حیکایەتی پیاوێکی بێ سەرەتا
 

چیرۆک / هێمن مەحمود
Hemnm1979@yahoo.com


نازانم لەکوێوە دەست پێبکەم، هەمیشە کێشەم ئەوەبوە لەسەرەتاکاندا تێدەکەوم، لەدڵی خۆمدا هەموو شتەکان ئامادە دەکەم بەڵام کە دەگەمە سەرەتا هەموو شتەکانم بیردەچێتەوە و چەند قسەیەکی تێکەڵ وپێکەڵ دەکەم.
ساڵانێکی درێژ عاشقی کچێک بووم، شەوەهای شەو کتێبم بۆ دەخوێندەوە وشیعرم بۆ لەبەردەکرد، هەموو گۆرانیەکانی کامکارەکانم لەبەر بوو.
هەموو رۆژێک لەدڵی خۆمدا هەموو ئەو وشانەم دەوتەوە کە دەبوو لەساتێک لەساتەکانا پێ بڵێم، هەموویم لەبەر بوو تەنانەت ئەو زەردەخەنانەش کە دەبوو لەکاتی قسەکردندا لەسەر لێوم بێت.
دەبوو پێی بڵێم خۆشم دەوێیت، پێ بڵێم دەزانی چەندێکە من چاوەڕوانی تۆم، چەندێکە سەیرتدەکەم، دەزانی لەتۆ جوانترم نەدیوە.
هاوڕێیەکی مناڵیم هەبوو هەمیشە پێکەوەبووین، نیوەڕوان هەموو خەڵکی دەخەوتن و ئێمەش لەسێبەری ئەو دار تووە تەنیایەدا دادەنیشتین کە لەحەوشەکەماندا بوو.
تەنانەت کە دەچوین بۆ بازاڕ پێکەوە دەستمان دەکردە ملی یەک و بەسەروو فانیلەی خەت خەتەوە لەبەردەمی ئەو دوکانانەدا رادەوستاین کە خاوەنەکانیان بەتوڕەییەوە دەریان دەکردین.
ئەو نیوەڕۆیەش باوکی لەداخی ژنەکەی (کە خەڵکی گەڕەک بەچرپەوە دەیانوت ژنێکی خراپە، بەڵام لەگەڵ ئێمەدا هەمیشە میهرەبان بوو و هەمیشەش جیاواز لەژنەکانی دیکەی گەڕەک بۆنی عەترێکی خۆشی لێ دەهات) ئۆتۆمبیلێکی هێنا و هەموو ماڵەکەی تێکرد و رۆشتن.
من خەوتبووم خوشکە گەورەکەم بەچاوێکی خەواڵووە وتی هەستە ماڵ سیامەند بار دەکەن.
بەخێرایی خۆم گەیاندە کۆڵان، هەموشتێک بارکرا بوو، باوکی سیامەند بە گرژییەکەوە لەدواوەی ئۆتۆمبیلەکە وەستا بوو دەیوت هیچی ترتان بیرنەچووە، دایکی سیامەندیش کە ئەو میهرەبانییەی جاران و جلە کەشخەکانی بەری و بۆنی عەترکانی ون کردبوو بەبێزارییەکەوە وتی نا.
لەپڕ دامە گریان، بەدوای ئۆتۆمبیلەکەیان کەوتم، سیامەند لەسەر کەلوپەلەکانی ناو ئۆتۆمبیلەکە بەکزییەکەوە دەستێکی بۆ ڕاوەشاندم و لەبەرچاوم ون بوو.
باوکم تێکەڵەیەکی سەیربوو لەرق و خۆشەویستی، یەکێک بوو لەوپیاوە کوردییانەی بمردایە بەمناڵێکی خۆی نەدەوت خۆشم دەوێیت.
ماچی دەکردین و دەیگرتینە باوەش، لەبازاڕ جلی جوانی بۆ دەکڕین و خواردنی خۆشی بۆ دەهێناینەوە، بەڵام هەرگیز پێی نەدەوتین خۆشم دەوێن.
دڵڕەقییەکی سەیریشی هەبوو، هەرلەخۆیەوە چەندان رۆژ قسەی نەدەکرد لەگەڵماندا و لەماڵەوە بە بێدەنگی و زۆرجاریش بەشەڕ کاتەکانی بەڕێ دەکرد.
دەزانی هەستدەکەم دەمارێکی باوکم لەخوێنی منیشایە، خۆم هەستی پێدەکەم هیوادارم تۆش هەستی پێبکەیت و تیاما نەهێڵییت.
لەخۆمەوە هەندێ جار تاقەتم نییه‌ تەنانەت بیریش بکەمەوە، چەندین کاتژمێر بەتانیەک دەدەم بەسەر خۆمدا و قسەناکەم.
هەندێ جار کەسانێکم هێندە خۆشدەوێت حەزدەکەم هەمیشە لەنزیکیانەوە بم و بۆنیان پێوەبکەم.
ساڵانێک زوتر کچێکی هاورێم هەبوو کە زۆربەی کاتەکان پێکەوە قسەمان لەسەر خوی پیاو وژن دەکرد دەیوت تۆ بۆیە هەمیشە نیگەرانی دەتەوێت خۆشەویستیەکی ئەفسانەیت دەستکەوێت و کەسی بەرامبەرت هەرگیزاو هەرگیز هەڵە نەکات.ئاخر من خۆشم هەمیشە هەڵەم دەکرد و دواتریش پەشیمان دەبوومەوە کەچی لەهەڵەی کەس خۆش نەدەبووم.
برادەرێکی نووسەرم هەیە کە حەزدەکات هەمیشە نیگەرانی و خەیاڵەکانی ئینسان بە دیاردە ئابوورییەکانەوە ببەستێتەوە پێم دەڵێت مرۆڤی سەردەمی جیهانگەرایی هەمیشە نیگەرانە و نازانێت داوای چی دەکات.
ئەو کەلەچاخانەکاندا هەمیشە ئەم قسە زلانە دووبارە دەکاتەوە ئێوارەیەکی هاوین منی لەناو حەشاماتی بازاڕەکەدا گرت و وتی: بیر لەهیچ شتێک مەکەرەوە شتێک نییه‌ شایانی بیرکردنەوە بێت، سەردەمی ئێمە سەردەمی بیرکردنەوە نییه‌، سەردەمی ئەوەیە چەند وشەیەکی زل زل بزانین و دووبارە و سەدبارە و هەزاربارەی بکەینەوە و لەگەڵ هەموو مەسەلەیەکدا بیگونجێنین.
دواتر وەک ئەوەی خەیاڵێکی تیژ بەدڵیدا بچەقێت بەخەمگینیەکەوە وتی دەزانی منیش زۆر نیگەرانم و نازانم چۆن دڵی خۆمت بۆ بکەمەوە.
ئازیزی من .. دڵ کردنەوە رەنگە من نەتوانم ئێستا بەئاسانی تۆ تێبگەیەنم و دڵی خۆمت بۆ بکەمەوە، بەڵام دڵنیام رۆژێک دێت تۆ لەم دڵ کردنەوەی من تێدەگەیت.من نەمزانی چۆن دەست پێ بکەم، کە ئەو ساتەش هاتە پێشەوە بەو کچە بڵێم کە بۆی دەمردم هات نەمزانی چۆن دڵی خۆمی بۆ بکەمەوەو و چەند قسەیەکی هەلەق و مەلەقم کرد و بۆ هەتایە رۆشت.
ئەو نیوەرۆیەش کە سیامەندی هاورێم بەخەمگینی دەستی بۆ بەرزکردمەوە نەمزانی دەستێکی بۆ بەرزکەمەوە و تێیبگەیەنم کە خۆشم دەوێ و بۆ ئەبەد نایبینمەوە.
باوکیشم کە تێکەڵەیەکی سەیر بوو لەخۆشەویستی و رق هەرگیز نەمتوانی نهێنیەکانی دڵی خۆمی بۆ ئاشکرا بکەم و بەدەنگی بەرز پێی بڵێم خۆشم دەوێت باوکە گیان سەرەڕای هەموو رەقەکانت، دەزانم تۆش وەک من نەخۆشی، تۆش وەک من هەست بەتەنیایی دەکەیت. تاوەکو بەیانیەکی زستان بۆ دواجار چاوی لێک نا.
ئازیزی من... کە ئێستا هەموو ئەم شتە بێ سەروبەرانەم بۆ وتی هیوادارم لێم بگەیت، حەزناکەم دڵتەنگ بیت کە لەگەڵ پیاوێکا تەنها و بێکەسدا قسە دەکەیت لە شێت دەچێت.
حەزناکەم وەها سەیرم بکەیت کە ئیدی من تارماییەکم و هەرکە لەم ئۆتۆمبیلە دابەزین لەبیرت دەچمەوە.
دەزانی ئەمە یەکەمجارمە ئاوەها لەگەڵ کچێکا دەدوێم، یەکەمجارمە ناترسم و سەرەتایەکی باشم هەبوە، پێ مەکەنە، بەجدیمە، یەکەمجارمە توانیومە دڵی خۆم بکەمەوە.
حەزم لەجانتاکەی دەستە، جانتایەکی گەورەیە، هاورێیەکم هەبوو جانتایەکی وەهای هەبوو، هەمیشە کە دەیهێنا بۆ کولیە لەنێوان من و خۆیدا دایدەنا، بەپێکەنینێکەوە دەیوت با ئەو جانتایە سنووری هەردوولامان بێت و دوایی بە باوکم یاخود براکەم نەڵێن شانی داوە بەشانی کوڕێکەوە.
منیش بە ئەنقەست هەندێ جار قەڵەمەکەم دەخستە سنوری ئەوەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرمەوە خۆم دادەنەواندەوە تەنها بۆ ئەوەی بۆنی عەترەکەی بکەم کە بەو بەیانییه‌ زووانەی ناو کولیە بۆنێکی ئەفسووناوی هەبوو.
باوەڕم پێ ناکەی لە کولیە خوێندبێتم، هەقی خۆتە، سەیرم دەکەی رێبوارێک کە سەروچاوی زەمەن پیرێتی لێ دەنوێنێ و لەناو پاسێکایە، کێ باوەڕ دەکات کولیەی تەواوکردبێت.
ئازیزی من ...ئێمە چەند کاتژمێرێکی خۆشمان بەڕێکرد لەناو ئەم پاسە کۆنەدا، من هەمیشە رقم لەسەفەرە، ئەو کاتانەشی کە بەم رێگا دوورەدا هاتۆچم دەکرد سەرم دەنا بەجامەکەوە و تادەگەشتین بیرم دەکردەوە، لێم مەپرسە بیرم لەچی دەکردەوە چونکە بەسەدەها سەفەری دیکەی وەها حیکایەتم تەواو نابێت.
بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە کچێکی وەک تۆ هاوسەفەرم نەبوو، هەموو ئەو کچانەشی دەهاتنە پاسەکەوە نەدەهاتنە تەنیشت منەوە چونکە پێیان عەیب بوو لەپاڵ کوڕێکا دانیشن.
هەندێ جار زستان کە بەم رێگایەدا دەهاتمەوە بارانێکی بەخوڕ دەباری و هەندێ جاریش دەیکرد بەتەرزە، دەزانی ساڵانێکە باران و تەرزەی لەو چەشنە نەباریوە، لەجامەکەوە هەزارەها دەنک بارانم دەژمارد و هەرگیز کۆتاییان نەدەهات تا تاقەتم نەدەما.
هەموو جار رقم لەسەفەر بووە، ئەو شەوەی سەفەرێکم هەبوو تاوەکو بەیانی خەوم لێ نەدەکەوت، جارێکیان دەمویست بۆلای دایکم بگەڕێمەوە شەوەکەی تا رۆژ بوویەوە نەخەوتم، کەچی دواتر چەند چرکەیەک خەو زەفەری پێهێنام و هەموو ساتانەم بینی کە چۆن دەچمەوە بۆلای دایکم و چۆنیش باوەشم پیادەکات بۆیە ساتەکانی رۆشتنەوەم دەزانی.
ئازیزی من... زۆرمان نەماوە بگەین، حەزم لە پێکەنینەکەتە، حەزم لەناسکییه‌که‌ته‌ کە هەمیشە بەمەکرێکەوە دەڵێیت سەرەتایەکی خۆشە، سەریحییەکی سەیرە.
جانتاکەت لەنێوانما هەڵگرە، کەس لەتۆ نزیکتر نییه‌ لەمن، تا ئێستا کەس وەک تۆ لە دڵم تێنەگەشتوە، حەزمدەکرد ساڵانێک زووتر یەکتریمان بناسیبایە، ساڵانێک زووتر پێکەوە لەم پاسەدا بووینایە، ساڵانێک زووتریش پێکەوە لەکولیە بووینایە.
پشتت داوە بەجامی ئۆتۆمبیلەکەدا و سەیری من دەکەیـت، چەند حەزم لە سەیکردنەکانتە، حەزم لەو تاڵانەی قژتە هەندێ جار بایەکی کز دەیانجوڵێنێت.
دەزانی دڵم زۆر تەنگە بۆیە ئەم هەموو قسانەم بۆ کردیت، دڵم پڕ بووە و ساڵانێکە هیچ هاوڕێیەکم نەماوە گوێم بۆ بگرێت.
سەیری چاوانت دەکەم، خودا دەڵێی بۆ ئەوەی سواری ئەم پاسەی کردویت تا ئەم بەردە گەورە لەسەر دڵم لاببات، تا ئەم شاخە سەختە لەبنەوە هەڵتەکێنێت کە ساڵانێکە لەسەر دڵم دروست بووە.
پێم دەلێیت ئێستا بۆ کوێ دەچیت؟
چیت پێ بڵێم ،خۆشم نازانم، رەنگە بەدوای بیرەوەرییەکانما هاتبم رەنگیشە هیچ ...
دەڵێت ژن و منداڵت هەیە؟ نا گوڵی من، ژنی چی، کچێک نەبووە لەمن بگات، کچێک نەبووە تاقەتی ئەم قسە قۆڕانەی هەبێت کە ئێستا بۆتی دەکەم و گوێم لێ بگرێ، چ کچێک تاقەتی بیرکردنەوە و تێڕامانی هەبێت تاوەکو من بیهێنم.
ئازیزی من.. ئەوە گەشتین، بمبوورە لە هەندێک وشە، لەهەندێک دەربڕین کە بۆ من نەدەشیا لەبەرامبەر کچێکی غەریبەدا دەریبڕم، شەرم دەکەم لێت کە لەسنووری خۆم دەرچووم، ئاخر ئەو کچەی کە هەمیشە جانتاکەی لەنێوانماندا دادەنا رۆژێک هات و وتی ئیتر تەواو، هیچ جانتایەک نەما لەنێوان من و تۆدا، قسەکانی دڵت بکە. منیش سەیرێکی چاوەکانیم کرد کە کتومت دەڵێی چاوەکانی تۆیە و تێر دڵی خۆم قسەم بۆکرد و ئیدی رۆشت و چەند رۆژ دواتر وەک بیستمانەوە ویستبووی لەمبەری شەقامەکەوە بپەڕێتەوە بۆ ئەوبەر، ئۆتۆمبیلێک کە دواتر دەرکەوت شۆفێرەکەی سەرخۆش بووە لێی دا و کوشتی.
دەزانی ئیدی من دوای ئەو کچە تەنیا کەوتم و هاوڕێیەکم نەما.
شەرم دەکەم و دڵخۆشیشم کە سنوورمان نەما و جانتاکەت هەڵگرت .
ببوورە کاتی خۆتت دا بە من، ئاخر من پێویستم بەکەسێکە کاتی خۆیم بداتێ، کەسێک لێم بگات و لەکاتی قسەکردنمدا سەیری چاوەکانم بکا نەوەک بێزاربێت و چاوی بەملاوبەولادا بگەڕێت.
من نازانم چۆن سەرەتاکانم دەست پێ بکەم، چۆن چۆنیش کۆتایی بەحیکایەتەکانی خۆم بهێنم بەڵام دەزانم ئەی هاوڕێم.. کە پاش چەند چرکەیەکی دیکە لەخەیاڵی تۆشدا دەبمە تۆز، دەبمە غوبار.


دەربەندیخان
هاوینی 2008