هەناسەکانى منداڵیی
 

عومەر جەلال
omerjelal@yahoo.com
 

بە چەند دڵۆپە فرمێسکێک
پەنجەرەیەک لە منداڵیی دەکەمەوە
بەچۆڕێک تریفەوە
بە کەمێک پاکیی ئاو
بە بۆنى تەڵێک نێرگز
بە توڕەبوونى با
بە لەتلەتبوونى باران
ئاشنا دەبمەوە بە منداڵیی و
نەفرەت دەکەم لە گەورەبوون
ئیدى نامەوێ عەشق ببینم بە ڕووخاویی
باخچە ببینم بە بێ گوڵ
ئێوارە ببینم بە تەنیایى
ژیان ببینم بە بی َشیعر
گەورە بوون
خەیاڵى فڕینى لێ سەندمەوە
ڕوانینى منى بۆ بەفر ڕەش کردەوە
بێ هودەیە
دانیشتن لە بەردەم هەتاو
ڕاکردن لە دەست تارمایى
ژیان دووبارەبوونەوەى پەیڤێکە لە زمانى لاڵێکدا
ژیان ئاوێتەیەکە لەڕەنگى بێڕەنگیی
ئاه
چەند جوان بوون کوفرەکانى منداڵى
جوانتر لە عیبادەتى گەورەبوون
چەند بەچێژ بوون ئازارەکانى منداڵیی
ناسکتر لە شادیی گەورەبوون
دەمەوێت بەیانییەک بەخەیاڵى منداڵیی
دەستى تیشکێک لە ڕۆژ بگرم
بۆنى کۆڵانەکانى منداڵى بکەم
هەڵماتە ڕەنگاوڕەنگەکانم بدۆزمەوە
خەونە ڕەشوسپییەکانم تەفسیر بکەم
گومانى بەجێماوى هاوڕێکانم هەڵگرمەوە
لەترسى مامۆستا دڵرەقە ئاکربەدەستەکان
لەبەرزى دیوارى قوتابخانەوە
خۆم شۆرکەمەوە وەکو ئاو
بۆیەکەمین وانەى فێربوون
وانەى فڕین
هەنووکە گیرفانەکانم پڕن لەترسى منداڵى و خاڵى لە ئایندە
چاوەکانم پڕن لە گەڵاى پایز و خاڵى لە بینینى بەهار
هەمیشە خەیاڵ دەمباتەوە بۆ ڕاوەستان لەبەر باران
واى بۆ منداڵى بە پەلە جێیهێشتین
کەم بوون گەمەکانى
بەئەندازەى چاو داخستن و کردنەوە
لە چاوشارکێدا
منداڵى سەفەرێکە پڕ لە گومان
پڕ لە گریان