بۆنی پۆستاڵ


سمکۆ ئه‌حمه‌د
5-21- 2008 پاییزی 2008 تۆکیۆ

 

 

به‌سه‌رسامی له‌سه‌ر لوتکه‌ی
بڵندی تۆچۆ وه‌ستاوم

شریتی عومری رابردووم
زۆر به‌لێڵی
به‌ تاریکی
وه‌کو زه‌روی ئاسن و
بۆنی پۆستاڵ وباروت
زۆر له‌سه‌رخۆ ئه‌خوا ناوم


شریتی چی سه‌راپا
بۆنی مه‌رگ وجه‌نگی لێ دێ
بۆنی به‌تانیه‌ شڕه‌که‌ی
سه‌رده‌می مناڵێتیم و
فرمێسکی هه‌رزه‌کارێتی و
تابوتی بێ ناوی لێ دێ


وه‌کو فلیم له‌به‌ر چاومه‌
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ منداڵ بووم
جه‌نگێك هات و
بابی بردین


وه‌ك گۆرانیه‌ك هه‌ر له‌ یادمه‌
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌رزه‌کار بووم
جه‌نگێکی تریش هاتو
له‌ دراوسێکانی کردین


ئێستاش سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌
منی باوك
جارێکی تر بۆیاخ ئه‌که‌م
په‌نجه‌ره‌ی ئه‌و قوتابخانه‌ی
یه‌که‌م وانه‌ی منی تیا بوو
یه‌که‌م ره‌حله‌ و
یه‌که‌م خه‌ون و یه‌که‌م
دارای تیا نووسرابوو
 


ئه‌مجاره‌شیان
جه‌نگی که‌نداو
هات و بردی کوڕه‌کانم
وێرانی کرد قوتابخانه‌ و
دارا و باخچه ‌و گوڵه‌کانم
 

 


تێبینی: تۆچۆ به‌رزترین بینایه‌ له‌ تۆکیۆ، ناوچه‌ی شینجوکو