حه‌قیقه‌تی نه‌مه‌ییوی تۆ ..
ڕێباز مه‌حمود
هۆڵه‌ندا -
2008
هیچ شتێک له من مه‌گێڕه‌وه
که ژیان بۆ خۆی ڕانه‌وه‌ستانێکی به‌رده‌وام بێت ..
سوێسکه‌کانی زه‌مه‌ن هه‌رگیز ماڵیی ناکرێن
که‌پر و وێستگه و ژوانگه‌کانیش
زیاده‌ڕۆیی قه‌ده‌رن ..
له خه‌راباتی ساڵه‌کانما،
ده‌مێکه ڕاهاتووم به دڵ بتبینمه‌وه
له شوێنێکتا کتێبی دڵگه‌رمی فڕێدرابێت و
له‌و په‌نجه‌ره کراوه‌یه‌ته‌وه که ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر زستانه‌کانا
ده‌نگی گیانه‌ڵای کۆپله پڕ جۆش و خرۆشه‌کان
بێنه به‌ر گوێم ..
لێ هه‌موو به‌هاری دیده‌نییه‌کی ڕۆحیت پڕه
له پشکوتنی نێرگز،
بۆیه به‌ردوام؛
به بۆن ده‌تناسمه‌وه ،...
بۆن .. تاقه سه‌بووریی دڵه له‌به‌رده‌م
نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی کوکوختیه‌کانا
که له‌گه‌ڵ ڕۆژگاره جۆراوجۆره‌کانا
که‌وتنه باڵه‌فڕه و
ئیدی دیارنه‌مان ..
له کاتێکدا وا دنیا
لێوان‌لێو ده‌بێت ؛
له نیشتنه‌وه‌ی ڕه‌وه باڵنده‌ی غه‌واره‌یی !
هه‌موو نیشتنه‌وه‌یه‌ک مایه‌ی ڕاچه‌نینه
تۆ له‌گه‌ڵ نیشتنه‌وه‌ی هه‌ر بایه‌کدا
ڕاده‌چڵه‌کێیت و
ده‌که‌ویته کۆکردنه‌وه‌ی په‌رش و
بڵاوییت
به‌و خه‌یاڵه‌ی هاکا من خۆم کرد به ژوورا !
من له‌گه‌ڵ نیشتنه‌وه‌ی هه‌ر له‌حزه‌یه‌کا
به‌سه‌ر لقی هه‌بوونمه‌وه
ڕاده‌چڵه‌کێم و
ده‌که‌ومه په‌رش و بڵاوکردنی هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانم
له‌گه‌ڕان به‌شوێن بۆشایی جێماوی فرسه‌تێک
بۆ تیا نووسینه‌وه‌ی،
جۆرێکی تری خۆم ..
هه‌موو نیشتنه‌وه‌یه‌ک مایه‌ی دڵه‌کوتێی خێرایه
دایکم هه‌میشه چاو به ناو ته‌پوتۆزه‌کانا ده‌گێڕێت
به مه‌رجێک،
ئه‌و ڕۆژه‌ی گێژه‌ڵوکه‌یه‌ک منی له ئه‌و ڕاماڵی
هیچ غوبارێک
به‌ڵێنی هێنانه‌وه‌شمی پێ نه‌دا.
زۆر شت تۆ له ناو مندا هه‌ڵده‌فڕێنێت،
که‌چی له منداڵییه‌وه ته‌ره نه‌بووی
به‌ڵام هه‌رجاره و
به ڕه‌نگی تازه و
باڵی تازه و
جریوه‌ی تازه‌وه
دێیته‌وه و له ڕۆحما ده‌نیشێیته‌وه ..
تۆ هێنده له گۆڕاندای
جوانبینی من قه‌ت هێنده‌ی ئێستا
ئاوه‌دان و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووه .
هه‌ر ڕۆژه و له دڵۆپه ئاوێکدا ده‌تبینم
ئێستا به خۆم و
به‌ردێک له ناو مشتی تینوێتیمدا
خه‌ریکی شکاندنی دڵۆپه ئاوه‌کانم
بۆ گه‌یشتن به نهێنی تۆ ..
بۆ گه‌یشتن
به حه‌قیقه‌تی نه‌مه‌ییوی تۆ !
ده‌زانم سه‌رگه‌رمیم به هێشتنه‌وه‌ی تۆ
له ناو جوغزی یه‌ک گوڵدا
گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رده قورسانه‌ی په‌یڤ
به ناو بیره‌وه‌ریدا
بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی شورای بڵند
به ده‌وری هێمنیتا ..
چه‌ند هه‌وڵێکم بوون
بۆ گه‌مارۆدانی خزینت وه‌ک دڵۆپێک شه‌ونم
به‌سه‌ر په‌ڕه‌ی کازیوه‌یه‌کی خه‌واڵوه‌وه
له ناو سه‌راسیمه‌یی خۆمدا .
فێڵێکه هه‌میشه
له ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته دێرینه‌کانی
ته‌نهایی خۆم و
تۆی ده‌که‌م.
من ده‌مه‌وێت له مشتمدا
وه‌ک چنگێک نوور هه‌ستت پێ بکه‌م و
توند بتگرم ،
به‌ڵام کێ ناڵێ نابیته هه‌ڵم ؟
هه‌موو شین و فوغانی من ئه‌وه‌یه
تۆ ڕووبارێکیت .. ڕانه‌وه‌ستانت سه‌رچاوه‌ی
هاژه و جوانی و ئۆقره نه‌گرتنه
له ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی
هه‌میشه جێماوی من !
ئه‌م ڕانه‌وه‌ستانه
که‌لله‌ڕه‌قی یه‌که‌مین چاوکردنه‌وه‌ی ئاگاییه
به ناو ده‌هلیزی ئه‌فسوونه‌کانا
گره‌وکردنی دڵه له‌سه‌ر به‌رگه‌گرتنی
ئاوڕ نه‌دانه‌وه و
سپاردنی نیوه‌ی هه‌ر ڕازێکه
له‌م چرکه‌یه‌وه به ده‌ستی ئه‌وی تر ..
تۆ ئیتر خۆت نیت
مادام وه‌ک جاده‌یه‌ک هه‌ر ده‌ڕۆیت و کۆتایت نییه
من هه‌ر ڕۆژه و دیمه‌نێکت ده‌بینم له په‌نجه‌ره‌ی
سه‌فه‌ری خۆمه‌وه به شوێن سۆراختدا
که ئه‌مڕۆ دوێنێ نه‌ناسێته‌وه
بۆ به گومان نه‌بم
له‌وه‌ی سبه‌ینێش ئه‌مڕۆ له یاد ئه‌کات. ..!
بۆیه نازانم من و تۆ
کچ وکوڕی دوێنێ ،
ئه‌مڕۆ ؛
یان سبه‌ینێین ..؟!