بۆشایى ده‌ق، سه‌فه‌ره‌كانى مانا
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدولَلاَ
(سوسێر) زمان به كارێكى كۆمه‌لاَیه‌تى ده‌زانێت،
هه‌ر له یاسا گشتییه‌كانى زمانیش ئاخاوتن دێته به‌رهه‌م، به‌ڵام ئاخاوتن به
به‌رهه‌مێكى فه‌ردى داده‌نێت، به‌و مانایه‌ش ئاخاوتن بریتییه له په‌یڕه‌وكردنى
كرده‌یانه‌ى یاساكانى زمان و به ناوكى زمان ده‌ژمێردرێت.
كه‌چى له كتێبى (بۆشایى ده‌ق،سه‌فه‌ره‌كانى مانا-ى ئیبراهیم مه‌حموود) ئاخاوتن به
ساته‌وه‌ختى رووتبوونه‌وه‌ى له ناكاو دێته ژماردن، یان ده‌ست بردن بۆ میوه‌ى
حه‌رام، بۆ سه‌لامه‌تى ئه‌و هه‌لَوێسته‌ش ده‌بێت به‌لَگه‌ى لۆژیكیمان له‌به‌ر ده‌ست
دابێت، ده‌شىَ به‌لَگه‌ى لۆژیكى ته‌عبیر له ره‌فتارگه‌لێك بكات كه ئاخاوتن
رووتییه‌تى خۆى پێده‌شارێته‌وه، هه‌ندێكجار ئه‌و ره‌فتارگه‌له راسته‌وخۆ
په‌یوه‌ندى به مه‌كان و زه‌مانه‌وه هه‌یه، چونكه وه‌ك ده‌لَێن هه‌موو شوێنێك
ئاخاوتنى خۆى هه‌یه، هه‌موو گوتنێكیش پشت به باكگراوه‌ندى گوتن ده‌به‌ستێت،
باكگراوه‌ندى گوتن ئه‌و فه‌زایه‌یه كه به ره‌هه‌ندى مانا‌و ده‌لاله‌ت و ره‌مز و
خه‌یاڵى گوتنه‌وه بارگاوییه، له رێگه‌ى ئه‌و فه‌زایه ئه‌ویدیكه سه‌رمه‌ستى خۆى
ده‌كات. به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو قسه‌كردنێك له (خود)ه‌وه بێت، هه‌ندێك له
قسه‌كردن هه‌یه كه (ئاره‌زوو) پێى هه‌لَده‌سێت، له‌و حالَه‌ته‌شدا خود ده‌خرێته
لاوه، یان ون ده‌بێت، (ئیبراهیم مه‌حموود) له كتێبى ناوبراودا ئه‌و جۆره له
قسه‌كردن له رێگه‌ى فیعلى (حكی) عه‌ره‌بییه‌وه ته‌فسیر ده‌كات و پێیوایه ئه‌و
جۆره قسه‌كردنه له زمانى عه‌ره‌بیدا هیچ فیكر‌و مه‌به‌ستێكى له پشته‌وه نییه،
وه‌ك چۆن ناتوانێت له رێگه‌ى گوتنه‌وه فه‌زایه‌ك بۆ بیركردنه‌وه‌و سه‌رمه‌ستكردنى
ئه‌ویدیكه دابمه‌زرێنێت، به‌لَكو هه‌ر ته‌نها قسه‌كردنه له پێناو قسه‌كردن، به‌و
مانایه‌ش كارى (حكی) قسه‌كردنێكى غائبه، نه‌ك ئاماده، هه‌ر له‌وێشه‌وه له
(كلام) به مانا (سوسێر)ییه‌كه‌ى جیا ده‌بێته‌وه.
كاتێك ئاره‌زوو به قسه‌كردن هه‌لَده‌سێت، ده‌چێته نێو (ستایش) و (به‌دگۆیى)ه‌وه،
هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه خود داده‌پۆشێت. له زۆربه‌ى كات داپۆشینى خود به هۆى
قسه‌كردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندى قسه‌كه‌ر ته‌واو ده‌بێت، چونكه به هۆى داپۆشینى
خوده‌وه چه‌ندان ده‌رفه‌ت بۆ قسه‌كه‌ر ده‌ره‌خسێت، به‌مجۆره قسه ده‌فرۆشرێت تا
هه‌ندێك شت، هه‌ندێك قه‌ناعه‌تى پىَ وه‌ده‌ست بهێنرێت. به وه‌ده‌ستهێنانى ئه‌و
سه‌رمایه‌شه‌وه ئاره‌زوو سه‌ركه‌وتنى خۆى به سه‌ر خود راده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر له
رێگه‌ى وه‌ده‌ستهێنانى مه‌تریالییه‌وه نه‌ك له‌نێوبردنى خود زۆرجار ده‌بێته شتێكى
ئاسایى، به‌لَكو كۆى ئه‌و فه‌زایه‌ش وه‌دواده‌خات كه فیكر‌و مه‌عریفه ده‌وروژینێت.
له سه‌ر ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ش (قسه‌كردن- حكی) ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى خود‌و هه‌ر
له‌وێشه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه‌واته رسته‌ى (خه‌یاڵكردن واته
مماره‌سه‌كردنى خود، وه‌ك چۆن حه‌ز ده‌كه‌ین) رسته‌یه‌كه چه‌مكى خه‌یاڵ له چه‌مكى
واقیع جیا ده‌كاته‌وه. به‌و مانایه خه‌یاڵ ده‌بێته ده‌رچوون له واقیعى باو،
وه‌ك ده‌زانین هه‌موو ده‌رچوونێكیش له واقیعى باو راسته‌وخۆ به گوناهه‌وه
په‌یوه‌ستمان ده‌كاَت.
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر باكگراوه‌ندى خه‌یاڵ ده‌رچوون بێت له واقیعى باو، ئه‌وه
باكگراوه‌ندى زمان نووسینه، له نێوان نووسه‌ر و نووسین خه‌یاڵ هه‌بوویه‌كه سه‌ر
به دنیاى وێنه‌كان، به‌ڵام خه‌یاڵ لاى قسه‌كه‌ر (متكلم) له فه‌زاى گوتن
به‌رجه‌سته ده‌بێت. له نێوان خه‌یاڵ وه‌ك فه‌زاى گوتن و خه‌یاڵ وه‌ك
به‌رجه‌سته‌بوونى وێنه‌كان، چه‌ندان جیاوازى وه‌ستاوه یه‌كێك له‌و جیاوازییانه
ئه‌وه‌یه: خه‌یاڵ له نووسین یان به‌رجه‌سته‌كردنى وێنه‌كان ته‌عبیر له
رۆشنكردنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه ده‌كات كه عه‌قلَ (واقیع-لۆژیك) هه‌ولَى داپۆشینى
ده‌دات، به‌ڵام خه‌یاڵ له كاتى ئاخاوتن جۆرێك له سه‌رمه‌ستبوونى پێیه، له
هه‌مان كاتدا جۆرێك له لێلَیشى له‌خۆ گرتووه. ئه‌گه‌ر یه‌كه‌میان به دواندنى
وسبه‌لێكراوه‌كان په‌یوه‌ست بكه‌ین، ئه‌وه دووه‌میان ئه‌و رۆشناییه
بنه‌ڕه‌تیه‌یه كه راسته‌وخۆ رۆلَى سه‌ره‌كى له كرده‌ى خه‌لَقكردنى فه‌ردانیه‌تدا
ده‌بینێت، هه‌روه‌ها زمانى نووسین هه‌لَگرى گرانییه‌كه، به پێچه‌وانه‌ى زمانى
ئاخاوتن كه هه‌موو گرانییه‌ك جۆرێك له ته‌گه‌ره ده‌خاته‌وه... ده‌شىَ لاى
(نووسه‌ر) به مانا (بارت)یه‌كه‌ى خه‌یاڵ كار له‌سه‌ر كراوه بێت، به‌ڵام لاى
(دانه‌ر) و له ئاخاوتن كارایه، له نووسین به‌و مانایه‌ى كه (نووسه‌ر)ى (بارت)ى
پێى هه‌لَده‌سێت ماوه‌ى نێوان خه‌یاڵ و پرۆسه‌ى نووسین خاوه، له ئاخاوتن له‌پڕو
ساته‌وه‌ختییه. به‌مجۆره تێگه‌یشتن بۆ چه‌مكى خه‌یاڵ ده‌كه‌وێته نێوان درككردن و
ئیبداعه‌وه، له نێوان گوناح و بۆشاییه‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه دنیا له
په‌یوه‌ندیگه‌لێكى گه‌شه‌كردووى (كار)و (بابه‌ت) خۆى هه‌لَده‌گرێته‌وه.
نووسه‌ر به مانا ئیبداعییه‌كه‌ى یان دانه‌ر، ده‌توانێت وشه وه‌ك خۆى چۆن
ده‌یه‌وێت خه‌یاڵ بكات، خه‌یاڵى نووسه‌ر هیچ سانسۆرێكى له‌سه‌ر نییه، جگه له
سانسۆرى خودى نووسه‌ر نه‌بێت. نووسه‌ر ئه‌وه ناخوێنێته‌وه كه خه‌یاڵى ده‌كات،
به‌لَكو به‌رده‌وام له پرۆسه‌ى خه‌لَقكردندا ده‌ژیت و هه‌ر له رێگه‌ى ئه‌و
خه‌یاڵه‌شه‌وه ده‌شىَ مماره‌سه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆى بكات.
له جیاكردنه‌وه‌ى (زمان-لغه) و (ئاخاوتن-كلام) گرفتى زۆر هه‌یه، به‌شێك له‌و
گرفتانه وه‌ك له‌مه‌وپێش دیمان به چه‌مكى (زمان و ئاخاوتن) و (نووسه‌ر و
دانه‌ر)ه‌وه به‌نده. هه‌ر به‌و مانایه‌ش ده‌شىَ ناونانى (نووسه‌ر) و (دانه‌ر) به
مانا (بارت)ییه‌كه‌ى راسته‌وخۆ له تێگه‌یشتنى (زمان) و (ئاخاوتن)ى (سوسێر)ه‌وه
نزیك بكه‌ینه‌وه. لێره‌دا داهێنان وه‌ك چۆن لاى (بارت) به دانه‌ره‌وه به‌نده،
ئه‌وه لاى (سوسێر)یش به قسه‌كه‌ره‌وه ده‌لكىَ، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت له زمانى
كوردى به شێوه‌یه‌كى گشتى له برى وشه‌ى دانه‌ر وشه‌ى نووسه‌ر، یان نووسه‌رى
ئه‌ده‌بى به‌كار ده‌بردرێت، من بۆ زێتر ته‌ئكید كردن له داهێنانى ئه‌ده‌بى له
پالَ ئه‌و وشه‌یه، وشه‌ى ئه‌ده‌ب یان داهێنه‌ر به‌كار ده‌هێنم، ئه‌گه‌رچى ئه‌و
وشه‌یه‌ش گرفتى زۆرى به‌دواوه‌یه به‌ڵام له‌مه‌ودوا كه وشه‌ى نووسه‌رتان دیت
ئه‌وه مه‌به‌ست له نووسه‌رى (بارت)ى نییه، به‌لَكو مه‌به‌ست له دانه‌رى
(بارت)ییه، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ش ده‌مه‌وێت زمانى داهێنه‌ر به مانا
ئیبداعییه‌كه‌ى له چه‌مكى ئاخاوتنى (سوسێر) نزیك بكه‌مه‌وه، به‌ڵام ئاخاوتنێك كه
خود پێى هه‌لَده‌سێت نه‌ك ئاره‌زوو.
وه‌ك ده‌زانین هه‌ر له (ئه‌فلاتوون)ه‌وه ئاخاوتن وه‌ك وێنه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى و
به‌رایى ته‌ماشا ده‌كرێت، چونكه راسته‌وخۆ مه‌به‌ست و بیركردنه‌وه‌ى قسه‌كه‌ر به
شێوه‌یه‌كى ئاماده له كاتى قسه‌كردن و سه‌رمه‌ستبوون به قسه‌كردنه‌وه
ده‌گه‌یه‌نێت، به‌و مانایه ئه‌و وێنه‌یه‌ى قسه‌كه‌ر ده‌یدا راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته
نێوان درككردن و ئیبداعه‌وه، نێوان گوناح و بۆشاییه‌وه.
به كورتى ده‌مه‌وێت بلَێم له نێوان (زمان) و (ئاخاوتن) نێوه‌ندیارێك هه‌یه پێى
ده‌لَێن خه‌یاڵ، ئیبداعى ئه‌ده‌بى به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سه‌ر به‌و
خه‌یاڵه‌یه، به‌ڵام له لایه‌كى دیكه هه‌بوونى خه‌یاڵ نه سه‌ر به نووسه‌ره‌و
نه سه‌ر به نووسین، وه‌ك چۆن هه‌ولَێكیش نییه بۆ قه‌ناعه‌ت پێكردن، به‌لَكو
تواناى رۆشنكردنى وێلَگه‌كانى له‌خۆدا هه‌لَگرتووه، ئه‌و وێلَگانه‌ى كه به
ناوهێنانیان ترس و نیگه‌رانى دامانده‌گرێت، ترس و نیگه‌رانیه‌ك كه دواجار له
رێگه‌ى ده‌ست بۆ بردنى نووسه‌رى داهێنه‌ره‌وه یان به مانایه‌كى دیكه له رێگه‌ى
سیحرى وه‌شاندنى نووسه‌رى ئه‌ده‌بییه‌وه ده‌مانباته‌وه دنیاى چێژ‌و سه‌رسامى،
كه‌واته خه‌یاڵ وه‌ك هه‌ولَێك ده‌ولَه‌مه‌ندكردنى هه‌ستیارى و قولَكردنه‌وه‌ى
هۆشیارى له‌خۆدا هه‌لَگرتووه، و ده‌كه‌وێته پێش هه‌موو له دایكبوونێكى فیكرى و
ئیبداعییه‌وه. لێره‌دا رسته‌ى سه‌ره‌تا خه‌یاڵ هه‌بوو، ته‌عبیر له‌و وزه‌و هێزه
ده‌كات كه مرۆڤى سه‌ره‌تایى له ڕێگه‌یه‌وه هه‌ولَیدا
دنیایه‌ك بۆ خۆى خه‌لَق بكات، دنیایه‌ك له‌گه‌ڵیدا بگونجێت و بتوانێت تێیدا
بحه‌وێته‌وه، كه‌واته خه‌یاڵ ئه‌و كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌یه كه له
ده‌ولَه‌مه‌ندكردنى فیكرى مرۆڤ پێشڕه‌وى ده‌كات.
(ئێمه له زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین كه به مانا "پرۆست"ییه‌كه‌ى ونبووه. ئێمه له
چاوه‌ڕوانى زه‌مه‌نێكداین كه به مانا "بیكت"یه‌كه‌ى قابیلى چاوه‌ڕوانى نییه)
هه‌لَبه‌ته به‌شێكى زۆر له وزه‌ى ئه‌و دوو رسته‌یه ده‌شىَ له‌وێوه له
خه‌یاڵه‌وه نزیك بێته‌وه كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى واقیعى باو، یان
بۆشاییه‌وه، بێگومان ئه‌و دیوو واقیع گوتارێك نییه بۆ حه‌قیقه‌ت،جگه له زمانى
خه‌یاڵ نه‌بێت، به‌و مانایه‌ش له هه‌ر كوىَ ئه‌و دیوو واقیع ئاماده بێت، خه‌یاڵیش
ئاماده‌یه، له هه‌ر كوىَ بۆشایى ئاماده بێت خه‌یاڵیش ئاماده‌یه.
ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ له واقیع جیا بێت و ئیبداعیش له رێگه‌ى ئه‌و جیاوازییه‌وه
په‌یوه‌ندى به خه‌یاڵه‌وه بكات، ئه‌وه ده‌توانین بلَێین هه‌رچه‌نده ماوه‌ى
نێوان نووسه‌رى ئه‌ده‌بى و خه‌یاڵ به‌رته‌سك بێته‌وه، ئه‌وه‌نده رووبه‌رى ئیبداع
به‌رفره‌وانتر ده‌بێت. وه‌ك دیاره ئه‌و هه‌لَگرتنه‌وه‌یه راسته‌وخۆ له
ده‌سته‌واژه به‌ناوبانگه‌كه‌ى (نیفه‌رى)یه‌وه وه‌رگیراوه كه ده‌لَێت: تا
مه‌وداى رووانین به‌رفره‌وانتر بێت، رووبه‌رى گوزارشتكردن به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه.
ده‌شىَ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته قسه له شیعره ئیبداعیه‌كانى (رامبۆ) بكه‌ین، چونكه
(رامبۆ) له كورتكردنه‌وه‌ى ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه ده‌كه‌وێته نێوان ساته‌وه‌ختى
نووسین و خه‌یاڵ زۆر جوان ده‌بینرێت، هه‌ر له‌وێشه‌وه شیعرى رامبۆ ئه‌وه‌نده به
خه‌یاڵ و پێشبینیكردنه‌وه پشت ئه‌ستووره كه ته‌واوى سنووره‌كانى نێوان من و
ئێمه، من و بوون...ده‌سرٍِێته‌وه، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش شیعر تا دوا
ئاسۆى ئالَۆزى ده‌بات، یان به مانایه‌كى دیكه ئه‌زموونێك ده‌خاته‌وه كه ته‌واو
له‌گه‌ڵ واقیعى باو جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه.
له لایه‌كى دیكه (ئیبن عه‌ره‌بى) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى كه به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ى
له باو ده‌رچوونى به‌رز ده‌كرده‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه خۆى به فره خودییه‌وه
په‌یوه‌ست ده‌كرد، واته به شێوه‌ى كۆ ده‌هاته مه‌یدانه‌وه، ئه‌و سۆفییه
هه‌لَگرى زیاد له خه‌سلَه‌تێك بوو، و پسپۆرى له تاكه بابه‌تێك ره‌ت ده‌كرده‌وه‌و
به‌رده‌وام وه‌ك ئه‌وه‌ى له نێو مرۆڤایه‌تییه‌وه نیشته‌جێیه خۆى ده‌خسته روو،
بىَ ئه‌وه‌ى جیاوازى له نێوان كه‌سێك و ئه‌ویدیكه‌دا بكات، به‌و مانایه‌ش له
كرانه‌وه به سه‌ر ئه‌ویدیكه‌دا به‌ها گه‌وره‌كانى مرۆڤایه‌تى پرۆسیسه ده‌كرد،
بىَ ئه‌وه‌ى ئایین و ره‌گه‌ز و زمان و ره‌نگ و.... بێته ته‌گه‌ره بۆ ئه‌و
پرۆسیسه‌كردنه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ له واقیع جیاواز بێت و رۆشنكردنى وێلَگه‌كانى له‌خۆدا
هه‌لَگرتبێت، ئه‌و وێلَگانه‌ش به ناوهێنانیان ترس و نیگه‌رانى بخاته‌وه، ئه‌وه
ده‌شىَ بلَێن (شه‌یتان) ئه‌و له واقیع ده‌رچووه‌یه كه به یه‌كه‌م
به‌رهه‌مهێنه‌رى خه‌یاڵ ده‌ژمێردرێت، هه‌ر له رێگه‌ى شه‌یتانیشه‌وه خه‌یاڵ به
گوناهه‌وه ده‌لكێت و شاعیریش وه‌ك خه‌یاڵپه‌روه‌رێك ده‌خرێته ده‌ره‌وه‌ى
كۆماره‌كه‌ى ئه‌فلاتوونه‌وه.
لێره‌دا پرۆسه‌ى داهێنان ته‌عبیر له كرده‌ى شه‌یتانى ده‌كات، یان ده‌شىَ ته‌عبیر
له بۆشایى ئه‌و وێلَگانه بكات كه خه‌یاڵ رۆناكیان ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ش
نووسین ترسى مرۆڤه له بۆشایى مه‌عریفى، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ترسه مرۆڤ به
پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كان هه‌لَده‌سێت، به مانایه‌كى دیكه بۆشایى گه‌ردوونى واى
له مرۆڤ كردووه به هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت به پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كان رابێته‌وه،
هه‌تا ئه‌گه‌ر رێگه‌كه وه‌همیش بێت، لێره‌دا ده‌شىَ بپرسین ئایا نووسین ئه‌و
وه‌همه‌یه كه بۆشاییه‌كانى پىَ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه؟ وه‌ك چۆن ده‌شىَ بپرسین ئایا
ناونانى مرۆڤ ته‌عبیر له پڕ كردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه ناكات، كه پێى ده‌لَێن
مرۆڤ؟
له راستیدا نووسین یان ناونان هه‌ر ته‌نها پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌ك نییه كه پێى
ده‌لَێن مرۆڤ، به‌لَكو راسته‌وخۆ كه‌وتنه نێو بۆشاییه‌كى دیكه‌یه، بۆشایى
ناوه‌وه‌مان، به‌و مانایه‌ش ئێمه مامه‌له له‌گه‌ڵ بۆشاییه‌كاندا ناكه‌ین، به‌لَكو
له ناوه‌وه‌ى خۆمان ده‌ژین، ئێمه مامه‌له له‌گه‌ڵ بۆشاییه‌كاندا ناكه‌ین،
به‌لَكو لاپه‌ڕه‌ى ماناكان هه‌لَده‌ده‌ینه‌وه، كه‌واته ناونان و كۆى ئه‌فسانه‌كان
به نوسینیشه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه مرۆڤ له بۆشاییه‌كانى ناوه‌وه‌ى خۆى نه‌ترسێت و بۆ
ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام ژیان به ماناى جیاواز پڕ ده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
-ابراهیم محمود، صدع النص و ارتحالات المعنى، مركز الانماء الحضاری- حلب، ط1
200،
-ه.س.پ. ل12،13،15.
-نووسه‌رو لێكۆلَه‌رى كورد، له سوریا-قامیشلى له دایكبووه، له زانكۆى دیمه‌شق
ساڵى 1981 به‌شى فه‌لسه‌فه‌ى ته‌واو كردووه، له زۆربه‌ى گۆڤار‌و رۆژنامه
عه‌ره‌بییه‌كان به‌رهه‌مه فیكرى و مه‌عریفى و ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى بلاَو
ده‌كاته‌وه، سه‌ره‌تاى بلاَو كردنه‌وه‌ى بۆ گۆڤارى (المسیره) ى لوبنانى
ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و دوایه‌دا زێتر له باره‌ى ئه‌نترۆپۆلۆژیا، به تایبه‌تى
مێژووى ئیسلامى ده‌نووسێت، له كتێبه بلاَوكراوه‌كانى (البنویة
كما هي:1991، الجنس فی القراّن:1994، البنویة
و تجلیاتها:1994، الهجرة الى الاسلام:1995، اثمة
و سحرة:1996، جغرافیة الملذات،
الجنس فی الجنة:1998، الفتنة
المقدسة: 1999، المتعة المحظورة:2000.....)
- ابراهیم محمود، صدع النص و ارتحالات المعنى، ه.س.پ، ل70.
-رولان بارت نووسه‌ر له دانه‌ر جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به
زمانى فه‌ره‌نسییه‌وه هه‌یه له زمانى فه‌ره‌نسى نووسه‌ر سه‌ر به دنیایه‌كى
داخراوه‌و به وه‌زیفه‌ى نووسینه‌وه به‌نده، به‌ڵام دانه‌ر فره مانایه‌و سه‌ر
به دنیایه‌كى كراوه‌یه، دانه‌ر واته داهێنه‌ر، ئه‌وه‌ى هه‌میشه داهاتووى
به‌لاوه گرنگه، ئه‌وه‌ى له ناوه‌وه‌ى خۆى ئالاَى په‌یامبه‌رێتى هه‌لَگرتووه...
بۆ زێتر شاره‌زایى بڕوانه: ابراهیم محمود، صدع النص و ارتحالات المعنى، ه.س.پ.
ل52-53.
-شاهۆ سه‌عید، ئه‌دۆنیس: سوریالیزم و سۆفیگه‌رى، گۆڤارى سه‌رده‌م، ژماره (45) ساڵى
(2007) ل134