شێرزاد حه‌سه‌ن:
ـ مرۆڤ به‌رله‌وه‌ى فێرى قسه‌بێت شاعیر بووه
ـ ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌لَكۆلَێت بزانىَ له ناوه‌وه چى تییایه
سازدانی ڕه‌وشت محه‌مه‌د
به كورتى:
ـ من له دایكبوونم ساغ نه‌بۆته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى دایك و باوكم نه‌خوێنده‌واربوون
نه‌یانزانیوه كه‌ى له‌دیكبووم، یه‌كێكیان ده‌یوت سالَى 1952 ئه‌ى دیكه‌یان ده‌یوت
1951 له‌دایك بوویت، یه‌كێكیان ده‌یوت جوله‌كه رۆشتبوون، ئه‌وى دیكه‌یان ده‌یوت
نه‌رۆیشتبوون.
من له هه‌ولێر له دایك بووم، سه‌ره‌تاییم به‌شێكى زۆرى له ره‌واندوز ته‌واو
كردووه، من ره‌واندوز به مه‌لَبه‌ندى یه‌كه‌مى خۆم ئه‌زانم، چونكه له‌وێ خه‌یاڵ
و جوانى و ناشیرینى دنیام ناسى، چوار ساڵ له به‌غداد ئه‌ده‌بیاتى ئینگلیزیم
خوێند، منیش له خێزانێكى زۆر هه‌ژار بووم و كوڕى پۆلیسێكى قومارچی بووم، بۆیه
هه‌میشه خه‌ونم به‌وه‌وه ده‌بینى خوشك و براكانم به‌خێوكه‌م، له حه‌وت
سالَییه‌وه كرێكارى و ئیشى زۆرم كردووه، بۆیه من ئه‌و ئه‌ده‌به‌ى نووسیومه
ناگاته ئه‌و ئازاره‌ى خۆم و ده‌وروبه‌رى خۆم دیویه‌تى، من هێشتا نه‌متوانیوه
ته‌عبیر له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى خۆشمان بكه‌م.
له 1977ه‌وه بووم به مامۆستا له سلێمانى، (15) ساڵ مامۆستایه‌تیم كردووه،
هه‌شت ساڵ له رێكخراوه ناده‌ولَه‌تییه‌كان و (UN) و كارم كردووه و ئێستاش
سه‌رپه‌رشتیارى پسپۆڕى زمانى ئینگلیزیم و كه‌مێكیش خه‌ریكى راگه‌یاندنى
په‌روه‌رده‌م. خاوه‌نى خێزانم دوو كچ و كوڕێكم هه‌یه.
+ له بابه‌تى ده‌قه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م، داخۆ ده‌قى كوردیى زمانى ستاتیكاى
درۆزیوه‌ته‌وه، یان توانویه‌تى جوانى به‌رهه‌م بێنى، یانى ده‌قێك بێ له رێگاى
جوانییه‌وه كار بكات نه‌ك (بكه‌ومه‌كه)، ئه‌سلَه‌ن تۆ باوه‌ڕت به كامیانه، ده‌ق
جوانى ته‌رح ده‌كات، یان په‌یامى كۆمه‌لایه‌تى و سیاسیى و.. هتد، بۆ نمونه چیرۆكى
(گه‌لا) كه خۆتان وه‌رتان گێڕاوه‌و له كتێبى (كوكوختى) بلاوكراوه‌ته‌وه، هه‌ست
ئه‌كه‌ى ئه‌و چیرۆكه له ڕێگه‌ى زمانى جوانییه‌وه به‌هاى گه‌وره‌ى ئینسانى
پێشكه‌ش ده‌كات، ده‌قى كوردى توانیویه‌تى كارێكى له‌و شێوه‌یه بكات.
ـ ئه‌و پرسیاره‌ى تۆ كه‌مێك به‌رفراوانه، ده‌توانم بلَێم: ئه‌وه پرسیارى
ئه‌ده‌به به گشتیى، كه ئایا له ناو بازنه‌ى ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا به تایبه‌ت
گه‌ر به‌رته‌سكى بكه‌ینه‌وه بۆ بازنه‌ى چیرۆك و رۆمان، كه به ئینگلیزى پێى
ده‌گوترێ ئه‌ده‌بى (fiction) یانى ئه‌ده‌بى خه‌یاڵ، خه‌یالَیش واته: بنه‌چه‌ى
داهێنان و جوانكارى، تۆ به هۆى خه‌یالَه‌وه جۆرێك له جوانكارى دروست ده‌كه‌ى،
ئه‌گه‌ر من به تایبه‌تى بێمه‌وه ناو چیرۆك و رۆمان، وه‌ك پێشتریش وتم، ئه‌و
پرسیاره‌ى تۆ پرسیارى ئه‌ده‌بیشه به گشتیى، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: ئێمه له
ڕێى ئه‌ده‌به‌وه ده‌توانین مه‌عریفه بفرۆشین به خه‌لَك، یان په‌یامێكمان هه‌بێ،
په‌یامێكى ئینساندۆستى، مۆرالَى، كارى ئه‌ده‌ب به‌رهه‌مهێنانى جوانییه.
لێره‌دا ده‌زانم كه تۆ مه‌به‌ستت چیرۆك و رۆمانه، یا بلَێین ئه‌ده‌بى په‌خشان
نه‌ك شیعر، چونكه پانتایی بیركردنه‌وه‌و په‌یام و مه‌عریفه له ناو چیرۆك و
رۆماندان زیاتر به‌رجه‌سته ئه‌بێ تاوه‌كو شیعر، من ئه‌توانم بلَێم: ئه‌ركه‌كانى
شیعر زۆر جیاوازن له ئه‌ركه‌كانى رۆمان و چیرۆك، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك نووسه‌ر
هه‌یه باوره‌ِیان به دیوار‌و سنوورى نێوان په‌خشان و شیعر نییه، كه یه‌كێك
له‌وانه شاعیرى فه‌ره‌نسى ئه‌راگۆنه كه بڕواى به‌وه نییه له نێوان شیعر‌و
په‌خشاندا دیوارێكى وا ئه‌ستوور هه‌بێ، ئه‌و بڕواى وایه جۆرێك له تێكه‌لَى
هه‌یه، چونكه گه‌ر بێت‌و بلَێین كرۆك و رۆحى ده‌ق ئه‌وه‌بێ كه جوانیى و
ئیستاتیكاى تێدایه، كه‌واته لێره‌دا جوانكارى مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیمانه، یان له
پالَیدا مه‌عریفه‌ت، من واى بۆ ده‌چم زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له ئه‌ده‌بیان
كۆلَیوه‌ته‌وه قه‌ناعه‌تیان نییه كارى ئه‌ده‌ب به ته‌نیا مه‌عریفه و په‌یام
گه‌یاندن بێت، چونكه تۆ كۆمه‌لَێك زانستى كۆمه‌لایه‌تى دیكه، بۆ نموونه
ده‌روونزانیت هه‌یه زانستى ئابووریت هه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ت هه‌یه، گه‌لێ لقى تر‌ى
زانست و زانیاریت هه‌یه، كه له‌وێوه ئه‌توانى په‌یامى گه‌وره بگه‌یه‌نیت،
له‌سه‌ر فیكر‌و مه‌عریفه‌ت كار بكه‌یت، كه‌واته ئه‌ده‌ب ئیشى چییه، ئه‌ده‌ب
به‌تاڵه له مه‌رعیفه؟ نه‌خێر به‌تاڵ نییه، به‌لَكو پڕه له مه‌عریفه‌ت، پڕ
له په‌یام، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌بێ جوانكارى هیچ كاتێ تۆ ناگه‌یته
خوێنه‌ران، چونكه كه‌سێك كه ده‌ست ده‌بات بۆ رۆمانێك نایه‌وێ مێژوو كورد
بخوێنێته‌وه، گه‌رچى تۆ له‌نێوان چیرۆك و رۆمانه‌كاندا باسى ئاده‌میزاد ده‌كه‌ى،
پڕ له ململانێ باسى نێر‌و مێ ئه‌كه‌ى، مه‌رگ، خۆشه‌وستى، سێكس،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا كارى تۆ ئه‌وه نییه به ته‌نیا ئه‌م مه‌عریفه‌تانه به خه‌لَكى
بفرۆشیته‌وه، خه‌لَك بۆیه ده‌ست ده‌با بۆ چیرۆك و رۆمانێك یان شانۆیه‌ك، بۆ
ئه‌وه‌ى له پاڵ ئه‌وه‌دا یه‌ك دنیا جوانى شاراوه هه‌یه بیدۆزێته‌وه، تۆ له
زانست‌دا زۆر ئیشت به خه‌یاڵ نییه، نالَێم خه‌یالَى تیا نییه، ڕه‌نگه دواتر
ئه‌ویش روونكه‌ینه‌وه،
به‌ڵام من دلَنیام له یه‌ك شت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ى
كه تۆ له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئه‌یخوازى بوارێكى یه‌كجار زۆر گه‌وره هه‌یه بۆ
ئه‌وه‌ى كه تۆ ئیستاتیكا و خه‌یاڵ، جوانناسى، له رێى ئه‌وه‌وه وه‌ربگرى،
نموونه‌یه‌كت ئه‌ده‌مێ، تۆ گوێ له‌و گۆرانیانه ده‌گرى كه په‌یامى تیایه،
به‌ڵام
بێ ئاواز‌و سه‌دایه‌كى خۆش تۆ گوێ له‌وه ناگرى، خه‌لَك بۆچى به ئاوازێكه‌وه
قورئان ده‌خوێنێته‌وه؟ جۆرێكه له كاریگه‌ریى، به‌لَێ تۆ په‌یامێكت هه‌یه،
به‌ڵام چۆن سترانێك، شیعرێك، یان سروته ئاینییه‌كان، له ناو نه‌غمه‌یه‌كا جێگیر
ده‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌لَك زیاتر گوێت لێبگرێت، به هه‌مان شێوه تۆ ئه‌ته‌وێ ئه‌م
مه‌عریفه‌یه‌ش كه له‌ناو چیرۆك و رۆمانێكا، ئه‌و په‌یامه پیرۆزه‌ى كه تۆ
ئه‌ته‌وێ بیگه‌نى به‌بێ ئیستاتیكا ناكرێ، دیاره په‌یام بۆ خۆى جۆرى هه‌یه،
هه‌ركه‌سه‌و بۆ خۆى په‌یامێ به پیرۆز ئه‌زانێ، مومكین نییه تۆ رۆمانێك ته‌واوكه‌ى
چێژت پێ نه‌به‌خشێ، تۆ بۆچى (دواگه‌لا)ى (ئۆ. هێنرى)یت پێ باشه كه چیرۆكنوسێكى
ئه‌مریكییه، چونكه (ئۆهێنرى) باس له‌وه ئه‌كا كه‌سێك هونه‌رمه‌نده،
به‌ڵام رۆحى
ئیستاتێكى به‌لاوه مه‌به‌سته، گه‌ر ئه‌و چیرۆكه‌ى به جوانى نه‌نووسیایه، پڕ
خه‌یاڵ نه‌بوایه، لاى تۆ به‌وشێوه‌یه نه‌ده‌مایه‌وه، تۆ هه‌تا له مالَه‌كه‌ى
خۆشتا حه‌زت لێیه جۆرێك له جوانكارى هه‌بێ، جله‌كانى به‌رى خۆت ،له‌وه‌ته‌ى هه‌یت
یه‌ك جۆر ره‌نگ نا‌پۆشێت، كه‌واته: تۆ به‌بێ ره‌نگى جیاواز، به‌بێ جوانى به‌بێ چێژ،
ناتوانى هه‌رگیز هیچ شتێكت قبوڵ بێت، نه‌ك ئه‌ده‌ب، بۆیه راسته ئه‌ده‌ب
په‌یامێكى كۆمه‌لایه‌تیی، ئینسان دۆستى هه‌یه،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌بێ
چێژ و جوانناسى هیچ كاتێك ئه‌ده‌بێك ناتوانى بگاته ناو جه‌ماوه‌ر، ئه‌ده‌بى نه‌مر
ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه به به‌رده‌وام خوێنه‌ر له ده‌ورى كۆ ئه‌بێته‌وه، زۆر
رۆماننووس هه‌یه سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆمانى نووسیوه، كه‌چى نه‌وه‌ى تازه‌ى
ئه‌مڕۆكه‌ى كورد‌و فره‌نسه‌و ئێتاڵ و ئه‌لَمان و عێراق ئه‌یخوێننه‌وه، له‌به‌رچى؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌به‌كه‌ى پڕه له مه‌عریفه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕه له
ئیستاتیكا، له كۆنى كۆنه‌وه دوو قوتابخانه هه‌یه جۆرێك جیاوازیى هه‌یه له
نێوانیاندا، یه‌كێكیان باوه‌ڕى به‌وه‌یه هونه‌ر له پێناو هونه‌ردایه، ئه‌وى
دیكه بڕواى وایه هونه‌ر له پێناو كۆمه‌لَگادایه، ئه‌وه‌ش له‌به‌رانبه‌ر
ئه‌وه‌دا هات، كه زه‌مانێكى زۆر ئه‌ده‌ب له پێناو به‌گزاده‌و پاشا‌كان ده‌ونووسرا،
هه‌تا له ئه‌وروپاش، بۆیه هه‌تا دواى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م و دووه‌م، كۆمه‌لَێك
په‌یدا ئه‌بن بیر له‌وه ئه‌كه‌نه‌وه كه ئیتر رێز له عه‌قڵ نه‌گرن عه‌قڵ
چییه؟ زۆرجار سریالییه‌كان ئیش له‌سه‌ر خه‌ون ده‌كه‌ن له‌وێوه دووجۆر روانین
هه‌بوو، یه‌كیان ئه‌وه‌بوو رزگاركردنى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له پادشا‌و كۆشكان، یه‌كێكى
تریان كۆمه‌لَێ قوتابخانه‌ى وه‌كو دادائیزم و سوریالیزم په‌یدا بوو، كه ته‌نیا
هه‌لَگه‌رانه‌وه‌بوو له عه‌قڵ راسته مرۆڤ شانازى به عه‌قلَه‌وه ده‌كا،
به‌ڵام
عه‌قڵ وێرانكه‌ریشه، هه‌تا له فه‌لسه‌فه‌ش نه‌قدكردنى عه‌قڵ هه‌یه، ئه‌و دوو
قوتابخانه‌یه یه‌كیان وا باسى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئه‌كا كه هونه‌ر له پێناو
هونه‌ردایه، ئه‌و دیكه‌یان پێى وایه نه‌خێر، هونه‌ر په‌یامى هه‌یه‌و بۆ
كۆمه‌لَگایه.
+ تۆ له قسه‌كانتادا باست كرد كه چه‌ندین كایه‌ى زانستیمان هه‌یه كه باس له
بواره جیاوازه‌كانى ژیان ئه‌كات، بۆ نمونه زانسته‌كانى سیاسیى، كۆمه‌لَناسیى،
ئابووریى، مێژوویى و.. هتد، وتت: ئه‌مانه هه‌ریه‌ك له بوارى خۆیه‌وه باس
ده‌كرێن، بۆیه نابێ ئه‌ده‌ب مینبه‌رى ئه‌و زانستانه‌بێ به ته‌نیا،
به‌ڵام من
نموونه‌ى ئه‌ده‌بێكت ئه‌ده‌مێ كه له سه‌رده‌مێكدا هه‌بووه به‌ر له
جیابوونه‌وه‌ى ئیختیساس، جیابوونه‌وه‌ى زانسته‌كان، ئه‌وكاته‌ش هه‌ر ئه‌ده‌ب
هه‌بووه جوانى به‌رهه‌مهێناوه، له رۆژهه‌لاتدا نموونه‌ى ئه‌ده‌بى عیرفانى
باڵامان هه‌یه وه‌ك مه‌ولاناى رۆمى كه له ژینگه‌یه‌كى ئاینیدا ئه‌و جوانییه
گه‌وره‌یه‌ى به‌رهه‌مهێناوه.
ـ ئه‌لَێن دیسكۆفسكى زۆر زاناتر بووه له فرۆید له بوارى ده‌رووندا، چونكه
دیسنۆفسكى له رۆمانه‌كانیدا باسى مرۆڤ ئه‌كا، باسى لایه‌نێكى رۆحى شاراوه،
لایه‌نى ده‌روونى پالَه‌وانه‌كانى، هه‌تا (فرۆیدا) خۆى ئیشى كردوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش،
بۆ نموونه ماركس و ئه‌نجلس حه‌زیانكردووه (ئێمیلى برۆنتى) كه رۆمانێكى هه‌بووه
به ناوى (به‌رزاییه‌كانى وێزره‌نیگ)، كه بۆ خۆى باسى عیشق و تۆلَه‌ى چینایه‌تى
بوو به وردى بیخوێنێـه‌وه‌و لێكۆلَینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى
سه‌رسامن به‌و شه‌ڕه چینایه‌تییه‌ى كه ئه‌وان به‌لایانه‌وه گرنگ بووه، ئه‌و سێ
كچه له شارۆچكه‌یه‌كى بچووك له‌و رۆژگاره‌دا ژیاون، كه باسى ئیشق و لایه‌نى
چینایه‌تى و خۆشه‌ویستى و مه‌رگیان كردووه.. هتد، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و
كچانه بایى چه‌ند تیۆرى ئابوورییان خوێندۆته‌وه،
به‌ڵام به‌هه‌ست خۆیان باسى
كێشه‌ى چینایه‌تییان كردووه نه‌ك له رێى تیۆرییى ماركس و ئه‌نجلسه‌وه، وه‌كو
ئه‌لبێركامۆ ده‌لَێ: من مه‌سه‌له‌ى هه‌ژاری و به‌شمه‌ینه‌تى له ژیانى خۆمه‌وه
فێربووم نه‌ك له ماركسه‌وه، چونكه زۆرجار تۆ له رێگه‌ى خۆته‌وه هه‌ست به دنیا
ده‌كه‌ى، تۆ كه ده‌لَێى هه‌ژارم، توڕه ئه‌بى له ده‌ولَه‌مه‌نده‌كان ئه‌وه
هه‌ستى خۆته، نه‌ك له رێگه‌ى په‌یامێكه‌وه پێت درابێ له رێى كۆمه‌لَێك ده‌قى
ناو كتێبانه‌وه، من ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بلَێم: به‌ر له‌وه‌ى تۆ بچیته ناو زانستى
ئابوویناسى یان ده‌رونناسى یان فه‌لسه‌فه، له نێو ئه‌ده‌بدا ئه‌وه هه‌بووه، تۆ
باسى مه‌ولاناى رۆمیت كرد باشه، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه یۆنان، (2500) ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر، ده‌قى وا زیندوو هه‌یه، كه ده‌لَێى باسى ئه‌مڕۆ ئه‌كا، باشه خۆ
به‌ر له په‌یدابوونى ئه‌ده‌ب ئه‌فسانه هه‌بووه، به‌ر له په‌یدابوونى ئاین
ئه‌فسانه هه‌بووه، له ئه‌فسانه‌كانا باسى تۆفان كراوه، به جۆرێك له جۆره‌كان
باسى ئاده‌م و حه‌وا كراوه، كه‌واته: له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ هه‌یه ئیشى كردووه،
له‌وه‌ته‌ى ئه‌ده‌ب هه‌یه باسى كێشه‌ى مرۆڤى كردووه، له ناو فه‌لسه‌فه‌ى
یۆنانیدا ده‌توانی ده‌رونناسى بدۆزیته‌وه‌و ده‌توانى كێشه‌ى ئابوورى بدۆزیته‌وه،
ده‌توانى ئه‌و گرفتانه‌ى ئه‌مڕۆ من و تۆ باسیان ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ى (جوانى و چێژ)
یان (مه‌عریفه‌ت) له فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانیدا مشتومڕى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر كراوه، له
كتێبى (پۆیتكا) باسى هونه‌ر كراوه، باسى ره‌خنه كراوه، ئه‌و قسه‌ى تۆ زۆر راسته
له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ قه‌لَه‌مى گرتۆته ده‌ست، له‌وه‌ته‌ى مێژوو ده‌نووسرێته‌وه هونه‌ر
تۆمار ده‌كرێ، له‌سه‌ر پێسته، له‌سه‌ر به‌رد، له‌سه‌ر گه‌ڵاى دره‌خت، له‌وكاته‌وه
مرۆڤ به‌رده‌وام پرسیار و گومانى هه‌بووه، به به‌رده‌وام به دواى نهێنییه‌كاندا
گه‌ڕاوه، به‌رده‌وام به‌دواى جوانیشدا گه‌ڕاوه، ده‌گێڕنه‌وه به‌رله‌وه‌ى مرۆڤ
فێرى قسه بووبێ شاعیر بووه، چونكه هه‌میشه سه‌رسام بووه، شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه
كه به‌رده‌وام سه‌رسام ده‌بێت، كه‌واته به‌رله‌وه‌ى تۆماریش هه‌بێ له‌وه ده‌چێ
ئینسانى ناو دارستان و ناو ئه‌شكه‌وته‌كان له‌من و تۆ شاعیر تر بووبن، چونكه
ئه‌وان به‌رده‌وام به‌رانبه‌ر به سروشت سه‌رسام بوون، دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو
خوداوه‌نده، چه‌ند دیارده له سروشتدا هه‌بووه، مرۆڤ ئه‌وه‌نده خوداوه‌ندى بۆ
داناوه، كه‌واته، مرۆڤ هه‌میشه سه‌رسام بووه به‌وه‌ى خوداوه‌ندى دروست كردووه،
بۆی بۆ هه‌ردیارده‌یه‌ك خوداوه‌ندى دروستكردووه، چونكه شاعیرانه سه‌یرى جیهانى
كردووه.
+ بابێینه لاى مه‌سه‌له‌ى ره‌خنه‌ى كوردى، من خۆت به نموونه وه‌رده‌گرم، تۆ
له كاركردنى ره‌خنه‌ى كوردى له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانمى خۆت رازیت؟ به شێوه‌یه‌كى
تر: ره‌خنه‌ى كوردى له به‌رانبه‌ر تۆدا راستگۆیه كه‌وا نیشانده‌دا تۆ هه‌ر
خه‌ریكى نوسینه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى باوكى به‌سه‌ر نه‌وه‌ى نوێوه؟
ـ نه‌خێر هه‌رگیز، هه‌رگیز وانییه، تۆ هه‌تا له چیرۆكێكى دلَداری نێوان كوڕ‌و
كچێك، كه باس ده‌كه‌ى ده‌یه‌ها په‌یامى دیكه‌ت له پشته‌وه هه‌یه، من هیچ شتێك
وه‌كو خۆى وه‌رناگرم، یه‌ك دیوى هه‌بی، ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ئه‌ده‌به چه‌ندین
دیوى شاراوه‌ى هه‌یه، رێك له چینه‌كانى زه‌وى ئه‌چێت، ئێمه كه سه‌یرى زه‌وى
ئه‌كه‌ین ئه‌زانین ئه‌و چینه‌ى سه‌رزه‌وى توێخێكى به‌چاو ئه‌یبینین،
به‌ڵام
جیۆلۆجییه‌كان كه ده‌چنه ناخى زه‌وى هه‌ر چینه‌و شتێكى تیا ده‌دۆزنه‌وه، زۆرجار
تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێ ته‌مه‌نى زه‌وى بزانیت، ته‌مه‌نى به‌ردێك بزانیت، ته‌مه‌نى شاخێك
بزانیت، ئه‌چیت چینه‌كانى ئه‌دۆزیته‌وه، كه ئه‌ته‌وێ سه‌یرى ده‌ریایه‌ك بكه‌ى
سه‌ره‌تا له‌و روكه‌شدا ئاوێك ئه‌بینى، پڕ گێژه‌نه یان زۆرجار مه‌نگه،
به‌ڵام كه
تۆ ئه‌چیته ژێر ده‌ریا، چه‌ندین دره‌خت و ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌رى سه‌یر هه‌یه، تا
ئێسته ژێر زه‌ریا به ته‌واوه‌تى نه‌دۆزراوه‌ته‌وه به‌و هه‌موو زانسته‌ى كه مرۆڤ
ئه‌مڕۆكه پێى گه‌شتووه، بۆمن ده‌قى ئه‌ده‌بى ده‌قاوده‌ق ئه‌گه‌ر قولَبێ، من
لێره‌دا باسى ده‌قى خۆم ناكه‌م، ئه‌گه‌ر قوڵ بێ یان ته‌نكاو، قسه‌كه‌م له‌سه‌ر
ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر من شتێكم نووسیوه، هه‌رگیز نه‌مهێشتووه یه‌ك دیووى هه‌بێت،
ئه‌لَبه‌ت لێره‌دا من ناتوانم ناوى ئه‌و هه‌موو كه‌سانه بژمێرم، كه نووسین و
ئه‌ده‌بى منیان شیكردۆته‌وه، هه‌بووه زۆر سه‌رسامى كردووم، به‌لَكو ئه‌و
نهێنیانه‌ى دۆزیوه‌ته‌وه خۆشم ده‌ركم پێ نه‌كردوون، چونكه بیرت نه‌چێ زۆرجار
وایه، كه‌سێك كه ره‌خنه‌گر ده‌بێت، كۆمه‌لَێك شتى په‌نهان و شاراوه هه‌یه
ئه‌یدۆزێته‌وه تۆ بۆ خۆت ڕه‌نگه وه‌ك نائاگاهى هه‌ستت پێكردووه،
به‌ڵام كێشه‌ى
ئه‌ساسى ئه‌وه‌یه له‌ناو ده‌قدا، ئایا ره‌خنه‌گر ئه‌توانێ ئه‌و نهێنیانه
بدۆزێته‌وه یان نا؟ پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، به‌لَێ ژماره‌یه‌ك كه ڕه‌نگه كه‌م
بن، ره‌نگه ژماره‌یه‌ك له‌و ره‌خنه‌گرانه له سه‌روى چاوه‌ڕوانییه‌كانى منیشه‌وه
جوان كارى كردووه، كه بۆ خۆم سه‌رسام بووم،
به‌ڵام هه‌شه دلَڕه‌ق بووه‌ه
په‌یوه‌ندى به ده‌قه‌كه‌وه نه‌بووه، هێرشى كردۆته سه‌ر كه‌سایه‌تى خۆم هه‌شه
ساده نووسیویه‌تى،
به‌ڵام من له ژیانمدا هه‌رگیز نه به‌زاره‌كى نه به قه‌لَه‌م
وه‌ڵامى هیچ كه‌سێكم نه‌داوه‌ته‌وه به من بلَێ نووسه‌رن یان نووسه‌ر نییه،
ده‌قێكى منى به‌دڵ بووبێ یان به دلَى نه‌بووبێ، من به‌رده‌وام وا سه‌یرى دنیا
ده‌كه‌م كه تۆ ده‌قه‌كانى خۆت فڕێ ده‌ده‌یت ئه‌وانى تریش هه‌قیانه چۆن قسه
له‌سه‌ر تۆ ده‌كه‌ن، به باش و به خراپ، من بێزار نیم له كه‌س، توڕه نیم له
كه‌س، ره‌نگه له‌ناو خۆما روانینم هه‌بێ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ى له‌سه‌رم ده‌نووسێ، بۆچى
ده‌ینوسێ، به‌ڵام قه‌ت ناچمه پاى ئه‌وه دادگایى بكه‌م یان
وه‌ڵامى بده‌مه‌وه، من
هه‌ست ده‌كه‌م ژماره‌یه‌ك له‌و ره‌خنه‌گرانه، هه‌ندێكیان ره‌خنه‌گر نین، نووسه‌رى
یان هونه‌رمه‌ندن،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به وردى توانیویانه له شته‌كانى من
بكۆلَنه‌وه، به گشتیى من هه‌ست ناكه‌م په‌ك په‌یامم هه‌بووبێ، ئه‌و قسه‌یه‌ى تۆ
زۆر راسته، ره‌نگه یه‌كێك له خه‌مه سه‌ره‌كییه‌كانم گومان كردن له باوك سالارى
بووبێ، چونكه لاى من باوك سالارى سیستمێكى ئه‌خلاقییه، نه‌ك ئه‌وه‌ى كه باوك
زالَه له مالَێ، زۆر كه‌س خراپ تێئه‌گا، ئێسته من له ژیانما راسته باوكم
پیاوێكى دیكتاتۆر بوو،
به‌ڵام بیرم نایه بۆیه‌ك چركه‌ش بێڕێزیم به‌رانبه‌ر
كه‌سایه‌تى ئه‌و كردبێ، چونكه زانیومه ئه‌و بۆخۆشى قوربانییه،
به‌ڵام من زۆر
ئه‌ترسم له باوكى ماڵ كه ئه‌بێ به دیكتاتۆر، له‌و مامۆستایه‌ى كه له پۆلدا
ئه‌بێ به دیكتاتۆر، ئه‌و مه‌لایه‌ى كه له مزگه‌وت ئه‌بێ به دیكتاتۆر، ئه‌و
سه‌رۆك حزبه‌ى له حزبه‌كه‌یدا ئه‌بێته دیكتاتۆر، من باسى ئه‌و جۆره باوكانه
ئه‌كه‌م كه ده‌كرێ وێنه‌ى ره‌نگاوڕه‌نگیان هه‌بێ له كۆمه‌لَگادا، هه‌موو ئه‌و
كه‌سانه‌ى كه ده‌سه‌لاتی خۆیان به‌كارده‌هێنن بۆ ناشیرینكردنى دنیا بۆ
به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان، بۆ خۆزالَكردن به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا، بۆ كۆیله‌كردنى ئه‌وانى
دیكه، ئه‌گه‌ر به‌ناوى هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌كه‌وه بێت، له لاى من ئه‌و وێنه‌ى
باوكه جێى پرسیار‌و جێى گومان و جێى ئه‌وه‌یه ره‌خنه‌ى بكه‌م، من هه‌ست ده‌كه‌م
كه كۆمه‌لَگاى رۆژهه‌لاتى ئێمه گیرۆده‌ى ئه‌و سیستمه‌ین كه پێى ده‌گوترێ
(پاتریاركى) یان پیاوسالارى، كه من به ڕاستى هه‌ستده‌كه‌م حوكمڕانییه‌كه‌ى هی
نێرینه‌یه،
به‌ڵام به شێوه‌ى زۆر ناشرین، لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه مێ
حوكم ئه‌كا یان نێر، یان به‌یه‌كه‌وه حوكم ئه‌كه‌ن، قسه له‌سه‌ر ناشیرینكردنى
ژیانه به گشتیى، من هه‌ست ده‌كه‌م به‌و چه‌شنه‌ى له كۆمه‌لَگاى ئێمه نێر حوكم
ئه‌كا، ناشیرنكردنى دنیایه،
به‌ڵام من له نووسینه‌كانمدا باسى مه‌رگم كردووه،
باسى خۆشه‌ویستیم كردووه، باسى سۆزداریم كردووه، من هه‌ست ده‌كه‌م دنیایه‌ك
پرسیار‌و گومانم هه‌یه وه‌ك هه‌ركه‌سێكى تر كه ده‌ژى،
به‌ڵام تۆ ئه‌زانى له
كۆمه‌لَگاى ئێمه‌دا له مندالَییه‌وه زۆرجار پرسیار‌و گومان ده‌كوژرێ، ئیشى نووسه‌ر
ئه‌وه‌یه زۆرترین پرسیار‌و گومان بنێته‌وه، به قه‌ناعه‌تى من یه‌كێك له
كاره‌كانى نووسه‌ر ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام بتخاته ناو زه‌مان و زه‌مینه‌یه‌ك
گوماناوى بێت، پانتایی گومان له‌ناو ئاینیشا یه‌كجار زۆره، له قورئاندا پانتایى
هه‌یه كه ده‌بێ تۆ گومان بكه‌ى، بۆ نمونه: پرسیارى رۆح لاى ئیبراهیم له
به‌رانبه‌ر خودا، ئه‌مه جۆرێكه له گومان،
به‌ڵام گومانێكه بۆ گه‌یشتن به جۆرێك
له دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره خۆى، یان گه‌یشتن به یه‌قینێك هه‌رچه‌نده من بۆ
خۆم زۆر ده‌ترسم له یه‌قین، چونكه یه‌قین مێشكى ئینسان داده‌خات، ئه‌گه‌ر ئێمه
وابزانین یه‌ك حه‌قیقه‌ت هه‌یه له دنیادا ئیتر ئه‌وه مێشك ئیش ناكات، ئه‌گه‌ر
ئێمه له بوارى سیاسه‌ت و ئایین و ژیانى كۆمه‌لایه‌تیى و ئابوورى و رامیاریى
وابزانین یه‌ك حه‌قیقه‌ت هه‌یه، بۆ خۆشه‌ویستى بۆ هه‌موو شتێك، وابزانین یه‌ك
یه‌قین هه‌یه ترسناكترین شته، ئا له‌وێدا تۆ مێشكى براده‌ره‌كه‌ت،
به‌رانبه‌ره‌كه‌ت، ژنه‌كه‌ت، كچه‌كه‌ت، كوڕه‌كه‌ت، داده‌خه‌یت، ئیتر ناهێلَێ بیر
بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش زولَمكردنه له‌و عه‌قلَه‌ى كه خوا به‌خشیویه‌تى، ئه‌گه‌ر
عه‌قل خوا به‌خشیویه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى نه‌به‌خشیوه كه تۆ كۆیله‌ى كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى
به‌خشیوه كه تۆ ئازادى كه‌ى زیاتر بپرسی، زیاتر گومان بكه‌ى، زیاتر قسه بكه‌ى.
+ له‌م رووه‌وه ده‌قى ئایه‌ت هه‌یه وه‌ختێ كه بێباوه‌ڕه‌كان ئه‌دوێنێ پێیان
ده‌لَێ: (إِنَّا أَوْ
اێاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِی
ظلالٍ مُّبِینٍ) یانى
لێره‌دا خوداى مه‌زن به بێباوه‌ڕه‌كان ئه‌لَێ یان ئێمه یاخود ئێوه له‌سه‌ر
هیدایه‌تین، لێره‌دا خودا حه‌ق ته‌نیا به خۆى نادا.
ـ من زۆرجار كه باسى چیرۆكى ئاده‌م و حه‌وا ئه‌گێڕمه‌وه له زۆر گفتوگۆكاندا بۆ
نموونه: خودا بۆى هه‌بوو ده‌ستى ئاده‌م یا حه‌وا بگرێ كه له دره‌خته‌كه نه‌خۆن،
به‌ڵام لێده‌گه‌ڕێ له دره‌خته‌كه بخۆن كه‌واته خودا بۆخۆى رێیداوه تۆ گوناه
بكه‌ى، له‌به‌رچاوى ئه‌و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بڕواى به ئازادى مرۆڤه‌كه هه‌یه،
گه‌رنا ئه‌كرا ئێمه مه‌خلوقێكى ناو به‌هه‌شت بین ئێستا، بیرۆكه‌ى گوناهى یه‌كه‌م
كه له‌ته‌ورات و ئینجیلا هه‌یه، كه له قورئانا هه‌یه، له زۆر ئه‌فسانه‌شدا
كه به‌شێوه‌ى جیا جیا باس له گوناه كراوه، كه‌واته یه‌ك له ئیشه‌كانى ئه‌ده‌ب
لاى من ئه‌وه‌یه: قسه له‌سه‌ر ئازادى مرۆڤ ئه‌كا، له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رزه‌مینه، باس
له گه‌مه‌كانى ئینسان ئه‌كا له‌ناو ئازادى، باس له هه‌لَه‌و جوانى و
ناشیرینییه‌كانى ئینسان له‌سه‌رزه‌مین، ئه‌مه‌ش چ له‌ناو ئایندا له‌ناو رۆحى
ئایندا، راسته ئاین چه‌ندین دیوى هه‌یه، خودى قورئان كه ئه‌یخوێنینه‌وه چه‌ندین
دیوى هه‌یه، قابیلى ته‌ئویل و ته‌فسیرو یه‌ك دنیا راڤه‌یه، كه‌واته زۆر ترسناكه
هه‌ركه‌س ئیتر ئه‌و كه‌سه مه‌لایه، سه‌رۆكى حیزبه، باوكته، پێى وتى: ئه‌وه‌نده
پرسیار‌و گومان مه‌كه باش نییه، تۆ قه‌ت ناتوانى ده‌ست بده‌یته قه‌لَه‌م بنووسى،
چونكه یه‌كه‌مین ئیشى نووسه‌ر به تایبه‌تى ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب ده‌نووسێ ئه‌بێ
نه‌ترسێ له گومان كردن و پرسیاركردن، كه تۆ ترساى ئیتر تۆ ناتوانى ئه‌ده‌بێكى
جوان بنووسى، هه‌موو ئه‌ده‌به جوانه‌كانى دنیا پڕن له پرسیار‌و گومان و له
كه‌شفكردنى په‌نهانى، یه‌ك له ئیشه‌كانى ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌لَكۆلَێ بزانێ
له ناوه‌وه چى تیایه، باشه چه‌ند چیرۆك و فیلمى خۆشه‌ویستى هه‌یه له دنیایدا؟
زۆر باشه بۆ نه‌ده‌كرا یه‌ك چیرۆكى خۆشه‌ویستیمان هه‌بێ، یان دوان، یه‌كیان
به‌یه‌ك بگه‌ن یه‌كیان به‌یه‌ك نه‌گه‌ن،
به‌ڵام تۆ له رێگه‌ى هه‌ر چیرۆكێكى
خۆشه‌ویستییه‌وه له رێى هه‌ر چیرۆكێكى جه‌نگه‌وه، له رێى هه‌ر چیرۆكێكى
جه‌نگه‌وه، تۆ ئه‌ته‌وێ كۆمه‌لَێك نهێنى تازه بدۆزیته‌وه كه به‌رانبه‌ره‌كه‌ت
یان براده‌ره‌كانت، یان نه‌وه‌كانى پێش خۆت ده‌ركیان نه‌كردووه، بۆیه به‌رده‌وام
نووسه‌ر په‌یدا ده‌بن له‌سه‌ر ئه‌رز، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رده‌وام هه‌ركه‌سه‌و له
دیدى خۆیه‌وه سه‌یرى خۆشه‌ویستى ده‌كات یانى ئێمه چه‌ند كه‌سین كه دانیشتووین
ئه‌وه‌نده حالَه‌تى خۆشه‌ویستى جیاوازمان هه‌بووه، له ژیانماندا، ره‌نگه له
هه‌ندێك بازنه تێكه‌لا بینه‌وه‌و له‌یه‌ك بچین،
به‌ڵام مومكین نییه له
ورده‌كاریدا ئێمه له‌یه‌ك بچین.
+ ئێوه باسى گومان و پرسیارتان كرد لاى مرۆڤ و لاى ئه‌ده‌ب، من حه‌زده‌كه‌م یه‌ك
تێبینى بده‌م، وه‌ختێ مو‌سا پێغه‌مبه‌ر ده‌لَێ: خۆتم پیشان بده، خواى گه‌وره‌ش پێى
ده‌لَێ: (انك لم ترانی)، تۆ من نابینى،
به‌ڵام سه‌یرى ئه‌و كێوه بكه كه من خۆمى
پیشان ئه‌ده‌م، كێوى تور كه سوتاوه وه‌ختێ خوا خۆى نیشانداوه، له‌به‌رانبه‌ریشدا
فیرعه‌ون خۆ هه‌ر هه‌مان شتى مو‌سا پێغه‌مبه‌ر ده‌لَێ، ده‌لَێ: ده‌مه‌وێ خوا ببینم،
به‌ڵام جیاوازى ئه‌م گومان و پرسیاركردنه ته‌نیا مه‌به‌ستى پشت پرسیاره‌كه‌یه،
یه‌كێكیان له حدودى ئه‌ده‌بدایه، ئه‌وى دیكه‌یان مه‌به‌ستى گالَته‌كردن و
ته‌شهیره.
ـ ئه‌مه به نیسبه‌ت باوه‌ڕوداره‌وه جیاواز ئه‌كه‌وێته‌وه،
به‌ڵام له
ده‌ره‌وه‌ى تۆوه به هه‌زاران كه‌س هه‌یه پرسیارى فازیحى هه‌یه، له راستیدا من
ئه‌مه‌وێ یه‌ك شت له‌گه‌لا تۆ بلَێم، تاوه‌كو درۆزن نه‌بین ئێمه كه له‌گه‌لا
یه‌كتردا، له ئه‌ده‌بدا جۆرێك له پرسیاركردن هه‌یه، هه‌تا هه‌ست و نه‌ستى خه‌لَك
بریندار ده‌كات، بۆ نموونه (جیمس جۆیس) كه یه‌ك له رۆماننووسه‌كانى سه‌ده‌ى
بیسته‌مه و ئه‌ده‌بى تازه‌ى دنیا قه‌رزارى ئه‌وه، ئه‌و ده‌لَێ: من ناتوانم بنووسم
گه‌ر هه‌ست و نه‌ستى ئه‌وانى تر بریندار نه‌كه‌م، لێره‌دا مه‌به‌ستم له
تێبینییه‌كه‌ى تۆیه، ئه‌توانین له‌م باره‌شه‌وه گفتوگۆیه‌كى تر بكه‌ین له
ئاینده‌دا، جا یه‌كه‌م كۆمه‌لَه چیرۆكى ئه‌و (جیمس جۆیس)ه چه‌ندین چاپخانه لێى
وه‌رنه‌گرت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسى كۆمه‌لَێ كه‌سى كردووه له پایته‌ختى ئیرله‌ندا
كه به فه‌زیحى باسى ئه‌و خه‌لَكه‌ى كردبوو، هه‌تا لێیاندا، له شه‌قامێكدا گرتیان
لێیان داوه، له‌به‌ر ئه‌وه قه‌ناعه‌تى (جێمس جۆیس) وابوو ئه‌بێ كاراكته‌رى ناو
شاره‌كه‌ى خۆى له ڕێى ئه‌ده‌به‌كه‌یه‌وه به خه‌لَك بناسێنێ، هه‌تا ئه‌گه‌ر بێته
مایه‌ى تێهه‌لَدانیش، قسه‌كه‌ى من له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، كایه‌ى ئه‌ده‌ب زۆرجار
كایه‌یه‌كه، تا بلَێى پرسیار‌و گومانى زۆر خراپ ئه‌كا، من لێره‌دا واز له ئاین
ئه‌هێنم ته‌ماشاى ئایدۆلۆژیاى ماركس بكه له چین و له سۆڤیه‌ت له كۆماره‌كانى
سۆڤیه‌تى ئه‌و رۆژگاره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كۆمه‌لَێك ئه‌دیب پرسیار‌و گومانى سه‌یریان
هه‌یه له سیاسه‌ت به هه‌زاره‌ها كه‌س ئه‌كوژرێ، كه‌واته ئایدۆلۆژیا
مه‌ترسیداره، بۆ وتم: یه‌قین كه دۆگما بوو كه پێى ده‌وترێ (الجمود العقائدى)
به‌سته‌لَه‌كێك له‌ناو عه‌قیده‌ى تۆدا دروست ده‌كا زۆرجار ئه‌مه كاره‌ساته، به‌چى
ئه‌م كاره‌ساته‌دا لاده‌چێ، به‌چى ئه‌م به‌سته‌لَه‌كه ئه‌توێته‌وه، به‌وه‌ى شه‌رم
نه‌كه‌ى، له شوێنێكا، مه‌رج نییه له‌ناو ئاینا، له ده‌رونزانیا له زانستى
ئابوری‌دا، له فه‌لسه‌فه‌دا، ئایا بۆت هه‌یه پرسیار‌و گومانى به ئه‌ده‌ب نه‌كه‌ى؟
به‌لَێ بۆت هه‌یه، به‌لاى منه‌وه، باشه ئێمه چی بكه‌ین كه له‌مالَى كۆمه‌لَێ
منالَمان هه‌یه لێمان ده‌پرسن، پرسیارى ئابڕووبه‌رانه، پرسیارى سه‌یر، ئێمه
لێیان ئه‌ده‌ین،
به‌ڵام بیرت نه‌چێ عه‌قلَى ئه‌و منالَه ده‌خوازێ به‌وشێوه‌یه
پرسیار بكات، قسه‌ى من له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چ منالَێك، چ گه‌وره‌یه‌ك، ئه‌پرسێ ئه‌بێ
تۆ زولَمى لێ نه‌كه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شێوه‌ى پرسیاره‌كه‌یت به‌دلا نییه، گریمان
جۆرى پرسیاركردن لاى تۆ ئه‌ده‌به، ده‌كرێ من بلَێم تۆ ئه‌و پرسیاره‌ت لێكردم
به‌ڵام به ئه‌ده‌به‌وه نه‌تكرد، كه‌واته نابێ ئه‌و پرسیاره‌ت
وه‌ڵام بدرێته‌وه.
خه‌یامى شاعیر شه‌راب خۆر نه‌بووه، ئه‌و پرسیارى فه‌لسه‌فه‌ى هه‌بووه، تێڕامانى
هه‌بووه ده‌رباره‌ى گه‌ردوون، راسته له دیدى هه‌ندێ كه‌س ئه‌م پیاوێكى مه‌ست
بووه، به‌راستى ره‌نگه ئه‌و له‌ژیانیدا پێكى شه‌رابى نه‌خواردبێته‌وه.
+ دیاره گۆڕانكارى سیاسی له‌وانه‌یه جۆرێك له گۆڕانكارى له كایه‌كانى تریشدا
دروست بكات، ده‌گونجێ سبه‌ى رۆژ ره‌خنه‌گرێك پۆلێنى ئه‌ده‌ب بكا بۆ پێش راپه‌رین و
دواى راپه‌رین، من نازانم ئێوه دواى راپه‌رین توانیتان هه‌لَكشن یان بووه‌ستن،
نازانم توانیوته جوانى ده‌قه‌كانى پێش راپه‌رینیت تێپه‌ڕێنێت، هه‌ندێ كارى تۆ كه
دواى راپه‌رینیش چاپكراوه هه‌ر مێژووى نووسینیان ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ پێش راپه‌رین،
به كورتى چۆن قسه له‌سه‌ر ئه‌زمونى خۆت ئه‌كه‌ى له دواى راپه‌رین؟
ـ ره‌نگه دواى راپه‌رین من زۆرتر كاتى تێڕامانم هه‌یه، له خۆم و دنیا، من زۆر
ئه‌ترسم بنووسم، زۆرجاریش باراستگۆبم له‌گه‌لا تۆ خۆم به‌بێ به‌هره ئه‌زانم،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له منالَى و گه‌نجیێتیم ژیانێكى زۆر ناشیرین ژیاوم، له خێزانێكى
ماندوو، ماندوو له لایه‌نى ئابوورى و كۆمه‌لایه‌تى له گه‌ڕه‌كێك ماندوو له بوارى
ئابورى و كۆمه‌لایه‌تى و ئه‌خلاقی و هه‌موو شێوه‌یه‌ك، بۆیه من لێت ناشارمه‌وه
نابێ نووسه‌ر باسی خۆى بكات، چونكه من نازانم هه‌لَكشاوم یان داكشاوم، ئه‌وه‌تۆى
له ده‌ره‌وه بۆت هه‌یه سه‌د له‌سه‌د بلَێی ئه‌تۆ پێش راپه‌رین هه‌موو شته‌كانم
به‌دلا بوو، به‌ڵام دواى راپه‌رین هه‌رچی ئه‌خوێنمه‌وه سه‌رسامم ناكات، یان وه‌ك
جه‌نابت وتت فیعله‌ن ئه‌و ده‌قانه‌ى زۆربه‌ى ئێستا ده‌یاننووسم هى سه‌رده‌مى پێش
راپه‌ڕینن. ئێستا وا ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، به‌راستى ئێستاش هه‌ندێ ده‌قم
ماون له مالَه‌وه كه‌وتوون، كه هى پێش راپه‌رینن، هێشتا پێویستیان به‌وه‌یه
ئیشیان له‌سه‌ر بكه‌م، ئه‌و قسه‌یه‌ى تۆ زۆر دروسته، من له دواى راپه‌ڕینه‌وه
كۆمه‌لَێك خه‌مى كۆمه‌لایه‌تى و سیاسی كه‌وته سه‌رشانم، به تایبه‌تى له بوارى
په‌روه‌رده، من لێت ناشارمه‌وه، له داوى راپه‌رین به‌شی هه‌ره‌زۆرم كاركردن
بردى، من وه‌ك هه‌ر مامۆستایه‌ك له‌م ولاته هه‌شت سالَ چوومه نێو كارى
رێكخراوه‌یی له‌به‌رئه‌وه‌ى حالَى مامۆستا خراپ بوو، من به حوكمى ئه‌وه‌ى وه‌ك
هه‌ركه‌سێك باوكم و مالَێك به‌ڕێوه‌ده‌به‌م، من ده‌ست به‌تالا نیم به ته‌نها بۆ
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بژیم من یه‌ك دنیا كارى دیكه ده‌كه‌م له ژیانما، ئه‌و
كاته كه‌مه‌ى ئه‌مێنێته‌وه خه‌ریكى كارى خوێندنه‌وه‌و نووسین ئه‌بم، واته من به
پیشه‌گه‌ر نووسه‌ر نیم، وه‌ك له دنیاى پێشكه‌وتوودا باوه، ره‌نگه زۆربه‌ى كوردیش
قه‌ده‌رى وابێت،
به‌ڵام ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س له هه‌ندێك كه‌س به‌خته‌وه‌رتر بێت،
من ئه‌توانم بلَێم كات بۆ خوێندنه‌وه له منالَه‌كانم له خێزانه‌كه‌م ئه‌دزم،
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش كه داوى راپه‌رین من هه‌ستم كرد كه به‌ره‌و ته‌مه‌نێك
هه‌لَكشاوم، هه‌ست ده‌كه‌م منالا و خێزانه‌كه‌م حه‌قیان له‌سه‌رمه، من فه‌رامۆشم
كردوون، هه‌تا خێزانه‌كه‌م هه‌قی له‌سه‌رمه ئه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ى منى خۆشده‌وێ
ته‌حه‌مولى كردووم، من پیاوێكم كه‌م ئه‌نووسم له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌م سى چل سالَه‌دا
من سى چل چیرۆكم هه‌یه له‌گه‌لا پێنج ده‌قی درێژ، هه‌ندێكیان كورته رۆمانن
هه‌ندێكیان ناویان رۆمانه،
به‌ڵام من ناویان لێ ئه‌نێم ده‌قی درێژ، من ئه‌وه‌ى
ده‌ینووسم زۆر به هیلاكى ده‌ینووسم، زۆر گومانم هه‌یه لێى، زۆر پرسیارم هه‌یه
له خۆم، بۆیه زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌قێك فڕێئه‌ده‌مه ده‌ره‌وه، من ناتونم به هیچ
شێوه‌یه‌ك پێت بلَێم پێگه‌ى من له كوێى ئه‌ده‌بى كوردیدایه، پێش راپه‌رین و
پاش راپه‌رین،
به‌ڵام راسته ده‌كرێ من بلَێم دواى راپه‌رین شتێكى ئه‌وتۆم
نه‌كردووه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بمه‌وێ باسى باوك سالارى بكه‌م، له حه‌سارو
سه‌گه‌كانى باوكما ویستوومه ئه‌و قسه‌یه بكه‌م، بۆیه ئه‌بێ گه‌ر ده‌قێكى
كه‌منووسی جیاوازبێ له‌و یان ئه‌و تێپه‌ڕێنم،
به‌ڵام یه‌ك شت هه‌یه، كه من قه‌ت
وازى لێناهێنم ئه‌ویش خوێندندنه‌وه‌یه، ره‌نگه تۆ نه‌زانى من مانگانه كتێبێك به
عه‌ره‌بی یان به ئینگلیزى له‌سه‌ر ئاین ئه‌خوێنمه‌وه من بۆ خۆم دوانزه سالا له
ژیانما ئاین په‌روه‌ر بووم، به‌رده‌وام پرسیارى ئاینم هه‌یه، پرسیارم له سیاسه‌ت
هه‌یه، پرسیارم له خۆم هه‌یه، له دنیا، به‌رده‌وام به دیار پرسیار‌و
گومانه‌كانى خۆمه‌وه زۆر داماوم، بۆیه ئه‌توانم بلَێم له سه‌دا نه‌وه‌دى
كاته‌كانم ئه‌خوێنمه‌وه، بۆ نموونه من چوار سالَه چیرۆكێكم نه‌نووسیوه،
به‌لاشمه‌وه گرنگ نییه بنووسم،
به‌ڵام وه‌ها شتى ترم كردووه له بوارى ژنان و
مندالان هه‌ندێ شه‌ڕو هه‌ندێك قسه‌و هه‌ندێك ده‌مه‌ته‌قێ.
من واى ده‌بینم من و تۆ كه قسه ده‌كه‌ین خه‌ونمان ئه‌وه‌یه كه دنیا جوان
بكه‌ین، به‌ڵام جوانى لاى من چییه، جوانى لاى تۆ چییه؟ مێژوى تۆ دیارى ده‌كات
مێژووى تۆ ره‌نگرێژى ئه‌وه ده‌كات كه جوانى لاى تۆ چییه و لاى من جوانى چییه؟
ئایا ئه‌و جوانییه‌مان له‌یه‌ك ئه‌چن یان جیاوازن مه‌رج نییه،
به‌ڵام ئه‌شێ من و
تۆ شه‌ڕ بكه‌ین به شێوه‌یه‌كى شارستانیی ململانێی بكه‌ین، هه‌ندێك له
نووسه‌ره‌كانى براده‌رم زۆر توڕه‌ن له من ئه‌لَێن: ئه‌مانه هیچی ئیشی تۆ نییه
هیچی خه‌مى تۆ نییه، خه‌مى تۆ ئه‌وه‌یه ده‌قێكى جوان بنووسیت، من دنیا وانابینم
به‌لاى منه‌وه ئه‌و نه‌گبه‌تییه‌ى كه من له قوتابخانه بینیم، حه‌زناكه‌م
نه‌وه‌ى داوى خۆم بیبینێ، وا چاكه منالَه‌كه‌ى خۆم نه‌یبینێ، زۆرم به‌لاوه
گرنگه، براكه‌ى تۆ خوشكه‌كه‌ى تۆ نه‌یبینێ، زۆرم به‌لاوه گرنگه، لاى من ده‌قی
جوان ناكاته ئه‌وه‌ى پۆلێك ئاسوده بكه‌م، ره‌نگه هه‌لَه‌بم
به‌ڵام من ئه‌گه‌ر
توانیم قوتابخانه‌كانى كوردستان پڕكه‌م له قوتابی ئاسوده، به‌لاى منه‌وه ئه‌وه
گرنگه به قه‌د ئه‌وه‌ى چۆن ده‌قێك ئه‌نووسی ئه‌وه‌نده خۆشبه‌ختت ئه‌كا.
+ ئه‌و خه‌مه‌ى تۆ بۆ مندالان هه‌ته واى لێنه‌كردووى كه بۆ ئه‌و جیهانه بنووسى؟
ـ من ناتوانم هه‌رگیزو بۆ منداڵ بنووسم وه‌ك داهێنا، له‌به‌رئه‌وه‌ى نووسین بۆ
مناڵان تایبه‌تمه‌ندییه‌كى زۆر جیاوازى هه‌یه، كه من نیمه به داخه‌وه،
به‌ڵام
چیرۆكه‌كانى من و ده‌قه‌كانى من پڕن له پالَه‌وانى منداڵ، یانى ئه‌گه‌ر
كاره‌كته‌ره‌كانى لاى من بژمێرى به‌شی شێر بۆ مندالَه،
به‌ڵام بۆ خه‌یاڵ و ئاستى
منداڵ چیرۆكێك، شیعرێك بۆ منداڵ بنووسم ره‌نگه حه‌زمكردبێ،
به‌ڵام حه‌ز شتێكه‌و
توانا شتێكه،
به‌ڵام له بوارى وه‌رگێڕاندا هه‌ندێك شتم كردوه بۆ منداڵ به‌لَێ
كردوومه، من ئێستا چه‌ندین ده‌قم به ده‌سته‌وه‌یه خه‌ریكم پانتاییه‌كى زۆرى
پالَه‌وانه‌كانم هه‌مووى مندالَن، خه‌ونێكم هه‌یه كه یه‌ك له‌ده‌قه درێژه‌كانه
خه‌ریكم هه‌موو پالَه‌وانه‌كان مندالَن، من ئه‌توانم له خه‌مى مناڵ تێبگه‌م،
به‌ڵام ناتوانم بۆ ئاستى خه‌یالَى منداڵ بنووسم.
+ ده‌رباره‌ى ئه‌ده‌بى كوردى له ده‌ره‌وه‌ى زمانى كوردیى، تۆ پێت وایه كێشه‌ى
ئێمه ته‌نیا ئه‌وه‌یه پرۆژه‌یه‌كمان نییه بۆ وه‌رگێڕانى ئه‌ده‌بی كوردى بۆ
زمانه‌كانى تر، یان ئه‌وه نیوه‌ى كبَشه‌كه‌یه‌و نیوه‌كه‌ى تر‌ى ئه‌وه‌یه كه ئێمه
خاوه‌نى ده‌قێك نین كه ببێته مایه‌ى سه‌رنجى ئه‌وان؟
ـ نا من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم هه‌تا له ئه‌ده‌بی كلاسیكى كوردیدا، من ئاگام له
ئه‌ده‌بی كلاسیكى ئینگلیزى هه‌یه، چونكه ده‌رچووى ئه‌ده‌بیاتى ئینگلیزیم،
ئه‌ده‌بی كلاسیكى كوردى هیچی كه‌متر نییه له ئه‌ده‌بی كلاسیكى ئینگلیزى، راسته
ئه‌وان شكسپیریان هه‌یه،
به‌ڵام من پانتایی شیعر ئه‌كه‌م په‌خشان نا، چونكه ئێمه
له ئه‌ده‌بی كلاسیكى ناتوانین ئیدعاى ئه‌وه بكه‌ین بلَێین چیرۆك و رۆمانامان
هه‌یه، شانۆمان هه‌یه، هه‌مانه،
به‌ڵام چ له رووى چۆنییه‌تى و
چه‌ندییه‌تییه‌وه كه‌من،
به‌ڵام به نیسبه‌ت شیعرى كلاسیكى كوردى ئه‌توانم بلَێم
هى ئه‌وه‌یه بكرێت به هه‌موو زمانه‌كانى دنیا، ره‌نگه له بوارى ره‌وانبێژى و
جوانكارى زۆر شت بدۆڕێنین،
به‌ڵام ئه‌و پرسیارانه‌ى بۆ نموونه: ده‌رباره‌ى
خۆشه‌ویستى ده‌رباره‌ى خوداناسی هیچی كه‌متر نییه له ئه‌ده‌بی جیهانى.
له ئه‌ده‌بی تازه‌ش ئێمه ده‌قمان هه‌یه له شیعر‌و په‌خشانا ئه‌كرێ پیاو شه‌رم
نه‌كا ته‌رجه‌مه‌یان بكه‌ین،
به‌ڵام به‌شێك له كێشه‌كه كه تۆ خۆت
وه‌ڵامى خۆت
داوه‌ته‌وه، ئێمه ده‌زگامان نییه خه‌مى ئه‌وه بخوات كه ئه‌و ده‌قه ناوازانه
وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانه‌كانى تر‌ى جیهانى، من هه‌موو جار خه‌ون ده‌بینم ده‌قه‌كانى
به‌ختیار عه‌لى وه‌ك رۆمان وه‌ربگێڕدرێن، بڕوا ئه‌كه‌م ئه‌م كوڕه هیچی كه‌متر
نییه له رۆماننووسه‌كانى ئه‌مڕۆ له دنیادا، كه نۆبڵ وه‌رده‌گرن، هه‌تا له
بوارى فكریش ئه‌مڕۆكه قسه‌ى جدى هه‌یه له نه‌وه‌ى تازه ده‌رباره‌ى دنیا، كه
پێویست به‌شه‌رم ناكا ئه‌گه‌ر ته‌رجه‌مه بكرێنه سه‌ر زمانه‌كانى تر.
+ تۆ باسی گرنگى ئه‌ده‌بی كلاسیكى كوردیت كرد، من هه‌میشه وه‌ختێ باسی ئه‌ده‌بی
كلاسیك و نوێی كورد ده‌كرێ له‌به‌ر خۆمه‌وه پرسیارێكم بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌یه
كه وه‌ختى ته‌ماشاى ئه‌ده‌بی نوێ ئه‌كه‌ى ده‌بینى له زۆر رووه‌وه به به‌راورد
به ئه‌ده‌بی كلاسیك پاشه‌كشه‌ى كردووه، یانى كۆمه‌لَێك جوانى كه له ئه‌ده‌بی
كلاسیكى كوردیدا هه‌یه ئه‌ده‌بی نوێی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌وسانه له ئاستیاندا، یانى
ئێمه چۆن به ئه‌ده‌بێك بلَێین نوێ وه‌ختێ له هه‌ندێك سه‌ره‌وه دۆراوه، ئه‌م
دیارده‌یه له ولاتانى تریش هه‌ر وایه؟
ـ من ئه‌توانم ئه‌میش بگێڕمه‌وه بۆ چیرۆكى (دواگه‌لا)ى ئۆهێنرى، ئه‌مریكا
كیشوه‌رێكى زۆر زه‌به‌لاحه، ئه‌زانى له‌و كیشوه‌ره زه‌به‌لاحه‌دا ته‌نیا سێ چوار
رۆماننووسى گه‌وره هه‌یه كه به دنیا ناسراون، له هه‌موو دنیادا وایه له
باره‌ى ئه‌ده‌ب چ له زه‌مانى زۆر كۆندا چ له ئه‌مڕۆكه‌دا، ئاگات لێبێ هه‌میشه
ئه‌وانه‌ى داهێنه‌رن ژماره‌یان زۆر كه‌مه، بۆیه پێت سه‌یر نه‌بێ هه‌تا له
سه‌رده‌مى نالى، سه‌رده‌مى مه‌وله‌وى، له‌سه‌رده‌مى مه‌ولانا، تۆ بلَێی شاعیر‌و
عارفی دیكه نه‌بووبن، بروا ده‌كه‌م به‌سه‌ده‌ها كه‌سی دیكه هه‌بووبن،
به‌ڵام
ئه‌وه‌ى كه ده‌گاته تۆ ئه‌وه‌یه كه نه‌مره، ئه‌وه‌یه كه داهێنه‌ره،
ئه‌وه‌یه كه ده‌نگ و ره‌نگێكى تازه دێته نێو دنیا، پرسیار‌و گومانى تازه‌ى
هه‌یه، بۆیه پێت سه‌یرنه‌بێت وایه، له فه‌ڕه‌نسا سالانه شه‌ش هه‌زار رۆمان
ده‌نووسرێن،
به‌ڵام له كۆتاییدا شه‌ش له‌وانه ئه‌گاته خه‌لَك، شه‌شیان به باش
ده‌خوێنرێته‌وه یانى ئه‌م ژماره‌یه درۆینه‌كه پێت ده‌لَێم، له ئه‌ده‌بی چیرۆكى
كلاسیكى فه‌ڕه‌نسا (گى. دى. مۆپاسان) گه‌یشتوه‌ته ئێمه، له هه‌موو روسیا ئێمه
یه‌ك چیرۆكنووس ئه‌ناسین كه داهێنه‌ره ئه‌ویش (چیخۆفه) راسته ده‌ها چیرۆكنووسى
تر هه‌یه داهێنه‌ره،
به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه زۆر دره‌وشاوه‌یه یه‌ك دوو كه‌سن،
ئه‌گه‌ر حالَى نووسه‌رى په‌خشان و شاعیر له كیشوه‌ره هه‌ره گه‌وره‌كان و ولاته
هه‌ره‌گه‌وره‌كان كه مێژووى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر تیایدا سه‌ده‌ها سالَه، ئه‌وه‌بێت،
چۆن تۆ دادگایی كورد بكه‌ى كه ته‌مه‌نى چیرۆكى كوردى ته‌نیا په‌نجا سالَه،
ته‌مه‌نى رۆمانى كوردى ناگاته ده پانزه ساڵ، ئه‌وه‌ى كه رۆمانى هاوچه‌رخى
پێده‌لَێن، كه‌واته پێت سه‌یر نه‌بێ ئه‌و هه‌لَكشان و داكشانه‌ى تۆ باسی ده‌كه‌یت،
خودى ئه‌ده‌ب ئه‌بێ وابێ، نالَێم ئه‌بێ وابێ،
به‌ڵام خۆى وایه.
+ لاى كورد ئه‌ده‌ب تا چه‌ند توانیویه‌تى له ئاست ئه‌و رووداوانه‌دا بێت
رووبه‌ڕووى كورد بوونه‌وته‌وه، یانى تۆ شیعرێك شك ئه‌به‌ى بگاته هه‌لَه‌بجه،
رۆمانێك شك ئه‌به‌ى له ئاست ئه‌نفالدا؟
ـ به‌لَێ، به‌ڵام كه‌م، به‌لَێ دیسانه‌وه به‌س به ده‌گمه‌ن، وه‌ك چۆن وتمان
داهێنان شتێكى ده‌گمه‌نه، دیسانه‌وه گوزارشت كردن له ئازار‌و مێژووى تالَى كوردیش
ده‌گمه‌نه.
ئێستا ئه‌توانین بلَێین لاى (جووله‌كه) ژماره‌یه‌كى یه‌كجار زۆر هه‌یه له فیلم،
رۆمان، چیرۆك، جوله‌كه توانیویه‌تى گوزارشت له هۆلَۆكۆست بكات،
به‌ڵام
بلاوبوونه‌وه‌ى به هه‌موو دنیادا، جوله‌كه توانى قه‌رزبكات له هه‌موو كه‌لتورى
جیهان.
ئه‌رمه‌ن، ئایا توانیوه‌تى ته‌عبیر له قه‌تڵ و عامى خۆى بكات، من ئه‌وه‌نده‌ى
ئاگام له ئه‌ده‌ب بێت له رێی زمانى ئینگلیزییه‌وه ئه‌ده‌بی ئه‌رمه‌نى (ولیام
سارۆیان) ئه‌مریكا ئه‌ناسم چیرۆكنووسه، وه‌ك چۆن من باسی خۆشه‌ویستى ئه‌كه‌م، باسی
بێوه‌ژنێك ئه‌كه‌م، ئه‌ویش باسی ئینسان ئه‌كا، له هه‌موو ئه‌ده‌بی (سارۆیان) باسی
قه‌تڵ و عامى ئه‌رمه‌نم نه‌خوێندوه‌ته‌وه.
+ ده‌كرێت ده‌قێكى گه‌وره‌و جوان هه‌بێ،
به‌ڵام هێشتا له دایك نه‌بووبێ؟
ـ ئه‌وه نابێ گومانمان هه‌بێ، ڕه‌نگه دووسه‌د سالَى تر رۆماننوسێك بێت باسی
ئه‌نفال بكات، به‌لَێ خه‌یالَى ئینسان وایه، ئه‌مانه‌ى ئێستا باسی جه‌نگى یه‌كه‌مى
جیهانى ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان هه‌ر له دایك نه‌بوو بوون له‌و كاته‌دا، ئه‌رشیف
هه‌یه، دۆكۆمێنێت هه‌یه، ده‌یخوێننه‌وه خه‌یالَى داهێنه‌رانه‌ى خۆیان ئیش
له‌سه‌ر ئه‌و چیرۆكانه ئه‌كا، پیاوى داهێنه‌ر یه‌ك رووداوى به‌سه، یه‌ك دیمه‌نى
به‌سه، قه‌ناعه‌تم هه‌یه سه‌ده‌ها سالَى دیكه نه‌وه‌ى كورد دێ ته‌عبیر
له‌مرۆِكه ده‌كا.
+ شاعیران و داهێنه‌ران هه‌ندێك حالَه‌تى روحییان هه‌یه، كه من نه‌متوانى
باوه‌ڕبكه‌م ئێوه خالَى بن له‌و حالَه‌تانه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، تۆ له‌و
حالَه‌ته‌دا گوێ له چى ئه‌گرى ته‌ماشاى چى ئه‌كه‌ى باسى ئه‌و حالَه‌ته‌مان بۆ
بكه؟
ـ نازانم ئه‌وه چۆنه، من كات و ساتێكم هه‌یه بۆ نووسین، ئه‌وه‌ى كه پێی
ده‌وترێت ئیلهام، به داخه‌وه من له دواییه‌وه فێر بوومه دانیشم جاروبار به‌بێ
ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى نووسینم هه‌بێ بیر له نووسین بكه‌مه‌وه، ئه‌ویش زۆر به
ده‌گمه‌ن، به‌ڵام ئێستا وازم له‌وه‌ش هێناوه، زۆرجار چاوه‌ڕێی ئیلهامم، مه‌سه‌له‌ن
تۆ ده‌خوێنیته‌وه گوێ له خه‌لَك ده‌گریى ده‌بیستى، هه‌موو هه‌سته‌كانت به ئاگان،
شه‌ویش خه‌ونى سه‌یر ئه‌بینى، لاى من نووسین زۆر له خه‌ون ئه‌چێ، كه تۆ به‌بێ
ئه‌وه‌ى خۆت بڕیار بده‌ى چ خه‌ونێك ئه‌بینى ئه‌و خه‌ونه ئه‌بینی، لاى من نووسین
ده‌قاو ده‌ق وایه، زۆربه‌ى ئه‌و شتانه‌ى نووسیومه راسته ئه‌زموونى ژیانه،
راسته ده‌ره‌نجامى خوێندنه‌وه‌ى چه‌نده‌ها كتێبه،
به‌ڵام له كۆتاییدا من خۆشم
نازانم ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ى كه ده ساڵ و پانزه سالَه هه‌یه، له پڕ له
ئێواره‌یه‌كا له شه‌وێكا له رۆژێكا، له مێشكى منا چرۆ ده‌كا، به‌بێ ئه‌وه‌ى
ئاگام له خۆم بێ، دێمه سه‌ر ئه‌وه‌ى كه بنووسم،
به‌ڵام زۆربه‌ى كات غه‌مگین
ئه‌بم كه ئه‌نووسم، نووسین بۆ من وه‌كو گریانێكه، ئێستا من ماوه‌یه‌كه زۆر
ئه‌گریم بۆیه نانووسم، چونكه هه‌موو شته‌كانم به گریان ده‌رئه‌بڕم، به ده‌گمه‌ن
رێك ئه‌كه‌وێ له خۆشبه‌ختیا بتوانم بنووسم، ئه‌گه‌ر خۆشحاڵ بم نانووسم، ئه‌گه‌ر
كۆتاییم هاتبێ داڕوخابم، ته‌واو دنیا له‌به‌رچاوم ره‌ش بووبێ، ئه‌و كاته ده‌نووسم،
زۆرجار بیرۆكه‌یه‌ك بیست ساڵ پانزه ساڵ ده ساڵ له‌گه‌لَم بووه هێدى هێدى
كاملَ بووه، وه‌ك چۆن شه‌راب ئه‌ترشێ، شتێك له مێشكى منا هه‌ر ئه‌جولَێ،
پالَه‌وانێك، رووداوێك ململانێیه‌ك، ده‌ژیى، گه‌وره ده‌بێت، وه‌ك تۆپه‌لَه
به‌فرێك كه چنگێكه كه خلى ئه‌كه‌ینه‌وه تۆپه‌لَه‌كه گه‌وره ئه‌بێ، چه‌ند بڕوا
به‌فر له‌گه‌ڵ خۆى هه‌لَده‌گرێ، جارى وا هه‌یه گوێ له مۆسیقایه‌ك ئه‌گرم، جارى
وا هه‌یه هه‌تا مۆسیقاكه‌ش ئازارم ئه‌دا، ده‌نگێك له ناوه‌وه هه‌یه، به‌رده‌وام
وه‌كو نه‌غمه‌یه‌ك له دووره‌وه دێت، شتێك ئاوازێك سه‌دایه‌ك.
+ وه‌ك ئه‌وه‌ى كه نالى ده‌لَێت:
نالى خه‌به‌رى بێئه‌سه‌رى غائیبه ئه‌مما
نالَێكى حه‌زین دێ له موناجاتى سه‌حه‌ردا
ـ رێك ئاوا، شتێك له‌و بابه‌ته له دووره‌وه دێ، زۆرجار له قه‌ره‌بالَغى
نووسیومه، من چیرۆكم نووسیوه، بۆ نموونه هه‌موو ماڵ و مناڵ و میوان هاتووه،
به‌ڵام ئاگام لێنه‌بووه، هه‌تا لێبومه‌وه‌ته‌وه، جارى واش هه‌یه گه‌ر یه‌كێك له
ده‌رگا بدات هه‌موو شته‌كانم لێتێكچووه‌و نه‌چووه‌مه‌ته‌و سه‌ر ئه‌و چیرۆكه، جارى
وا هه‌بووه له كاتى نووسینا ده‌قێك گریاندومى، چونكه من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و
شته‌ى خۆت له‌گه‌لَى هه‌لَنه‌چیت ئه‌وانى دیكه‌ش له‌گه‌لَى هه‌لَناچن كه
ئه‌یخوێننه‌وه.
+ جارێك گوزارشتت له نه‌وه‌ى تازه‌كردبوو به ئه‌سپێ كوژ.
ـ من ئه‌سپێ كوژه‌كه مه‌به‌ست ئه‌وه نه‌بوو نه‌وه‌یه‌ك دادگایی كه‌م، خه‌لَك خراپ
له‌و مه‌قاله‌یه گه‌یشت،
به‌ڵام لێره‌و له ئه‌وروپاش نه‌وه‌یه‌ك په‌یدابووه
له‌گه‌ڵ ئامێر ئه‌ژى، كۆمپیوته‌ره، په‌نجه‌ى ئیش ئه‌كا، موبایله یانى زۆربه‌ى
شته‌كان به‌په‌نجه‌یه، ئه‌گه‌ر بچیته زانكۆ هه‌موو ئه‌و كوڕ‌و كچانه ده‌بینى كه
په‌نجه دائه‌گرن له‌سه‌ر مۆبایله‌كانیان، په‌نجه‌ى ئه‌سپێ كوژه‌ش به‌كاردێنن، من
ته‌نیا ویستومه بلَێم ئه‌و نه‌وه‌یه خه‌ریكى په‌رتووك نییه، له‌و نووسینه‌دا من
زۆر باسی وێنه‌م كردوه، وتومه ئه‌و نه‌وه‌یه نه‌وه‌ى وێنه‌یه، سه‌ته‌لایته،
ته‌له‌فزیۆنه، كۆمپیوته‌ره، فیلمه، مه‌سه‌له‌ن كوڕه‌كه‌ى من له سه‌دانه‌وه‌دو
نۆى كاتى مه‌شغولى وێنه‌یه، له ته‌مه‌نى ئه‌وا من مه‌شغولَى خوێندنه‌وه‌ى كتێب
بووم، به تایبه‌ت من كه‌سێكى ئاین په‌روه‌ر بووم به‌رده‌وام كتێبه‌كانى ته‌فسیرو
من له یانزه سالَییه‌وه كه قورئانم خه‌تم كرووه، دایمه‌ن پرسیارم لادروست
بووه كه ئه‌م ده‌قه چۆن چۆن نییه، گه‌راوم دوایی ئه‌ده‌ب، دوایى فه‌لسه‌فه،
دوایى گه‌راوم،
به‌ڵام ئێستا ناتوانم كوڕه‌كه‌م دادگایی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌نده
شه‌یداى وێنه‌یه، چونكه ئه‌م نه‌وه‌یه نه‌وه‌ى وێنه‌یه، یانى ئه‌م نه‌وه‌یه
خۆى له‌سه‌ر وێنه ده‌ژى، له‌سه‌ر وێنه ئه‌له‌وه‌ڕێ، جا ده‌كرێ وێنه‌كان باشبن یان
خراپ ئه‌وه بابه‌تێكى تره.
له سه‌رده‌مى منا مۆبایل نه‌بووه، ئێستا منیش ئه‌سپێكوژم، چونكه زۆرجار هه‌یه
دانیشتووم له شوێنێك به‌سه‌عات خه‌ریكى ئه‌وه‌بووم قسه‌م كردووه، یان به مه‌سج
وه‌ڵامى كه‌سێكم داوه‌ته‌وه. ئه‌م ئامێره تازانه به هه‌زاره‌ها كه‌سیان
مه‌شغوڵ كردووه. وشه‌ى ئه‌سپێ كوژ ئه‌وروپییه‌كان به‌كارینا هێناوه، من له
براده‌رێكم قه‌رز كرد، هه‌رده‌قاو ده‌ق له ئه‌وروپا پێیان ده‌وترێ ئه‌سپێ كوژ،
چونكه ئه‌و په‌نجه‌یه سه‌ده‌ها ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چۆن دایكى من هه‌ر به‌و
په‌نجه‌یه ئه‌سپێی له‌سه‌رى من ئه‌كوشت، هه‌مان په‌نجه‌یه كه ده‌جولَێت.
به‌ڵام ئه‌م نه‌وه‌یه شایسته‌ى دادگایی كردن نییه، له‌به‌ریه‌ك هۆ، ده‌زگاكانى
حزب، په‌روه‌رده، ده‌زگاى خێزان، ئه‌و ده‌زگا كۆمه‌لایه‌تی و مه‌نه‌دنیانه‌ى كه
منداڵ به‌خێو ئه‌كه‌ن، ئه‌مانه شایسته‌ى دادگاین، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كوڕه
گه‌نجه‌كانى ناو حزبه‌كان گێلبن حزبه‌كه گێله، ئه‌گه‌ر پرسیاریان نه‌بێ حزبه‌كه
پرسیارى نییه، ئه‌گه‌ر خه‌ونیان نه‌بێ حزبه‌كه خه‌ونى نییه، ئه‌مه خه‌تاى كوڕ‌و
كچه‌كانى ئه‌مڕۆكه نییه، تۆ ئه‌چیته ناو حزب به ئومێدى ئه‌وه‌ى وه‌كو خێزان و
مه‌كته‌ب نه‌بێ ئه‌گه‌ر حزبیش بتخه‌سێنێ، نه‌وێرى له به‌رده‌مى سه‌رۆكا هیچ بلَێی
كه‌واته چى؟ بۆیه به‌شێك له‌و مندالانه كه گه‌وره ده‌بن هه‌لَده‌گه‌ڕێته‌وه
له حزب، له مه‌كته‌ب، له هه‌مووى، چیتر به پیرۆزیشی نازانن، له‌به‌رئه‌وه‌ى
هه‌ست ده‌كا له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دنیا جۆرێكى دیكه‌یه، ئه‌و ناكرێ چیتر رازى بێ
به‌م دنیایه كه فێرى خامۆشی و غه‌مگینى و كه‌ڕبوونى ده‌كات.
+ هه‌ندێ جار پرسیاره‌كان زۆر له یه‌كه‌وه دوورن، گوێ له چ گۆرانیبێژێك ئه‌گرى
له گۆرانیبێژه كورده‌كان؟
ـ له كۆنه‌كان حه‌سه‌ن زیره‌ك و له تازه‌كانیش ژماره‌یه‌كى زۆره،
به‌ڵام من
عه‌دنان كه‌ریمم زۆر خۆشده‌وێ، مه‌سه‌له‌ن من ئه‌و نه‌وه‌یه‌م كه به ده‌نگى
مه‌زهه‌رى خالقى گۆشكرا.
له عه‌ره‌بدا من زۆر سه‌رسامم به فه‌یروز، به‌لاى منه‌وه گۆرانى وشه‌شه
به‌ته‌نیا ئاواز نییه، په‌یامێكه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستى، له‌سه‌ر ئینسان، گرنگ
ئه‌وه‌یه له‌و گۆرانییه‌دا هه‌ست به ئینسان ئه‌كه‌ى، من زۆر گۆرانیبێژى گه‌نجى
كورد هه‌یه بێتاقه‌ت ئه‌بم لێیان، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌مویان له یه‌ك ئه‌چن، وه‌ك
چۆن به‌سه‌ده‌ها شاعیر هه‌یه له كورد ئێستا هه‌مووى له‌یه‌ك ئه‌چێ، له چیرۆكیشا
ئه‌وه‌ى هه‌ست پێده‌كه‌م، جوانترین شت ئه‌وه‌یه له ئینسان كه ده‌نگى خۆى هه‌بێ،
ئه‌وه له سه‌رده‌مى لاوی‌دا زۆر زه‌حمه‌ته،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن هه‌لَكشان
ئه‌بێ تۆ بیرى لێبكه‌یته‌وه. با عه‌لى مه‌ردانیشم له بیر نه‌چێ، تو خوا له
ژنه‌كانیش ئایشه‌شان و مریه‌م خان و نه‌سرین شیروانى، من نابێ ژنه‌كانم بیر‌چێ.
+ كه‌متر تۆمان دیوه باسی به‌رهه‌مى نه‌وه‌ى تازه بكه‌ى، كه پێده‌چێ به
قسه‌كردنى تۆ ئه‌و كه‌سه بتوانێ خۆى بدۆزێته‌وه؟
ـ راسته من ره‌خنه‌گر نیم ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بی، من نووسه‌رم،
به‌ڵام كه‌م كه‌س
هه‌یه هێنده‌ى من باسی نه‌وه‌ى تازه‌ى كردبێ، ده‌توانم بلَێم هیچ كه‌سێك نه‌بووه
ئه‌گه‌ر خێرێكى تیابووبێ هه‌ناسه‌یه‌كى تیابووبێ قسه‌م له‌سه‌ر نه‌كردبێ،
به‌ڵام
وه‌ك شیكردنه‌وه نا، بۆ نموونه من به‌ختیار عه‌لیم وه‌ك رۆماننووس خۆشده‌وێ، وه‌ك
شاعیریش، به‌ڵام نه‌هاتووم ده‌قه‌كانى شى بكه‌مه‌وه، قسه‌كردنم هه‌بووه،
به‌ڵام
شیكردنه‌وه‌م نه‌بووه، ره‌نگه وا بیرم كردبێته‌وه كه من غه‌درى لێ ده‌كه‌م، یان
ئه‌گه‌ر ده‌قێكیشم خۆش ویستبێ نه‌موێرابێ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌م، نه‌با غه‌در له
ده‌قه‌كه بكه‌م.