به بڕوای من ، له‌و هۆكارانه‌ی كه وایكردووه ئه‌نفال نوقمی بێده‌نگی بكرێ،
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێوه‌ڕۆكی لاوازی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد.
هه‌ندرێن
پرسیار: ئه‌گه‌ر بهاتایه ئه‌نفال له وڵاتێکی ئیسلامی‌دا ڕووینه‌دایه‌و هه‌روه‌ها مانایه‌کی ئیسلامیشی پێنه‌درایه، پێتانوابوو ئه‌نفال بتوانرایه نوقمی بێده‌نگییه‌کی وابکرێت هه‌م له‌لایان وڵاتانی دراوسێوه تا ده‌گاته هه‌موو وڵاته ئیسلامییه‌کانی دنیا، ئه‌وسا وڵاتانی ئه‌وروپاش.
هه‌ندرێن: له به‌رایڕا ده‌خوازم بڵێم ، كه كرده‌ی كوشتنی مرۆڤ، یان فره‌تر بێژم ،
قركردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌وه، له هه‌ر شوێن كاتێك
بێت، یان له ژێر دروشمی هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ك بێت ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ، كه ئه‌و
نه‌ته‌وه‌یه، یان رژێمه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌كات، رژێمێكه
تووشی په‌تایه‌كی سادیستی بووه، یان به نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی كوشنده
ده‌تلێته‌وه، ئه‌گینا هیچ مرۆڤێك ، یان مرۆڤگه‌لێك له نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ
بڕیاری ((ئه‌نفال)) كردنی مرۆڤگه‌لێك له نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بدا. به‌و واتایه
ئه‌نفالكردنی كورد له‌لایه‌ن رژێمی عاره‌بی شۆڤێتی عێراقه‌وه له روحێكی سادیستی و
ده‌روونێكی نه‌خۆشه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه . كه‌واته ئه‌و رژێمه‌ی كه
پاڵپشتی ئایه‌تی قورئانی موسڵمانان کرده‌ی قڕكردنی کوردی پیاده‌کرد، ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌روونییه بوو كه شوێنكاتیكی دیاریكراو به‌رهه‌می هێنابوو .
هه‌ر بۆیه ، تا ئه‌مڕۆش، كۆی گشتی نه‌ته‌وه‌ی عاره‌ب و ڕژێمه شۆڤێتییه‌كه‌ی به‌عس
به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌نفالكردنه‌ی كورد هه‌ست به هیچ تاوانێك ناكه‌ن، هاوكاتیش ئه‌و
رژێمه پێی وایه كه ئه‌نفال ، كارێكی ره‌وا بووه. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له
خاسڵه‌ته‌كانی مرۆڤگه‌لی و رژێمێکی سادیست و ده‌روون بیمار ، كه به‌ناوی
داكۆكیكردن له راستی یان پاراستنی نیشتمان، ئه‌و كارانه ده‌كات.
ئه‌و ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌بوو، كه بزانین رژێمی به‌عسی عاره‌بی عێراق له
شوێنكاتێكی دیاریكراود،ا به پاشخان و بونیاتێكی بارگاویكراو به بنه‌مایه‌كانی
سادیزمی و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی مێژووی عاره‌ب و ئیسلام، كوردی ئه‌نفال كرد.
به‌ڵام خودی ئه‌و ئه‌نفاله له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شوێنكاته ئیسلامی ــ عاره‌بییه
نه‌بووایه ، به‌مجۆره ده‌بوو كه هه‌یه ، ده‌كرێ له روانگه‌ی فره جوداوه
راڤه‌ی ئه‌و پرسیاره بكه‌ین. لێره‌دا حه‌زده‌كه‌م له روانگه‌یه‌كی ئاوه‌ڵادا
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه. به بڕوای من، ئه‌و هۆكارانه‌ی كه وایكردووه
ئه‌نفال نوقمی بێده‌نگی بكرێ، به‌شێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێوه‌ڕۆكی
لاوازی ره‌وانبێژی گوتاری نه‌ته‌وایه‌تی كورد. چونکه لاوازی ئه‌و گوتاره
كوردیییه په‌یوه‌ندی هه‌یه به سه‌رتاپای ئاگایی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه،
به‌تایبه‌تیش به توێژی رۆناكبیریی كوردی و ده‌مڕاستی سیاسی حیزبه‌كانیه‌وه. كورد
تا ئه‌مڕۆش نه‌یتوانیووه له ئاستێکی فره‌واندا به پێودانگی مه‌رجه قانوونی،
سیاسی، كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان: به‌رێگای به‌ڵگه‌نامه‌ی نووسراو: فیلم،
لێكۆڵینه‌وه به‌زمانی زیندووی جیهانی، به كۆڕ و كۆنفراس ، به دیالۆگ له‌گه‌ڵ
رێخراوه جیهانیه‌كان و....هتد ، ئه‌و ئه‌نفاله بۆ كۆی مرۆڤایه‌تی روونیكاته‌وه.
له‌وه‌ش زیاتر، تا ئێستاش زانستگایه‌کانی کوردستان نه‌یانتوانیووه ناوه‌ندێکی
تایبه‌ت به ئه‌نفال پێکبهێنن، تاکوو له‌وێدا بتوانن له روانگه‌ی هه‌مه‌جۆره‌وه
ئه‌نفال راڤه بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ته کورد له رێگای ئه‌و راڤه‌کاریانه‌وه ده‌توانێ
بنه‌مایه‌کی راشکاو بۆ پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی دابڕێژێ. که‌واته ئه‌و
بێده‌نگیه له ئه‌نفال، ئه‌گه‌ر له وڵاتێكی ئیسلامیش نه‌بووایه ،ره‌نگه به هۆی
ئه‌و گوتاره لاوازه‌ی کورد، خودی خۆی نه‌یتوانیبووایه کارێکی له‌مه باشتری
بکردبا. بۆیه به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌و گرفته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ئیفلیجی
ده‌مراستی رۆشنبیریی و سیاسی خودی كورد.
هاوکاتیش پاشخان و پێکهاتی حیزبی سیاسی کورد، وه‌ک نوێنه‌رایه‌تیه‌کی جڤاکی کوردی،
رۆڵێکی گرنگی هه‌یه له که‌م بایه‌خبوون و بێده‌نگبوون له کاره‌ساتی ئه‌نفالدا،
چونکه له‌و کاته‌ی که رژێمی به‌عسی فاشی پرۆسه‌ی ئه‌نفالکردنی کوردی پیاده کرد،
ئه‌و دووزلحیزبه‌ی کوردستان به ئاشکرا هاوکاری رژێمی ئیسلامی ئێرانیان ده‌کرد، که
ئه‌و رژێمه‌ش له شه‌ڕێکی دژوار‌دا بوو له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌ددامدا. لێره‌ده وه‌ک
ئاشکرایه، ئه‌وکات به هۆی دژایه‌تیکردنی زلهێزه‌کانی رۆژئاوا و مه‌ترسی رژێمی
ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ئایینده‌ی سیاسه‌تی رۆژئاوا و ناوچه‌که‌دا، بۆیه ئه‌و
زلهێزانه‌ی رۆژئاوا ڕاسته‌وخۆ له ئاستی سیاسی و چه‌کدارکردندا هاوکاریی رژێمی
سه‌ددامیان کرد. دواجاریش ئه‌و فاکته‌رانه رۆڵی زۆریان هه‌بوو/ده‌بێ له هه‌وڵی
فه‌رامۆشکردنی کاره‌ساتی ئه‌نفال وه‌ک سیاسه‌تێک له گه‌لکوژی.
به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و مێژووه ئاینی، سیاسی، كولتووری و...هتد، كه له جیهانی
ئیسلامی ــ عاره‌بی دا هه‌یه ، یه‌كێك بێ له‌و هۆكارانه‌ی كه به‌رهه‌مهێنه‌ری
ئه‌و بێده‌نگییه بێ؛ واتا ئه‌و مێژووه‌ی كه له ژیانی جیهانی عاره‌بی ــ
ئیسلامی‌دا هه‌یه و خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه ، كه له‌سه‌ر بێده‌نگكردن و
داپڵۆسین و كوشتن بونیاتنراوه، ڕێگه خۆشكه‌ربێ بۆ په‌راوێزكردنی كێشه‌ی ئه‌نفال.
وه‌ك ده‌زانین مێژووی عاره‌ب و خودی ئیسلام، وه‌ك ئیدیۆلۆژییه‌كی به سیاسیكراو،
هه‌میشه له وێنه به‌رجه‌سته‌كراوه سیاسییه تووند و تیژییه‌كه‌یدا، خۆی له
سه‌ر جیاوازه‌كان داڕێژاوه. له ده‌ڤه‌ره‌كانی مێژووی ئه‌و جیهانه ئیسلامییه
سیاسی و ڕژێمه‌كانیدا، شوێنكاتێك، مێژوویه‌ك نییه له فره ڕه‌هه‌ندی سیاسی،
كلتوری و ڕه‌گه‌زه‌كان. به‌واتایه‌كی تر، ئه‌و مێژووه، هه‌ر له ڕۆژگاری
خه‌لافه‌تی عه‌باسی، خه‌لافه‌تی ئومه‌وی و ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌وه بگره تا
ده‌گاته ڕژێمه دوا كۆلۆنییه‌كانی عاره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناویندا، له‌سه‌ر
ده‌مکوتکردنی جیاوازییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگایه‌کانی خۆیان و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی
کورد و ئه‌وانی دیکه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له سه‌ر نموونه‌ی جووله‌كه له كێشه‌ی کۆکوژی بڕوانین، ده‌بێ
له‌سه‌ر دوو ده‌ڤه‌ر و ئایین و پاشخانی جوداوه بپه‌یڤین.. واتا ئه‌وه‌ی كه وایكرد
كێشه‌ی كوشت و بڕی جووله‌كه له لایه‌ن ڕژێمی نازی هیتله‌ره‌وه بكرێته پرسیارێكی
نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌میشه زیندوو، خودی ئه‌و ناوكۆیی، كۆنتێكسته مێژووییه‌ی
ڕۆژئاوا بوو؛ واتا ئه‌وه گوتاری پرۆژه‌كانی ڕۆشنگه‌رییه، كه له لایه‌ك، به
پاڵپشتی ئاوه‌زگه‌راییه‌وه، هه‌ڵگری گوتاری گه‌ردوونگه‌ریی، تیۆی داروین، كێشه‌ی
پێشه‌ڤه‌چوون و له ناو چوونی ڕه‌گه‌زه‌كانه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، به‌رهه‌می
ڕوانگه‌ی دوالیزمی، باش و خراپ ،سۆبژه و ئۆبژه،جیاواز و دژه‌كانه... هتد،
بونیاتناوه، له لایه‌كی تریشه‌وه ، ئه‌و گوتاره رۆشنگه‌رییه هه‌ڵگری باشكردنی
ژیانی مرۆڤایه‌تییه له سه‌ر زه‌ویدا.
وێڕای ئه‌مه‌ش، ده‌بێ ئه‌وه له یاد نه‌که‌ین، که جێنوسایدی جووله‌که‌کان له
رۆژگاری شه‌ڕی جیهانی روویدا، که له‌وێدا نازیزم و فاشیزم هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ی
له ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌کرد. به‌مجۆره دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م،
رژێمه‌کانی رۆژئاوا ناچار بوون بیر له‌و غه‌دره گه‌ورانه بکاته‌وه که له
جیهانی دیمۆکراتییدا ئه‌نجامدرا. بۆیه گه‌وره‌کردنه‌وه یان به ده‌نگهاتن له
کێشه‌ی جێنوسایدی جووله‌که‌کان به‌نده به‌و چرکه‌ساته مێژوویه‌ی دوای شه‌ڕی
جیهانی دووه‌م و پشتگیری کردن له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل.
هاوکاتیش دوای ئه‌و شه‌ڕه وێرانکارانه‌ی که ئه‌وروپای ته‌نیبۆوه، كێشه‌ی مێژوویی
جووله‌كه‌كان له رۆژئاوادا، وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ سه‌قامگیركردنی مافه
مرۆڤایه‌تییه‌كان، رێزگرتن له ره‌گه‌زه جیاوازه‌كان و ... هتد ، بوونه بزاڤێکی
به‌هێزی جڤاکی. له بزاڤه مرۆڤایه‌تییه‌كان له رۆژئاوادا ، بۆ نموونه له
بزاڤه‌كانی دژه راسیزمی و فاشیزمی، كه ئه‌مڕۆ له رۆژئاوادا دیارده‌یه‌كی به‌ر
فراوانه. به‌واتایه‌كی روونتر له روانگه‌ی ئه‌و ناوكۆییه کولتووری ، مێژوویی،
سیاسی و ... هتد، كه بنه‌ماگه‌لێكی سه‌ره‌كین له گوتاری رۆشنگه‌ریی و دوای
رۆشنگه‌رییدا، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له رۆژئاوادا روویدابووایه، هه‌ڵبه‌ت به
گوێره‌ی ئه‌و پێودانگانه‌ی که‌و له‌و جیهانه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه، ئاشتێكی جیاوازی
ده‌بوو.
به‌ڵام کێشه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی دژه ڕه‌گه‌زی جووله‌كه
، ئه‌وه‌نده‌ی بۆته كێشه‌یه‌كی عاره‌بی ، واتا رقی عاره‌ب له جووله‌كه و
ئیسرائیل...هتد، وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئه‌ورووپی نه‌ماوه‌ته‌وه. چونكه له جیهانی
عاره‌بیدا، به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی پێشێلكردنی مافی مرۆڤایه‌تی ناعه‌داله‌تی ،
نه‌بوونی دیمۆكراسی و ..هتد ، هیچ زه‌مینه‌یه‌ك نییه، بۆ لابردنی ئه‌و
بێده‌نگییه‌ی كه‌له‌سه‌ر ئه‌نفالكردنی كورد له ئارادایه . له جیهانی عاره‌بی و
ئیسلامی‌دا، خودی عه‌ره‌ب له ژێر سایه‌ی رژێمه دڕنده‌كانی خۆیدا كه‌رامه‌تی
پێشێلكراوه ، بۆیه چاوه‌ڕێكردنی بوارێك ، یان زه‌مینه‌یه‌ك، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له
رۆژئاوادا له ئارادایه، كه بتوانێ پرسی ئه‌نفال بكاته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ
قسه‌كردن له سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد و پرینسیپه مرۆڤایه‌تیه‌كان ، شتێكی
بێهووده و ئومێدێكی ساوفیلكانه‌یه. له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌مڕۆ جیهان خودی عاره‌ب
له چركه‌ساتێكدا، كه به‌ده‌ست په‌نگدانه‌وه‌ی مێژوویه‌كی پڕ له زه‌بروزه‌نگدا
ده‌تلێته‌وه ، بۆیه خودی خۆشی بۆته قوربانییه‌ك به ده‌ستی ئه‌و مێژووه‌یه‌ی
خۆیه‌وه . كه‌ڵه‌كه بوونی ئه‌و مێژوو پڕ له سه‌ركوتكردن و تاكره‌وییه‌ی رژێمه
عاره‌بییه‌کان نه‌ك هه‌ر مرۆڤی عاره‌بی تووشی بێمانایی كردووه ، به‌ڵكو روحی مرۆڤی
كوردی ئه‌نفالكراویشی ئیفلیجكردووه؛ واتا ئه‌و وێنه ره‌شبیگره‌ی كه قۆناغ دوای
قۆناغ له هه‌ناوی مێژووی عاره‌ب و ئیسلامدا خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه ، به
تایبه‌تیش واقیعی ئه‌مڕۆی عاره‌ب ، وای له كورد كردووه ، كه نه‌ك هه‌ر بێ ویست
بێ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كه له ئه‌نفالكردنی له ئارادایه ، به‌ڵكو
خۆشی ملكه‌چ بێ به‌رامبه‌ر غه‌ردرێك ، كه بێده‌نگ بوو لێی ، له‌خودی
ئه‌نفالكردنه‌وه‌ی ، تاوانتره . كورد له جیاتی ده‌نگهه‌ڵبڕین و به جیهانیكردنی
ئه‌نفال ، پرۆسه‌ی فه‌رامۆشكردنی یاده‌وه‌ری خۆی، واته مێژووی ئه‌نفالكردن،
به‌رێگای هه‌ڵپه‌ڕین و مكیاژی ده‌ره‌كی خۆی ، كه گوایه گه‌لێكی لێبووردووه،
په‌یڕه‌و ده‌كا. دواجار ئێمه ناتوانین به بیانۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌نفال ئه‌گه‌ر له
جیهانی ئیسلامی‌دا نه‌بووایه، له‌جیهانێكی تربووایه، خۆمان له‌و بێده‌نگی و
ئاڵۆزییه‌ی گوتاری رۆشنبیریی و سیاسی خۆمان بدزینه‌وه. ئێمه ده‌بێ له‌و
شوێنكاته‌ی كه ئه‌نفالی تێدا روویداوه، به‌ئیراده‌یه‌ك له‌هزراندن و به
پرۆژه‌كردنی پرسی ئه‌نفال، ئه‌و بێده‌نگیكردنه له پرسی ئه‌نفال، قاوبده‌ین.
وێرانی ئه‌مه‌ش ئه‌مڕۆ به‌هۆی باڵاده‌ست بوونی ته‌كنیك واتا كه‌ناڵه فراوانه‌كانی
ئینته‌رنێت و جیهانگیری، كه‌خۆی له «بێ» شوێنی ده‌ناسێنێ، جیهانی كردۆته
سیسته‌مێك له سیمبۆل و ته‌كنیك، خودی ئه‌و شوێنه جوگرافییه‌ی كاڵكردۆته‌وه؛ واتا
كورد ده‌بێ ئه‌و «داستانه مه‌زن»ه نه‌ته‌وایاتییه‌ی که به‌شێک له کورد به
کاریگه‌ریی به‌شێک له تیورییه کۆپیکراوه‌کانی رۆژئاوا پێیان وایه كۆتایی هاتووه
زیندوو بكاته‌وه. لێره‌وه ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئه‌و فاكته‌ره ته‌كنۆلۆژی، ئابووری ،
كولتووری ..هتد، شوێنه‌كان وه‌ك جاران لێكدابڕاوین. كورد ده‌توانێ به‌ڕێگه‌ی ئه‌و
سیسته‌مه تازه‌یه‌ی ته‌كنیكه‌وه كێشه‌ی ئه‌نفال و مه‌سه‌له ڕه‌وایه‌كه‌ی ، له
ناوه‌ندی جیهان ئاماده بكا‌و نمایش بـكا.
پرسیار: ئه‌وهۆكارانه چین كه ئه‌نفال له هۆشیارییه‌كی سیاسی ساده‌وه كه ته‌نها له یادكردنه‌وه‌ی سه‌ر پێیانه‌ی ساڵانه‌دا قه‌تیسبووه، ده‌گوازێته‌وه بۆ هوشیارییه‌كی كلتووری، له‌و بێده‌نگییه‌ی كه خاوه‌نی قسه نییه ده‌گوازێته‌وه بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌ك به ده‌نگی به‌رز. هه‌روه‌ها ئه‌م بێده‌نگییه چه‌ند په‌یوه‌ندی به كورد خۆیه‌وه هه‌یه، هه‌م له ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ ئه‌نفال و هه‌م له ئاستی ده‌سته‌ڵاتی كوردی خوی‌دا؟
هه‌ندرێن: له ئاخاوتنی پێشووماندا به خێرایی ئاماژه‌مان به‌و پرسیاره‌كرد. به‌ڵام
ئه‌و هۆكارانه‌ی كه وا ده‌كه‌ن ئه‌نفال له‌و هوشیارییه ساده‌وه بیگوازینه‌وه بۆ
ئاگاییه‌كی كولتووریی نه‌ته‌وه‌یی، ئاماده‌كردنی ئه‌و مێژووه برینداره‌یه له
ژیانی ئێستای كوردستان و كۆی گۆشه جیاوازه‌كانی سه‌رتاپای جیهان و به‌كرده‌كردنی
ئه‌و كاره‌ش پێویستی به‌كۆمه‌ڵێ هه‌نگاو و رێگای جودا هه‌یه . به‌ڵام به‌ر له
هه‌موو كارێك، به لای منه‌وه ئه‌وكاته كورد ده‌توانێ ئه‌نفال له‌و ئاسته
سیاسییه ساده‌یه بگوازێته‌وه بۆ ئاگاییه‌كی زیندوو ، كه بتوانێ راستگۆیانه،
وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئه‌نفالكراو، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆی و «ئه‌وانیتر» بكات .
به‌واتایه‌كی روونتر یه‌كێك ئه‌و هۆكارانه‌ی كه پرسی ئه‌نفالی له‌و هۆشیارییه
ساده و قه‌تیسماوه سیاسییه هێشتۆته‌وه، ئه‌و به بازرگانیکردن، سواڵكه‌ری و
به‌حیزبیكردنه‌ی ئه‌نفاله له‌لایه‌ن ده‌مڕاسته سیاسی و رۆشنبیرییه‌كانی كورد.
ئاكامی ئه‌وه‌ش، بۆ نموونه له‌و توڕه‌یی و رابوونه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵبجه دا
به‌رجه‌سته‌بووه. هه‌روه‌ك بینیمان ئه‌مساڵ ،2006، چۆن جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه له
یادی كیمیابارانی شاره‌كه‌ی خۆیدا به دژی ئه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كوردییه
ته‌قییه‌وه، كه هه‌ستی كرد بازرگانی به مێژوو و مردووه‌كانی ده‌كا.
لێره‌وه مرۆی هۆشیار له‌وه تێده‌گا كه چۆن هاووڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه، وه‌ک
یاده‌وه‌ری زامداری ئه‌و شاره، ئیتر له‌و ده‌سه‌ڵاته بێ‌ئومێد ده‌بن، كه به‌ناوی
مافه‌كانی ئه‌و بازرگانی به مێژووكه‌یان ده‌كه‌ن. كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و دیاردانه
به‌هۆی ره‌فتار و یارییه‌كانی حزبی كوردی، له‌وانه كایه ناله‌باره‌كانی شه‌ڕی
خۆكوژی و دواجاریش بازرگانیكردن به مێژووی ئه‌نفال و دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر
دوو حوكمه‌ت و دوو حیزب ، هاوكاتیش كه‌هێلی و سستی رۆناكبیری كوردی و ئیفلیجی
زانكۆیه‌کانی كوردستان له ڕۆڵی تۆێژینه‌وه و به به‌ڵگه‌كردنی مێژووی ئه‌نفال،
ئه‌وانه هه‌موویان، بوونه هۆی سووككردن ، بێ‌مانا، دواجاریش فه‌رامۆشكردنی
كاره‌ساتی ئه‌نفال له یاده‌وه‌ری كوردیدا . ئێمه نموونه‌ی جوله‌كه‌كانمان
له‌به‌رچاوه ، كه‌چۆن توێژی رۆناكبیر و سیاسی ، به ئاگاییه‌كی تۆكمه توانییان
له دوای ڕووخانی ژێمی هێتله‌ردا ، به پرۆژه‌ی رۆشنبیریی و سیاسییه‌كانیان
هۆلۆكۆست و کوکوژی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن به كێشه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی ، به‌مه‌ش
ئاستی ئاگایه‌كی قووڵی به‌كۆمه‌ڵی جووله‌که‌یی به‌رهه‌مبهێنن. له‌و روانگه‌یه‌وه،
كورد ئه‌وكاته ده‌توانێ مێژووی ئه‌نفال له‌م ئاسته ساده‌یه‌ی هۆشیاری، له‌م
بێده‌نگییه مه‌ترسیدار و دواجاریش له‌م روحه سواڵكه‌رییه‌ی كه له‌لایه‌ن حزبی
باڵاده‌ستی ئه‌مڕۆی كوردیدا له ئارادایه بگوازێته‌وه بۆ هۆشیارییه‌كی باڵای
كولتووری و سیاسی و ده‌نگێكی به‌رز ، كاتێك توانی ئه‌نفال بكات به به‌شێكی
سه‌ره‌كی له چاڵاكییه كولتووری و سیاسییه‌كان له ژیانیدا. ئه‌م كاره‌ش بێ بوونی
ئیراده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ی خه‌مڵیو مه‌یسه‌ر نابێ . چونكه له كۆمه‌ڵگایه‌كی هیلاك و
كه‌م ئاگایی وه‌ك كورد ، ئه‌وه ئیراده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی سیاسییه كه له رێگه‌ی
که‌ناڵه‌کانی په‌روه‌رده و سیاسه‌تی كولتوورییه‌وه ده‌توانێ ئه‌و هۆشیارییه
ساده‌یه په‌ره پێ‌بدا و بیكات به کۆئاگایه‌كی كولتووری و سیاسی. لێره‌وه به
بڕوای من، یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه گرنگ وسه‌ره‌كیانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی،
ئه‌گه‌ر بخوازێ ئه‌نفال بكاته بنه‌مایه‌ك بۆ گوتاری سیاسی كورد، ده‌بێ مێژووی
ئه‌نفال و ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ده‌روونییه‌كانی بكاته به‌شێكی گرنگی
له‌به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌ی خوێندندا، كه ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، تائێستاش ئه‌و
مێژووه، به‌شێوه‌یه‌كی گرنگ، نه‌كراوه‌ته به‌شێك له به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده.
وه‌ك ده‌زانین ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی ڕوابردوو ، نه له‌و
مێژووه‌ی ئه‌نفال ژیاوه و نه له ئاستی رۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌شدا ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی تووانیویه‌تی وێنه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر ئه‌نفال بۆ فه‌راهه‌م كردبێ.
بۆ نموونه ده‌کرێ بپرسین، که له ماوه‌ی ئه‌و پانزه ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا،
میدیایه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و دوو حزبه، چه‌ند فیلمی هونه‌ری و دیكۆمێنتی له‌سه‌ر
ئه‌نفال و هێرشه دڕنده‌کانی رژێم بۆ رووخاندنی دێهاته‌کانی کوردستان و ...،
به‌شێوه‌یه‌كی شیاو ، پێشكه‌ش به بینه‌ری كورد كردووه ؟ ئایا ناوه‌نده هونه‌ری و
رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌و دوو حیزبه و بگره بێلایه‌ن و حزبه‌كانی تریش، چه‌ند
پێشانگا، فیستیڤاڵ، کۆڕ و چاڵاكی كونه‌ری و كولتووری ، پێشكه‌ش كردووه ؟ ئه‌ڕێ
زانكۆیه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی به‌شی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان ، چه‌ندان
لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی/ زانستی/میتۆدییان له‌سه‌ر ئه‌نفال و ئاكامه‌كانی
نجامداوه و له‌پاڵ ئه‌وكارانه‌ش ،چه‌ند كۆنفراس و كۆڕیان له ئاشتی ناوه‌خۆ و
ده‌ره‌كی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه لێكۆڵینه‌وه ئه‌كادیمیانه‌وه، سازكردووه؟
ئه‌مانه‌و چه‌ندان پرسیاری له‌م چه‌شنه، که بۆ ئێمه له‌وه‌ڵامێكی گومڕدا
ده‌مێننه‌وه. چونكه من پێم وایه، كه زانكۆیه‌كانی كوردستان ئه‌مڕۆ گرنگترین
ئه‌ركیان له‌سه‌ره بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كورد سه‌باره‌ت به پرسی
ئه‌نفال. چونكه ئه‌وه ئاكامی توێژینه‌وه هه‌مه‌جۆره‌كانه كه زانكۆ وه‌ك
دامه‌زراوه‌یه‌ك له جیهانی تیۆری و میتۆدێكی، ده‌توانێ رووداوێكی وه‌ك ئه‌نفال
بكات به زه‌مینه‌یه‌ك له بواری به‌رهه‌مهێناوه‌ی شوێنه‌واره‌كانی ئه‌نفال.
لێره‌وه زانكۆ وه‌ك دامه‌زراوێكی كولتووری له‌ڕێگای كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه
ده‌توانێ كێشه‌ی ئه‌نفال بكات به‌كێشه‌یه‌كی جیهانی. ئه‌مه‌ش ده‌كرێ ، هه‌ر به
داوه‌تكردنی پسپۆڕه‌كانی كێشه‌ی جینۆسایده‌وه بۆ زانكۆیانی كوردستان و تا ده‌گاته
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م توێژینه‌وانه‌ی كه‌له‌سه‌ر ئه‌نفال كراون له تۆڕه‌كانی
ئینته‌رنێت ، ئه‌نجامبدا،به مجۆره پرسی ئه‌نفال نه‌ك هه‌ر ئاستی هۆشیاری مرۆڤی
كورد به‌رامبه‌ر ئه‌و مێژووه به‌رزده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگای
جیهانیش له‌سه‌ر ئه‌نفال سه‌رنجکێش ده‌کا. كه‌واته، به واتای فۆكوێیانه ،
ئه‌وكاته ئه‌نفال له ئاستی هۆشیاریه‌كی ساده‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ئاستێكی
كولتووری و سیاسی با‌ڵاو به‌رجه‌سته كرا‌و ، كاتێك كورد توانی پرسی ئه‌نفال بكات
به گوتارێكی مه‌عریفی، چونكه ئه‌وه گوتاری مه‌عریفییه كه گوتاری ده‌سه‌ڵات
به‌رهه‌م ده‌هێنێ. لێره‌دا به‌مه‌عریفه كردنی ئه‌نفال، له‌ئاستی ئاگایی كوردی و
خودی ره‌هه‌ندی ئه‌نفالیشدا، ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانی گوتاری ده‌سه‌ڵاتێكی كارا‌و
پۆزه‌تیف. هه‌ڵبه‌ته مانه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌و ئاسته نزمه‌ی هۆشیاری كوردیدا،
په‌یوه‌ندی به پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری سیاسی، مێژووی ... هتد، هه‌یه.
پێكهاته‌یه‌ك كه تائێستا به سۆز و هه‌سته‌گی به‌رگاویكراوه، كه ئه‌و چه‌شنه
پێكهاته‌یه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر ئاستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كان به‌رده‌وامی
بوونایه‌تییه‌كه‌ی پاراستووه ، هێنده له‌سه‌ر ئاستی ئاگاییه‌كی مه‌عریفی
ئاوه‌زگه‌رایی له‌و بووناتییه جیگیر نییه.
له‌ئاكامی ئه‌وه‌دا، كورد هه‌میشه مێژووه تراژیدییه‌كانی خۆی
به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه. مێژووی كورد پڕه له‌و ده‌مه‌ده‌قه واوه‌یلائامێزانه‌ی كه
باسی ئه‌و فه‌رامۆشكردنه‌ی یاده‌وه‌ریی خۆی ده‌كا. له‌لای مرۆی كورد ترس و
نیگه‌رانی له‌و فه‌رامۆشكردن و خه‌مساردییه‌ی كورد به‌رامبه‌ر مێژووی
بوونایه‌تیه‌كه‌ی، له ئه‌حمه‌دی خانیه‌وه تا ئه‌مڕۆش له رۆشنبیریی كوردیدا
ئاماده‌یه‌كی راشكاوی هه‌یه. بۆیه جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بێده‌نگییه‌ی
ئه‌نفال له‌ئاستی كۆمه‌ڵگای كورد و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، شتیكی تازه
نییه، ئێمه ده‌بینین که چۆن مێدیا و مه‌كۆیه جودایه‌كانی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی
كوردی، رووداوه مێژوویی و سیاسی و كولتووری و بگره ئه‌نفالیشیان له ئاستێکی
رووكه‌شی هه‌ڵپه‌ڕكێ و ئاهه‌نگێڕان، یان گریانیكی كاتی و کۆمه‌ڵیک دروشمی ساکار که
له هه‌ستی خۆ به قوربانیدان زیاتر تێناپه‌ڕن. گومان له‌وه‌دانییه، كه ئه‌مڕۆ
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد، به یارییه حیزبی و خێڵه‌كی و ناوچه‌ییه
گه‌رمیانییه‌كانه‌وه رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێ له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و بێده‌نگییه و
فه‌رامۆشكردنه‌ی ئه‌نفال له یاده‌وری كوردیدا. دیاره نابێ ئه‌وه‌مان له‌یادبچێ،
كه‌دوای روخانی سه‌ددام، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد و ده‌مڕاسته رۆناكبیرییه‌كه‌ی
ده‌یتوانی له ڕێگای پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و دادگایكردنی
سه‌ددام و تاوانباره‌کانی دیکه، ئه‌نفال به‌ره‌و كێشه‌یه‌كی جیهانی ببات، به‌مه‌ش
نه‌ك هه‌ر ئه‌و ڕژێمه كورد کوژ و پاشخانه ئیدیۆلۆگییه پان- عاره‌بییه‌که‌ی
دادگایی بکا، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و فابریك و كارگه و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كانی
عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی و ئه‌مریكیش رووبه‌رووی به‌رپرسیاریه‌تی ویژدانی و سیاسی و
ئابووری بكاته‌وه. به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین، تائه‌مڕۆش ده‌سه‌ڵاتی كوردی و توێژی
ده‌مڕاستی به‌ناو رۆناكبیری كوردی، نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیووه ئه‌و زه‌مینه
فه‌راهه‌م بکا تاکوو ئه‌نفال بکا به پرسێکی جیهانی، به‌ڵكو به‌و بازاڕه
بارگانییه‌ی كه بۆته پرۆژه‌یه‌كی سه‌ره‌كیان ، وایكردووه خودی ئه‌وانه‌ی كه به
رێككه‌وت له ئه‌نفالیش رزگار بوون، خه‌ون به سه‌رده‌می ئه‌نفالکردنیان بخوازن.
چونکه ئه‌و زیندووانه‌ی که له ئه‌نفالكردن رزگار بوون، له ژیانێكی
كۆڵه‌مه‌رگیدا، له ژێر خێوه‌ت، بێ‌ماڵ ، به‌هه‌ژاری ، بێ ماف ، بگره به ترسه‌وه
له چاوه‌ڕوانی ته‌عریبكردنه‌وه ، کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌وه
مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی و ئاستی رۆشنبیریی كوردی بێت، كه له وێنه‌یه‌كی
خه‌مهێنه‌ردا ده‌بینرێ، چۆن بتوانین ئه‌نفال بكه‌ین به هۆشیاریه‌كی كولتووری و
له‌و بێده‌نگیه‌ش رزگاری بكه‌ین؟! له‌وه‌ش زیاتر ، كاتێك ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه
«چاكـ» ، ساڵی رابردوو ،2005 ، فرانس ڤان ئه‌نراتی تاوانباری هۆڵه‌ندی دادگاییكرد،
میدیای ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره له ته‌له‌فزوێنه‌كانیاندا به‌قه‌د ئاهه‌نگی
هه‌ڵپه‌ركێیه‌كیش كه له هۆڵه‌ندا ده‌كرێ، گرنگیان به‌و کاره باشه نه‌دا. ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته كوردییه، یان دوو حیزبه باڵاده‌سه‌ته نه‌ک هه‌رخۆیان به‌شدارن له‌و
بێده‌نگییه ، به‌ڵكو رێگرن له‌به‌رده‌م هه‌ر هێزێك ، كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ،
هه‌وڵبدا كێشه‌ی ئه‌نفال له‌و قه‌یرانه‌ی بێده‌نگی و ئاسته خه‌مهێنه‌ره
رزگاربكات.
لێره‌وه مانه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌و ئاسته خه‌مهێنه‌ره‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوی
خه‌مساردی و نزمی ئاستی هێزه‌كانی ناخی كوردی، كه‌له نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی
و كولتووریدا، له خه‌می ئه‌وه دایه کاره‌ساتی ئه‌نفال ته‌نیا وه‌ك قوربانییه‌ك
بكاته ئامرازێك بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه ماددییه‌كانی خۆیان. چونکه ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌ی کوردی، دوای راپه‌ڕین، وێرای قووتبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی "نه‌وت
به‌رانبه‌ر خۆراک"، دواجاریش دوای داڕمانی رژێمی سه‌ددام، دیارده‌ی پادداشت،
شه‌هیدانه، ته‌قاویترکردنی مێگه‌لێک خه‌ڵکی ساخته‌چی به‌ناوی پێشمه‌رگه... هتد،
مرۆڤی کوردیان فێر کرد که هه‌موو شتێک له ئاستی قه‌ره‌بۆکردنی ماددی
کورتبکاته‌وه. له‌بۆیه ده‌بینین ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی که دوای ئه‌نفال زیندوو
ماونه‌ته‌وه، هه‌میشه وه‌ک قوربانی و ده‌ستکورد خۆیان نمایشبکه‌ن. به‌مجۆره لای
ئه‌وان قه‌ره‌بۆکردنی ئه‌نفال له وه‌گرتنی بڕێک پاره و ماڵێک کورتکراوه‌ته‌وه.
که‌واته ئه‌و قه‌یرانه‌ی که ئێمه باسیده‌که‌ین ده‌رهاوێشته‌ی هۆکارگه‌لێکه که
له دوای راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری کوردستان له ساڵی 1991ه‌وه ده‌ستیانپێکردووه، به
تایبه‌تیش ئه‌و قه‌یرانه دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی خۆکوژی و به‌تاڵانبردنی موڵکی
کوردستان و دزینی داهاتی گومرگه‌کان ... دیارده‌گه‌لێکی زۆری له‌و شێوانه قووڵتر
بووه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و قه‌یرانه له ئاکامی شه‌ڕی نێوان حیزبه‌کاندا هه‌ر له
قۆناغی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه ده‌ستیپێکردبوو، به‌ڵام دوای راپه‌ڕین، به
هۆی فه‌شه‌لی حیزبی کوردی له به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی کوردستاندا، ئه‌و قه‌یرانه
سیاسیی و ئه‌خلاقییه یاده‌وه‌ریی کوردی ته‌واو له بیرکردنه‌وه‌ی بوونی خۆی و
مێژووی کاره‌سته‌کانی ئیفلیجکرد. ئاکامی ئه‌مه‌ش گه‌لی کورد تووشی ئه‌و تێکشکانه
روحی و ئه‌خلاقییه بوو که ئێستا له‌به‌ر چاومانه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێز و
لایه‌نه سه‌ربه‌خۆیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه گه‌نده‌ڵانه بتوانن ئاستی ئه‌و
هۆشیارییه داواکراوه‌ی خه‌ڵکی کورد بخه‌مڵێنن، ده‌بێ سوود له ئه‌زموونی ئه‌و
نه‌ته‌وانه‌ی كه له مێژوودا ده‌رگیری هه‌مان كێشه بوونه وه‌ربگرن. بۆ نموونه،
ساڵی رابردوو ئه‌رمه‌نه‌كان، كه بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی وه‌كی ئێستای كورد
بن، توانیان كێشه‌ی قڕكردنیان به ده‌ستی رژێمی شۆڤێتی توركیا، بكه‌ن به رۆژێكی
جیهانی. که‌واته ئه‌و هۆکرده سه‌ره‌کییه‌ی که واده‌کا کاره‌ساتی ئه‌نفال له‌و
ئاسته نزمه‌ی هۆشاریدا بمێنێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پێکهاته لێکترازاوه‌ی
کۆی کوردی، که هه‌تا هه‌نووکه‌ش جووڵه هه‌سته‌کییه‌کاندا گیری خواردووه،
له‌بۆیه هێشتا ئاوه‌زگه‌رایانه له بوونی خۆی ناهزرێ.
لێره‌وه حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه به یاد خوێنه‌ر بێنمه‌وه، که من خۆم له کاتی
پێشمه‌رگایه‌تیدا رووبه‌ڕووی هێرشه‌کانی ئه‌نفالی 6، 7 و هه‌شت بوومه‌وه. واتا
کاتی هێرشه‌کانی رژێمی فاشی له دۆڵی بالیسان، باڵه‌کایه‌تی و باهدینان، بینیم چۆن
رژێم ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی به تۆپ و بۆردمانی ئاسمانی و چه‌کی کیمیایی هه‌ڵپڕووکاند.
بۆیه ئاخاوتن و پێشنیازکردنی به‌رنامه‌یه‌ک بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئاگایی جڤاکی
کورد له‌مه‌ڕ دۆزی ئه‌نفال، له پێشه‌وه ئه‌رکی ئه‌و هێزه‌یه که پێی ده‌ڵێن
حوکمه‌تی کوردی و دواجاریش کۆی مرۆڤی کورد. به‌ڵام کێشه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو
پێشنیاز و خه‌مخۆرییه بۆ رێزگرتن و به پرۆژه‌کردنی پرسی ئه‌نفال، یه‌کێکه له‌و
هۆکاره بنه‌ڕه‌تییانه‌ی که گیانێکی خه‌ماساردی له جڤاکی کوردستان
به‌رهه‌مهێناوه. که‌واته ئێمه له به‌رده‌م کێشه‌یه‌کین که به‌نده به خودی
کورده‌وه؛ واتا ئه‌مڕۆ کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که به‌ر له‌وه‌ی بیر له
به‌جیهانیکردنی کوکوژی کورد بکه‌یه‌نه‌وه، پێویسته خۆمان رێز له ئه‌نفال و
ئه‌نفالکراوه‌کانی کورد بکه‌ینه‌وه. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆکه هاووڵاتیانی کورد
له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خودی ده‌سه‌ڵاتی کورد، ئاواره و بێ‌ماڵ بن، له بری
ئه‌نفالکراوه‌کانیش، کۆنه جاش و سه‌رۆک جاش و ته‌ڵه‌که‌بازه‌کانی کورد، پادداشت
وه‌ربگرن، ئیدی ئێمه پێشنیازه‌کانی خۆمان بۆ کێ ئاراسته بکه‌ین؟!
پرسیار: ئه‌و پێشنیاره تایبه‌تیانه‌ی ئێوه چین.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌ك كاره‌ساتێكی سیاسی مێژویی له یاده‌وه‌ری ئینسانی كورددا
به چه‌شنێك بمێنێته‌وه كه هه‌میشه جێی ئاوڕدانه‌وه‌و قسه‌كردن بێت له‌سه‌ری له
لایه‌ن ئه‌و نه‌وانه‌ی كه له دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دان؟
هه‌ندرێن: راستییه‌که‌ی ده‌بوو له‌وه بترازێین،
که ئه‌مڕۆ ته‌نیا كێشه‌ی ئه‌نفال و ئه‌و مێژووه خوێناوییه‌ی که كورد له
هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا رووبه‌رووی بووه‌وه، له ئاستی خه‌ون و پێشنیاز
کردنی تیۆریدا باسیان بکه‌ین. له باروودۆخێكی وه‌ك ئه‌مڕۆی بزۆك و خێرا گۆڕاوه و
تێپه‌ڕدا، كورد ده‌بێ خافڵ نه‌بێ كاته له‌باره‌كانی له ده‌ست ده‌ربچێت. وه‌ك
پێشتر ئاماژه‌م پێكرد، به هۆی ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی كه كورد له ژێر ده‌سه‌ڵاتی
خۆیدا پانزه ساڵی به‌سه‌ر برد، كردنی ئه‌نفال به ڕووداوێكی زیندوو و كارا له
یاده‌وه‌ری ئه‌و نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتوو، به ئاسان نابینم. چونكه
ئه‌و دوو زلحیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی کوردی، له له ماوه‌ی پانزه ساڵی
ده‌سه‌ڵاتیاندا، نه‌ک هه‌ر تاوانیان له به‌رانبه‌ر ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی که له
ئه‌نفال رزگاریان بوو که‌مته‌رخه‌م بوون، به‌ڵکوو له ئاستی سیاسییشدا کێشه‌ی
ئه‌نفالیان قه‌تیسماو کردووه. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو زلحیزبه رێگه به‌خۆیان بده‌ن به
به‌ر چاوی خه‌ڵکی ئه‌نفالکراوی کوردستان ئه‌و سه‌رۆک جارش و به‌عسییه
تاوانبارانه‌ی که له ئه‌نفالکردن به‌شدار بوونه پایه و رێزی جارانیان پێ
به‌خشن، ئیدی پێشنیاره‌کانی ئێمه بۆ به پرسکردنی ئه‌نفال، هیچ مانایه‌کی
نامێنێته‌وه. ئه‌مڕۆ له کاتێکدا که هه‌ر له ئێشتاوه هێزێکی شۆڤینی و
تووندڕه‌وه‌ی عاره‌بی له عێراقدا له گه‌شه‌دایه و سه‌دام و ده‌وست و پێوه‌نده
کوردکوژه‌کان دادگایی ده‌کرێن، که‌چی سه‌رۆک جاش و به‌عسییه خۆفرۆشه‌کانی کورد له
ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا پادداشت ده‌کرێن، هاوکاتیش خه‌مساردی به‌رانبه‌ر ئه‌و
کاره‌ساته‌ی ئه‌نفال زیاتر په‌لده‌هاوێژێ. وه‌ک ده‌زانین ئه‌وه هێزێکی رێکخراوه
که ده‌توانێ دۆسییه‌ی ئه‌نفال تۆکمه بکا، که‌چی، وێڕای پێشنیاز و خه‌می
هاووڵاتیان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه خاوه‌نی ئه‌و وه‌ڵامه نییه که پرسی
ئه‌نفال و جه‌ماوه‌ری کوردستان چاوه‌ڕێی ده‌کا. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال هه‌م
له ئاستی ده‌ره‌کی و هه‌میش له ئاستی ناوه‌کییدا له‌رینه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ک
درووستبکا، به‌لای که‌مییه‌وه ئه‌و به‌ناو حوکمه‌ته کوردییه، به‌ر له دادگایی
سه‌ددام و پێوه‌نده‌کانی، ده‌بێ سه‌رتاپای ئه‌و سه‌رۆک جاش و به‌عسییه کوردیانه
له کوردستان دادگایی بکات. کردنی ئه‌و کاره، به‌لای که‌مییه‌وه، ده‌توانێ
بڕوادارییه‌ک له لای خه‌ڵکی کوردستان دروستده‌کا و هاوکاتیش له ئاستی
ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌ڵکی وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا ده‌توانێ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ک درووستبکا.
ئه‌گه‌ریش ئه‌و به‌ناو ده‌سه‌ڵاته بازارگانه‌ی حیزبی کوردی، ئه‌و کاره به ئاڵۆز
ده‌زانێ، به لای که‌مییه‌وه، ده‌توانێ راپرسییه‌کی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر
دادگایی‌کردنی ئه‌و سه‌رۆک جاش و هه‌ڵه‌پاسانه‌ی کورد ئه‌نجامبدا، که به‌شداریان
کردووه له پرۆسه‌ی کوکوژی کورد. ئه‌و کاره، له ده‌ستپێکدا، ده‌توانێ رێزێک لای
خه‌ڵک بۆ خۆشیان دروستبکا، سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌و کرده‌یه ده‌توانێ ببێته
به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌کی کورد له کۆیاده‌وه‌ری خۆی؛ واتا کورد خۆی بخاته به‌رانبه‌ر
ئه‌و پرسیاره ئێتیکییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی که چۆن، وه‌ک دیارده‌یه‌کی
شه‌رمهێنهێنه‌ر، خودی کورد له رێگای جاشایه‌تییه‌وه، برای خۆی ئه‌نفال کردووه.
له‌بۆیه ده‌کرێ دادگایی‌کردنی جاش و به‌عسییه کورده‌کان له کوردستاندا، ببێته
وێنه‌یه‌ک له سزادانی ئه‌و مێژووه کۆیله‌داره‌ی کورد، که به‌رهه‌مهێنه‌ری
جاشایه‌تی بووه.
به‌ڵام لێره‌دا ئێمه ده‌که‌وینه به‌رده‌م گرفتێکی ئاڵۆزه‌وه، ئه‌ویش خودی پێکهات
و ئه‌خلاقی ئه‌و دوو حیزبه کوردییه، که به‌شداره له به‌رهه‌مهێنانی جاشایه‌تی
و خه‌ڵاتکردندی جاشه تاوانباره‌کان به به‌خشینی پایه له په‌رله‌مان و
حوکمه‌ته‌که‌یاندا.
له‌و دیده‌وه پێش چاره‌کردنی ئه‌و گرفته خۆیه‌کییه‌ی حیزبی کوردی، قسه‌کردن له
دادگایی‌کردن و ریزکردنی پێشنیار بۆ سوود وه‌رگرتن له پرسی ئه‌نفال، ده‌بێته
پرسێکی لێکناکۆک و دژوار له‌گه‌ڵ ئه‌و خواسته‌ی که باسی ده‌که‌ین. چونکه ئه‌گه‌ر
خودی حوکمه‌تی کوردی، به جۆرێک له جۆره‌کان، به‌شدار بێت له پرۆسه‌ی
ئه‌نفالکردنی خۆی، یان خودی ئه‌و حیزبانه‌ی کورد، مۆڵگه‌ی ئه‌و هه‌موو سه‌رۆک جاش و
هه‌ڵه‌پاسانه‌ی رژێمی به‌عسی عه‌فه‌له‌قی بن، چۆن ده‌توانن له‌به‌رانبه‌ر دار و
ده‌سته‌ی ئه‌و رژێمه و بگره خودی ئه‌و حوکمه‌ته تازه‌یه‌ی، که ئه‌و دوو
زلحیزبه‌ی کوردی به‌شداریکارێکی کارایه، بێنه گۆ؟ راستییه‌که‌ی، به رای من، به‌ر
له هه‌موو شتێک پێویسته ده‌مڕاستی سیاسی کورد بیر له مشتوماڵکردنی گوتاری سیاسی
خۆی بکاته‌وه؛ واتا حیزبی سیاسی و توێژی رۆناکبیریی کورد به‌ر له‌وه‌ی رژێمی
به‌عسی و زلهێزه‌کانی رۆژئاوا و خودی ئه‌مریکا تاوانبار بکا به ئه‌نفالکردنی کورد،
ده‌بێ بیر له گرفتی گوتاری سیاسی خۆمان بکه‌ینه‌وه. لێره‌دا گرنگه به
جه‌ختکردنه‌وه ئاماژه به‌وه بکه‌ین، که له کاتی خه‌باتی شاخدا خودی یه‌کێتیی و
پارتی، وێڕای ئه‌وه‌ی به هۆی ئه‌و دۆخه‌ی که ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رهه‌میهێنابوو،
ئه‌و حیزبانه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یان کرد، ئه‌ویش تێوه‌گلانی ئه‌و حیزبانه بوون
له رێنیشانده‌ریکردنی سه‌ربازی ئێرانی بۆ ناوچه ئازاده‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی
پێشمه‌رگه. من که خۆم پێشمه‌رگه بووم، بۆیه له نزیکه‌وه ئاگاداری ئه‌و
رووداوانه بووم. دوای ئه‌وه‌ی که ئێران به هاوکاری یه‌کێتیی و پارتی به‌ره‌ی
شه‌ڕی ده‌هێنایه کوردستان، رژێمی به‌عسی فاشی بیانۆی بۆ ده‌رخسا و کاره سیاسه‌ته
فاشیسته‌کانی خۆی پیاده ده‌کرد. لێره‌دا ده‌زانم ئاماژه کردن به کێشه‌یه‌کی
خۆکیه‌کی ئه‌وها، وه‌ک باوه، که ئه‌و دوو زلحیزبه به کۆمه‌ڵێک تۆمه‌ت
تاوانبارمان ده‌که‌ن. به‌ڵام که هه‌رچه‌نده راستییه‌کی تاڵه، وه‌ک خۆم له
ده‌ڤه‌ره جیاوازه‌کانی کوردستاندا به چاوی خۆم بینینم، که پاسداری ئێرانی له
هه‌ر ده‌ڤه‌رێک جێنیشن ده‌بوون، رژێم ئاگری له‌و ناوچانه به‌رده‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی
به راشکاوی قسه بکه‌م، بۆ نموونه، که له ساڵی 1984 و 85 دا سه‌ربازی ئێرانی
به‌ره‌ی شه‌ڕیان له ده‌ڤه‌ری "لۆلان" و پێده‌شتی "برادۆست" کرده‌وه، رژێمی
سه‌ددام ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کرده دۆزه‌خ، که‌چی به‌ر له هاتنی سه‌ربازی ئێرانی، ئه‌و
ده‌ڤه‌ره هێمێنییه‌کی رێژه‌یی هه‌بوو. هاوکاتیش ئێمه، وه‌ک مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری
حیزبی شیوعی عێراقی، که پاییزی 1983 باره‌گامان له خودی بارزان و رێزان
کرده‌وه، که ئه‌وکات ته‌واو چۆله‌وانی بوو، پاشانیش حیزبی سۆسیالیست و
مه‌فه‌رزه‌یه‌کی بچووکی پارتی دێمۆکرات هاتنه ئه‌وێ، رژێم چه‌ند جار هه‌وڵی دا
هێرشی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره بکات، به‌ڵام دواجار له‌به‌ر نه‌بوونی
پشتگیرییه‌کی له‌باری خه‌ڵک و بێتوانایی سه‌ربازه‌کانی، نه‌وێرا ئه‌و هێرشه پیاده
بکا، به‌ڵام له هاوینی 1985 کاتێک "شێخ موحه‌مه‌د خالید بارزانی" له‌گه‌ڵ
مه‌فره‌زه‌یه‌کی پاسداره‌وه هاتنه بارزان و به ئایه‌تێکی قورئان هه‌ڕه‌شه‌یان
له ئێمه کرد، که ده‌بێ "ئێمه‌ی کافر" بارزان چۆل بکه‌ین، ئیدی له هاوینی 1987دا
رژێم هێرشێکی چه‌ند قۆڵی و به پاڵپشتی تۆپ و فڕۆکه بۆ سه‌ر بارزان ده‌ستپێکرد.
ئه‌و رۆژه‌ی که رژێمی سه‌ددام ئه‌و هێرشه‌ی بۆ سه‌ر بارزان و ئه‌و ده‌ڤه‌ره
ده‌ستپێکرد، ئێمه وه‌ک مه‌فره‌زه‌یه‌کی حیزبی شیوعی له‌وبه‌ری زێی باهدینان له
بناری چیای "پێرس" بووین که به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری "بالیسان" ده‌چووین، به چاوی خۆم
بینینم چۆن رژێم بارزانی به ئاگر گه‌مارۆ دا. به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌و "شێخ
موحه‌مه‌د خالید بارزانی" و هێزی پاسداره‌کانی ئێرانی، که ئێمه‌یان به "کافر"
ده‌زانی، نه‌یانتوانی نیو کاتژمێر رووبه‌ڕووی هێرشه‌که‌ی رژێم، وه‌ک رژێمی "کافر"
ببنه‌وه. به کورتی له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتدا، له ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆدا رژێم
خودی بارزانی داگیرکرد و شێخ موحه‌مد خالید و پاسداره‌کانی ئێرانیش به‌ره‌و ئێران
قۆچاندیان. من به چاوی خۆم بینیم، رژێم سه‌رتاپای خانوو و پردی رێزانی
ته‌قانده‌وه. شایه‌نی باسه، رژێمی سه‌ددام له دوای نسکۆی 1974 ئه‌و کاره‌ی
له‌گه‌ڵ بارزان نه‌کرد؛ واتا دوای 1975 که رژێم ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی به
سه‌ربازه‌کانی ته‌نییه‌وه، خانووه‌کانی بارزان و پردی رێزانی نه‌ته‌قانده‌وه،
به‌ڵام ئه‌وجاره وه‌ک هار به‌ر بووه ته‌قانده‌وه‌ی سه‌رتاپای بارزان! ئه‌و باسه
ئاخاوتن زۆر هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام من لێره‌دا ته‌نیا به پێویستم زانی بۆ راته‌کاندنی
یاده‌وه‌ریی کورد، ئه‌و مێژووه سیاسییه وێرانکارییه‌ی حیزبی کوردی نمایشبکه‌م،
که ئه‌مڕۆ، ته‌نانه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ش بێ، حیزبه سیاسیی و نووسه‌رانی کورد له
پێناوی پاراستنی پایه و تێرکردنی خود، ئاماژه به‌و مێژووه پڕ له شکست یان
خه‌وشه ناکه‌ن، که حیزبی کوردی به‌رهه‌مهێنه‌ریان بووه. له‌بۆیه دواجار ئه‌و
چه‌شنه خه‌مساردی و چاوپۆشینه‌ش له کن کورد، ته‌نیا رێگه خۆشکردنه بۆ دووباره
کردنه‌وه یان په‌ره‌دان به‌و نوشستییه‌ی کورد، که مێژووی کوردی بارگران کردووه.
که‌واته هه‌ڵه کوشنده‌کانی یه‌کێتیی و پارتی که بوونه هاوکاری رژێمی ئێران له
گواستنه‌وه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕ بۆ ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستان، که ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و
بار و دۆخه سیاسییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی که له ئارادا بوو، رێگه‌ی بۆ سه‌ددام
خۆشکرد، به ره‌زامه‌ندی زلهێزه‌کانی وه‌ک ئه‌مریکا و رۆژئاوا، سیاسه‌تی سوتاندن و
پرۆژه‌ی ئه‌نفالکردنی کوردستان بێ ترس پیاده بکا. لێره‌وه ده‌بینین، کاره‌ساتی
ئه‌نفال و ئاڵۆزی ئه‌و دادگایکردنه‌ی تاوانباران، هه‌ر ته‌نیا کێشه‌ی لاوازی گوتاری
سیاسیی ئه‌مڕۆی ئه‌و دوو حیزبه‌ی کوردی نییه، به‌ڵکوو ئه‌و لاوازییه هه‌ر له
کاتی پێشده‌ستپێکردن و هاوکاتی ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی ئه‌نفالکردن له جه‌م رژێمی
سه‌ددامه‌وه ده‌ستپێده‌کا. به کورتی، ئه‌مڕۆ کێشه‌ی ئێمه هه‌ر ته‌نیا هێزه
دژه‌کانی کورد و ئه‌نفالچییه‌کانی کورد نییه، به‌ڵکوو کێشه‌ی کورد له بونیات و
پێکهاته‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه که ئه‌مڕۆ هه‌موو به‌هایه‌کی شۆڕشگێڕێی و
نیشتمانپه‌روه‌ری له ناخی کوردی‌دا وێرانکردووه. بۆیه به بۆچوونی من، هاوده‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌و دادگاییکردنه‌ی سه‌ددام و چه‌ته‌کانی تر، ده‌بێ خودی حیزبی کوردی
بخرێته ژێر پرسیار و به‌خۆداچوونه‌وه. هه‌ر کاتێک ده‌سه‌ڵاتی حیزبی کوردی توانی
خاوه‌ن ئه‌و ویسته بێ، ئه‌وکات کورد ده‌توانێ ئاسۆیه‌ک بۆ بیرکردنه‌وه فه‌راهه‌م
بکا و به‌مه‌ش ده‌توانێ پرۆسه‌ی ئه‌و دادگاییکردنه بکاته پرۆژه‌یه‌ک بۆ زامنکردنی
ئایینده‌یه‌کی رۆشن بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد. چونکه به رای من، ئه‌و گوتاره‌ی ئێمه
له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ماریفی و پرۆژه‌یه‌کی سیاسی کوردی کار ناکا، به‌ڵکو له
ئاستێکی هه‌سته‌کی و لێوانڕێژ له ناکۆکی خۆی نمایشده‌کا.
هه‌ر لێره‌وه حه‌ز ده‌که‌م بڵێم، کورد ئه‌گه‌ر خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی بێت،
ده‌توانێ خودی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانی رۆژئاوا رووبه‌ڕووی به‌رپرسیاری
کۆکوژی کورد بکاته‌وه. چونکه ئه‌وه ئه‌مریکا و زۆرینه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بوون
که زه‌مینه‌ی کۆکوژی کوردیان بۆ رژێمی سه‌ددام خۆشکرد. لێره‌وه، به گوێره‌ی ئه‌و
به‌ڵگه‌نامانه‌ی که ئێستا له‌به‌رده‌ستی کوردن، ده‌مڕاستی کورد ده‌توانێ ئه‌و
به‌رپرسیارییه بخاته سه‌رشانی خودی ئه‌مریکا و وڵاتگه‌لیکی رۆژئاواییه‌وه،
به‌مه‌ش کورد ده‌توانی به ئاستێکی خه‌مڵیوه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال ئاخاوتن بکا. به
راپه‌ڕاندنی ئه‌و کاره سویسته‌گرایه‌ش، به‌ر له هه‌موو داوایه‌ک ده‌کرێ ئه‌و
وڵاتانه و خودی ئه‌و حوکمه‌ته‌ی ئێستا به فه‌رمی دوای لێبووردن له کورد بکه‌ن.
لێ، وه‌ک ده‌یبینین، حیزبی کوردی و ناوه‌ندی رۆشنبیریی کوردی نه‌ک هه‌ر له‌و ئاسته
نین، به‌ڵکوو له ئاستی کوردیش‌دا، به بازاڕکردنی ئه‌نفال و پله و پایه‌دان به
کۆنه سه‌رۆک جاش و... هتد، ئه‌نفالیان هه‌رزان کردووه. راشکاوتر بدوێین: تۆ
وه‌ره سه‌ر له‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی کورد ده‌ربکا، که پانزه ساڵه خۆی
فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌کا، که‌چی له زانستاگایه‌کانیدا خاوه‌نی به‌شێک نییه که
سه‌رقاڵ بێ به لێتۆژینه‌وه‌ی کێشه‌ی ئه‌نفال! له کاتێکدا ئه‌و حوکمه‌ته به‌ناو
کوردییه، خاوه‌نی گه‌وره‌ترین بودجه‌یه بۆ پرۆژه‌ی بازارگانیی، مردووان و کۆنه
جاشان، که‌چی رێکخراوێکی تۆکمه و چاڵاکی سه‌ربه‌خۆی نییه که کار بۆ ئه‌نفال بکا!
له کاتێکدا ئه‌و حوکمه‌ته رۆژانه به ملیۆن دینار له ئاهه‌نگی هه‌ڵپه‌ڕکێ بۆ
یادی حیزب و داواتکردنی "چاوه‌ش" ته‌خشان و په‌خشان ده‌کا، که‌چی هاووڵاتیانی
ده‌ڤه‌ره ئه‌نفالکراوه‌کان له ژێر خێوه‌ت و بێ ساده‌ترین خزمه‌ت ژیان به‌سه‌ر
ده‌به‌ن! لێره‌وه قسه‌کردن له‌سه‌ر پێشنیار بێجگه له قسه مانایه‌کی دیکه‌ی
نابێ. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و رۆناکبیریی کورد که ویست و خواستێکی گه‌ڵاڵه‌کراویان
سه‌باره‌ت کاره‌ساتی ئه‌نفال نه‌بێ، ناتوانن ئه‌رکێکی گرنگی وه‌ک دۆسییه‌ی ئه‌نفال
بکه‌نه گوتارێکی سیاسی و کولتووری کوردی. ئێمه که دوو زلحیزبمان هه‌بێ و جاش
بکه‌نه په‌رله‌مانتار و بێبه‌ری بن له ئاگاییه‌کی خه‌مڵیوی نه‌ته‌وایه‌تی،
ناتوانین له پێشنیازی هاووڵاتیانی خۆیان تێبگه‌ن! له‌و روانگه‌وه، من پێم وایه،
به تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسێکی وه‌ک ئه‌نفال، کورد ده‌بێ چیتر قسه بۆ قسه نه‌کا،
به‌ڵکوو هه‌وڵبدا بیر له به‌رپاکردنی هه‌ڤپه‌یڤینێکی ئاوه‌ڵا و بنه‌مارێژ به
ئاوه‌ز بکاته‌وه، له‌وێدا به وردی په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌و خه‌وشه گه‌ورانه‌ی خۆی
دابنێ، ئه‌وجا دوای ده‌ستکردن به چاره‌کردنی ئه‌و خه‌وشانه، بیر له کاره‌ساتی
ئه‌نفال بکاته‌وه. ئه‌م کاره‌ش ته‌نێ به کۆویست و کۆهێزێکی رۆشنبیریی خاوه‌ن
ده‌سه‌ڵات مه‌یسه‌ر ده‌بێ. چونکه تاکوو له ئاستی کوردییدا، تاکه‌که‌سه‌کان به
ته‌نیا و په‌رته‌وازه بیر بیرده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار په‌رواێز بوونی خۆیان
ته‌واو ده‌بێ.
به‌هه‌مه حاڵ، گرفته‌گه‌لێکی له‌و چه‌شنانه‌ی که به خێرایی ئاماژه‌م پێکردن،
یه‌کێکه له‌و ئه‌رکانه‌ی که ئه‌گه‌ر کورد به هه‌ند و گرنگیان نه‌زانێ، ئه‌وه
ئێمه ناتوانین کاره‌ساتی ئه‌نفال بکه‌ین به گوتارێک که بتوانێ ئایینده‌یه‌کی
گه‌شه‌دارمان بۆ دابین بکات. وێڕای ئه‌مه‌ش، بێ خه‌م خواردن له‌و گرفتانه‌ی که
ئاماژه‌م پێکردن، کورد ناتوانێ پێناسه‌یه‌کی کوردی بۆ چه‌مکی "جێنوساید" دابڕێژێ.
چونکه تاکوو ئێستاش، نه ئه‌مریکا و نه زلهێزه‌کانی رۆژئاوا و نه کۆمه‌ڵه‌ی
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، له خه‌می ئه‌وه نین ئه‌نفالکردنی کورد، وه‌ک گه‌لکوژی،
جێنۆساید سه‌یر بکه‌ن. هاوکاتیش ئه‌و رژێمه به ره‌وایه‌تی قورئان کوردی "ئه‌نفال"
کرد، که خۆی موسڵمانه. له‌وه‌ش ئاڵۆزتر، وه‌ک ده‌زانین هیتله‌ر به بیانۆی
ئه‌وه‌ی که جووله‌کان له ره‌گه‌زی "ئاری" نه‌بوون، بۆ یه جێنۆسایدی کوردن، که‌چی
کورد به بیانۆی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران و هاتنی سه‌ربازه‌کانی ئێران بۆ ناو خاکی
کوردستان، که رژێم به خاکی عیراقی ده‌زانی، هه‌روا به بیانۆی "خیانه‌ت"کردنی
حیزبی کوردی له رژێمی عێراق، به‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ رژێمی ئێران‌دا شه‌ڕی دژی
حوکمه‌تی حێراق کرد، کوردی ئه‌نفالکرد. ئه‌وانه هه‌موویان کێشه‌گه‌لێکی ئاڵۆزن،
بۆیه کورد له دادگایکردنی سه‌ددامدا ده‌بێ ئه‌و فاکته‌رانه له‌به‌ر چاو بگرێ.
هه‌ڵبه‌ته به هۆی ئه‌و ئه‌و گه‌نده‌ڵکاریی و حیزبسالارییه‌ی که کۆمه‌ڵگای کوردی
وێران کردووه، بۆیه ئه‌مڕۆ بۆ مرۆڤی كورد مێژووی ئه‌نفال و كاره‌ساته‌كانی
رابردوو هێنده‌ی جێگه‌ی گومان و په‌شیمانبوونه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده مانای
ئاوڕدانه‌وه و شانازی نییه. ئه‌مڕۆ به‌هۆی دواێنگیربوونی، یان به به‌رخۆركردنی
كۆمه‌ڵگای كوردی له‌لایه‌ن ئه‌و دوو حیزبه‌ی كوردییه‌وه، هه‌موو كێشه‌كان له
ئاستی حیكایه‌تێكی قه‌تیسماو ده‌گوزه‌رێن. هاوکاتیش هه‌موو به‌هایه‌کان له ئاستی
پاره و پوول ته‌واو ده‌بن. جێگه‌ی خه‌مه، که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له پرۆسه‌ی
ئه‌نفال ماونه‌ته‌وه، هه‌موو مێشکیان به "قه‌ره‌بۆی ماددی"، "معاش" وه‌رگرتن له
لایه‌ن حیزب و... هتد داگیرکراوه. به‌مجۆره ئه‌نفال کراوه‌ته ده‌ریچه‌یه‌ک بۆ
به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و بازرگانیکردن. بۆیه ئه‌مڕۆ به هه‌زران که‌س به ناوی
ئه‌نفاله‌وه بازرگانی ده‌که‌ن، که‌چی به‌شی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌نفالکراو، له
ده‌رده‌سه‌رییدا ده‌ژین.
ئه‌نفال ئه‌مڕۆ له ژیانی كوردییدا له شاسه و نووسینه‌كانی كوردیدا وه‌ك
داستانێكی رابردووی فه‌رامۆشكراو نمایش ده‌كرێ، ئه‌و جۆره مامه‌ڵه كردنه‌ی مێدیای
كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌نفال و رووداوه هاوجۆره‌كانی، هێنده‌ی بێبایه‌خكردنی ئه‌و
مێژووه‌یه، ئه‌وه‌نده زیندوو كردنه‌وه‌ی نییه. كورد به هۆی ئه‌و ره‌وشه‌ی كه
هه‌یه‌تی ، هێنده‌ی له فه‌رامۆشكردنی مێژووی خۆی كارایه ، ئه‌وه‌نده له
به‌ماناكردنی یاده‌وه‌ری خۆیدا كارانییه، ئه‌وه‌ی كه ئه‌مرۆش له لای ئه‌و
حیزبانه‌وه کاری بۆ ده‌که‌ن، قووڵكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی فه‌رامۆشكردنی ئه‌و
یاده‌وه‌رییه په‌نگخواردووه‌ی ئێمه‌یه. ره‌نگه به‌یادهێنانه‌وه‌ی سووتاندنی
مێنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه هه‌میشه وانه‌یه‌كی زیندووبێ بۆ تاكی به ئاگای كورد. له
پرۆسه‌ی ئه‌و پێشێلكردنه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌نجامیداوه، زۆرینه‌ی
هاووڵاتیانی کورد، كه ره‌نگه دواجار رێگایه‌كی تریان نه بێ، ته‌ینا وێرانكردنی
یاده‌وه‌رییه‌که‌ی خۆی نه‌بێ. لێره‌دا هه‌ست ده‌كه‌م كورد خاسڵه‌ی دووپشكی هه‌بێ ،
كه هه‌ستی كرد گه‌مارۆدراوه و رێگای ده‌ربازبوونی بۆ نادۆزرێته‌وه، ئیتر خۆی
ده‌کوژێ.
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌نفال وه‌ك كاره‌ساتێكی سیاسی له یاده‌وه‌ری و بوونی
كوردیدا به زیندوویی بمێنێته‌وه، ده‌بێ به گوێره‌ی روحی هاوچه‌رخ و مه‌رجه‌كانی
كار له‌گه‌ڵ ئه‌نفال بكه‌ین، ناوه‌ندی سیاسیی و رۆشنبیرییه‌کانی كورد ده‌بێ واز
له‌وه بهێنن كه ته‌نیا له‌كاتی ساڵیادی، مانگی سێ و چوار دا، قسه له‌سه‌ر
هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و...ئه‌و پێشهاته مێژووییه گرنگانه‌ی ئێمه بكه‌ن .من
پێموایه ته‌رخانكردنی مێژووی ئه‌نفال و ئاكامه‌كانی، ده‌بێ بوارێكی گرنگ و زیندوو
له به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌ی خوێندندا هه‌بێ. به‌تایبه‌تیش ، وه‌ك پێشتر وتم، ده‌بێ
له‌ئاستی خوێندنی باڵا دا، چه‌ندان دامه‌زراو بۆ ئه‌نفال ته‌رخانبكرێن و ساڵانه
چه‌ندان توێژینه‌وه پێشكه‌ش به به‌شه‌كانیان بكه‌ن . هاوكاتیش له ئاستی كولتووری
سیاسی‌دا، ناوه‌ند و بنكه رۆشنبیرییه‌كاندا چه‌ندان چاڵاكی له جۆری: ڤیستیڤاڵ،
پێشانگا، فیلم، كۆڕ و گفتوگۆ ..هتد ، به شێوه‌یه‌كی هاوچه‌رخانه ، نه‌ك به
مه‌به‌ستی ئامانجی حیزبی ، كه ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی سوككردنی ئه‌نفال و
رووداوه مێژووییه‌كان له ژیانی كوردییدا ، له ئاستی كوردستانیی و جیهانی ،
ئه‌نجامبده‌ن. به‌لام پێویسته مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌ت به مێژووی ئه‌نفال و
پاشماوه‌كانی ته‌رخانبكرێ، كه به جۆرێك كورد بتوانێ تێنووی سه‌ردانكردنیان بێ.
له‌وه‌ش زیاتر ، ده‌بێ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی که له ئه‌نفاله‌کاندا رزیاریان بووه
به شێوه‌یه‌كی عادیلانه و دوور له یارییه‌كانی حزب و خێڵ و وابه‌سته‌یی حیزبی
دێهاته‌كانیان ئاواده‌ن بكرێنه‌وه و له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌نفالکراودا، په‌یكه‌ر،
مۆزه‌خانه و ناوه‌ندی كولتوری تایبه‌ت به مێژوو و ئه‌رشیفی ئه‌نفال دروستبکرێ ،
كه هه‌ریه‌كه له‌و په‌یكه‌ر و ناوه‌نده كولتووریانه ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌نفال،
به‌رجه‌سته‌بكه‌نه‌وه. بۆنموونه، ساڵانه له پرۆژه‌یه‌كی كولتووری باڵادا،
هه‌وڵبدرێ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه له‌ناوچه جودایه‌كاندا له ئه‌نفال رزگاریان بوو
و ئێستا له ژیاندان، به‌شداربن له تۆماركردنی ئه‌زموونه‌كانیان له‌كاتی
ئه‌نفاله‌كاندا. هه‌روا كۆكردنه‌وه‌و مۆنتاژكردنی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی، كه له كاتی
پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كاندا، له لایه‌نی پێشمه‌رگه‌وه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌وه، به
بێ مه‌رامی حیزبی و قۆررخكردنی له‌لایه‌ن مه‌سئوول و حیزبێكی دیارییكراو، به
شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و به‌رفراوانی بڵاو بكرێنه‌وه و نمایش بكرێن. له‌مه‌ش گرنگتر،
به‌ده‌قكردن و به‌فیلم و به به‌ڵگه‌كردنی نموونه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی كه له بیابانی
سعودی و به‌دوونشینیه‌کاندا دۆزرایه‌وه و بوو به‌ناوێك كه ویژدانی هیچ مرۆڤێكی
راستگۆ نییه، پێی نه‌هه‌ژێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و کارانه، به پرۆژه‌یه‌كی راستگۆ، كاریان
بۆ بكرێ، ده‌كرێ له داهاتوویه‌كی نزیكدا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا كاریگه‌رییه‌كی
به‌رچاو دابنێن. به‌ڵام له ئاستی ناوه‌خۆی كوردیدا، ته‌نیا ئیراده‌یه‌كی به
كۆمه‌ڵییه که ده‌توانێ مێژووی ئه‌نفال بكاته ئه‌زموونیكی كارا و به سوود بۆ
ئێستا و داهاتووی نه‌وه‌كانی كوردستان.
دامه‌زراندی ناوه‌ندیكی كولتورری ـ سیاسی ، پشت ئه‌ستوور به چه‌نداپسپۆڕ و
رۆناكبیری به‌ڕاستی له بواره جیاوازه‌كاندا ، (كه‌من گومانم له هه‌بوونی
ئه‌وانه هه‌یه) ، ده‌توانێ پرسی ئه‌نفال ، له‌قه‌یرانی فه‌رامۆشكردن و به
بازاڕكردنه‌وه ، بكات به سه‌رچاوه‌یه‌كی ماریفی كارا و به‌رهه‌مهێنه‌ر له
یاده‌وه‌ری كوردیدا. ئێمه ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێته‌وه، كه جووله‌كه‌كانی
ڕۆژئاوا، دوای روخانی هیتله‌ر، به دروستكردنی رێخراوێكی كولتووری، به‌هێزی
رۆناكبیر و سیاسییه‌كانیان، توانییان سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ به‌جیهانكردن و
سیاسیكردنی مێژووی قڕكردنییان به‌ده‌ستی ڕژێمی هیتله‌ر، دابهێنین. به‌مجۆره له
روانگه‌ی ئه‌و زموونانه‌ی جوله‌كه‌كانه‌وه و به له‌به‌ر چاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی
ڕژێمی به‌عس و پاشخانه‌كه‌ی، كورد ده‌توانێ به رێگای ئه‌و ناوه‌ندی
چاڵاكییانه‌وه، ئه‌نفال بكات به پرۆژه‌یه‌كی داڕێژراوی كولتووری و سیاسی، به‌ڵام
دواجاریش ده‌بێ ئه‌و ناوه‌نده بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی له حوكمه‌تی كوردیدا ، كه
نازانم ئه‌وه‌ی هه‌یه حوكمه‌ته یان "حیزبگه‌رایی"، بۆ ته‌رخانبكرێ. له‌وه‌ش
زیاتر، ده‌بێ ئه‌و ناوه‌نده سه‌ربه‌خۆبێ و وابه‌سته‌ی هیچ حیزب و ئیدۆلۆگییه‌كی
دیاریكراو نه‌بێ، به‌ڵكو وه‌ک رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ و پێکهاتوو له پسپۆڕی
هه‌مه‌جۆر، هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌كی كولتووری سیاسی كوردی بێت. ئاشكرایه ئه‌گه‌ر
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و مێژووه تراژیدییه‌ی كورد، وه‌ك
ئه‌وه‌ی كه‌هه‌ر له‌دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه، به‌رده‌وام بێ، كه‌هه‌ر كه‌سه و
به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستێكی خۆی و هه‌ر حیزبه به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ...هتد،
یاری به چاره‌نووسی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌نجه و ناوچه ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌که‌ن، هه‌ر
نووسین و چاڵاكییه‌ك به‌مجۆره كه ئێستا له‌ئارادا یه، له دوای بڵاوكردنه‌وه و
ئه‌نجامدانی په‌رت و بڵاو بێ و فه‌رامۆشی قووتیدا، ئه‌وه بێزه‌وه‌ر و بێ مانا
ده‌بێ له‌ژیانی كوردیدا، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌زموونه سیاسییه‌كانی رابردوومان ، یان
فه‌رامۆش ده‌كرێ، یانیش ده‌بێته گاڵته‌جاڕی. له‌كۆتاییدا پێویست بڵێم، وه‌ک
ئاماژه‌م پێ‌کرد، که ته‌نیا فلیمیكی سینه‌مایی كه ده‌رهێنه‌ریكی به‌ره‌گه‌ز
ئه‌رمه‌نی له‌سه‌ر قڕكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان دروستكراوه، زیاترین كاریگه‌ری ،
له‌ئاستی جه‌ماوه‌ری رۆژئاوایی دروست كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یوێرانی ئه‌و هه‌موو بازاڕ
و هات و هوته‌ی كه ئه‌و دوو حوكمه‌ته‌ی كورد به ناوی سینه‌ماوه، زڕه سێنته‌ری
سینه‌ماو ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری فاشلی قووتكردۆته‌وه له ده‌وری خۆیانه‌وه،
كه‌چی هه‌تا ئێستاش، له ئاستێكی هونه‌ری توكمه‌دا، دوو فلیمی به‌ڵگه‌نامه‌یی و
درامیمان له‌سه‌ر کاره‌ساتی ئه‌نفال و هاووێنه‌ی ئه‌و کاره‌ساته نییه، كه بتوانن
له ئاستێكی فراوانی جیهانیدا، وێنای ئه‌نفال، وه‌ك رووداوێكی تراژیدی كوردی،
كاریگه‌ری دروست بكه‌ن. به‌هه‌رحاڵ ، ده‌كرێ له ئاستی نووسیندا، پۆلێك پێشنیاز
بكه‌ین له‌سه‌ر به‌زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌نفال له یاده‌وه‌ری كوردیدا، به‌ڵام
دواجار، ئه‌و پێشنیازانه‌مان، بێ بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌كۆمه‌ڵی كوردی، وه‌ك
هه‌موو پێسنیازه‌كانی دیكه‌مان بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستان (نموونه‌ی ریفراندۆم)، دژی
گه‌نده‌ڵی سزادانی فایلداره‌كانی ناو ئه‌و دوو حیزبه، ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و
..هتد، ته‌نیا له ئاستی وشه و وڕێنه، زیاتر مانایه‌كی تریان نابێ. که‌واته
ئه‌وکاته کورد ده‌توانێ خه‌مخۆری ئه‌و یاده‌وه‌رییه زامداره‌ی ئه‌نفال بێ، که
له ئاستی پرۆژه‌یه‌کی خه‌مڵیووی فره ره‌هه‌نده‌وه کار بۆ واتای ئه‌نفال بکات.
پرسیار: ئایا ئه‌ده‌بی کوردی
به‌ته‌عریفه‌جیاوازه‌کانی ئێوه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب چه‌ند به‌رپرسیاره له به‌رده‌م
بیرنه‌کردنه‌وه له ئه‌نفال؟
هه‌ندرێن: به‌بڕوای من ، كێشه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیش ،
وه‌ك هه‌موو كێشه‌كانی تر ، ئاڵوده‌ی هه‌مان قه‌یرانه. سه‌دان شیعر، چیرۆك و
په‌خشانی ئه‌ده‌بی، له‌یادی ئه‌نفال نووسروان، به‌ڵام ، ره‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێ ،
ئه‌گه‌ر بڵێین كه زمانی كوردی هه‌تا ئێستاش چه‌ند ده‌قی ئه‌ده‌بی قووڵی له ئاستی
ئه‌نفال نییه. وه‌ك ئه‌وه‌ی من هه‌سده‌كه‌م ، زۆرینه‌ی (ته‌عریف) جیاوازه‌كانی
ئه‌ده‌بی كوردی، رووكه‌ش و حیكایه‌ت ئامێزن، واتا "ته‌عریف"ه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی
هێنده سه‌رقاڵن به گێڕانه‌وه، ساده‌كردنه‌وه و لاواندنه‌وه، ئه‌وه‌نده به
ماریفه كردن و وه‌رچه‌رخاندنی دۆزی ئه‌نفال سه‌رقاڵ نین. کێشه‌ی ئه‌و ده‌قه
ئه‌ده‌بییانه‌ی کوردی له‌سه‌ر کاراستاتی ئه‌نفال و هاوشێوه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که
ئه‌و چه‌شنه ده‌قه هه‌ست ئامێز و حه‌ماسییانه ئه‌وه‌نده‌ی زه‌مینه خۆشکه‌رن بۆ
قووڵکردنه‌وه‌ی بواری هه‌سته‌کی کورد، که خۆی به‌و هه‌سته ته‌نراوه‌ته‌وه،
هێنده هانده‌رن نین بۆ هزرکردنێکی ئاوه‌زگه‌رایانه له‌مه‌ڕ ره‌هه‌نده‌کانی
نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کاره‌ساتی ئه‌نفال. به‌ڵام، پێم وایه، په‌رش و
بڵاوی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه له سه‌ر ئه‌نفال نووسراون وای كردووه كه خوێنه‌ری كورد
و غه‌یره كورد، نه‌توانن بیاندۆزنه‌وه . هۆكاری ئه‌مه‌ش، نه‌بوونی ناوه‌ندێكی
كلتووری و ئه‌ده‌بی یه ، كه وایكردووه ئه‌و ده‌قه گرنگانه نه ناسرێن. چونكه
هه‌بوونی ناوه‌ندێكی تۆكمه‌ی كلتووریی و ڕۆشنبیری، به كۆكردنه‌وه، ڕاڤه و به
ئه‌رشیفكردنی ئه‌و ده‌قانه، ده‌توانێ سه‌رچاوه و زمانێك له پێناسه‌یه‌كی كوردی
بۆ ئه‌نفال به‌رهه‌مبهێنن. به‌ڵام ئه‌ده‌بی كوردی به‌و ئاسته‌ی كه ده‌یبینین،
ناتوانێ به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و پێناسه ئه‌ده‌بییه كوردییه بێ كه شایه‌نی ئه‌نفال
بێ.من پێم وایه ، ئه‌ده‌بێكی ڕووكه‌ش، سه‌ردوولكه ئامێز، دروشم ئامێز و ...هتد ،
ئه‌وه‌نده‌ی زه‌مینه بۆ ته‌مبه‌ڵكردنی یاده‌وه‌ری مرۆڤی كورد خۆشده‌كا، هێنده
هانی هزراندنی ئه‌نفال و قووڵكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری كورد نادات. بۆیه به‌شی
زۆرینه‌ی "ته‌عریف"ه‌كانی ئه‌ده‌بی کوردی، به‌رپرسیارن له بیرنه كردنه‌وه‌ی زمانی
كوردییدا. به‌ڵام سه‌باره‌ت به ڕووداوێكی وه‌ك ئه‌نفال و ئه‌زموونه‌كانی تر، ئاخۆ
ئێمه چه‌ند ده‌قی ئه‌ده‌بیمان هه‌یه، كه بۆ زمانه‌كانی جیهانی وه‌رگێڕدراون؟
ئه‌گه‌ر هه‌بن ئه‌وه ده‌قه ئه‌ده‌بیانه چه‌ند كاریگه‌ریان له ئاستی
هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه كه‌لتووری و مرۆڤایه‌تییه‌كان هه‌بووه؟ لێره‌دا
حه‌زده‌كه‌م بڵێم، هه‌ركاتێك كه من هه‌ڵه‌بجه‌م به‌یاد دێته‌وه ، ته‌نها ده‌توانم
به ده‌قی شیعری (مه‌هاباد )ی سه‌لیم به‌ره‌كات ، تاوێك هه‌ست به تێڕامان بكه‌م.
بۆیه ئه‌گه‌ر بێت و به‌زمانی كوردی، چه‌ند ده‌قێكی له‌و ده‌قه‌ی ( مه‌هاباد )
ئاسا‌و قووڵتر له‌وه‌ش، به‌رهه‌مبهێرێن، ئه‌وكات زمانی كوردی ده‌یتوانی له ئاستی
ئه‌ده‌به‌كه‌یدا، پێناسه‌یه‌كی سه‌رنجكێش به خوێنه‌ری خۆی و ، ئه‌ویتریش بكات.
ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه ئه‌ده‌ب و شیعر له توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێ خه‌می قووڵی
کاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌رببڕێ، یان نه‌توانێ کاریگه‌ری نه‌بێ، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌ی که به چه‌پڵه لێدان و مۆده‌کردنی ئه‌و شێوه ئه‌ده‌ب و شیعره هه‌ست
ئامێزه له‌مه‌ڕ گرفتێکی وه‌ک ئه‌نفال، ته‌نیا ده‌بێته دووپاته‌کردنه‌وه و
قه‌تیسمانی ئه‌نفال له‌و چه‌شنه زمانه هه‌سته‌ککیه‌دا. له‌بۆیه من خۆم تائێستاش،
له خۆم ڕانابینم، یان دڵم نایێ، ناوێرم، له ئاستی ئه‌ده‌بیدا، هه‌ست و په‌رێشانی
خۆم بكه‌مه نووسین، چونكوو تائێستاش هه‌ستم نه‌كردووه ده‌توانم له ئاستی ئه‌نفال
بهزرم، یان بپه‌یڤم، نه‌ك بگێڕمه‌وه. لێره‌وه من پێم وایه ئه‌ركی ئه‌ده‌بی
كوردی، گێڕانه‌وه و پیاهه‌ڵدانی ڕووداوێكی تراژیدی وه‌ك ئه‌نفال نییه، به‌ڵكو
وه‌رچه‌رخاندنه‌وه و پێبه‌خشینی ئاسۆگه‌لێكی فره ڕه‌نگه.
كه‌واته تا ئه‌مڕۆش ئه‌ده‌بی كوردی نه‌یتوانیووه ئه‌و به‌رپرسیاره‌ی به‌رانبه‌ر
ئه‌نفال ڕاپه‌ڕێنێ. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی
و مه‌رامی سیاسی خۆیان، ڕژێمی سه‌ددامییان گه‌مارۆ نه‌دابا، پێم وایه ،(ته‌عریف)ه
ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌كانی كورد، به‌و ئاسته‌ی كه هه‌یانه، نه‌یانده‌توانی له
جولانێكی هه‌سته‌كی و به‌رته‌نگ زیاتر، خودی ئه‌نفال و شوێنه‌واره‌كان، له‌و
ئاسته‌ی كه ئێستا هه‌یه، به‌جیهان بناسێنن. بۆ نموونه ، چه‌ند ساڵ له مه‌وبه‌ر،
ئه‌وه ژنه دكتۆرێكی ئه‌مریكی بوو، که له فیلمێکی به‌ڵگه‌ییدا توانی شوێنه‌واری
كیمیایی له سه‌ر ژن و منداڵانی زیندووی هه‌ڵه‌بجه، ڕوونبكاته‌وه، كه من له تێ‌ڤی
سوێدیدا بینینم، که له ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌دا نمایشکرا، (هه‌رچه‌نده بڕوا ناکه‌م
که به هۆی حه‌زی گۆرانی داواکراو له تێڤێیه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه‌دا کورد ئاگای
له‌و فیلمه گرنگر بێت)، به‌مه‌ش ئه‌و مرۆڤه ئه‌مریکییه له‌و فیلمه‌دا توانی
به‌شێك له‌ناوه‌ندی به‌رپرسیاره‌كانی وه‌ك UN ، ئه‌مریكاو چه‌ندان فابرێكی
چه‌كفرۆشی رۆژئاوا، ئاشكرا بك. ئاخۆ كورد چۆن به‌سوود وه‌رگرتن له‌و ئه‌زموونانه
ده‌توانێ پێناسه‌یه‌كی خۆی هه‌بێ، که ئه‌و پرسیارێكه له ئاستی پیاده‌كردنیدا
ئێمه‌ی دۆشداماو كردووه! چونكه ئێمه ئاره‌زووه‌كانمان هه‌میشه له ئاستی
مه‌نه‌لۆگدا به‌ده‌رچووه و ده‌چێ، هه‌میشه له‌ئاستی به «كرده» كردنی ئه‌و
ئاره‌زوو و ئیرادانه، هه‌ره‌سمان هێناوه.
پرسیار: ئایا ئاستی ئه‌و ترسه شاراوه‌یه‌ی لای
ئینسانی كورد هه‌یه به‌رامبه‌ر كوردبوونی خۆی، ترسێكه خاوه‌نی هێزێكی ڕۆشنبیری
وایه كه بتوانێت له بری تۆڵه خۆی بكات به‌هێزێك كه هه‌ڵگری لێبوردن بێت. ئایا
ئه‌م هێزه چه‌ند ده‌سته‌ڵاتی كوردی لێی به‌رپرسیاره‌و چه‌ندیش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و
ڕۆشنبیره‌كانی به‌رپرسیارن له پێشاندانی؟
هه‌ندرێن: وه‌ك ئاكامگیرییه‌ك له‌و روانگانه‌ی كه
بۆ تێگه‌یشین له ئه‌نفال نمایشمان کردن، گرنگ ئه‌وه‌یه که كورد ده‌بێ
له‌هزركردنی بۆ ئه‌نفال، له‌روانگه‌ی پاشنخانێكی ئایینی و ره‌گه‌زییه‌وه بڕوانێ؛
واتا كورد ده‌بێ له پاشنخانی مێژوویی خودی خوی و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، كه عاره‌به،
ئه‌نفال بخوێنێته‌وه ـ به‌مه‌ش تاكوو باشتر له ئێستای خۆی و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی
«ئه‌نفالكه‌ر» تێبگات. وێڕایی ئه‌مه‌ش نابێ ناوكۆیی جیهانی له یاد بكه‌ین؛ واتا
ئه‌و سیاسه‌ته جیهانیی و بازاڕی سه‌رمایه‌دارییه‌ی، كه هانده‌ر بوون بۆ
ئاسانكردنی ئه‌نفالکردنی كورد . ئێمه له‌به‌رده‌م مێژوویه‌كی تراژیدی وه‌ستاوین
كه هه‌میشه كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ژیانی كورد ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام چۆن سوود له
ئه‌زموونی مێژووی خۆماره وه‌ربگرین؟ نیشته له كتێبی "له‌مه‌ڕ سوود وزیانه‌كانی
مێژوو" جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ ، وه‌ك شتێكی به‌ڵگه نه‌ویست،
پێویستی به مێژویه‌كی زیندوو هه‌یه كه پشتی پێ ببه‌ستێ. بۆیه مرۆڤ ،یان «مرۆڤی
خاوه‌ن ویست»، به گیانێكی خه‌مڵیو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، كه ئه‌و مێژووه
زیندووه داگیر بكات. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و مێژووه‌ی كه نیتشه باسی ده‌كات له‌یه‌ك
كاتدا هه‌م هه‌ڵگری ئه‌زموونێكی نموونه‌یی و ، هه‌میش سه‌رچاوه‌یه‌كی سوود
به‌خشته. له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر کورد هه‌رته‌نیا به هه‌ستێكی رووت و قووت،
ئاوێزانی ئه‌و مێژووه تراژیدیانه‌ی ئه‌نفال بێ، ناتوانێ هیچ ئه‌زموونێكی سوود
به‌خش له‌و مێژووه وه‌ربگرێ. بۆیه، به‌واتای نیشته‌ییانه، سوود وه‌رگرتن له
ئه‌زموونی مێژووی رابردوومان، ئه‌وكاته به‌هادار ده‌بێ كه ئاسۆیه‌كی تازه بۆ
ئه‌مڕۆ و ئایینده ئاوه‌ڵا ده‌كاته‌وه. كه‌واته كورد ده‌بێ رێگه له‌و شێوازه‌ی
یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفال بگرێ، كه ئه‌مڕۆ حیزبه‌كان دروستیان كردووه .
ئه‌م جۆره یادكردنه‌وه و وێناكردنه له ئه‌نفال، ره‌نگه ئاكامێكی
به‌رهه‌مهێنانی روحی تۆڵه كردنه‌وه بێت له ئاستێكی نه‌خۆشدا. به‌مجۆره ده‌بێ
كورد به روحێكی حیكمه‌ت ئامێز بیر له ئه‌نفال بكاته‌وه، نه‌ك به روحێكی رق
ئامێز، به‌واتایه‌كی تر، ئێمه ده‌بێ فێربین كه چۆن له ئه‌نفال بروانین و چۆنیش
سوودی لێوه‌رگرین. له‌و دیده‌ڕا، ئه‌وكاته‌ی كه كورد توانی هاوچه‌رخانه سوود له
مێژووی ئه‌نفال و كاره‌ساته‌كانی مێژووی خۆی وه‌ربگرێ، ده‌شتوانێ خاوه‌ن ئیراده‌ی
به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی ئایینده‌ی خۆی بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كورد بتوانێ له‌و
ترسه‌ی كورد بوون ده‌ربازبێت، ده‌بێ په‌نا بۆ هزراندنه فره ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و
قه‌ده‌ره مێژوویی و كاره‌ساته‌كانی له جۆری ئه‌نفال ببات. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی
بتوانێ رێگاكانی به‌ره‌و ئاینده و مانه‌وه یان لێبووردن بدۆزێته‌وه.
لێره‌وه ره‌نگه تێزی كۆمه‌ڵناسێكی وه‌ك زیگمۆند باومانی پۆڵۆنی و به ڕه‌چه‌ڵه‌ك
جووله‌كه، بۆ ئێمه‌ش مایه‌ی تێڕامان بێ. باومان له‌كتێبی «مۆدێرنێتی و هۆلۆكست» دا
كه ساڵی 1989 چاپكراوه پێی وایه كه كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵك و گه‌لان له كۆمه‌ڵهایه
نوێباوه‌كاندا دیارده‌یه‌كی گه‌ردوونییه. له‌و گه‌ردوونه‌دا ئه‌وه‌ی كه به‌ر
پرسیاره له‌و كۆمه‌ڵكوژییه، خودی كه‌سه‌كان نین، به‌ڵكو ئه‌وه ستروكترورێكی
میكانیكی و كاریگه‌رییه‌كانیه‌تی که له‌و کۆمه‌ڵکوژییه به‌رپرسیارن. له‌و
روانگه‌یه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كورد داوێنگیری ترس و له‌رزێكی كوشنده نه‌بێ له‌سه‌ر
كورد بوونی خۆی
هاوكاتیش به‌رهه‌ڵدراو بهزرێ له‌سه‌ر ئه‌نفال، ده‌كرێ هۆكاری ئه‌نفالكردنی
له‌لایه‌ن رژێمێكی دڕنده‌ی عه‌ره‌ب، وه‌ك كرده‌یه‌كی جیهانی سه‌یربكات. واتا ئه‌وه
ستروكتورێكی میكانیكی گه‌ردوونیی باڵاده‌سته، كه روحی سادیستی رژێمی سه‌دامی
هاند، كورد ئه‌نفال بكا. كه‌واته بێ بوونی ئه‌و چه‌كه میكانیكییه بكوژه‌ی، كه
ستروكتورێكی میكانیكی گه‌ردوونی به‌رهه‌مدێنێ، سه‌ددام نه‌یده‌توانی ئه‌و خولیایه
نه‌خۆشه‌ی له ئه‌نفالكردنی كورد به‌رجه‌سته‌بكاته‌وه. به‌ڵام ئێمه ده‌بێ
ئه‌وه‌مان له‌یاد بێ، وه‌ك چۆن زیگمۆن باومان پێی وای كولتووری راسیزمی له
كولتووری ئه‌ڵمانیدا ریشاژۆیه، به‌هه‌مان شێوه‌ش، كولتووری «ئه‌نفال»، له
کولتووری مێژوو عاره‌بی ئیسلامی و رژێمی به‌عسیدا ریشاژۆیه.
هاوكاتیش، ئه‌وه ئه‌خلاقێكی جڤاكی دانپنێزاو بوو له كۆمه‌ڵگای عاره‌بی ــ ئیسلامی
دا، كه رێگه‌ی خۆشكرد بۆ كۆی ئه‌و تاكه كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵگری بونیاتی پیاوكوژین،
ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. واتا كۆمه‌ڵكوژی كورد به ناوی «ئه‌نفال» پشت ئه‌ستوور بوو
به ئه‌خلاق و سه‌رچاوه‌یه‌كی روحی و ئیدۆلۆگی عاره‌ب. هه‌ر ئه‌و ئه‌خلاقه
جڤاكییه فراوانه‌شه که له جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌میشه رێگه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات و
مرۆڤ كوژ خۆشكردووه.
كه‌واته، دیكتاتۆره‌كانی جیهانی ئیسلام و خودی سه‌ددام، نوینه‌ری ئه‌و په‌یامه
بكوژانه‌ی مێژووی خۆیانن. ئه‌و زه‌مینه‌ی كه رێگه خۆشكه‌ره بۆ به‌رده‌وام
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دیكتاتۆر‌و پیاكوژ، قه‌یرانی پێكهاته‌ی خێڵه‌كی «به‌دو» و
نووشستی بزاڤی رۆشنگه‌رییه له كۆمه‌ڵگای عاره‌بیدا، كه وایانكردووه ئاگایه‌كی
فره‌وانیان له‌سه‌ر یه‌كسانی، ئازادی، ئاشتی و ...هتد، دروست نه‌بێ. به واتایه‌كی
تر ، كۆمه‌ڵگای عاره‌بی ــ ئیسلامی نه‌یتوانیووه پرینسیپه‌كانی وه‌ك مافی مرۆڤ ،
جیاوازی فره نه‌ته‌وه‌ی ئاشتی و هتد..، هه‌رسبكات. بۆیه له كۆتاییدا له‌م
رۆژگاری ته‌ڤله‌ڤه‌دا، ئه‌گه‌ر كورد نه‌توانێ خاوه‌ن ئه‌و ویسته بێ، كه
به‌سه‌رفرازبوون له نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و ئه‌نفالکار، كولتوورێكی به‌خشنده و
داهێنه‌ر به‌رهه‌مبهێنیت، كه بتوانێ هاوچه‌رخانه لێبوورده‌یی بكاته ژیان،
ئه‌وكات وه‌ك جۆره دڵدانه‌وه‌یه‌كی خۆی، به‌واتای نیشته‌یی، بۆ ئه‌وه‌ی بژی، ده‌بێ
ئه‌وه فه‌رامۆشبكا كه «ژیان و سته‌مگه‌ریی یه‌ک‌گرتوون ».
2006 ــ 12ــ04
ستۆکهۆلم
(*) ئه‌م وتاره له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی حه‌مه
کاکه ره‌ش نووسراوه، که ئه‌و بۆ پرۆژه‌ی کتێبێک ئاماده‌ی کردوون.