شه‌ڕی ڕۆشنبیریی ئێمه ده‌بێت ئاراسته‌ی ئه‌و خۆئه‌ڤینییه ترسناك و دیدكوژه
بكرێت، كه واده‌كات ده‌سه‌ڵاتێك له دایكبێت به‌دنازییه‌كی ناڕه‌وا به‌سه‌ر
ته‌واوی كۆمه‌ڵگادا بكات
به‌ختیار عه‌لی
پرسیار/ ئه‌گه‌ر بهاتایه ئه‌نفال له وڵاتێكی
ئیسلامی‌دا ڕووینه‌دایه و هه‌روه‌ها مانایه‌كی ئیسلامیشی پێنه‌درایه پێتانوایه
ئه‌نفال بتوانرایه نوقمی بێده‌نگییه‌كی وابكرێت، هه‌م له لایه‌ن وڵاتانی
دراوسێوه تا ده‌گاته هه‌موو وڵاته ئیسلامییه‌كانی دونیا، ئه‌وسا وڵاتانی
ئه‌وروپی؟
به‌ختیارعه‌لی: بایه‌خنه‌دان به كاره‌سات و بیرچوونه‌وه‌ی به‌شێكی گرنگی مێژووی
مرۆڤه. مرۆڤایه‌تی كه‌مجار كاره‌ساته گه‌وره‌كانی مێژووی خۆی بیرده‌مێنێت. ئه‌و
كۆمه‌ڵگایانه‌ی مێژووییه‌كی درێژیان له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا هه‌یه، یاده‌وه‌رییه‌كی
لاوازتریان له كۆمه‌ڵگاكانی دیكه هه‌یه. یه‌كێك له ئامانجه گه‌وره‌كانی
مۆدێرنه، ئه‌وه‌بوو كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی تازه دابمه‌زرێنێت،
به‌ڵام هه‌ر خودی مۆدێرنه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی هێنایه مه‌یدان كۆمه‌ڵگایه‌ك
سه‌رهه‌ڵبدات به كه‌ره‌سته جه‌نگییه‌كانی مۆدێرنه پڕچه‌ك بێت و به ڕه‌وشت
عه‌قڵیش نوقمی كۆنخوازی و ترادسێۆن په‌رستی بێت. ئه‌م ئه‌گه‌ر وایكرد له نێوان
مۆدێرنه‌ی زانستی و مۆدێرنه‌ی ئه‌خلاقیدا پرده‌كان بڕوخێن و له‌مپه‌ره‌كان
گه‌وره‌بن. گه‌شه‌ی شێتانه‌ی زانست و بازرگانی واده‌كه‌ن زیره‌كی زانستی مرۆڤ وه‌ك
زیره‌كی ئه‌خلاقیانه‌ی نه‌بێت. كاتێك مۆدێرنه كورتده‌بێته‌وه بۆ مۆدێرنه‌یه‌كی
زانستی و دیوه ئه‌خلاقییه‌كه‌ی خۆی ده‌دۆڕێنێت، ئیدی كۆمه‌ڵێك مۆدێلی ترسناكی
حوكمكردن به‌رهه‌مدێت، كۆمه‌ڵێك مۆدێل له وێنه‌ی ده‌وڵه‌تی نازی و ستالینی و
به‌عسی. به‌بڕوای من ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی ئیسلامی سیاسی هاوچه‌رخیش له‌سه‌ر هه‌مان
هێڵی فاشی ده‌جوڵێته‌وه. به‌عس ده‌وڵه‌تێكی به‌ده‌وی بوو كه خۆی فێری فڕۆكه
لێخوڕین كردبوو، ده‌وڵه‌تێك به ئه‌خلاقیاتی خێڵێكی سه‌ره‌تاییه‌وه، به‌ڵام
خاوه‌نی دواهه‌مین و نوێترین شێوه‌ی چه‌ك بوو. ده‌بێت بزانین كه ململانێی هه‌ره
گه‌وره‌ی ئێستای دونیا له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده‌دایه، ده‌وڵه‌تگه‌لێك كه
ده‌یانه‌وێت سوود له ڕووه زازستێكه‌ی مۆدێرنه ببینین، بێئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده
كلتووری و ئه‌خلاقییه‌كه‌ی قه‌بووڵبكه‌ن. بۆ نمونه.. ئێران ده‌یه‌وێت خاوه‌نی
چه‌كی ئه‌تۆم بێت، هه‌موو جۆره ته‌كنۆلۆژیایه‌كی مۆدێرن بێت، به‌ڵام مل بۆ هیچ
جۆره كرانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و فیكری نه‌دات. لێره‌وه شارستانێتی دینی
خۆرهه‌ڵاتی له ناوه‌وه‌ڕا تووشی كه‌رتبوونێكی كوشنده هاتووه، فاشیزمی به‌عس
سه‌ره‌تای مۆدێلی یه‌كه‌می ئه‌و فاشیزمه دینییه‌ی ئه‌مڕۆ بوو. خودی فاشیزمی دینیش
له سه‌ر بنه‌مایه‌كی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تی دامه‌زراوه كه جیاكردنه‌وه‌ی مۆدێرنه‌ی
زانستییه له مۆدێرنه‌ی ئه‌خلاقی. له ئه‌خلاقیاتی به‌ده‌ویدا، مرۆڤ وه‌ك
بوونه‌وه‌رێكی گشتی و چوونیه‌ك بوونی نییه، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه ته‌نیا له ناو
قه‌بیله و عه‌شره‌تدا مانای هه‌یه. ئینسان وه‌ك مه‌خلوقێكی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نیا
به‌های خۆی له خۆیه‌وه وه‌رناگرێت له له‌دایك نه‌بوونه‌وه. مرۆڤ له كلتووری
ئێمه‌دا بۆ ساتێكیش له بیردا نه‌بووه، تا له‌وه سه‌رمان بسوڕمێت بۆ له
یادچۆته‌وه. ئه‌نفال درێژكراوه‌ی كولتووری له یادچوونه‌وه‌ی ئینسانه. له ڕاستدا
زۆر قووڵ بڕوانین شتێك نییه ناوی له بیركردنی ئه‌نفال بێت، شتێك نییه ناوی
بێده‌نگ بوون بێت ده‌رهه‌ق به ئه‌نفال، به‌ڵكو شتێكی گشتی‌تر هه‌یه ناوی
بیرچوونه‌وه‌ی ئینسانه. له هه‌رجێگایه‌كدا مرۆڤ وه‌ك مانایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و
به‌هایه‌كی سه‌ربه‌خۆ له دایك نه‌به‌ه‌بێت، هه‌ستكردن به كاره‌سات له دایك
نابێت. له بیركردنی ئه‌نفال قووڵ په‌یوه‌ندی به چه‌مكی یاده‌وه‌رییه‌وه هه‌یه.
له كلتووری ئێمه‌دا ده‌بێت سێ جۆر یاده‌وه‌ری جیابكه‌ینه‌وه: یه‌كه‌م یاده‌وه‌ری
دینییه. دووه‌م: یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه. سێهه‌م: یاده‌وه‌رییه‌كی گشتی
مرۆڤانه‌یه. یاده‌وه‌ری دینی ئه‌و به‌شه‌یه له یاده‌وه‌ری كه كلتووری دینی و
ڕه‌مزه‌كانی ده‌پارێزێت، یاده‌وه‌رییه‌كه له سه‌ده‌ی بیستدا به‌جۆرێكی ترسناك
لاواز ده‌بێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌نفال هه‌ڵگری هه‌ندێك سه‌مبولی دینیشه، ئه‌م
به‌شه له یاده‌وه‌ری له مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفالدا چالاك نه‌بوو. ئه‌وه‌ی ئه‌نفالی
پاراستوه و هه‌ڵیگرتووه یاده‌وه‌ری ناسیونالیستی ئێمه‌یه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه
ڕه‌هه‌نده ئینسانییه‌كانی ئه‌م یاده‌وه‌رییه ناسیونالیستییه زۆر لاوازه،
هه‌ركات ئه‌م یاده‌وه‌رییه باس له كوشتن و قڕانكردن ده‌كات بۆده‌ستكه‌وتێكی حیزبی
و سیاسی ده‌گه‌ڕێت ، ئیدی قووڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده ئینسانییه‌كانی بۆ گرنگ نییه
. ڕاسته ئه‌نفال كێشه‌یه‌كی ناسیونالیستی و سیاسییه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی
بمێنێته‌وه و بژی و هه‌میشه زیندوو بێت، ده‌بێت ببێت به كێشه‌یه‌كی ئینسانی،
ده‌بێت ببێته دینه‌مۆ و بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی پێناسه‌كردنه‌وه‌ی مرۆڤ و ئازادی. به
مانایه‌كی تر گرنگی ئه‌نفال له‌وه‌دا نییه كه وه‌ك مانا و ده‌لاله‌ت
كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سیستمی ئه‌خلاقی عه‌ره‌بی هه‌یه، ئه‌وه نییه
كه دین وه‌ك پانتاییه‌كی مێژوویی ده‌خاته ژێر گومانه‌وه، چونكه قووڵبوونه‌وه
له ئه‌نفالدا كۆی پێكهات و ستراكتوری سیاسی و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگای كوردی خۆشی
ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین حورمه‌تی ئه‌نفال بپارێزین ده‌بێت
له كولتوورێكی دینی چه‌پێنه‌ره‌وه، له كلتوورێكی ناسیونالیستی كورتبینه‌وه كه
ڕێزی نه‌ته‌وه‌ی له سه‌ر حیسابی ڕێزی مرۆڤ بونیادناوه، بپه‌ڕێینه‌وه بۆ جۆرێك
له ناسیونالیزم كه ڕێزی نه‌ته‌وه به ڕێزی مرۆڤ ده‌پێوێت، نه‌وه‌ك ڕێزی مرۆڤ به
ڕێزی نه‌ته‌وه بپوێت. تا ئه‌و جێگایه‌ی مرۆڤ تێیدا وه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌موو شتێك و
وه‌ك به‌هایه‌كی ڕاسته‌قینه و باڵا ته‌ماشاناكرێت، ئه‌نفال وه‌ك تراژیدیایه‌كی
ئینسانی گه‌وره ڕه‌هه‌نده ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی وه‌رناگرێت. لێره‌وه مه‌سه‌له‌ی
بێده‌نگیكردن له ئه‌نفال ته‌نیا پابه‌ندی ئیسلام نییه، به‌ڵكو پابه‌ندی كۆی
ستراكتوری سیاسی و ئه‌خلاقی ئێمه‌یه. به واتایه‌كی تربایه‌خنه‌دان به‌مجۆره
تاوانه ترسناكانه ڕیشه‌ی جۆراوجۆر‌و جیاوازیان هه‌یه.ئێمه‌ی كورد له به‌ر
كۆمه‌ڵێك هۆی تایبه‌ت له بیریده‌به‌ینه‌وه، عه‌ره‌ب و موسوڵمانان له به‌رهۆی تر.
خۆرئاواش له به‌ر هۆی دیكه. باوه‌ڕم به‌وه نییه هه‌موو شته‌كان بۆ باڵاده‌ستی
ئیسلام بگێڕینه‌وه، ئیسلام به‌شێكه له هۆكانی ڕوودانی ئه‌نفال و
بیرچوونه‌وه‌ی،دیوه زه‌قه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و دیوه‌یه‌تی كه زیاتر ده‌بینرێت و
پترسه‌ر ئاو كه‌وتووه، به‌ڵام له ژێره‌وه‌ڕا هۆكاری زۆر هه‌یه كه كۆمه‌كی
یادچوونه‌وه ده‌كه‌ن. ده‌بێت بشزانین، جگه له هۆكاری له دایك نه‌بوونی ئینسان
وه‌ك فه‌ردێكی ئازد و سه‌ربه‌خۆ، هۆكاری دیكه‌ش هه‌یه، ویژدانی ئاده‌میزاد
هه‌میشه كۆمه‌ڵێك ته‌متومانی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زگه‌را گوتوێتی، هه‌میشه
په‌رده‌یه‌كی سیاسی ڕه‌ش ئه‌م ویژدانه له ئیلتیزاماته مرۆڤانه‌كه‌ی
دورده‌خاته‌وه، دوای تێپه‌ڕینی پتر له نه‌وه‌د ساڵ توركه‌كان تا ئێستا نایانه‌وێت
دان به ڕه‌شه‌كوژی ئه‌رمنه‌كاندا بنێن،هه‌ندێك له ئه‌وروپییه‌كان ناچنه ژێرباری
تاوانه‌كانی سه‌رده‌می كۆلۆنیالی، زۆر له ئه‌مریكییه‌كان ده‌رهه‌ق به قڕانی
هینده سووره‌كان و تاوانه‌كانیان ده‌رهه‌ق به ڕه‌ش پێستان بێده‌نگن. پێده‌چێت
مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ بێت حه‌یوانێكی سیاسی بێت، حه‌یوانێك ڕه‌هه‌نده
مرۆڤانه‌كانی خۆی بۆ ئامانج و مه‌به‌ستی سیاسی زۆر چكۆلانه و كه‌مبه‌ها فرۆشتوه.
ئه‌وه‌ی ئێستا گوێی له كه‌سانی وه‌ك سه‌دام حسه‌ین و عه‌لی كیمیاوی بێت كاتێك له
به‌رده‌م دادگا قسه‌ده‌كه‌ن باشتر تێده‌گات، كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئینساندا نییه،
به‌ڵكو سه‌روكاری له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئاده‌مێردی سیاسیدایه. ئه‌م سه‌رده‌مه
سه‌رده‌می مردنی مرۆڤ و له دایكبوونی ئامێردی سیاسییه. ئه‌م ئامێرده له هه‌موو
شوێنێكه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت و كۆی ژیان و كۆی كۆمه‌ڵگاكان و كۆی كلتووره‌كانی
داگیركردوه. ئه‌م ئامێرده مرۆڤی به‌لاوه گرنگ نییه، به‌ڵكو ژیان و بوونی بۆ
كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی سیاسی ڕووت كورتكردۆته‌وه. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له عێراق خۆیان
ده‌ته‌قێننه‌وه مرۆڤ نین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك ئامێردی سیاسسن. كۆمه‌ڵێك ماشێنی دینی و
ڕامیارین كه په‌یوه‌ندییه‌كیان به مرۆڤه‌وه نه‌ماوه. ئه‌مڕۆ ئێمه له
جیهانێكدا ده‌ژین سیاسه‌ت و دین و ته‌كنۆلۆژیا پێكه‌وه ئه‌م ئامێرده
گه‌وره‌ده‌كه‌ن و وزه‌ی ده‌ده‌نێ، ئه‌نفال ئیشی ئه‌م ئامێرده سیاسییه‌یه.
بیربردنه‌وه‌شی هه‌ر له ئیشی ئه‌و ئامێرده‌یه.
پرسیار: ئه‌وهۆكارانه چین كه ئه‌نفال له هۆشیارییه‌كی سیاسی ساده‌وه كه ته‌نها
له یادكردنه‌وه‌ی سه‌ر پێیانه‌ی ساڵانه‌دا قه‌تیسبووه، ده‌گوازێته‌وه بۆ
هوشیارییه‌كی كلتووری، له‌و بێده‌نگییه‌ی كه خاوه‌نی قسه نییه ده‌گوازێته‌وه بۆ
بیركردنه‌وه‌یه‌ك به ده‌نگی به‌رز. هه‌روه‌ها ئه‌م بێده‌نگییه چه‌ند په‌یوه‌ندی
به كورد خۆیه‌وه هه‌یه، هه‌م له ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ
ئه‌نفال و هه‌م له ئاستی ده‌سته‌ڵاتی كوردی خوی‌دا؟
به‌ختیارعه‌لی: ڕۆشنبیرییه‌كی لاوازی وه‌ك ڕۆشنبیری كوردی ناتوانێت ئه‌نفال بكاته
دیارده‌یه‌كی كولتووری.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال له دیارده‌یه‌كی سیاسی ڕووته‌وه ببێته دیارده‌یه‌كی ئاماده
له فه‌زای هۆشیاریی و بیركردنه‌وه‌دا، ده‌بێت كه‌ره‌سته‌كانی ئه‌و ئاماده‌كردن و
زیندووڕاگرتنه‌مان هه‌بێت. ڕۆشنبیرییه‌كی مردوو، كولتوورێك كه توانایه‌كی
ڕاسته‌قینه‌ی ته‌عبیر له خۆكردنی نییه، كولتوورێك تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هوشیاری
سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا لاوازه، هه‌ستی ستاتیكی و فه‌لسه‌فی گه‌شه‌ی
نه‌كردوه، له عه‌قڵییه‌تی پرسه‌وه ناتوانێت بگوازێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی
عه‌قڵی و فیكری. پرسه سه‌ره‌تاییترین جۆری مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ تراژیدیادا،
به‌ڵام گۆڕینی تراژیدیا بۆ جۆره ساته‌وه‌ختێكی ڕه‌خنه‌یی قووڵ دژ به كۆی ئه‌و
ستراكتوره‌ی تراژیدیای دروستكردوه، پرۆسه‌یه‌كی سه‌خته. تراژیدیا كاتێك مانای
هه‌یه كه له ئازاره‌وه بگوازرێته‌وه بۆ هوشیاری، بۆ دادگایكردنێكی گه‌وره‌ی
دونیا، بۆ پنتی وه‌رچه‌رخان له ته‌ماشاكردنی شته‌كاندا. پاراستنی تراژیدیا له
پێناوی خودی تراژیدیادا نییه، له پێناوی شتێكی دیكه‌دایه، له پێناوی پشكنینی
مرۆڤدایه بۆ ئینسانییه‌تی خۆی. كه تراژیدیا بوو به گریانی نه‌ته‌وه به‌سه‌ر
چاره‌نوسی خۆیدا، بێئه‌وه‌ی بووبێته گریانی مرۆڤ به‌سه‌ر ماهییه‌ت و مانای خۆیدا،
ئیدی ناتوانێت ڕۆڵێك له گێڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی مرۆڤدا ببینێت. مه‌سه‌له‌ی
بیركردنه‌وه به ده‌نگی به‌رز ده‌رباره‌ی ئه‌نفال، واته بیركردنه‌وه به ده‌نگی
به‌رز ده‌رباره‌ی هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی به بێنرخبوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
ده‌بێت مایه‌ی نرخدانان له‌سه‌رمرۆڤی مردوو،به نرخدانان له سه‌رمرۆڤی زیندوو
بشكێته‌وه. بیركردنه‌وه له ئه‌نفال ده‌بێت پرۆسه‌ی یادكردنه‌وه‌ی مردووه‌كان و
به نرخكردنی مرۆڤه زیندووه‌كان بێت. به كورتی ده‌بێت هه‌وێنی له دایكبوونی
جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی تازه‌بێت له نێوا مرۆڤ و مرۆڤدا. مرۆڤ له پرسه‌دا
خۆشه‌ویستی خۆی بۆ مردووه‌كان ئاشكراده‌كات، به‌ڵام ئه‌م خۆشه‌ویستییه له دونیای
ئێمه‌دا جۆرێكه له ڕۆتینی ترادسیونی، جۆرێكه له یادكردنه‌وه‌ی خاڵی له هه‌ست و
نه‌ستی ڕاسته‌قینه. یادی ئه‌نفال واته بیركردنه‌وه‌یه‌كی دی له ستراكتوری
شته‌كان. ئه‌نفال به‌بۆچوونی من شتێك نییه په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی به ستراكتوری
كۆمه‌ڵگای كوردی خۆیه‌وه نه‌بێت. یاخود به‌رهه‌می تاك و تاقانه‌ی فاشییه‌تی
عه‌ره‌بی بێت، یان به‌رهه‌می ئه‌و هێزه خۆفرۆش و خائینانه‌ی دونیای كورد بێت، كه
قازانجی بچوكی خۆیان له سه‌روو قازانجی نه‌ته‌وه‌وه داده‌نێن. من پێموایه
ئه‌نفال په‌یوه‌ندیه‌كی زۆری به خودی ناسیونالیزمی كوردیشه‌وه هه‌یه. ئه‌م
ناسیونالیزمه ساڵه‌های ساڵه مرۆڤ بۆ مه‌رگ ئاماده ده‌كات، كولتووری ئاماده‌كردنی
مرۆڤ بۆ مردن، ڕۆحی ئه‌م ناسیونالیزمه‌یه. له ناوی پێشمه‌رگه‌وه بیگره، تا
ده‌گاته كۆی دروشمه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی حیزبه كوردییه‌كان، پێكڕا ئه‌م ڕۆحی مردنه
ده‌یانبات به‌ڕێوه. كه ئه‌مڕۆ ده‌بیستین سه‌رۆكه كورده‌كان به‌رده‌وام ده‌ڵێن:
ئێمه به خوێن هاتووین پتر ئه‌و مه‌رگدۆستییه‌مان بۆ ئاشكراده‌بێت كه شه‌رعییه‌تی
سیاسی كوردی له سه‌ر وه‌ستاوه. ئه‌وه ته‌نیا فاشییه‌تی عه‌ره‌بی نییه كه به
یاسای،، شه‌رعییه‌تی خوێن ،، ئیشده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی سیاسیشه
له كوردستان. هه‌تا هه‌ڵبژاردن له كوردستان، هیچ نییه جگه له پێداگرتنه‌وه
له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی خوێن، هه‌ر كات له نێوان شه‌رعییه‌تی ماف و شه‌رعییه‌تی
خوێندا ببێته ململانێ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه شه‌رعییه‌تی خوێن ده‌یباته‌وه.
هه‌ركات سه‌رۆك و سیاسییه‌كانی ئێمه مافی خه‌ڵك پێشێلده‌كه‌ن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ
حیكایه‌ته‌كانی شه‌رعییه‌تی وه‌ده‌ستهاتوو له ڕێگای خوێنه‌وه. به‌شێكی گرنگی
میكانیزمی كاركردنی ئه‌مجۆره له ناسیونالیزم، ئه‌وه‌یه مرۆڤ بۆ مردن
ئاماده‌بكات. لێره‌وه پیشه‌سازی مردن پیشه‌سازییه‌كی هاوبه‌شی ستراكتوری سیاسی
فاشییه‌تی عه‌ره‌بی و زیهنییه‌تی سیاسی كوردییه، به‌ڵام مردن له‌م هاوكێشه‌یه‌دا
له كاڵایه‌ك ده‌چێت كه هه‌ریه‌كه‌و وه‌زیفه‌یه‌كی پێده‌به‌خشن. مردن له‌ی
فاشییه‌تی عه‌ره‌بی، كه‌ره‌سته‌ی قڕانكردن و وێرانكردنی نه‌ژادییه، به‌ڵام لای
كورد مه‌جازی زیندوێتی و توانای فیداكاری و خۆبه‌ختكردنه. لێره‌وه مردن به‌شێكی
گرنگ و سه‌رنجڕاكێش، ده‌بێت مایه‌ی سه‌راسیمه‌بوون و سه‌رسوڕمان بێت، به‌ڵام
ئه‌نفال نه‌بۆته شتێك خه‌یاڵی سیاسی كوردی تووشی شۆك بكات، چونكه مردن شتێك نییه
عه‌قڵی سیاسی ئێمه ڕابچڵه‌كێنێت یان سه‌راسیمه‌یبكات. كوشتن یان خۆبه‌ختكردن
ئه‌وه جه‌وهه‌ری ئه‌خلاقیاتی سیاسه‌تی كوردیشه، لێره‌وه مۆڕاڵێك خۆی له‌سه‌ر
ستایشی مردن دروستبووبێت، مردن تووشی ڕاچه‌نینی ناكات. ئه‌وه‌ی ئه‌نفالی گۆڕیوه بۆ
مه‌سه‌له‌یه‌كی مرۆڤانه و گرنگ سیاسییه‌كان نین، به‌ڵكو ویژدانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و
كولتووری نوێیه كه له سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له‌م دروستبووه.
پرسیار: ئه‌و پێشنیاره تایبه‌تیانه‌ی ئێوه چین. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌ك
كاره‌ساتێكی سیاسی مێژویی له یاده‌وه‌ری ئینسانی كورددا به چه‌شنێك بمێنێته‌وه
كه هه‌میشه جێی ئاوڕدانه‌وه‌و قسه‌كردن بێت له‌سه‌ری له لایه‌ن ئه‌و نه‌وانه‌ی
كه له دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دان؟
به‌ختیارعه‌لی: خۆشبه‌ختانه ته‌نیا سیاسه‌ت یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه نانوسێته‌وه.
سیاسییه‌كانی ئێمه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له نوسینه‌وه‌و تۆماركردنی مێژوودا بڕوا
و)) مصداقیه((تیان نه‌ماوه. ئه‌م سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستان حاكمن مێژووی
كورد و ئازاره‌كانی خه‌ڵكی كورد ته‌نیا بۆ به‌هێزكردنی چنگۆله‌ی سیاسی خۆیان
به‌كارده‌هێنن. لاوازی ئه‌م ئیداره‌یه له لاوازی ئه‌دای كوردیدا له
دادگاییه‌كانی ئه‌نفالدا ده‌رده‌كه‌وێت. ئیداره‌یه‌ك نه‌توانیت پێ له سه‌ر ئه‌وه
دابگرێت كه ده‌بێت وه‌رگێڕێك له هۆڵه‌كه‌دا بێت زمانی كوردی و عه‌ره‌بی باش
بزانێت، به‌رپرسیاره له گۆڕینی ئه‌نفالدا له تراژیدیاوه بۆ كێشه‌یه‌ك كه نرخه
ڕاسته‌قینه و به‌ها ئینسانییه ڕوونه‌كه‌ی ده‌رناكه‌وێت. میلله‌تێك نه‌توانێت له
گه‌وره‌ترین و گرنگترین پرۆسه‌ی دادگاییكردنی مێژووی خۆرهه‌ڵاتدا دوو وه‌رگێڕی
زمان‌زان و دوو پارێزه‌ری به سه‌لیقه و كارامه بنێرێته ژوورێ، ناتوانێت
ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌به‌دی و جیهانی بداته تراژیدیای خۆی. مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌ی
پێشنیار نییه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه گرێدراوی توانای نه‌ته‌وه‌یه‌كه بۆ
خۆڕزگاركردن له لاڵی و ئیفلیجی و بیرنه‌كردنه‌وه، به‌ره‌و ته‌عبیر و ئیراده و
عه‌قلانییه‌ت. جۆرێك له مردنی ناوه‌كی و نهێنی له هه‌ناوی مرۆڤی ئێمه‌دا
نیشتووه، مردنێك واده‌كات مرۆڤی ئێمه توانای گۆڕینی نه‌بێت، مێگه‌لمه‌یل بێت،
له‌وانی دی بترسێت، فێری زمان نه‌بێت، فێری زانسته‌كان نه‌بێت، زانكۆكانی شوێنی
دواكه‌وتنی زانست و عه‌قڵ بن، توانای ته‌عبیری نه‌بێت، به كه‌م ڕازی بێت و له
گه‌وره‌یی سڵبكاته‌وه. خودی ئه‌م جۆره سایكۆلۆژییه‌ت و پێكهاته زه‌ینییه
ناتوانێت ئه‌نفال بگۆڕێت بۆ شتێكی گرنگ. كه زمان ئاماده‌نه‌بێت چۆن ئه‌نفال بگۆڕێت
بۆ شتێكی مه‌زن؟ كه ڕۆحی داڕشتنی هۆنه‌رێكی گه‌وره ئاماده‌نه‌بێت، به‌چی ئه‌نفال
بكه‌ین به بابه‌تێكی جاویدان و ئه‌به‌دی؟ پێشنیار واته پێشكه‌شكردنی هه‌ندێك
ڕێنمایی له سنووری ئیشكردن و له چوارچێوه‌ی تواناكانی ئێستادا، به‌ڵام له‌و
باوه‌ڕه‌دام ئێستای ئێمه هێزێكی ئه‌و تۆی تێدا نییه ئه‌نفال له ڕووه ئینسانییه
گه‌وره‌كه‌یدا ببینێت. لێره‌وه سه‌خته‌ئه‌نفال له ڕۆحی پرسه دووربخه‌ینه‌وه و
بیگۆڕین بۆ وزه و هێزی داهێنان. یاده‌وه‌ری ئێمه، یاده‌وه‌رییه‌كی پرسه‌گێڕه،
یادكردنه‌وه له لای له فه‌زای پرسه تێناپه‌ڕێت... ئه‌نفال وه‌ك پرسه، وه‌ك
یادێكی تراژیدی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌نفال وه‌ك هێزێكی بزوێن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی
سه‌رده‌مێكی دی، وه‌ك سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی دیدگایه‌كی تر بۆ ژیان ئه‌وه‌یان له
توانای ئێستای كورددا نییه. یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفال ئه‌وه نییه، شه‌هیده‌كانی
ئه‌نفال و قوربانییه‌كانی له یادنه‌كه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه مرۆڤ له‌م
كۆمه‌ڵگایه‌دا له یادنه‌كه‌ین، ڕێزی ژیان و ڕێزی ماف و ڕێزی ئازادی له
بیرنه‌به‌ینه‌وه. دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا بۆ دوو كه‌رت، كه‌رتی دوژمن و كه‌رتی دۆست
هه‌ڵوه‌شێنین، عه‌قڵیه‌تی چه‌پاندن و بێده‌نگكردن بخه‌ینه‌لاوه. یادنه‌كردنی
ئه‌نفال واته یادنه‌كردنی ئه‌و سیستمه سیاسی وعه‌قڵییه‌ته سیاسییه‌ی ئه‌نفالی
دروستكردوه. سوودی چییه یادی ئه‌نفال بكه‌یته‌وه، بێئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی قووڵ
له‌و جیهانه بگریت كه ئه‌نفالی دروستكردوه. یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفال نابێت ته‌نیا
یادكردنه‌وه‌ی تاوانێكی گه‌وره بێت، به‌ڵكو ده‌بێت له پشتییه‌وه هه‌ڵوێستێكی
فه‌لسه‌فی به‌رابه‌ر چه‌مكی سیاسه‌ت و مرۆڤ و ده‌سه‌ڵات ئاماده‌بێت.
پرسیار: ئایا ئه‌ده‌بی كوردی به ته‌عریفه جیاوازه‌كانیی ئێوه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب،
چه‌ند به‌رپرسیاره له به‌رده‌م بیرنه‌كردنه‌وه‌دا له ئه‌نفال؟
به‌ختیارعه‌لی: ئه‌و جۆره له واقعییه‌تی سه‌تحی كه له شه‌ست و حه‌فتاكاندا
دونیای ئێمه‌ی گرته‌وه، ئه‌ده‌بیاتی كوردی به ڕێبه‌ستێكی ترسناك گه‌یاند.
واقعییه‌تی ئێمه نه واقعییه‌تی سۆسیالیستی بوو، نه واقعییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه،
به‌ڵكو واقعییه‌تی كاریكاتۆری بوو. خودی ئه‌م واقیعییه‌ته كه تا ئێستا فه‌زای
ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ی به‌رنه‌داوه، نیشانه‌ی مردنی زمان و مردنی نیگار و باڵاده‌ستی
ئایدۆلۆژیایه. ئه‌ده‌بی ئێمه سه‌رده‌مانێكی درێژ مرۆڤی فه‌رامۆشكرد، خه‌یاڵی
كرده ده‌رێ و واقیعی بۆ وێنه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و ساده كورتكرده‌وه. مامه‌ڵه‌كردن
له‌گه‌ڵ تراژیدیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌نفالدا، پێویستی به ڕوانینێكی دیكه بۆ
مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا و ئه‌ده‌ب هه‌یه. واقعییه‌تی كاریكاتۆری له وێناكردنی تراژیدیا
بچوكه‌كان و وێنه‌گرتنی دیمه‌نه ئاساییه‌كاندا نوشوستی هێنا، نه‌یتوانی ئازاره
بچوكه‌كانی نه‌ته‌وه و غه‌مه ساده‌كانی ئینسان به‌رجه‌سته‌بكات، ئێستا چۆن
ده‌توانێت ئازاره گه‌وره‌كان تۆماربكات. ئه‌مجۆره واقیعییه‌ته نه‌وه‌یه‌كی له
نوسه‌ران به‌رهه‌مهێنا ناتوانن دونیا له قووڵایدا و خه‌یاڵ له بێسنوریدا بژین.
ئه‌ده‌ب چه‌ند باسی سیاسه‌ت و نه‌ته‌وه و مێژوو بكات، دواجار له جه‌وهه‌ردا
وه‌زیفه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه باسی مرۆڤ بكات، نه‌وه‌ك باسی چین و نه‌ته‌وه و مێژوو،
هه‌ر ئه‌ده‌بێكیش نه‌یتوانی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێك له جه‌نگی چاره‌نوسی خوێدا
وێنابكات ئه‌ده‌بێكی بێبایه‌خه. به‌ڵام ئه‌ده‌بی واقیعی ئێمه وه‌ك كۆی كولتووری
كوردی شتێكی ده‌رباره‌ی مرۆڤ پێ نییه، له باشترین حاڵ‌دا ده‌توانیت پرسه بۆ
مردوه‌كان بگێڕێت، ئێمه به‌رابه‌ر چه‌مكی،، كۆمه‌ڵگای پرسه،، ده‌توانین قسه
له‌سه‌ر،، ئه‌ده‌بیاتی پرسه،، ش بكه‌ین، به كورتی ڕاموایه ئه‌ده‌بیاتێك
نه‌توانێت قووڵ قسه له‌سه‌ر مرۆڤ و جوانی بكات، ناتوانێت قسه له‌سه‌ر ئه‌نفالیش
بكات. گه‌ر قسه‌شی كرد له لاواندنه‌وه و گریه‌كاری به‌ولاوه هیچی دیمان
پێشكه‌شناكات.
پرسیار: ئایا ئاستی ئه‌و ترسه شاراوه‌یه‌ی لای ئینسانی كورد هه‌یه به‌رامبه‌ر
كوردبوونی خۆی، ترسێكه خاوه‌نی هێزێكی ڕۆشنبیری وایه كه بتوانێت له بری تۆڵه
خۆی بكات به‌هێزێك كه هه‌ڵگری لێبوردن بێت. ئایا ئه‌م هێزه چه‌ند ده‌سته‌ڵاتی
كوردی لێی به‌رپرسیاره‌و چه‌ندیش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ڕۆشنبیره‌كانی به‌رپرسیارن له
پێشاندانی؟
به‌ختیارعه‌لی: به‌هێزكردنی ڕۆحی لێبوردن، وه‌زیفه‌یه‌كی سیاسی ڕۆشنبیری هاوبه‌شه.
هه‌ر بانگه‌وازێكی سیاسی بۆ لێبوردن، به‌بێ زه‌مینه‌یه‌كی فیكری و ئه‌خلاقی پته‌و،
به نوشوست كۆتاییدێت. هه‌رپرۆژه‌یه‌كی فیكری و كولتوریش بۆ لێبوردن گه‌رله
سیاسه‌تدا ڕه‌نگنه‌داته‌وه، به دڵنیاییه‌وه له سنووری تێزی تیورییه‌وه
ناگوازێته‌وه بۆ ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی . لێبوردن یه‌كێكه له‌و جه‌مسه‌ره
گرنگانه‌ی كه تێیدا ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خڵاقی فیكری ده‌بێت شان به شانی
یه‌ك كاربكه‌ن. دیاره ڕۆشنبیران به‌ر له هه‌ر گروهێكی دی، مانا فیكری و
ئه‌خڵاقییه‌كانی لێبوردن ده‌دۆزنه‌وه. دین و سیاسه‌ت ئه‌مڕۆ به‌جۆرێكی كوشنده
هه‌موو ئه‌گه‌رێكی پێكه‌وه‌ژیانیان له هه‌رێمی ئێمه‌دا كوشتوه. ڕۆژ دوای ڕۆژ دین
له لێبوردن دوورده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مڕۆ دینگه‌رایی شوێنی ڕه‌گه‌زگه‌رایی
گرتۆته‌وه. فاشییه‌تی سه‌ده‌ی بیست ڕیشه‌كانی ده‌چووه‌وه سه‌رڕاسیسزم، به‌ڵام
فاشییه‌تی هاوچه‌رخ ڕیشه‌كانی ده‌چنه‌وه سه‌ر دین. دیاره شه‌ڕ له‌گه‌ڵ فاشییه‌تی
دینیدا سه‌ختتره نه‌ك شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ڕاسیزمدا. ڕاسیزمی دینی كه ئه‌مڕۆ گروپه
ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان و بیریاره سه‌له‌فییه‌كان نوێنه‌ریه‌تیده‌كه‌ن،
ڕووبه‌رێكی بۆ پێكه‌وه‌ژیان و تۆلێرانس نه‌هێشتۆته‌وه. ئه‌مڕۆ شه‌ڕی ڕۆشنبیران
له‌گه‌ڵ كۆی سیستمی سیاسی‌دا شه‌ڕی تۆلێرانسه. هه‌ر كولتوورێك، هه‌ر پێكهاتێكی
فیكری، هه‌ر تێزه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر ئه‌وه بونیادنرابێت، كه ته‌واوی
گوناهه‌كان بخاته ملی ئه‌وانی دی و خۆی پاكیزه و بێگه‌رد ببینێت، له خزمه‌تی
فاشییه‌تدایه. فاشییه‌ت بریتییه له ستایشی خود و نه‌فره‌تكردن له وانی دی. هه‌ر
كۆمه‌ڵگایه‌ك نوقمی ستایشكردنی خۆی بوو، نوقمی كوێری بوو ده‌رهه‌ق به كێشه‌كانی
ناو خۆی، كۆمه‌ڵگایه‌كه به‌ره‌و خلیسكان ده‌ڕوات. ترسناكترین شتیش ئه‌وه‌یه
گروهێكی دواكه‌وتوو تووشی ئه‌و ده‌ردی خۆئه‌ڤینییه ببێت. به‌عس بۆبوو به هێزێكی
ترسناك؟ وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه: چونكه هێزێكی بوو له ڕووی فیكری و له ڕوویڕیشه‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دواكه‌وتوو، به‌ڵام هێزێكی مادی و سه‌ربازی ئه‌وتۆی كه‌وته
بنده‌ست تووشی عه‌شقێكی كوشنده‌ی خۆی كرد. ئه‌مڕۆ له كوردستان ئه‌گه‌ری
سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و جۆره خۆئه‌ڤینییه سیاسییه هه‌یه، هێزه سیاسییه‌كانی كورد،
به حوكمی ئه‌و هێزه ئابوورییه گه‌وره‌یه‌ی كه‌وتۆته بنده‌ستیان، ئه‌گه‌ری
هه‌ڵخلیسكانیان بۆ باوه‌شی توندڕه‌وی و نابینایی زۆر گه‌وره‌یه. خودی ڕه‌شنوسی
ئه‌م ده‌ستووره نوێیه پڕه له هێماو ئاماژه بۆ ته‌قدیسكردن، بۆ سه‌پاندنی ڕێز‌و
خۆئه‌ڤینی. ئه‌وانه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمیان نوسیوه، به‌دیوێكدا نوقمن له
فه‌زای بیركردنه‌وه‌ی سه‌له‌فیدا و به دیوه‌كه‌ی تریشدا عه‌قڵییان به‌رهه‌می ئه‌و
زمانه به‌لاغییه‌یه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌دا دامه‌زراوه. به‌لاغه‌تێك كه له
سیاسییه گه‌وره‌كانه‌وه تا بێژه‌ره ته‌له‌فزیۆنییه نه خوێنده‌واره‌كان و
ڕۆژنامه‌نوسه حیزبییه‌كان قسه‌ی پێده‌كه‌ن. به‌لاغه‌تێك وشه‌ی دیموكراسییه‌ت و
مافی گۆڕیوه بۆ وشه‌ی بێناوه‌ڕۆك وبێكرۆك، بۆ شازاراوه‌ی ناو سیستمی پڕوپاگه‌نده‌ی
سیاسی، نه‌وه‌ك بۆ شازاراوه‌ی ناوسیستمی فیكری و ئه‌خلاقی. نه بینینی ئه‌م جۆره
دۆخه و سه‌رسامبوونی سه‌له‌فییه‌تی كوردی به بڵقه سیاسییه‌كانی خۆی، هۆكاری
گه‌وره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ن. ئێستا چووینه‌ته دۆخێكه‌وه سیاسییه‌كانی كورد جگه له
ته‌لاره‌كانی خۆیان و بازاڕه گه‌وره‌كانیان و فڕۆكه‌خانه‌كانیان به‌ولاوه هیچی دی
نابینن. ئه‌مه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانه، ده‌سه‌ڵات هه‌ر كات ڕووه
تاریك و تراژیدییه‌كه‌ی خۆی نه‌بینی و ته‌نیا چاوی له‌سه‌ر هێزی ئابووری و سه‌ربازی
و سیاسی بوو، به‌ره‌و گه‌نده‌ڵبوونێكی ناوه‌كی ترسناك ده‌ڕوات. نازییه‌ت
ده‌ره‌نجامی شانازیكردنی كۆێرانه‌بوو به ده‌ستكه‌وته ئابووری و
سه‌ربازییه‌كانه‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا به غه‌شه‌ی مافه‌كان و
ئازادییه‌كان بپێون، به پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌ی ئابوری وه‌ك چه‌كی سه‌ركووتكردنی
ئازادییه‌كان به‌كارده‌هێنن. گه‌شه‌كردن له كوردستان و گردبوونه‌وه‌ی له ده‌ستی
ده‌سه‌ڵاتداراندا، به له دایكبوونی جۆرێك له نه‌رجسییه‌تی حیزبی كوشنده
كۆتاییهاتووه، كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی تووشی جۆرێك له لووتبه‌رزی نامرۆڤانه
كردوه. له مجۆره فه‌زایه‌دا لێبوردن و تۆلێرانس به‌شێكن له به‌لاغه‌تی سیاسی،
نه‌وه‌ك به‌شێك بن له هۆشیاری ئه‌خلاقی مرۆڤه‌كان. شه‌ڕی ڕۆشنبیریی ئێمه ده‌بێت
ئاراسته‌ی ئه‌و خۆئه‌ڤینییه ترسناك و دیدكوژه بكرێت، كه واده‌كات ده‌سه‌ڵاتێك
له دایكبێت به‌دنازییه‌كی ناڕه‌وا به‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگادا بكات. ئێستا
حكومه‌تێك له كوردستاندا هه‌یه لایه‌نی كه‌می دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دابین
نه كردوه، به‌رابه‌ر به‌وه‌ش ده‌یه‌وێت ڕێز و قودسییه‌تی خۆی بكات به ده‌ستوور و
یاسا. فاشییه‌ت لێره‌وه گه‌را ده‌خات، لێره‌وه زیهنییه‌ت و سایكۆلۆژییه‌تی كه‌سی
بێڕه‌حم و كورتبین له دایكده‌بێت. هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك حوكمی پێشوه‌خت به‌سه‌ر
نه‌وه‌كانی خۆیدا بسه‌پێنێت، له لێبوردن و پێكه‌وه ژیان دوور كه‌وتۆته‌وه.
جه‌وهه‌ری ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستان دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئاوێنه‌ی
ئه‌و شیزۆفرینییا ئه‌خلاقییه‌یه كه نوخبه‌ی سیاسی كوردی تیاده‌ژی... كه ئه‌ویش
سه‌پاندنی حوكمی موتڵه‌قه به میكانیزمه‌كانی دیموكراسییه‌ت، سه‌پاندنی
مێگه‌لگه‌رای و جه‌ماوه‌رگه‌راییه به‌رابه‌ر ده‌نگی دیالۆگ و عه‌قڵ، سووككردن و
ڕیسواكردنی ڕۆحی فیكر‌و ڕۆشنبیرییه له پێناوی جوانكردن و دیكۆركردنی ده‌سه‌ڵاتدا.
له فه‌زایه‌كی ئاوهادا ئه‌سته‌مه مرۆڤ قسه له ئه‌خلاقی لێبوردن بكات. لێبوردن
چه‌مكێكه پابه‌ندی چه‌مكی ماف و یه‌كسانی و هاویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه... مێژووی
حیزبی كوردیش، مێژووی ئه‌و هیستریا گه‌وره‌یه‌یه كه ئه‌م نوخبه‌یه له دوای
ڕاپه‌ڕینه‌وه له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا تووشیبووه، هیستریایه‌ك كه كۆمه‌ڵگای
مه‌ده‌نی، به‌رزڕاگرتنی فیكر، ئازادكردنی قه‌زا و دادگاكان، شه‌فافییه‌تی ئابووری
بوونه‌ته یه‌كه‌مین قوربانی ئه‌م ده‌رده. ئه‌مڕۆ لێبوردن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا
مانای دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور و موتڵه‌قی
نوخبه‌ی حاكم كه دوور له هه‌ر چاوه‌دێرییه‌كی ڕاسته‌قینه ئیشده‌كه‌ن، لێبوردن
ته‌نیا لێبوردن نییه له‌وانه‌ی كه تاوانیان به‌رابه‌ر گه‌لی ئێمه تۆماركردوه،
به‌ڵكو داڕشتنی سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێیه تییدا ده‌سه‌ڵات هێند نه ئاوسێت و
فووی تێنه‌بێت، بكه‌وێته سه‌رووی هه‌مووانه‌وه، له هه‌ر شێنێكدا ده‌سه‌ڵات له
سه‌روو هه‌موو خه‌ڵكه‌وه بوو، كۆنترۆڵكه‌ری ڕه‌ها بوو، ئیدی قسه‌كردن له تۆلێرانس
جگه له به‌لاغه‌تێكی بۆش به‌ولاوه هیچ نییه. ئه‌مڕۆ ئێمه له كوردستان ڕۆژگاری
زێڕینی به‌لاغه‌تی بۆش و ڕیتۆریكی سیاسی پوچ ده‌ژین. لێره‌وه وشه‌ی لێبوردنیش له
مانا ڕاسته‌قینه‌كان خاڵی بۆته‌وه.