ئامادەى/نائامادە
ئەنتۆڵۆژیاى تاراوگەو چەمکى نامۆبوون
خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەى (لە تەوتەمى مامزەکانى قەندیلەوە)ى هەندرێن
 

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


تاراوگەو ئەدەبى تاراوگە
ئەدەبى تاراوگە وەک ژانرێک لە ژانرەکانى ئەدەب سەیر ناکرێت، بەڵکو لە پێناسە گشتییەکەیدا دەشێ بەو ئەدەبە بگوترێت کە هەستى ئاوارەبوون لە نیشتمانى لەخۆدا هەڵگرتووە. تاراوگەبوون ئەزموونێکە شان بە شانى هەستێکى گەورەى بەرپرسیارێتى لە دایک دەبێت، باجێکە مرۆڤ ئامادەیە وەک دەرئەنجامى بەکارخستنى ئیرادەى ئازادى بۆ خۆى و نیشتمانەکەى بیدات. بەو مانایە ئەدەبى تاراوگە لەگەڵ ئەدەبى بەرگرى دێتەوە بەوەى پشت بە دۆزێک دەبەستێت، و کار لە سەر زمانێک دەکات کە خەونى ئازادبوونى نیشتمان و گەڕانەوە بەرەو زێدو ماڵى پێیە.

ئەدەبى تاراوگە دوو باسی گرنگى لەخۆدا هەڵگرتووە یەکەمیان بەرجەستەکردنى نەتەوەیە (وەک دۆز) لە رێگەى ئەو بەرجەستەکردنەش سۆزى گەڕانەوە بۆ نیشتمان یەکێکە لە بنەڕەتە سەرەکییەکانى ئەو ئەدەبە. دووەم هەستکردن بە نامۆبوون، ئەو هەستەش بە مانا وجودییەکەى تواناى لەدەستدانى بەرجەستەکردنى خود دەگەیەنێت، دەشێ ئەو هەستە لە کەسى تاراوگەنشیندا کاتى بێت. بەڵام ئەگەر بەرجەستەکردنى نەتەوە بە شێوەیەکى گشتى خۆى لە پارێزگاریکردنى زمان و تەقلیدە ئەدەبى و کەلەپورە نەتەوەیى و رۆشنبیرییەکاندا هەڵگرێتەوە، ئەوە هەستى نامۆیى کەسى تاراوگەنشین راستەخۆ پەیوەندى بە دوور کەوتنەوەو پەراوێزکردنەوە دەبێت، بەو مانایەش تێکچوونى پەیوەندى بە شوێن و پەیوەندیکردن بە زمانى دووەم دەبێتە هۆى کشانەوە لە دنیاو چوونەوەى کەسى تاراوگەنشین بۆ ناوەوەى خۆى، هەموو ئەوانەش شێوەیەکى نێرگزیانەى کەسى ئاوارەمان نیشان دەدات.

لە لایەکى دیکە ئەدەبى تاراوگە بە پێى سیاقى کۆمەڵایەتى و سیاسى و مێژوویى دەشێ بە چەشن و جۆرى دیکە رەنگ بکرێت و سێبەرى دیکەى بخرێتە سەر، یەکێک لەو رەنگانە پێماندەڵێت: ئەدەبى تاراوگە جگە لە پێ فرۆشتنەوەى کاڵاکانى نیشتمان بە خۆمان شتێکى دیکە نییە، هەڵبەتە ئەو کاڵایانەش بە گشتى خۆرهەڵاتین و شتێکى نوێیان تێدا نییە، کەواتە لە بەر ئەوەى ئەدەبى تاراوگە ناتوانێت بە شێوەیەکى گشتى لەگەڵ ئەدەب و زمانەکانى دیکە کارلێک درووست بکات، لە بەر ئەوەى تواناى ئەوەى نییە خۆى لەگەڵ ژینگەى نوێ بگونجێنێت، ئیتر هەر لە پێ فرۆشتنەوەدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئایا ئەو ناونانە ئەدەبییە هەر تەنها بە خۆرهەڵاتەوە بەندە، ئایا ئەو ئەدەبەى کە بەو شوێنەوە سەرسامە کە دەکەوێتە دەرەوەى نیشتمان پێى دەگوترێت ئەدەبى تاراوگە... بۆ سوود وەرگرتنى رامبۆ، گۆتە، لامارتین... لە خۆرهەڵات وەک شوێن و کاڵاکانى بە ئەدەبى تاراوگە ناونابرێت؟؟

بە کورتى ئەوەى لەو باسەدا دەمەوێت زێتر قسەى لێبکەم ئەوەیە کە ئەدەبى تاراوگە لە بنەڕەتدا تەعبیر لە نۆستالۆژیا و هەستى گەڕانەوە بۆ نیشتمان دەکات، کۆى ئەو هەستەش نامۆیى لە کەسى تاراوگەنشین درووست دەکات. لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەم ئەو زاراوەیە وەک دیاردەیەکى ئەدەبى بێ هاوتا تەماشا دەکرا، چونکە کەسى مەنفى چ وەک سیاسى و نیشتمانپەروەر، چ وەک ئەدیب و نووسەر.... لەو کەسانە بوون کە هیواى گەوەرەیان لە ناو گەل و نیشتماندا سەوز دەکرد، لەو کەسانە بوون کە فیکرى ئازادى و تەعبیرە گەورەکانى سەرفرازییان لەخۆدا هەڵگرتبوو لە ژێر فشارێکى دیاریکراو و سزادانێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و کولتورى سەپێنراوەوە لە زێد و نیشتمان نەفى کرابوون، بەڵام لە دواى شۆڕشى کۆمۆنیکەیشن (اتێالات) و زانیارییەکان، لە ناو ئەو بەیەکداچوونەى شوناس و کەلتوورە جیاوازەکاندا ئیتر هەر ماڵێک هەر زێدو نیشتمانێک لەنێو خۆیدا دابەشى چەندان ماڵى جیاوازو ناکۆک و تەنانەت دژ بەیەک بوونە، دەشێ هەر بەشێک لەو ماڵە بۆ خۆى ماناو ئەخلاق و مۆراڵى کۆمەڵایەتى جیاواز بە خۆى لە شوێنى دیکە و سیستمى دیکەوە بخوازێ، ئێمە ئێستا لە کۆتایى ماڵى داخراودا دەژین، ئیتر لەوێوە ئەدەبى تاراوگە ماناکانى پێشووى خۆى لەدەست دا، ئیتر ئەوە بیرى مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنەیە واى لە شاعیرێکى وەک (مەحموود دەروێش) کرد بڵێت: نیشتمان هەمیشە ئەوە نییە کە تۆ تێیدا دەژیت، تاراوگەش ئەوە نییە کە تۆ لە نیشتمان ئاوارەیت.

هەڵبەتە ئەو رستەیەى دەروێش لە یەکێک لە تەعبیرە گەورەکانى هەڵگرى میتافۆرى جیهانبینییەکە کە پایەکانى دەکەونە نێو جوڵەو گەڕان و گۆڕانى بەردەوامەوە، بەمجۆرە ئەو دیاردە ئەدەبییەى تاراوگە دواى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم زۆر لە ماناکانى کاڵ بۆوە، ئێستا بەزاندنى سنوورەکان و رەوکردن و کۆچکردن چ وەک نەفیکردن بێت چ وەک پەنابەرى، ئەو تێگەیشتنەى دوێنێى لەدەست داوە، ئەمڕۆ تاراوگەنشینى وەک خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانى سەردەم سەیر دەکرێت، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش نیشتمان بەردەوام دەبێتە پرۆژەیەک بۆ درووستکردن و بونیادنانەوە.

بەمجۆرە ئەمڕۆ ئەدەبى تاراوگە زێتر لە میانى مێژوو قسەى لێدەکرێت، نەک وەک دیاردەیەکى بێ هاوتا، ئەمڕۆ ئەدەبى تاراوگە چەمکێکە لە نێو هوشیارى ئەدەبییەوە خۆى دەدۆزێتەوە، بەو مانایەش تاراوگە ئەو شوێنە نییە کە مرۆڤ تێیدا بیر لەوە بکاتەوە بۆ وڵاتەکەى بگەڕێتەوە، بەڵکو لە بنەڕەتدا مرۆڤى سەردەم بەردەوام لە هەوڵى دەرچوون لە شوێندایە، لێرەوە "دەربازبوون لە نیشتمان گرنگترە لە چییەتى مەنفا”
ئەگەر هەتا دوێنێ تاراوگە وەک زاراوەیەکى ئاڵۆزى (رەتکردنەوە)و (ئارەزووکردن) قسەى لێکرابێت بەو خەسڵەتەى کە حاڵەتێکە لە (نەفیکردن) و (پەنابەرى) لەو دوو خەسڵەتەش فیکرەى جیابوونەوەو دوورکەوتنەوە لە زێد و نیشتمان، یان ئەسڵى رۆشنبیریى و رەچەڵەک... لەدایک بێت، پاشان لەوێوە لە نێوان (مەنفى) و (پەنابەر) ئاماژە بە جیاکارییەک کرابێت بەوەى کە یەکەمیان لە سەر دوورخراوە فەرزکرا بێت، بە دیوەکەى دیکەش کەسى نەفیکراویش قبولى دەسەڵات و سیستمێکى دیاریکراوى نەبێت و رەتیکردبێتەوە، ئەوە دووەمیان ئارەزووى هەڵبژاندنى تێدا رەنگدەداتەوە جا هۆکەى هەر چییەک بێت. یەکەمیان سەپێنراوەو تووندوتیژى لە پشتەوەیە، تەعبیر لە هەڵنەکردن و نەگونجان دەکات و پەیوەندى بە هۆشمەندییەکى بریندارەوە هەیە. دووەمیان دەشێ پەیوەندى بە ژیان و گوزەرانەوە هەبێت، یەکەمیان هەڵگرى تراژیدیایە، بەڵام دووەمیان گەڕانەوەیە بە دواى جۆرێک لە ئاسوودەیى.

واتە ئەگەر دوێنێ لە پشت کەسى نەفیکراو و پەنابەر کۆمەڵێک بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى ئامادەیى هەبێت، ئەوە ئەمڕۆ دەرچوون لە نیشتمان هەر ئەوە نییە، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرچوونە لە هەموو ئەو جەبرە ئەخلاقیانەى کۆمەڵگە بە سەر نەوەکانیدا دەسەپێنێت، دەرچوونە لەو سانسۆرە تووندوتیژەى کە هیچ دەرفەتێک بۆ هەناسەدانى نەوەکان ناهێلێتەوە، لە سەر ئەو بنەمایە کۆچ وەک خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانى نەوەى نوێ دەشێ بریتى بێت لەو گۆڕانکارییەى کە مرۆڤى کۆچکەر دەیخاتە ژیانى خۆیەوە، وەک چۆن خودى ئەو گۆڕانە گۆڕانى دیدى مرۆڤە بەرامبەر بە شوێن و کات، وەک چۆن لە تێکشکان و پچرانى پەیوەندییەکان بە شوێنەوە هەڵقوڵاوە، بە هەمان شێوە پەیوەندیکردنە بە زمان و کەلتوورى جیاوازەوە.
بەمجۆرە دواى فیکرەى مۆدێرنەو پۆست مۆدێنە ئیتر شوێن پەرستى هەڵچنینى دیوارێکى سایکۆلۆژیە لەنێوان فەردو دەرەوە. لە لایەکى دیکە تاراوگە چیتر ئەو شوێنە دوورە نییە کە مرۆڤ بەردەوام بیر لە گەڕانەوە بۆ زێد و نیشتمان بکاتەوە، ئەو شوێنە دوورەدەستە نییە کە مرۆڤ تێیدا بێزارو وەڕس بێت، ئەمڕۆ شۆڕشى کۆمۆنیکەیشن تەواوى سنوورەکانى هەڵوەشاندنەوە چەمکى تاراوگەى بە جۆرێک لە جۆرەکان کاڵ کردەوە، ئەمڕۆ ئەدیب و سیاسى دوورە وڵات چیتر ئەو کەسانە نین دوور لە رووداوە هەنووکەییەکانى وڵات بژین، بەڵکو کەسانێکن دەتوانن بەشدارییان هەبێت و کاریگەرى قووڵ بنوێنن، وەک چۆن دەتوانن لەو شوێنەى تێیدا دەژین دۆزە رەواکەیان بە دنیا بناسێنن، لێرەدا دەشێ قسە لە چەمکێک بکەین، یان چەمکێک بە ناوى (نائامادەى/ئامادە) بیر بخەینەوە، بەمجۆرە چەمکى (نائامادەى/ئامادە)ى مرۆڤى سەردەم لە زادگەو نیشتمان، وەک چۆن لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبى و رەخنەییەوەو هەر یەک لە (هایدگەر) و (لڤیناس)و (دریدا) سوودیان لێوەرگرتووەو بەکاریان هێناوە، بە هەمان شێوە لە بوارە زیندووەکانى دیکەى ژیانیش دەرکەوتنى بەربڵاوى هەیە. کەواتە لە رێگەى ئەو چەمکە مرۆڤ و شتەکان و وشەکان ئەو کاتەى نائامادەن ئامادەییان هەیە.
بە کورتى ئەمڕۆ لە سیاقەکانى جیهانگیریدا لەبرى ئەدەبى تاراوگە قسە لە ناسنامە کراوەکان دەکرێت، وەک چۆن قسە لە هاونیشتمانى جیهانى دەکرێت، ئەمڕۆ من و ئەویدیکە بەردەوام لە جێگۆڕکێیەکى سەیردا دەژین هەر لەوێشەوە خەمەکانى زادگەو نیشتمان دەبنە خەمى هەموو مرۆڤدۆستێک و تەرجەمەى زمانە جیاوازەکانى دنیا دەکرێن.
ئەگەرچى لە نێوان مەنفى و پەنابەر زێتر قسە لە دوو چەمکى سیاسى و ئابوورى دەکرێت، قسە لە تراژیدیا و ئاسوودەیى دەکرێت.... بەڵام بەدەر لەوە، لێرە رەنگە پرسیار ئەوە بێت ئایا مرۆڤى تاراوگەنشین مرۆڤێکى نامۆیە؟
زۆرجار مرۆڤى ئاوارە کاتێک دەگەڕێتەوە زێدى خۆى دووچارى شۆک دەبێت، چونکە هەست ناکات ئەو پەیوەستبوونەى هەیبووە پەیوەندى بەو شوێنەوە هەبێت، بەڵکو هەستدەکات تەنها پەیوەندى بە سێبەرەکانى خۆیدایە، یان ئەو بیرۆکەیەى کە لەنێو خۆیەتى..
رەنگە ئەو پەرەگرافە تەواو لە پێناسەى فیکرەى نامۆبوون نزیکمان بکاتەوە، ئەگەرچى مەرج نییە هەمیشە تاراوگەنشین هەستى نامۆیى بەدواوە بێت، بەڵام بۆ نموونە لاى (ئیدوارد سەعید) لەباسى ئەنتۆلۆژیاى تاراوگەدا حاڵەتێکى بەردەوامى نامۆیى و پەراوێزبوون دەبینرێت، بەمجۆرە هەستکردن بە نامۆیى دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانى بوون، چونکە هەستکردنێکى بەردەوامە بە جیابوونەوە لە ناوکۆیى (ئێستا-تاراوگە)و گەڕانەوەى بەردەوام بۆ رابردوو، نیشتمان، زێد، کەلەپوور...کە لە مەنفا وجودییان نییە.
لە سەر بنەماى ئەو قسەیەى (ئیدوارد سەعید) دەبێت تاراوگە بەردەوام پێناسە بکرێتەوە، دەبێ چەمکى ئێرەو ئەوێ، ئێستا و ئەوسا، من و ئەوانیدکە بەردەوام کەشف بکرێنەوە.


نامۆبوون و داهێنان


(نامۆبوون) دیاردەیەکى مرۆییە بەنێو تەواى شێوەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى، ئابوورى، سیاسیدا درێژ دەبێتەوەو تەواوى کەلتورەکان لەخۆ دەگرێت، و بابەتى نامۆبوون بە شێوەیەکى جۆراوجۆر خراوەتە بەر دراسەکردن و کۆمەڵێک دەرئەنجامى جیاوازى لێکەوتۆتەوە.
فیکرەى (نامۆبوون) لە سەدەکانى ناوەڕاستدا یەکەمجار لە فیکرى مەسیحیدا دەردەکەوێت بە تایبەتى لە (لاهوت) و (پرۆتستانتى) تا دەگاتە (لۆسەر) و (کالفن)... ئەو جۆرە لە نامۆبوون لە دەرئەنجامى جیاوازییەکان و رێبازە جیاوازەکانەوە سەرچاوەى گرتووە، راستە خودى ئەو فیکرەیە (رۆسۆ) بەر لە (هیگل) لە کتێبى (پەیمانى کۆمەڵایەتى) قسەى لێکردووە، بەڵام وەک دەزانین بە شێوەیەکى رێک و پێک لە لایەن (هیگل)ەوە لە فەلسەفەى ئەڵمانیدا خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوەو دواتر لە سەدەى (18) و سەرەتاى سەدەى (19) لە لایەن (مارکس) لە بەشەکانى (سەرمایە)دا لە میانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سیاقى سەرمایەداریدا کارى لە سەر کراوە.
وشەى (نامۆبوون) لە وشەى لاتینى (Alienation) بە ماناى گواستنەوەى بە خاوەنبوون لە یەکێکەوە بۆ یەکێکى دیکە دێت، گواستنەوەى بە خاوەنبووون یان وازهێنان لە مافە سروشتیەکانى خۆ چەندان پێناسەى جیا جیاى لە بوارە جیاوازەکانەوە بۆ کراوە، من لێرەدا تەنها قسە لە رووە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانى دەکەم، بەڵام ماناى (نامۆبوون) وەک دیاردەیەکى دەروونى تەعبیر لە موعاناتى مرۆڤ دەکات لەگەڵ خۆى و کۆمەڵگەکەیدا، وەک چۆن لە مانا کۆمەڵایەتییەکەیدا تەعبیر لە ئیحساسى داماڵین لە خود و ئەوانیدیکە دەکات.
لاى هەر یەک لە (هۆبز) و (لوک) نامۆبوون لە رووە پۆزەتیفەکەیدا کردەیەکى ویستخوازانە و ئازادانەیە، بە مانایەکى دیکە قوربانیدانى تاکە لە پێناو بەرژەوەندى و سوودە گشتییەکانى کۆمەڵگە، هەروەها لاى (رۆسۆ)ش ئەو وازهێنانە دواجار لە پێناو ئاسایشى کۆمەڵایەتیدایە، بەڵام ئامانجى نێگەتیفانەى نامۆبوون لاى (رۆسۆ) لەوەوە دێت کە کۆمەڵگەو شارستانییەت مرۆڤ وەک بەندەى دامەزراوەکانى خۆى دەبینێت و بەردەوام لە سەر رەتاندنەوەو راوەدوونانى مرۆڤ کار دەکات، یان بە مانایەکى دیکە مرۆڤ وەک پاشکۆى دامەزراوەکانى تەماشا دەکات، لەو حاڵەتەدا مرۆڤ هاوگونجانە ئۆڕگانییەکانى خۆى ون دەکات، هەروەک چۆن (شیلەر)یش پێیوایە ئەو حاڵەتە رۆتینانەى دەزگاکان بە سەر مرۆڤدا دەیسەپێنێت جگە لە مرۆڤێکى شێواو شتێکى دیکەى لێناکەوێتەوە، بەمجۆرەش مرۆڤ لە هەموو رەفتارە جوانەکان دەبێتەوە.
ئەوەى بە شێوەیەکى گشتى نامۆبوون و داهێنان بە یەکەوە دەبەستێتەوە ئەو دڵەڕاوکێ قوڵەیە کە کەسى (نامۆ/داهێنەر) لەگەڵیدا دەژیت، دەرئەنجامى ئەو دڵەڕاوکێ قوڵەش دواجار لە خەیاڵدا خۆى دەدۆزێتەوە، بۆ ئەو تێڕوانینەش ئەگەر داهێنانە ئەوە بێت کە لە عادەتى ژیانى رۆژانەمان دادەبڕێت، ئەوە نموونەى مرۆڤى (کۆچەر، رۆشنبیر، نامۆ) لاى (ئیدوارد سەعید) ئەو مێوانە کاتیەیە کە هەمیشە شتەکان بە ناسروشتى دەبینێت، ئەو جۆرەش لە سەیرکردن لە ناپەیوەستبوونەوە لەدایک دەبێت، رۆشنبیرى ناپەیوەست یان پەراوێز بەردەوام پاسەوانى ئەو بەها ئەخلاقیانە دەکات کە ناهیلێت دنیا لە ناوەوە بۆگەن بکات، کەسێکە قبولى نییە بە ناوى ماڵ، زادگە، نیشتمان... بێحورمەتى و بەدرەوشتى بەرامبەر مرۆڤ و کۆمەڵگە بکرێت، کەسێکە بەردەوام لە جوڵە دایە لە دنیایەکدا کە گۆڕان بەڕێوەى دەبات. سەعید لەو وتارەى لە بارەى وێنەکانى رۆشنبیر، نووسیوویەتى: مرۆڤى تاراوگەنشین و ئاوارە سنوورەکان دەبڕێت و تەگەرەکانى نێو فیکر و ئەزموون لە خۆى دەکاتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەو گوتەیەى (فرانز فانون) یەکدەگرێتەوە کە لە بارەى مرۆڤى ئاوارەوە دەڵێت: مرۆڤى ئاوارە ئەو کەسەیە کە بە شێوەیەکى نێرگزییانە لە دنیا دەکشێتەوەو دەچێتەوە نێو خودى خۆیەوە، لەو حاڵەتە دەشێ بڵێین داهێنان لە بەیەکداچوونى رۆشنبیرییەکانەوە لە دایک دەبێت، هەر لە سەر ئەو بنەمایە داهێنەر دەبێت لە هەستێکى بێ لایەن و رووت و بێ خۆدانەپاڵ لایەنێک سەیرى دەوروبەر بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا وەک دەزانین کەسى نامۆ نە دۆستە نە دوژمن، بەڵکو کەسێکە شوناسى خۆى لە داهێناندا هەڵدەگرێتەوە. هەڵبەتە ئەو جۆرەش لە نامۆبوون بە پۆزەتیف وەسف دەکرێت.
بەمجۆرە نامۆبوونى پۆزەتیف داهێنانى لێدەکەوێتەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا وەک (شیلەر) دەڵێت خود لە دنیاى دەرەوە جیا دەبێتەوەو وەک بابەتێک بۆ جوانى تەماشاى دەکرێت، بەو مانایە خود ئازاد دەبێت. ئەو رستەیەى (شیلەر) راستەوخۆ (هیگل)مان بیر دەخاتەوە، هەڵبەتە وەک دەزانین مێژووى بەشەرى لاى (هیگل) مێژووى ململانێیە لە پێناو دڵنیایى ئازادى خودو سەربەخۆیى ئەوانیدیکە، ئەو ململانێیە لە سەر ئاستى کەسێتى درووست دەبێت، ململانێیەکە لە پێناو سەپاندنى خودو دواتر وەدەستهێنانى داننانى ئەوانیدیکە بەو خودە بێ ئەوەى نکۆڵیکردن لە ئارادا بێت. کەواتە ئەگەر جەختکردن لە سەر ئازادى ئەوە بێت کە مرۆڤ بۆخۆى خاوەنى خۆى بێت، ئەوە مەبەستى نامۆبوون لاى (هیگل) ئەوەیە کە مرۆڤ لە پێناو ئازادى مرۆڤە لە خۆى ئەوانیدیکە جیا دەبێتەوە.
بەمجۆرە هیگل پێیوایە ئەنتۆلۆژیاى داهێنان لاى کەسى نامۆ بریتییە: لە حاڵەتى جیابوونەوەى هوشیارى لە خود-و بوونى بە شتێک، هەڵبەتە رۆح لەو کاتەدا هەڵگرى بوونێکى سەربەخۆیە، رۆح لەو بارەدا دەبێت بە سرووشت، لە سەر ئەو بنەمایە (هیگل) فیکرەى رۆح بە خاڵى سەرەتاى راستەقینە دادەنێت، رۆح لاى ئەو بکەرە، بەو مانایەش جەوهەرى رۆح کارەو ماهیەتەکەشى ئازادییە. لێرەدا سرووشت لاى هیگل بە ماناى رۆحێکى نامۆ دێت، ئەوەش پرۆسیسێکى کاتییەو جارێکى دیکە رۆح دەگەڕێتەوە بۆ ناو خودو لەو بارە ئاساییە رزگار دەبێت، واتە سەرجەم گیانى خودو گیانى بابەت دەبنە یەک و گیانى بێ پایان پێک دێت، هەر کە رۆح نامۆ بوو ئیتر سرووشت پەیدا دەبێت و سرووشتیش هەموو مەیدانەکانى ژیان لەخۆ دەگرێت وەک هونەر ئایین ....
 

خۆدۆزینەوەو نامۆبوون


(هەندرێن) لە کتێبى (نیگاى دەست) دەڵێت: دەخەوم تا خەون ببینم، دەپرسم تاکو خۆم و ئەوانیتر بناسم، سەفەر بۆ دۆزینەوەى خۆم و زانیارییەکان دەکەم. ئەگەر سەیرى ئەو رستەیە بکەین دەبینین سێ چەمکى سەرەکى بونیادى رستەکە پێکدەهێنن: من، ئەوانیدیکە، سەفەرکردن، لە رێگەى ئەو پێکهاتەیەشەوە دەیەوێت بڵێت ئەوە منم لە رێگەى سەفەرکردن لێرەو لەوێ هەوڵى ناسینى ئەوانیدیکە دەدەم و زانیارى بەدەست دەهێنم، واتە وەدەستهێنانى زانیارییەکان لە رێگەى تەماشاکردن و ناسینى ئێرەو ئەوێ مەیسەر دەبێت، هەر لە رێگەى ئەو تەماشاکردن و ناسینەشەوە دۆزینەوەى (من، مەبەست خودە) دەکەینە خاڵى سەرەکى بەدواداچوونى ئەو قەسیدەیە، بە پێى ئەو بۆچوونە ئەگەر بمانەوێت قسە لە (هەندرێن-خود)و تاراوگە (هەندرێن-خود)و قەسیدەى (لە تەوتەمى کارمامزەکانى قەندیلەوە) بکەین، دەشێ (ئێرە/خود/ئەوێ) وەک پنتێک بۆ خوێندنەوە دەستنیشان بکەین و دواتر لە یەک توانەوەیان بە پێى تێڕوانینمان بۆ چەمکى (نامۆبوون) و (تاراوگەنشین) لێکبدەینەوە.
قسەکردنى من لە چەمکى (ئێرە/خود/ئەوێ) هەر تەنها بەر جوڵەى ناجێگیرى (شوێن/کات) ناکەوێت، بەڵکو بەو (خود)ە گۆشەگیرو نیگەرانەشەوە پەیوەستە کە هەوڵدەدەم لە رێگەى داهێنانى (وێنەى شیعری)یەوە لە چەمکى (نامۆبوون) و لە رێگەى (یادەوەری)یەوە لە چەمکى (تاراوگەنشین) نزیکى بکەمەوە.
بەمجۆرە خاڵى ئاوێتە بوون و لێکتووانەوەى (ئێرە/خود/ئەوێ) لەو قەسیدەیەدا لە وێنەى شیعرى وەک گوتراوى بینراو و ئیقاع وەک نەبینراو بیستراو دەردەکەوێت، لەوێشەوە هەستکردن بە چوونە نێو ژیان بە مانا (برگسۆن) ەکەى تەعبیر لە مەکان و زەمان دەکات، بەو مانایەش گەڕانەوەى شاعیر بۆ زێد و نیشتمان لەو وێنە شیعرییانەدا دەلالەتى ئەنتۆلۆژى گەورەى لەخۆدا هەڵگرتووە، بەڵام کاتێک لە خوێندنەوەى قەسیدەى (لە تەوتەمى کارمامزەکانى قەندیلەوە) رێگە بۆ بەدواداچوونى (یادەوەرى) و (وێنەى شیعرى) خۆش دەکەین دەبینین پەیوەندى نێوانیان پەیوەندییەکى هۆکارئامێز نییە، چونکە کۆى ئەو گەڕانەوەیەى لەو قەسیدەیەدا هاتووە ناشێ وەک کردەیەکى شیعرى بە دەنگدانەوەى دوێنێ ژمارى بکەین، ئەوەش لەوێوە دێت کە وێنەى شیعرى فەزاى ساتەوەختى نووسینى شیعر درووستى دەکات، نەک دەنگدانەوەى دوێنێ، دواجار لەبیرمان نەچێت شیعرییەت بوونێکى راستەقینەى نییە، بەڵکو بەردەوام لە رێگەى تەماشاکردن و خوێندنەوەى جیاوازەوە خەڵق دەکرێت و دەکەوێتە دەرەوەى بابەتخوازى و نێرگزییەتەوە، لەوێشەوە نە بڕواى منى گێڕەوە بۆ خۆى رادەکێشێت، نە منى لبیدۆى بێگەرد و نە بە یادهێنانەوە، نە هەڵگرى منێکى ئیرۆتیکى نەخۆشە، کردەى نووسینى شیعرى ساتەوەختێکى لە پڕو درەوشاوەیە، کردەیەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان وجودى شاعیر لە چوونە نێو پرۆسەى نووسینى شیعرییەوە، یان حاڵەتى شیعر نووسینەوە بەرجەستە دەبێت، وەک دەزانین بەرجەستەکردنى ئەو حاڵەتە لە (وجود) راستەوخۆ دەکەوێتە نێو خەیاڵەوە، خەیاڵیش تەواوى دەسەڵاتەکان لە عەدەمێکەوە بەرەو عەدەمێکى دیکە دەکاتەوە.
کەواتە ئەوە دەنگدانەوەى دوینێ نییە کە راستەوخۆ شاعیر دووبارەى دەکاتەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا شیعر دەبێتە نووسینەوەى مێژوو و شاعیریش دەبێتە مێژوونووس، بەڵکو ئەوە شاعیرە (وەک تاراوگەنشین)ێک وجودى لە بەرهەمهێنانى پرۆسەى نووسینى شیعرییدا، یان بە مانایەکى دیکە لە خەیاڵى شیعرییدا دەردەکەوێت، نەک مێژوو. بەو مانایە گەڕانەوەى شاعیر لەو قەسیدەیەدا بۆ زێد و نیشتمان... گەڕانەوەیەکى خەیاڵییانەیە بۆ ئەو ساتەوەختەى کە وجودى خۆى تێدا کۆ دەکاتەوە، ئەو ساتەوەختەش جگە لەشیعر و وێنەى شیعرى شتێکى دیکە نییە، ئەو ساتەوەختە ئازاد بوونە لە واقیعى تاراوگە، ئەو ساتەوەختەیە کە پەرتبوونى خۆى لە تاراوگە کۆ دەکاتەوەو لەوێشەوە بەرەو گۆشەگیرى و هەستى نامۆیى دەچێت. ئەگەر کۆى ئەو قسەکردنە قسەکردن بێت لە خودى شاعیر، ئەوە زاراوەى (ئێرە/ئەوێ) لەو قەسیدەیەدا جگە لە پەیوەندییەکى (مەکانى/زەمانى) بەرەو دوو جۆر لە بیرکردنەوەمان دەبات: یەکەمیان بیرکردنەوەى خوێنەرە، یان بە مانایەکى دیکە خوێنەر چۆن بیر لەو وێنانە دەکاتەوە؟ بێگومان بە نسبەت خوێنەر ئەگەر بەشێکى ئەو بیرکردنەوەیە بە ئامادەیى دەروونى و رۆشنبیریى و فەزاکانى خوێندنەوەوە بەند بێت، بەشێکى دیکەى پەیوەندى بە ئاستى داهێنانى وێنەکانەوە هەیە. دواتر لە رێگەى ئەو دوو هۆکارەوە دەشێ خوێنەر بتوانێت بە تواناو خەیاڵى خۆى بەشدارى لە بەرفرەوانکردنى رەهەندەکانى داهێنان و خودى داهێنانەوە بکات. دووەم ئەو ساتەوەختەیە کە شاعیر لە رێگەى نووسینى شیعرییەوە یان داهێنانى شیعرییەوە پێى دەگات، وەک دەزانین ئەوە دڵەڕاوکێیە دەریچەکانى ساتەوەختى داهێنان واز دەکات و ئازادى فەزاکانى دەنووسێتەوە، ئەو ساتەوەختەى کە ئازادى فەزاکانى رەنگرێژ دەکات، ساتەوەختێکى لەپڕو درەوشاوەو نادیارە هەر لەوێشەوە بە خەیاڵەوە دەلکێت، بەڵام ئەگەر خەیاڵى شاعیر بە (ئامادەى/نائامادە) ناوزەد بکەین، ئەوە خەیاڵى خوێنەر بە (نائامادەى/ئامادە) ناو دەبەین، یەکەمیان لە رێگەى نامۆبوونى (خودى- شاعیر) لە تاراوگە وەک کردەیەکى وجودى لە خەیاڵ دەردەکەوێت، یان بە مانایەکى دیکە وجودى شاعیر لەو حاڵەتەدا لە بوونى خەیاڵدایە، بەڵام دووەمیان لە رێگەى گەیشتنى خوێنەر بە (وێنەى شیعرى-بابەت) بەرەو خەیاڵ دەبێتەوە، واتە ئەوە وێنەى شیعرى، یان فەزاى شیعرییە خوێنەر بە شیعر دەگەیەنێت، هەر لەوێشەوە دەشێ بەرەو خەیاڵى بەرێت، دەمەوێت بڵێم ئەوەى بە (ئامادەى/نائامادە)ى خەیاڵ ناومان برد لەوتێگەیشتنەوە دێت کە شاعیر لەبابەت دەکشێتەوەو دەچێتە گۆشەگیرى خودى لەوێشەوە وەک نامۆیەک سەیرى دەوروبەرى دەکات، ئەو حاڵەتەش دەبێتە هۆکارێکى راستەوخۆو سەرەکى ئامادەیى خەیاڵ، لەو جۆرە ئامادەییەى خەیاڵ پرۆسەى نووسینى شیعر دێتە بەرهەم، داهێنانى شیعریش لەو قەسیدەیە تەعبیر لە چوونە نێو ژیان دەکات، بەڵام چوونە نێو ژیانێکى زیندوو نا، بەڵکو چوونە نێو ژیانێک کە لە سەر یادەوەرى وەستاوە، دەمەوێت بڵێم ئەوەى بە حەقیقى لە تاراوگە ئامادەیى هەیە خەیاڵى کەسێکى نامۆیە بە دەوروبەر نەک خودى شاعیر، بەڵام ئەوەى بە حەقیقى لە یادەوەرییەکاندا ئامادەیى هەیە چوونە نێو ژیانى ئەو خەیاڵەیە نەک کەسى تاراوگەنشین، بەو مانایە ئەوەى نائامادەیى خەیاڵ دەنوێنێ یادەوەرییە، نەک نامۆیى کەسى تاراوگەنشین.
کەواتە لەو خوێندنەوەیەدا زاراوەى (ئامادە) دەلالەت لە ئامادەیى نامۆییانەى کەسى تاراوگەنشین دەکات، واتە ئەوە ئامادەیى نامۆییانەى خودى تاراوگەنشینە لە تاراوگە لە رێگەى خەیاڵەوە وجودى خۆى دەنوێنێ، بەڵام زاراوەى نائامادەیى لە کردەى نووسینى ئەو قەسیدەیەدا ناچێتە نێو حاڵەتێکى دیاریکراوەوە، بەڵکو لە نائامادەیى هەمەرەنگى یادگارەکاندا وەک داهێنان دەدرەوشێتەوەو لەپڕ لە وێنەى جیاواز دەردەکەوێت. کەچى پێچەوانەکردنەوەى ئەو دوو زاراوەیە لاى خوێنەر بە شێوەى (نائامادەى/ئامادە)ى خەیاڵ لەوێوە دێت کە خەیاڵکردنى خوێنەر بەر لە گەیشتن بە وێنەى شیعرى (بابەت) لە بنەڕەتدا نائامادەیەو لە گەیشتنى بە بابەتەوە ئامادەیى خۆى دەنوێنێت، وەک گوتمان هەر لەوێشەوە دەشێ ئامادەیى لە بونیادنان و پرۆسەى داهێنان بکات، واتە دەشێ ئەو ئامادەییەى خوێنەر لە رێگەى بابەتەوە راڤەکردن و لێکدانەوەى جیاوازو هەمەرەنگى لێبکەوێتەوە کە بەشێکە لە داهێنانى پرۆسەى خوێندنەوە، لە یەکەمیان ئەوە تواناى خەیاڵە شیعر بەرهەم دێنێت، لە دووەمیان ئەوە ئامادەگى جیدییانەى خوێنەرە لە رێگەى وێنەى داهێنراوى شیعرى (بابەت) خوێنەر بەرەو خەیاڵ دەکاتەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە دەشێ لە بارەى خەیاڵى شاعیرەوە لەو رستەیە نزیک بکەوینەوە کە دەڵێت: وێنەى شیعرى ناسنامەیەکى دینامیکى تایبەت بەخۆى هەیەو راستەوخۆ بە ئەنتۆلۆژیاى حاڵەتى نووسینەوە بەندە، بەڵام ئەگەر خودى ئەو رستەیە بۆ خەیاڵى خوێنەر تەرجەمە بکەین دەبێ لەرێگەى (برگسۆن)ەوە بە چەمکى (دەرککردن) و (تەعبیرکردن)ەوە پەیوەستى بکەین. واتە خوێنەر چۆن وێنەکان دەرک دەکات، یان چۆن لە رێگەى هەستەکانەوە تەعبیریان لێدەکات، دواتر ئایا ئامادەیى خوێنەر لە پرۆسەى دەرککردن و تەعبیرکردن چەند دەتوانێت وەک داهێنەر لە رێگەى خەیاڵەوە بەشدارى لە داهێنان و چەندان دەرککردن و تەعبیرکردنى دیکەى جیاواز بکات؟
 

وێنەى شیعرى
لە نێوان تەعبیرکردن و دەرککردندا


وەک گوتمان ئەنتۆلۆژیاى داهێنان بە نیسبەت کەسى نامۆ لاى (هیگل) بریتییە لە جیابوونەوەى هوشیارى لە خود-و بوونى بە شتێک، هەڵبەتە ئەو شتە دواجار لە رۆحدا بەرجەستە دەبێَت و ماهیەتى رۆحیش لاى ئەو ئازادییە، لە سەر ئەو بنەمایە ئەگەر لەو قەسیدەیەدا قسە لە وێنەى شیعرى بکەین دەبێ بە رۆحەوە پەیوەستى بکەین، بەڵام نەک بەو مانایەى کە وێنەى شیعرى وەک شتێک یان ئەلتەرناتیفى شتێک سەیر بکەین، بەڵکو دەبێ بۆ بەدواداگەڕانى حەقیقەتى وێنەى شیعرى هەوڵبدەین تایبەتمەندییەکانى وێنە دراسە بکەین. دەمەوێت بڵێم کاتێک خوێنەر بە وێنەى شیعرى دەگات دەبێ هەوڵبدات ئاوێتەى خودى وێنەکان و تایبەتمەندییەکانى بێت، نەک پێیوابێت دۆزینەوەى (خود) و (بابەت) بەرەو تایبەتمەندییەکانى وێنەى دەکاتەوە، چونکە وەک (باشلار) دەڵێت: دوالیزمییەتى خود و بابەت لە سەر ئاستى وێنەى شیعرى یەک رەهەندى نییە، بەڵکو هەمەجۆر خۆى نیشان دەدات و بێ وەستانیش پڕشنگى لەپڕو چالاکانەیان لە گواستنەوەى وێنەکاندا دەدرەوشێتەوە. کەواتە ئەو وێنە شیعرییەى لە رێگەى خودەوە دراسە دەکرێت ناشێ هەر تەنها لەو رێگەیەشەوە تێیبگەین، هەروەک چۆن ئاسان نییە کردەى گواستنەوە لە خەیاڵى شیعرییەوە بۆ وێنەى شیعرى لەو وردەکارییە هەمەرەنگەى پڕشنگەکان بکەینەوە، کۆى ئەو قسەکردنەش لەوێوە دێت کە وێنەى شیعرى لاى (باشلار) پێش بیرکردنەوە دەکەوێت، هەر بەمجۆرەش دەگەینەوە (هیگل) بەوەى کە شیعر دیاردەگەرایى رۆحەو ئەوەى کە شیعر پێویستى پێیەتى درەوشانەوەى رۆحە.
ئەگەر بمانەوێت لە سەر ئەو بنەمایە قسە لە قەسیدەکەى (هەندرێن) بکەین، بۆ ئەو قسەکردنەش هەر دوو چەمکى (تەعبیرکردن) و (دەرککردن) وەرگرین، دەبینین چەمکى تەعبیرکردن زێتر خۆى لە تیشکۆى شوێن/یادەوەرى هەڵدەگرێتەوە، وەک چۆن دەرککردن دەکەوێتە نێوان (من/تاراوگە)، بەڵام بەر لەوەى ئەو دوو جۆرە تێگەیشتنە زێتر روون بکەینەوە پێویستە لە خستنە رووى قەسیدەى (لە تەوتەمى کارمامزەکانى قەندیلەوە) ئاماژە بەو ئەستێرانە بدەین کە شاعیر قەسیدەکەى لە (11) پارچەدا پێ جیا کردۆتەوە، کۆى ئەو جیاکردنەوانەش دەکەونە نێوان هەر دوو زاراوەى (لەوێمە/لێرەم) سەرەڕاى ئەوەى پەیوەندى نێوانییان پەیوەندییەکى (مەکانى/زەمانى)یە، بەڵام بۆ پشت راستکردنەوەى زێتر بە شێوەیەکى گشتى بەر لەوەى قسە لەو قەسیدەى (هەندرێن) بکەین، دەبێ بە خوێنەرى رابگەیەنین کە قەسیدەى ناوبراو لە کۆتایى (2007) لە شارى ستۆکهۆڵم/سوید نووسراوە، ئەو زانیارییە ئەگەرچى لە کۆتایى قەسیدەدا هەیە، بەڵام درکاندنى پێشوەختانە لە لایەک زاراوەى (لەوێمە) و (لێرەم) وەک شوێن زێتر ئاشکرا دەکات، لە لایەکى دیکە بۆ ئەوەیە پەیوەندى (من) و (شوێن) لە رووى زەمەنییەوە وەک هۆکارێکى سەرەکى خۆدۆزینەوەو نامۆیى بەرجەستە بکەین، وەک قەسیدەکە ئاشکراى دەکات کۆى ئەو پەیوەندییەش لەرێگەى (من)ەوە بەرێوە دەچێت.
 

(1)


بە شێوەیەکى گشتى ئێرەو ئەوێ لەو قەسیدەیەدا چ وەک شوێن، چ وەک زەمەن وەک گوتمان لە رێگەى (من)ەوە دیارى دەکرێت، واتە لەو پەیوەندییە جەدەلییەى نێوان من و زەمەن، من و شوێن، شاعیر وەک مرۆڤێک (لەوێ-بە نسبەت ئێرەى خوێنەر) لە رێگەى (خەیاڵى شیعریی)ەوە دەجوڵێَت، خودى ئەو (وجودە جوڵاوە)ش بە یادەوەرییەوە بەند دەکات:
لەوێمە،
تەوتەمى یادەوەرییم،
ماتەمینى دەنوێنێ.
پەنجەرەى نامۆیى لە گیانم دەبنەوە.
چاوێکم بە دواى شوێن راماوەو
پەرتبوونێک کۆ دەکەمەوە:
کانیلەى یادەوەریى چیایەکانت لێهەڵدەقووڵێ.
بێگومان ئاوێتە بوونى هەر دوو زاراوەى (یادەوەرى) و (نامۆیى) وەک تەعبیرکردن دەکەوێتە چوارچێوەى شوێنەوە، وەک چۆن دەشێ لە دەرککردنى رستەى سێیەمەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان چەمکى نامۆیى بە زەمەنیشەوە بەند بکەین، بەڵام وەک گوتمان چونکە (ئێرە)ى شاعیر وەک شوێن دەلالەت لە شوێنى نووسینى قەسیدەکە دەکات، ئەوە (ئەوێ) کە پەرەگرافى یەکەمى پێدەکاتەوە وەک شوێن بە نیشتمانەوە بەندە. لە لایەکى دیکە دەشێ ئەو (ئێرە)یەى نووسینى قەسیدەکە راستەوخۆ لە رێگەى پەیامە تایبەتیەکەى شاعیرەوە وەدەست بهێنین، بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەر دواى زاراوەى (پەرتبوون) بکەوین، دەبینین زێتر ونبوونێکى مەکانییە، بەڵام زاراوەى نامۆیى زێتر دەلالییە.
شاعیر لەو پەرتبوونەوە پێمان دەڵێت رەچەلەکى من لە ماتەمینى چیاکانەوەیە، ئەو حاڵەتەش راستەوخۆ بە یادەوەرییەکانەوە پشت راست دەکاتەوە، وەک چۆن (پەرتبوون- ونبوون)ەکەش دواجار نامۆیى رابەرایەتى دەکات، یان دەشێ بە جۆرێکى دیکە بڵێین لە بەدواداچوونى یادەوەرییەوە، نامۆیى بەرجەستە دەبێت. کەواتە ئەوە نامۆیى (ئێرە)ى نووسینە (ئەوێ) دەخاتە خانەى یادەوەرییەکانەوە.
بەمجۆرە شاعیر دەکەوێَتە بەر تیشکۆى شوێن و ئەو هێز و وزەیەى کە لە تیشکۆى شوێنەوە بەرى دەکەوێت وەک زەمەن لە ئێستاى شوێَنى نووسینى دادەبڕێت و لە رێگەى یادەوەرییەوە بەرەو دوێنێى دەباتەوە، دەشێ دوا رستەى ئەو کۆپلەیە (کانیلەى یادەوەرى چیاکانت لێهەڵدەقوڵێ) وەک دەرککردنى سۆزى گەڕانەوە بۆ نیشتمان، وەستانێکمان لا درووست بکات، لەو وەستانەدا بردنەوەى رەچەلەکى دوێنێ بۆ ماتەمینى وەک شوێن بە (چیا)کانەوە پەیوەست دەبێت و بردنەوەى پەرتبوون بۆ تاراوگە وەک شوێَن/کات بە نامۆییەوە دەلکێت.
 

(2)


لێرەم و زەناکانى ئەوێش بەناو پەراسووەکانم وەربووە.
نە مانگى سەرگەردان لە "دۆڵى شەهیدان"،
نە نیگاى کازیوەى بێدەنگیم،
دیرۆکى دەستنووسى سەر کەزى کیژانى گەریلا دەهۆننەوەو
نە هەتاوى ئەو هەرێمە درەنگەش،
تەمى زمانى کوڕانى گەریلا دەڕەوێننەوە.
کتێبى یادەوەریى منە:
چاوى ئەو چیایە لە تراویلکانە.
لە پەرەگرافى دووەم هەر لە رستەى یەکەمەوە دەشێ وەک زەمەن قسە لە یەکنزیکردنەوەى (ئێرە)و (ئەوێ) بکەین، ئەو لێکنزیکبوونەوەیەش لە بەدوادایەکداهاتنى مانگ و کازیوە هەڵگرینەوە، فاسیلەى نێوان (مانگ) و (کازیوە) لەو کۆپلەیەدا پرسێکە دەکەوێتە نێوان (سەرگەردان)ى نیشتیمان و (بێدەنگی)تاراوگەوە، ئەگەر مانگى سەرگەردان بە (دۆڵى شەهیدان) و دۆڵى شەهیدان لە رێگەى وشەى دۆڵەوە بە (کیژانى گەریلاوە) بەند بکەین، ئەوە رستەى (نیگاى کازیوەى بێدەنگیم) دەشێ دەلالەتى پرسى شاعیرى لەخۆدا هەڵگرتبێت، پرسێک کە یادەوەرى دەیهێنێ و دەکەوێتە نێوان (سەرگەردانى) و (دۆڵى شەهیدان)، ئەو پرسە دەشێ پرسێک بێت بکەوێتە نێوان کیژانى گەریلاو ترادیسیۆنى کۆمەڵگەوە...بەڵام دواجار بێدەنگى شاعیر (وەک پرس) هەر لە نێوان مانگ و کازیوەدا قەتیس نابێت، بەڵکو کازیوە تێدەپەڕێنێ و بەرەو هەتاو دەڕوا، بەڵام بەر لەوەى قسە لەو بەدوایەکداچوونە بکەین دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە پرسى شاعیر وەک شوێن لە ناوهێنانى (دۆڵى شەهیدان) تەعبیر لە پرسەکانى نیشتمان و ترادیسیۆنى کۆمەڵگەى کوردى دەکات، بەڵام کازیوەى بێدەنگى و هەتاوى درەنگ وەخت لە رەواندنەوەى تەمى زمانى کوڕانى گەریلا هەڵگرى جۆرێکە لە دەرککردن لە بڕوا نەبوونى سێنتەر (هەرێمى شاعیر) بە پەراوێز (نیشتمانى شاعیر) لە دایک دەبێت، بەڵام لەو نێوانەدا بەردەوام سێنتەر لە بەرامبەر زمانى گەریلا شکست دێنێت؟!
کەواتە لە نێوان (دۆڵى شەهیدان) و (هەتاوى هەرێمى درەنگ وەختەدا) پرسى شاعیر وەک زەمەن پرسێََکە دەکەوێتە نێوان ئەمڕۆ و دوێنێ، یادەوەرى و تاراوگە.. دواجار کۆى ئەو پرسەش لە چاوى چیادا دەرک دەکرێ.
 

(3)


لێرەمە،
لە چرپەى گوڵێکى کاکتۆسەوە،
بیابانێک لەو ماڵە دەڕسکێ.
پیتەکان کە نابن بە پەیڤ
تنۆک تنۆک تنۆک
بە سەر گەرمایى دەفتەرەکەمدا وشکدەبنەوە.
ماڵێک لە ئاوێنەى کاتەکان،
شوێنەکەت بە ئاوێنە دەکاتەوە.
هانایەک لە هەنار،
هێورانە پاییزى "نازەنین" بە یادتا دێنێتەوە.
بە تامێک لە دووکەڵى چا و
بۆنێک لە هەنگوینى دارەکەى بەر "بارەگاى دەراو"،
بە یادێک لە تاڵیى چایە داغەکانى "مەتارە"ى سەر پشکۆ،
شەکەتیت دەشکێنیى و
وەرزەکان کۆ دەکەیتەوە.
ئاوڕێک لە تابلۆى رەنگ پیریى سەر رەفە،
شنەیەک بە سەر شوێنپێیەکانى پێشمەرگایەتیت هەڵدەکا.
وەک ئەوەى عەدەمێک بانگت بکا،
هەنسکێک لە بەفرە پیرەکانى قەندیلەوە
زایەڵەى پرژاوى ئەم دڵەم دەژەنێ.
لە کۆپلەى سێیەم بە دەستەواژەى (لێرەمە) وەک شوێنى نووسینى قەسیدە مەنفا بە بیر خوێنەر دەهێنێتەوە، مەنفا دەبێتە ئاوێنەبەندى شاعیر و ئیتر کاتێک پیتەکان لە سەرماندا نابنە پەیڤ تنۆک تنۆک بە سەر گەرماى دەفتەرى ئەو وشکدەبنەوە، بە مانایەکى دیکە لە گۆشەیەکى تاراوگەدا لە میانى خەیاڵ بە سەر شیعردا وشکدەبنەوە.
لەو کۆپلەیە ئاماژەکانى خوێندنەوەم لە نێوان ساردو سڕى تاراوگە بە ماناى (پەرتبوون) و گەرماى دەروونى شاعیر بە ماناى (خەیاڵ) چڕ دەکەمەوە، بەڵام دواجار ئەوە ئاوێنەى ژوورەکانى مەنفا نییە، ئەوە بەفرى سپى مەنفا نییە شاعیر بەرەو خۆى کێش دەکات بەڵکو ئەوە گەرماى دەروونە لە رێگەى تەعبیرکردنى (هانایەک بۆ هەنار) پایزى (نازەنین) و (دوکەڵى چا) و (بارەگاى دەوار)... شەکەتى شاعیرى تاراوگەنشین دەشکێنێ، واتە لە برى ئەوەى لە شوێنە بە ئاوێنەبووەکان و چرپەى گوڵى کاکتۆسەوە هەوڵى کۆکردنەوەى پەرتبوونەکانى خۆى بدات و رابردوو لەبیر خۆى بەرێـتەوە و تەمەنى خۆى بە جۆرێکى دیکە رەنگ بکات، لە رێگەى خەیاڵ یادگارییەکانى تەمەنى کۆ دەکاتەوە.
پرسى منى خوێنەر لەو نێوانەدا بەر لەوەى وەک تەعبیرکردن و دەرککردن خۆى لە دوێنێ و ئەمڕۆ قەتیس بکات، هەوڵدەدات لە نامۆبوون و خۆدۆزینەوەدا بێتە ناوەوە، ئەگەر وەک گوتمان نامۆبوون لە هەستى تاراوگەبوونەوە بەرجەستە بێت (پیتەکان نەبن بە پەیڤ)، ئەوە خۆدۆزینەوە پەیوەندى بە سۆزى نیشتمانەوە هەیە (لەسەر رەفە ئەرشیفکراوە).
دواجار هەر لەو کۆپلەیەو لە رێگەى شنەبایەکەوە پێمان دەڵێت: تەمەنى من لە نێوان شوێن و بەرگریکردن لە شوێن، لە نێوان قەندیل و پێشمەرگایەتى عەدەمێکە، عەدەمێک ئێستا ئەو دڵەم دەژەنێ.
 

(4)


لەوێوە،
رووبارە هەڵچووەکەى "پشت ئاشان"،
بەناو جەستەما رادەکا.
بۆن نانێکى برژاوى "سوورە دێ" و
کەوزەى بەر کانییەکەى "بۆڵێ"،
پەرتبوونێک لە بوونتدایە:
ئاخاوتنت لە دووڕیانى تاراوگەیە.
لە پەرەگرافى چوارەمدا بە دەستەواژەى (لەوێوە) وەک شوێن لە رێگەى یادەوەرییەکانەوە دووبارە نیشتمان: پشت ئاشان، سوورە دێ، بۆڵێ... تەى دەکاتەوە، بەڵام کۆى ئەو یادەوەرییانەش بایى ئەوە ناکەن کە پەرتبوونى شاعیر بڕەوێنێتەوە، لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ بڵێین ئامادەیى نیشتمانیش دواتر لەو عەدەمە بەدەر نییە کە لە کۆپلەى پێشوو قسەمان لێکرد، بە مانایەکى دیکە وەک لە دوا دێرى ئەو کۆپلەیە دەردەکەوێت کۆى ئەو پەرتبوونانەى (هەندرێن) راستەوخۆ پەیوەندییان بە دووڕیانى تاراوگە دایە، دووڕیانى تاراوگە دەلالەتى ئێستا و دوێنێى هەڵگرتووە، گەڕانەوەو نەگەڕانەوە... تەعبیر لە حاڵەتى بەردەوامى نامۆیى و خۆدۆزینەوە دەکات، ئەو هەستە وەک شێوەیەک لە شێوەکانى (بوون) لەو دووڕیانە ئامادەیى هەیە، بەڵام بوونێک سەرێکى لە پەرتبوونى تاراوگە دەردەکەوێت و سەرێکى دیکەى لە یادگارەکانى تەمەن.
 

(5)


لەوێوە هەرێمێک بە ناوما رادەسێ،
هەورێک لە دەنگما تلدەبێتەوە.
بارانێک لە بوونتەوەیە دادەکا.
چرپەیەک لە رەوەزەکانى دڵت دەزرینگێتەوە
هەنجیرێک راڕەوى بیرهاتنەکان ئاوەدان دەکاتەوە:
چیایەکان لە بن مانگدا دەدرەوشێنەوە.
کۆپلەى پێنجەم دەشێ وەک شوێن درێژکراوەى کۆپلەى چوارەم بێت، ئەوەى بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو جیاى دەکاتەوە ئەوەیە کە لەو کۆپلەیەدا وازهێنان لەخۆ وەک یەکێک لە خەسڵەتە هەر دیارەکانى نامۆبوون دەرک دەکرێت، ئەو ئیحساس داماڵینە لە خود و خۆدانە پاڵ چیاکان ئەگەرچى لە رووە پۆزەتیفەکەى کردەیەکى ویستخوازانە و قوربانیدانى تاکە لە پێناو بەرژەوەندیە گشتییەکانى کۆمەڵگە، بەڵام لە رووە نێگەتیفەکەى لە دەستدانى هاوگونجانى و بە پاشکۆکردنى خودى لێدەکەوێتەوە، هەمیشە لە کردەى بە پاشکۆکردنى خود جۆرێک لە پەرگیرى ئامادەیە، پەڕگیریش لە تووندوتیژى بەدەر نییە.
 

(6)


لێرەمە،
شارێک لە سەر سنگى شەو خەو دەیباتەوە.
تۆش وەک ئەوەى خۆم بیت و
خەریکە سێبوورى بێخەویى و
فوارەى لاسکى گوڵێکى ئاو نەدراو لە دڵما،
دەدەیتەوە.
پچڕانێک
لەنێوان ئەوێ و ئێرەدا دەملەرێنێتەوە.
وەک سێبەر،
بە بەرۆکى چیاکانەوە شۆڕ دەبێتەوە.
مامزەکان بە پڕمەکانییانەوە،
هەروەک یادەوەریى تاگرتووى من،
بە تتتەو...و تتەم..م..گڕ
ڕڕکانییى گرریانى گگرتبێ..ێ ێ
بەناو راڕەوى سەفەرەکانى من دەڕڕەونەوەە.
لە سەر رانى بنارێ،
ناڵەى شوانێک لە باڕەى رانە مەڕێکدا
دەنگگدەەدداتەوەە..
گیاندانى "ئایشێ" لە سەر دووگوردێکى گیایى
دووکەڵێک بە دواى قاچى بڕاوى بایێ.
وەک هەرەسى بەفرەکەى سەر شانى "ئاشقۆڵکە"،
لەو دیوى دڵم،
لەمدیوى دەنگم، لەو سەرى بینیایى منا:
ئەم بوونە، دەلەرێێێتەوەەە.
ئەو کۆپلەیە بە وشەى (لێرەمە) مەنفا دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەیەک، لێپرسینەوەیەک کە تەعبیر لە بێدارى و بێ نەوایى کەسى مەنفیکراو دەکات، بەوەى کە شارێک لە سەر سینگى خەو دەیباتەوە، ئەویش بێدارە!!
بەڵام لێرەدا وەک دەرککردن بێخەوى شاعیر پەیوەندى بە شوێنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە پرسێکى تراژیدییەوەیە، پرسێک کە شاعیر لە نێوان ئێرەو ئەوێ دەهێنێ و دەبات، دەشێ ئەو پرسە وەک چۆن پرسێکى مرۆییە، پرسێکى وجودیش بێت!
لە قەسیدەکەدا راناوى (ئەو) وەک راوەنراوو بە پەراوێزکراوو نامۆیەک خۆى لەو رستە شیعرییەدا هەڵدەگرێتەوە، کە دەڵێت: (تۆش وەک ئەوەى خۆت بیت و خەریکە سێبوورى بێخەویى و فوارەى وەرینى لاسکى گوڵێکى ئاو نەدراو لە دڵما، دەدەیتەوە) لەو رستەیەدا ئەگەر (تۆ) ئەو بەشەى (هەندرێن) بێت کە دەکەوێتە نیشتمان، ئەوە (م)ى راناوى لکاوى وشەى (لە دڵما) دەبێتە بەشەکەى دیکەى نێو مەنفا، کەواتە ئەو رستەیە پرسێک ئاراستە دەکات کە هەستێکى تراژیدى دەخاتە نێوان ئێرەو ئەوێ.
بەمجۆرە بێداربوونى (من)ى تاراوگەنشین لە بەرامبەر تاراوگە هەر تەنها پەیوەندى بە تراژیدیاى شوێن وەک جوگرافیا و زەمەن وەک مێژوو نییە، بەڵکو وەک ئەخلاق جۆرێکە لە پرسى منى تاراوگەنشین و منى نشتیماپەرەوەر. ئەو هەستەش لە رێگەى ئاماژەکردنى بۆمبا بارانکردنى نیشتمان بە چەکى خۆرئاوا لە قەسیدەکەدا بەرجەستەتر خۆى دەنوێنێ، دەشێ هەر لەو تەماشاکردنەى شاعیر بۆ خۆرئاوا ئاماژە بە جۆرێکى دیکەى نامۆبوون بکەین، چونکە هەر ئەو پرسەیە بۆ خۆى دەبێتە فەزایەک بۆ (خۆتاوانبار) کردن، فەزایەک کە لە دژبوونەوەى نێوان (سێنتەر) وەک عیلمانییەکى ستەمکار و نیشتمان وەک پەراوێزێکى ستەمدیدە بەرجەستە دەبێت، هەر ئەو هەستەشە بەردەوام بیرى گەڕانەوەو چاوەڕانى گەڕانەوە لاى (هەندرێن) سەوز دەکاتەوە، بەو مانایەش دەشێ پرسى (هەندرێن) راستەوخۆ پرسى مرۆڤێک بێت کە چەوسانەوە بە هەموو ماناکانییەوە رەتدەکاتەوە، بۆیە دواجار ئەو پرسە وەک لەو قەسیدەیە دەردەکەوێت رووبەرووى نیشتمانیش دەکرێتەوە!
بەمجۆرە دەگەینە ئەوەى کە پرسى (هەندرێن) هەر تەنها پرسى گەڕانەوەو نەگەڕانەوە نییە، بەڵکو پرسە لە بەرامبەر مرۆڤ و چەوسانەوە، مرۆڤ و شوێن، مرۆڤ و مێژوو:
گیاندانى "ئایشێ" لە سەر دووگوردێکى گیایى
دووکەڵێک بە دواى قاچى بڕاوى بایێ.
 

(7)


لێرەم و لەوێش بووم،
بایەکیش دەمنادەم کە رێگا وێڵدەکا،
گەڵا بە گەڵاى درەختە تەنیاکەى ئەو دیوى پەنجەرەو
تەمى رامانى سەر پێڵوەکانم،
بە چەپۆکەکانى دەفڕێنێ.
لەو کۆپلەیەدا بە (لێرەو لەوێش بووم) پرسى کۆپلەى پێشوو درێژ دەکاتەوەو بە پرسى دووڕیانى تاراوگەى دەلکێنێت، لە پرسى دووڕیانى تاراوگە لەو قەسیدەیەدا (هەندرێن) نیشانەکانى شیزۆفرینیاى لێدەردەکەوێت، بە مانایەکى دیکە دەمەوێت بڵێم دواجار ئەو قەسیدەیە لە (نائامادەیى) منى تاراوگەنشین و (ئامادەیى) منى یادەوەرییەکان دێتە بەرهەم، بەڵام ئەگەر نائامادەیى منى تاراوگەنشین لە رێگەى نامۆبوونەوە بەرەو خەیاڵمان بەرێت، ئەوە ئامادەیى منى یادگارییەکان لە وێنەگرتنى نەزۆکانە و تەعبیرکردنێک کە ئەگەر مەسەلە تراژیدییەکانى لێدەربکەیت زۆر سادە و فۆتۆگرافیانە دەکەونەوە لەوە زێتر شتێکى دیکەمان بۆ دووبارە ناکاتەوە، دەمەوێت بڵێم بەرهەمهێنانى ئەو قەسیدەیە هێندەى پەیوەندى بە خەیاڵى جێگیرنەبووى تاراوگەوە هەیە، هێندە رۆڵى دڵنیایى یادەوەرییەکانى تێدا ونە. هێندە دەرککردن رۆڵى تێدا دەبینێ، هێندە تەعبیرکردن سادە دەکەوێتەوە. بەو مانایەش ئەوەى (هەندرێن) لە نووسینەوەى ئەو قەسیدەیە پێى دەژى خەیاڵى داهێنەرانەیە، نەک ئەو یادەوەرییە نەزۆکانەى دەکەونە نێوان (هەندرێن) تاراوگە.
 

(8)


لەوێوە،
گوێزە برژاوەکانى بنارە سووتەمەڕۆکەى ئەوبەرى بارەگاو
بەفرە باریوەکان بە سەر رامانى سپێدە زووەکانى زستانى "پشت ئاشان"
دەتکەنە شەبەنگى شوێنەکان.
تەوتەمى مامزەکان دەنووسێتەوە:
زیندەخەوێکى سەر هەیوانى ئەم تاراوگەیە.
ئەو کۆپلەیە بە وشەى (لەوێوە)، رۆحى (هەندرێن) وەک کەسێکى گەڕاوە بۆ نیشتمان بە خەیاڵى شیعرییەوە دەلکێنێ و لەوێشەوە هەوڵى بەرجەستەکردنى یادەوەرییە تراژیدییەکانى پێشمەرگایەتى نوێ دەکاتەوە. لەو کۆپلەیەدا رۆحى هەندرێن شەبەنگى شوێنەکانەو بە ئازادى لە نێوان نووسینەوەى تەوتەمى مامزەکان و زیندە خەونى تاراوگە دێت و دەچێت، هەر لەوێشەوە نیشتمان وەک تراژیدیا، زیندەخەونى تاراوگە لەخۆ دەگرێت.
 

(9)


لەوێوە، چیایەک لە چاوى تاراوگەدا هەڵدەچێ.
لێرەوە،
ئەو دەمەى ئەستێرەى کاروانکوژە
بەناو بووڵێڵى یادەوەریم وێڵدەبێ.
هەتاوێک بە سەر "کونە کۆتر"دا پەرکەم دەیگرێ،
چڕینێک لە گەواڵە،
قەف قەفى لۆچەکانى سەر روومەتى ترۆپک و
چین چینى سێبەرى سەر رەزى ترێى بن بەفرى قەدپاڵێ،
وەک هەنگى پەیڤە لێچڕژاوەکانى دەنگى من،
بەرەو بوون
گێژژژ دەخۆن.
ئەوەتا ئەم دڵەم لە چیایە،
وەک چلوورە،
بە ئاسمانەوە
شۆۆڕ دەبێتەوەەە.
مانگێکى منداڵ لە قەدى کەزى کیژانا رازاوە.
رووبارێکى هۆڕەکردوو بە سەر برینى کەناریا:
بێ ماڵیى دیرۆکیى ئێمە دەلاوێنێتەوە.
لەو کۆپلەیە دووبارە بە وشەى (لەوێوە) دێتە ناوەوە، بەڵام ئەو جارەیان نیشتمان بەرامبەر تاراوگە و تاراوگە بەرامبەر نیشتمان دەکاتەوە. لەو تەعبیرکردنە دەمەوێت بڵێم هەندرێن لە گەڕانەوە بۆ نیشتمان هەوڵدەدات هەستى بەریەککەوتنى (جیهان وەک ماڵ) و (تاک ماڵى) دەرک بکات، دەیەوێت لە وشەى (لێرەوە) لە رێگەى یادەوەرییەکانى وەک زەمەن بەرەو (بوون) بێتەوە، بەڵام شوێن لەو کۆپلەیەدا بە چەمکە سرووشتییەکەیەوە بەندە، بەمجۆرە بێ ماڵى دەبێتە مێژووى ئەو ماڵە، ئەگەر بەشێک لەو بێ ماڵییەى (هەندرێن) بەشێک بێت لە نامۆیى ئەو بە شوێن، ئەوە بەشێکى دیکەى پەیوەندى بە ئازادبوونى رۆحدا هەیە!
 

(10)


لەوێوە بۆ ئێرە،
وەک پەیڤیڤینێک لە نێوان بنارو پێدەشتى تەنیاییەک،
بە ناوما گەشت دەکەن.
تاسەیەک دەمززرینگێێنێتەوە.
مێژوویەک لە ماڵى ئەم چیایە مێوانە،
چیایەک لە ماڵێکى تاڵانکراو،
لە بچمى سۆزانیى جیهانێک دەڕوانێ.
"فرۆکەوان"ێک لە وڕێنەى گرمەکان،
"عیلمانییەکى نەخۆش" لە "جەنەڕاڵ"،
بە سەر چیاکانەوە دەڕششێنننەوەەە.
ئەو دەمە
قەندیل بەرزتر، راساوتر:
چاوى جیهان دەتەنێتەوەەە.
ئەو پەرەگرافە بە دەستەواژەى (لەوێوە بۆ ئێرە) یان تێکەڵبوونى شوێنەکان دەست پێدەکات، هەر لەوێشەوە دەلالەتى بێ شوێنى تۆختر دەکاتەوە، وەک چۆن شەبەنگبوونى هەندرێنیش لەو بێ شوێنیە راساوتر چاوى جیهان دەتەنێتەوە.
دواجار لەو گەڕانەوەیەدا مێژووى ماڵێک دەبینێ کە هەتا ئێستا غەرقى ستەم و بێحورمەتکردن و بێنرخکردنى مرۆڤە، بۆیە لە برى ئەوەى ماڵ بێتە میتافۆرى دڵنیایى و پشوودان، دەبێتە شوێنى گومان و هەستکردن بە نامۆیى، بەو مانایەش هەندرێن وەک شوێن بە مانا سرووشتییەکەى بەردەوام نامۆ دەکەوێتەوە، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش پرسى (هەندرێن) لە بەرامبەر عیلمانییە نەخۆشەکەى خۆرئاوا کە بە سەر چیاکانى نیشتمانەکەى دەڕشێتەوە هێندەى پرسى رۆحێکى ئازادە، ئەوەندە نەتەوەخوازانە نییە. وەک چۆن گەڕانەوەى بۆ زادگا ئەوەندەى گەڕانەوەیە بۆ سرووشت ئەوەندە گەڕانەوە نییە بۆ نیشتمان، دواجار ئەو پرسە هەر تەنها ئاراستەى زادگا ناکرێت، بەڵکو بەرامبەر تاراوگەش دەکرێتەوە.
 

(11)


لێرەڕا لەوێڕا
تەوتەمى مامزەکانى راڕەوەکانى ناو دەنگى من،
وەک زەناى تەمەنى پێشمەرگایەتیى و
چرپەى بیرهاتنەوەکانى من،
زەنگیانەى رەنگینى خەناوکەیەکى پچڕاوى پاییزان،
بە گەردەنى شاخەکانەوە ئاڵاوە.
لێرەوەەە لەوێوەەەە
غەوارەیى بوونیى من:
ئاوەدااان دەکەنەوە.
دووبارە لەو کۆپلەیەشدا دەستەواژەى (لێرەرا-لەوێرا) یان تێکەڵبوونى شوێنەکان درێژ دەبێتەوە، ئیتر تەمەنى پێشمەرگایەتى کە بە گەردنى شاخەکانەوە نووساوە چیتر وەک شوێن (هەندرێن) لەخۆ ناگرن، بۆیە هەم (لێرە)و هەم (لەوێ) تەنها دەتوانێت غەوارەبوونى خۆى ئاوەدان بکاتەوە، کەواتە غەوارەبوونى (هەندرێن) تووڕەبوونێکى فرە رەهەندەو هەموو شوێنەکان بە ناشوێنەوە پەیوەست دەکات، بە دیوەکەى دیکەش لەگەڵ خود و دنیا و دەورووبەر دەکەوێتە پەیوەندییەکى سادۆماسۆشییەوە، بۆیە کاتێک تەسلیمى دۆخە سایکۆلۆژییەکەى دەبێت بۆ ئەوەى بڵى (هەم) دەبێتە پاشکۆى یادەوەرییەکانى و سۆزى بۆ نیشتمانى دەجوڵێت، بەڵام کاتێک لە پرسى گەڕانەوەدا، ماڵ لە پرۆسەى کوشتنى دانەبڕاودا دەبینێت ئیتر ناتوانێت هەڵبکات ئاڵاى عەدەمییەت بەرز دەکاتەوە، لەو عەدەمەوە هەوڵى درووستکردنى فەزایەکى شیعرى و رۆحێکى ئازادى تێدا دەجوڵێت، فەزایەک کەتێکەڵە لە رەگەزەکانى پەرتبوون و کۆکردنەوە، نامۆیى و خۆدۆزینەوە.
بەمجۆرە تاراوگە بوونى هەندرێن لە سزادانێکى سیاسییەوە بەرەو چەندان سزادانى دیکەى جیاوازى دەبێتەوە، وەک چۆن لە تێکچوونى پەیوەندى بە شوێنى یەکەمەوە دووچارى چەندان تێکچوونى دیکەى شوێن دەبێتەوە، لە کۆچى یەکەمەوە بەرەو چەندان کۆچى جیاواز....
دواجار لە میانى ئەو قەسیدەیەوە وەک چۆن جێگیرنەبوونى (بوون)، لە رێگەى رۆحى ئازادو خەیاڵى شیعرى بەرجەستەیە، بە هەمان شێوەش تێکەڵبوونى شوێنەکان لە میتافۆرى تاک ماڵییەوە بەرەو جیهان وەک ماڵمان دەکاتەوە، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەتوانین بڵێین ئەو قەسیدەیە وەک جیهانبینى لە جوڵەو گەڕان و گۆڕاندا خۆى دەدۆزێتەوە، وەک چۆن لە رێگەى خەیاڵ و یادەوەریدا (نەبوون)ى خۆى بە شیعرییەتەوە پەیوەست دەکات.