چەند پەیڤێک بۆ دلاوەر قەرەداغی
 

هێمن مەحمود
Hemnm1979@yahoo.com
 


هەمومان زۆر لەمێژە چاوەڕێی مناڵی ئەو دەکەین تاوەکو مناڵمان بکاتەوە، ئەو لەشارێکی زۆر دووەرەوە هاتبوو، لەشارێک کە مرۆڤ لە حەژمەتی تەنهایی پەنا دەباتەوە بەر مناڵی و شیعر..
ئەو کاتانەی دلاوەر بەربوە گیانی تەیرەکانی ئیسماعیل و هەڵیفڕاندن من هێشتا خوێندکاری ئامادەیی بووم، بیرمە شەوانی هاوینان لەگەڵ تەیرەکاندا دەرۆشتمە سەربان و بەدەم خوێندنەوەیانەوە تاوەکو بەیانی خەو دەیبردەمەوە.
ساڵان هاتن وساڵان رۆشتن و گەورەیی مناڵی پێ فڕێداینە جێگایەکەوە کە ونمانکردبوو، زستانیش تازە دەهات تاوەکو خۆی بەماڵدا بکات و چوار شانە..کفت و شەکەت لەژوری میوان دانیشێت، هەمومان سیاسەت و گەندەڵی و گەورەیی، توڕە و تەنها و بێ تاقەتی کردبووین، کتوپڕ لەشارێکی زۆر دورەوە مناڵێکی ناسک و پیاوێکی تەنها و شاعیرێکی خۆشەویست خۆی کرد بەشارەکەماندا و وتی وەرنەوە مناڵینە گالیسکەکەم جێگای هەمووتانی تیادا دەبێتەوە و سەرکەون تاوەکو کۆتایی دونیا، تا ئەوسەری پاکێتی دەتان بەم.


ئێمە هەموومان رۆشتین، بە شەونم و شەوبۆ و شەهلا و شیلان و شەیما وکچەکانی دیکەشەوە، تاسەر لێواری مردن پێکەنین، تا ئەوسەری بێدەنگی بێدەنگبوین، قاچمان خستبویە سەر قاچ و بێ باکانە قاوەمان دەخواردەوە و بەدزیشەوە جاروبارو کوڕ و کچە عەجولەکانمان سیگاریان دەکێشا.
ئەو ئێوارەیەی دلاوەر هات ئێوارەیەکی جیاوازبوو، هەموومان یارییەکانمان بڵاوکردەوە، جادەکانمان راخست، ئۆتۆمبیلەکانمان خستە ئیش، هەیوان و حەوشەو بەردوکانەکانمان شۆرد، تۆزێک بارانمان لەخۆمان داو بە ئەسپایی کێشامان بەشانی تەنهایدا، عاشقەکانیش هەموو لەوێ بوون، دلاوەر کە بریندار بەڵام خۆڕاگر، ماندوو بەڵام بەئیرادە، توڕە بەڵام بێدەنگ، دڵشکاو بەڵام عاشق، لەمەنفاوە هات، دەستی راستی کردبوو بەگیرفانیدا و بەتەوقەیەکی گەرم یەکی نوقڵێکی بەشداین، کە ئەو هات ژیان سادەتر بووبەوە، شارەکەم هێشتا بۆنی بارانی لێ دەهات، هێشتا تەڕ تەڕ هەناسەی دەدا.


سەعات سێ و چل وپێنج دەقیقەی ئێوارە هەمومان سواری گالیسکەکەی بوین کە هەر لێخوڕینی تەنها لەخۆی دەوەشێتەوە، بەخێرایی 140 بردینی بەرەو مناڵی، هێندە خێرابوین خودایە هەمومان دەترساین بکەوین و بمرین، کەچی ئەو بەپێکەنینێکەوە ئاوڕی لێدەداینەوە و دەیوت مناڵینە چاک خۆتان قایم بکەن، چاک خۆتان بگرن، ئەگەر ئێوە ماندوبون من ماندونابم،وای خودایە ماندوبونی چی، ئێمە ترسمان بوو بمرین، ترسمان بوو ئەو خەوەی لێمان کەوت ئیدی خەبەرمان نەبێتەوە، کە ئیدی مناڵ بوینەوە جارێکی دیکە گەورە نەبینەوە.
پاش سەفەرێکی دژوار و بە ئازار و بەسەعاتێک، بە شەڵاڵ و ئارەقەیەکی زۆرەوە هەمومانی گەیاندەوە جێگای خۆی، سەعات چوار و چلو پێنج دەقیقە وتی مناڵینە گەشتین، هەموتان دابەزن، جارێکی دیکە کە هاتمەوە هەناریشتان بۆ دەهێنم و بەدەستوپلێکی هەناراوییەوە لەقلەقێکی سپیتان پیشان دەدەم کە لەهەوای خۆیدا سەوڵ لێدەدا.
من دەبێت بڕۆم، مناڵێنە سەفەرێکی خۆش بوو، ئێوارەیەکی خۆش بوو، مناڵینە من لەشارێکی زۆر دوورەوە هاتوم، حەزم دەکرد لەلاتان بم، بەڵام ئاخر دەبێت بەم گالیسکەیەوە بگەمەوە لای دایکم چونکە نەخۆشە و دەبێت من لای بم، خەفەتیش مەخۆن من دەڕۆم، چونکە مناڵێکی زۆرم بۆ بەجێهیشتوون تاوەکو هەرکاتێک توڕەبوون لەدونیا، رقتان لەگەورەیی هەستا، یاریی بکەن لەگەڵیاندا و بەدیار سیدیەکانتانەوەە گۆییان لێبگرن، مناڵینە ماڵ ئاوا..
ئێمەش بە نابەدڵی دەستێکمان بۆ بەرزکردووە و لەدڵەوە تێر تێر گریان، لەدڵەوە سوپاسمان کرد..سوپاس بۆ دلاوەر قەرەداغی کە مناڵی کردینەوە جارێکی دیکە..
 

(بەرێوەبەرێتی رۆشنبیری دەربەندیخان ئێوارەی 13/4 لەهۆڵی رۆشنبیری دەربەندیخان کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیر دلاوەر قەرەداغی سازکرد)