گەڵا تینووەکانى باران


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


رووناکیەکى تینوو بێ ئەوەى بوەرێ
بەر عەترى باران دەکەوێ
ئاو وەک نیگایەکى هەڕەشەلێکراو
شین دەبێتەوە
لەبەرامبەر جانتایەکى پڕ یادەوەرى
ئێمەش بە نیازى یەکتر لەئامێز گرتن
لەپاڵ سێبەرى زەردى بیابان
دڵمان لە دڵۆپێک راست دەکەینەوە
راست راست
وەک باران لە دەریا پەشیمان بێتەوە.

لە کتێبى خۆکوشتندا
چوار کۆترى شین لەسەر نیگا
وەکو گەڵا
نائومێدى لەبەر دەکەن
چەشنى باران
پەشیمانى دادەکەنن
من و تۆش لەنێوان شین و پەشیمانى
دەست لە خەیاڵێکى قووڵ دەشۆین
بەرەو نادیار
لەوێ جانتایەکى پڕ یادەوەرى
بەشانى بارانەوە دەکەین
دڵمان کوت کوت دەگۆڕینەوە
پێش ئەوەى بەریەک بکەوین
وەک نیگایەکى هەڕەشەلێکراو
نغرۆى شین دەبین
جانتاکە دادەگرین
لەبەر باران گەڵا گەڵا
بەر لەوەى بە بیابانى خەیاڵدا بڕۆین
پەشیمانى دەمانگرێ
لەبەر باران
لەدڵى خۆمان دەڵێین
سەفەر چەند لە گومان نزیکمان دەکاتەوە
لەدڵى خۆمان دەڵێین
تێکەڵبوونمان زەمەنێکە لە چوار کۆترى شین
بەجێما
چوار کۆترى شین
وەکو ئەوەى لە شۆڕشێکى لەناکاو
هەڵبفڕن.

دەست لە خەیاڵێکى قووڵ دەشۆین
جانتاکەمان دەکەینەوە شان
لەبرى با
دڵمان بە بیابان راست دەکەینەوە
چەشنى شەو
دنیا دەخەینە دەرەوەى خۆمان
دوور دەچینەوە لەباران.

بڵێ ژیان بیابانێکە
ئەگەر خەیاڵ نەبێت نیگا نیگا هەڵدەوەرێت
نیگا هەڕەشەلێکراوەکە ئاشنایى دەنوێنێ
وەک بڵێ سەعاتى دەستم هەڵە ناکا
منیش دەڵێم سەیرى گەڵاى باران بکە
تەنیایى دڵۆپە ئاوێ
خۆت بە باخێک بچوێنە کە واڵایە وەک بەیانى.

نیگا هەڕەشەلێکراوەکە کۆڵان کۆڵان
وەک شەو لە ئاو دەرکا
بەیانى کۆدەکاتەوە
گوڵەکانى شەو لە ئامێز دەگرێ
ئێمەش پێش ئەوەى بەر گەڵاى باران بکەوین
لە جەستەیەکى نادیار
شین دەبینەوە
شین شین
بەسەر جانتایەکى پڕ یادەوەرى
لەبرى ئاو
پەشیمانى دەمانگرێ
شین شین
پەشیمان دەبینەوە
لە گەڵاى تینووى
باران.


9/9/2008