ئه‌و رۆژه‌ی تیایدا ونبووم!
چیرۆكی : ئیسحاق سینجه‌ر*
له عه‌ره‌بیه‌وه: هێمن مه‌حمود
Hemnm1979@yahoo.com
ناسینه‌وه‌ی من كارێكی قورس نابێت بۆ مرۆڤ، پیاوێك به چاكه‌تێكی درێژ و
پێلاوێكی گه‌وره و كلاوێكی لول و پان و به چاویلكه‌یه‌كه‌وه كه ته‌نها
چاوێكیان به ساغی ماوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه خۆر به‌ناوه‌راستی
ئاسمانه‌وه‌یه كه‌چی ئه‌م چه‌ترێكی به ده‌سته‌وه‌یه و به ته‌نها
له‌شه‌قامه‌كه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه.
ئه‌وه منم، پرۆفیسۆر شه‌لامیل.
چه‌ند ئاماژه‌یه‌كیش هه‌ن كه بىَ هیچ گومان له‌سه‌ركردنێك ناسنامه‌ی من
وه‌دیارده‌خه‌ن، چونكه هه‌مووجار گیرفانه‌كانم ئاوساون و پڕن له رۆژنامه و گۆڤار و
له‌وانه‌شه چه‌ند په‌ڕه‌كاغه‌زێك.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو باره‌شدا جانتا ده‌ستیه‌كه‌م
پێیه، به‌ڵام به‌رده‌وام
هه‌ڵه‌ش ده‌كه‌م.
چل ساڵ زیاتره من له‌شاری نیۆیۆرك ده‌ژیم، تاوه‌كو ئێستاش هه‌رجارێك بمه‌وێت
بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاربڕۆم قاچه‌كانم ده‌مهێنێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی شار، هه‌رچی
جارێكیش ده‌مه‌وێت رووه‌و رۆژهه‌لات بڕۆم خۆم له رۆژئاوادا
ده‌بینمه‌وه. هه‌میشه دواكه‌وتووم و كه‌سیشم نه‌ناسیوه‌ته‌وه.
زۆرجار شته‌كانم له‌شوێنی خۆیدا دانانێم، سه‌دان جار له‌خۆم ده‌پرسم
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م له كوێدا داناوه؟ ده‌سته‌سڕ و پاره‌كانم له‌كوێدا
داناوه؟ ده‌فته‌ری ناونیشانه‌كانم له كوێ جێهشتوه؟ ده‌توانن به‌و پرۆفیسۆره
وه‌سفم بكه‌ن كه زاكیره‌ی كاڵبووه‌ته‌وه.
بۆچه‌ندین ساڵ له‌هه‌مان ئه‌و زانكۆیه كه فه‌لسه‌فه‌م تیادا وتۆته‌وه كه‌چی
تاوه‌كو ئێستاش زۆر به‌گرانی ئه‌و
پۆله ده‌دۆزمه‌وه كه وانه‌ی تیادا ده‌ڵێمه‌وه، ته‌نانه‌ت مه‌سعه‌ده
كاره‌بایه‌كه‌ش یارییه‌كی فێڵاوی سه‌یرم
له‌گه‌ڵدا ده‌كات، كاتێك ده‌مه‌وێت سه‌رم بخات بۆ قاتی سه‌ره‌وه كه‌چی
ده‌مگه‌یه‌نێته قاتی خواره‌وه. كه‌م رۆژیش هه‌یه ده‌رگاكه‌ی له‌سه‌رم دانه‌خرێت
و بۆم نه‌كرێته‌وه، ده‌رگای مه‌سعه‌ده‌كان دوژمنێكی خراپمن.
له‌گه‌ڵ گێلێتیه چه‌سپیو و ونكردنی شته‌كانیشمدا، من شتم زۆر له‌یاد
ده‌چێته‌وه. بۆنموونه كاتێك ده‌ڕۆمه قاوه‌خانه‌یه‌كه‌وه و پاڵتۆكه‌م به
چلاكێكدا هه‌ڵده‌واسم كه دێمه ده‌ره‌وه بیرم ده‌چێته‌وه، كاتێكیش بیرم
ده‌كه‌وێته‌وه دوای ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌مه‌وێـت بۆی بگه‌ڕێمه‌وه كه‌چی وه‌بیرم
نایه‌ته‌وه له كوێ به‌جێم هێشتووه، ئیدی به‌مجۆره كلاوه‌كانم، و كتێبه‌كانم،
و چه‌تره‌كانم، و
نووسینه‌كانم ون ده‌كه‌م.
له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه هه‌ندێك جار ماڵ خۆشمان له‌بیرده‌چێت.
ئێواره‌یه‌كیان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌په‌له‌بووم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵه‌وه
ته‌كسییه‌كم به كرێ گرت.
شۆفیری ته‌كسیه‌كه پرسی: بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟
وتم : بۆ ماڵه‌وه.
به‌سه‌رسوڕمانه‌وه پرسی:
ماڵتان له كوێیه؟
وه‌لامم دایه‌وه: وه بیرم ناكه‌وێته‌وه.
پرسی: ناوت چیه؟
- پرۆفیسۆر شه‌لامیل
شۆفێره‌كه وتی: پرۆفیسۆر ده‌تگه‌یه‌نمه كابینه‌ی ته‌له‌فونه‌كه و سه‌یرێكی
ده‌فته‌ری ناونیشانه‌كان بكه و بزانه
ماڵتان له كوێدایه؟
تا نزیكترین شوێن بردمی و به ته‌نیشت ده‌رمانخانه‌یه‌كه‌وه كابینه‌یه‌كی
ته‌له‌فونی بۆ دۆزیمه‌وه،
به‌ڵام هێنده چاوه‌ڕێی نه‌كردم، من خه‌ریك
بوو
له‌ده‌رگای كابینه‌كه‌وه ده‌رۆشتمه ژوره‌وه بیرم كه‌وته‌وه كه جانتاكه‌م
له‌ناو سه‌یاره‌كه‌دا جێهێشتوه.
بۆیه كه‌وتمه‌وه دوای و هاوارمكرد (جانتاكه‌م، جانتاكه‌م)
به‌ڵام شۆفێره‌كه
گوێی لیم نه‌بوو دوركه‌وته‌وه.
به‌زویی ده‌فته‌ری ته‌له‌فوناته‌كانم له‌ناو كابینه‌كه‌دا دۆزییه‌وه،
به‌ڵام
كاتێك سه‌یری پیتی (ش)م كرد سه‌رنجی ئه‌وه‌م دا سه‌ره‌ڕای لیستێكی درێژ
به‌ناوی(شه‌لامیل) كه‌چی ناوی منی تیادا نه‌بوو. له‌و ساته‌دا ئه‌وه‌م بیركه‌وته‌وه
كه پێش چه‌ند مانگێك ژنه‌كه‌م بریاڕی ئه‌وه‌ی دابوو كه ناومان له‌لیستی
ته‌له‌فوناته‌كاندا بسڕێته‌وه، هۆیه‌كه‌شی هه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوو كه چه‌ند
خوێندكارێكم ته‌له‌فونیان بۆ ده‌كردم و نیوه شه‌وان به ئاگاین ده‌هێنامه‌وه،
به‌ڵكو چه‌ند جاریش به هه‌ڵه داوای (شه‌لامیل)ێكی دیكه‌یان كردوه و
ژماره‌كه‌یان به هه‌ڵه لێداوه و به‌ئاگایان هێناومه‌ته‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه له‌لایه‌ك،
به‌ڵام ئێستا چۆن بتوانم بگه‌ڕێمه‌وه
ماڵه‌وه؟.
له‌هه‌ندێ جاردا چه‌ند نامه‌یه‌كم له گیرفانه‌كانمدا هه‌ڵده‌گرت كه ناونیشانی
خۆمی به‌سه‌ره‌وه‌بوو،
به‌ڵام ته‌نها ئه‌مڕۆ هه‌موو گیرفانه‌كانی خۆمم
پاككردبوویه‌وه و فڕێمدابوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رۆژی له‌دایكبوونمه‌و ژنه‌كه‌م
هه‌موو هاورێكانمی بانگكردووه و كێكێكی گه‌وره‌ی دروستكردوه كه به مۆم
رازاندویه‌تیه‌وه.
ئێستا بیر له‌هاورێكانم ده‌كه‌مه‌وه كه له‌ژورى دانیشتنه‌كه‌دا چاوه‌ڕوانی
ئه‌وه‌ده‌كه‌ن پیرۆزبایم لێبكه‌ن كه‌چی من هێشتا
له‌ده‌رمانخانه‌كه‌دام، له‌ژیانێكیشدا كه هیچ ئاماده‌ییه‌كی تیادا نیه بۆ ئه‌وه‌ی
ناونیشانی ئه‌و شوێنه‌م وه‌بیربخاته‌وه كه تیایدا ده‌ژیم.
كتوپڕ ژماره ته‌له‌فونی،(د.مازه‌رهید)ی هاوڕێم بیركه‌وته‌وه‌و بریارمدا
ته‌له‌فونی بۆ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانامه‌وه بێت، ژماره‌كه‌م لێداوپرسیم:
- د.مازه‌رهید له‌ماڵه؟
- كچێك وه‌لامی دایه‌وه: نه‌خێر.
- ئه‌ی ژنه‌كه‌ی؟
- هه‌ردوكیان له ده‌ره‌وه‌ن.
- له‌وانه‌یه بتوانیت پێم
بڵێیت له كوێ ده‌یاندۆزمه‌وه؟
- من ته‌نیا به‌خێوكه‌ری مناڵه‌كانیانم،
به‌ڵام له‌وانه‌یه رۆشتبن بۆ
ماڵی
پرۆفیسۆر (شه‌لامیل)، ئایا ده‌ته‌وێت قسه‌یه‌كیان بۆ به‌جێبێڵیت؟ ئینجا وتی
تكایه به‌ڕێزتان كێن؟.
-پرۆفیسۆر شه‌لامیل
- سه‌عاتێك ده‌بێت بۆ
ماڵی ئێوه رۆشتون.
پرسیم : ده‌توانیت پێم
بڵێیت به‌دیاریكراوی له كوێن؟
- وه‌ك پێم وتی رۆشتون بۆ
ماڵ ئێوه؟
- به‌ڵام ماڵه‌كه له كوێدایه؟
- وتی: به‌دڵنیاییه‌وه تۆ گاڵته ده‌كه‌یت و، ته‌له‌فونه‌كه‌ی داخست.
چه‌ند جارێكی دیكه‌ش هه‌وڵمدا ته‌له‌فون بۆ ئه‌و هاورێیانه‌م بكه‌م كه
ژماره‌كانیانم بیرده‌كه‌وته‌وه،
به‌ڵام هه‌ر كه ته‌له‌فونم بۆ هه‌ركامێك
له‌وانه ده‌كرد هه‌مان وه‌لامم وه‌رده‌گرت:
هه‌موویان رۆشتون بۆ
ماڵ پرۆفیسۆر
شه‌لامیل.
له‌و كاته‌وه‌ی كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه وه‌ستابووم و بیرم له‌وه‌ده‌كرده‌وه چی
بكه‌م، ده‌ستیكرد به باران بارین، به‌خۆمم وت (چه‌تره‌كه‌م) له‌كوێیه؟
به‌ڵام
یه‌كسه‌ر وه‌لامه‌كه‌یم ده‌زانی. له شوێنێكدا به‌جێم هێشتووه.
به‌خێرایی خۆم كرده ژێر پاسارێكا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڕنه‌بم،
به‌ڵام زریان و
بارانێكی زۆر توند هه‌ڵیكردبوو، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی كه به‌درێژایی ئه‌مڕۆ
خۆره‌تاو بوو، ئێستا له‌م كاته‌یا كه چه‌تره‌كه‌م ونكردوه زریانه‌كه
ده‌ستیپێكردوه و واش ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و به‌شه‌ی شه‌ویش ماوه‌ته‌وه به
هه‌مان شێوه بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك خۆم خه‌ریكبكه‌م بیرم له‌چه‌ند كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی كۆن
كرده‌وه، ئایا مریشك پێش هێلكه
بووه یان هێلكه پێش مریشك؟ هیچ فه‌یله‌سوفێك
نیه وه‌لامی ئه‌م پرسیاره ئه‌زه‌لییه‌ی دابێته‌وه، هه‌ربۆیه ده‌بێت كه
وه‌لامێك بۆ ئه‌وه هه‌بێت، له‌وانه‌یه، من پرۆفیسۆر شه‌لامیل قه‌ده‌رم وه‌هابێت
ئه‌و وه‌لامه بده‌مه‌وه.
هێشتا باران به‌خوڕ ده‌بارێ، قاچه‌كانم ته‌ڕبووبوون و سه‌رما به‌جه‌سته‌مدا
بلاوده‌بوویه‌وه، ده‌ستمكرد به پژمین، هه‌ربۆیه پێویستم به ده‌سته‌سڕێك هه‌بوو
لوتمی پێ پاكبكه‌مه‌وه،
به‌ڵام ده‌سته‌سه‌ڕه‌كه‌شم ونكردبوو.له‌و كاته‌دا سه‌رنجی
سه‌گێكی ره‌شی گه‌وره‌م دا كه له‌ژێر بارانه‌كه‌دا وه‌ستاوه و هه‌موو گیانی
ته‌ڕبووه و به‌چاوانێكی خه‌مناكه‌وه لێم ده‌ڕوانێ.
یه‌كسه‌ر زانیم كێشه‌كه‌ی چیه؟ ئه‌ویش سه‌گێكی سه‌رگه‌ردانه،
ماڵ خۆیانی
ونكردوه.
به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاژه‌ڵه بێ تاوانه هه‌ستم به خۆشه‌ویستییه‌كی قوڵكرد،
هه‌ربۆیه بانگمكرد و به خێرایی هات بۆ لام.
وه‌ك چۆن قسه بۆ مرۆڤێك بكه‌م ئاوه‌ها ده‌ستمكرد به قسه‌كردن بۆی ( هاوڕێكه‌م
من و تۆ له‌یه‌ك به‌له‌مداین) وتم ( من شه‌لامیلی مر‌ۆڤم و تۆش شه‌لامیلی سه‌گیت،
له‌وانه‌یه ئه‌مرۆش رۆژی له‌دایكبوونی تۆ بێت و ئاهه‌نگێكیشت بۆ حازركرابێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا له‌ژێر بارانه‌كه‌دا هه‌موو گیانت
بووه به ئاو‌و به‌ته‌نها
وه‌ستاوی تا ئه‌و كاته‌ی خاوه‌نه‌كه‌ت كه زۆر خۆشی ده‌وێیت هه‌موو شوێنێكت
به‌دوا ده‌گه‌ڕێ، له‌وانه‌شه وه‌ك چۆن من برسیمه تۆش برسیت بێت).
ده‌ستم به سه‌ره ته‌ڕه‌كه‌یدا هێنا، كلكی بۆ له‌قاندم، وتم( ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر
مندا هاتوه به‌سه‌ر تۆشدا دێت) ( تاوه‌كو پێكه‌وه
ماڵه‌كانمان ده‌دۆزینه‌وه
ده‌تپارێزم، ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌كه‌شت نه‌دۆزیته‌وه لای من ده‌مێنیته‌وه،
قاچه‌كانتم بده‌رێ) سه‌گه‌كه قاچی راستی به‌رزكرده‌وه، هیچ گومانی تیادا نه‌بوو
كه له‌وه‌ی وتم تێگه‌ی.
كتوپڕ سه‌یرمكرد تاكسییه‌ك به‌ره‌ورومان دێت، له‌كات وه‌ستانیشیدا قوڕاوی كردین،
دواتر بیستم كه‌سێك بانگی من ده‌كات، سه‌رنجم دا ده‌رگاكه كرایه‌وه و یه‌كێك له
هاوڕێكانم له‌به‌رده‌ممدا قوت
بوویه‌وه، وتی ( شه‌لامیل، چی ده‌كه‌ی لێره،
چاوه‌ڕێی كێ ده‌كه‌یت؟).
- پرسیم : بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟
- به‌دڵنیاییه‌وه بۆ مال ئێوه، ببووره كه دواكه‌وتوم،
به‌ڵام بیرم نه‌بوو،
به‌هه‌رحاڵ دواكه‌وتن باشتره له هه‌ر نه‌هاتن،
به‌ڵام تۆ بۆچی له‌ماڵی خۆتان
نیت؟ ئه‌ى ئه‌م سه‌گه هی كێیه؟.
- (هاوارمكرد) خودا تۆی بۆمن ناردوه، چ شه‌وێكه، ناونیشانی
ماڵ خۆمانم
له‌بیركرد، جانتاكه‌شم له ته‌كسییه‌كه‌دا له‌بیركرد، ناشزانم له‌كوێ چه‌تره‌كه‌م
داناوه.
هاوڕێكه‌م وتی: شه‌لامیل، ئه‌گه‌ر پرۆفیسۆرێكی كه‌م عه‌قڵ هه‌بێت تۆیت.
كه ده‌ستم نا به جه‌ره‌سی خانوه‌كه‌شدا ، ژنه‌كه‌م ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه و
به‌ده‌نگی به‌رز و به‌توڕه‌ییه‌كه‌وه به‌سه‌رمدا وتی: شه‌لامیل،
هه‌مووان
چاوه‌ڕوانی تۆده‌كه‌ن، له كوێ
بوویت؟ ئه‌ی جانتاكه و چه‌تره‌كه و پاڵتۆكه‌ت
كوا؟ ئه‌ی ئه‌م سه‌گه چیه
له‌گه‌ڵتا؟.
هه‌موو هاورێكانم له‌ده‌ورم كۆبوونه‌وه و هاواریانكرد:
له كوێ بوویت؟ هه‌موومان نیگه‌رانت
بووین، وامان ده‌زانی توشی خراپه‌یه‌ك هاتویت؟.
- ژنه‌كه‌م دوباره‌ی كرده‌وه : ئه‌م سه‌گه هی كێیه؟
- دواجار وتم: نازانم، له‌و سه‌ر شه‌قامه دۆزیومه‌ته‌وه، مادام
له‌گه‌ڵماندایه
به (بو وا) و بانگی بكه.
- (بو وا) ،به‌راستیته، (ژنه‌كه‌م سه‌ركۆنه‌ی كردم) تۆ ده‌زانی كه پشیله‌كه‌مان
رقی له سه‌گه، وه چۆن ته‌یره بچووكه‌كانیش له ترسا نامرن؟
- وتم : ئه‌وه سه‌گێكی بێده‌نگه و ده‌بێته هاوڕێی پشیله‌كه، ئینجا من
دڵنیاشم كه ته‌یره‌كانی خۆشده‌وێت، منیش به‌ته‌نیا جێیناهێڵم له‌ژێر
بارانه‌كه‌دا ره‌ق بیێته‌وه چونكه رۆحێكی چاكی هه‌یه.
له‌و ساته‌ی كه ئه‌و قسه‌یه‌م كرد، سه‌گه‌كه حه‌و حه‌وێكی ترسنۆكانه‌ی بۆ كردم،
به‌ڵام پشیله‌كه به‌خێرایی رایكرد بۆ ژووره‌كه، هه‌ر كه چاویشی كه‌وته
سه‌ری، نوشتایه‌وه و لیك به‌ده‌میدا هاته خواره‌وه، یه‌كسه‌ر زانیم كه ئاماده‌یی
ئه‌وه‌ی تێدایه به چڕنوكه بچوكه‌كانییه‌وه چاوانی ده‌ربێنی، ته‌یره‌كانیش
له‌ناو قه‌فه‌سه‌كانیاندا باڵه‌كانیان ده‌دا له‌یه‌ك،
هه‌مووانیش له‌هه‌مان كاتدا
هاواریانده‌كرد و غه‌ڵبه‌غه‌ڵبێكی گه‌وره‌ی دروستكردبوو.
ئایا كه‌سێك ده‌یه‌وێت بزانێت سه‌رئه‌نجام گه‌شتین به‌چی؟ (بو وا) هێشتا
له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژی، و
له‌گه‌ڵ پشیله‌كه‌دا بوونه‌ته دوو هاوڕێی گیانی به
گیانی، ته‌یره‌كانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌گه‌كه ئه‌سپ بێت فێری ئه‌وه‌بوون كه بڕۆنه
سه‌رپشتی، هه‌رچی ژنه‌كه‌شم هه‌یه زۆر له من زیاتر خۆشیده‌وێت، كاتێكیش
ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ خۆما بیبه‌مه ده‌ره‌وه پێمان
ده‌ڵێت:
- ئێستا، له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا
ماڵتان له‌بیرنه‌چێت، مه‌به‌ستم له‌هه‌ردووكتانه.
جارێكی دیكه ئه‌و شانسه‌م نه‌بوو كه جانتاكه‌م بدۆزمه‌وه، هه‌روه‌ها
چه‌تره‌كه‌م و پاڵتۆكه‌شم، وه‌ك هه‌موو فه‌یله‌سوفه‌كانی پێش خۆشم، به‌یه‌كجاری
وازم له‌وه هێنا جارێكی دیكه ئه‌و مه‌ته‌ڵه وه‌لام بده‌مه‌وه كه كێ پێش
كامیانه، هێلكه یاخود مریشك؟.
له‌بری ئه‌وه‌ش ده‌ستم كرد به‌نووسینی كتێبێك كه ناوم ناوه (بیره‌وه‌رییه‌كانی
شه‌لامیل) ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته ده‌ستنووسه‌كه‌م له‌ناو سه‌یاره‌یه‌كی ته‌كسیدا
یاخود له‌ناو چێشتخانه‌یه‌كدا یاخود له‌سه‌ر كورسیه‌كی باخچه‌یه‌كی گشتیدا
له‌بیر نه‌چێت، ئه‌وا ئه‌و فرسه‌ته‌ت بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت كه رۆژێك له رۆژان
بیخوێنیته‌وه،
به‌ڵام له‌م كاته‌دا ده‌توانیت وه‌ك نمونه ته‌نیا ئه‌م به‌شه
بخوێنیته‌وه.
سه‌رچاوه
: سایتی ئیلاف
بۆ عه‌ره‌بی: زه‌عیم تائی
* ئیسحاق سینجه‌ر ، ساڵی 1904 له پۆڵه‌نده له‌دایكبووه، دوای ته‌واوكردنی
خوێندن و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی، له ساڵی 1935 له نیۆیۆرك
گیرساوه‌ته‌وه، سه‌ره‌تای نووسینیشی به زمانی (بیدش) ده‌ستپێكرد كه یه‌كێكه
له زمانه له‌ناوچووه‌كانی جوله‌كه‌كانی رۆژهه‌لاتی ئه‌وروپا، ساڵی 1978 خه‌لاتی
نۆبڵی ئه‌ده‌بی هێناوه، له‌ناودارترین كتێبه‌كانی ( پادشای خه‌یاڵه‌كان، رۆژی
خۆشبه‌ختی، ونبوویه‌ك له ئه‌مریكا، خۆشه‌ویستی و مه‌نفا)