"چیرۆک".. خەونێکی سەخت
 

هێمن مەحمود
Hemnm1979@yahoo.com
 


(هاوڕێی بەرێزم ئارام کاکەی فەلاح لە ئیمێلێکدا بۆی نووسیوم هەموو چیرۆکنووسینێکم دوو کیلۆ کەم دەکەم، وەها بڕوات پڕ مشتێکم دەمێنێتەوە...ئەم نووسینە درێژکراوەی ئەو وتەیەی ئەوە)
 


هەندێ جار دەڵێی لەشاخێکی بەرزەوە فڕێ دەدرێمە خوارەوە، لەجیاتی ئەوەی کە هەست بەوە بکەم هەموو گیانم دەشکێت کەچی هەست بەوە دەکەم شتێکی تازە لەرۆحمەوە دەیەوێت دەر بێت، شتێکی تازەی وەها کە ئەو هەستەم لەلا دروست دەکات من سەر بەمەملەکەت و دونیایەکی دیکەم، سەر بەم مەملەکەت و دونیا جەنجاڵە نیم.
هەندێ سات هەن لەژیانماندا کە تەعبیری لێ ناکرێت، ناتوانرێت بنووسرێتەوە، ناتوانرێت لێی تێبگەین.
نووسینی چیرۆک ئازارێکی سەختە، هەندێ جار بیری ئەو ئازارە دەکەم و بەدوایدا وێڵم، هەندێ جاریش حەزناکەم بەو ئازارەدا تێپەڕبم و حەزم لەوەیە ئەو ئازارەم نەبێت و هەڵبێم.
خودایە... ئەوە چ ئازارێکە وەها دەکات بەدوایدا وێڵ بین، وەها دەکات بیریبکەین و رۆح بۆ بەرگەگرتنی رابێنین.
من دەمەوێت چی بنووسمەوە؟ باس لەچی دەکەم؟ کەسێک کەساڵانێکی دواتر ئەو کاتەی بوومەتە خۆڵەمێشی رۆژگار چی لە من تێ دەگات؟.
نازانم و تا ئێستا وەڵامێکم دەستنەکەوت...
رۆژگارێکی درێژ بیرم لەنووسین و نەنووسین دەکردەوە، شەوانێکی زۆر هەرچیم دەنووسی دەمدڕی و بێئومێدی و بێهودەییەکی زۆر دایدەگرتم.
نووسین لەنێوان ئومێد و نائومێدیدا تەنها مەگەر ئەوانە لێی تێبگەن کە میوانێکی هەمیشەیی نێوان ئەو دووانەن..
شەوێک دەموت هەموو ئەوانەی نووسراون و ئەوانەی دەینووسین هیچ نین جگە لە خۆفریودان..
بەیانیەکی زوو کە یادەوەریی کەسێک خەیاڵی داگیردەکردم دەکرد دەموت خودایە چەند حەزم لەنووسینە تا لەم تەنهاییە دەرم بکات و دەستم دەکرد بەنووسین.
نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم؟ لەکوێوە حەرفی ئەو رۆژگارانە کۆکەمەوە کە لەدەستمان چوون، لە کوێوە هاوڕێیانم زیندووکەمەوە، لە کوێوە خێزانەکەمان کۆکەمەوە وەک سەردەمی مناڵی .
من نەخۆشم، نەخۆشی نووسین، نەخۆشی بەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەم، نەخۆشی سەر وەرەقەی سپی.. ئەو وەرەقانەی کە زۆربەی جار بێ ئەوەی تەنانەت دێڕێکیش بنووسمەوە رەشی دەکەمەوە...
خودایە..ئەم نەخۆشییە چەند حیکمەتە....ئەم ژانە چەند خۆشی یە...
من هەموو شتێکم هەیە، هەر لەژنێک کە تا مردن خۆشم دەوێت تاوەکوو خانوو وەزیفە و مناڵێکی جوان و هتد...کەچی هەر تەنهام.
تەنهام و هیچ شتێک جگە لە نووسین و چیرۆک ناتوانێت تەنهایم چارەسەر بکات...ئای.. ئەوە چی نەگبەتییه‌کە..
نووسین و چیرۆک و چیرۆک و نووسین..
نازانم لە کوێوە بنووسم...لە کوێوە دەست پێ بکەم.. وەک چۆن ناشزانم لە کوێوە واز بهێنم و لەکوێشەوە دواهەمین خاڵ دابنێم.
من نازانم باسی چی دەکەم، وەک چۆن نازانم چیش دەنووسم، تەنها شتێک کە بزانم ئەوەیە ژیانی من بێ چیرۆک، بێ نووسینەوەی چیرۆک ژیانێکی بێهودە و پووچە..
هەربۆیە خودای گەورە مەمانکوژە تاوەکو فریای نووسینەوەی هەموو چیرۆکەکان دەکەوم..کە فریاش ناکەوم!
 

هاوینی 2008