‌وه. ته‌نها تێبینیه‌ک بیکه‌ن ئه‌وه‌یه که چۆن ده‌سه‌ڵاتی
سیاسیان له کیس نه‌چێت جا کێشه نیه با دونیا و ژیانیش وێران بێت و بسووتێت.
به‌ڵێ که‌نعان مه‌کییه باشی بۆ چووه.. که ده‌وڵه‌تی به‌عس دوای هه‌موو شکستێکیش
پێی وابوو هه‌ر سه‌رکه‌وتووه.. چونکه ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته داخراو و تاکڕه‌هه‌ند و
تاک مانایه شه‌ڕخوازه سه‌لامه‌تی حیزبه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر و هه‌موو نه‌ته‌وه و
بواره‌کانی تر ده‌بینی. چونکه ئه‌و جۆره ئه‌قڵیه‌تانه نیشتمان ومێژوو و
مرۆڤه‌کان و چاره‌نووسیان هه‌ر به خۆیان ده‌زانن به‌ڵام بێ ڕاوێژ و پرس به‌وان.
ئه‌مانه هیچ به‌هایه‌کی ڕاسته‌قینه نابینن بۆ به‌هاگه‌لێک که له ده‌ره‌وه‌ی
لۆژیکی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیاندا هه‌بن. ئه‌م نه‌خۆشیه ئه‌قڵی و ئه‌خلاقی و
وجودییه په‌تایه‌که و پێدزکه‌ی کردۆته ناو ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی جارانی خۆشیه‌وه و،
ئه‌مێستا ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆمان به‌ره به‌ره جارێک به ئاشکرا و زیکزاکی و جارێک
په‌نامه‌کی لاسایی ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر له په‌رستنی سه‌رۆکه‌کانمانه‌وه به
پاڵه‌وانی مێژوویی.. و هه‌ر له قبوڵنه‌کردنی یه‌کتری.. و هه‌ر له دامه‌زراندنی
ده‌زگا و دامه‌زراو و سه‌ندیکای کارتۆنی و ڕامکردن و ده‌سته‌مۆکردنی نووسه‌ران و
هه‌ر له به‌رزکردنه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌رێکی حیزبی بۆ پله باڵاکانی ئه‌فسه‌ری و هه‌ر
له بوژاندنه‌وه‌ی عه‌شیره‌تگه‌ری و دیوه‌خانه‌کان و هه‌ر له خه‌مساردی له
به‌رامبه‌ر ئه‌تککردنی ئافره‌تان و جوانیه‌کانی تر و... تاد
له‌م دۆخه ترسناکه‌دا که به ژێر پێستی کۆمه‌ڵدا ده‌ڕوات، که ئێمه حورمه‌تمان
نه‌بێت بۆ زیندووه‌کان.. ده‌شێ چ چاوه‌ڕوانیه‌کمان هه‌بێت بۆ یادوه‌ری مردووه‌کانی
ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و گه‌لی بازێ و شێخ وه‌سانان و سێوسێنان و کوێ و کوێی تر؟
ئه‌وه نه‌بێت.. ده‌زگا و دامه‌زراوه بێشوناسه‌کان له ڕووی کۆمه‌ڵناسیه‌وه..،
که ته‌نها ڕیشه‌یان ده‌چێته‌وه سه‌رحیزبیه‌کانیان و هێرش و گه‌مارۆدانه‌کانیان
به داخوازی حیزبه و بۆ ڕاگرتنی هه‌یبه‌تی حیزب و وه‌زیفه‌کانێتی. ئیتر گرنگ نیه
هه‌ر شتێک به‌م داخوازی و ڕاگرتنی هه‌یبه‌ت و وه‌زیفه‌یه‌ش ڕێگاکانی خۆی ون بکات.
دروشمه‌کانی حیزب.. ئه‌رک و هه‌وڵ و کۆششه‌کانی حیزب.. گومان هه‌ڵنه‌گرن و
فه‌لسه‌فه‌ی گونجاون بۆ به‌ره‌و پێشبردنی نه‌ته‌وه و ده‌ربازکردنی له نێو
ته‌نگانه و گۆشه‌گیرییه‌کانی خۆیدا و ڕێککردنه‌وه‌ی ناڕێکیه‌کانیشێتی! ئه‌وه‌ی
لاری له‌م میراته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی پێشووش هه‌یه و پێشبینی که‌تن و که‌وتنێکی تر
و گرفت و مه‌ترسی هه‌ناوبڕ ده‌کات و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازتری هه‌یه بۆیان،
گێره‌شێوێنه.. هه‌رزه‌کاری سیاسیه.. شاعیرێکی فه‌نتازی دوور له واقیعه.. هیچ
له باردا نه‌بوو و ترسنۆک و دۆڕاوه.. به‌دبینه.. به گوفتاره و بێ ڕه‌فتاره..
ئه‌نتی ده‌سه‌ڵاته.. فه‌وزه‌وییه.. به کرێگیراوه.. سه‌فسه‌ته‌که‌ره.. تابووری
پێنجه‌مه...تاد
داخوا نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی له نوێیه‌تی خۆی ڕازی بێت و به بنچینه‌ی بکات.. و
بۆ ئه‌وه‌ی تێکنه‌شکێته‌وه له نێو وه‌همی ئایدۆلۆژییه‌ته گه‌وهه‌رتێکشاوه‌کاندا
ده‌توانێ به قاڵب و کڵێشه‌ی ته‌فسیره کۆنه‌کان له نێو ته‌ونه
جاڵجاڵۆکه‌ییه‌کانی ئه‌و هه‌راو زه‌نایه به دامه‌زراوکراوانه‌ی ئایدۆلۆژیا
داماوه‌کاندا ڕێده‌رببا و به شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست به خوده ونبوو و
له‌ده‌ستچووه‌کانی خۆی بگاته‌وه و که‌وتنه‌کانی تێبپه‌ڕێنێت وبه ڕۆحێکی
سه‌رفرازه‌وه بڵێت: چیتر نه پێویستم به‌وه‌یه بت بم.. نه بت په‌رست بم؟
چیتر ئه‌قڵی من.. ده‌روونی من.. بوونی من.. ئازادی من.. مافی من، جێی حه‌وانه‌وه
نیه بۆ ته‌وته‌مه خۆماڵی و بێگانه‌کان! له‌سه‌ر خاسیه‌تی مرۆڤبوونی خۆم چ به
شێوه‌ی ئه‌قڵانییانه.. و چ به شێوه‌ی ڕۆحیانه، له خێزانه‌کاندا..
په‌رستگاکاندا.. قوتابخانه‌کاندا.. دامه‌زراوه‌کاندا، بێده‌نگ نابم و به
چاونه‌ترسیه‌که‌وه که پشت ئه‌ستووره به ته‌وژم گه‌لێکی فیکری و ڕۆشنبیری و
کو‌لتووریی، که ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌داته‌وه به - من- و که‌سایه‌تیه
ئینسانیه‌که‌م و بوێرانه، له نێو ئه‌و ئاژاوه‌گێڕییه سه‌رنگووم که‌رانه‌ی که
نه‌یانهێشتووه نه‌وه‌کانی ئێمه ڕوو له خۆیان بکه‌ن و به هه‌موو بوونیانه‌وه
قوربانیبوون.. و که‌ساسانه‌ش ڕوویان له قاپی و ده‌ستی پڕ ڕه‌حمه‌تی ئایدۆلۆژیا و
سیاسه‌ت و ئایین کردوه و خۆیان به پارێزه‌ری ئه‌م پرنسیپانه نه‌زانیووه که
لێیان داماڵڕاوه: (بوێری بیرکردنه‌وه‌ت هه‌بێت.. بوێری بۆ خۆت بیت.. بوێری ئینسان
بیت- کانت -) هه‌تا له‌وێوه ڕێنموویی و کۆشش بۆ قه‌ره‌بۆی ڕۆحی گونجان و ته‌بایی
بکات. ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به مه‌زنییه‌که‌ی له ده‌ستی بێت، ئه‌و مه‌زنییه‌ی (
که بڕیار بدات خۆی بێت- کانت-) پوخت.. به سێگۆشه‌یه‌کی ده‌چوێنم، لوتکه‌ی ئێستا..
و دوو گۆشه‌که‌ی بنکه‌که‌یشی ڕابردوو.. و داهاتوو بێت.
بتوانێ هارمۆنیکیه‌تێکی پڕ له ڕیتم له نێوان وێنه جیاوازه‌کانی ئه‌و سێ پنته و
نێوانه‌کانیاندا بخوڵقێنێ و بسازێنێ، ئه‌وجا به لێپرسراوه‌یه‌تی له ئاست خۆی و
ئه‌ویتردا، به ده‌روون ڕوونیه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه‌کی قوڵی ئێتیکیانه، نه‌ک
به‌رژه‌وه‌ندی خوازانه.. ده‌توانێ حورمه‌تی زیندووه‌کان و قوربانیه‌کانیش به
به‌های خۆیانه‌وه بگرێت. به بێ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌که‌ری مه‌رجه‌کانی ئیرۆسیه‌تێک
یان تاناتۆسیه‌تێک بێت و ببێته جه‌نگاوه‌ریان، به‌ڵکو له ده‌ره‌وه‌یاندا به‌وه
ده‌گات هه‌موو ئه‌وانه به ( شێوازێک له شێوازه‌کانی بوون ده‌بینێت- ئۆیگین
فینک-)
پرسیار: ئایا ئه‌ده‌بی کوردی به ته‌عریفه جیاوازه‌کانی ئێوه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب چه‌ند
به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م بیرنه‌کردنه‌وه‌دا له ئه‌نفال
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵآ: ئه‌نفال کاره‌ساتێکه له جێگه‌یه‌کدا.. له زه‌مه‌نێکدا
ڕوویداوه، که - جێگیر و نه‌گۆڕ- ه‌کانی ئه‌و ڕووداوه به هه‌موو نهێنیه‌کانه‌وه
ده‌خوازێ زانیاریمان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت و به دۆکۆمێنت بکرێت، هه‌تا به
به‌ڵگه‌وه بچێته خانه‌ی مێژوویی خۆی و له پاڵ تراژیدیا تاقانه‌کانی تری وه‌کو
هۆلۆکۆست له لایه‌ن ئایدۆلۆژییه‌تی نازیستی ئه‌ڵمانیه‌کانه‌وه.. و ئه‌رمه‌نیه‌کان
له لایه‌ن ئایدۆلۆژییه‌تی مه‌زهه‌بیانه‌ی بارگاویکراو به نه‌ژادی تورکه‌وه.. و
بۆسنه‌و ئه‌لبانیه‌کان له لایه‌ن ئایدۆلۆژییه‌تی تۆتالیتاری سربیاوه.. و ئه‌نفال
له لایه‌ن ئایدۆلۆژیای شۆڤێنی عه‌ره‌بی زاخاودراو به ئیسلامه‌وه . ده‌چنه
خانه‌ی فینۆمینه‌وه.. که جیهانی دیارده‌کانه، که له‌سه‌ر (ده‌رکه‌وتن
وئاشکرابوون) وه‌ستاوه. واته ئه‌و جیهانه‌ی له‌به‌رچاوماندایه و به هۆی
هه‌سته‌کانمانه‌وه ده‌یناسین و ئه‌قڵیش ده‌توانێت بیخاته ژێرپرنسیپه‌کانی
خۆیه‌وه به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌قڵانی و مه‌یدانی و زمانی لۆژیکیانه‌ی هزر بسه‌لمێنرێت.
که‌چی ڕه‌وشی ئه‌ده‌ب – ناجێگیر و گۆڕدراوه - به خوازه و ڕه‌مز و هێما و مانا و
نیشانه‌کانیشیه‌وه، که ده‌چێته خانه‌ی نۆمێنه‌وه- واته- ( جیهانی شتێک له
خودی خۆی) که جیهانێکی وون و شاراوه‌یه. ئه‌م دوو چه‌مکه‌ش له‌لایه‌ن ئیمانوێڵ
کانته‌وه هاته نێو ڕێڕه‌وه‌کانی بیری نوێوه. داخوا ئه‌م دوو خه‌سڵه‌ته گۆڕدراو
و نه‌گۆڕاوه چۆن بتوانین تێکه‌ڵبکه‌ین و له یه‌کدی نزیک بخه‌ینه‌وه؟ له کاتێکدا
که ئه‌نفال سه‌ر به زه‌مه‌نی فیزیکی.. و ئه‌ده‌ب سه‌ر به زه‌مه‌نی بێگه‌رد، یان
ئه‌ودیوو زه‌مه‌ن بێت - برجسۆن – به‌و مانایه‌ی ئاراسته‌یان.. زمانیان..
زه‌مه‌نیان.. که‌ره‌سته‌کانیان.. میتۆدییان...تاد. ده‌توانین به دوو ئاراسته‌ی
جیاواز و پێچه‌وانه‌ییدا گوزه‌رانیان ببینین؟ ده‌رهه‌ق به‌م دوو ئاراسته‌یه، نیچه
دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ئه‌و واقیعه‌ی هۆکاره‌کانی- زانین- و ناسینی
مرۆڤ-هه‌سته‌کان- وێنه‌ی ده‌کێشێت، جیاوازه له‌و واقیعه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که
هه‌یه. چونکه لای نیچه جیهانی دیارده‌کان ئه‌و جیهانه‌یه که ئه‌قڵ ده‌توانێت
بیخاته ژێر پرنسیپه‌کانی خۆیه‌وه، ئه‌و جیهانه‌یه که به‌هۆی هه‌سته‌کانه‌وه
ده‌رکی پێده‌که‌ین. به‌ڵام (جیهانی ڕاسته‌قینه) لای نیچه ئه‌و جیهانه‌یه که
هه‌میشه له گۆڕان و وه‌رچه‌رخاندایه و (هۆکاره‌کانی زانینی مرۆڤ) ناتوانن
بیناسن. لێره‌وه ئه‌نفال به‌و دیوه‌ی که ڕووداوه نیوه‌ی سه‌ر به فینۆمینه
وئه‌مه‌ش ده‌خوازێ که له ڕووی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌کانه‌وه، بناسرێ و ناولێبنرێت
و شیبکرێته‌وه و به دۆکۆمێنت بکرێت.
نیوه‌که‌ی دیشی که گۆڕاو و ناجێگیره، له نێو خۆیدایه و شاراوه‌یه و وونه، که
به ڕای نیچه ئه‌مه (جیهانه ڕاسته‌قینه‌که‌یه) ئاشکراکردن و دۆزینه‌وه و
دواندنی ئه‌و جیهانه‌ش ئیستاتیکیانه‌یه و خه‌یاڵی داهێنه‌رانه له‌وێدان و به‌ها
ونبووه‌کانی مرۆڤبوون که، مێژوو زانسته‌کان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوون و
نه‌یانبینیوه. ئه‌م (ئیستاتیکا) ده‌یخاته‌وه سه‌ر ڕه‌وته به‌رده‌وامه - صیرورة
- ناچۆڕاڵیه‌که‌ی خۆی.
ئێمه له تان و پۆی هه‌ردوو بواره‌که‌دا هه‌ژارین و په‌له‌قاژێمانه. وه‌کو
ئاماژه‌مان پێ‌کرد هه‌موو کایه مه‌عریفیه‌کانمان ڕه‌تکردۆته‌وه و ته‌ڵاق داوه یا
ڕاستر شاربه‌ده‌ر کردووه و کورتکردۆته‌وه بۆ کۆمه‌ڵێ وه‌زیفه‌ی ناوئاخن پوچ و
ترسێنه‌ری سیاسی و ئایدۆلۆژی.. و به‌وه‌فا و گوێبیستی په‌ند و وه‌عزه سه‌رخۆشکه‌ر
و فه‌رمانه چۆکپێداده‌ر و په‌یمانه ده‌ستخه‌ڕۆکه‌رو له‌بیرکه‌ره‌کانی ئه‌وان
بووین. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌ێنێت ڕێگاکانی بوونمان ونکردووه و به‌م کاڵفامیه‌مان
نکوڵیمان له بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان کردووه. چونکه.. به کایه مه‌عریفیه‌کانی
تر خۆمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه و نه پشکنیوه و نهێنیه‌کانمان هه‌ڵنه‌کۆڵیووه و ڕێگای
تازه‌مان که‌شف نه‌کردووه و مانای سه‌رده‌میانه‌مان دانه‌ڕشتۆته‌وه و
بره‌وپێنه‌داوه و له جێی مانا سواوه مه‌زهه‌بی و ئایدۆلۆژی و فه‌رهه‌نگی
کۆلۆنیالیستانه‌ی ده‌ر و دراوسێکانماندا. ده‌رباره‌ی نه‌خشه و پێگه‌ی بوونی خۆمان
له نێو ڕوناکی و سێبه‌ری کولتووره جیاوازه‌کانی مرۆڤایه‌تیدا سه‌رنگووم و گومناو
و نه‌بینراو بووین. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌میشه ڵاڵ و
زاره‌تره‌کبین له گێڕانه‌وه‌ی تراژیدیا تاڵه‌کانی خۆمان و له ده‌ستمان نه‌هاتووه
ڕه‌مز و هێما و ماناگه‌لێکی لێ هه‌ڵبهێنجین که له فه‌رهه‌نگی نه‌وه‌کانی
داهاتوودا و جیهانیدا مانادار بن و ببنه ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌گه‌لێک بۆ هه‌موو ئه‌و
ئه‌و بوارانه‌ی گه‌ره‌کیانه به گوتراوه‌کانمان بمانناسن و ناوزه‌دمان بکه‌ن.. و
ئێمه‌ش ڕازی بکات و بڵیین: به‌ڵێ ئه‌وه ئێمه‌ی نرخێنراوین به پێودانگی خودێکی
هوشیار..و مرۆڤێکی ئازاد..و کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه..و مێژوویه‌ک، که ئاوسه به(
ئیراده‌یه‌ک.. که به ووزه ڕۆحیه‌که‌ی هه‌میشه پارێزگاری ژیان ده‌کات و ژیان
بڵاوده‌کاته‌وه- شۆبنهاوه‌ر-)
پرسیار: ئایا ئاستی ئه‌و ترسه شاراوه‌یه‌ی لای ئینسانی کورد هه‌یه به‌رامبه‌ر
کوردبوونی خۆی، ترسێکه خاوه‌نی هێزێکی ڕۆشنبیری وایه که بتوانێت له بری تۆڵه
خۆبکات به هێزێک که هه‌ڵگری لێبووردن بێت. ئایا ئه‌م هێزه چه‌ند ده‌سته‌ڵاتی
کوردی لێی به‌رپرسیاره و چه‌ندیش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ڕۆشنبیره‌کانی به‌رپرسیارن
له پیشاندانی؟
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵآ: ده‌توانین هه‌ر ئێستا له‌و پرسیارانه‌ی به‌ڕێزتان، که
ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێ نووسه‌رتان کردووه‌ته‌وه به جیاوازی دنیابینی و سروشت و
میتۆدی کارکردنیانه‌وه و به ( پێنوسی جیدی) ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌نفال
ناویانده‌به‌یت، به ده‌روازیه‌ک له نه‌ریتی لێبوورده‌یی به گه‌ڕبخه‌ین و
چاولێبکه‌ین و تێبگه‌ین و بڵێین: کۆڕامانێک بێئه‌وه‌ی، هیچ ڕامان و لێکدانه‌وه‌یه‌ک
به دوا ئه‌نجام و ته‌فسیر دابنێین. ته‌نها ئامانج له‌و خوێندنه‌وه و
هه‌ڵسه‌نگاندنه جیاوازانه نیشاندانی هه‌مه‌ڕه‌نگی ئه‌ندێشه و لێکدانه‌وه
جیاوازه‌کانه. بۆ نمایش و خستنه‌ڕووی ڕه‌هه‌ندگه‌لێک له نێوان ( پێنوسه
حیزبیه‌کان) و ( پێنووسه جیدییه‌کان) ده‌خرێته به‌رچاو. هه‌تا له‌لایه‌ن گروپی
سێهه‌مه‌وه تاووتوێ بکرێن و فۆرمێکی تازه‌ی لێهه‌ڵبهێنجرێت. ئا لێره‌دایه
بۆچونه‌که‌ی جون میل سیتوارت میل ده‌مانگرێته‌وه که ده‌رهه‌ق میکانیزمی
لێبورده‌یی ڕای وایه ( دوو باوه‌ڕی دژ به‌یه‌ک، هه‌ریه‌که و به جیا به‌شێک له
هه‌قیقه‌تی پێیه؛ له‌م حاڵه‌ته‌دا- باوه‌ڕی سێهه‌م - بێته ئاراوه.. که وێڕای
جیاوازیشی له‌ته‌ک هه‌ریه‌ک له باوه‌ڕه دژ به یه‌که‌کاندا، له هه‌قیقه‌تی
هه‌ردوولایان به‌هره‌مه‌ند بێت و، کۆی ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ش له- فۆرمی
ئه‌ندێشه‌یه‌کی تازه‌دا- له خزمه‌ت کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا دابنێت). چونکه
گه‌وهه‌ر و کرۆکی لێبووردن ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هیچ هاوپه‌یمانییه‌تێکی ئه‌خلاقی..
فیکری.. ڕۆشنبیری و ئینسانیانه‌دا خۆی شێوه‌باز نه‌کردبێ، ئه‌وه لێبورده‌یی نیه..
به‌ڵکو خۆبه‌که‌مزانینی ده‌روون گرگنی کۆیله‌یه‌که، یان خودمه‌زنی سته‌مکارێکه
که به نه‌یار و جه‌للاده‌که‌ی ده‌ڵێت: بمفلیقێنه‌وه، خۆ منی ماسۆشیست له
دواجاردا له تۆی سادیست ده‌بوورم.. یان به پێچه‌وانه‌وه!! هه‌روه‌ها میل له
سایه‌ی ئه‌و لێبورده‌ییه‌دایه ڕووبه‌ڕوی ئامانجێکمان ده‌کاته‌وه که ئه‌مه‌یه: (
له به‌رامبه‌ر باوه‌ڕه نه‌یاره‌کاندا زه‌مینه بۆ خستنه‌ڕووی باوه‌ڕه
جیاوازه‌کان خۆشده‌بێ و، به‌مجۆره شێمانه‌ی- گرێدانه‌وه‌ی به‌شه‌کانی هه‌قیقه‌ت-
که له نێوان ڕه‌قیبه فیکرییه‌کاندا دابه‌ش بووه، دێته ئاراوه). ئه‌مه ئه‌و
هێزه‌یه که ڕۆشنبیران کاری بۆ ده‌که‌ن، و له پاراستنی- پرنسیپه‌کانی هاتنه
کایه‌ی ئه‌و هێزه‌دایه- به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان لێپرسراوه‌یه‌تیان ده‌که‌وێته
ئه‌ستۆ! لایه‌نی که‌م به شێوه‌یه‌کی پراکتیکی و به‌رجه‌سته پیشانی خۆیشی
ده‌داته‌وه و ده‌سه‌لمێنێ: یه‌ک هه‌قیقه‌ت بوونی نیه و نابێ. ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری
سامانی هه‌قیقه‌تێکی جودا له تۆ بوو نه‌یار نیه.. به‌ڵکو ته‌نها له تۆ جیایه!
ئه‌م نه‌ریته بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه له نێو هه‌موو بوار و ئاسته
جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگادا وه‌کو یه‌ک خۆی نمایش بکات و به‌ڕێوه بچێت، و هیچ گروپێک
هه‌ست به پێشێلکردنی مافی خۆی نه‌کات، و به بنه‌ماکانی هه‌مان پێودانگیش به
ده‌سه‌ڵاته‌کانی تر بێژین: به‌ڕێزینه.. ئایینامه حیزبیه‌که‌ی ئێوه‌ش گوزارشت له
ده‌نگ و ڕه‌نگ و بۆی گشت مه‌یله جیاوازه‌کان ناکات و- ڕۆحی باڵای نه‌ته‌وه- بۆ
ئه‌وه‌ی له نێو مه‌نگه‌نه‌کانی ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاریه‌ته‌که‌ی ئێوه‌دا مه‌حف
نه‌بێته‌وه و پێبگات.. ده‌شێ بوار بۆ ڕاده‌ربڕینی ڕاو بۆچونه جیاوازه‌کانیشی نێو
هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا بهێڵێنه‌وه.. و ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ئێوه ڕه‌وایه،
ده‌شێ هه‌موو گروپه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی تۆش هه‌مان ئامڕاز بۆیان ڕه‌وا و فه‌راهه‌م
بێت. ڕونتر پێیان بگوترێ، چیتر نابێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له لایه‌ن که‌سێکه‌وه
یان گروپێکه‌وه قۆرخ بکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کان دابه‌ش بکرێن.
هه‌تاوه‌کو ( مافه سروشتیه‌کانی تاکه که‌س و – گروپ- سه‌باره‌ت به ژیان و ئازادی
و موڵکدارێتی پێشێل نه‌کرێت- جۆن لۆک-) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بنچینه‌یه‌ش سه‌قامگیر بێت
و ساخته نه‌بێت وه‌کو دروشمه پوچکراو و بێناوه‌ڕۆکه‌کانی ترتان ده‌بێ
( هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که- جیبه‌جێکردن و دادوه‌ری و یاسادانان- له یه‌کتر
جوداکرابێتنه‌وه و چاودێری یه‌کتر بکه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی به‌هێزکردنی
یه‌کتری و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌کانی تر هاوسه‌نگی ده‌کاته‌وه- مۆنتسکیۆ-) ئه‌مه‌ش
ئه‌و ئه‌رکه‌یه که ده‌که‌وێته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی.
بۆ ئه‌م ئه‌رکه ئینسانگه‌رایه‌ش، ده‌بێ هه‌میشه له ڕووی فیکری و ئه‌خلاقیه‌وه،
سروشتی ئه‌و ئاسته‌نگانه بناسین و تێبگه‌ین.. که ده‌بنه هۆی سنووردارکردن و
ئیفلیج کردنی به‌رهه‌مهێنانی پرسی لێبورده‌یی.
به دیوێکی تریشدا نه‌بووه و ناکرێ پاسه‌وان و پارێزگاری ئارامی و ئاسایشی ناو
کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆت نه‌بیت، له له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆتدا بێ‌گرفت و ئارام بچیته
پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی ئارام نه‌بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا.. چۆن ده‌توانێ ئارامی ببه‌خشێت به
ده‌ره‌وه‌ی خۆی؟
ده‌شێ ڕۆشنبیران له‌و دۆخ و ڕه‌وشانه‌دا، نادیده نه‌بن و له‌سه‌رپێ و ده‌ستپێشخه‌ر
بن بۆ ڕه‌خنه و لێتوێژینه‌وه و به توانسته‌کانیان.. خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵات و دام و
ده‌زگاکانیان هۆشیار بکاته‌وه له‌و مه‌ترسیانه‌ی سه‌ری خۆیان و ئه‌زمونه‌که‌شمان
ده‌خوات!