عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵلا :
فیكر له‌شیعردا ده‌بێ ئه‌و هێزو وزه‌یه بێ كه به‌حه‌ساسیه‌تى شیعریی بارگاوى
كراوه.
ده‌قى شیعرى به‌رده‌وام له‌به‌رامبه‌رى ئه‌وه‌ى كه‌دێ، به‌دیار نادیارى هه‌تا
هه‌تایییه‌وه جێمانده‌هێڵێ.
منداڵ له‌لوتكه‌ى خه‌یاڵ و لوتكه‌ى چێژوه‌رگرتندا په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ شته‌كان
داده‌مه‌زرێنێ ناو له‌شته‌كان ده‌نێ.
سازدانى: جه‌مال پیره
پ1/ ئایا حاڵه‌تى نووسین به‌لاى(عه‌بدولموته‌ڵیب) حاله‌تێكى سروشتیه، یان
به‌مانایه‌كى دى چوونه نێو چه‌مكه باوه‌كانه بۆ وروژاندنى پرسیاره
مه‌عریفیه‌كان؟
_ نووسین هه‌رگیز وه‌ك حاڵه‌تێكى سروشتى پرۆسیسه ناكرێ، به‌ڵكو تاسه‌ر ئێسقان
ناسروشتى ده‌كه‌ویـَته‌وه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خودى نووسین جۆرێك بێ له
وڕێنه، به‌ڵكو چونكه فه‌زاى نووسین، یان فه‌زاى پرۆسیسه‌كردنى نووسین
فه‌زایه‌كه ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستدا ده‌گرێت، فه‌زایه‌كى خه‌یاڵئامێزه،
سنوره‌كانى دیارى ناكرێ، هه‌میشه به‌شێكى گه‌وره‌ى ئه‌ودیوو ئاگایی داگیرى ده‌كات
ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌و فه‌زایه به په‌یوه‌ندییه دیاره‌كانه‌وه ده‌لكێ، یان
به‌مانایه‌كى دیكه رۆشنبیریى و مه‌عریفه رۆڵى تیا ده‌بینێ، به‌لام به‌شێكى دیكه‌ى
راسته‌وخۆ بۆ په‌یوه‌ندییه نادیاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، مه‌به‌ستم
له‌په‌یوه‌ندییه نادیاره‌كان به‌شێك له‌یاده‌وه‌رى و به‌شێكى بۆ قۆناغى منداڵى
ده‌چێ.
به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش قسه‌كردن له‌نووسین، هه‌ر ته‌نها قسه‌كردن نییه له‌و وزه
هێڕش به‌رانه‌ى كه بیركردنه‌وه‌و تێڕامان ده‌ستیان له‌داهێنانیدا هه‌یه،
به‌ڵكو قسه‌كردنیشه له‌و وزه متبووانه‌ى كه ده‌كه‌ونه خه‌یاڵى زمانه‌وه، ئه‌و
وزه متبووانه‌ى كه ده‌كه‌ونه نێو په‌یوه‌ندییه نادیاره‌كانى ئه‌و دیوو
ئاگاییه‌وه. كه‌واته نووسین هه‌م سه‌رچاوه‌داره‌و هه‌م به‌خه‌یاڵكردنى زمانه‌وه
ده‌لكێ، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌دارێتى، نووسین بۆ نووسه‌رو په‌یوه‌ندییه‌كانى نووسه‌ر
به‌زمانه‌وه به‌ندبێ، ئه‌وه خه‌یاڵى زمان مێژووى وشه‌و په‌یوه‌ندییه
هه‌ره‌مه‌كییه‌كانى وشه ده‌ستیان له‌داهێنانى هه‌یه. به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌و
پرسیاره وه‌ڕگێرین و بكه‌وینه به‌شى دووه‌مى پرسیاره‌كه‌وه، ده‌ڵێم من له‌پشت
پرۆسه‌ى نووسینى ئیبداعیدا هه‌رگیز نیاز‌و مه‌به‌ستێكى دیاریكراو نابینم، نه‌ك هه‌ر
هێنده به‌ڵكو به‌بڕواى من هه‌موو نیاز‌و مه‌به‌ستێكى دیارى كرا‌و به‌هه‌موو
ماناكانییه‌وه جۆرێكه له‌شێوانى نووسین، جۆرێكه له له‌كه‌داركردن و كۆت و
به‌ندكردنى نووسین، به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش جۆرێكه له‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تانى خوێنه‌ر.
پ2/ باقسه له‌منداڵى بكه‌ین، من پێموایه منداڵى به‌شێكى زۆرى یاده‌وه‌رى
هه‌موومانى داگیركردووه، ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆش كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین گه‌ڕانه‌وه‌یه
به‌شوێن چیرۆكه بچووكه‌كانى ئه‌و یاده‌وه‌رییه، پێم باشه بزانم منداڵى لاى تۆ
چه‌ند توانیویه‌تى په‌نجه‌ره‌كانى ئێستا بشكێنێ؟
وشه‌ى منداڵى هه‌میشه به‌شیعره‌وه ده‌لكێ، چونكه به‌سیحركردنه‌وه بارگاوییه،
بزۆزى منداڵ پرسیارێكى گه‌وره‌ى شیعرییه، منداڵى من ده‌ریایه‌ك بوو خه‌یاڵ
شه‌پۆلى تیاده‌دا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه منداڵ خۆى تۆپه‌ڵێك خه‌یاڵه، منداڵ
كائینێكى واقیعیه به‌لام له‌ده‌ره‌وه‌ى واقیع ده‌ژى.
سه‌ره‌تاى منداڵیم دنیایه‌ك بوو له‌ترس و ته‌نیایین ئه‌و كاته ماڵه‌كه‌مان له
به‌رامبه‌ر (ئاشى ئه‌حمه‌د چه‌ڵه‌بى) ماڵێكى ته‌نیا له‌ته‌نیشت حه‌سارى " عزه‌ددین
ئاغا" له‌خانویه‌كى قوڕدا ده‌ژیاین، من ئه‌و كاتانه هه‌میشه ته‌نیا بووم،
خوشكێكى له خۆم گه‌وره‌ترم هه‌بوو، به‌لام زوو مردن بردیه‌وه، من له‌و ماڵه‌دا
هه‌میشه ته‌نیا بووم، ئه‌وه‌ى كه زۆر جێگاى دڵخۆشیم بوو، داپیره‌م بوو، داپیره‌ى
من مرۆڤێكى تابڵێی رۆح سووك و قسه شیرین بوو، زمانى ئه‌و له‌هه‌موو ئه‌وانیدیكه
جیابوو، ئه‌و سیحرێك له‌گوفتارو ره‌فتاریدا هه‌بوو، ئه‌و سیحره پاشان زانیم كه
به‌و كوردییه‌وه به‌ند بوو كه ئه‌و قسه‌ى پێده‌كرد، داپیره‌م خه‌ڵكى (مه‌هاباد
)بوو، به‌كوردى موكریانى قسه‌ى ده‌كرد، منى سه‌رسامى قسه‌و چیرۆكه‌كانى خۆى كردبوو،
ئه‌گه‌ر ئه‌وم له‌گه‌ڵ بووایه، یاریكردن و به‌زم و ره‌زمى
مندالانه‌م فه‌رامۆش ده‌كرد، به‌شێكى گه‌وره‌ى ژیانى من داپیره‌م داگیرى كرد بوون
به‌شه‌كه‌ى دیكه دایكم بوو، چونكه ئه‌و كاته باوكم "پێشمه‌رگه" بوو، دایكم
به‌ده‌وام ترسى ئه‌وه‌ى له‌ناو دروست ده‌كردم كه ئه‌گه‌ر له‌ماڵ
دووربكه‌ومه‌وه"قه‌ره‌جه‌كان" ده‌مبه‌ن، جگه له‌وه‌ى كه شێتێك هه‌بوو به‌ناوى
" هه‌یاس" شوێنى ئه‌و شێته بن دیواره‌كانى " ئاشى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى" بوو، هیچ
منداڵێك نه‌یده‌وێرا له‌ماڵ دوور بكه‌وێته‌وه، هه‌یاس شێتێك بوو به‌زه‌یی
به‌هیچ كه‌سێ نه‌ده‌كرد، گه‌وره‌و بچووكى ده‌دایه به‌ر زه‌برى خۆى، ئێمه‌ى منداڵ
ئه‌وكاته كێ به‌ركێمان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كه كێ بتوانێ به‌دارلاستیك و
قۆچه‌قانى و ده‌ست جوانترین وێنه، یان گیانله‌به‌ر له په‌نجه‌ره‌ى كارگه‌ى
سه‌هۆڵى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى دروست بكات ئه‌و كارگه‌یه زۆر به‌رز بوو دنیایه‌ك
په‌نجه‌ره‌ى تیا‌بوو، من گه‌رچى له‌زۆربه‌یان بچوكتر بووم، به‌لام به‌خت یارم بوو
توانیم به به‌رده بچكۆڵه‌كه‌ى ده‌ستم جوانترین وێنه‌ى مشك له په‌نجه‌ره‌كه
بكێشم، ئیتر له‌نێو مندالان باسى ئه‌و مشكه ببووه چیرۆك زۆر شانازیم پێوه
ده‌كرد، ئه‌و مشكه ى من وێنه‌ى نه‌بوو،
ئیتر كارى ئێمه ئه‌وه‌بوو، یان له‌ته‌نیشت ماڵى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى به‌دواى
په‌پووله‌و كولله‌و پشیلۆكه‌دا رامانده‌كرد، یان له‌پشت كێلى گۆڕه‌كان
چاوشاركێمان ده‌كرد، دنیاى ئێمه دنیایه‌ك بوو تابڵێى دوور دوور له‌نازى
مندالانه دوور له یارى و سه‌فه‌ر..
به‌شێكى دیكه‌ى منداڵیم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سالانى (1974-1975) ئه‌و سالانه‌ى كه
(باوك) به‌خۆىو به‌رادیۆ خشخشكه‌ره‌كه‌یه‌وه جوله‌و پرسیارى مندالانه‌ى منى
بێده‌نگ ده‌كرد، ئه‌و سالانه ته‌مه‌نى من نزیكه‌ى هه‌شت، نۆ، سالان ده‌بوو،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه ماڵه‌كه‌مان بۆ گه‌ره‌كى (كوران) گواسته‌وه، به‌لام ته‌نیایی
و ترس و بێده‌نگى ماڵ جگه له خه‌یاڵكردن، جگه له‌دواندنى بێده‌نگى ئیتر
یارییه‌كى دیكه‌ى بۆمنى منداڵ نه‌هێشتبوه‌وه.
ترسى من له‌وێوه ده‌ستى پێده‌كرد كه ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كان داده‌خران و ئیتر
رادیۆى باوك فه‌زایه‌ك بوو به‌هێرشى پێشمه‌رگه‌و ته‌یاره‌و تۆپ و..تاد،
پڕده‌بوه‌وه، منیش له‌وێوه به‌و خه‌یاڵه ورده‌ى خۆمه‌وه وێنه‌ى شه‌ڕه‌كانم
ده‌كێشا، تا رادیۆیه‌كه بێده‌نگ ده‌بوو من له‌وێنه‌كێشانى شه‌ڕه‌كان
نه‌ده‌كه‌وتم من ده‌رهێنه‌رێكى بچكۆڵه بووم كه هه‌میشه سه‌ركه‌وتنم بۆ چیا‌و
به‌فرو دۆڵ و شیوو كانى تۆمار ده‌كرد، هه‌میشه كوشتارگه‌كانم به پۆستاڵ و سیماى
ره‌ش و كڵاوه سه‌ربازییه‌كان پڕده‌كرده‌وه، به‌لام كاتێك رادیۆ بێده‌نگ ده‌بوو،
كاتێك شته‌كان له‌دیدى باوك به‌بزه‌ى سه‌ركه‌وتن ره‌نگ ده‌كران، ئیتر منى منداڵ
له‌وێوه ، له‌وكاته‌ى كه ده‌چوومه سه‌رجێگاى نووستن به‌وكاته‌ى كه خه‌و
ده‌یبردمه‌وه، دووباره ده‌كه‌وتمه نێو هه‌مان فه‌زاو خه‌یاڵ، نێوهه‌مان
كاره‌سات، نێو هه‌مان شه‌ڕو كوشتارگه، به‌لام ئه‌و جاره‌یان نه‌ك وه‌ك
سه‌ركه‌وتوویه‌ك كه فه‌زاى مالً ره‌نگه‌كانى تۆخ ده‌كرده‌وه، نه‌ك ته‌نها وه‌ك
وێنه‌كێشێك به‌ڵكو وه‌ك ره‌دوونراوێك، وه‌ك شه‌ڕكه‌رێكى به‌زییوو، به بیرم دێ
چه‌ندان جار بۆ لاى پیاوچاك و ماڵه‌شێخ و مه‌لایان بردووم، تاوه‌كو نووشته‌یه‌كم
بۆ بكه‌ن كه چیتر شه‌وان له‌خه‌و رانه‌په‌ڕم، به‌ده‌م خه‌وه‌وه رانه‌كه‌م، چیتر
شه‌وان به‌ده‌م خه‌وه‌وه شه‌ڕ نه‌كه‌م، به‌ده‌یان جار به‌ده‌م خه‌وه‌وه له‌ترسى
ته‌یاره‌و تانك و تۆپ رامكردوه‌و خۆم به‌دیواره‌كان ده‌كێشا، به‌ده‌یان جار ئه‌و
هاوینانه‌ى كه له‌سه‌ر(بان) ده‌نووستین به‌ده‌م خه‌وه‌وه له‌په‌یژه‌كانه‌وه
خلده‌بوومه‌وه، من هه‌میشه له‌خه‌ودا ته‌یاره‌یه‌ك به‌دوامه‌وه بوو، هه‌میشه
ئاراسته‌ى لوله‌ى تانك و تفه‌نگه‌كان رووبه‌رووى سینه‌م كرابوونه‌وه، ئه‌گه‌رچى
له‌ماڵێكى بێده‌نگ په‌روه‌رده كراوم، به‌لام ده‌نگى هه‌موو دنیا شه‌ڕى هه‌موو
دنیا له‌ناو خه‌یاڵى مندا بوو، له‌نێو سه‌رى مندا بوو، له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و رادیۆ
نه‌عله‌تیه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى ته‌یاره‌و به‌ده‌م خه‌و رۆیشتن، حه‌زى گه‌وره‌ى من
تێكه‌ڵبوونێكى سه‌یر بوو له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره بێده‌نگه‌كان، به‌رده‌وام به‌دواى
ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌وه بووم كه زیان به‌مرۆڤ ناگه‌یه‌نن، خواى گه‌وره‌ى من( كۆتر)
بوو، به‌قه‌د هه‌موو دنیا كۆترم خۆشه‌ده‌ویست، كاتێك كۆترێكم نه‌خۆش ده‌كه‌وت
ئیتر منیش نه‌خۆش ده‌بووم،قه‌ت له‌تێڕامانى كۆتر بێزار نه‌ده‌بووم، ماوه‌یه‌ك
هه‌موو كاتى خۆم به كۆتر به‌سه‌رده‌برد، ئه‌گه‌رچى من منداڵێكى ئازا‌و رووقایم
نه‌بووم، منداڵێك نه‌بووم له‌و سه‌ربان بۆ ئه‌وسه‌ربان به‌دواى كۆتره‌وه بم،
كۆتره‌كانى من له‌و كۆترانه نه‌بوون كه‌رقیان له‌خاوه‌نه‌كه‌ى بێ و بیانه‌وێ لێى
رابكه‌ن، كۆتره‌كانى من به‌قه‌د خۆشه‌ویستى من بۆئه‌وان ، ئه‌وانیش منیان
خۆشده‌ویست، من وكۆتر دوو بوونه‌وه‌ر بووین خوا بۆیه‌كتر دروستى كردبووین، ئه‌و
كاتانه یان له‌ماڵه‌وه خه‌ریكى (لیس-كولانه) دروستكردن بووم، یان له‌ده‌ره‌وه
چاوم به ئاسمانه‌وه دروابوو. هه‌ر له‌پۆلى دووه‌مى سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ى
بابه‌تاهیرى هه‌مه‌دانى تاپۆلى شه‌شه‌م كۆتر خولیا‌و خه‌وم بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ژیانم به‌شێك كۆتر داگیرى كردبوو، به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى وێنه
كێشان بوو، من هه‌ر له‌پۆلى یه‌كه‌مى سه‌ره‌تاییه‌وه مه‌یلێكى زۆرم بۆ
وێ،ه‌كێشان ده‌بزوا، ئێستاش دێته‌وه یادم له پۆلى یه‌كه‌مى سه‌ره‌تاى كاتێك
مامۆستاى وێنه ئێمه‌ى برده گۆڕه‌پانى مه‌كته‌ب و داواى لێكردین هه‌ریه‌ك بۆخۆى
و به‌ئاره‌زووى خۆى وێنه‌یه‌ك بكێشێ، من بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه وێنه‌ى
سێبه‌رى ئه‌و داره بكێشم كه هه‌ندێك له‌ئێمه له‌ژێریدا دانیشتبووین،
مامۆستاكه‌م سه‌یرى پێده‌هات كه من وێنه‌ى داره‌كه ناكێشم و وێنه‌ى
سێبه‌ره‌كه‌ى ده‌كێشم، ده‌یگوت ده‌بێ وێنه‌ى داره‌كه بكێشى، منیش به‌خه‌یاڵى
خۆم ده‌مویست وێنه‌ى سێبه‌ره‌كه بكێشم چونكه له‌نیگاى من نزیكتر بوو،
سێبه‌ره‌كه له‌سه‌ر زه‌وى بوو، بۆمن ئاسانتر ده‌كه‌وته‌وه، ده‌مویست
له‌سێبه‌ره‌كه‌وه دارێك دروست بكه‌م. حه‌زى من له‌گه‌ڵ وێنه‌كیشان تێكه‌ڵ
یه‌كتر ببوو، له‌پۆلى سێیه‌م به‌شدارى پێشانگاى قوتابخانه‌كانم كرد له‌گه‌ڵ
مامۆستاى ره‌سم بۆ قوتابخانه‌ى (ئه‌یوبییه) چووین و له‌وێ وێنه‌كانمان به‌دیوار
هه‌ڵواسى، مامۆستاى وێنه‌مان ناوى (سدیق ) بوو ، زۆر دڵى به‌من خۆش‌بوو، هه‌موو
هه‌فته‌یه‌ك یه‌كێك له‌و وێنانه‌ى كه من له‌وانه‌ى ره‌سم ده‌مكێشا به ته‌خته‌ى
ئاگادارییه‌كانه‌وه هه‌ڵیده‌واسى.
یه‌كه‌مین كتێب كه له‌ده‌ره‌وه‌ى قوتابخانه خوێندمه‌وه له‌هاوینى ئه‌و ساڵه‌دا
بوو، واته كه له‌پۆلى سێیه‌م ده‌رچووم بۆ پۆلى چواره‌م، باوكم زۆر حه‌زى ده‌كرد
من له‌ماڵه‌وه بتوانم كتێبیان بۆ بخوێنمه‌وه، بیرم دێ هه‌ر له‌و هاوینه‌دابوو
كتێبى (رۆسته‌مى زاڵ)ى له‌یه‌كێك وه‌رگرتبوو تاوه‌كو له‌ماڵه‌وه بۆى
بخوێنمه‌وه، پاشان به‌یه‌كه‌وه چووینه بازاڕ له‌مه‌كته‌به‌یه‌كى بچكۆله له‌وێ
داواى كتێبێكمان كرد، ئێستاش دێته‌وه بیرم خاوه‌ن مه‌كته‌به‌كه گوتى
كتێبێكتان ده‌ده‌مێ كه هه‌موو شه‌وێ بۆتان بخوێنێته‌وه جا به‌راستى كتێبێكى
به‌تام و له‌زه‌ت بوو، كتێبه‌كه به‌هۆنراوه باسى دوو كوردى ده‌كرد كه بۆ به‌غدا
ده‌چن و له‌وێ له‌هوتێلێكى خراپ داده‌به‌زن، شه‌و كێچ و ئه‌سپێ دێنه گیانیان،
جا گفتوگۆیه‌كه گفتوگۆى نێوان ئه‌و كێچ و ئه‌سپێیانه بوو كه چۆن نێچیرێكیان
ده‌ستكه‌وتووه، دواجار من سه‌رتاپام ئه‌زبه‌ركردبوو، كه گه‌یشتمه پۆلى پێنجه‌م
مامۆستاى ئینگلیزیمان كه ناوى( عه‌زیز به‌رخۆ) بوو، مه‌سیحى بوو، زۆر حه‌ز
له‌ره‌سمكرن ده‌كرد، ئه‌و كاته له‌گه‌ڵ مامۆستا (عه‌زیز به‌رخۆ) له‌ژوورى
وێنه‌كێشانى قوتابخانه خه‌ریكى وێنه‌كێشان بووم، شته‌كانى وه‌ك خۆى ده‌كێشا
بڕوات نه‌ده‌كرد به‌ده‌ست كێشرابێ، تا گه‌یشتمه پۆلى یه‌كه‌مى ناوه‌ندى حه‌زى
وێنه‌كێشانم تیا به‌هێزبوو، له‌وێش مامۆستا(محه‌مه‌د خه‌تاب) ده‌یگوت تۆ
به‌هره‌یه‌كى گه‌وره‌ى ره‌سمكردنت هه‌یه، ئه‌و زۆر گرنگى پێده‌دام به‌لام من
به‌ره به‌ره به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب چووم، ئه‌وكاته له قوتابخانه‌كه‌مان
له نێو مه‌رسه‌م مه‌كته‌به‌یه‌ك هه‌بوو، پڕبوو له كتێب، ئیتر له‌وێوه خووى خۆم
دایه خوێندنه‌وه، هه‌رچه‌نده مامۆستا(محه‌مه‌د خه‌تاب)ده‌یگوت پێویسته
به‌هره‌ى ره‌سمكردن له‌ده‌ست نه‌ده‌یت، به‌لام من زێتر خوێندنه‌وه‌م لا شیرین‌تر
ده‌بوو، تاگه‌یشتمه پۆلى سێیه‌مى ناوه‌ندى زۆربه‌ى كتێبه‌كانى چاپخانه‌ى "گیوى"م
خوێندبوه‌وه.
پ/3 بۆدلێر ده‌ڵێ: شیعر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ده‌ست ئه‌نقه‌سته بۆ منداڵى
پێتوانییه ئه‌و كاته‌ى ده‌ته‌وێ شیعرێك بنووسى به‌هه‌مان شێوه ده‌ته‌وێ
بچیته‌كۆلانى شه‌ڕه‌به‌ردو یاریكردنى رابردوو؟
-ره‌نگه یه‌كه‌مین گرفتى من له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیار بۆ ده‌سته‌واژه‌ى ده‌ست ئه‌نقه‌ست
بگه‌ڕێته‌وه برواش ناكه‌م ئه‌و وشه‌یه مه‌به‌ستى ته‌واوى بۆدلێرى پێكابێت،
چونكه ده‌ست ئه‌نقه‌ست پرۆسه‌ی نووسینى شیعرى وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى ئاسایی ته‌ماشا
ده‌كات، به‌لام وه‌ك ده‌زانین پرۆسه‌ى نووسینى شیعر پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه ،
به‌تایبه‌تى له‌قۆناغى یه‌كه‌مدا كه خه‌یاڵ رۆڵی سه‌ره‌كى تیاده‌گێڕى، حاڵه‌تێكى
زۆر ناسروشتیه یان ته‌مومژاوییه، ره‌نگه به‌شێك له‌نادیاى ئه‌و قۆناغه به
دنیا بزره‌كه‌ى خه‌یاڵه‌وه په‌یوه‌ست بێ، به‌شێكى دیكه‌ى بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه
هه‌ڕه‌مه‌كییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وشه شیعرییه‌كان دایده‌هێنن، به‌لام ده‌شێ
له‌قۆناغى ته‌ته‌ڵه‌كردن و سازاندن و یه‌كلایكردنه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كانى گریمه‌رو
ناوبر ِدروستكرن و وه‌ستان، واته له‌قۆناغى دووه‌مدا جۆرێك له‌ده‌ست ئه‌نقه‌ستى
تیابێ.
شیعر كردنه‌وه‌ى زمانه، شێوه‌یه‌كه له‌شێوه‌كانى یاریكردن به‌لام له‌پانتایی
خه‌یاڵ، وزه‌ى شیعرى له‌ناولێنانى شته‌كانه‌وه خۆى ده‌دۆزێته‌وه ، یان
به‌مانایه‌كى دیكه شیعر دارووتانى" مێژووى وشه‌یه"و مێژووى مانا‌و دۆزینه‌وه‌ى
رێگایه‌كى نوێیه بۆ شته‌كانى دیكه، هه‌رلێره‌شه‌وه په‌یوه‌ندى به‌دنیاى
منداڵى ده‌كات، ئه‌و دنیایه كه شته‌كانى پاكه، كه‌مترین ده‌ستى بۆ براوه،
هێشتا بێ ناوون، به‌لام هه‌ست به توانایان ده‌كرێ ، شته‌كان خه‌یاڵى منداڵ
پڕده‌كه‌ن، منداڵ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات ئه‌و وزه‌یه‌ى كه‌شف بكات، كه له‌پشت
شته‌كانه‌وه‌یه، له‌وێشه‌وه له‌رێگه‌ى كاریگه‌رى شته‌كانه‌وه ناوه‌كان له‌خودى
شته‌كانه‌وه هه‌ڵده‌هێنجێ. منداڵ هه‌میشه هه‌ست ده‌كات كه یه‌كه‌م كه‌سه ئه‌و
شتانه ده‌بینێ، دنیایه‌ك له‌وروژان، دنیایه‌ك له چێژ ، منداڵ له لوتكه‌ى خه‌یاڵ
و لوتكه‌ى چێژوه‌رگرتندا په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ شته‌كان داده‌مه‌زرێنێو ناو
له‌شته‌كان ده‌نێ، به‌رده‌وام منداڵ له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و شتانه‌دا غه‌رق ده‌بێ كه
به‌رخه‌یاڵى ده‌كه‌ون، له‌وێوه وشه ده‌بێته ئه‌و فه‌زا كراوه‌یه‌ى كه منداڵ
له‌نێو ئاسمان و زه‌ویدا یارى تیا ده‌كات، وه‌ك چۆن شته‌كان تواناى له‌دایكبوونى
وشه‌یان هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه وشه‌كان تواناى له‌دایكبوونى شته‌كانیان هه‌یه،
ئه‌وه‌ش جه‌وهه‌رى شیعره.
شیعر له‌ئاسمانه‌وه دانابه‌زێته سه‌ر زه‌وى به‌ڵكو نه‌شوه‌ى گه‌یشتنه به‌خود
پ/4 ئایا شیعرى كوردى ئاست‌و قۆناغى دیاریكراوى هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ئێوه خۆتان
له‌چ ئاستێكى گه‌شه‌كردنى شیعرى كوردى داده‌نێن؟ یان با بڵێین هه‌ر كه‌سێك شیعر
ده‌نووسێ شاعیره‌و ئاستێكى هه‌یه؟
- ئه‌و پرسیاره تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌ناودژى، به‌نیسبه‌ت به‌شى دووه‌مى
پرسیاره‌كه‌تان، هه‌ركه‌سێك شیعر ده‌نووسى شاعیره، هیچ قسه‌یه‌كم نییه، نه‌ك
له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌شى یه‌كه‌مدا ده‌كه‌ونه شه‌رێكى بێهوده‌وه، به‌ڵكو
چونكه نابێته جێگاى قسه له‌سه‌ركردن. مه‌سه‌له‌ى نووسینى شیعر‌و ئاستى شیعر
مه‌سه‌له‌ى ( هه‌ركه‌سێك) نییه، چونكه ده‌سته‌واژه‌ى هه‌ركه‌سێك، ئه‌گه‌ر
نه‌خشه بۆداڕێژراوبێ جۆرێكه له‌بێبایه‌خكردنى كه‌سى شاعیر، هه‌روه‌ك چۆن
جۆرێكیشه له به‌په‌راوێزكردنى خودى مرۆڤ، له‌پشت دركاندنى ده‌سته‌واژه‌ى
هه‌ركه‌سێك جگه له‌ده‌سه‌لاتى داپڵۆسێنه‌رانه، جگه له‌زمانێكى زبر، جگه له
جۆرێك له‌به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتن شتێكى دیكه نابینم، به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش ئه‌گه‌ر
له‌خۆوه هاتبى دووچارى جۆرێك له‌نائومێدیمان ده‌كات.
به‌لام به‌نیسبه‌ت به‌شى یه‌كه‌مى پرسیاره‌كه بێگومان شیعرى كوردى به‌درێژایی
مێژووى خۆى به‌چه‌ندان قۆناغ و ئاست و بارودۆخى جیاوازدا گوزه‌رى كردووه، وه‌ك
چۆن به‌چه‌ندان قۆناغ و بارودۆخى رۆشنبیریی و فیكریی و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تى
جیاوازدا تێپه‌ڕیووه، به مانایه‌كى دیكه ئه‌وه‌ى ته‌عبیر له‌ئاست و قۆناغى
شیعرى كوردى ده‌كات به‌فۆرمى رۆشنبیریى و مه‌عریفى كۆمه‌ڵگاى كوردییه‌وه به‌نده،
هه‌روه‌ك چۆن به‌فیكرو مه‌عریفه‌ى جیهانیشه‌وه ده‌لكێ، كه‌واته شیعر به‌گشتى
له‌لایه‌ك فیكر‌و رۆشنبیرى و مه‌عریفه ده‌بێته ئه‌و ژێرخانه‌ى كه مانا‌و
شیعرییه‌ت و فۆرمى جیاواز ده‌خاته‌وه، له‌لایه‌كى دیكه‌ش" بۆنموونه شیعرى
قۆناغێكى دیاریكراوى كوردى" ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌رچه‌كردارانه‌ى كه
به‌گشتى هه‌ستى تیا زامدار ده‌كرێ، یان ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌رئه‌و په‌رچه
كردارانه‌ى به گشتى هه‌ستى تیا زامدار ده‌كرێ، یان ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و
هه‌ڵوێسته‌ى كه رووبه‌رووى ده‌سه‌لات (سته‌مكارى) ده‌بێته‌وه. ده‌شێ له‌و
باره‌یه‌وه ئاماژه به(روانگه) بده‌ین، كه وه‌ك قۆناغێكى شیعرى كوردى، به‌رگرى
خۆى ده‌نوێنێ، هه‌تا ئێستاش شێوه‌یه‌ك له‌و فۆرمه، شێوه‌یه‌ك له‌و گوتاره
درێژكراوه‌ى هه‌یه، راسته به‌شێوه‌یه‌كى زانستى دراسه‌نه‌كراوه، به‌لام
سیماكانى ده‌بینرێ و قابیلى به‌دوا داچوون و دیراسه‌یه. كه‌واته پۆلێن
كردنى شیعرى كوردى ، یان قۆناغبه‌نكردنى شیعرى كوردى كارێكى ئاسان نییه،
له‌پرسیارێك كورتبكرێته‌وه، به‌لام ده‌توانم بڵێم شیعرى كوردى به‌پێى بارودۆخێ
كه ته‌واوى جیهان به‌گشتى و كوردىبه‌تایبه‌تى پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بىَ، خاوه‌نى
قۆناغ و ئاستى رۆشنبیرى و مه‌عریفه‌ى خۆیه‌تى، به‌ده‌ر له‌وه‌ى كه ئاسته‌كانى چۆنن
و چۆن ده‌كه‌ونه‌وه، چونكه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه قابیلى به‌راوردكردن و
هه‌ڵسه‌نگاندنه، به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش قۆناغ و ئاستى شیعرى په‌یوه‌ندی به
نه‌وه‌وه هه‌یه، نه‌وه‌یه‌ك كه ده‌توانێ جیهانبینى جیاواز بخاته‌وه.
پ5/ئه‌گه‌ر دنیاى شیعر دنیاى خه‌یاڵ و فاتازیا بىَ ئاخۆ جێگاى( شوێن و كات و
ئه‌فسانه‌و فیكرى) تێدا ده‌بێته‌وه؟
- داهێنان ئه‌وه‌ى هه‌رگیز بیرى لێناكاته‌وه مه‌سه‌له‌ى شوێنكاته، تۆ ناتوانى
له پرۆسه‌ى داهێناندا به‌دواى شوێنكاتدا بگه‌ڕێیت، یان به‌مانایه‌كى دیكه
داهێنه‌ر ئه‌وه‌ى كه له پرۆسه‌ى نووسیندا بیرى لێناكاته‌وه شوێنكاته، چونكه
داهێنان به‌رده‌وام لۆژیكى كاتى ئاسایی و شوێنى ئاسایی پووچ ده‌كاته‌وه، كارى
شیعرى ده‌نگدانه‌وه‌ى شوێن كات نییه، به‌ڵكو ده‌نگدانه‌وه‌ى ناوه‌وه‌ى زمانى
له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه. شیعر خه‌فه‌كراوه‌كانى زمان به‌رجه‌سته ده‌كات، ئه‌و
شیعرانه‌ى كه ده‌چنه نێو شوێنكاتى دیاریكراو وزه‌كانى خۆیان له سنورێكدا
قه‌تیس ده‌كه‌ن، بۆنموونه تۆ هه‌رگیز ناتوانى "به‌ردى هه‌تاو"ى پاز شوێن و
زه‌مه‌نه‌كه‌ى دیاری بكه‌یت، یان " ده‌نگى پێى ئاو"ى سوهراب و "دره‌وشانه‌وه"ى
رامبۆ.. تاد. شیعر له‌ئاسمانه‌وه دانابه‌زێته سه‌ر زه‌وى، به‌ڵكو نه‌شوه‌ى
گه‌یشتنه به‌خود، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌رگیز له‌پرۆسه‌ى نووسینى شیعردا بیرى
لێناكرێته‌وه شوێنه، بڕواناكه‌م هیچ داهێنه‌رێك له‌پرۆسه‌ى نووسنى شیعردا
بیر له‌وه بكاته‌وه شوێن وه‌ك شوێن بخاته ناو داهێنانه‌وه، ده‌شێ شوێن
له‌نێو داهێناندا وجودى هه‌بێ، به‌لام له‌و شوێنه ده‌كه‌وێ كه وه‌ك جوگرافیا
هه‌یه، له‌و شوێنه ده‌كه‌وێ كه له‌سه‌ر نه‌خشه دیاریكراوه. هه‌روه‌ك"
كات-زه‌مه‌ن" له‌داهێناندا پابه‌ست نییه به مه‌سه‌له مێژووییه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ش
به‌و مانایه نییه كه شیعر بێ زه‌مه‌نه، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعر
ده‌كه‌وێته نێو زه‌مه‌ن، له هه‌مان كاتدا له ده‌ره‌وه‌ى زه‌مه‌ندایه، شیعر
زه‌مه‌نییه چونكه له‌ره‌وتى زماندا ئه‌ساڵه‌ت و ته‌جاوزكردن ده‌نوێنێ،
نازه‌مه‌نیشه چونكه له‌رێگه‌ى روونبینییه‌وه هه‌موو زه‌مه‌نه‌كان له‌خۆ ده‌گرێ،
جه‌وهه‌رى شیعر ئه‌وه نییه كه كات و شوێن ببینین، به‌ڵكو، ئه‌وه‌یه كه‌شتێكى
دیكه ببینین.
وه‌ك چۆن شوێن له‌پرۆسه‌ى داهێناندا ده‌كه‌وێته ئه‌و دیوو جوگرافیاوه ،
له‌یه‌كى دیكه‌ش تۆ ناتوانى به‌شێوه‌یه‌كى ئاسۆیی قسه له‌زه‌مه‌ن بكه‌یت، چونكه
داهێنان كاتى خۆى ده‌خوڵقێنى كاتى داهێنان وه‌ك " ئه‌دۆنیس" ده‌ڵێ له
ته‌قینه‌وه‌دا خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه، دێ و ده‌گۆڕى و نوێ ده‌بێـته‌وه.
به‌نیسبه‌ت ئه‌فسانه‌و فیكر، ئه‌گه‌ر ئێمه بڕوامان به‌وه هه‌بێ كه به‌شێك
له‌داهێنان په‌یوه‌ندى پرۆسه‌ى خه‌یاڵكردنه‌وه هه‌یه، ئه‌وه ده‌بىَ بڕواشمان
به‌وه هه‌بێ كه به‌شێكى دیكه‌ى به‌رۆشنبیریی و مه‌عریفه‌و فیكره‌وه به‌نده،
به‌لام چۆن فیكر له شیعردا ته‌وزیف ده‌كرێ؟ به‌بڕواى من فیكر له‌شیعردا ده‌بێ ئه‌و
هێزو وزه‌یه بێ كه به حه‌ساسیه‌تى شیعرى بارگاوى كراوه، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و
رامان و فره ره‌هه‌ندیمان ده‌بات، هه‌رگیز شیعرى ئیبداعى ناكه‌وێتـه سه‌ر دوا
حه‌قیقه‌ته‌كان، به‌ڵكو شیعرى ئیبداعى ئه‌و شیعره‌ییه كه به‌رده‌وام
سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌رده‌وام به‌دواى دۆزینه‌وه‌ى
نادیاره‌كانه‌وه‌یه، به‌رده‌وام فه‌زاى جیاواز ده‌خوڵقێنێ، فه‌زایه‌ك كه
شیعرییه‌ت ره‌هه‌نده‌كانى دیارى ده‌كاو ئێستاتیكا نه‌خشه‌كانى داده‌ڕێژىَ،
به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش شاعیرى داهێنه‌ر ئه‌و شاعیره‌یه كه له‌رێگه‌ى خه‌یاڵه‌وه
ئه‌فسانه دروست ده‌كات، "كانت" ده‌ڵێ :خه‌یاڵ ئه‌سڵى مه‌عریفه‌ى مرۆڤایه‌تى
له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، هه‌ر له‌رێگه‌ى خه‌یاڵه‌وه مرۆڤ دنیا‌و مێژوو داده‌هێنێ،
خه‌یاڵیش ده‌كه‌وێته نێوان نووسه‌رو زمان، بۆ ئه‌وه‌ى زۆرتر قسه له‌خه‌یاڵى
زمان بكه‌ین ئه‌وه‌تان بیرده‌خه‌مه‌وه كه زمان وه‌ك چۆن ده‌توانێ زنجیره‌یه‌ك
به‌كارهێنانى واقیعى بخاته‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ش زنجیره‌یه‌ك به‌كارهێنانى
ده‌روونیش ده‌خاته‌وه، ئه‌و ككارپێكردنه‌ى زمان هه‌ر ته‌نها به‌ئاگایی
نووسه‌ره‌وه به‌ند نییه، چونكه وه‌ك ده‌زانین نائاگایی زمان و غه‌ریزه‌ى زمانیش
ده‌ستیان له‌و كارپێكردنه‌دا هه‌یه، كه‌واته ئێمه لێره‌دا ده‌كه‌وینه نێوان
په‌یوه‌ندییه ره‌مزییه‌كان و په‌یوه‌ندییه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانه‌وه، مه‌به‌ست له
په‌یوه‌ندییه ره‌مزییه‌كان ده‌شىَ بكه‌وێته سه‌ر مێژووى وشه، مێژووى زمان،
یان به‌مانایه‌كى دیكه بكه‌وێته سه‌ر یاده‌وه‌رى زمان، به‌لام په‌یوه‌ندییه
هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانى زمان له‌كارپێكردنى ناوه‌وه‌ى زمانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، یان له‌و
لێخشانانه‌وه دێ كه دواجار "هاوئاهه‌نگى" یان " دژبوونه‌وه‌ى"
لێده‌كه‌وێتـه‌وه، به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه ره‌مزییه‌كان
شێوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى زمان دیارى بكات، ئه‌وه په‌یوه‌ندییه هه‌ره‌مه‌كییه‌كان
شێوه‌ى ناوه‌وه‌ى زمانى له‌خۆ هه‌ڵگرتووه.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مانا‌و وه‌زیفه‌و به‌هاىگرژبووه جیاوازه‌كان ته‌عبیر له شیوَه‌ى
ده‌روه بكه‌ن، له‌وێشه‌وه به بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵه‌وه بلكێن، ئه‌وه
به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى بۆچووونه غه‌ریزییه‌كانى زمان و ناوه‌نده سروشتیه‌كانى زمان
ده‌ستیان له‌كارپێكردنیدا هه‌یه، له‌وێشه‌وه به‌خه‌یاڵه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێ،
یان به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌گه‌ر شێوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى زمان به ئه‌زموونه‌وه
په‌یوه‌ست بێ، ئه‌وه شێوه‌ى ناوه‌وه‌ى زمان وه‌ك حاڵه‌تێكى ناسروشتى
ده‌كه‌وێتـه‌وه، په‌یوه‌ندى نێوان شێوه‌ى ده‌روه‌و ناوه‌وه‌ى زمان
په‌یوه‌ندییه‌كى دوو لایه‌نه‌یه، واته ئه‌گه‌ر ئه‌زموون و ئاگایی به‌جۆرێك
له‌جۆره‌كان فه‌زایه‌كى به‌رفره‌وان بۆ شێوه‌ى ناوه‌وه دابین بكه‌ن، ئه‌وه
شێوه‌ى ناوه‌وه ده‌شى وه‌ك وروژێنه‌رى شێوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى خۆى بنوێنێ،
به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش شێوه‌ى ناوه‌وه دواجار له‌نێوان چێژ‌و وێناكردندا خۆى
هه‌ڵده‌گرێته‌وه، به‌لام وه‌ك گوتمان بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه ده‌بێ
ئاماژه به " ئه‌زموون" بده‌ین، به‌و مانایه‌ش شێوه‌ى ده‌ره‌وه، یان
په‌ویه‌ندییه ره‌مزییه‌كان ته‌عبیر له هوشیاركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه
نوێنه‌رایه‌تیكردنى شتێك ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زیفه‌ئامێزه، له‌گه‌ڵ وه‌سفدا
دێته‌وه به‌لام شێوه‌ى ناوه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر په‌یوه‌ندییه
هاوكاتیه‌كان، یان ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى كه به‌ئیحاوه به‌نده، لێره‌وه
ده‌توانین ئه‌و به‌شه‌ى كه به‌په‌یوه‌ندییه ره‌مزییه‌كان ناومان برد په‌یوه‌ندى
به‌بونیادى فیكرییه‌وه بكات، به‌لام ئه‌و به‌شه‌ى كه به په‌یوه‌ندییه ئیحا
به‌خشه‌كانه‌وه په‌یوه‌سته خۆى له‌چێژو وێناكردندا هه‌ڵگرێته‌وه هه‌ر
له‌چێژو وێناكردنیشدا ئه‌فسانه به‌مانا ئه‌فلاتوونیه‌كه‌ى له‌دایك ده‌بێ، یان
به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌فسانه‌ى زمانى به‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، چونكه حاڵه‌تێكه
له‌ناكاو، په‌یوه‌ندى به‌قه‌له‌قى مه‌عریفیه‌وه ده‌كات و به‌رامبه‌ر ده‌وروژێنێ،
قابیلى ته‌ئویلكردنى جیاوازه.. لێره‌دا ده‌مه‌وێ خه‌یاڵى زمان له ئه‌فسانه‌ى
زمان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى زمان و كوڵینى زمان و رووتكردنه‌وه‌ى بونیادى ئه‌و
په‌یوه‌ندییانه ده‌ربهێنم كه به سیسته‌مى مانا‌و به‌هاى مانا‌و پێناسه‌ى مانا‌و
خودى ما‌نایان له‌سه‌ر بونیانراوه، هه‌روه‌ك به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش ده‌مه‌وێ بۆ ئه‌و
په‌یوه‌ندیه‌ى نێوان ره‌گه‌زه نادیاره‌كان بگه‌ڕێمه‌وه، قسه له‌و فه‌زاو
ئازادییه بكه‌م كه له‌میانى په‌یوه‌ندییه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانى ئه‌فسانه و
په‌یوه‌ندییه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانى ئه‌و ره‌گه‌زانه‌وه دێته‌ئاراوه، ئه‌و
په‌یوه‌ندییه هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌چه‌مكى "
به‌هه‌ڵستكارییه‌وه" په‌یوه‌ست ده‌كه‌م، به‌لام نه‌ك وه‌ك پانتایی سیاسی، به‌ڵكو
له‌پانتایی ئه‌ده‌بییه‌وه، له‌وێشه‌وه چه‌مكى به‌رهه‌ڵستكارى ته‌قینه‌وه‌ى زمانى
لێ له‌دایك ده‌بێ، یان به‌مانایه‌كى دیكه چه‌مكى به‌رهه‌ڵستاكارى ته‌عبیر له
په‌یوه‌ندییه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان ده‌كات، ئیتر به‌مجۆره له‌چه‌مكى به‌رهه‌ڵستكاریدا
په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌خزن و حاڵه‌تێكى نائاسایى، جۆرێك له‌فانتازیا دروست ده‌بێ.
من كاتێك ده‌ڵێم داهێنان حاڵه‌تێكى نائاساییه، یان حاڵه‌تێكى شاز‌و
ده‌گمه‌نه، ده‌مه‌وێ خوێنه‌ر بۆ ئه‌فسانه‌ى زمان بگه‌ڕێنمه‌وه، یان
به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌و قه‌له‌قه‌ى نیشان بده‌م كه له‌میانى په‌یوه‌ندییه
هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانى نێوان ره‌گه‌زه نادیاره‌كانىزمان دێته ئاراوه، ئه‌و
په‌یوه‌ندییه هه‌ڵگه‌راوانه‌ى كه پڕن له‌بۆشایی، به‌لام نه‌ك بۆشاییه‌ك كه له
لێكدووركه‌وتنه‌وه له‌دایك ده‌بێ، به‌ڵكو ئه‌و بۆشاییانه‌م مه‌به‌سته كه له
لێكخشانى سێكسئامێزییه‌وه دێته به‌رهه‌م، به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌و بۆشاییه‌م
مه‌به‌سته كه‌له ترۆپكى حاڵه‌تى سێكسییه‌وه‌یه، به‌و مانایه‌ش ئه‌و بۆشاییه
بۆشاییه‌كه له چاوه‌ڕوانى خوێنرێكى دیكه‌دایه، له‌چواوه‌ڕوانى خوێنه‌رى
جیاوازدا خۆى به‌یان ده‌كات، یان له‌چاوه‌ڕوانى چه‌ندان خوێنه‌رى جیاوازدا چێژى
زمان به‌یان ده‌كات، به‌لام له‌بیریشمان نه‌چێ، چێژى زمانى ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ك
له‌به‌كگه‌یشتنى خوێنه‌ره‌كانه‌وه خۆى بنوێنێ ئه‌وه وه‌ك له‌سه‌ره‌وه
ئاماژه‌مان بۆ كرد له‌وێناكردنى زمانیشدا به‌رجه‌سته‌یه ، به‌لام ئه‌گه‌ر
وێناكردنى زمان به‌رایه‌ڵێك خۆى به‌شێوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى زمان په‌یوه‌ست بكات و
جۆرێك له‌فیكرو مه‌عریفه له‌خۆبگرێ، ئه‌وه چێژى زمان له‌وێناكردنى خوێنه‌ردا
پانتاییه‌كانى خۆى ده‌ستنیشان ده‌كات، پانتایی زمان پانتاییه‌كى به‌رفراواترو
فه‌زاى زمان فه‌زایه‌كى ئازادانه‌ترو جیاوازى زمان فره ره‌هه‌ندتره، به‌و
مانایه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌داهێنان به‌ئاستى رۆشنبیریی و فیكریی و مه‌عریفیه‌وه
په‌یوه‌ست بێ، ئه‌وه به‌شه‌كه‌ى دیكه په‌یوه‌ندى به‌ئازادییه‌وه‌یه یان به‌و
فه‌زا ئازاده‌وه‌یه كه خوێنه‌رى جیاواز‌و وێناكردنى جیاوازى لێ
ده‌كه‌وێته‌وه، به‌كورتى خه‌یاڵى زمان خۆى به‌جیاوازییه‌كانه‌وه بارگاوى ده‌كات
به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش خه‌یاڵى نوسه‌ر به‌شێك له‌زیندووێتى زمانى له‌خۆدا
هه‌ڵگرتووه، من نامه‌وێ زێتر له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه قسه‌بكه‌م، چونكه بۆ
زێتر به‌دواداچوون ده‌شێ خوێنه‌ر بۆ پێشه‌كى كتێبى" خه‌یاڵى زمان"
بگه‌ڕێته‌وه.
شیعر باوه‌رهێنانه به بوون له‌ناو زماندا
پ6/وه‌ك ده‌زانین زمان چه‌ند ئاستێكى هه‌یه ، ئه‌وه‌ى گرنگه لێره‌دا قسه‌ى
له‌سه‌ر بكه‌ین ئاستى زمانه له‌ناو شیعردا، ئه‌گه‌ر شاعیرێك زمانى نه‌بوو چۆن
هه‌ست بكه‌ین ئه‌و ده‌یه‌وێ شتێكمان پێ بڵێ؟ تۆ ده‌ته‌وێ له‌شیعردا چیمان پێ
بڵێیت؟
- من هه‌رگیز نامه‌وێ شتێك بڵێم، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ له‌شت نه‌گوتنه‌وه فه‌زایه‌كى
غه‌ریب بۆ بینین و بیستن بسازێنم، هه‌میشه ده‌مه‌وێ یارییه‌كانى خۆم له‌گه‌ڵ
زماندا تائه‌وپه‌ڕى چێژ ره‌وانه بكه‌م.
زمان له‌شیعردا بریتى نییه له‌ئامرازى گه‌یشتن، به‌ڵكو دۆزه‌ره‌وه‌یه، كه‌واته
ئه‌و وردبینه‌یه كه شته‌كان كه‌شف ده‌كات، له‌كوێش ناو له‌شته‌كان نرا له‌وێ
شیعر هه‌یه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مرۆڤى سه‌ره‌تایی به شاعیر ده‌درێنه
قه‌ڵه‌م، به‌و مانایه‌ش مرۆڤى سه‌ره‌تایی له رێگه‌ى زمانه‌وه بوونى خۆى
دامه‌زراندووه، كه‌واته شیعر باوه‌ڕهێنانه به‌بوون له‌ناو زماندا، به‌لام
له‌كوێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه پچڕا، شیعریش ون ده‌بێ، له‌هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ست به‌و
په‌یوه‌ندییه تۆكمه‌و چێژ به‌خشه نه‌كه‌یت شیعریش نا‌بینیت. تۆ بۆ ئه‌وه‌ى شیعر
بنووسیت ده‌بێ له ناوه‌وه پڕ بیت، ده‌بێ له‌ناوه‌وه رۆشنبیرییه‌كى گه‌وره‌ى
شیعریت هه‌ڵگرتبێ، ده‌بێ خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كى گه‌وره‌ى زمان بیت، ده‌بێ
ئه‌ڤیندارێكى گه‌وه‌رى زمان بیت، به‌ر له‌وه‌ى شیعر بنووسیت ده‌بێ شاره‌زاییه‌كى
باشت له‌رانانى رسته‌و فه‌زاى وشه‌و مێژووى مانا‌و خه‌یاڵى زمان هه‌بێ، نووسین
شه‌ڕێكى گه‌وره‌یه بۆ ده‌بێ شمشێره‌كه‌ت تیژبێ، نووسین ترسێكى گه‌وره‌یه بۆیه
ده‌بێخۆڕاگرو نه‌ترس بیت، مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ زماندا مه‌مه‌ڵه‌كردنه له‌ته‌ك
ترسێكى گه‌وره چونكه وه‌ك (هایدگه‌ر) ده‌ڵێ زمان مه‌ترسى سه‌رجه‌م
مه‌ترسیه‌كانه، زمان به‌رده‌وام له هه‌وڵى خوڵقاندنى مه‌ترسیدایه، مه‌ترسیش
دژایه‌تى و هێڕش كردنه كه مرۆڤ له به‌رامبه‌ر مرۆڤ ده‌ینوێنێ.
شیعر هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندى لێكچووى نێوان هه‌ستكراووماقووڵ نییه، هه‌ر ته‌نها
په‌یوه‌ندییه‌كى مه‌جازی نییه، هه‌ر ته‌نها ئه‌زموونێكى تایبه‌تى ره‌سمكردنى
خه‌یاڵ نییه، به‌ڵكو به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى بینینه بۆ نه‌بینراوه‌كان، په‌رده
هه‌ڵدانه‌وه‌ى ده‌مامكه‌كانه له‌سه‌ر ژیان، شیعرى ئیبداعى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى
زمانه بۆ حاڵه‌تێك كه دووچار حه‌په‌سان و سه‌رساممان ده‌كات، نه‌گه‌یشتنى شیعر
به‌و ئاسته، له‌لایه‌ك بۆهه‌ژارى زمان و رۆشنبیریى ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌كى
دیكه فۆرمگیرى.
شیعرى ئیبداعى به‌رده‌وام له‌تێپه‌ڕاندن خۆى ده‌دۆزێته‌وه، هه‌میشه هه‌ڵگرى
پرسیارى سه‌رده‌مه‌و دژى وه‌لامه حازر به‌ده‌سته‌كان و وه‌لامه باو‌و
ته‌قلیدییه‌كان ده‌بێته‌وه، هه‌میشه گومان ده‌خاته بونیاده چه‌سپاوه‌كان.
ده‌قه بێ زمانه‌كان، ئه‌وانه‌ى له‌ته‌نكاوى زمان و له‌ته‌نكاوى مانادا، سه‌ره‌گێژى
ده‌یانگرێ، ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ره‌تاى چوونه نێو شه‌ڕى زمان و شه‌ڕى مانا‌و شه‌ڕى
وێناكردن په‌كییان ده‌كه‌وێ، ده‌قه كه‌مخوێنه‌كان، فۆرمگیره‌كان، ئه‌وانه‌ى
رسته‌ى شیعری‌یان بۆ گوتن نییه، ئه‌وانه‌ى وه‌ك مادده‌یه‌كى وشك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ
وشه‌دا ده‌كه‌ن به‌هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندییان به‌جه‌وهه‌رى شیعره‌وه نییه، به
بڕواى من نه‌ك هه‌ر ناگه‌نه خوێنه‌ر به‌ڵكو رێگاى درێژیان له‌داره‌بازه‌وه بۆ
گۆڕێكى مونتاژكراوه، گرفتى ئه‌وانه‌و به‌ته‌مه‌نه‌كانى دوێنێش له‌فۆرمگیرى و
ماناگیرى و بنبه‌ستبووندایه، هه‌موو چالاكیه‌كانى زمانیش له‌سنوورى گوتراو‌و
ناونراوه‌كاندا سه‌رده‌بڕن، بۆیه هه‌ر له‌یه‌كه‌م هانگاوه‌وه له‌گۆمێكى مه‌نگى
ناده‌لالیه‌وه ده‌خنكێن. میكرۆبى نه‌زانى له هه‌ر ده‌قێك بدات ئه‌و ده‌قه
جوله‌ى تیا ده‌مرێ. به‌بڕواى من یه‌كێك له‌قه‌یرانه‌كانى ئه‌مڕۆى شیعر، قه‌یرانى
خوێنه‌ره، خوی،َه‌رى ئه‌مڕۆ بێ هێزو كه‌مخوێنه، زووفێڵى لێ ده‌كرێ، تۆ
له‌خوێنه‌ره به‌ته‌مه‌نه‌كان گه‌ڕى چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌هه‌مان كه‌ش و
هه‌واى دوێنێ بخوێننه‌وه، مه‌ستى هه‌مان كه‌ش و ئاووهه‌وان، ئه‌وان تووشى جۆرێك
له‌بنبه‌ستى رۆشنبیرى و بنبه‌ستى ژیان هاتوون و ناتوانن چێژ له‌مرۆى ببینن، به‌لام
خوێنه‌رى ئه‌مڕۆش وه‌ك پێویست ئاماده‌باشى نییه‌و ناتوانێ به‌شدارى داهێنان
بكات، به‌داخه‌وه ئه‌و ئه‌ركه‌ى ئه‌مرۆ ده‌كه‌وێته سه‌رشانى خوێنه‌ر ناتوانێ
جێبه‌جێى بكات.
پ7/ له‌لاى تۆ گوتارى (مانه‌وه) له( گۆران)ه‌وه ده‌ست پێده‌كا، كه‌چى رایه‌كى
تر هه‌یه به(نالى) ده‌یبه‌ستێته‌وه، ئه‌وه چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
به‌لاى من ناشێ گوتارى (مانه‌وه) به‌مانا سیاسیه‌كه‌ى بۆ(نالى) بگه‌رێته‌وه،
چونكه گوتارى (نالى) درێژكراوه‌ى رۆشنبیرى ناو مزگه‌وت و حوجره‌یه، گوتارێكى
تاراده‌یه‌ك گه‌شبینه، ئه‌وه‌ش بێگومان بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و پاشخانه رۆشنبیریی و
فیكریی و مه‌عریفیه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه (نالى) تیا ژیاوه، به‌لام له‌دواى
قۆناغى(نالى) و له دواى كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى رۆشنبیریی و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تى، دواى
ئه‌و شه‌پۆله فیكرییه‌ى كه له‌پشت وروژانى بیرى ناسیۆنالیزمه‌وه بوو، یان
به‌مانایه‌كى دیكه دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له ره‌گه‌زه‌كانى (ناسنامه) كه
نه‌ته‌وه‌یه ده‌كه‌وێته به‌رهێڕش، ئیتر بۆئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌و ره‌گه‌زه
بكه‌یت ده‌بێ بیپارێزیت، لێره‌وه (گۆران) ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌رێگه‌ى
پاكتاوكردنى زمانى كوردى ته‌عبیر له‌گوتارى (مانه‌وه)ده‌كات.
پ8/ ده‌كرێ ئه‌و هه‌وڵه شیعریانه‌ى به‌ئاراسته‌ى تێكه‌لاوكردنى (شیعر/مه‌عریفه)
ده‌درێن به‌شێوازێكى شیعرى تایبه‌ت ناو ببه‌ین؟
- له‌دنیاى داهێناندا هیچ شتێك به‌ناوى(شیعر /مه‌عریفه- شیعر /فیكر) له‌ئارادا
نییه ، ئه‌وه‌ى شیعرێك وه‌ك مه‌عریفه ته‌ماشا ده‌كات، یان پێیوایه ده‌بێ
مه‌عریفه‌و فیكر به‌شێوه‌یه‌كى دیار له‌شیعردا به‌رجه‌سته‌بێ، یان شیعر عه‌قلانى
بكه‌وێته‌وه ئه‌سڵه‌ن له شیعر و داهێنان نه‌گه‌یشتووه, چونكه وه‌ك گوتمان
نووسینى شیعر پڕۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه, به‌شێك له ئاڵۆزییه‌كه‌ى بۆ حاڵه‌ته
ده‌روونیه‌كانى شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه, وه‌ك چۆن به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى بۆ خه‌یاڵ
ده‌گه‌ڕێته‌وه, به‌و مانایه‌ش شیعر له ڕێگه‌یه‌كه‌وه بیر له مه‌عریفه‌و فیكر
ده‌كاته‌وه كه ناشىَ وه‌ك سیسته‌مێكى دیاریكراو و جێگیر سه‌یرى بكه‌ین, وه‌ك
ده‌زانین شیعر به پێى سیسته‌مێكى دیاریكراوى مه‌عریفى بیر ناكاته‌وه, به‌ڵكو
له ڕێگه‌ى وێنه و ڕه‌مز و ئیماوه بیر ده‌كاته‌وه. كه‌واته شیعر ئه‌گه‌ر چى
به‌ده‌ر نییه له فیكر و مه‌عریفه, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆ ناتوانى له
ڕێگه‌ى شیعره‌وه مه‌عریفه تیۆریزه بكه‌یت, مه‌عریفه‌ى شیعرى له جوله‌ى شیعر و
زیندوێتى زمان و فره ڕه‌هه‌ندى شیعریدا خۆى هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌توه, مه‌عریفه‌ى
شیعرى ئه‌زموونكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه هه‌رگیز بۆ لۆژیك و شیكردنه‌وه
ناگه‌ڕێته‌وه, به‌ڵكو به‌رده‌وام په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و بیر و ڕایانه هه‌ڵده‌ماڵىَ
كه سیسته‌مى فیكرى و مه‌عریفى شێواندوویانه, مه‌عریفه‌ى شیعرى له به‌ناو داچوونى
ئه‌و شتانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه بیریان لىَ ناكه‌یته‌وه, له به‌ناوداچوونى
حه‌رامكراو و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كاندایه, له پرسیار و گومان كردندایه, بىَ ئه‌وه‌ى
پشت به باوه‌ڕپێكراوه‌كان ببه‌ستىَ, شیعر به‌رده‌وام له یه‌قینه‌كان
ده‌گوزه‌رىَ, له وه‌ڵامه‌كان ده‌گوزه‌رىَ, شیعر به‌رده‌وام به پرسیار و گومان
بارگاوییه, خودى پرسیاریش بۆخۆى فیكره, مه‌عریفه‌یه, به‌ڵم جیاوازى مه‌عریفه و
فیكر له‌ناو شیعر و له ده‌ره‌وه‌ى شیعر, جیاوازى نێوان ئاسۆى كراوه و ئاسۆى
داخراوه, شیعر ئاسۆكان به كراوه‌یى جىَ ده‌هێڵىَ, وه‌ك (ئه‌دۆنیس) یش ده‌ڵىَ
پرسیاركردن له شیعردا فیكرێكه به‌ره‌و زۆرترین فیكر پاڵمان پێوه ده‌نىَ.
پ9/ له كتێبى (( ئاگایى زمان, زمانى ئاگایى)) پێتانوایه كه تازه‌گه‌رى
دابڕانه له دوێنىَ, كه‌چى له شوێنێكى تر‌ى هه‌مان ئه‌و باسه‌دا ده‌ڵێى
تازه‌گه‌ر ((نوێخواز)) ده‌بىَ هه‌وڵى خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنى مه‌دلوله كۆنه‌كان
بدات, ئاخۆ ئه‌وه دوو بۆچوونى دژ به‌یه‌ك نین؟.
- ڕه‌نگه به‌دحاڵى بوونێك له وشه‌ى ((دابڕان)) هه‌بىَ, چونكه وشه‌ى دابڕان
لێره‌دا ته‌عبیر له دابڕانى باشلارى ناكات, باشلا‌ر له‌ناو كایه‌ى ئه‌بستمۆلۆژیدا
كارى كردووه, باشلا‌ر له ((عه‌قڵانیه‌تى ته‌تبیقى)) دا باس له ڕووناكى فانۆس و
ڕووناكى كاره‌با ده‌كات تاكو دابڕانى نێوان ته‌كنیكى ((سوتاندن)) و((نه‌سوتاندن))ى
ماده له به‌كارهێنانى ڕووناكی‌دا ڕوونبكاته‌وه, بۆ ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تى كاره‌باى
ئه‌دیسۆن و چراى ئاسایى ((فانۆس)) ده‌هێنێته‌وه, ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م ناسوتىَ, به‌ڵام
ئه‌وه‌ى دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ى ڕووناكى بدات ده‌سوتىَ. به‌ڵام دابڕان له ئه‌ده‌بدا
دابڕانى ئه‌بستۆلۆژى ناگه‌یه‌نێت, چونكه ئه‌ده‌ب له‌ناو كایه‌ى مانا‌و ده‌لاله‌ت و
ئاماژه.... هتد كار ده‌كات, ئه‌ده‌ب له‌ناو پرسیارى بىَ سنوور و پانتایى بىَ سنورى
خه‌یاڵدا ده‌خولێته‌وه, دابڕان له ئه‌ده‌بدا ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاستى مانا و
ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌وه له‌وێشه‌وه به فیكرۆ و مه‌عریفه و جیهانبینینیه‌وه
ده‌لكىَ, مێژووى ئه‌ده‌ب، مێژووى داهێنانه، به‌ڵام مێژووى زانست وه‌ك باشلا‌ر
ده‌لىَ: مێژووى هه‌ڵه‌ی زانستییه، بۆیه ناوه‌رۆكى مه‌عریفى هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك
یه‌كجا و بۆ دوا جار ده‌مرىَ، چونكه كاتێ ده‌چێته ناو مێژوو وه‌ك ئه‌وه وایه
كه ده‌چێته نێو هه‌ڵه‌وه، بۆیه ده‌مرێ و هه‌رگیز ناشێ به دوایدا بگه‌ڕێین
چونكه هه‌ڵه مێژووى نییه.
به مانایه‌كى دیكه هه‌رگیز ئه‌ده‌ب ملكه‌چى ڕێسا و یاسا زانستیه‌كان و عه‌قڵانیه‌ت
نابىَ, عه‌قڵانیه‌تى زانستى خه‌یاڵى قبوڵ نییه, ئه‌ده‌ب سیحرێك ده‌وه‌شێنىَ, كه
عه‌قڵانیه‌ت بڕواى پێ نییه, من هه‌رگیز مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه ئه‌ده‌ب له
عه‌قڵانیه‌ت دوور بخه‌ینه‌وه, به‌ڵام ناتوانین بڵێین كه عه‌قڵانیه‌ت به هیچ
جۆرێ ده‌ستى له داهێنانى ئه‌ده‌بیدا نییه, به‌دیوه‌كه‌ى دیكه ئه‌ده‌ب
به‌رده‌وام له هه‌وڵى ئه‌وه دایه كه په‌رده له‌سه‌ر عه‌قڵانیه‌ت
هه‌ڵبداته‌وه, كه‌واته ئه‌ده‌ب مانه‌وه‌ى مرۆڤه به‌كراوه‌یى. بۆیه من له
كتێبى (( ئاگایى زمان, زمانى ئاگایى)) دا ده‌ڵێم: هه‌موو هه‌وڵێكى نوێخوازى
ده‌بىَ ده‌سته‌واژه و ده‌لاله‌ته له‌كار كه‌وتووه‌كانى دوێنىَ ڕاچڵه‌كێنىَ و
دوور له وه‌ڵام حازر به‌ده‌سته‌كان هه‌ڵگرى پرسیارى سه‌رده‌م و مه‌عریفه‌ى
سه‌رده‌م و ڕۆشنبیریى سه‌رده‌م بىَ, ده‌بىَ پرسیارى خۆى فڕێداته ساته‌وه‌ختى
ئێستا و شتێكى دیكه‌ى جیاوازى بهێنێته ئاراوه.
لێره‌دا دابڕان ناكه‌وێته سه‌ر ته‌واوى كه‌له‌پور, به‌ڵام وه‌رگرتن و
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕسته‌و مه‌دلوله له‌كار كه‌وتووه‌كان هه‌رگیز ناكرىَ وه‌ك
بونیادى ئێسستا سه‌یر بكه‌ین و به‌هه‌مان شێوه‌ى كۆن ئاماده‌ییان هه‌بىَ, ناشىَ
ته‌واوى كه‌له‌پور به مردوو له قه‌ڵه‌م بده‌ین, چونكه هه‌میشه به‌شێك له
كه‌له‌پور ((به‌شه زیندووه‌كه‌ى كه‌له‌پور)) له‌گه‌ڵماندا ده‌ژى, ئه‌و به‌شه
زیندووه پێویستى به ڕاڤه‌كردن و خوێندنه‌وه و ته‌ئویلكردنى جیاواز هه‌یه ،
مه‌به‌ستمه بڵێم ده‌شێ له‌و خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویلكردنه‌وه بنه‌مایه‌كى دیكه
له‌ناخى خۆمان بدۆزینه‌وه‌و له‌وێوه جیهانبینییه‌كى دیكه‌ى جیاواز بونیاد بنێین.
كه‌واته كاتێك باسى دابڕان ده‌كه‌م مه‌به‌ستم دابڕانه له‌ماناو ئاماژه‌كان،
چونكه به‌بڕواى من سڕبوونى مانا‌و ده‌لاله‌ت و فۆرمه‌كان، سربوون و كوشتنى ئه‌ده‌بى
له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، سڕبوونى ئه‌ده‌ب قه‌تیس كردنى مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانه
له‌بۆته‌یه‌كدا ، له‌فۆرمێكدا له‌چوارچێوه‌یه‌كى بنبه‌ستوودا، سه‌ربڕینى
وینَه‌كانه له‌تاكه حه‌قیقه‌تێكدا،له‌وێ له‌به‌امبه‌ر ده‌سته‌واژه‌ى سڕبوون،
ده‌سته‌واژه‌ى به‌هه‌ڵمبوونم به‌كار هێناوه‌و ده‌ڵێم ئه‌ده‌ب جۆرێكه
له‌پرۆسیسه‌كردنى به‌رده‌وام كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى مانا‌و مه‌به‌ست و نیازى
دیاریكراو، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى حه‌قیقه‌ت و ده‌ره‌وه‌ى فیكرى و رووت و ده‌ره‌وه‌ى
پیرۆزیی. به‌كورتى ئه‌ده‌ب لاى من به‌رده‌وام بونیادنان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه
تازه‌گه‌ریش دابڕانه له‌دوێنێى وه‌ستاو، داهێنانى حاڵه‌تێكى زیندووى پڕ
جوله‌یه، ئاماده‌ییه له‌ساته‌وه‌ختى ئێستاداو به‌رده‌وام جولاوى نادیار له‌خۆ
ده‌گرێ.
من به‌مانا باوه‌كه وه‌رگێڕ نیم، به‌ڵكو پرۆسیسه‌ى وه‌رگێڕان ده‌كه‌م له‌وكاته‌ى
كه خه‌یاڵم سه‌رده‌كا
پ10/ له‌نێوان شیعر‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى تیۆرى و ره‌خنه‌و وه‌رگێڕاندا كه
تۆپێیانه‌وه ناسراوى، چ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك به‌دى ده‌كه‌یت؟ بێگومان جۆرێك
له هارمۆنیاى لاى تۆ دروست بووه، تێگه‌یشتنى تۆ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته چۆنه؟
- زۆجار گوتوومه كه نووسین له‌ساده‌ترین پێناسه‌یدا گرتنى چركه هه‌ره
جوانه‌كانى ناوه‌وه‌یه، ده‌شێ په‌یوه‌ندى نێوان چركه‌كان هارمۆنى بكه‌ونه‌وه،
وه‌ك چۆن ده‌شێ ناهارمۆنى بێ، من له‌و بڕوایه‌دام كه لێكنزیكبوونه‌وه‌ى " شیعر‌و
لێكۆڵنه‌وه" بتوانێ لێره‌دا خۆى به‌یان بكات، به‌لام ره‌نگه خاڵى
دووركه‌وتنه‌وه په‌یوه‌ندى به‌زمانه‌وه بكات، چونكه ده‌قى شیعرى لاى من
له‌هه‌ڵخلیسكانى زمانه‌وه له‌دایك ده‌بێ، یان له‌هه‌لخلیسكانى مانا‌و
ده‌لاه‌له‌ته‌وه‌یه، به‌لام ده‌قى لێكۆڵینه‌وه هه‌ڵخلیسكانى مانایه له‌نێو
ده‌قى یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ده‌قى شیعرى خه‌یاڵى زمان به‌شێكى گه‌وره‌ى ئه‌و
هه‌ڵخلیسكانه ته‌واو بكات، ئه‌وه له ده‌قى لێكۆڵینه‌وه خه‌یاڵى خوێنه‌ر ئه‌و
به‌شه بۆخۆى ده‌بات، به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌گه‌ر ده‌قى شیعر له‌په‌رتبوونى
خه‌یاڵه‌وه خۆى كۆبكاته‌وه ده‌قى لێكۆڵینه‌وه له كۆكردنه‌وه‌ى خه‌یاڵه‌وه خۆى
په‌رت ده‌كات، به‌و مانایه‌ش ده‌قى شیعرى به‌رده‌وام به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌دێ،
به‌دیار نادیارى هه‌تا هه‌تاییه‌وه جێمانده‌هێڵێ، به‌رده‌وام له‌دۆزینه‌وه
دایه، له‌پرسیارو گومان ناكه‌وێت، شیعر ده‌قی:َى داماڵڕاوه، هه‌میشه كارى
وه‌لانانى مانایه بۆ ئه‌وه‌ى به جه‌وهه‌رى خۆى بگات، ئه‌و هه‌لاتنه‌ى شیعر
ده‌سه‌لاتى زمان ئه‌وه‌نده بێهێز ده‌كات كه دواجار ده‌بێته فه‌زایه‌ك،
فه‌زایه‌ك له‌و دیوو ده‌سه‌لات، ئه‌و فه‌زایه ته‌عبیر له‌ئازادى ده‌كات، جه‌وهه‌رى
شیعر ئازادییه، ده‌قى شیعرى ده‌قى ئازادییه، ده‌قى ئازادى، ده‌قى جیاوازىو
خوی،َدنه‌وه‌ى فره ره‌هه‌ندو فره ده‌لاله‌ته، ده‌قى ئازادى له‌گه‌مه‌ى
چه‌پێنراوو قه‌ده‌غه‌كراوو خه‌فه‌كراوو به‌په‌راوێزكراودا بوونى خۆى
راده‌گه‌یه‌نێ، به‌ومانایه‌ى ده‌قى ئازادى ده‌قێكه ده‌كه‌وێتـه ده‌ره‌وه‌وى
زمان، ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى زمان، به‌لام كاتێك پرۆسیسه‌ى ده‌كه‌ین ده‌بینین
له‌ناو زماندایه، كاتێك پرۆسیسه‌ى خۆى ده‌كات بۆسه‌رچاوه‌ى ئه‌ڤینى" كه زمانه"
ده‌گه‌رێته‌وه به‌مجۆره ده‌قى شیعرى هه‌میشه له‌هه‌لاتن و گه‌ڕانه‌وه‌دا درێژه
به یارییه چێژئامێزو جوانه‌كانى خۆى ده‌دا، به‌لام ده‌قى ره‌خنه‌یی، ده‌قى
لێكۆڵینه‌وه له‌فه‌زایه‌كى دیكه‌دا كارده‌كات، له‌فه‌زایه‌ك كه زمان به‌هۆش خۆى
هاتۆته‌وه، له‌فه‌زایه‌ك كه زمان له‌گه‌ڕانه‌وه‌دایه، ده‌قى ره‌خنه‌یی ده‌شێ
به‌چه‌ندان بۆچوون و میتۆدى جیاواز پرۆسیسه‌بكرێ و بخوێندرێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ى هیچ
خوێندنه‌وه‌یه‌ك وه‌ك دوا خوێندنه‌وه خۆى به‌یان بكات، به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
چونكه ده‌كه‌وینه نێو فه‌زاو سنوورێكى دیاریكراوه‌وه، چونكه له‌به‌رامبه‌ر
شتێك دووچارى وه‌ستان ده‌بین، ده‌مانه‌وێ له‌وێوه به‌شدارى داهێنان بكه‌ین،
به‌شدارى یارییه‌كانى به‌كه‌ین، ئیتر له‌وێوه ئه‌گه‌رچى به‌هه‌مان شۆكى پرۆسه‌ى
نووسیندا تێده‌په‌ڕین، ئه‌گه‌رچى له‌پرۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌دا ته‌واو
بڕوامان به‌هاوسه‌نگى هه‌بێ، یان به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌گه‌رچى به‌رامبه‌ریش له
وجوددا نه‌بێ، یان ئازادى بنوێنێ، به‌لام له‌گه‌ڵ ئوه‌شدا ناتوانى به هه‌مان
شێوه‌ى ده‌قى ئیبداعى پرۆسیسه‌ى ئازادى خۆت بكه‌یت و چێژ‌و خۆشى فه‌راهه‌م بكه‌یت.
به‌لام دواجار نووسینى ده‌قى شیعرى و نووسینى ره‌خنه ده‌كه‌ونه نێو ده‌قى
ئیبداعیه‌وه چونكه نووسین هه‌ڵكۆڵینى ناخه، نووسین عه‌شقه، بۆیه من چێژ
له‌هه‌ردوو پرۆسه‌كه وه‌رده‌گرم.
به‌نیسبه‌ت وه‌رگێڕان، من هه‌رگیز وه‌ك وه‌رگێڕێك كار له‌ناو ده‌قى ئه‌سڵیدا
ناكه‌م، له وه‌رگێڕاندا حاڵه‌تێكى زۆر شاز‌و تایبه‌تیم هه‌یه، حاڵه‌تێك كه
له‌نووسینى ده‌قى شیعرى نزیك ده‌بێته‌وه، من به‌مانا باوه‌كه وه‌رگێڕ نیم،
به‌ڵكو پرۆسیسه‌ى وه‌رگێڕان ده‌كه‌م له‌و كاته‌ى كه خه‌یاڵم سه‌ره‌كات،
وه‌رگێڕان لاى من حاڵه‌تێكى نادیار‌و شیعرییه، حه‌زێكى ساته‌وه‌خته‌یه له‌پڕدێ
وك چۆن شیعر دێ، وه‌ك چۆن خه‌یاڵى نووسین له‌گه‌ڵ خۆى ده‌مبات، من هه‌رگیز خۆم به
وه‌رگێر نازانم به‌ڵكو جاروبار حه‌زى وه‌رگێڕان تیاما چه‌كه‌ره ده‌كات.
پ11/ تۆ یه‌كێك بووى له‌و نووسه‌رانه‌ى دواى راپه‌ڕین به‌رده‌وام ویستووته
ره‌خنه‌ى كوردى له‌قالبى كلاسیكیه‌وه بخه‌یته سه‌رسكه‌ى قالبه میتۆدى و
مه‌عریفییه‌كه‌ى، له‌نووسینه‌كانیشدا به‌رده‌وام پرسیارى جۆراوجۆر به‌ده‌رده‌كه‌ون،
به‌راى تۆ له‌به‌رهه‌مهێنانى مه‌عریفه‌دا نووسه‌ر بوونى خۆى ون ده‌كات، یان
خوێنه‌ر ؟ ئایا ره‌خنه‌ى كوردى له‌كوێى شوناسى خۆیدایه؟
- ده‌سته‌واژه‌ى ره‌خنه‌ى كوردى بۆخۆى هه‌ڵگرى قسه‌وباسى زۆره، مه‌به‌ستمه بڵێم
ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى زانستیانه‌و مۆدێرنانه سه‌یرى
بكه‌ین، ده‌سته‌واژه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته نێو نه‌بوونه‌وه، چونكه وه‌ك ده‌زانین
ره‌خنه له‌هه‌ناوى دامه‌زراوه رۆشمنبیریی و مه‌عریفى و فیكرییه‌كان له‌دایك ده‌بێ،
به‌لام له‌و باره‌یه‌وه ره‌خنه‌ى كوردى وشه‌یه‌كى بۆ گوتن نییه، وه‌ك چۆن تواناى
دۆزینه‌وه‌ى هیچ شتێكى نییه تاپێى بڵێ، وێناكردنى كوردى له‌و كایه‌یه‌دا
ده‌توانین بڵێین كوژوه‌ته‌وه، خه‌یاڵى كوردى هه‌میشه كورتى دێنێ و به‌دیار
نه‌گوتراوه‌كان بێ جوله ده‌وه‌ستێ، تواناى په‌رده هه‌ڵدانه‌وه‌و به دواداچوون و
شیكردنه‌وه‌ى كزه، ده‌شێ به‌شێك له‌و ده‌رك نه‌كردن و كه‌م تواناییه‌ى به‌كزبوونى
یاده‌وه‌رییه‌و به‌ندبێ،به‌شێكى به‌ئیفلیجى بونیادى بیركردنه‌وه ده‌لكێ.
سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش تائێستا كوردى نه‌یتوانیووه به‌پێى قۆناغه‌كانى ئه‌ده‌ب و
هونه‌ر، میتۆدێك، یان تیۆره‌یه‌ك به‌پێى پێویستیه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كى رێك‌وپێك
بگوازێته‌وه، چ جاى ئه‌وه‌ى بتوانێ كار له‌نێو ئه‌و تیۆر‌و میتۆدانه بكات، تۆ بۆ
ئه‌وه‌ى قسه‌له ژانرێكى ئه‌ده‌بى، یان هونه‌رى بكه‌یت، ده‌بێ بونیادێكى فیكری
قوڵ و پاشخانێكى مه‌عریفى و رۆشنبیری گه‌وره‌ت دامه‌زراندبى، ده‌بێ خاوه‌نى پرسیاى
سه‌رده‌مى خۆت بیت، ده‌بێ هه‌ڵگرى جیهانبینى مۆدێرن بیت، قسه‌كردن له میتۆد‌و
تیۆر، قسه‌كردن له‌پۆلێنكردنى ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان، قسه كردن له رێبازه‌كانى
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌بێ دامه‌زراو، به‌بێ تیۆریزه‌كردنى فیكر‌و مه‌عریفه، به‌بێ
رۆشنبیرییه‌كى گه‌وره له‌بازنه‌یه‌كى ته‌سكدا خولده‌خوات.
له‌لایه‌كى دیكه له به‌ر ئه‌وه‌ى خوینَدنه‌وه، یان ره‌خنه‌ى نوێ به‌مانا
ته‌قلیدییه‌كه‌ى وه‌ك ده‌سته‌واژه بڕواى به‌فره‌یی و جیاوازى و ئازادى هه‌یه، بۆیه
ناكه‌وێته نێو سێنته‌ره‌وه‌و، یان به‌مانایه‌كى دیكه بیر له مه‌سه‌له‌ى
ونبوون و به‌رجه‌سته‌بوونى گه‌وره ناكاته‌وه، به‌ڵكو بیر له به‌رجه‌سته‌كردنى
زۆرترین "شیمانه" ده‌كاته‌وه. كه‌واته وه‌ك چۆن ده‌ق له‌ده‌سه‌لاتى بكه‌ر رزگار
ده‌كات، به‌هه‌مان شێوه ده‌رگاش بۆ زۆرترین خوێندنه‌وه‌ى دژ به‌یه‌ك ده‌كاته‌وه
خوێندنه‌وه لاى من حاڵه‌تێكه ته‌واو له‌حاڵه‌تى پرۆسیسه‌كردنى نووسینى ئیبداعى
نزیك ده‌بێته‌وه، بۆیه من هه‌میشه له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى نووسه‌ر، هه‌میشه
له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى باوكانه‌ى نووسه‌ر، هه‌وڵده‌ده‌م به‌چێژى خوێندنه‌وه
بگه‌م، هه‌وڵده‌ده‌م زۆرترین شیمانه‌ش بۆ خوێندنه‌ران فه‌راهه‌م بكه‌م، زۆرترین
ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ش به‌سه‌ر ده‌قدا بكه‌مه‌وه.
پ12/ رایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ ته‌كنه‌لۆژیا ئه‌ده‌ب و رۆشنبیىر ده‌كوژێت، ئێوه راتان
به‌رامبه ئه‌و بۆچوونه چییه؟
- ئێستا له‌هه‌موو دنیادا به‌چاوێكى دیكه سه‌یرى مه‌سه‌له‌ى رۆشنبیر و رۆشنبیریی
ده‌كرێ وه‌ك چۆن مامه‌ڵه كردنیش له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب ته‌واو گۆڕاوه، چونكه هه‌ریه‌ك
له‌كایه‌كانى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی و فیكر‌و مه‌عریفه تایبه‌تمه‌ندى خۆیان به‌ده‌ست
هێناوه، ئه‌مرۆ گشتگیرى وه‌لانراوه، وه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌ى رۆشنبیر‌و رۆشنبیریی
رووبه‌رووى كۆمه‌ڵىَ ئیشكالیه‌ت و پرسیار‌و گومانى سه‌رده‌م بۆته‌وه، ئه‌وه‌ش
راسته‌وخۆ به پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیاو زانسته مرۆییه‌كانه‌وه به‌نده.
كه‌واته چه‌مكى رۆشنبیر سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان شوێنى
بالاى بۆخۆى داگیركردبوو، به‌لام ئه‌مرۆ له‌به‌رامبه‌ر گۆڕانه خێرا‌و
هاوچه‌رخه‌كاندا دووچارى به په‌راوێزبوون هاتووه، به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌گه‌رچى
چه‌مكى رۆشنبیر‌و شاعیرى گه‌وره له له‌سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان كاریگه‌رى
ته‌واوى له‌كایه جیاوازه‌كانى ژیاندا هه‌بوو، به‌لام ئه‌مرۆ وه‌ك ده‌زانین
نووسه‌رى گه‌وره‌و رۆشنبیریی گه‌وره له‌ناوچووه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ه كه‌چه‌مكى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هاتووه، چونكه
گفته‌كان زۆر ئاڵۆزن، ره‌نگه به‌شێك له‌گرفته‌كانى رۆشنبیری گه‌وره‌و نووسه‌رى
گه‌وره په‌یوه‌ندى به‌دابه‌شبوونى كایه‌كان و دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵگاوه هه‌بێ،
دابه‌شبوونى توێژ و چیین و زمان، كه‌واته ئه‌و نوسه‌ره گه‌وره‌یه‌ى كه ئه‌مرۆ
بتوانێ نوێنه‌رایه‌تى دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵگاو زمانى جۆاوجۆرو بیر‌ورا جیاوازه‌كانى
دنیا بكات، جگه له‌وه‌هم شتێكى دیكه نییه، ئه‌مرۆ به‌پێى عه‌قلانیه‌تى
سه‌رده‌م دروستبوونى كایه مه‌عریفیه‌كان و دابه‌شبوونى كایه كۆمه‌لایه‌تیه‌كان،
به‌پێى تایبه‌تمه‌ندێتى ده‌كه‌وێته‌وه، ئیتر چه‌مكى نووسه‌رى گه‌وره‌و
رۆشنبیریی گه‌وره رووبه‌رووى كۆمه‌ڵێك ئیشكالیه‌ت بۆته‌وه ، ئه‌مرۆ وه‌زیفه‌ى
رۆشنبیریی هه‌ڵگریی ئیشكالیه‌تى جۆراوجۆره، چونكه نه‌ده‌شێ به هه‌مان ئاماده‌یی
دوێنێ بێته‌وه نه ده‌توانێ كاریگه‌رى دوێنێى له‌پانتاییه‌كانى ئه‌مڕۆدا
هه‌بێ، به‌دیوه‌كه‌ى دیكه كۆمه‌ڵگاش له‌نێو هه‌مان پرسیار‌و هه‌مان جیهانبینى
نه‌ماوه‌ته‌وه. به‌لام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه كه ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی كه‌م
بایه‌خ كرا بێ، نه‌خێر، به‌لام بۆ پانتایی تایبه‌تى خۆى و سیسته‌مى دیاریكراوى خۆى
كورتكراوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر له خۆرئاوا گومانكردن به‌رامبه شاعیرى گه‌وره‌و نووسه‌رى گه‌وره‌و
رۆشنبیرى گه‌وره به‌رسیارى سه‌رده‌م و جیهانبینى سه‌رده‌مه‌وه په‌یوه‌ست بێ،
ئه‌وه به‌نیسبه‌ت خۆرهه‌لات ئاماده نه‌بوونى رۆشنبیران و نوسه‌ران و به‌جیهانبینى
سه‌له‌فى و بونیادى له‌كاركه‌وتوه‌وه به‌نده. به‌مانایه‌كى دیكه ئاماده‌نه‌بوونى
نوسه‌ران و ۆشنبیران به‌نه‌بوونى پرسیارى سه‌رده‌م و ره‌خنه‌وه به‌نده، رۆشنبیرى
خۆرهه‌لاَتى رۆشنبیرێكى بنبه‌ستووه، هه‌موو غه‌ریزه‌كانى ژیانى له‌خۆدا كوشتووه،
هه‌موو یاخیبوون و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كى له‌خۆدا متكردووه، رۆشنبیر‌و نوسه‌رى
خۆرهه‌ڵات به‌ده‌وام له‌میانى وه‌لامه ئاماده‌كراوه‌كاندا درێژه به‌ژیان ده‌ده،
به‌رده‌وام له‌نێو سنوورى دیاریكراودا خۆى گرمۆڵه كردووه ، هه‌رگیز بیر
له‌ساته‌وه‌ختى ئێستاى خۆى ناكاته‌وه، هه‌رگیز بیرله‌وه ناكاته‌وه كه
له‌رێگه‌ى ره‌خنه‌و به‌دوااچوون و كه‌شفكردندا ئه‌تمۆسفێرێك بۆ ئازادى بخاته‌وه.
سازدانى گفتوگۆ: جه‌مال پیره