سه‌رده‌می سواڵ ...
ڕێباز مه‌حمود
- هۆڵه‌ندا
پایزی 2008
که خۆمان له سووچه
په‌نهانه‌کانی خۆماندا نه‌بان ده‌که‌ین
بۆ ئه‌وه‌ی ڕێمان نه‌که‌وێته چاکوچۆنی و هه‌واڵپرسیه ڕاگوزه‌ره‌کان
بۆ به‌سه‌رنه‌کردنه‌وه‌ی کۆڵانه ناسیاو و
ماڵه ئاشناکانی جارانی په‌نا
هی ئه‌وه‌یه :
به‌تاڵ بووینه‌ته‌وه له یه‌کتری،
که‌وتووینه‌ته سه‌ر سواڵ ...
سواڵی عه‌شق و دۆستایه‌تی !
ده‌ردی کوشنده ئه‌وه‌یه هیچ مه‌یلێکت پێنه‌مێنێت بۆ دیداری ئازیز ...
پاش به‌خشینه‌وه‌ی هه‌موو فێنکایه‌تییه‌کانم به ئه‌و ...
پاش دابه‌شکردنی خۆشه‌ویستیم
به‌سه‌ر ژماره زۆره‌کانی
ناو ڕۆژ ژمێره‌کان ...
ئێستا ئیتر ، ده‌ردی گرانم
سێبه‌رێکی گۆشه‌گیری ناو کوچه‌ی خه‌زانێکی دره‌نگم و
خه‌ڵکی له ته‌نیشت ته‌نهایی منه‌وه
مامه‌ڵه‌ی پرشنگه سرکه‌کانی
هه‌تاو ده‌که‌ن !
به خۆڕایی گله‌یی له خوێنساردی من مه‌که‌ن
ئه‌وه‌ی گه‌رموگوڕی بوو به‌خشیم تاڕاده‌ی خاڵی بوونه‌وه ...
له‌م بازاڕی بێڕه‌حمیه‌دا منم ئێستا سواڵکه‌ر
بۆ سواڵی مسقاڵێک عاتیفه !
گله‌یی تازه چ ئاگرێکی له ناو خامۆشبوونی مندا پێهه‌ڵده‌کرێ
خزمه‌کانم له جه‌ژنیشدا ناتوانن من به‌یاد بهێننه‌وه ...
من تاقه‌تم نه‌ماوه ته‌له‌فۆن بۆ هیچ که‌سێک بکه‌م ...
داخه‌که‌م ،
ده‌ردی گرانی من ئه‌وه‌یه
چۆن بارگاوی ببمه‌وه به تامه‌زرۆیی
که خۆم و ئازیزانم له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین
سه‌رده‌می سواڵه - سواڵی میهره‌بانی !
سه‌فه‌ر ئه‌و‌په‌ڕی بێوه‌فایی زه‌مانه
له ئاست خانه‌دانی و
لانه‌وازه‌یی جێ‌مان ...
من که خۆم به‌پشتی پیکابی سه‌فه‌رێکی ناشییه‌وه
هه‌ڵواسی ...
ده‌بوو زانیبام ئه‌وه‌ی له ناو غوباردا له دوای خۆمه‌وه جێده‌مێنێ
خۆمم له لۆفه‌کانی واقوڕماوی ...
ئێستاش که ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه ، تازه به تازه وا تێده‌گه‌م
منم ئه‌و موسافیره‌ی له وێستگه‌ی نیشتماندا
سیحری مناڵی نه‌بێت ،
هه‌موو شتێکم لێ به جێ‌ما !
ئه‌و باهۆزه‌ی له بیابانی ڕقی ئێمه‌وه هه‌ڵده‌کات ...
خۆڵباران به گژ هاوینی به‌خشنده‌ییدا ده‌کات و
چاوی نیازه ڕوونه‌کان پڕ ده‌کاته‌وه ...
به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی :
که حه‌یف خه‌ریکه شنه‌یه‌کی ئێسکسوکمان پێنه‌مێنێت
چیدی شه‌ماڵێکی ده‌م به‌خه‌نده شک نه‌به‌ین !!
ئاخر که که‌سێک سه‌رپێچی له غرووری خۆی ناکات ...
تا چیتر دنیا به دیوی خراپه‌کاریدا ،
به‌رگه نه‌گرێ و بڕووخێ !
که که‌سێک له ساردبوونه‌وه‌ی خۆیه‌وه
فوویه‌ک له ژیله‌مۆی خۆشه‌ویستی ناکات
تا وجوود به‌ڕووی سه‌وزایی و
به په‌نجه‌ره‌ی پڕ ته‌لیسمی ئه‌ڤیندا
وه‌ک لاولاو هه‌ڵزنێ !
هی ئه‌وه‌یه :
که‌وتوینه‌ته سه‌ر سواڵ ،
سواڵی هێزدانه به‌رخۆ ...
بۆ کۆکردنه‌وه‌ی مورووه ڕژاوه‌کانی
ملوانکه‌ی پچڕاوی دۆستایه‌تی !
سواڵی وانه‌یه‌ک بمانباته‌وه
ناو پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی به‌رائه‌ت ...
سواڵی وانه‌یه‌ک ،
دڵ فێری داره‌داره‌ی جوانی بکاته‌وه ...
سواڵی چه‌ند مشتێک ڕووخۆشی سازگار
تیرۆژێک هه‌تاو
له ناو کۆڵانه خۆڵاوییه‌کانی سه‌رگه‌ردانیدا
چڵکی ده‌سته‌کانی ته‌نهایی پێبشۆینه‌وه
پاش ته‌مه‌نێک له ده‌رگادان !