به ره‌سه‌نكردنى ده‌ق
میتۆدى بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى لۆسیان گۆڵدمان
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
(فرۆید) پێیوایه داهێنان كۆمه‌ڵێك ئاره‌زووى چه‌پێنراوى نه‌سته (له سه‌ر ئاستى
تاك) له میانه‌ى ململانێى ئیگۆ و ئید هه‌ناسه ده‌دات، به مانایه‌كى دیكه
داهێنان تێركردنى ئاره‌زووه نه‌ستیه‌كانه له‌رێگه‌ى خه‌یاڵه‌وه پراكتیزه ده‌بێت
و سێكس رۆڵى گرینگى تێدا ده‌گێرێت. به‌ڵام (یۆنگ) ته‌ئكید له‌لایه‌نه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ش داهێنان لاى ئه‌و هه‌وڵدانى منه بۆ
گه‌یشتن و خۆلكاندنى به ئێمه، ئه‌وه‌ش دروستكردنى رستێك په‌یوه‌ندییه له‌نێوان
داهێنه‌رو ئه‌و ده‌سته‌جه‌معه‌ى كه داهێنه‌ر ئینتیماى بۆ هه‌یه. ئه‌گه‌رچى ئه‌و
دوو نموونه‌یه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به باسه‌كه‌وه هه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا
هه‌رگیز نامه‌وێت بكه‌ومه به‌راوردكرنه‌وه، به‌و مانایه‌ش ده‌شىَ ئه‌و دوو
نموونه‌یه له لایه‌ك جیاوازییه‌كان قوڵ بكه‌نه‌وه، له لایه‌كى دیكه ده‌شىَ
خوێنه‌ر بخه‌نه سه‌ر جۆرێك له به‌دواداچوون و بیركردنه‌وه له‌و دوو نموونه‌یه‌و
هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌گه‌لى دیكه‌وه.
(1)
بونیادگه‌رى له رۆشنبیریى خۆرئاوادا ساڵى (1916)
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى كتێبه زمانه‌وانییه‌كه‌ى (سوسێر) هاته ئاراوه، هه‌ڵبه‌ته
(سوسێر) پێیوایه كه زمان سیستمێكه له كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێكهاتووه، ئه‌و
ره‌گه‌زانه به شێوه‌یه‌كى كارفرمایى و وه‌سفییه‌وه كارلێكده‌كه‌ن. كه‌واته
بونیادگه‌رى رێبازێكى وه‌سفئامێزه له خوێندنه‌وه‌ى ده‌قى ئه‌ده‌بیدا پشت به دوو
هه‌نگاوى بنه‌ڕه‌تى ده‌به‌ستێت،كه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و پێكه‌وه‌نانه‌و چه‌ندان جۆرى
هه‌یه وه‌ك: بونیادگه‌رى زمانه‌وانى، سه‌ردى، شێوازگه‌رایى، شیعریى، دراماتۆرى،
سینه‌مایى، سیمیۆلۆژى، سایكۆلۆژى، ئه‌نترۆپۆلۆژى، فه‌لسه‌فى،1
هه‌روه‌ها بونیادگه‌رى له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له میتۆده ده‌ره‌كییه‌كانى وه‌ك میتۆدى
سایكۆلۆژى، کۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى، بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى، دژ ده‌كه‌وێته‌وه.
بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى لاى (لۆسیان (گۆڵدمان) وێناكردنێكى زانستییانه‌ى ژیانى
مرۆڤایه‌تییه‌و ده‌كه‌وێته میانى سۆسیۆلۆژیاى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌ده‌بییه‌وه، وه‌ك
چۆن چه‌مكه ئه‌بستمیه‌كانى (هیگل) و (ماركس) و (جان بیاجىَ) ده‌كاته بنه‌ما، به
هه‌مان شێوه‌ش له سه‌ر ئاستى سایكۆلۆژییه‌وه سوود له وێناكردنه‌كانى (فرۆید)
وه‌رده‌گرێت،له لایه‌كى دیكه‌ش له سه‌ر ئاستى مێژوویى ئاوێزانى (گرامشى) و
(لۆكاچ) و (ماركسییه‌تى لۆكاچى) ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ئامانجى كتێبى
((به‌ره‌سه‌نكردنى ده‌ق، میتۆدى بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى))2
قسه‌كردنه له سه‌ر ((جیهانبینى كارى ئه‌ده‌بى)) داهێنه‌رانه‌وه، كۆى ئه‌و
قسه‌كردنه‌ش له دواى دیاریكردنى بونیاده ده‌لالییه‌كانى ده‌ق، له دوالیزمییه‌تى
((تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه)) هه‌ڵده‌گرێته‌وه.
لۆسیان (گۆڵدمان) سه‌ر به قوتابخانه‌ى ماركسییه‌و یه‌كێكه له قوتابى و
په‌یڕه‌وانى (جۆرج لۆكاچ) كاره‌كانى ده‌كه‌وێته نێوان سۆسیۆلۆژیاى کۆمه‌ڵایه‌تى و
سۆسیۆلۆژیاى ئه‌ده‌بییه‌وه، له ساڵى (1913) له شارى (بوخارست) هاتۆته دنیاوه‌و
ته‌مه‌نى منداڵى له شارى (بۆكۆزالن)ى (رۆمانیا) به سه‌ربردووه، دواى
وه‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى (بكالۆریا) له (بوخارست) چۆته (كۆلیژى ماف) هه‌ر
له‌وێشه‌وه بۆ یه‌كه‌مینجار ئاشناى كاره‌كانى (ماركس) بووه. له ساڵى (1933) له
بوارى ئابوورى سیاسییه‌وه تێزى دكتۆراى ئاماده كردووه، هه‌ر له هه‌مان ساڵیش
ئیجازه‌ى له زمانى (ئه‌ڵمانى) وه‌رگرتووه. ساڵى (1940) له ترسى ئه‌ڵمانیاى
داگیركه‌ر به‌ره‌و (فه‌ره‌نسا) رایكردووه، پاشان به شێوه‌یه‌كى نافه‌رمى به‌ره‌و
(سویسرا) ده‌چێت و له‌وىَ له یه‌كێك له سه‌ربازگه په‌ناهه‌نده‌ییه‌كان تا ساڵى
(1943) ده‌مێنێته‌وه، ئینجا به هۆى (جان پیاجىَ)وه رێگه‌ى خوێندنى بۆ خۆش
ده‌كرێت له زانكۆى (زوریخ) رێگه‌ى پێده‌درىَ خۆى بۆ تێزى دكتۆرا له فه‌لسه‌فه
ئاماده بكات و پاشان تێزى دكتۆراى له سه‌ر (كانت) پێشكه‌ش ده‌كات و دواتر له
زانكۆى (جنیڤ) وه‌ك یاریده‌ده‌رى (جان بیاجىَ) ده‌ست به‌كار ده‌كات.
له دواى ئازادبوونى فه‌ره‌نسا بۆ (پاریس) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و خۆى بۆ تێزى دكتۆرا له
ئه‌ده‌ب ئاماده ده‌كات، ئه‌و تێزه‌ى له ژێر ناونیشانى (خواوه‌ندى شاراوه،
لێكۆڵینه‌وه له مه‌رگه‌ساتى باسكال و شانۆى راسین) پێشكه‌ش ده‌كات، له‌و تێزه‌و
له رێگه‌ى بونیادى زه‌ینى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، قسه له دنیابینى تراژیدیانه
ده‌كات، جگه له‌وه‌ش چه‌ندان پایه له نێو زانكۆ به‌ده‌ست ده‌هێنىَ و دواتر به
ته‌واوى خۆى بۆ قسه‌كردن له باره‌ى گرفته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى خۆرئاوایى هاوچه‌رخ
ته‌رخان ده‌كات، له ساڵى (1970) كۆتایى به ژیانى دێت.
(2)
بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى وه‌ك چۆن زانستێكه له
باره‌ى مرۆڤایه‌تییه‌وه، ده‌دوێت به هه‌مان شێوه‌ش هه‌وڵده‌دات ئه‌رزش بۆ كارى
ئه‌ده‌بى و فیكرى دابنێت بىَ ئه‌وه‌ى له مێژووى كۆمه‌ڵگه جیاى بكاته‌وه،
هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌مه‌ته‌قێیه‌ش ناخاته دواوه كه به شێوه‌یه‌كى په‌نهان
ده‌كه‌وێته پشت به‌رده‌وامییه‌ت و نوێكردنه‌وه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌وه. هه‌ر له سه‌ر
ئه‌و وێناكردنه‌ش (گۆڵدمان) جیاوازییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له (فرۆید) و
(ماركس) ده‌خاته روو. ئه‌گه‌ر جیاوازى له‌گه‌ڵ (فرۆید) په‌یوه‌ندى به نه‌ستى تاك
و نه‌ستى كۆوه هه‌بێت، ئه‌وه جیاوازى له‌گه‌ڵ (ماركس) ده‌كه‌وێته نێوان به
زانستكردن و به ئایدیۆلۆژیاكردنه‌وه، هه‌ڵبه‌ته (گۆڵدمان) زۆر به‌جوانى به‌رگرى
له یه‌كه‌میان ده‌كات و پێیوایه ئه‌و تاكه كه‌سێكه له نێو قوتابخانه‌ى
(ماركسى) كه به‌ته‌واوى به‌رگرى له‌و تێزه كردبێت.
كه‌واته میتۆدى بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى ئه‌ده‌بى هه‌وڵى به‌دواگه‌ڕانى په‌یوه‌ندى
نێوان كارى ئه‌ده‌بى و سیاقه کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كان ده‌دات، و پێیوایه كۆى
ئه‌و ناوكۆییانه ده‌كه‌ونه پێش كارى ئه‌ده‌بى و هونه‌رییه‌وه، به‌و مانایه‌ش
هه‌موو كارێكى ئیبداعى حه‌قیقه‌تى ژیان و ره‌فتارى له‌خۆ گرتووه. لێره‌دا
(گۆڵدمان) ئه‌گه‌رچى گرنگى نووسه‌ر ناخاته دواوه، به‌ڵام پله‌ى یه‌كه‌میشى پىَ
نابه‌خشێت، به‌ڵكو كاریگه‌رى بونیادى زه‌ینى ده‌سته‌جه‌معى و تاقمى کۆمه‌ڵایه‌تى
به هه‌ند هه‌ڵده‌گرێت كه نووسه‌ر ئینتیماى بۆیان هه‌یه.
له لایه‌كى دیكه (گۆڵدمان) له میانى گوته‌زاى "به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى
ره‌نگدانه‌وه‌ى ئاگایى کۆمه‌ڵایه‌تییه" دێت وشه‌ى "ره‌نگدانه‌وه" ره‌ت
ده‌كاته‌وه‌و له برى ئه‌و، وشه‌ى "په‌یوه‌ستبوون" به‌كار ده‌هێنێت.3
پێیوایه په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگه نه هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌كى
هۆكارئامێزه‌و نه ره‌نگدانه‌وه‌خواز، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كى
ئاڵوگۆڕخوازانه‌یه. به ده‌سته‌واژه‌یه‌كى دیكه پێیوایه فۆڕمه
ئه‌ده‌بییه‌كان-نه‌ك ناوه‌ڕۆك- ده‌بىَ به پێى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و
مێژوویى چاوى لێبكرێت. واته هه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك له نێوان ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگه
وا ده‌كات ئه‌ده‌ب بێته لاسایى كردنه‌وه‌و به‌رهه‌مێكى وشكى واقیعییانه ئه‌وه‌ش
به لاى ئه‌و رۆحى داهێنان و خه‌یاڵى داهێنه‌رانه‌و ئیستاتیكاى هونه‌رى له‌ناو
ده‌بات.
(گۆڵدمان) له ره‌خنه‌ى نوێ‌دا به دواى ده‌لاله‌تى گشتگیرى ده‌قى ئه‌ده‌بیدا
ده‌چێت، به‌ڵام (بارت) ئه‌و یه‌كگرتنه له بونیادى ناوه‌وه‌ى ده‌ق و سیسته‌مى
فۆڕمئامێزى بابه‌ته ده‌لالییه‌كانى زمانه‌وه ده‌دۆزێته‌وه، (گۆڵدمان) جه‌خت له
سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه كارى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى كارێكى گشتگیره، واته له
رێگه‌ى دالى گشتگیر‌و په‌یامى گشتگیره‌وه ده‌بىَ دراسه بكرێت (بونیادى ده‌لالى
گشتگیر ده‌سته‌واژه‌یه‌كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى نووسه‌ر و ده‌سته‌جه‌معى ده‌خاته
روو) به‌مجۆره‌ش تێڕوانى گشتگیر به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌ر له‌و خاڵه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ
بونیادى سیمیۆلۆژیانه‌ى بونیادگه‌رى و (بارت) جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه
یه‌كه‌ى گشتگیرى (گۆڵدمان) له تێڕوانینى كۆوه هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌ڵام یه‌كه‌ى
دووه‌م راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به بونیادى زمانى ده‌قه‌وه هه‌یه، هه‌ر له‌ویشه‌وه
وه‌ك جیهانێكى ئاوه‌ڵاو جیاواز سه‌یرى خوێندنه‌وه‌ى ده‌ق ده‌كات. به‌ڵام (گۆڵدمان)
وه‌ك جیهانى ده‌سته‌جه‌معى گشتگیر‌و داخراو ده‌یخاته روو، و ته‌واوى مانا‌و
ده‌لاله‌ت و دنیابینى جیاوازى.... له تاكه مانا‌و دنیابینیه‌كى گشتگیر و ره‌سه‌ندا
سه‌ر ده‌بڕێت، هه‌روه‌ها ته‌واوى ته‌ئویل و پێشبینییه جیاوازه‌كانیش به
بنبه‌ستبوون ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر (گۆڵدمان) له سه‌ر بونیادى ناوه‌وه‌ى ده‌ق له‌گه‌ڵ (بارت) هاوڕا بێته‌وه،
ئه‌وه له‌گه‌ڵ (فرۆید) له‌وێوه هاوڕا دێته‌وه كه ده‌روونشیكارى پێمان ده‌ڵێت
"تۆ تاكێكم بده‌یتىَ، من کۆمه‌ڵگه‌یه‌كت ده‌ده‌مه‌وه"4
ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ تواناى راڤه‌كردنى ده‌روونشیكارى له‌خۆ گرتووه. به‌ڵام ره‌خنه‌ى
(گۆڵدمان) له (فرۆید) ئه‌وه‌یه كه (فرۆید) تاك له ژینگه داده‌بڕێت، هه‌ر
له‌وێشه‌وه هه‌موو په‌یوه‌ندییه جه‌ده‌لییه‌كانى نێوان خود و بابه‌ت، تاك و دنیا،
ره‌شده‌كاته‌وه‌و به‌مجۆره‌ش تاك به بىَ دوارۆژ ده‌مێنێته‌وه.5
هه‌ڵبه‌ته چه‌مكى دوو لایه‌نه‌ى (داهێنه‌ر و ده‌سته‌جه‌معى) لاى (گۆڵدمان)
له‌وێوه دێت كه خۆشه‌ویستى به دوو لایه‌نه نه‌بێت ئه‌نجام نادرێت، به
دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش ئه‌گه‌ر له (گۆڵدمان) بپرسین كىَ بیر ده‌كاته‌وه ده‌ڵێت "فیكر
بۆخۆى هه‌یه" وه‌ك چۆن پێیوایه "منى دێكارتى یان كانتى یان فیخته‌یى..." به بىَ
بابه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى كه ئێمه‌ین وجودى نییه.هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى دیكه‌ى له
(فرۆید) له‌وێوه دێت كه به شێوه‌یه‌كى ره‌ها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خود (له سه‌ر
ئاستى تاك) ده‌كات، چونكه (گۆڵدمان) پێیوایه راسته ئێمه له رێگه‌ى هه‌مه‌جۆرى
تاكه‌وه نه‌بێت وجودمان نییه، به‌ڵام ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ى تاك به ده‌سته‌جه‌معى و
كۆمه‌ڵه‌وه به‌نده، هیچ تاكێكى سه‌ربه‌خۆ به‌بىَ كۆ وجودى نییه،6
ئێمه له رێگه‌ى هاوژیانییه‌وه به‌ره‌و وجودى مرۆیى ده‌بینه‌وه. هه‌ر
له‌وێشه‌وه پێیوایه ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى به‌شێكه له سۆسیۆلۆژیاى مه‌عربفى چونكه
سنوورى نێوان خود و بابه‌ت، فیكر و دنیا، ده‌سته کۆمه‌ڵایه‌نیه‌كان دیارى ده‌كات و
به ناوكۆیى به‌رفره‌وانتر (كه چیینه) ئاوێته‌یان ده‌كات. به‌و مانایه‌ش
بونیادگه‌رى پێكهاته‌یى له‌و گریمانه‌وه هاتووه كه ده‌ڵێت كۆى ره‌فتارى مرۆڤ
هه‌وڵدانه بۆ وه‌ڵامێكى ده‌لالى هه‌ڵوێستێكى دیاریكراو، ئامانجیش دروستكردنى
هاوسه‌نگییه له نێوان خودى كارا و بابه‌تى كار، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ش وه‌ك گوتمان
به پێى بارودۆخى ژینگه گۆڕ‌انى به سه‌ر دادێت، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و تێڕوانینه‌ش
(گۆڵدمان) ده‌ڵێت مۆدیلى (رۆمانى نوێى فه‌ره‌نسى) ده‌رئه‌نجامى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵگه‌یه
نه‌ك گۆڕانكارى ئه‌ده‌بى. كه‌واته له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئیبداع هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى
بونیادى كۆن و بونیادنانى كۆمه‌ڵێك حه‌قیقه‌تى نوێیه كه له‌گه‌ڵ ژینگه و
ده‌سته‌جه‌معى ده‌گونجىَ، یان هاوسه‌نگ دێته‌وه. به‌و مانایه‌ش ئه‌گه‌رچى ئیبداعى
ئه‌ده‌بى به‌شێكى جیاوازه به‌ڵام له هه‌مان سروشتى پارچه‌كانى ره‌فتارى مرۆیى
پێكهاتووه هه‌ر له‌وێشه‌وه ملكه‌چى یاسا خودییه‌كان ده‌بێت.7
(3 )
وه‌ك دیاره (گۆڵدمان) له سه‌ر دوو میتۆد كار
ده‌كات، میتۆدى شیكردنه‌وه‌ى ده‌روونى وه‌ك لاى (جان بیاجىَ) و لێكۆڵینه‌وه
ئاماژه‌ییه‌كانى (سوسێر) هاتووه، له‌گه‌ڵ میتۆدى (ماركسى) وه‌ك چۆن لاى (لۆكاچ)
په‌ره‌ى پێدراوه‌و به‌رفره‌وان بووه. هه‌ڵبه‌ته یه‌كێك له‌و پێوانانه‌ى كه
(گۆڵدمان)ى پىَ ده‌ناسرێته‌وه چه‌مكى دنیابینى یان جیهانبنییه، ئه‌و چه‌مكه
ته‌عبیر له كۆى ئه‌و فیكر و بیروڕاو ئاگایى و هه‌ستانه ده‌كات، كه هه‌ر
ئه‌ندامێك له ئه‌ندامه‌كانى ده‌سته و كۆمه‌ڵ و چین به یه‌كه‌وه
ده‌به‌ستێته‌وه‌و هه‌ر له‌وێشه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌و تاقم و كۆمه‌ڵ و چینێكى دیكه
ناكۆك دێته‌وه، به‌و مانایه جیهانبینى: كۆى ئه‌و خه‌ون و سه‌رنج و ئاگایى شیاوى
ئاینده‌یى و فیكره میسالیانه ده‌گرێته‌وه كه كۆمه‌ڵێك یان ده‌سته‌یه‌ك یان
چینێكى دیاریكراو خه‌ون به جىَ به جێكردنییه‌وه ده‌بینێت.8
(گۆڵدمان) له دراسه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ى له سه‌ر (باسكال و چوار شانۆگه‌رى راسین)
پێیوایه بۆچوونه جیاوازه‌كانى نێوان (باسكال) و (راسین) به هیچ شێوه‌یه‌ك نابنه
رێگر له پێش تاك جیهانبینى ئه‌وانه‌وه، هه‌روه‌ها دنیابینى ئه‌وانیش راسته‌وخۆ
به بزاڤى ئایینى هاوچه‌رخه‌وه به‌ند ده‌كات، به‌و مانایه ده‌یه‌وێت له گشته‌وه
دراسه بۆ به‌ش به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، له كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌وه تاك بخوێنێته‌وه.9
لێره‌دا جیهانبینى هه‌ڵگرى حه‌قیقه‌تێكى میتافیزیكیانه نییه، وه‌ك چۆن ته‌عبیر
له لێوردبوونه‌وه‌یه‌كى په‌تى ناكات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه خستنه رووى
واقیعێكى سه‌ره‌كى و دیاره ئه‌و واقیعه‌ى كه زانایانى کۆمه‌ڵایه‌تى به هه‌ستى
ده‌سته‌جه‌معى وه‌سفى ده‌كه‌ن، ئه‌و پیناسه‌یه‌ش راسته‌وخۆ به چه‌مكى
په‌یوه‌ستبوونمان گرىَ ده‌داته‌وه.10
كه‌واته هه‌ستى ده‌سته‌جه‌معى ته‌نها له نێو هه‌ستى تاكه‌وه نه‌بێت بوونى نییه،
به‌ڵام ده‌رئه‌نجامى هه‌ستى تاكه‌كان نییه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به‌و
مه‌سه‌له‌یه‌دایه كه ده‌كه‌وێته نێو تاك و كۆ، بۆ نموونه:
هه‌ستى شۆڕش به نیسبه‌ت هه‌ستى چینایه‌تى، یان جه‌نگ به نیسبه‌ت هه‌ستى
نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه,,,
(4)
ئه‌گه‌ر (تێگه‌یشتن) لاى (گۆڵدمان) جه‌ختكردن بێت
له سه‌ر ده‌ق، بىَ ئه‌وه‌ى بتوانین له خۆمانه‌وه شتێكى دیكه‌ى بخه‌ینه سه‌ر،
یان دیدو قسه‌ى خۆمانى بخه‌ینه سه‌ر، ئه‌وه (راڤه‌كردن-ئه‌نالیزه‌كردن) ئه‌وه‌یه
كه رێگه‌ى تێگه‌یشتنى بونیادى ده‌قمان بۆ ده‌كاته‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ
كۆى ده‌قه دراسه‌كراوه‌كان بگونجىَ، هه‌ڵبه‌ته له ئه‌نالیزه‌كردندا پێویستمان
به هێنانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك هۆكارى ده‌ره‌وه ده‌بىَ، تاكو له رێگه‌یانه‌وه بتوانین
بونیادى دالى ده‌ق ئاشكرا بكه‌ین (بونیادى دال گوته‌زایه‌كى زه‌ینى یان وێناكردنێكى
فه‌لسه‌فییه، كۆى كارى ئه‌ه‌بى له ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و دایه و له رێگه‌ى
گرژبوونى ده‌لالى و دوباره‌كردنه‌وه‌ى بونیادێكى جوانى شانه‌كانى ده‌قى
ئیبداعییه‌وه ده‌ست نیشان ده‌كرێت) به‌و مانایه (تێگه‌یشتن) له كۆى چه‌مكه
هاوگونجاوه‌كانى ناوه‌وه‌ى ده‌ق دێته به‌رهه‌م، به‌ڵام ناشىَ هیچ به‌رهه‌مێك له
ده‌ره‌وه‌ى ناوكۆییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه تێبگه‌ین. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ى له ده‌ق
بگه‌ین ده‌بىَ به دواى هۆكاره‌كانى ده‌ره‌وه‌دا بچین و كاریگه‌رى ئه‌و هۆكارانه
له سه‌ر پێكهاته‌ى ده‌ق شیبكه‌ینه‌وه، به‌وه‌ش به تێگه‌یشتنێكى گشتگیر و ته‌واو
و راست ده‌گه‌ین، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانى
راڤه‌كردنى ده‌ق له كاریگه‌رییه مێژوویى و سیاسى و ده‌روونییه‌كاندا
هه‌ڵگرینه‌وه.
(5)
دواجار (شیكردنه‌وه‌ى فسیۆلۆژى مێشك) له نێوان
ئه‌و دوو نموونه‌ى ده‌سپێكه‌وه به شێوه‌یه‌كى زانستى جه‌خت له‌وه ده‌كات كه
بۆخۆى بىَ ئه‌وه‌ى به هۆى كۆمه‌ڵێك چالاكى و قوتابخانه به‌ش به‌ش بكرىَ، وه‌ك
یه‌كه‌یه‌كى ته‌واو به كاره‌كانى خۆى هه‌ڵده‌سێت، و له ده‌رئه‌نجامى
چالاكییه‌كانى خۆیه‌وه به‌ره‌و: پرۆسه‌ى درككردن و خوازتن و كۆپى كردن و هێزى
خه‌یاڵكردن و لایه‌نه بیركارى و یاده‌وه‌ریه‌كان ده‌بێته‌وه. هه‌ر به‌هۆى ئه‌و
چالاكیانه‌شه‌وه یاده‌وه‌رى فریاى زیره‌كى تاك ده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن لایه‌نه
ده‌روونیه‌كانیش كاریگه‌رى تایبه‌تى خۆیان به‌سه‌ر فاكته‌رى نابراودا هه‌یه كه
له هه‌ندىَ كه‌سدا بۆ ئاستى داهێنان گه‌شه ده‌كات.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
1- بونیادگه‌رى زمانه‌وانى له‌لاى هه‌ر یه‌ك
له (سوسیَر، مارتینیه، هلمسلیف، ترۆبۆسكیه، هاریس، هوكیت، بلۆمفلی..)
بونیادگه‌رى سه‌ردى له‌گه‌ڵ (رۆلان بارت، كلۆد بریمۆن، ژیرار ژنیَت..) بونیادگه‌رى
شیَوازگه‌رى له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له (ریفاتیَر، لیو سبیتزر، ماروز، پییر گیرۆ..)
بونیادگه‌رى شیعریى (جان كۆ هین، مۆلینۆ، ژۆلیا كریستیڤا، لۆتمان..) بونیادگه‌رى
دراماتۆلۆژى له‌گه‌ڵ (هیبلۆ..) بونیادگه‌رى سینه‌مایى له‌گه‌ڵ (كریستیان میتز..)
بونیادگه‌رى سیمیۆلۆژى (گریماس، فیلیب هامون، جۆزیف كۆرتیس..) بونیادگه‌رى
سایكۆلۆژى (لاكان، شارل مۆرۆن...) بونیادگه‌رى ئه‌نترۆپۆلۆژى (كلۆد لیڤى ستراوس،
فلادیمیَر پرۆپ..) بونیادگه‌رى فه‌لسه‌فى (جان پیاجىَ، فۆكۆ، دریدا لوى
ئالتۆسیَر..) په‌ره‌یان پیَدراوه. بڕوانه: شبكه النباء المعلوماتیه- الاربعاء
28 اذار،2007، البنویه و النقد البنیوی.
2- مه‌به‌ستمان له كتیَبى (تاصیل النص-المنهج البنیوی لدى لوسیان غولدمان)ى
نووسه‌ر (د. محمد ندیم خشفه) بكات. ئه‌و كتیَبه له (مركز الانماء الحضاری- حلب)
چاپ كراوه، سالَى (1997) چاپى یه‌كه‌مى كه‌وتۆته بازاره‌وه. ئه‌گه‌رچى له‌و
كتیَبه‌دا هه‌ر یه‌ك له چه‌مكى (جیهانبینى، تیَگه‌یشتن و راڤه‌كردن) قسه‌ى
لێكراوه، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له چه‌مكه‌كانى (ئاگایى جیَگیر و ئاگایى شیاو، بونیادى
دالى مه‌زن و دالى بچووك، پالَه‌وانى ئیشكالى) كه گۆلَدمانى پێ ده‌ناسریَته‌وه،
قسه‌ى لێ نه‌كراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، بڕوانه كتیَبى (البنویه التكوینیه و
النقد الادبی، مۆسسه الابحاث العربیه، ش،م،م. بیروت-لبنان، راجع الترجمه: محمد
سبیلا، ط1، 1984.
3- تاصیل النص-المنهج البنیوی لدى لوسیان غولدمان. ه.س.پ. ل12.
4 - ه.س.پ. ل15.
5- ه.س.پ. ل27.
6- ه.س.پ. ل17.
7- ه.س.پ. ل57.
8- ه.س.پ ل44.
9- ه.س.پ. ل20-27.
10- ه.س.پ. ل47.