پەیوەندى ترادیسیۆن و مۆدێرنە
(لە گفتوگۆى نێوان رامین جیهانبەگلو و جەمشید بەهنام)


عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(تازەگەرى و شارستانى) کتێبێکى گفتوگۆئامێزە لەنێوان هەردوو بیریارى ئێرانى ((رامین جیهانبەگلو))ى پەیوەست بە فیکرو فەلسەفە و ((جەمشید بەهنام))ى کۆمەڵناسدا لەو گفتوگۆیەدا قسە لە مۆدێرنەو رەوتى مێژوویى مۆدێرنبوون لە وڵاتى ئێران دەکرێت، هەر لەوێشەوە لە نوخبەى رۆشنبیرو ئایین و رێژەگەرایى و گشتگەرایى و بەجیهانیبوون و ئەویدیکە.. دەکۆڵنەوە، کتێبى ناوبراو بەشێوەیەکى جوان و رەوان لەلایەن (شۆڕش جوانڕۆیى) لە فارسییەوە تەرجەمەى کوردى کراوە.


ئەگەر جەختکردنى ((هیگل)) لەسەر مۆدێرنە لە بەرجەستەکردنى مێژووییەوە سەرچاوە بگرێت و لەنێو سیاقى مێژووییدا ئاماژەى پێدرابێت ئەوە قسەکردنى (جەمشید بەهنام) لەسەر مۆدێرنەى خۆرئاوایى بە هەموو ماناکانییەوە (هیگل)ییانە دەکەویتَـەوە، هەر لەوێشەوە دۆزینەوەى ئەمریکا و رێنیسانس و رۆشنگەرى وەک سێ پێگەى سەرەکى مۆدێرنە لەقەڵەم دەدات. هەڵبەتە ئەو تێڕوانینە (هیگل)ییە لە سێ گۆشەنیگاى جیاوازى پرۆسەى بەرەوپێشچوونى مێژوویى کورتکراوەتەوە: مێژووى کۆنى رابردوو، سەدەکانى ناوەڕاست، سەردەمى نوێ. ئەو سێ رەهەندەش لاى (هیگل) راستەوخۆ بە چەمکى کاتەوە پەیوەستە، وەک دەزانین چەمکى کات سێ رەهەندى هەیە: رابردوو، ئێستا، داهاتوو.
کەواتە یەکەم پرنسیبى مۆدێرنە لاى (هیگل) لە بەدوایەکداهاتنى هزرەکانەوەیەو دەکەوێتە نێو تۆڕێکى بەرفرەوانى گشتگیر،سەرجەم دیاردە کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى و عەقڵییەکان لەخۆ دەگرێت. دواتر (جەمشید بەهنام) قسە لەوە دەکات کە مۆدێرنە سەرەڕاى ئەوەى جیهانبینیەکى نوێیە لەگەڵ ئەوەشدا عەقڵى رەخنەگرانە بەسەر هەموو شتەکاندا زاڵدەکات و تاکخوازى و ئازادى و باوەڕهێنان بە سێنتەرو رەسانایەتى و ریفۆڕمى ئایینى بە بنەماى مۆدێرنە دەژمێرێت، هەر لەوێشەوە مۆدێرنە لۆژیکى کۆتایهێنان بە ئەفسانەو ترادیسیۆن بەرز دەکاتەوە.
لە پرسیارێکى (رامین جیهانبەگلو) لەسەر فرە مۆدێرنە و مۆدێرنەى جیاوازەوە (جەمشید بەهنام) لە رێگەى (میلان کۆندێرا)ەوە دەڵێت: ئەو کاتە مۆدێرنە دەستى پێکرد کە (دۆن کیشوتە) ماڵ وشارەکەى خۆى بەجێهێشت بۆ گەڕان بەدواى جیهانێکى نەناسراودا، دواى گەشت و گەڕانێکى زۆر تێگەیشت ئەوەى لە شارى خۆى فێر ببوو جیاوازى هەیە لە تەک ئەوەى کە لە جیهان روو دەدات . واتە لەگەڕان و پشکنینەوە فێر دەبین کە مۆدێرنە لەسەر گومان و بەدواداگەڕانى بەردەوام درێژە بەخۆى دەدات، بەڵام وەک دەزانین قسەکردن لەسەر گومان قسەکردن نییە لە گومانێک کە تەنیا لەپێناو سەپاندنى هەڵوێستێکى گومانکارانەیە، چونکە ئێمە لە دیکارتەوە فێر بووین کە گومان مەزندەو وێناکردنێکى فەلسەفییەو تواناى بوونى مەعریفەى بابەتى بۆ واقیع دەخاتە بەر پرسیارو لێکدانەوەو ڕاڤەکردن.
بەمجۆرە ئەمڕۆ دنیا بەردەوام لەبەرەوپێشەوەچوون خۆى دەنوێنێ، بەردەوام لەمیانى بەدواداچوون و رەخنە و تیۆریزەکردنەوە هەڵوێستى سەردەمانەى خۆى بەرامبەر بە واقیع و ترادیسیۆنەکان دەخاتەروو، یان بە مانایەکى دیکە وەک (ئەرگۆن) دەڵێ فیکر دەکەوێتە ژێر کاریگەرى بارودۆخ و فاکتەرە مادییەکانەوە، چونکە شتێک نییە لە دەرەوەى هەموو مەرجەکاندا بێ و لەهەوادا مەلە بکات، وەک ئایدیالیستەکان و تەقلیدییەکان بیرى لێدەکەنەوە، بەڵکو مەحکومە بەکۆمەڵێک شت کە بەسەریدا دەسەپێنێ هەر لەوێشەوە بەرەو دەرئەنجامى عەقڵى دەمانگوازێتەوە.
کەواتە لەسەر بنەماى ئەو گوتەزایە (150) ساڵەى ئەو دواییەى تازەگەرى وڵاتى ئێران وەک (بەهنام) دەڵێت: ئەگەر واقیعەکەى لەسەر کاریگەرى بارودۆخ و فاکتەرە مادییەکانەوە نەوەستا بێت، سەرنجى هەلومەرجەکانى کاتى نەدابێتت، لەسەر بنەماى لاساییکردنەوەى کوێرانەى ئەوانیدیکەخۆى دامەزراندبێت. ئەوە کۆى ئەو پەرچەکردارە بەرووە نێگەتیفەکەى دەشێ بە پرۆسەى مۆدیراسیونەوە بەندبکەین، بەو مانایەى کە مۆدیراسیونە شتێکى هاوردەیە لەگواستنەوەى مۆدێرنەى خۆرئاواوە سەرچاوەى گرتووە، نەک دەروونزا کە هاوکات لەتەک مۆدێرنەدا بە ئەنجام دەگات.


مۆدێرنە جولەیە لە ناخەوە بیر لە گۆڕینى شێوەى بیرکردنەوە دەکاتەوە، ئەوەش زۆرى دەوێت، بەڵام مۆدیراسیون لەکاتێکى کورتدا دەتوانێت دەرکەوێت. لێرە لە جیاوازى نێوان مۆدێرنەو مۆدیراسیون خەزعەل ئەلماجدى نووسیوویەتى: ئەوەى وەک فیکر نوێیە بە مۆدێرن (modern)ناوزەد کراوە، مۆدێرنیش وەک خولیا بە مۆدێرنێتە(modernity)ناو دەبرێت، هەردووکیشیان لە شوێنى جیاوازدا بە مۆدێرنیزم(modernism) یان ئەوەى کە بەهنام و جیهانبەگلو بە مۆدیراسیون ناوى دەبەن، واتە وەک دامەزراو و قوتابخانە و بڕوا هێنانە بە نوێبوونەوە .
بە شێوەیەکى گشتى ئەگەر مۆدێرنە تەعبیر لە تێگەیشتنێکى فەلسەفى بکات، ئەوە مۆدیراسیون لە وڵاتى ئێران وەک ئارەزوویەکى سیاسى ئایدیۆلۆژى دەستى بۆ بردراوەو لەسەردەمى (رەزا شا) لەرێگەى کۆمەڵێک خوێندەوار کە بڕوانامەیان لە خۆرئاواو ئەمریکا بەدەست هێنابوو دەستى پێکرد، بەڵام وەک دەزانین ئەو مۆدیراسیونەى ئێران لە شێوەى مۆدیراسیونەکەى تورکیا نەبوو نەک هەر هێندە بەڵکو دژ بە کەمالیزمى تورکى وەستا و قایلنەبوو بەوەى بە رەهایى شارستانیەتى ئەوروپا قبوڵ بکات و ئایین لە سیاسەت جیا بکاتەوە.
کەواتە کۆى ئەو پەرچەکردارانەى بەهنام ئاماژەى بۆ کرد وەک جیهانبەگلو دەڵێت لەوەوە دێت کە مێژووى ئەو (150) ساڵەى ئێران نەبۆتە وانەگەلێک بۆ سوود لێوەرگرتن، وەک ئەوەى ئێران مەحکوم بێت بە دووپاکردنەوەى هەڵەکانى پێشوو، ئەوەش بەوەوە پەیوەستە کە پەیوەندى ترادیسیۆن و مۆدێرنە بەر لەوەى لە تێگەیشتنێکى فیکرى و فەلسەفییەوە هەڵقوڵا بێت، ئارەزوویەکى سیاسى و ئایدیۆلۆژى بووە. بەلاى جیهانبەگلو هۆى ئەو پرسە لەوێوە دێت کە ویژدانى ترادیسیۆنى ئێرانیان لەسەر بنەماى ئەندێشەى ئایینى و تێڕوانینى ترادیسیۆنەوە سەیرى خۆرئاوا دەکات، نەک فەلسەفى و زانستییەوە. واتە تەکنیک وەردەگرن و پشت لە کەلتور دەکەن. لەو بارەوە (عەلى وەردى) دەڵێت: خۆرهەڵات نازانێت کە لافاوى پێشکەوتن هات ئیتر فریاى ئەوە ناکەوێت چاک لە خراپ جیا بکاتەوە.


بەمجۆرە لە سەردەمى (رەزاشا) ئەگەرچى دەستەبژێران توانیان لەرێگەى لاسایکردنەوەو کوپیکردنى خۆرئاواوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام لەوێوە شکستیان خوارد کە نەیانتوانى بە شێوەیەکى راستەوخۆ پەیوەندى نێوان مۆدێرنەو ترادیسیۆن پەرە پێبدەن. نەیانتوانى لەرێگەى تێگەیشتنى مۆدێرنەوە راڤەو خوێندنەوەى جیاواز بۆ ترادیسیۆن دابمەزرێنن، هەر لەوێشەوە دووچارى دووالیزمیەتى واقیع بوون. بە مانایەکى دیکە لە رووى تەکنیکییەوە خۆرئاوا زاڵ بوو لەرووى فیکریشەوە ترادیسیۆن. کەواتە کۆى ئەو چینە بەناو رۆشنبیرە نەک هەر نەیانتوانى واقیع بخوێننەوە، بەڵکو دواجار خۆیان وەک تاقمێکى باسیف و ئاراستەکراو لە ژێر کونترۆڵى واقیعى زاڵ و ترادیسیۆن دۆزییەوە. لەلایەکى دیکە لە ئێراندا گوتەزایەک بە ناوى رۆشنبیرانى ئایینى لەئارادایە، کە ئایین وەک حەقیقەتێکى رەها سەیر دەکەن، بە راى جیهانبەگلو ئەو رۆشنبیرانە بە هیچ جۆرێک رۆشنبیر نین بەڵکو زێتر لە چاکسازى ئایینى یان ئەندێشەیەکى نوێى ئایینى دەچن، چونکە نە دەتوانن خوێندنەوەى جیاواز بۆ دەقى ئایینى و روانین و پرسێکى دیکەى جیدى بۆ بەشە زیندووەکەى کەلەپورو ئایین دابمەزرێنن، نە دەتوانن وەک پێویست بڕوا بە مۆدێرنە بکەن، تاکو لەوێوە بتوانن گفتوگۆ لەگەڵ خۆرئاوا بکەن.


دەمەوێت بڵیم هەمیشە دەشێ لە کەشفکردن و خوێندنەوەى ئەو بەشە زیندووەى ترادیسۆن کە تەعبیر لە ئامادەگى رابردوو لە ئێستادا دەکات، بەشدارى خۆمان لە پرۆسەى مۆدێرنە رابگەیەنین. هەر ئەو بەشە زیندووەشە کە تەعبیرى مۆدێرنەى جیاواز و فرە مۆدێرنەى لەخۆدا هەڵگرتووە. کەواتە بە دڵنیایى بەشە زیندووەکەى ترادیسیۆن ئەو بەشەیە کە لە رێگەى کەشفکردن و خوێندنەوەو راڤەکردنى جیاوازەوە دەتوانێت دووبارە ئامادەبوونى خۆى لە ئێستادا رابگەیەنێت، بەڵام وەک (مەحمەد ئەلجابرى) دەڵێت: دەبێ ترادیسیۆن لە دوو ئاستدا لێکبدەینەوە یەکەم ئاستى تێگەیشتن. دووەم ئاستى تەوزیفکردن و وەبەرهێنان. لەیەکەمدا دەبێ ترادیسیۆن بە جیاوازى قۆناغەکان وەرگرین، لە دووەمدا دەبێ بەرەو ترۆپکى بکەینەوە ئەو ترۆپکەى کە پێشکەوتن دیارى دەکات.


لێرەوە ئەو بەشەى لە ترادیسیۆن کە ئەمڕۆ مامەڵەى لەتەکدا دەکرێت بە قسەى جابرى ناوەڕۆکى مەعریفى نییە بەڵکو ناوەڕۆکى ئایدیۆلۆژییە، هەڵبەتە ئەوە تەواو پێچەوانەى بیرکردنەوەى جیهانبەگلوە، چونکە جیهانبەگلو پێیوایە زەحمەتە میرات بە ئایدیۆلۆژیا بگۆڕین. بەڵام جابرى جیاوازى دەخاتە نێوان ناوەڕۆکى مەعریفى و ناوەڕۆکى ئایدیۆلۆژییەوە لەوێوە کە ناوەڕۆکى مەعریفى هەر ترادیسیۆنێک یەکجار دەژیت، کاتێک مردیش یەکجار دەمرێت، ئەوەش بەوە پشتراست دەکاتەوە کە ناوەڕۆکى مەعریفى زانستە-زانستیش مێژووى خۆى هەیە، مێژووى زانستیش وەک (باشلار) دەڵێت مێژووى هەڵەى زانستییە، بەو مانایەش کە زانست چووە نێو مێژوو وەک ئەوە وایە کە دەچێتە نێو هەڵەوە، هەڵەش مێژووى نییە، لێرەوە جابرى دەڵێت: ناوەڕۆکى مەعریفەى فەلسەفەى ئیسلامى و فەلسەفەکانى سەدەى ناوەڕاست و هەموو ئەو فەلسەفانەى لەسەر سرووشتى فەلسەفەکەى ئەرستۆ هاتوونەتە ئاراوە بەهۆى چوونە نێو مێژووەوە بەر لە هاتنى زانستى نوێ مردنى خۆیان راگەیاند... دێکارت فەلسەفەى خۆى لەسەر فیزیاى گالیلۆ دامەزراند، بەڵام لەگەڵ هاتنى فیزیاى نیوتن کە کانت فەلسەفەى خۆى لەسەر دامەزراند لەناوچوو. ئەوەش بە نیسبەت ئایدیۆلۆژیا جیاوازە چونکە ناوەڕۆکى ئایدیۆلۆژیا زەمەنى دەکەوێـتە داهاتوو، واتە ئێستاى لە داهاتوودا دەژیت (بەڵام دەبێ بزانین کە ئایدیۆلۆژیایەک هەیە داهاتووەکەى لەو ئایندەیەدایە کە دێت، ئەو ئایدیۆلۆژیایە دەتوانێت ژیانێکى دیکەى نوێ بژیت. کەچى ئایدیۆلۆژیایەک هەیە لە داهاتوویەکدا دەژى کە خەونەکانى لە رابردوو وەرگرتووە) بەگشتى هەردووکیان پێچەوانەى زانستن چونکە زەمەنى زانست لە ئێستادا دەژیت گەر ئێستاى خۆى جێبهێلێت خۆى رەشدەکاتەوە. بۆیە ئێمە دەتوانین مامەڵە لەگەڵ هەندێک لە بۆچوونە ئایدیۆلۆژییەکانى ترادیسیۆن بکەین کە بەر لە ئێمە ژیاون، بەڵام ناتوانین مامەڵە لەگەڵ ماددە مەعریفییەکەیدا بکەین. بەو مانایە پێویستە ناوەڕۆکى ئایدیۆلۆژیانە شیبکەینەوە تاکو بزانین کام بەشى مردووەو کامەى دەتوانێـت ژیانێکى دیکەى نوێ بژیت .


جەمشید بەهنام دەڵێت: میرات و ترادیسیۆن ئەزموونى وەچەکانى پێشووەو پێویستە پارێزگارى لێبکەین و بیانگۆزینەوە، بەڵام وەک دەزانین مەبەستى پارێزگاریکردنێکى پۆلیسانە نییە، بەڵکو پارێزگاریکردنێکە لەرێگەى کەشفکردن و خوێندنەوەو راڤەکردنى جیازەوە. هەر لەوێوە دەتوانین بەها بۆ بەشە زیندووەکەى ترادیسیۆن دابنێین، لەسەر ئەو بنەمایەى کە ئەوەى ئایندەى میراتى کەلتورى مرۆیى پێکدەهێنێت ترادیسیۆنە فرە چەشنەکانن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن لەرێگەى بەشە زیندووەکەى ترادیسیۆنى خۆمان پەیوەندى بە ئەویدیکەوە بکەین، لەوێشەوە بەشدارى خۆمان لە پێشکەوتن دیارى بکەین.
بە بڕواى (ئەمین مەعلوف) هیچ کەلتورێک بە پێشکەوتن نامۆ نییە، چونکە پێشکەوتن زادەى داهێنانە یەک لەدوایەکەکانى مرۆڤایەتییە، هەر تەنها ئەویدیکەى خۆرئاوا بەرهەمى نەهێناوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەسەر بنەماى تێگەیشتن لە کەلتورو لە پێشکەوتن و مۆدێرنە بەشدارى لە داهێناندا بکەین. بەمجۆرە لەلایەک پێویستمان بەوەیە وابەستەى مۆدێرنە و مۆدیراسیونى کەلتورى جیهانى بین، لەلایەکى دیکە کەلتورى خۆمان لەدەست نەدەین. (جەمشید بەهنام) دەڵێت: ئاشکرایە کە چیدى ئێمە نابینە ئێرانییەکى کۆن، بەڵام دەتوانین ببینە ئێرانییەکى تازە.


بەمجۆرە دەشێ قسەکردن لەبارەى فرە کلتورى قسەکردن بێت لەسەر شێوەگەلى تایبەتى بیرکردنەوەکان، هەر لەوێشەوە جیاوازییەکان دێنە بەرهەم. کەواتە ناشێ بڵێین پەیوەندى نێوان کەلتورە جۆراوجۆرەکان پەیوەندییەکى دژ بەیەکن، چونکە ئەمڕۆى پێشکەوتن بەردەوام ئاماژە بە پێکەوە ژیانى کەلتورە جیاوازەکان دەکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا بەشێکى زۆرى ترس و نیگەرانى لە خۆرئاوابوون و ئەمریکایى بوون بۆ لاوازى تواناى کەشفکردن و خوێندنەوەو راڤەکردنى کەلتورە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە، بۆ پاسەوانانى کەلتورەکان دەگەڕێتەوە کە بەشێکى زیندووى کەلتوریان شاردۆتەوەو بەدژى ئەوانەش دەوەستن کە مەیلى کەشفکردن و خوێندنەوەو راڤەکردنى جیاوازییان هەیە، یان بەشێوەیەکى دیکە بە لادەرو بێ بڕوا تاوانباریان دەکەن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا وەک دەزانین رێژەگەرایى کەلتورى لە کۆڵەکە سەرەکیەکانى زانستى مرۆڤایەتى دەژمێردرێت، لەو تیۆرەدا هیچ باڵاترێکى کەلتورى بەسەر کەلتورێکى دیکەدا لەئارادا نییە.


(رامین جیهانبەگلو) پێیوایە قسەکردن سەبارەت بە کەلتورو فرە چەشنى کەلتورەکان بەبێ قسەکردن لەسەر ناسنامە مەحاڵە، هەر لەو ئەرزشدانانە بۆ فرە کەلتورى و فرە ناسنامەیى بیرى پۆست مۆدێرنە دەردەکەوێت و ناسنامە جیاوازەکان لە بەجیهانبووندا بەشدارى خۆیان دەنوێنن. بەڵام دەبێ بزانین لەبەر ئەوەى بەجیهانیبوون لەسەر گۆڕانکارى بەردەوام کار دەکات، بۆیە وەک چۆن ئەوان لە پرۆسەى مۆدیراسیوندا ئەرکى خۆیان دیارى دەکەن، ئێمەش دەبێ ئەرک و ئامانجى خۆمان لە بەرامبەر مۆدێرنەو مۆدیراسیون دیارى بکەین. ئەو دیاریکردنەش پەیوەندى راستەوخۆى بە کۆمەڵگەى هوشیارو وجودو ماهیەتى خودى داهێنەرانەوە هەیە. دەمەوێت بڵێم تاکى داهێنەرو ئەکتیف لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت دەتوانێت لەرێگەى داهێنانەکانى خۆیەوە بەشدارى لە پرۆسەى پێشکەوتن و بەجیهانبوون بکات.


لێرەدا بیرکردنەوە لە ئایندە، بیرکردنەوەیە لە ئەویدیکە، بە مانایەکى دیکە بێ وجودى ئەویدیکە لەئارادا نییە. کەواتە ئێمە بۆیە بیر لە داهاتوو دەکەینەوە چونکە لە ئێستاماندا شتێک هەیە کە رقەبەرایەتیمان دەکات و هەڕەشەمان لێدەکات و پێشمان دەکەوێـت. ئەوەش لەسەر بنەماى بەشداریکردنى داهێنەرانەو ئەکتیفانەوە نەبێت مەیسەر نابێت، لێرەوەیە (رامین جیهانبەگلو) دەڵێت: ئێمە ئەمڕِۆ زانیارییەکانى جیهان لەرێگەى ئینتەرنێت و سەتەلایت و سى دى و دى ڤى دى... وەردەگرین، بەڵام بەشدارییەکى راستەوخۆى داهێنەرانەمان لە رەوەندى پێکهاتنى جیهاندا نییە.
بە کورتى لەو گفتوگۆیەدا قسەى جیدى لە بارەى زۆر لە چەمکە تازەکانى سەردەم کراوە، بەڵام ئەوەى کە (جەمشید بەهنام)ى کۆمەڵناس لە بارەى پەیوەندى نێوان مۆدێرنەو ترادیسیۆنەوە قسەى لێدەکات بڕوا نەبوونە بە پۆست مۆدێرنە، چونکە ئەو چەمک و دیاردانەى کە فیکرى پۆست مۆدێرنە بەرهەمى هێناون جەمشید بەهنام لەسەر بنەماى بەرەوپێشچوونى مۆدێرنە قسەیان لێدەکات، بە مانایەکى دیکە دەیەوێت بڵێت پۆست مۆدێرنە هەر تەنها ناونانێکى دیکەى مۆدێرنەیە.