بێده‌نگیی و کۆکوژیی
ئاماده‌كردنی حه‌مه كاكه‌ڕه‌ش
ئه‌م گفتوگۆیه یه‌کێکه له گفتوگۆیه‌کانی کتێبی (
بێده‌نگیی و کۆکوژی*) کتێبی
بێده‌نگیی و کۆکوژیی کۆمه‌ڵێک گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رو ڕۆشنبیرێک دا بۆ
قسه‌کردن ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی ئه‌نفال، له‌مڕۆژانه دا کتێبی( بێده‌نگیی و
کۆکوژیی) ده‌که‌وێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران، به‌چاکم زانی له 20 هه‌مین ساڵ
وه‌گه‌ری کاره‌ساتی ئه‌نفال هه‌ر جاره‌و یه‌کێک له گفتوگۆکان بیخه‌مه به‌ردیده‌ی
خوێنه‌ران.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش.
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
تا کورد خۆی ساخ نه‌کاته‌وه و سه‌نگه‌ری خۆی دیاری
نه‌کات له‌و هاوکێشه‌یه‌ی نێوان زاڵ و ژێرده‌سته، ئه‌وه نا‌توانێ ببێته
داکۆکیکاری ئه‌نفال و ئه‌نفال به‌رز بکاته‌وه بۆ ئاستی گوتارێکی جیهانیی بۆ ماف و
ئازادی کورد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ره‌ورووی جینۆساید ده‌بنه‌وه.
ده‌بێ ئه‌نفال ببێته بنچینه‌یه‌كی مۆرالی-یاسایی بۆ داواکاریی کورد بۆ
قه‌ره‌بووکردنه‌وه و دابنیکردنی مافی قوربانیه‌کان، نه‌ك ته‌نها بۆ پاره
به‌خشینه‌وه و زیادکردنی حه‌زی خه‌رجکردن و ئاره‌زووی بێسنوری به‌فیڕۆدان و
دروستکردنی دیارده‌ی مشه‌خۆری که خه‌ریکه له کوردستان په‌ره ده‌سێنێ، به‌ڵکو بۆ
شه‌رعیه‌تدان به مافی کورد له‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت.
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
پرسیار: ئه‌گه‌ر بهاتایه ئه‌نفال له وڵاتێکی ئیسلامی‌دا ڕووینه‌دایه‌و هه‌روه‌ها
مانایه‌کی ئیسلامیشی پێنه‌درایه، پێتانوابوو ئه‌نفال بتوانرایه نوقمی
بێده‌نگییه‌کی وابکرێت هه‌م له‌لایان وڵاتانی دراوسێوه تا ده‌گاته هه‌موو وڵاته
ئیسلامییه‌کانی دنیا، ئه‌وسا وڵاتانی ئه‌وروپاش.
نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به
ئیسلامه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ستیشه به عه‌قلیه‌تی عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی
عه‌ره‌بیه‌وه. نه‌بوونی گوتارێکی هاوسۆزی عه‌ره‌بی بۆ کێشه‌ی کورد و جینۆسایدی
ئه‌نفال مانای نه‌بوونی عه‌قلی ئازادی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ده‌گه‌یه‌نێ، شکستی
ئازادیی تاکی عه‌ره‌ب و موسڵمان راده‌گه‌یه‌نێ که سیاسه‌تی بێده‌نگی پیاده
ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی وه‌کو ئه‌نفال بناسرێ و مه‌وداکانی به جیهان
بناسێنرێن، ده‌بێ له بازنه‌ی بێده‌نگی بێته ده‌ره‌وه و بخرێته ناو گوتاری سیاسی
و گوتاری تایبه‌ت به جینۆساید و مافی مرۆڤ، واته به جیهاندا بڵاوبکرێته‌وه.
ئه‌مه‌ش که‌سانی به‌ئاگا و رۆشنبیر ده‌بێ پێی هه‌ڵبستن. زۆر که‌م له رۆشنبیرانی
عه‌ره‌ب گه‌یشتۆنه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که بتوانن گوتارێکی سه‌ربه‌خۆ و عه‌قلانی
دابڕێژن له ده‌ره‌وه‌ی گوتاری ره‌سمیی عه‌ره‌بی و په‌نماو به هه‌ستی ئایینی و
نه‌ته‌وه‌یی. نه‌بوونی پاشخانێکی ئێپیستۆمۆلۆژیی له ده‌ره‌وه‌ی ئایین و
وابه‌سته‌بوون به ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیه‌وه رێگایان نه‌داوه به رۆشنبیری
عه‌ره‌ب گوتارێکی پابه‌ند به راستی و ماف و ئازادیی خۆیی و که‌سانی چه‌وساوه و
مافخوراو دابڕێژێ و سیاسه‌تی بێده‌نگی بشکێنێ. ئه‌و وابه‌سته‌یه به ده‌سه‌ڵات و
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیه‌وه و ماف و ئازادی له رووانگه‌ی مه‌سه‌له‌ی
فه‌له‌ستینه‌وه ده‌بینێ. هه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیه‌ک پشتگیری له مه‌سه‌له‌ی
فه‌له‌ستین ب‌کات، ئه‌گه‌ر فاشی و دیکتاتۆریش بێت، بۆ رۆشنبری عه‌ره‌ب ده‌بێته
شوێنی ئیلهام و هیوا و به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی 'ئیمپریالی'.
له‌م باروده‌خه‌دا ئایدیۆلۆگه ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌کان چه‌شنی ده‌سه‌ڵاتداران
مێژوویه‌ک ده‌نووسنه‌وه، گوتارێک داده‌ڕێژن که بێلایه‌ن نیه، رووداوه‌کان له
گۆشه‌نیگای سیاسی و خۆیانه‌وه ده‌خوێننه‌وه و تۆمار ده‌که‌ن بۆ شه‌رعیه‌تدان به
خۆیان و به به‌رده‌وامیی خۆیان و ئایدیۆلۆژیاکه‌یان، به ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی
'خاوه‌ن په‌یامێکی نه‌مر- دات رساله خالده'. تۆمارکردنی ئه‌نفال که ده‌ربڕی
فیکری تۆتالیتاری به‌عس و ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بیه له به‌رژه‌وه‌ندی
ده‌سه‌ڵات و ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌کان و ریساله نه‌مره‌که‌یاندا نیه. بۆیه
له گوتاری رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و گوتاری ره‌سمی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب بێده‌نگی
لێده‌کرێ. تا رۆشنبیری عه‌ره‌ب ته‌جاوزی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و ئایدیۆلۆژیای
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی نه‌کات و سیاسه‌تی بێده‌نگی نه‌شکێنێ، ئه‌وه نا‌توانێ له
سه‌نگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات خۆی به‌رجه‌سته ب‌کات و به‌رگری له
خه‌بات و مێژووی ژێرده‌سته و مافخوراوان ب‌کات و راستییه‌کان و رووداوه‌کان له
گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه تۆمار ب‌کات به جۆرێک که ببێته به‌رگری له ماف و
ئازادیی مرۆڤ. رۆشنبیری عه‌ره‌ب، هه‌روه‌کو که‌نعان مه‌کییه ده‌ڵێ دوو هه‌ڵوێستی
هه‌یه: یا بێده‌نگ ده‌بێت یا که دێته گۆ به بیانووی ئایدیۆلۆژیه‌وه حاشا له
کاره‌ساته‌که لێده‌کات.
ئه‌نفال له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێکی عه‌ره‌بیه‌وه پلانی بۆ دانراوه و
جێبه‌جێکراوه که له خه‌یاڵی گشتیی عه‌ره‌بی وه‌کو پاڵه‌وانێک له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ
که گوایه توانیویه‌تی به‌ره‌ورووی رۆژئاوا بێته‌وه، له‌م رووانگه‌یه‌وه
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و رۆشنبیری عه‌ره‌ب دان به ئه‌نفال دابنێن ئه‌وه خۆیان به‌و
شێوه‌یه‌ی که هه‌ن ده‌سڕنه‌وه . له‌ناو عه‌ره‌ب که‌سانی وه‌کو که‌نعان مه‌کییه
پێویستن که وه‌کو رۆشنبیرێکی جه‌سوری عه‌ره‌ب توانیویه‌تی ته‌جاوزی عه‌قلیه‌تی
زاڵی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ب‌کات و له‌کاتی خۆی هاته گۆ و حه‌قیقه‌تی رژێمی به‌عسی له
چه‌ند گوتارێکی بێلایه‌ن خسته‌روو. به‌ڵام چه‌ند که‌نعان مه‌کییه له‌ناو عه‌ره‌ب
هه‌یه؟ ته‌نانه‌ت رۆشنبیرێکی گه‌وره‌ی وه‌کو ئێدوارد سه‌عیدیش که زۆر نووسه‌ری
کورد ده‌یپه‌رستن ئاماده نه‌بوو رژێمی به‌عس تاوانبار ب‌کات و ره‌خنه‌ی له
نووسینه‌کانی مه‌کیه ده‌گرت و تاوانباری ده‌کرد به‌وه‌ی که 'به‌کرێگیراو' بێت.
رۆشنبیری عه‌ره‌ب بۆ کورد نایه‌نه گۆ، چونکه ئایدیۆلۆژیای ئه‌وان سه‌ره‌ڕای
نه‌ته‌وه‌په‌رستی، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کان بنچینه‌یه‌كی هایرارکی
هه‌یه. له‌ناو خه‌یاڵی گشتیی عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها هی تورک و فارسیش، کورد پایه و
پله‌یه‌کی نزمی هه‌یه و ئه‌و خۆی بۆ ته‌رخان ناکات و داکۆکی لێ‌ناکات. دام و
ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و په‌روه‌رده و کولتوری وڵاتانی عه‌ره‌بیش ئه‌و
ئایدایۆلۆژیایه پیاده ده‌که‌ن. ئه‌نفال له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ره‌سمی
عه‌ره‌بیدا ماوه‌ته‌وه و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه چونکه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ر به
سیسته‌مێکی دیموکراسی و مافپه‌روه‌ر نیه و هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی له
جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات که‌سانی ئازاد و داکۆکیکار له مافی مرۆڤ و راستیی
رووداوه‌کان که‌من تا بتوانن ئه‌و مێژووه ره‌سمیه زاڵه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه شه‌رعیه‌ت بده‌ن به ماف. کوردیش
ئه‌گه‌ر ئیمڕۆ ته‌نها له روونگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه بڕوانێته ئه‌نفال ئه‌وه
نا‌توانێ گوزاره‌یه‌کی راسته‌قینه، به‌و شێوه‌یه‌ی که روویداوه و کورد تێیدا
ژیاوه، له‌و کاره‌ساته ب‌کات.
ده‌رباره‌ی بێده‌نگیی رۆژئاوا، راسته رۆژئاوا له کاتی ئه‌نفال و ژه‌هراویکردنی
کورد بێده‌نگیی پیاده کردووه و رووداوه‌کان له میدیا وه‌کو پێویست قسه‌یان
له‌سه‌ر نه‌کراوه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به هه‌ڵوێستی سیاسیی رۆژئاوا
به‌رامبه‌ر به سه‌دام حوسێن له ساڵانی هه‌شتادا (پێویسته بزانین که میدیا له
هیچ شوێنێک له سه‌دا سه‌د سه‌ربه‌خۆ نیه و پابه‌نده به سیاسه‌ته‌وه). ئه‌گه‌ر
قسه‌شی له‌سه‌ر کرابێ له‌هه‌شتاکان ئه‌وه وه‌کو مه‌سه‌له‌یه‌کی مرۆڤایه‌تی بووه
نه‌ك سیاسی. هه‌روه‌کو بینیمان دوای داگیرکردنی کوێت له لایه‌ن سه‌دام حوسێنه‌وه،
هه‌ڵوێستی سیاسیی رۆژئاوا گۆڕا و ئه‌نفال خرایه ناو رۆژه‌ڤی ده‌زگاکانی میدیا و
رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و بووه مه‌وزوعی لێکۆڵینه‌وه و ریپۆرتاژی میدیای نووسراو
و بیستراو.
پرسیار: ئه‌و هۆکارانه چین که ئه‌نفال له هۆشیارییه‌کی سیاسی ساده‌وه که
ته‌نها له یادکردنه‌وه‌ی سه‌رپێیانه‌ی ساڵانه‌دا قه‌تیسبووه ده‌گوازێته‌وه
بۆهۆشیارییه‌کی کلتوری، له‌و بێده‌نگییه‌ی که خاوه‌نی قسه‌نییه ده‌گوازێته‌وه بۆ
بیرکردنه‌وه‌یه‌ک به ده‌نگی به‌رز. هه‌روه‌ها ئه‌م بێده‌نگییه چه‌ند په‌یوه‌ندی
به کورد خۆیه‌وه هه‌یه، هه‌م له‌ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ
ئه‌نفال و هه‌م له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆیدا؟
نه‌زه‌ند به‌گیخانی :ده‌سه‌ڵاتی کوردی له نێوان ده‌سه‌لاتی زاڵی عه‌ره‌بی- ئیسلامی
و پۆزیسیۆنی خۆی وه‌کو به‌شێک له زاڵبوو-ژێرده‌سته له حاله‌تێکی ئاڵۆزدایه بۆ
گوزاره‌کردن و شه‌رعیه‌تدان به خۆی له لایه‌ك و به کاره‌ساتێکی وه‌کو ئه‌نفالیش
له لایه‌كی دیکه‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ له‌چ
سه‌نگه‌رێکه‌وه بڕوانێته ئه‌نفال؟ سه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاتدار و حیزبی که
رووداوه‌کان به پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و بۆ شه‌رعیه‌تدان به مانه‌وه‌ی
خۆی تۆمار ب‌کات و تاوتوێیان له‌گه‌ڵدا ب‌کات؟ یا سه‌نگه‌ری زوڵملێکراو و
مافخوراوه‌کان، سه‌نگه‌ری خه‌ڵک؟ گومانی تێدانیه که گوزاره کردن له ئه‌نفال و
تاوتوێی سیاسی له‌گه‌ڵیدا ده‌بێ له سه‌نگه‌ری میلله‌ته‌وه بێ و ده‌سه‌ڵاتیش
مێژووی خه‌لک و راستییه‌كان له مه‌ڕ ئه‌نفال وه‌کو روویانداوه تۆمار ب‌کات و به
جیهانی بناسێنێ. ته‌نها له‌م رێگایه‌وه ده‌سه‌لاتی کوردی بواری بۆ ده‌ڕه‌خسێ هه‌م
گوزاره له ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک ب‌کات و هه‌میش شه‌رعیه‌ت بدات به داواکاریی
خه‌ڵکی کورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادی. به‌ڵام ئیمڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کورد له
بارێکی ئاسایی‌دا نیه و زانین و تێگه‌ییشتنی قووڵی پێویسته تا ئه‌نفال چه‌شنی
هۆلۆکۆست له گوتارێکدا جێگیر ب‌کات که ببێته پرینسیپ بۆ داواکردنی ماف و ئازادیی
نه‌ک ته‌نها کورد، به‌ڵکو مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، هه‌روه‌کو چۆن ئیمڕۆ هۆلۆکۆست
بۆته بوارێک بۆ ده‌ربڕین و به‌رگریکردن له پرینسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و ئازادی
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. پێویسته ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆی ساخ بکاته‌وه و
هه‌ڵوێستی هه‌بێ و کاره‌ساتی ئه‌نفال وه‌کو روویداوه بگێڕێته‌وه و بیهێنێته ناو
رۆژه‌ڤی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌وه نه‌ک وه‌كو پارتی یا یه‌كێیتی، به‌ڵکو وه‌کو
ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرن و مه‌ده‌نی بێت راستییه‌کان له‌سه‌ر ئاستی
ناوه‌وه و ده‌ره‌وه ده‌ربڕێت، هه‌ڵه‌كان دیاری ب‌کات و دانیان پێدابنێ، رۆلی
جاشه‌کان دیاری ب‌کات و وه‌کو پێویست بیانداته دادگا، دادگایه‌كی بێلایه‌ن و
سه‌ربه‌خۆ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ربه‌ره‌کانێی سیاسی و حیزبی. ده‌سه‌ڵاتی
عه‌ره‌بی-ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوا و زلهێز بخاته ژێر پرسیاره‌وه، تا کورد خۆی
ساخ نه‌کاته‌وه و سه‌نگه‌ری خۆی دیاری نه‌کات له‌و هاوکێشه‌یه‌ی نێوان زاڵ و
ژێرده‌سته، ئه‌وه نا‌توانێ ببێته داکۆکیکاری ئه‌نفال و ئه‌نفال به‌رز بکاته‌وه
بۆ ئاستی گوتارێکی جیهانیی بۆ ماف و ئازادی کورد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ره‌ورووی
جینۆساید ده‌بنه‌وه.
راستییه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه به ته‌واوی
نه‌زانراون؛ کێ گازی کیمیایی به سه‌دام فرۆشت؟ بۆ جیهان بێده‌نگ بوو له‌و
کاتانه‌ی کورد وه‌کو مێش و مه‌گه‌ز ژه‌هری پێداده‌کرا؟ ئه‌و راستیانه کاتێ
ده‌زانرێن که ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیی مۆدێرن و خه‌مخۆریی گشتی بێت به متمانه و
باوه‌ڕه‌وه بێته‌گۆ هه‌م بۆ ده‌ربڕینی راستییه‌كان و هه‌م بۆ چه‌سپاندنی مافی کورد
وه‌کو نه‌ته‌وه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان به بێ مساوه‌مه بخاته ژێر
پرسیاره‌وه. به‌داخه‌وه ئیمڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌و ئاسته‌دا نیه. دادگاکردنی
سه‌رانی به‌عس و بکه‌ره‌كانی ئه‌نفال که ده‌بوایه ببێته رووداوێکی گه‌وره و
جیهانی بۆ ئاشکراکردن حه‌قیقه‌ت و بۆ شه‌رعیه‌تدان به داواکاری کورد له ئازادی و
سه‌ربه‌خۆییبوون، هه‌روه‌کو بینیمان بچوککرایه‌وه بۆ ئاستێکی ئاسایی ناوخۆ و
بێبایه‌خ له پێناویی راگرتنی ئه‌وه‌ی که خۆیان پێی ده‌ڵێن بالانسی سیاسی له
عێراق (بالانسێک که هه‌رگیز روونادات) و رازیکردنی ئه‌مریکا هه‌روه‌ها له پێناوی
مساوه‌مه‌ی نێوان یه‌كێیتی و پارتی. هه‌روه‌کو بینیمان له دادگاکانی ئه‌نفالدا
مساوه‌مه‌ی نێوان یه‌كێیتی و پارتی گرنگتر بوو له هه‌ڵوێستێکی سیاسی و ئه‌خلاقی
کوردی و به‌رپرس له‌به‌رامبه‌ر کاره‌ساته‌که. مساوه‌مه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دادوه‌ر و
پارێزه‌ر و شایه‌دحاڵ پارتی بن یا یه‌كێیتی! ئه‌مه سه‌نگی سیاسی مه‌سه‌له‌که‌ی
بچوکرده‌وه بۆ ئاستی رووداوێکی ئاسایی و بێبایه‌خ، دواتریش به‌هۆی بارودۆخی
مه‌زهه‌بی له عێواق مه‌سه‌که‌كه بچوککرایه‌وه بۆ ئاستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و خوێن
و سه‌رپه‌ڕاندن، نه‌ک بۆ دابینکردنی عه‌داله‌ت. ئه‌گه‌ر هۆشیارییه‌کی سیاسیی
نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزی له پشت بوایه، ده‌بوایه دادگایی‌کردنی سه‌دام و عه‌لی
کیمیایی ببێته فاکته‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی شایه‌دحاڵ و قوربانیه‌کان گوتارێک تۆمار بکه‌ن
که ببێته گوتاری نه‌ته‌وه، گوتاری کورد بۆ ماف و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی.
پرسیار: ئه‌و پێشنیاره تایبه‌تیانه‌ی ئێوه چین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌ک
کاره‌ساتێکی سیاسی مێژوویی له یادوه‌ری ئینسانی کوردا به‌چه‌شنێک بمێنێته‌وه که
هه‌میشه جێی ئاوڕدانه‌وه‌و قسه‌کردنبێت له‌سه‌ری له‌لایه‌ن ئه‌و نه‌وانه‌ی که
له‌دواڕۆژی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دان؟
نه‌زه‌ند به‌گیخانی: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌کو کاره‌ساتێکی مێژوویی جێگیربێت،
پێویسته له‌سه‌ر ئاستی تاک بگوازرێته‌وه بۆ ئاستی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی، واته
بره‌و به کولتوری یاده‌وه‌ری گشتی collective memory)) بدرێت و ئه‌نفال له
یاده‌وه‌ری گشتیدا جێگیر بکرێت. دواتر ده‌بێ بزانین که ئه‌نفال تاوانه دژی
مرۆڤایه‌تی و ده‌بێ له سنوری ئێتنیکی و نه‌ته‌وه‌یی کورد و جوگرافیای کوردستان
بچێته ده‌ره‌وه و ببێته مه‌سه‌له‌یه‌كی کۆسمۆپۆلیتان و به جیهاندا
بڵاوبکرێته‌وه، واته بکرێته بنه‌مایه‌ک بۆ لێکدانه‌وه و تێگه‌ییشتن له
جینۆساید و پاکتاوی ره‌گه‌زی له‌سه‌رانسه‌ری جیهان. پێویسته ئه‌نفال بهێنرێته
ئاستی هۆلۆکۆست و هۆلۆکۆست به‌کاربهێنری بۆ تێگه‌ییشتن و دیاریکردنی سیاسه‌تی
جیهانی به‌رامبه‌ر به کورد به جۆرێ که کاریگه‌ریی هه‌بێ له‌سه‌ر مافی مرۆڤ و
ئازادی و دادوه‌ری. کێ ده‌توانێ ئه‌مه ب‌کات؟ ئه‌مه ئیراده‌یه‌کی به‌هێزی سیاسی
پێویسته هاوتا له‌گه‌ڵ لۆبیه‌كی کوردی به‌هێز له وڵاتانی دونیا که کێشه‌ی کورد
ببه‌نه پێشه‌وه.
دروستکردنی کولتوری یاده‌وه‌ریی له‌ناو کورد و له‌مه‌ر ئه‌نفال زۆر گرنگ و
پێویسته چونکه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن شایه‌دحاله‌کانی ئه‌نفال نامێنن، بۆ ئه‌وه‌ی
رووداوه‌که له‌گه‌ڵ شایه‌دحاله‌کان نه‌مرێت، ده‌بێ له یاده‌وه‌ری گشتیی کوردی‌دا
جێگیربێت و هۆشیاریی مرۆڤی کوردی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرێ. ئه‌مه‌ش واته ئه‌نفال له
یاده‌وه‌ری تاکه‌وه، تاکی قوربانی، بگوازرێته‌وه بۆ یاده‌وه‌ری گروپ، یاده‌وه‌ری
گشتی، هی نه‌ته‌وه. چونکه هه‌روه‌کو مۆریس هالبۆچ له کتێبی 'ده‌رباره‌ی
یاده‌وه‌ریی گشتی' دا ده‌ڵێ: 'تاک کاتێ ده‌توانێ یاده‌وه‌ری بژێنێته‌وه که
ته‌جاوزی سنوری ئه‌زموونی تایبه‌تیی خۆی ب‌کات و له‌ناو رووانینی گروپ و خه‌یاڵی
گشتیدا خۆی ببینێته‌وه'1
ده‌بێ ئه‌زموونی قوربانیه‌کانی ئه‌نفال ببێته ئه‌زموونی گشت، رابردووی تاکه‌کان
ببێته رابردووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد و رووداو و کاره‌ساته‌کان ببنه کاره‌ساتی
هه‌مووان. ئه‌مه‌ش واته بنیاتنانه‌وه‌ی رابردوو به‌و ئامراز و زانیارییانه‌ی که
له ئێستادا هه‌ن و وه‌رده‌گیرێن. دیاره ئه‌مه پێویستی به به به‌کارهێنانی
سه‌رگوزه‌شته و شایه‌دی و به‌ڵگه‌ی ئه‌وانه هه‌یه که راسته‌وخۆ کاره‌ساته‌که
ژیاون به‌ده‌ر له ناڵانه‌وه و شین و واوه‌یلا که ده‌سه‌ڵات و میدیای کوردی له
ده‌وری ده‌خولێته‌وه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که بنیاتنانی یاده‌وه‌ریی گشتی
ته‌نها له‌م که‌ره‌ستانه، واته له سه‌رگوزه‌شته و شایه‌دی و به‌ڵگه‌ی ئه‌وانه‌ی
که راسته‌وخۆ کاره‌ساته‌که ژیاون پێک نایه‌ت، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیی ئه‌خلاقی و
عاتیفی ئێمه له‌گه‌ڵ رابردوو هه‌روه‌ها ئیراده‌مان بۆ داڕشتن و تۆمارکردنی ئه‌و
یاده‌وه‌رییه رۆلی گرنگی تێدا ده‌بینێ. بێگومان یاده‌وه‌ری گشتی جیایه له مێژوو؛
مێژوو بریتیه له تۆمارکردنی رووداوه‌کانی رابردوو و په‌یوه‌سته به
رابردووه‌وه، به‌ڵام یاده‌وه‌ری گشتی ئه‌و رابردووه له هۆشیاریی گروپ و له
ئێستادا به زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه که ده‌بێ یاده‌وه‌ری
گشتی و تایبه‌تی و ئیراده‌ی سیاسی پێکه‌وه کۆبکاته‌وه، لێر‌ه‌دا هه‌روه‌کو له
هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 2005دا بینیمان و ئێستاش ده‌یبینین گرژی و به‌ربه‌ره‌کانێ
دروست ده‌بێت له نێوان ئه‌وانه‌ی که راسته‌وخۆ کاره‌ساته‌که ژیاون (خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه) ئه‌وانه‌ی که له هۆشیاریاندا زیندووه و وه‌کو گروپ و گشت تاوتوێی
له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن (هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووس و لێکۆڵه‌ر،
واته ئینته‌لیجنسیای کوردی) و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدار.
باسکردن له ئه‌نفال و دروستکردنی کولتوری یاده‌وه‌ری گشتیی ده‌بێ دوو ئاستی هه‌بێ:
له رووی سایکۆلۆژی تاک و له رووی مێژوویی سیاسییه‌وه. له رووی سایکۆلۆژی و
کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی تاکه‌وه قوربانیانی ئه‌نفال خراونه‌ته په‌راوێزی
کۆمه‌ڵگه‌وه و ته‌نها له یادی ئه‌نفالدا و له شین و پرسه‌دا باسیان ده‌کرێت.
ئه‌و کورده‌ی که خۆی کاره‌ساته‌کانی ئه‌نفال نه‌ژیاوه و نه‌بینیوه، بێباکه
به‌رامبه‌ر ئه‌نفال، له‌وانه‌یه له‌رووی عاتیفیه‌وه کاتێ شایه‌تحاڵێک ده‌بینێ
سه‌رگوزه‌شته‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه بوروژێ، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نفال به قه‌زیه‌ی خۆی
نازانێ و هاوسۆزی و پشتگیریی بۆ قوربانیان وه‌کو پێویست نیه. ئه‌مه‌ش به پله‌ی
یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئینته‌لیجنسیای کوردی هێزێکی
ئیپیستۆمۆلۆژیی و هۆشیارییه‌كی سیاسی- نه‌ته‌وه‌یی پته‌ویان له‌مه‌ڕ ئه‌نفال نیه و
کاریان بۆ نه‌کردووه.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نفال له‌سه‌ر دوو ئاست بووه:
ئاستی یادکردنه‌وه که خۆی له پرسه و شین و ته‌غتیه‌ی میدیادا نواندووه له‌گه‌ڵ
ئاستی ماددی و قه‌ره‌بووکردنه‌وه. به‌ڵام با له خۆمان بپرسین ئایا یادکردنه‌وه‌ی
ئه‌نفال بۆ کێیه؟ كێ پێویستی به یادی ئه‌نفال هه‌یه، قوربانیه‌كان یا مرۆڤی کورد
به گشتی؟ قوربانیه‌کان برینه‌کانی ئه‌نفالیان له‌ناو خۆیان هه‌ڵگرتووه و رۆژانه
له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین، ئه‌وان پێویستیان به یاکردنه‌وه نیه، ئه‌و رۆژی
یادکردنه‌وه‌یه ده‌بێ بۆ دروستکردنی هۆشیارییه‌كی سیاسیی کوردی بێت له‌به‌رامبه‌ر
ئه‌نفال. کورد ده‌بێ یادی ئه‌نفال بکاته‌وه وه‌کو کاره‌ساتێکی مێژوویی کاریگه‌ر
له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد. ده‌بێ رووداوه‌که له رووداوی تاکی قوربانیه‌وه
بگوازرێته‌وه بۆ رووداوی نه‌ته‌وه و ببێته کولتور، کولتوری یاده‌وه‌ری گشتی.
ئه‌نفال و میکانیکیه‌تی کاره‌ساته‌که ده‌بێ له‌به‌رنامه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده
و یاسادا جێگیربکرێت بۆ دروستکردنی شوناسێكی گشتی له‌مه‌ر ئه‌نفال.
له سه‌ر ئاستی ماتێریالی، دیاره قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی قوربانیان و چاککردنی
بارودۆخی ژیانیان و پێشخستنی گوزه‌رانیان زۆر پێویست و گرنگه، به‌ڵام ده‌بێ هاوتا
له‌گه‌ڵ ئه‌و بایه‌خه ماتێریالیه، خۆشگوزه‌رانی ده‌روونی و رۆحیش دابینبکرێ.
واته ده‌بێ قوربانیانی ئه‌نفال پشتگیریی ده‌روونییان بۆ دابین بکرێ و هاوکاری
بکرێن بۆ ساڕیژکردنی برینه رۆحی و سایکۆلۆژییه‌کان که به‌ته‌نها به پاره
چاره‌سه‌ر ناکرێن. ئه‌و فه‌راغه رۆحی و سایکۆلۆژییه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که
خه‌ڵکێکی زۆر خۆی له ئایدیۆلۆژیای حیزبه ئیسلامیه‌کاندا بدۆزێته‌وه و بچێته ژێر
باڵی ئه‌وانه‌وه که یاری به هه‌ست و سۆزیان ده‌که‌ن. جگه له‌مانه، ده‌بێ
ئه‌نفال ببێته بنچینه‌یه‌كی مۆرالی-یاسایی بۆ داواکاریی کورد بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه
و دابنیکردنی مافی قوربانیه‌کان، نه‌ك ته‌نها بۆ پاره به‌خشینه‌وه و زیادکردنی
حه‌زی خه‌رجکردن و ئاره‌زووی بێسنوری به‌فیڕۆدان و دروستکردنی دیارده‌ی مشه‌خۆری
که خه‌ریکه له کوردستان په‌ره ده‌سێنێ، به‌ڵکو بۆ شه‌رعیه‌تدان به مافی کورد
له‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت.
پرسیار: ئایا ئه‌ده‌بی کوردی به ته‌عریفه
جیاوازه‌کانی ئێوه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب چه‌ند به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م بیرنه‌کردنه‌وه
له ئه‌نفال؟
نه‌زه‌ند به‌گیخانی: دروستکردنی کولتوری یاده‌وه‌ریی گشتی ئه‌رکی هه‌موومانه،
راسته ئه‌رکی سه‌ره‌کی ده‌که‌وێته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ دروستکردنی
هۆشیارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌مه‌ڕ ئه‌نفال و جێگیرکردنی له به‌رنامه‌کانی
په‌روه‌رده و فێرکردن و یاسادا، به‌ڵام تاکی کورد، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که
هۆشیاره و درک به راستییه‌کان ده‌کات و ئامرازی تۆمارکردن و گێڕانه‌وه‌ی
رووداوه‌کانی له‌ده‌سته، مه‌به‌ستم هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووس
و لێکۆله‌ر و ئه‌کادیمی کورده که من لێره به ئینته‌لیجنسیای کوردی ناوی
ده‌به‌م، ئه‌رکی زۆری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی.
ئه‌وه‌ی شیعرێک یا تابلۆیه‌ک ده‌ریده‌بڕێ کاریگه‌ریی پته‌وتری هه‌یه له‌سه‌ر
خه‌یاڵی گشتی له وتارێکی رۆژنامه‌نووسی و سیاسیی رووت له‌مه‌ڕ کاره‌ساته‌كه.
ئه‌مه لێپرسراوییه‌تێکی مێژووییه و هه‌موومان ده‌گرێته‌وه. ده‌ربڕینێکی
راسته‌قینه له رووداوه‌کانی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی واته
گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌که له تاکێکه‌وه بۆ گروپێک و دروستکردنی هۆشیاریی
نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به ماف و ئازادیی مرۆڤی کورد به تاک و
نه‌ته‌وه‌وه. من له رێگای دیوانێکم، دیوانی زه‌نگوڵی وتن، که ساڵی 2006 به
ئینگلیزی بڵاوبۆوه، له‌ناکاو خۆم بینیه‌وه له رادیۆی بی بی سی و په‌رله‌مانی
به‌ریتانی و فێستیڤاله شیعرییه جیهانییه‌کان بوومه شایه‌تحالێکی جینۆساید،
ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری هه‌بوو له سه‌ر دروستکردنی هۆشیاریی له مه‌یانی خه‌ڵکێکی زۆری
بیانی. ئه‌مه ئه‌رکی ئێمه‌یه و ئه‌گه‌ر وه‌سیله و ئامرازمان هه‌بێت و پێی
هه‌ڵنه‌سین، ئه‌وه نه‌ک ته‌نها که‌مته‌رخه‌مین، به‌ڵکو تاوانباریشین.
به‌داخه‌وه ئینته‌لیجنسیای کوردی نه‌گه‌یشتۆته ئاستی لێپرسراوی به‌رامبه‌ر به
ئه‌نفال. ئینته‌لیجنسیای کوردی له حاله‌تی به‌ستن و نه‌جووڵان دایه و خه‌ریکی
دیاریکردنی شوناسی خۆیه‌تی له به‌رامبه‌ر تورک و فارس و عه‌ره‌ب، واته
له‌به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ر خه‌ریکی دیاریکردنی کوردبوون و کوردایه‌تییه و له‌م
پرۆسه‌یه‌شدا زۆر که‌م رۆشنبیرمان هه‌ن که ته‌جاوزی عه‌قلیه‌تی ئه‌ی ره‌قیبیان
کردبێ، واته عه‌قلیه‌تێکی په‌نماو به سۆزی کوردایه‌تی که له به‌رامبه‌ر ئه‌نفال
و به‌ره‌و دروستکردنی کولتوری یاده‌وه‌ری گشتی له‌مه‌ر ئه‌نفال کاریگه‌ر نیه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو بکه‌ین، ده‌بینین ئه‌و ماوه‌یه‌ی که
زۆرترین بابه‌ت له لایه‌ن کورده‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال نووسرا ئه‌و کاته بوو که
هه‌واڵی فرۆشتنی چه‌ند ئافره‌تێکی کورد به میسر و به‌کارهێنانیان له مه‌لهاکاندا
بڵاوبۆوه. ئه‌مه هه‌واڵێکی دڵته‌زێن بو و دیاره من نکوڵی له دڵسۆزیی نووسه‌رانی
ئه‌و گوتاره ناکه‌م، به‌ڵام ئه‌و گوتاره پڕ بوو له عاتیفه و تووڕه‌یی و رق و
وشه‌ی په‌نماو که ده‌ربڕی کولتوری شه‌ڕه‌ف و نامووس و هه‌ستکردن به ئابڕووچوون
بوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که ژنانی کورد فرۆشراون و رۆژانه ته‌عه‌ددای سێکیسیان
لێده‌کرێ که ده‌بێته مایه‌ی بێشه‌ڕه‌فی بۆ گروپ و نه‌ته‌وه. فرۆشتنی ئه‌و ژنانه
وه‌کو هه‌ر رووداوێکی دیکه‌ی ئه‌نفال به‌شێکه له پرۆسه‌ی جینۆساید و ئه‌گه‌ر
فاکته‌ری کولتوری شه‌ڕه‌ف نه‌بێ کاریگه‌رتر نیه له چیڕۆکی ئه‌و دایکه‌ی که له
زیندان چه‌ند منداڵێکی له برسان ده‌مرن و یه‌كێک له منداڵه‌کانی پێش مردن داوای
خیار ده‌کات. دایکه‌که ده‌ڵی: ئێستاش که بۆنی خیار ده‌که‌م سه‌رم دێته‌ژان و
ده‌که‌وم. ئه‌و گوتاره‌ی ئاماژه‌م بۆ کرد زیاتر خۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌یه‌وه و کوشتنی
فیکر و عه‌قلانیه‌ته و مه‌ودای کولتوری شه‌ڕه‌فیش له‌لای ئینته‌لیجنسیای کورد
ده‌گه‌یه‌نێ نه‌ک به ته‌نگه‌وه‌هاتن بۆ دابینکردنی ماف و دادوه‌ری. رۆشنبیری کورد
ده‌بێ به‌خۆیدا بچێته‌وه و خۆی له‌و جۆره گوتاره رزگار ب‌کات. ئه‌مه له لایه‌ک،
له لایه‌کی دیکه، ئیمڕۆ رۆشنبیری کورد دابه‌شبووه: یا لایه‌نگیری ته‌واوی
ده‌سه‌ڵاته و به هه‌مان شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات گوتاری خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌نفال داده‌ڕێژێ و
پاکانه بۆ سیاسه‌تی کوردی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نفال ده‌کات و زیاتر خه‌ریکی به
ئه‌فسانه‌کردنی سه‌رکرده‌کانه نه‌ک قه‌زیه‌ی کورد، یا به ته‌واوی دژی ده‌سه‌ڵاته
و له ره‌خنه‌گرتندا بوار بۆ لێکدانه‌وه و دیالۆگ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی
ئۆبژێکتیڤانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نا‌هێڵێ و له جه‌مسه‌ره تونده‌کانی هێرش و
مۆنۆلۆگ تێناپه‌ڕێت، له نێوان ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌دا، من فه‌شه‌لی ئینته‌لیجنسیای
کوردی ده‌بینم.
پرسیار: ئایا ئاستی ئه‌و ترسه شاراوه‌یه‌ی لای ئینسانی کورد هه‌یه به‌رامبه‌ر
کوردبوونی خۆی، ترسێکه خاوه‌نی هێزیکی ڕۆشنبیری وایه که بتوانێت له بری تۆڵه
خۆی ب‌کات به هێزێک که هه‌ڵگری لێبوردن بێت. ئایا ئه‌م هێزه چه‌ند ده‌سته‌ڵاتی
کوردی لێی به‌رپرسیاره‌و و چه‌ندیش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ڕۆشنبیره‌کانی به‌رپرسیارن
له پیشاندانی؟
نه‌زه‌ند به‌گیخانی: پێویسته لێکدانه‌وه‌مان بۆ ئه‌نفال له هاوکێشه‌ی هێز و
ده‌سه‌ڵات قه‌تیس نه‌مێنێ. ئێمه پێویستیمان به هێزێکی مه‌عریفی کوردی هه‌یه که
بتوانێ ته‌جاوزی ترس و هاوکێشه‌ی هێزو ده‌سه‌ڵات ب‌کات و رووداوه‌کان وه‌کو خۆیان
بهێنێته گۆ و له داهێنانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی به‌رجه‌سته‌یان ب‌کات. ئه‌مه‌ش
پێویستی به رۆشنبیرییه‌كی کوردیی فراوان و مه‌ده‌نی و چالاک هه‌یه که گوتارێکی
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له رووی زانینه‌وه دابڕێژێ تا ئه‌نفال نه‌ک ته‌نها له سنوری
نه‌ته‌وه‌یی کورد و جوگرافیا‌و کوردستان بباته ده‌ره‌وه، به‌ڵکو وه‌کو پرینسیپێک
بیناسێنێ بۆ دابنینکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی و بیکات به بنه‌ما بۆ ناساندنی
جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی جیهانی. ئه‌وه‌ی هۆلۆکۆستی گه‌یاندۆته ئه‌و ئاسته‌ی که
باسمان کرد زانین و ده‌سه‌لاتی گوتاره هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و
هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ئینته‌لیجنسیای جووله‌كه.
نووسه‌ران ته‌نها هۆشیاری له‌سه‌ر ئه‌نفال دروست ناکه‌ن، به‌ڵکو مۆدێلی گوتارێکیش
داده‌هێنن بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر تاوانه‌کان، له‌سه‌ر قوربانیه‌کان، له‌سه‌ر
پرۆسه‌که به گشتی و بکه‌رانی جینۆساید. ئه‌م کاره پێویسته له داهێنانی تاکه
که‌س قه‌تیس نه‌کرێت و بکرێته پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه و دامه‌زراندنی سێنته‌ری
تایبه‌ت به ئه‌نفال و تیۆری جینۆساید نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی کورد و کوردستان،
به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. رۆشنبیری کورد ئه‌گه‌ر نه‌توانێ پڕۆژه‌ی وه‌ک
گۆڤاری هۆلۆکوست و لێکۆڵینه‌وه‌ی جینۆساید دابمه‌زرێنێ، که ئیمڕۆ یه‌كێکه له
گۆڤاره نایابه‌کانی تایبه‌ت به هۆلۆکۆست و جینۆساید که پرۆفیسۆر و لێکۆڵه‌ری
جیهانی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌وه ده‌بێ کار ب‌کات بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی کورد به‌و
که‌نالانه و داڕشتنی گوتار له‌سه‌ر ئه‌نفال تیایاندا.
کوردبوون وه‌کو ناسنامه حاله‌تێکی چه‌سپاو نیه و به پێی ژینگه‌ی سسیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری له جووڵه و گۆڕاندایه. ترس له ناسنامه‌ی خۆمان به‌رای
من پابه‌نده به نه‌زانی و داخراویی و ناشاره‌زایی له جیهانی ده‌ره‌وه. زانین
نزیکمان ده‌کاته‌وه له حه‌قیقه‌ت و کلیلی ده‌رگای زۆربه‌ی کێشه‌کانه، به‌ڵام
زانینێکی مرۆڤانه و بێلایه‌ن. ترس له‌ناو خودی سه‌ربه زانین و تێگه‌ییشتنی
فراوان بۆ جیهان و ده‌وروبه‌ر جێگای نابێته‌وه، به‌ڵکو باوه‌ڕبه‌خۆبوون و
هه‌ڵسه‌نگاندنی پۆزه‌تیڤ بۆ خود و شوێنی ده‌گرێته‌وه که یارمه‌تی تاک و گروپ
ده‌دات خۆی بێت و به بێ سڵه‌مینه‌وه گوتارێکی راست و دروست دابڕێژێ له‌سه‌ر خۆی و
ئایدیاکانی له ره‌فتار و کرده‌وه‌کانیدا جێگیر ب‌کات. ته‌جاوزکردنی رق و کینه و
تووڕه‌یی واده‌که‌ن که له‌گه‌ڵ خۆمان ئاشت بینه‌وه. ئه‌م تووڕه‌ییه زۆرجار له
هه‌ستکردن به نادادوه‌ری و بێده‌سه‌ڵاتیه‌وه دێ، هه‌روه‌ها له هه‌ستکردن به
که‌می و نه‌توانین و تێگه‌ییشتنی پێویستمان بۆ واقیعی ده‌وروبه‌رمان. ترس و رق و
به‌ربه‌ره‌کانێ رێگرن له‌به‌رده‌م لێبورده‌یی و به‌خشین و رێگا خۆش ده‌که‌ن بۆ
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و بێباکی که خزمه‌ت نه به‌خۆمان وه‌کو تاک و نه‌ته‌وه نه به
قه‌زیه‌که‌ش که ئه‌نفاله ده‌گه‌یه‌نێ. لێبوردن و به‌خشین پرۆسه‌یه ده‌بێ چه‌شنی
پرۆژه‌یه‌ك کاری له‌سه‌ر بکرێ، هۆش و بیرکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر رابهێنرێ، هه‌روه‌کو
ده‌لای لاما ده‌ڵێت، ده‌بێ عه‌قڵی له‌سه‌ر رابهێنین. کولتوری لێبوردن و به‌خشین
له‌لای کورد وه‌کو پێویست کاری له‌سه‌ر نه‌کراوه، به‌داخه‌وه کولتوری
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و توندوتیژی و خوێن و شه‌ڕه‌ف زیاتر بره‌وی هه‌یه. ئه‌مه‌ش
له‌وانه‌یه مه‌به‌سته کاتی و بچوکه‌کانمان تێر ب‌کات، به‌ڵام نامانگه‌یه‌نێته
ئامانجی گه‌وره چ له‌سه‌ر ئاستی تاک و چ له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه.
کۆتایی
Halbwachs, Maurice, On Collective Memory, Chicago: University of Chicago Press, 1992 |
1 |