ئێمه به‌پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارین، چونكه كێشه‌كه هی خۆمانه، به‌ڵام كۆ-
هۆشیاریمان زۆر لاوازه. نه‌ك ته‌نها له‌مه‌ڕ ئه‌نفاله‌وه، به‌ڵكو بۆ سه‌رتاپای
شته‌كان. ئێمه وه‌كو میلله‌ت زۆر شانازی به رابردووه ده‌كه‌ین.
ئه‌حمه‌دی مه‌لا
پرسیار: ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ئه‌نفال له‌وڵاتێکی
ئیسلامی‌دا ڕووینه‌دایه‌و هه‌روه‌ها مانایه‌کی ئیسلامیشی پێنه‌درایه، پێتانوابوو
ئه‌نفال بتوانرایه نوقمی بێده‌نگییه‌کی وابکرێت هه‌م له‌لایان وڵاتانی دراوسێوه
تا ده‌گاته‌هه‌موو وڵاته‌ئیسلامییه‌کانی دنیا، ئه‌وسا وڵاتانی ئه‌وروپاش.
ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئه‌مه هه‌ڵبه‌ته یه‌كێكه له هۆكاره‌كان، به‌ڵام هۆكاری دی
زۆرن. یه‌كه‌م به‌رای من په‌یوه‌ندی بۆ به بێبه‌هایی ئینسان ده‌گه‌ڕێته‌وه
له‌پانتایی جیهانی ئیسلام خۆی كه وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه. ڕاسته
زاراوه‌ی ئه‌نفال له‌نێو مه‌رجه‌عه‌ییه‌تی ئیسلامییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام
له‌كات و شوێنیكی دی به‌كارهێنرا. واته له‌سیاقێكی دێماگۆگی دا به‌كارهێنرا. وه‌كو
ئه‌وه‌ی زاراوه‌ی شه‌ڕی خاچپه‌رستان له لایه‌ن هه‌ندێ گرووپی سه‌له‌فی و
توندڕه‌وه‌و بگره له هه‌ندێ حاڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له لایه‌ن داموده‌سته
موعته‌دیله ئیسلامییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامیش به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌م لاترازانه
مه‌نهه‌جییه گه‌لێ كێشه‌ی بۆ ناوینه‌ته‌وه‌و ته‌نها ئاماده‌گیبوونی خۆی له‌وه ساغ
ده‌كاته‌وه كه‌حه‌شدی هێزه كۆنخواز و ده‌مارگرژه‌كانی دونیای ئێمه بهێنێته جۆش
به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پرۆگرامێكی تێروته‌سه‌ل بێت كه‌بتوانێ كێشه له
بننه‌هاتووه‌كانی ئێمه‌چاره‌سه‌ر بكات. به‌كه‌ره‌سه‌ی كۆن به‌رنگاری دونیای نوێ
ده‌بێته‌وه. ئه‌مه گه‌وره‌ترین شكسته. ئێمه به‌كه‌ره‌سه‌ی كۆن ده‌مانه‌وێ كێشه
هاوچه‌رخه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
ئه‌نفال له‌بوحرانێكی هه‌مه‌لایه‌نییه‌وه ڕووی دا. له‌شكستیی هاوكێشه
دژواره‌كاندا وه‌كو بۆمبێكی ته‌وقیتكراو به‌روومانا ته‌قییه‌وه. ئه‌مه له‌حاڵه‌تێك
دا كه‌هێزه كوردییه‌كان خۆیان له ناو دژواره ناوه‌كییه‌كانی خۆیاندا ده‌ژیان.
بێگومان وڵاته دراوسێكان، ته‌نها ئێرانی لێ بترازێ كه وه‌كو پرۆپاگه‌نده‌یه‌كی
به‌رنامه‌رێژكراو بۆ‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاریهێنا، ئه‌گینا وڵاته‌كانی دی به‌هیچ
شێوه‌یه‌ك نه‌ویستیان و نه‌ده‌شیانه‌وێ ئه‌م كێشه‌یه‌و نه‌كێشه‌ی دیش كه
په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بێت، باسی لێوه‌بكه‌ن. به‌رای من ده‌بێ ئێمه گه‌لێ
فراوانتر بڕوانینه سه‌رتاپای كێشه‌كان. به‌و واتایه‌ی كه ته‌نها نابێت له
دیده‌یه‌كی سیاسییه‌وه بڕوانینه‌كێشه‌ی كوردی، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی
دیاری بكه‌ین و بنه‌ماكانی شیته‌ڵكه‌ین و له دیدی سوسیۆلۆژی و سایكلۆژی و
كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌وه سه‌یری كێشه‌كانی خۆمان بكه‌ین. به‌شێوه‌یه‌كی دی،
ئێمه ده‌بێ تێكهه‌ڵكێشی كێشه‌كانی شارستانییه‌تی خۆمان بین و له‌وێوه ره‌خنه‌كان
ئاماده‌بكه‌ین. ره‌نگبێ حاله‌تی كوردی ته‌قینه‌وه‌ی بوحرانه‌كانی ئه‌و ناوچه
پانوپۆڕه‌بێت كه‌پێی ده‌وترێت رۆژه‌ڵاتی ئیسلامی.
ئه‌نفال تیرۆرێكی ده‌وڵه‌تیی به‌رنامه‌رێژ بوو، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا؟
ده‌سه‌ڵات كاتێ ده‌گاته بنبه‌ست، به‌تایبه‌تی كاتێك سه‌ر به‌بنه‌مایه‌كی كۆنخواز و
تاریكئامێز بێت، ئاماده نییه ئه‌نفال بكاته مێتۆدی خۆی؟ ئایا ئێمه له نێو
خۆمان دا، له ژێر ناوی دیكه كاری وامان نه‌كردووه كه‌ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندی
حیزب و ده‌سه‌ڵاتی گرووپ دا كۆتایی هاتبێت؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئێمه‌ش له‌نێو خۆ،
چه‌كمان كرده زمانحاڵ و شه‌ڕی نێوخۆ ڕووی دا. ئایا مێژووی شه‌ڕه ناوخۆیه‌كان
ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌یه‌كێتی و پارتییه‌وه هه‌یه؟ هێشتا به‌ته‌واوی ئه‌م
بابه‌ته‌مان به‌ته‌واوی باس نه‌كردووه. زۆرجار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برینه‌كانمان
نه‌كوولێته‌وه به‌باشمان زانیوه ئه‌و لاپه‌ڕانه هه‌ڵنه‌ده‌ینه‌وه. ئه‌م
دیارده‌یه ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتێكی وه‌كو فه‌ره‌نسایه كه له‌دوای شه‌ڕی
جیهانی دووه‌مه‌وه هه‌میشه باس له‌سه‌رده‌می ڤیشی ده‌كرێت و ئه‌و قۆناغه تاوتوێ
ده‌كرێت و له‌و باره‌یه لێكۆڵینه‌وه‌و پرۆگرامی ته‌له‌ڤزیۆنی و رادیۆیی و له‌سه‌ر
رووپه‌لی رۆژنامه‌كانیش هه‌میشه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، مێژوو ته‌نها به‌م شێوه‌یه
دروست ده‌بێت، ئه‌گینا خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ده‌مێنێته‌وه.
من كاتێك ده‌ڵێم رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستم له‌جیهانێك
نییه‌كه هاوئاواز و یه‌كگرتوو بێت. كاتێ ده‌ڵێن رۆژئاوا، یا ده‌ڵێین ئه‌وروپای
یه‌كگرتوو، سه‌ره‌رای كێشه‌كانیان، ئێمه‌باس له ئابوورییه‌كی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین،
باس له‌كۆمه‌ڵێ بنه‌ما ده‌كه‌ین كه‌هاوئاوازی ده‌به‌خشێته ئه‌م زاراوه‌یه، به‌ڵام
جیهانی ئیسلامی و تا جیهانی عه‌ره‌بیش، ته‌نها كلێشه‌ن و هه‌روه‌كو تایه‌ر بین
جه‌لوون له‌شوێنێك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت جیهانی عه‌ره‌بی زیاتر ته‌عبیر له
هیوای رۆشنبیره عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كات وه‌ك واقیعێكی ماددی. بێگومان ئه‌مه بۆ
جیهانی ئیسلامیش راسته. ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م دوو جیهانه‌پێكرا گرێ ده‌دات، بنه‌مای
عه‌قڵییه‌ته‌كانه.
ئه‌و ده‌زگا و رێكخراوانه‌شی كه ده‌بنه زمانحاڵی ئه‌و دوو كوتله‌یه ته‌نها هه‌ر
ناون و هیچی دی. بۆیه شتێكی سه‌رنجراكێش نییه وڵاتانی ئیسلام به‌پیری كێشه‌یه‌كی
واوه نه‌ین، هه‌نده‌ی ئه‌وان به‌شێواندنی سه‌مبۆلێك سه‌رگه‌رم ده‌بن، هه‌نده
كێشه‌ی قڕكردن و جینوساید سه‌رگه‌رمیان ناكات. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له ئینحیتاته‌كانی
دونیای ئێمه‌یه : هه‌نده‌ی سه‌مبۆل ده‌مانژێنێ هه‌نده له بۆ ئینسانه‌كان ناژین.
وڵاتێكی وه‌كو عه‌ره‌بی سعوودی ئاماده‌یه باڵێۆزی وڵاتێكی بن دونیا بانگهێش بكات،
چونكه له وڵاته‌كه‌یان ره‌خنه یا توانجیان له‌یه‌كێ له‌ره‌مزه‌كانی ئیسلام
گرتووه، به‌ڵام هه‌مان وڵات ئاماده‌نییه فریای ده‌یان موسڵمان بكه‌وێت، كاتێك
له‌نێوان توركیا و یۆنان پاپۆڕه‌كه‌یان غه‌رق ده‌بێت. یا له‌وڵاتێكی وه‌كو پاكستان،
ملێونان موسڵمان ده‌رژێنه سه‌ر جاده ئه‌گه‌ر ببیستن فلیمێك به‌جۆرێ باسی ئیسلامی
كردوو به‌ڵام هه‌زاران موسڵمان له ئۆردوگاكان ژیان ده‌به‌نه سه‌ر كه‌س ئاوڕیان لێ
ناداته‌وه. یا لای خۆمان، سه‌دان به‌ڵكو هه‌زاران ئاواره‌ی شاری كه‌ركووك له
ئوردۆگاكان ژیانێكی پڕ مه‌ینه‌تیان ده‌برده سه‌ر ، كه‌س نه‌بوو به‌ته‌واوی بچێ
به‌پیریانه‌وه، ئه‌مه له حاڵه‌تێك دا، فیكره‌ی كوردایه‌تی و فیكره‌ی عه‌داله‌تی
كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رنامه‌ی حیزبه‌كانی لای خۆمانن. یا سه‌دان هه‌زار فه‌له‌ستینی
له‌ئۆردوگاكانی لوبنان و شوێنانی دیكه، كه‌س هه‌وڵ نادات وه‌زعیان چاك كات، چونكه
وا ده‌زانرێت به‌و شێوه‌یه مافی گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه ، یا
زه‌ربه‌یه‌ك له‌كێشه‌ی فه‌له‌ستینی ده‌درێت. له‌م چه‌ند نموونه‌یه كه‌دوانیان
سه‌ر به‌فیكره‌ی ئاینین و دوانه‌كه‌ی دیش سه‌ر به‌فیكره‌ی نه‌ته‌وین، هه‌ست
ده‌كه‌ین به‌یه‌ك شێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئینسان دا ده‌كرێت. واته فیكره له
ئینسان گرینگتره، یا ئیدیال له سه‌رووی ئینسانییه‌وه. ئه‌مه له‌حاڵه‌تێك دا كه
فیكره، ئایدیۆلۆژیا، ئاین ده‌بێ له‌خزمه‌تی ئینسانه‌كان دا بێت. ئه‌مه
گه‌وره‌ترین شكستی دونیای ئێمه‌یه.
سه‌یر ده‌كه‌ین له وڵاتانی ئه‌ورووپا، له‌ئه‌مه‌ریكا، كاتێك ئینسانێكیان تووشی
نه‌هامه‌تی دێت، له‌شكرێكی بۆ ته‌یار ده‌ده‌ن تا فریای بكه‌ون و رزگاری بكه‌ن.
ملێونان ئینسانی رۆژهه‌ڵاتی له ئه‌ورووپا یا له ئه‌مه‌ریكا كاتێ تووشی كاره‌ساتێك
دێن، كه‌س خۆی ناكاته خاوه‌نیان. ئه‌مه‌بێ به‌هایی ئینسان روون ده‌كاته‌وه.
پرسیار: ئه‌و هۆکارانه چین که ئه‌نفال له هۆشیارییه‌کی سیاسی ساده‌وه که
ته‌نها له یادکردنه‌وه‌ی سه‌رپێیانه‌ی ساڵانه‌دا قه‌تیسبووه ده‌گوازێته‌وه بۆ
هۆشیارییه‌کی کلتوری، له‌و بێده‌نگییه‌ی که خاوه‌نی قسه‌نییه ده‌گوازێته‌وه بۆ
بیرکردنه‌وه‌یه‌ک به‌ده‌نگی به‌رز. هه‌روه‌ها ئه‌م بێده‌نگییه‌چه‌ند په‌یوه‌ندی
به‌کورد خۆیه‌وه هه‌یه، هه‌م له ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ
ئه‌نفال و هه‌م له‌ئاستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆیدا؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئێمه به‌پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارین، چونكه كێشه‌كه هی خۆمانه،
به‌ڵام كۆ- هۆشیاریمان زۆر لاوازه. نه‌ك ته‌نها له‌مه‌ڕ ئه‌نفاله‌وه، به‌ڵكو بۆ
سه‌رتاپای شته‌كان. ئێمه وه‌كو میلله‌ت زۆر شانازی به‌رابردووه‌و ده‌كه‌ین و له
زۆرباریش دا ته‌نها ئاوڕ له‌رابردوو ده‌دینه‌وه. به‌ڵام ئه‌م ئاوڕدانه‌وه
نوستالژیانه به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه. ئێمه میلله‌تێكین كۆ-زاكیره‌مان زۆر كزه‌و كه‌م
كارمان له‌سه‌ری كردووه. به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تی هێشتا مێژووی ئه‌م سی چل ساڵه‌مان
نه‌نووسیوه‌ته‌وه. هه‌نده پاپه‌ندی سیاسه‌تی حیزبی و ته‌كه‌تول و خزمایه‌تی و
خێڵایه‌تین، هه‌نده هه‌وڵی ئه‌وه‌مان نه‌داوه شتێكی نه‌ته‌وه‌یی وا بهێنینه
ئاراوه كه له‌سه‌رووی ئه‌م ئیعتیباراتانه‌وه میكانیزمی خۆی دروست بكات. هه‌موو
باسی نه‌ته‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌میان به‌ته‌واوی بۆ نه‌ته‌وه ئیش ده‌كه‌ن.
به‌دێماگۆژی به‌كاریده‌هێنن. زۆر جار نه‌ته‌وه له‌چه‌ند گۆرانی و هه‌ڵپه‌ركێیه‌كی
فۆلكلۆری پێكدێت له‌ته‌له‌ڤزیۆنه‌فه‌زائییه‌كان پێمانی ده‌فرۆشن. ئه‌مه‌حاله‌تێكی
زۆر نزمی فیكری نه‌ته‌وایه‌تییه.
به‌سه‌ركردنه‌وی ساڵانه‌ی بۆنه‌و ساڵیاده‌كان زۆر جار هه‌نده ره‌سمییانه
به‌ڕێوه‌ده‌چن كه هیچ رۆحێكی تێدانامێنێ. ئێمه‌ته‌نها كاتێك ته‌جاوزی ئه‌نفاله‌كان
ده‌كه‌ین كاتێك كه رێزمان بۆ تاكی كوردی ده‌بێت و یاسا به‌رقه‌رار ده‌بێت و
خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ینه تاقه ئامانج. تا ئه‌مه نه‌كرێ، ئێمه بڕوا
ناكه‌ین ئه‌م خیتابه دووباره‌و سواوانه هیچ سودێكیان هه‌بێت.دیموكراسی ته‌نها
له‌سنووقێك پێكنایه‌ت كه ماوه نا ماوه به پارچه كاغه‌زێك پڕ كرێته‌وه‌و
پرۆپاگه‌نده‌ی بۆ بكرێت! دیموكراسییه‌ت گه‌وره‌رترین مه‌ترسییه بۆ سه‌ر
ده‌سه‌ڵاته‌كانی لای ئێمه. بۆیه هه‌میشه پاشه‌قوول ده‌دۆزینه‌وه. دیموكراسییه‌ت
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ته‌داولی ده‌سه‌ڵاته به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه، له‌پرۆگرامی
ئابووری و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی هتد پێكدێت.
له جیهانی ئێمه‌دا هێشتا بیریی ره‌خنه ئامێز نه بۆته به‌شێك له‌كاره‌كته‌ر و
كه‌سایه‌تیمان. گرینگیی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌می فه‌ره‌نسا له‌رووی فه‌لسه‌فه‌وه
به‌رهێنانی ئه‌م چه‌مكه بوو كه ئێستا به‌شێكه له‌كه‌سایه‌تی فه‌ره‌نسی، با ناوی
دیدرۆ و ڤۆلتێر و هیترانی نه‌بیستبێت، سه‌یر ده‌كه‌ین ئه‌م حاڵه‌ته لای
ئیسپانییه‌كان رووی نه‌داوه، ره‌نگبێ په‌یوه‌ندی به‌فرانكیسمه‌وه هه‌بێت كه‌چل ساڵ
رژێمێكی تۆتالیتاری له‌سه‌ر حوكم بوو، ره‌نگیشه بۆ دوورتر په‌ل بهاوێژێت. لای
ئێمه‌ته‌نها چه‌مكه‌كانی ستایشكردن و زه‌مكردن له‌نێو عه‌قڵییه‌تمان جێی بۆته‌وه.
ئێمه ته‌نها له‌بواری سیاسه‌ت نا، به‌ڵكو له‌بواری رۆشنبیریی و بواره‌كانی دیش.
بۆیه‌ئێمه ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین كار له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌ت و ره‌فتار و هه‌ڵسكه‌وت و
كه‌سایه‌تیمان بكه‌ین، چونكه ئه‌نفال ته‌نها ناو نییه، به‌ڵكو موماره‌سه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌شه‌ستوسێ رووی دا، هه‌مان شت بوو. حه‌ڵاڵكردنی خوێن و سامانی كورد بوو.
باشه له‌و ده‌مه‌وه تا زه‌مانی ئه‌نفال، ئێمه چ لكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌مان سه‌باره‌ت
به‌رووداوه‌كانی ساڵانی شه‌ست كرد؟ مێژوو هه‌میشه ئاماده‌یه خۆی
دووباره‌بكاته‌وه، كاتێ ده‌رزی ته‌واوی لێ وه‌رنه‌گێرێت. ئه‌مه یه‌كێكه له‌و
هۆكارانه‌ی كه‌كاره‌سه‌ته‌كانی هۆلۆكۆست سه‌باره‌ت به جووله‌كه‌كانی ئه‌وروپا،
ئیمڕۆ به‌تێروته‌سه‌لییه‌وه ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه مێژوویه‌كی زیندوو
و چالاك، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌مان مه‌رگه‌سات دووباره نه‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێستاش كه‌ده‌سه‌ڵاتی كورد ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات نابنه گه‌ره‌نتی بۆ ئه‌وه‌ی
قه‌یرانه‌كانی نه‌ته‌قنه‌وه. چونكه هه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات
رابردوو بكاته ڕه‌مز یا ره‌مزاندی رابردوو هه‌وڵی ئه‌وه نادات كه ئه‌و ره‌مزانه
به‌ره‌و دونیای ئاینده وه‌رچه‌رخێنێ. چونكه‌كاتێك كه‌ره‌مز تووشی پڕبوون و
ساتووره بوون دێت، ده‌بێته‌قه‌یران و ده‌ته‌قێته‌وه.
پرسیار: ئه‌و پێشنیاره تایبه‌تیانه‌ی ئێوه چین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌ک
کاره‌ساتێکی سیاسی مێژوویی له یادوه‌ری ئینسانی کوردا به‌چه‌شنێک بمێنێته‌وه که
هه‌میشه جێی ئاوڕدانه‌وه‌و قسه‌کردنبێت له‌سه‌ری له‌لایه‌ن ئه‌و نه‌وانه‌ی که له
دواڕۆژی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دان؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئه‌وه‌ی كه گرینگه جگه له هۆكاره راسته‌قینه‌كانی
به‌رپابوونی كاره‌ساتێكی له‌م چه‌شنه، كار له‌سه‌ر زاكیره‌بكه‌ین. نه‌ك ته‌نها
سه‌باره‌ت به‌ئه‌نفال به‌ڵكو بۆ هه‌موو مێژوومان. له زۆرباردا هه‌ندێ جار من هه‌ست
ده‌كه‌م ئێمه میله‌تێكی بێ مێژووین. له زۆر رووه‌وه راسته. زۆرجار كتێبی مێژوو
نوسانی كوردزمان ده‌گرینه ده‌سته‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین حی‌كایه‌تمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه.
مێژوو زانسته‌و حیكایه‌تی فیكسیۆنه. نامه‌وێ لێره ناوی كه‌س بێنم چونكه ئه‌وانه‌ی
خۆیان به‌مێژووه‌وه خه‌ریك كردووه كه‌من، له‌نێو ئه‌م كه‌مییه‌ش، مێژوو وه‌كو
زانست ئیشی بۆ نه‌كراوه. ئه‌مه هه‌ڵبه‌ته بۆ مێژوو ئه‌ده‌ب و زمان و فه‌رهه‌نگ
هتد ڕاسته.
میلله‌تی بێ مێژوو واته میلله‌تی بێ ئێستا و بێ ئاینده. ره‌نگه كه‌مێ زیادڕه‌وی
تیا بێت، به‌ڵام زۆر له‌حه‌قیقه‌ته‌وه راسته. له‌م په‌نجا سه‌د ساڵه‌ی دوای زۆر
كاره‌ساتمان به‌سه‌را هات. كه‌م كه‌س بابه‌تیانه باسی له‌مه‌ڕ مێژوو كردووه.
ده‌بێ بوار بده‌ینه مێژوونووسان و ئه‌كادیمیه‌كان كه‌به‌م كاره‌هه‌ڵسن. نه‌بێته
كاری حیزبایه‌تی. زۆر جار كتێبێكی مێژوو ده‌خوێنیته‌وه، یا مێژووی حیزبه یا باس
له‌جوامێریی ئه‌مه‌و ئه‌و ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بخرێته سیاقه گشتییه‌كه‌یه‌وه‌و
شته‌كان بابه‌تییانه باس كرێن. ئه‌مه دۆگما دروست ده‌كات. ئێمه ده‌بێ زۆر ده‌رز
له‌حوكمی سه‌دام فێر بین. ته‌نها له‌دیده‌نیگای كوردییه‌وه سه‌یری رژێمه‌كه‌ی
نه‌كه‌ین، نه‌یكه‌ینه ده‌عبا. به‌ڵكو ئه‌كادیمییانه‌و زانستییانه ئیشی له‌سه‌ر
بكه‌ین، چونكه‌سه‌دام به‌ته‌نها به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌نفال نییه، سه‌دام دیكتاتۆر بوو
به‌ڵام به‌ته‌نها ئیشی نه‌ده‌كرد.
له‌ده‌وری ئه‌و كه‌سه، داموده‌زگاكانی رۆشنبیریی، په‌روه‌ره‌ده‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی،
هونه‌ری، ئه‌ده‌بی هتد، ئه‌مه له پاڵ داموده‌زگا پۆلیسسیه‌كان. ئه‌وه‌ی ده‌بێ
بوترێت، تا عه‌یامێكی زۆری تر، ده‌بێ هه‌موو كارێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌كانی
ئه‌نفال جارێكی دی دووباره‌نه‌بنه‌وه.
زۆرجار حیزب له‌توانای دا نییه‌هه‌موو شته‌كان وه‌كو خۆی بگێڕیته‌وه، شته‌كان رووت
كاته‌وه‌و به‌چاوێكی ره‌خنه‌ئامێزه‌وه سه‌یری دونیای ده‌ره‌وه‌و واقیع بكات، چونكه
خۆشی رووت ده‌بێته‌وه. ئه‌و، ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپارێزێت، هه‌نده باسی
نه‌ته‌وه ده‌كات كه زه‌ربه به‌ر خۆی نه‌كه‌وێت، هه‌نده باس له ئه‌نفال ده‌كات
كه لێشاوه‌كه خۆی نه‌بات. ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌خه‌ریكی ره‌مز دروستكردنه، چونكه وا
هه‌ست ده‌كات ره‌مز ده‌بێته شوورا بۆی، به‌ڵام ئه‌مه له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه
راست نییه، چونكه كاتێك ره‌مز كه‌ڵه‌كه ده‌به‌ستێت و تووشی لێواولێوی دێت،
ده‌بێته فاكته‌رێكی رووخێنه‌ر.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال له مێژووی ئێمه‌دا ببێته خاوه‌ن ده‌لالاتی زیندوو و
له‌خزمه‌تی ئێستا و ئاینده‌مان بێت، پێویسته بابه‌تییانه مێژوومان بخوێنینه‌وه.
ئه‌مه بۆ چه‌مكی شه‌هید و قوربانی و پێشمه‌رگه‌و هتد راسته. ده‌بێت ئه‌م
مه‌فهوومانه له‌ره‌مزاندن رزگار بكه‌ین و بیانكه‌ینه چه‌مكی به‌رهه‌مێناندنی
ئاینده.
پرسیار: ئایا ئه‌ده‌بی کوردی به‌ته‌عریفه جیاوازه‌کانی ئێوه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب چه‌ند
به‌رپرسیاره له به‌رده‌م بیرنه‌کردنه‌وه له ئه‌نفال؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئه‌نفال پێش هه‌موو شتێك كاره‌ساتێكی ئینسانی گه‌وره‌یه. ئیسانی
له مه‌فهوومه هه‌ره‌تایبه‌تییه‌كانی. ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه له‌مانا
هه‌ره‌گشتییه‌كانییه‌وه. كاره‌سات واقیعه. واقیعیكی تاڵ و تراژیدی. ئه‌ده‌ب
خه‌یاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌یه‌و دامه‌زراندنه‌وه‌و رێكخستنه‌ویه‌تی له‌رێگای
زمان و وێنه‌و ده‌سته‌واژه‌و ئیستیعاره‌و هتد. ئه‌م دوو چه‌مكه نابێ تێكه‌ڵ كه‌ین.
یه‌كه‌میان لێپرسراوییه‌و دووه‌میان گه‌مه‌یه. ( نابێ لێره به‌چاوێكی سووكه‌وه
سه‌یری گه‌مه بكه‌ین).
به‌لای منه‌وه ئاستی یه‌كه‌م زۆر گرینگه. دووه‌میان گرینگییه‌كه‌ی له ئاستی تاكه
كه‌س دایه.
ئێمه‌تا ئێستا رۆمان و شانۆمان له‌مه‌ڕ كاره‌ساته تراژیدییه‌كانمانه‌وه
نه‌نووسیوه. چیمان له‌سه‌ر ئاشبه‌تاڵه‌كه‌ی حه‌فتاوپێن نووسی، كێ چی له‌سه‌ر
گه‌ڕاوه‌كان نووسی كه ره‌وانه‌ی باشوور ده‌كران. ئه‌ی بۆ شه‌ڕ و شۆڕه‌كانی دی؟
شۆرشه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری
به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئێمه‌یا زیندووكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆر بووه یا چیرۆكی دڵه‌راوكێی
هه‌رزه‌كارێك بوو به‌ده‌ست موخابه‌رات و ئه‌منه‌وه.
بۆ ئه‌نفال چه‌ند شیعرێك نووسران و یه‌ك دوو شانۆ و چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك و
مۆزه‌خانه‌یه‌ك و چه‌ند شتێكی دیكه. به‌ڵام نه‌بووه هانده‌ر بۆ دۆزینه‌وه شیكلێكی
نۆیی نووسین. رێبازێكی نۆێی ته‌عبیری پێ نه‌بوو. واته به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی
نه‌یتوانی كاره‌ساته تێپه‌ڕێنی و رووناكی ببه‌خشێته ئاینده.
له‌كۆتایی دا ئێمه‌هه‌موومان له‌یه‌ك گۆماو ده‌ژین.
پرسیار: ئایا ئاستی ئه‌و ترسه‌شاراوه‌یه‌ی لای ئینسانی کورد هه‌یه‌به‌رامبه‌ر
کوردبوونی خۆی، ترسێکه‌خاوه‌نی هێزیکی ڕۆشنبیری وایه‌که‌بتوانێت له‌بری تۆڵه‌خۆی
بکات به‌هێزێک که‌هه‌ڵگری لێبوردن بێت. ئایا ئه‌م هێزه‌چه‌ند ده‌سته‌ڵاتی کوردی لیی
به‌رپرسیاره‌و و چه‌ندیش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ڕۆشنبیره‌کانی به‌رپرسیارن
له‌پیشاندانی؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا: له‌راستی دا من ده‌توانم كێشه‌كانی خۆمان له‌ژێر"گرفته‌كانی
به‌كوردبوون" بخوێنمه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی سیاسییه، كێشه‌یه‌كی
كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكلۆژییه‌و له‌دوا پێناسه‌دا به‌گرێی نێوزه‌د ده‌كه‌م. ئینسانی
كورد له‌نێو ره‌حمی ترسه‌وه له دایك ده‌بێت و له نێو كۆمه‌ڵی دڵه‌راوكێ دا
ده‌ژێت. یه‌كێ له‌هۆكاره‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی شناسنامه‌یه‌كی
راسته‌قینه، به‌ڵام به‌ته‌واوی له‌و كوردستانه‌ی كه به‌ئازاد ناوده‌برێت، كاری
ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته نه‌كراوه. ترس له باوك، ترس له‌خۆ گه‌وره‌تر، ترس
له‌قوتابخانه ترس له‌حیزب، ترس له‌به‌رگی خاكی، ترس،،،ترس. ئینسانی لای ئێمه له
منداڵدانی ترسه‌وه به‌رده‌بێته‌وه.
كاتێك دێینه وڵاتانی وه‌كو ئه‌ورووپا ئینجا دێینه‌وه ئاگا كه ئینسانی دیكه له
سه‌ر رووی زه‌مین دا ده‌ژێت، ئینجا ده‌زانیی راستگۆیی و نه‌ترسان و لێپرسراویی و
ئیشكردن و هه‌وڵدان هتد چییه.
بۆیه به‌رای من، یه‌كێك له فاكته‌ره هه‌ره سه‌ركییه‌كانی مێژووی سیاسه‌ت
له‌جیهانی ئێمه، فاكته‌ری ترسه. ئه‌م فاكته‌ره زۆر به وریایی و شاره‌زایی و
لیزانییه‌وه ده‌سه‌ڵات ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات. ئاین و سیاسه‌ت، وه‌كو ته‌واوكه‌ری
یه‌كتری ئیش له‌سه‌ر ترس ده‌كه‌ن. یه‌ك ئه‌ویتر ئاو ده‌دات.
ئه‌م ترسه ئینسانی كورد تووشی ئیفلیجبوون ده‌كات و نابێته مایه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی
به‌پێز، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رهه‌مێكی ئیفلیجی لێوه دێته‌وه به‌رهه‌م. سه‌ره‌تا
ده‌بێ، ئینسانی كورد له‌ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆی خۆی نه‌ترسێت. به‌ڵكو فیری لێپرسراوی و
ئه‌رك و ماف بكرێت. واته ببێته خاوه‌ن بوونێكێ یاسایی و ئاسایی، ئه‌مه له‌پاڵ
كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی. ئه‌مه‌ش، به‌ڵكو ئا ئه‌مه‌یه كه‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی
گه‌ره‌كی نییه. چونكه دروستكردنی ئینسانی هۆشیار له‌كۆتایی دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی
خۆی كۆتایی نایه‌ت.
تا رۆشنبیرانی لای ئێمه‌ش هه‌میشه له‌پاڵ ده‌سه‌ڵات دا ژیاون. له‌سێبه‌ری ئه‌و دا
گه‌وره‌ده‌بن، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاش به‌گه‌رم و گوڕییه‌وه ره‌خنه ده‌گرن به‌ڵام
له‌دوا قۆناغ دا له باوه‌شی ئه‌ودا لێی ده‌كه‌ون. ئه‌مه‌حاڵه‌تێكی كوشنده‌یه. ئه‌و
مووچه‌ی ده‌داتێ و باره‌گای بۆ دروست ده‌كات و ته‌مویلی گۆڤار و په‌رتووك و
رۆژنامه‌كانیی ده‌كات. ئه‌گه‌ر جاران نه‌یده‌توانی له رۆژنامه ره‌سمییه‌كانی
رژێمی پێشوو به‌ئاسانی بابه‌ت بڵاوبكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێستا به‌ئاسانی شته‌كان
بڵاوده‌كرێنه‌وه. به‌ڵام كێشه‌كان لێره‌وه‌سه‌رهه‌ڵناده‌ن.
چونكه حكومه‌ت، یا راستر حیزب وامان تێده‌گه‌یه‌نێ كه‌ئه‌و نیمچه ئازادییه‌ی كه
هه‌یه ئه‌و به‌ده‌ستی هێناوه به‌ڵكو ئه‌و خاوه‌نێتی و ئه‌ویش ئێستا ئه‌و
ئازادییه به‌گه‌ل ده‌به‌خشێت.
بۆیه هێشتا نه‌مانتوانییوه رۆشنبیرییه‌كی ئازاد دروست بكه‌ین، چونكه رۆشنبیر
نه‌یتوانییه‌وه به‌نووسین بژێت، كه‌واته یا له ده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌تی ئیش
ده‌كات، یا ئیشێكی دووه‌م ده‌كات و زه‌ربه له به‌رهه‌می نووسینی ده‌دات. حاله‌تی
یه‌كه‌م ناتوانی به‌رهه‌می ساغڵه‌م دروست بكات و دووه‌میشیان ده‌بێته هاوی و
وزه‌راسته‌قینه‌كه‌ی له ئیشی دووه‌م دا سه‌رف ده‌كات.
به‌رای من كاتێك له هه‌موو هۆكاره راسته‌قینه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی به‌عسمان
كۆڵییه‌وه ئه‌و كات ده‌توانین بڵێن ته‌جاوزی خۆمانمان كردووه، چونكه به‌عس
زاهیره‌یه‌كه تا ماوه‌یه‌كی زۆر تیامانا ده‌ژێت. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێن كه دیارده‌ی
به‌عس دیارده‌یه‌كی عه‌ره‌بی نییه، دیارده‌یه‌كی زۆر گشتییه، ده‌كرێ گه‌راكانی زوو
پێبگه‌ن و كرسیتاله‌ببن و ببنه‌وه به‌فاكته‌ری روخێنه‌ر. چونكه زه‌مینه‌ی
به‌عسییه‌ت زۆر له‌باره. هه‌موو فیكرێك كاتێك نه‌یتوانی به‌ته‌واوی واقیعی خۆی
بخوێنێته‌وه‌و فیكره‌ی نه‌ته‌وه‌بوو به‌ئایدیال، گه‌رای به‌عسییه‌ت داده‌نێ.