له‌به‌رده‌م دوڕێیانی ''مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد'' و ''مافی هاوڵاتیی کورد''دا
- قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک له ڕۆشنبیرانی کورد بۆ ستانداریزه‌کردنی شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست -
وه‌ک چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی فره‌دیالێکتیی زمانی کوردیی و وه‌ک هه‌وڵێک بۆ کۆکردنه‌وه و چه‌قپێگرتنی ئه‌و دیالێکته جیاوازانه، ٥٣ نووسه‌ر و ئه‌دیب و ئه‌کادیمیست و ڕۆژنامه‌نووسی - که‌م و زۆر - به‌رچاوی کورد ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا داخوازیینامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی هه‌ندێک له ئۆرگانه ناوه‌ندییه‌کانی بڕیار و حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستان کرد که تیایدا داوا ده‌که‌ن شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست[1] به‌فه‌رمیی وه‌ک زمانی ستاندارد له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا بناسرێت.
دیاره باس و ئیشکالییه‌تی نه‌بوونی زمانی ستانداردی کوردیی و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ماوه‌یه‌کی زۆره زۆرێکی له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی کوردییدا به ده‌وری خۆیدا سه‌رقاڵ کردووه و له‌م نێوه‌نده‌دا ساڵانێکه ئارگیومێنت و پێشنیاری زۆر و جۆراوجۆر له‌لایه‌ن ئه‌م و ئه‌وه‌وه ده‌خرێته ڕوو و تاوتوێ ده‌کرێت. تێبینیی من له‌سه‌ر به‌شی زۆری ئه‌و هه‌موو پێشنیار و ئارگیومێنتانه‌ی ده‌کرێن تا ئێستا هه‌ر ئه‌وه بووه که هه‌موو قسه‌ی دوای لێکدانه‌وه‌ی سه‌تحیی و کورتبینانه‌ن و ئینسان جیددیه‌تێکی ئه‌کادیمیی وایان تیا نابینیته‌وه که پێویست بکات له‌سه‌ریان بێیته قسه. به‌ڵام کاتێک حاڵ ده‌گاته ئه‌وه‌ی که ئینجا ئه‌مجاره‌یان ژماره‌یه‌کی وا زۆر و ڕوخسارگه‌لێکی وا نه‌وعیی له ڕۆشنبیران له کارێکی مونه‌سه‌ق و ده‌سته‌جه‌معییدا به ده‌وری هه‌ندێک لێکدانه‌وه‌ی سه‌تحیی و کورتبینانه‌دا ووزه و سه‌نگی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ، ئه‌مه ئیتر کارێکی حه‌ساس و جیددیه و هه‌ڵناگرێت ئیتر که‌سێک پاسیڤانه له‌ئاستیدا دا‌نیشێت و بیه‌وێت له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبکات.
لێره‌دا من هه‌وڵئه‌ده‌م له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا ده‌ست بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و پێشنیاره‌ی ئه‌و ژماره زۆره له ڕۆشنبیرانی کورد ده‌نگی خۆیان به ده‌وردا کۆکردۆته‌وه چه‌ند له ڕوانگه‌یه‌کی به‌رته‌سکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌ڕوانێته ئیشکالییه‌ته‌که و ئه‌تروحه‌ی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه . . له‌سه‌ر چی ئه‌رزێکی ته‌نک له شاره‌زایی له لینگویستیک، له په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و نه‌ته‌وه، وه له په‌یوه‌ندیی نێوان شێوه‌زاره‌کانی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و زمانی ستاندارد و دۆزی دیموکراسیی و مافه مه‌ده‌نییه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی دیارییکراودا، بونیاد نراوه . . چه‌ند ڕووکه‌شانه سه‌یری دۆخی هه‌نووکه‌یی زمانی کوردیی ده‌کات و چه‌ند مامه‌ڵه‌یه‌کی کورتبینانه له‌گه‌ڵ واقیعی کوردیی و له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌دا ده‌کات که کۆمه‌ڵگای کوردیی له ده‌ره‌وه و له ناوه‌وه له‌گه‌ڵیاندا ڕووبه‌ڕووه . . به ئارگیومێنتکردنێکی چه‌ند ساده و ڕۆژانه‌وه ده‌چێته پای لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و حقوقییه‌کانی مه‌سه‌له‌که و چۆن ئه‌سڵه‌ن به کۆنکرێتیی نازانێت ئه‌وه چی ته‌رحێکه ئه‌و ده‌یکات . . چی به‌هاگه‌لێک ئه‌و پێشنیاره ده‌جوڵێنێت و چی به‌هاگه‌لێک فه‌رامۆش کراوه تیایدا . . وه ئه‌گه‌ر ئه‌و خواسته جێبه‌جێ بکرێت، چۆن ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانجانه ده‌پێکێت که ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره به‌دوایه‌وه‌ن.
ئه‌هه‌مییه‌تی هه‌بوونی تاکه یه‌ک زمانێکی ستاندارد
بۆ ده‌ستنیشانکردنێکی ڕوونتری ناکۆکییه‌کانم له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیاره‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره ده‌یکه‌ن، به پێویستی ده‌زانم هه‌ر لێره‌وه جیاوازیی نێوان دوو مه‌سه‌له‌ی ته‌واو جیاواز له‌یه‌کتر به‌یان بکه‌م تا دیار بێت له‌کوێدا باسی کامه‌یان ده‌که‌ین:
یه‌که‌م: مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا به‌فه‌رمیی زمانی ستاندارد بۆ زمانی کوردیی ڕابگه‌یه‌نرێت یان نا.
دووه‌م: مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا یه‌ک یان دوو شێوه‌زار وه‌ک زمانی ستاندارد به‌فه‌رمیی ڕابگه‌یه‌نرێت.
پێشنیارنامه‌که‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره وه‌ڵامی ڕوونی خۆی به هه‌ردوو ئه‌و ئیشکالییه‌ته داوه‌ته‌وه. ئه‌وان ئه‌هه‌مییه‌تێکی گه‌وره و زه‌رووره‌تێکی مێژووییی له‌وه‌دا ده‌بینن که به‌فه‌رمیی زمانی ستاندارد بۆ زمانی کوردیی ڕابگه‌یه‌نرێت و به پێداگرییه‌کیشه‌وه داوا ده‌که‌ن که هه‌ر ته‌نها یه‌ک شێوه‌زار وه‌ک زمانی ستاندارد ڕابگه‌یه‌نرێت نه‌ک دوو.
دیاره جۆری وه‌ڵامی هه‌ر که‌سێک بۆ ئه‌و دوو ئیشکالییه‌ته‌ی سه‌ره‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوه که ئایا ئه‌و که‌سه به خه‌می چییه‌وه‌یه، به پێوانه‌ی چی به‌هاگه‌لێک ''ده‌ستکه‌وته‌کان'' ده‌پێوێت، وه چی جۆره ئه‌هه‌مییه‌تێک ده‌بینێت له هه‌بوونی زمانی ستاندارددا.
شتێک که ته‌واوێک من قه‌ڵس ده‌کات ئه‌و کوردایه‌تییکردنه‌یه که ڕۆشنبیرانی ئیمه به دۆزی زمانی ستاندارده‌وه ده‌یکه‌ن و ئه‌و ئه‌هه‌مییه‌ت و ''ئینجازه قه‌ومیی''یه‌یه که ئه‌وان له پێناویدا پێ له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردن و به‌فه‌رمیی-ڕاگه‌یاندنی زمانی ستاندارد داده‌گرن. بزوێنه‌ری هه‌وڵه‌کانی ڕۆشنبیرانی ئێمه بۆ ستانداریزه‌کردنی زمانی کوردیی هه‌رده‌م ئه‌و گوتاره بووه که ڕووی له ده‌ره‌وه‌یه و له‌و پێناوه‌دا کار بۆ دانانی ستانداردێک بۆ زمانی کوردیی ده‌کات که دۆزی کورد و ئینجا به‌رژه‌وه‌ندیی کوردی له‌په‌یوه‌ند به نه‌ته‌وه‌کانی تر، وه به‌تایبه‌ت له‌په‌یوه‌ند به نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ره‌وه پێ به‌رێته پێشه‌وه. له پێشنیارنامه‌که‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌شدا قورس نییه که‌سێک ئه‌وه ببینێت که ئه‌وانیش ئه‌م ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌که‌نه خاڵی ده‌ستپێکردن و له‌وێوه پێ له‌سه‌ر ئه‌هه‌مییه‌تی ده‌ستنیشانکردن و به‌فه‌رمیی-ڕاگه‌یاندنی زمانێکی ستاندارد بۆ کورد داده‌گرن. په‌ڕه‌گرافی دووه‌می پێشنیارنامه‌که باسی ئه‌م ئه‌هه‌مییه‌ته ده‌کات و هه‌ر له سێ په‌ڕه‌گرافی یه‌که‌میشدا وه‌ڵامی ئه‌وان بۆ ئیشکالییه‌تی ئه‌وه‌ی که ئایا یه‌ک یان دوو ستاندارد ڕابگه‌یه‌نین به‌رچاو ده‌که‌وێت. له‌وێدا پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت که بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که ''کورد توانای یه‌کخستنی ئیراده‌ی سیاسیی و ستانده‌رایزکردنی زمانی خۆی'' هه‌بووه و هه‌یه، گرنگه ''دیفاکتۆی ئه‌وه‌ی که شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست بووه‌ته زمانی رۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌یی له هه‌ر سێ پارێزگا گه‌وره‌که‌ی هه‌رێمی کوردستاندا، ته‌رجومه بکرێته سه‌ر بڕیاری سیاسیی''.
ئه‌وه‌ی له پێشنیارنامه‌که‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌دا بابه‌تێکی په‌یوه‌نددار نییه و به مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ نازانرێت بۆ قسه‌لێکردن ئه‌وه‌یه که ئایا به‌فه‌رمیی-ڕاگه‌یاندنی کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی کاروباری ئیداریی و زمانی خوێندن له هه‌رێمدا چی ده‌رئه‌نجامگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی نه‌خوازراو بۆ هاوڵاتییانی بادینییزمان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ و چی کاریگه‌رییه‌کی سه‌لبیی بۆ سه‌ر مافه مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و به‌شه له هاوڵاتییان و بۆ پره‌نسیپی ''هاوڵاتیی یه‌کسان'' ده‌بێت و، لێره‌شه‌وه چی گورزێک وه‌به‌ر دۆزی دیموکراسییه‌ت ده‌که‌وێت له کورستان‌دا.
که ئامانجی سه‌ره‌کیی بووه ئه‌وه‌ی که کورد ڕووبه‌ده‌ر یه‌کڕیز ده‌رکه‌وێت و ''ئیسپاتی بکات بۆ عاله‌می سه‌رڕووی زه‌مین'' که ئه‌میش زمانێکی ''موه‌ححه‌د''ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئه‌وه ئیتر چاوه‌ڕوانکراوه که داوابکرێت ئه‌و گروپه‌ی که شێوه‌زاره‌که‌یان ناکرێته ستاندارد، ئه‌و قوربانییه بده‌ن که چاو له مافه مه‌ده‌نییه‌کانی خۆیان بپۆشن و له‌پێناو نه‌ته‌وه‌دا هه‌ر ئاکامێکی سه‌لبیی که ئه‌م ''ته‌قاویتکردنه‌ی'' شێوه‌زاره‌که‌یان ده‌یبێت بۆ سه‌ر ئه‌و مافه مه‌ده‌نییانه‌ی که وه‌ک هاوڵاتیی یه‌کسان ده‌یانکه‌وێت، به‌دڵێکی فراوانه‌وه قبوڵ بکه‌ن.
به‌لای منه‌وه ئه‌م جۆره له کارکردن له چوارچێوه‌ی گوتارێکی نه‌ته‌وه‌گه‌ریی کلاسیکیی و ڕوانگه‌ته‌سکی وادا ده‌چێته پێشه‌وه که زیاتر سه‌رقاڵه به به‌رژه‌وه‌ندیی و ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و ته‌رکیزی له‌سه‌ر ''دوژمنی ده‌ره‌کیی''یه، نه‌ک گوتارێک که سه‌رقاڵ بێت به وه‌رگرتن و پاراستنی مافه مه‌ده‌نییه‌کانی هاوڵاتییانێک که له ده‌ڤه‌رێکی جوگرافیی دیارییکراو و له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی ''خۆیی پڕ له دوژمنی ناوه‌کیی''دا به هاوبه‌ش ژیان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی که له‌پێناوی (به قه‌ولی ناو پێشنیارنامه‌که‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه) به‌هێزکردنی ''گوتار و بونیادی ناسیونالیستیی کوردیی''دا داوا بکرێت به‌شێکی گه‌وره‌ی هاوڵاتییان، بۆ نموونه، ده‌ست له‌و مافه هه‌ڵگرن که له قوتابخانه به زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، به‌لای منه‌وه هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیاره‌ی سیاسه‌تکه‌رانی بواری کوردایه‌تییدا نییه که بۆ په‌یاکردنی پایه و سومعه‌ت بۆ کورد و بۆ پاراستنی ''حه‌یای نه‌ته‌وه‌یی''، زوو زوو داوا ده‌که‌ن، بۆ نموونه، ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران مافی خۆیان له ئازادیی ڕاده‌ربڕیندا موماره‌سه نه‌که‌ن و ڕه‌خنه له ''حکومه‌تی خۆمانه'' نه‌گرن نه‌با بوترێت حکومه‌تی کوردیی مافی مرۆڤ پێشێل ده‌کات؛ یان داوا ده‌که‌ن لایه‌نگرانی مافه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانی ژنان له‌سه‌ر کوشتنی ژنان نه‌یکه‌ن به هه‌ڵا، نه‌با ئه‌و حه‌قیقه‌ته بگاته‌وه نه‌ته‌وه ناحه‌زه‌کانمان و بزانرێت که کورد خاوه‌ن کولتورێکی ژنکوژه.
ئه‌مه گوتارێکی قه‌ومچییانه‌یه‌ی ڕوانگه‌ته‌سکه که موته‌ئه‌سیفانه وه‌نه‌بێ هه‌ر ته‌نها پیاوه بێئاگاکانی حیزب کاری پێ بکه‌ن، به‌ڵکو تا ئه‌مڕۆش دۆمینانسێکی گه‌وره و سه‌رتاپاگیری به‌سه‌ر عه‌قڵی ڕۆشنبیری کورد و گوتاری ڕۆشنبیریی کوردییدا هه‌یه. ئه‌م گوتاره خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌و ڕوخساره‌یه که پیشانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌دات و، ئه‌وه جوانکردنی ئه‌و ڕوخساره‌یه که به ده‌ستکه‌وتی گه‌وره و گرنگی ده‌زانێت. ئه‌وه‌شی که ئه‌م ده‌ستکه‌وته ڕووبه‌ده‌ره له‌سه‌ر حیسابی چی له‌ده‌ستدانێکی ناوه‌کیی ته‌واو ده‌بێت، وه‌نه‌بێ ته‌نها هه‌ر بابه‌تێکی ناگرنگ بێت بۆیان، به‌ڵکو هێند نائاماده‌یه لایان که ڕه‌هه‌نده سه‌لبییه‌کانی یان هه‌ر نابینن یان وا ڕووکه‌ش ده‌یبینن که چاره‌سه‌ریان زۆر به ئاسان ده‌بینن.
ئه‌نجامه چاوه‌ڕوانکراوه‌کان لای ئیمزاکه‌رانی پیشنیارنامه‌که و چاره‌سه‌ریان بۆی
ئه‌وپه‌ڕی خه‌ته‌رییاتێک که ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره له به‌فه‌رمیناسینی کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک تاکه‌زمانی کاروباری ئیداریی ده‌وڵه‌ت و زمانی خوێندن، وه پێنه‌به‌خشینی ئه‌م پایه‌یه به کرمانجیی ژوروو ده‌یبینن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه که بۆی هه‌یه وا بکات ئیتر بایه‌خ به شێوه‌زاره‌کان و دیالێکته‌کانی تر نه‌درێت. کاتێکیش که‌سێک ده‌یه‌وێت بزانێت مه‌به‌ستی ئه‌وان له ''بایه‌خپێنه‌دان'' چییه، ئه‌وا وه‌ڵامی ڕوونی له‌و پێشنیاره‌دا ده‌ست ده‌که‌وێت که بۆ ڕێگرتن له‌م له‌بایه‌خکه‌وتنه و بۆ ''بایه‌خدان'' به شێوه‌زار و دیالێکه‌ته‌کانی تری ده‌که‌ن. ئه‌وان داوا ده‌که‌ن که ''هاوکات به‌شی زانکۆیی و په‌یمانگای نیشتیمانیی تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕوپڕی هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردیی دابمه‌زرێندرێ، به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و موتوربه‌کردنی شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست''. که‌واته ئیمزاکه‌رانی پێشنیارنامه خراپترین حاڵه‌تی ''بێبایه‌خبوونی'' کرمانجیی ژوروو و ئاکامه‌کانی له‌وه‌دا ده‌بینن که ته‌نها شێوه‌زاره‌که‌یان ده‌که‌وێته لاوه و ئیتر لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ناکرێت و به‌کارهێنانی موفره‌داته‌کانی لۆکاڵیی ده‌بنه‌وه. هه‌ر بۆیه‌شه نیازپاکانه ئه‌و دڵنیاکردنه‌وه‌یه وه‌ک به‌ڵێنێک ده‌ده‌ن که ئه‌و شێوه‌زاره و شێوه‌زاره‌کانی تر له به‌شی زانکۆیی و په‌یمانگای نیشتیمانیی تایبه‌تدا لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕ‌وپڕیان له‌سه‌ر بکرێت و بڕێک ''ووشه و فرێز و زاراوه''یان له زمانی فه‌رمیی وڵات‌دا بۆ موتوربه بکرێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا ئاشکرا دیاره که ئه‌وان نازانن مه‌به‌ستیان له‌م به‌ڵێنه‌یان چییه، ئه‌گینا ده‌یانپرسی ئاخر ''به‌کارهێنانی فرێزی شێوه‌زارێک بۆ شێوه‌زارێکی تر'' له عه‌مه‌لدا مانای چی! . دیاره ئه‌مه به‌لای منه‌وه هه‌وڵێکی خه‌ڵه‌تاندن و به‌سه‌راتێپه‌ڕاندنی واده‌یه‌کی ناوبه‌تاڵ نییه به‌سه‌ر خه‌ڵکی بادینییزماندا، به‌ڵکو قه‌ولێکی نیازپاکانه‌ی هاوشان به نه‌شاره‌زاییه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یه له لینگویستیکدا؛ گه‌وره تا ئه‌و ئاسته‌ی که ئاشکرا دیاره ته‌نانه‌ت نازانن مه‌به‌ستیان له ''فرێز'' چییه، ئه‌گینا ده‌یانزانی که هێنانه‌ناوه‌وه‌ی فرێزی (به‌تایبه‌ت فرێزی چه‌ند ووشه‌یی) زمان یان شیوه‌زارێکی دیارییکراو بۆ ناو ڕسته‌ی زمان یان شیوه‌زارێکی تر و دروستکردنی ڕسته‌ی موڕڕه‌که‌ب و دووڕه‌نگ لێیان، هه‌رده‌م ته‌کنیکێکی ڕۆحسووکانه‌ی گه‌نجان بووه بۆ یارییکردن و نوکته‌کردن به زمان و شێوه‌زاره جیاوازه‌کانه‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌کنیکێکی جیددی ئه‌کادیمیی بێت به مه‌به‌ستی گۆڕینی نه‌خشه‌ی زمانه‌وانیی میلله‌تێک.
بۆ هه‌ر که‌سێک له ئێمه که شاره‌زاییه‌کی له لینگویستیک و سروشتی زماندا نه‌بێت زمانی وا دێته به‌رچاو که بریتیی بێت له کۆمه‌ڵێکی زۆر له ووشه. ئه‌وه‌شی زمانێک و زمانێکی تر له‌یه‌کتر جیا ده‌کاته‌وه، به‌لای موته‌ئه‌میلێکی ئاوا سه‌تحییه‌وه، ئه‌وه‌یه که هه‌ر زمانه‌و ووشه‌گه‌لی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که له ووشه‌گه‌لی زمانێکی تر ناچێت؛[2] وه گوایه زمانی ده‌وڵه‌مه‌ندیش ئه‌و زمانه‌یه که ووشه‌ی زۆر بێ و (ئه‌وان وته‌نیی) ''مورادفاتی زۆر بێت''. له ڕوانگه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه‌وه‌یه ئیمزاکه‌رانی پێشنیارنامه ئه‌وه به به‌شدارکردنه‌وه‌یه‌کی فیعلیی شێوه‌زاره‌کانی تر ده‌زانن له‌ناو زمانی ستاندارددا گه‌ر بێ و له ناو ئه‌و زمانه‌دا به ''موحاسه‌سه‌یه‌کی زمانه‌وانیی'' ژماره‌یه‌کی زۆر یان که‌م شوێنی به‌تاڵ بدرێته موفره‌داتی زاراوه‌کانی تر.
ئه‌م دڵنیاکردنه‌وه‌یه‌ی خه‌ڵکی بادینییزمان دڵنیاکردنه‌وه‌یه‌کی کۆمیدییه به‌ڵام له ئیمزاکه‌رانی پێشنیارنامه‌که خۆشیان بۆته دڵنیاکردنه‌وه‌یه‌کی جیددی و ده‌یانه‌وێت وه‌ک به‌ڵێنێکی جیددیش به‌سه‌ر خه‌ڵکی بادینییزماندا ساغی بکه‌نه‌وه. ئه‌مه له دڵنیاکردنه‌وه‌ی دوکاندارێک ده‌چێت که کاروباره ئیدارییه‌کانی بۆ ته‌واو ده‌کات و دوکان به مونافسێکی خۆی داده‌خات، به‌ڵام بۆ ڕازییکردنی، له‌وه دڵنیای ده‌کاته‌وه که که‌ره‌سته‌کانی ناو دوکانه‌که‌ی ئه‌و بێکار نابن و ئه‌م له دوکانه‌که‌ی خۆیدا بۆ خۆی به‌کاریان دێنێت. حه‌قیقه‌تێک که ئه‌وان له حیساباتی خۆیاندا ئیعتیباری بۆ دانانێن ئه‌وه‌یه که کرمانجیی ژوروو و کرمانجیی ناوه‌ڕاست دوو شێوه‌زارن که نه‌ک هه‌ر ته‌نها له ئاستی سیمانتیکدا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کدا هه‌یه، به‌ڵکو بۆ نموونه له ئاستی مۆرفۆلۆجییشدا هێند له یه‌ک دوور که‌وتوونه‌ته‌وه که نه‌کرێت به ''موتوربه‌کردنی ووشه و فرێز و زاراوه‌کانی ئه‌میان له‌وی تر'' بتوانین کارێک بکه‌ین مناڵانی ئه‌وبه‌ریش لێی تێبگه‌ن. هه‌ر نه‌بینینی ئه‌م جیاوازییه مۆرفۆلۆجییه‌یه ئه‌وان ده‌بات به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌دا ئه‌و قه‌وله نامومکینه‌ش بده‌ن که کرمانجیی ناوه‌ڕاست گه‌ر بوو به زمانی فه‌رمیی، ئه‌وا ''له‌ڕووی وشه‌سازیی و زاراوه‌سازییه‌وه کراوه ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی تردا''؛ بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که وشه و – به نیسبه‌تێک – زاراوه‌ش به‌پێی ڕێسا [rule] تایبه‌ته‌کانی مۆرفۆلۆجیی ئه‌و شێوه‌زاره ده‌سازێنرێن که بۆی ده‌سازێنرێن و، گه‌ر به‌پێی ڕێسای شێوه‌زار یان زمانێکی تر بیانسازێنین، ئه‌وا ئاوێته نابنه ناو زمانێکی جیاواز له خۆیان.
په‌یوه‌ندیی نێوان فره‌ستانداردیی و په‌رته‌وازه‌یی میلله‌تێک
هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره که ئیمزاکه‌رانی پێشنیارنامه‌که به‌سه‌ریدا ده‌چن ئه‌وه‌یه که پێیانوایه فره‌ستانداردیی په‌رته‌وازه‌یی ده‌خاته‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی میلله‌تێکیش به‌ده‌وری تاکه ستانداردێکدا هه‌نگاوێکه له‌ڕاستای کۆکردنه‌وه‌ی میلله‌تێک به‌ده‌وری یه‌کتردا. ئاکامگیرییه‌کی وا به ڕای من پتر هه‌ڵهێنجانێکی ماتماتیکییه نه‌ک لێکدانه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆجیی. ئه‌مه به نه‌قڵکردنێکی میکانیکییانه‌وه له‌و به‌شه‌ی ئه‌و پێناسه کلاسیکییه‌ی زانسته سیاسییه‌کانه‌وه بۆ نه‌ته‌وه وه‌رگیراوه که ده‌ڵێت ''یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی نه‌ته‌وه زمانی هاوبه‌شه''. کارێکی وا کارێکی ئیراده‌گه‌رییانه‌یه که ده‌یه‌وێت نه‌ته‌وه به‌پێی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه دابتاشێت نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. پێناسه‌یه‌کیش که ئه‌وان پشتی پێ ده‌به‌ستن پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌چییانه‌یه‌ی وایه که زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر ''هاوئه‌تنیکییه‌ت''ی تاکه‌کانی ناو کۆمیونیتییه‌که‌یه نه‌ک هاوڵاتێتیی ئه‌وان. هه‌ر ئه‌مه ته‌حلیلی ئه‌و حه‌ماسه‌ته زۆره ده‌کات لای هه‌ندێک له لایه‌نگرانی ستانداردکردنی زمانی کوردیی که له‌پێناوی 'موه‌ححه‌دکردنی' زمانی نه‌ته‌وه‌دا ئاماده نین هیچ گوێیه‌ک له داد و هاواری دایکوباوکانی ده‌ڤه‌ری بادینان بگرن که شه‌کوای ئه‌وه ده‌که‌ن که ئاخر مناڵه‌کانیان سبه‌ی و دووسبه‌ی له قوتابخانه له‌و زمانه ستاندارده‌ی ئه‌وان ته‌واو تێناگه‌ن و ئه‌مه‌ش ''ته‌خه‌لوفی عیلمیی'' بۆ مناڵه‌کانیان دروست ده‌کات.
ناکۆکیی من له‌گه‌ڵ پێشنیاری ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره لێره‌دایه. من پێموایه بۆنده‌کانی نێوان تاکه‌کانی ناو نه‌ته‌وه‌یه‌ک به گوێگرتن له هاواره‌کانی یه‌کتر و به ڕه‌واندنه‌وه‌ی خه‌ته‌ری بێمافبوون له‌سه‌ر یه‌کتر و به پێداگریی له‌سه‌ر ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خۆپێگه‌یاندن بۆ هه‌موو هاوڵاتییان به‌یه‌کسانیی - فه‌راهه‌م ده‌بێت، نه‌ک به گردکردنه‌وه و حه‌سرکردنیان له‌ناو شووره‌ی زمانێکی تاق و ته‌نیا و ''به‌ستانداردکراو''دا و پیشاندانی ئه‌وه به دوژمنی ده‌ره‌کیی که ئێمه‌ی هاوڵاتییانی نایه‌کسانی کوردستان (ئه‌وان ووته‌نیی) ''پابه‌ندبوونی خۆمان به‌و شێوه‌زاره‌ی زمانه‌که‌مانه‌وه ده‌پارێزین'' که یه‌کێکمان هه‌ر له یه‌که‌م ساڵی ته‌مه‌نیه‌وه فێری ده‌بێ و ئه‌ویتریشمان تا دواساڵی ته‌مه‌نی ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه که له ساڵانی ده‌وامکردنی له قوتابخانه ته‌واو لێی تێنه‌گه‌یشت.
ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی ئێمه نایبینن ئه‌وه‌یه که مه‌رج نییه هه‌وڵی لێکنزیککردنه‌وه‌ی زمانه‌وانیی هاوڵاتییان و یه‌کگرتووکردنی زمانه‌کانیان، لێککنزیکه‌وتنه‌وه‌ی فیعلیی و یه‌کگرتووکردنی ڕیزه‌کانیانی لێ بکه‌وێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌سڵه‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه، چونکه زمان هه‌رده‌م ڕه‌گێکی له ناسنامه‌دا هه‌یه و سێتێک مافی به‌خۆیه‌وه گرێداوه، هه‌وڵی له‌م چه‌شنه بۆ زیادکردنی ''لێکتێگه‌یشتنی زمانه‌وانیی'' له‌نێوان تاکه‌کانی نه‌ته‌وه یان کۆمه‌ڵگادا به ته‌عه‌سوفییه‌تێکه‌وه فه‌رز ده‌کرێت و، ئاکامی کاری واش هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت که ''لێکتێنه‌گه‌یشتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی'' و په‌رته‌وازه‌ییه‌کی زیاتر و ''کۆنفلیکت'' له‌دوای خۆی ده‌خاته‌وه.
ده‌ستێوه‌ردانی له‌م چه‌شنه گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی زمانی هاوبه‌شی یه‌ک تاکه نه‌ته‌وه‌یه‌کیشدا بکرێت به‌لای منه‌وه هه‌ر هه‌مان ده‌ره‌نجامی ده‌بێت. ئه‌مه، یه‌که‌م، چونکه چه‌مکی ''زمانی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه'' (به‌تایبه‌ت له حاڵه‌تی زمانی کوردییدا که حاڵه‌تێکی تا حه‌ددێکی زۆر فه‌رید و تایبه‌ته) قسه زیاتر له‌سه‌ر هاوبه‌شیی ئه‌تنیی و جوگرافیی و هاوچاره‌نوسیی تاکه‌کانه تا هاوبه‌شیی لینگویستیکیی شێوه‌زاره‌کان؛ دووه‌میش چونکه، وه‌ک ووتم، زمان و (وه له کوردییدا شێوه‌زاریش) ڕه‌گێکی له ناسنامه‌ی تاکه‌کاندا هه‌یه و سێتێک مافی به‌خۆیه‌وه گرێداوه و هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێکیش بۆ تواندنه‌وه‌یان له زمانێکی تاک و ته‌رای نه‌ته‌وه‌ییدا، به‌بێ ده‌ستوه‌ردانه ناو ئه‌و ناسنامه‌یه و بێ ''مه‌س''کردنی ئه‌و مافانه تێپه‌ڕ نابێت. کاتێکیش یه‌کێتیی ڕیزه‌کانی گه‌ل و یه‌کێتیی زمانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته ئامانجی به‌رز، میلله‌ت ناچار ده‌کرێت واز له موماره‌سه‌ی هه‌مه‌چه‌شنه‌یی خۆی بێنێ و هه‌موو یه‌ک شه‌کڵ و شێوه وه‌ربگرن.
لێره‌دایه ئه‌و دووفاقه‌که‌وتنه‌وه‌یه و بگره زۆرجار ئه‌و هاودژییه‌ی که من له‌نێوان ''مافی نه‌ته‌وه‌یی'' و ''مافی مه‌ده‌نیی''دا ده‌یبینم. کاره‌که له‌سه‌ر ئه‌وه که‌وتووه که ئایا خه‌ڵکێک کامیان ئه‌وله‌وییه‌ت پێده‌دات. کاری دڵته‌نگکه‌ر ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکه‌که‌ی ئێمه، به نوخبه ڕۆشنبیره‌که‌شیه‌وه، تا ئێستاش به ڕوانگه‌یه‌کی ''نه‌ته‌وه‌نما'' و به ئایدۆلۆجیایه‌کی کوردایه‌تیی واوه بیر له چه‌مکه‌کانی ماف و سته‌مکاریی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه بێئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ر دوور نه‌ڕۆن و بیرێک له‌وه بکه‌نه‌وه که ئایا بۆچی ئینسانی کورد دوای حه‌ڤده ساڵ له حوکمی خۆیی ئێستاش غه‌در و سته‌م ژه‌مێکی ''پێرمانێنت''ی ژیانی ڕۆژانه‌یه‌تی.
له ڕوانگه‌یه‌کی جیاوازی له‌م چه‌شنه‌وه‌یه بۆ ماف و سته‌مکاریی و کارکردیان له‌سه‌ر هارمۆنییه‌تی ناوه‌کیی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیارییکراو، که من وای نابینم کۆکردنه‌وه و یه‌کخستنی خه‌ڵکی کورد به ده‌وری شێوه‌زارێکی تاک و ته‌رادا هه‌نگاوێک بێت به ئاراسته‌ی کۆکردنه‌وه و یه‌کخستنی خه‌ڵکی کورد به ده‌وری یه‌کتردا. ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی تاکستانداردییه‌ی که ئێستا سه‌ریهه‌ڵداوه و به‌ئیلحاحه‌وه پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که کۆکردنه‌وه‌ی شێوه‌زاره‌کان له زمانێکی ستاندارددا کۆکردنه‌وه‌ی ماڵی کورده، به‌لای منه‌وه ڤێرشنێکی بواری زمانه‌وانیی ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسییه‌یه که بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی پارتیی و یه‌کێتیی به‌ڕێخرا و تیایدا ساڵانێک و ساڵانێک ڕۆشنبیران و سیاسه‌تکارانی کورد ئه‌و وه‌همه‌یان خسته مێشکی خۆیان و خه‌ڵکه‌وه که کۆکردنه‌وه‌ی ئیداره‌کان یه‌عنی کۆکردنه‌وه‌ی ماڵی کورد. جیاوازییه‌ک هه‌بێت ئه‌وه‌یه که من پێموایه یه‌کخستنی ئیداره‌کان له تاکه ئیداره‌یه‌کدا ماڵی کوردی هه‌موو کۆکرده‌وه و کردی به قوڕگی شۆڕشگێڕانی ڕێگای کوردایه‌تییدا، به‌ڵام چه‌قپێگرتنێکی زمانه‌وانیی له‌و چه‌شنه‌ی ڕۆشنبیران بۆ کوردی داوا ده‌که‌ن، له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر له‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه ده‌هێنێته ناو ماڵی کورده‌وه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک. له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌وه من وای ده‌بینم که کردنی هه‌ردوو شێوه‌زاری کرمانجیی ژوروو و کرمانجیی ناوه‌ڕاست به زمانی فه‌رمیی، کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌ره‌و ئینسیجامێکی ناوه‌کیی زیاتر ده‌بات و به‌شێک له په‌رته‌وازه‌ییه‌که‌ی که‌متر ده‌کاته‌وه.
له درێژه‌ی ئه‌م ووتاره‌دا دێمه‌وه سه‌ر ئارگیومێنتکردنێکی زیاتر بۆ ئه‌م ڕایه‌م و قوڵکردنه‌وه‌یه‌کی زیاتری، به‌ڵام لێره‌وه پێویست ده‌کات قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که بۆچی ده‌بێت کرمانجیی ژوروو هاوشان له‌گه‌ڵ کرمانجیی ناوه‌ڕاستدا زمانی فه‌رمیی بێت و ئه‌گه‌ریش وا نه‌بێت مانای چی ده‌بێت و چی عاقیبه‌تێکی نه‌خوازراوی ده‌بێت.
دیفاکتۆکان و مافه مه‌ده‌نییه‌کان
ئه‌گه‌ر ئه‌وه دیفاکتۆیه‌که که کرمانجیی ناوه‌ڕاست، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، دۆمینانسێک و به‌کارهێنانێکی به‌رفراوانی هه‌یه له کوردستاندا، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌وه دیفاکتۆیه‌که که کرمانجیی ژوروو و کرمانجیی ناوه‌ڕاست، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، به ئه‌ندازه‌یه‌ک دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه له‌یه‌کتر که له زۆر شوێن دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی زۆر له‌وه که‌متر مامه‌ڵه‌ی دوو زمانی جیاوازی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و زمانه‌کان بوونه‌ته زمانی دوو میلله‌تی جیا.
دیاره که‌سانێک که زیاتر و، زۆرجاریش ته‌نها، هاوئه‌تنیکییه‌تی تاکه‌کانیان به‌لاوه گرنگ و مه‌رکه‌زییه نه‌ک مافه‌کانی تاکه‌کان، ئه‌وه جیابوونه‌وه‌که‌ی ئه‌و میلله‌تانه‌یان به‌لاوه کاره‌سات و لێقه‌ومانه، نه‌ک ئه‌و هۆکاره‌ی که ده‌بێته هۆی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه. بۆ من دووبه‌ره‌ییبوونه‌وه‌ی میلله‌تان، هه‌ر له دوژمانکارانه‌ترینیانه‌وه که نموونه‌یه‌کی ده‌کرێت هیند و پاکستان بێت، تا دۆستانه‌ترینیان که نموونه‌یه‌کی ده‌کرێت دانمارک و نه‌رویج بێت، زه‌مینه‌ی واقیعیی خۆی هه‌یه و هه‌ڵنه‌کردن و ماڵجیاکردنه‌وه‌ی میلله‌ته‌کان هۆکاری مه‌فهومی خۆیان هه‌یه که له هاوئه‌تنیکییه‌ت گرنگترن. یه‌کێک له هۆکاره واقیعییه‌کان دابیننه‌بوونی مافه مه‌ده‌نییه‌کانی تاکه‌کانی ناو گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه له‌ناو ماڵی هاوبه‌شدا که ناچاری ده‌کات ماڵ جیا بکاته‌وه. لێره‌وه‌یه من به کارێکی خه‌ته‌رناکی ده‌زانم بۆ ئینسیجام و هارمۆنیای ناوه‌کیی کۆمه‌ڵگای کوردستان گه‌ر بمانه‌وێت نکۆڵیی له‌و مافانه بکه‌ین که گروپه جیاوازه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای کوردیی له‌ئاکامی جیاوازیی شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردیی، ده‌یانکه‌وێت. ئه‌مه ده‌ڵێم چونکه حه‌تمه‌ن به‌لای منیشه‌وه نزیکایه‌تیی و هاوژینیی گروپه جیاوازه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ئامانجێکی گه‌وره‌یه، به‌ڵام وه‌نه‌بێت ئامانجێک بێت که به‌هه‌ر قیمه‌تێک بێت ئاماده بم بیکڕم. بۆ من یه‌کێک له‌و قیمه‌تانه‌ی که قه‌ت ئاماده نیم له‌به‌رامبه‌ر ''پاراستنی یه‌کێتیی ڕیزه‌کانی نه‌ته‌وه''دا بیده‌م مافه مه‌ده‌نییه‌کانی تاکه‌کانی ناو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه.
یارییه‌ک که شۆڕشگێڕه ناشیوناڵسته‌کان هه‌رده‌م لێره و له‌وێ و که‌م و زۆر (به‌پێی ئاستی هوشیاریی و ناهوشیاریی خه‌ڵکه‌که) به‌سه‌ر تاکه‌که‌نی نه‌ته‌وه‌دا تێیده‌په‌ڕێنن ئه‌وه‌یه که هه‌میشه به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه و یه‌کڕیزکردنی له‌به‌رامبه‌ر دوژمنی ده‌ره‌کیدا، ته‌کلیفیان به‌سه‌ر فیئه جیاوازه‌کانه‌وه‌یه که له هه‌ندێ مافی خۆیان ببوورن، یان به‌لای که‌مه‌وه داواکردنی دوابخه‌ن. من پێموایه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که خه‌ڵکێك پێی ئیستیعاب ده‌کرێت له مافه مه‌ده‌نییه‌کانی خۆی ببورێت و بیکات به‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، به‌و ئه‌ندازه‌یه بازنه‌ی سته‌م له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌رفراوان و به‌رفراوانتر ده‌بێته‌وه؛ تا ڕۆژێک دێت و ده‌بینیت که تۆ هه‌ر هه‌مان بێمافیی و ئیهانه و سته‌مت لێ ده‌کرێت، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که ئه‌مجاره‌یان ئه‌و باشییه‌ی هه‌یه که پراکتیککردنی سته‌مه‌که به زمانێکه لێی تێده‌گه‌یت.
دوای ئه‌م یارییه‌ی ناشیوناڵسته‌کان - هه‌یه ئینجا تێده‌گات که سته‌م پێناسه‌ی قه‌ومیی به به‌ری ته‌سکه و، هه‌شه - به‌ئاگا یان بێ‌ئاگا - هه‌ر پێ له‌سه‌ر هه‌وییه‌ی قه‌ومیی سته‌م داده‌گرێت و له‌پێناوی نه‌ته‌وه‌دا له‌به‌ره‌ی شۆڕشگێڕه ناشیوناڵسته‌کاندا درێژه به تێپه‌ڕاندنی یارییه‌که‌یان ده‌دات. ئه‌مه‌ی دووه‌میانه چه‌نان ساڵه له کوردستانی عێراقدا ده‌گوزرێ و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدایه که ده‌سه‌ڵات و، ئینجا به‌دوای ئه‌وانیشدا زۆربه‌ی ڕۆشنبیران، به‌رده‌وام سه‌رنجه‌کان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر دوژمنه ده‌ره‌کییه‌کان و کورتهێنانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیی به هه‌بوونی دوژمنی ده‌ره‌کیی تیۆریزه بۆ ده‌که‌ن. ئه‌و پێشنیارنامه‌یه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌ش به‌لای منه‌وه هه‌مانشت، ئه‌وه‌نده‌ی له سێبه‌ری هه‌بوونی دوژمن و ناحه‌زی ده‌ره‌کییدا بۆ کورد و زمانه‌که‌ی پاکانه بۆ مه‌عقوڵییه‌تی خۆی ده‌کات، ئه‌وه‌نده بیر له‌وه ناکاته‌وه که ئایا پێشنیارێکی وا ته‌قاویتکردنی شیوه‌زارێک و داخستنی ده‌رگای کۆمه‌ڵگا نییه به‌ڕووی قسه‌پێکه‌رانیدا.
ئه‌نجامه چاوه‌ڕوانکراوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع
یه‌کێک له‌و مافانه‌ی که له چوارچێوه‌ی ئیشکالییه‌تی له‌م جۆره‌دا لێره و له‌وێ به‌رده‌وام دێته به‌ر باس مافی خوێندنه به زمانی دایک. هه‌ر ئه‌م مافه له په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیشدا بۆ مافه‌کانی مناڵان جێگیر کراوه. گه‌ر مافێکی وا له حاڵه‌تی پرسیاری خوێندن به شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست یان ژوروودا بێته پێشه‌وه، زۆر مومکینه که‌سێک یه‌کسه‌ر به‌وه دژه‌ئارگیومێنت بکات که ئاخر ئه‌و مافه باسی مافی خوێندن به زمانی دایک ده‌کات نه‌ک به شێوه‌زاری دایک. من پێموایه ئارگیومێنتێکی وا دیسانه‌وه ئارگیومێنتێکه که له ڕوانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌گه‌رییانه‌وه [nationalistic oriented] ده‌ڕوانێته کێشه‌که نه‌ک له ڕوانگه‌یه‌کی مافدۆستانه‌وه [rights oriented]. به‌مانایه‌کی تر، ئه‌و ئارگیومێنته پێیوایه مافی خوێندن به زمانی دایک هه‌ر له‌و پێناوه‌دایه که به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆت بخوێنیت و ئیتر ئامانجی تر له پشته‌وه‌ی نابینێت. ئه‌و له‌وه ناکۆڵێته‌وه که ئاخر ئه‌و مافه بۆچی مافه و له‌پێناوی چیدایه وه‌ک ماف ڕاگه‌یه‌نراوه. ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ر وه‌ک فه‌ریزه‌یه‌کی ئیجباریی ئه‌و مافه ئه‌دا بکات که له‌وێدا داوای ده‌کرێت، نه‌ک له‌پێناوی ئه‌و ئامانجانه‌ی که ئه‌وه‌ی خواستووه له‌پێناویاندا له په‌یماننامه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تییدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و مافه بکرێته‌وه. ئه‌و قسه‌یه‌کی بۆ ئه‌وه نییه که ئاخر گه‌ر بۆ نموونه شێوه‌زاری خوێندنی قوتابخانه هێند جیاواز بوو له شێوه‌زاری ماڵه‌وه‌ی قوتابییه‌ک که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و قوتابییه به‌ئه‌ندازه‌ی قوتابییه‌کی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆی که هه‌مان شێوه‌زاری قوتابخانه‌ی له ماڵه‌وه هه‌یه، سوود له وانه‌کان نه‌بینێت، له حاڵه‌تێکی وادا چاره چییه.
لێره‌دا وه‌ختێتی بڵێم که ڕێک بۆ چاری حاڵه‌تگه‌لی له‌م جۆره‌یه که مافی خوێندن به زمانی دایک وه‌ک مافێکی بێئه‌ملاوئه‌ولا ڕاگه‌یه‌نراوه. 'ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ خۆپێگه‌یاندن' بۆ هاوڵاتییان پره‌نسیپێکی جه‌وهه‌ریی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تییه که لادان لێی به هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت زه‌مینه‌سازییه‌ک ده‌بێت بۆ خزینه‌ناوه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ریی و سته‌مکاریی بۆ ناو کۆمه‌ڵگا.
خۆ وه‌نه‌بێ به‌فه‌رمیناسینی ته‌نها کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی ستاندارد هه‌ر ئه‌وه بکات که قوتابیانی ده‌ڤه‌ری بادینان له مافی خوێندن به زمانی/شێوه‌زاری دایک و ئینجاش له ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ خۆپێگه‌یاندن مه‌حروم بکات. به‌رته‌سکیی یان به‌رینیی کاریگه‌رییه نه‌خوازراوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه که‌وتووه که ئایا مه‌به‌ست له ''به‌فه‌رمیناسینی کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی ستاندارد'' چییه و کارێکی وا داواده‌کرێت بۆ چی بوارێک و چی بوارێکی ژیانی هاوڵاتییان مانای هه‌بێت. لێره‌دا ئه‌وه بڵێم که له‌و داخوازیینامه‌یه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌دا دیار نییه ئه‌و پێشنیاره‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن به کۆنکرێتیی چییه و ئه‌و به‌ستانداردکردنه‌ی ئه‌وان داوای ده‌که‌ن چی مه‌ودایه‌ک ده‌گرێته‌وه. که‌سێک ده‌توانێت وای لێ تێبگات که هه‌ر ته‌نها داوایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات زمانی کرمانجیی ناوه‌ڕاست به‌فه‌رمیی وه‌ک زمانی فه‌رمیی هه‌رێم ڕه‌سمییه‌ت پێ بدات و هه‌بوونی ستانداردێک یان ''به‌ردی بناغه‌ی زمانێکی ستاندارد'' بۆ زمانی کوردیی ڕابگه‌یه‌نێت. ده‌شکرێت داواکه ئه‌وه بێت که به‌فه‌رمیی ئه‌و شێوه‌زاره بکرێته زمانی یان ''به‌ردی بناغه‌ی زمانی'' خوێندن و زمانی کاروباری گارگێڕیی ده‌وڵه‌تیی. دیاره لێره‌شدا ئه‌وه دیار نییه که ئایا داوا ده‌کرێت هه‌ر زمانی کتێبه‌کان بێت یان وانه‌وتنه‌وه‌ش. هه‌مانشت، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه ده‌کرێت که ''زه‌مینه خۆش بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌زاره‌کان له‌یه‌کتریی نزیک بکرێنه‌وه و موتوربه بکرێن له زمانی فه‌رمییدا''، ده‌کرێت که‌سێک ئه‌مه به‌وه تێبگات که ته‌نانه‌ت داوا ده‌کرێت زمانی بڵاوکردنه‌وه و ڕاگه‌یاندنه‌کانیش موه‌ححه‌د بکرێت و هه‌موو هه‌ر به یه‌ک شێوه‌زاری (ده‌وڵه‌مه‌ندکراو به شێوه‌زاره‌کانی تر) بنووسرێن و بخوێنرێنه‌وه. نه‌ک هه‌ر ئه‌مانه، به‌ڵکو خه‌تێکی درشت که که‌سێک ناتوانێت له پێشنیاری ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌دا بیبینێت ئه‌وه‌یه که دیار نییه ئایا داوا ده‌کرێت شیوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست له‌نێو شێوه‌زاره‌کانی تردا هه‌ر ته‌نها وه‌ک ستانداردێک ره‌سمییه‌تی پێ بدرێت و ئه‌وانی تریش له‌جێی خۆیاندا بمێنن، یان ده‌خوازرێت زمانی ستاندارد بکرێته ''به‌ردی بناغه'' بۆ زمانێکی یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو خه‌ڵکه‌که و ئیتر هه‌موو کوردی کوردستانی عێراق هه‌ر ئه‌و زمانه‌یان هه‌بێت. ئاخر پێشتر هه‌رده‌م پێشنیارێک هه‌بووه بۆ ''مۆزایککردنه‌وه'' و تێکه‌ڵکردنی شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردیی و دروستکردنی یه‌ک زمان لێیان. کاتێکیش ئه‌و ڕۆشنبیرانه له پێشنیارنامه‌که‌یاندا پێشنیاری ''دامه‌زراندنی به‌شی زانکۆیی و په‌یمانگای نیشتیمانیی تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕوپڕی هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردیی ده‌که‌ن'' و ئامانج له‌مه وا به‌یان ده‌که‌ن که بۆ ئه‌وه‌یه که ''شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاستی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێت''، بۆی هه‌یه ئه‌مانیش مه‌به‌ستیان ''تاکزمانکردنه‌وه''یه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کورد بێت.
هه‌رچییه‌ک بێت و هه‌ر کام له‌و پله‌ی گۆڕانانه بێت که داوا ده‌کرێت بکرێت، من پێموایه به ئه‌ندازه‌ی به‌رته‌سکیی یان به‌رینیی ئه‌و مه‌ودایه‌ی ئه‌و تاکستاندارکردنه ده‌یگرێته‌وه، کاریگه‌ریی سه‌لبیی و ئاکامی خه‌ته‌رناکی به‌رته‌سک یان به‌رین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
لێره‌دا من وای داده‌نێم که پێشنیاره‌که هه‌ر بۆ کردنی کرمانجیی ناوه‌ڕاسته به زمانی خوێندن و کارگێڕیی ده‌وڵه‌تیی و، له خواره‌وه هه‌وڵئه‌ده‌م ئاکامه نه‌خوازراوه‌کانی ئه‌مه له دوو خاڵی گشتیی‌دا کۆبکه‌مه‌وه:
- هه‌یبه‌تی شێوه‌زارێک و هه‌یبه‌تی قسه‌پێکه‌رانی:
با له‌وه گه‌ڕێین که بۆچی شێوه‌زارێک هه‌یبه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتری به‌سه‌ر ئه‌وی تردا هه‌یه و له حاڵه‌تی زمانی کوردییدا پله‌ی هه‌یبه‌تی شێوه‌زاره‌کان ئاکامی چییه؛ به‌ڵام ئیتر ئه‌وه واقیعه‌تێکه که ڕه‌سمییه‌تپێدانی شێوه‌زارێک وه‌ک زمانی یان شیوه‌زاری ستاندارد و وه‌ک زمانی خوێندن و کارگێڕیی، هه‌یبه‌تێک بۆ ئه‌و شێوه‌زاره و، لێره‌شه‌وه هه‌یبه‌تێک و ئیمتیازێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره بۆ قسه‌پێکه‌رانی ئه‌و شێوه‌زاره، به‌دوای خۆیدا دێنێت. ئه‌مه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و واقیعه‌ی که، هۆکاره‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست خۆی به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ کرمانجیی ژوروودا، له مه‌وقعییه‌تێکی تۆکمه‌تر به‌هره‌مه‌نده و ئه‌مه‌ش ئیمتیازاتێک و ستاتۆسێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتری بۆ قسه‌پێکه‌رانی پچڕیوه، ئه‌وا بێگومان به‌فه‌رمیناسینی ئه‌و شێوه‌زاره وه‌ک زمانی فه‌رمیی و ستاندارد، ''له‌شه‌ئنبه‌رزکردنه‌وه''یه‌ک و پچڕینی هه‌یبه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌و شێوه‌زاره و قسه‌پێکه‌رانی. وه له‌به‌رامبه‌ریشدا، به‌پێچه‌وانه‌وه، په‌راوێزخستنێکی زیاتر، تا ئاستی بێهه‌یبه‌تکردن و به‌عه‌یبوعارکردن به‌سه‌ر شێوه‌زاری به‌رامبه‌ردا فه‌رز ده‌کات و، ئینتیما بۆ ئه‌و گروپه و هه‌بوونی ستاتۆسێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نزمتر له‌وانیتر وه‌ک ''لێقه‌ومانێکی زگ‌ماک'' به‌سه‌ر تاک به تاکی ئه‌و گروپه‌دا فه‌رز ده‌کات. لێقه‌ومانی گه‌وره‌ش بۆ هه‌ر خه‌ڵکێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه که جیاوازیی ئیعتیبار و مه‌وقعییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی بکه‌وێته نێوان تاکه‌کانیه‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی دوژمنی ده‌ره‌کیی هه‌بێت. لێره‌وه‌یه که من پێموایه ئه‌و ڕۆشنبیرانه بێئه‌وه‌ی خۆیان بزانن زه‌مینه بۆ داخورانێکی ناوه‌کیی زیاتر و لێکترازانێکی گه‌وره‌تر له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا خۆش ده‌که‌ن. هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره که ئه‌وان به‌سه‌ریدا ده‌چن ئه‌وه‌یه که پێیانوایه گه‌ر زمانێک هه‌بوو ''لوغه‌وییه‌ن'' لێکتێگه‌یشتنی له‌نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کدا زیاد و ئاسان کرد، ئه‌وا ئیتر ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه زمانه‌وانییه خودبه‌خود لێکتێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی و هاودڵییش له‌نێوانیاندا زیاد و ئاسان ده‌کات. به مانه‌یه‌کی تر، ئه‌وان پێیانوایه که هه‌بوونی ''زمانی یه‌کگرتوو'' یه‌کسانه به، یان هه‌ر هیچ نا، هه‌نگاوێکی جه‌وهه‌ریی و کارایه ڕووه‌و هه‌بوونی ''میلله‌تی یه‌کگرتوو''. من پێموایه باوه‌ڕێکی له‌م چه‌شنه خۆی له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و دیده ناسیۆناڵستییه دڵپاکانه‌یه‌ی ئه‌و به‌شه له ڕۆشنبیرانی کورد بونیاد ده‌نێت که به‌ر له به‌هاری١٩٩١ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که لێگه‌ڕێ ناوچه‌یه‌کی کوردزمان به حوکم و حوکمه‌تێکی کوردزمانه‌وه ناوچه‌یه‌ک ده‌بێت که تیایدا ئینسیجامێک و لێکتێگه‌یشتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی وا تۆکمه له‌نێوان تاکه‌کانیدا دروست ده‌کات که قه‌ت مومکین نه‌بێت ''بیشکێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان''. ئه‌وه‌بوو دوای ئه‌و به‌رواره شه‌ڕی ناوخۆیی ''برا نه‌ته‌وه‌ییه‌کان'' له‌په‌ناده‌ست و له‌بناگوێی ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌دا ته‌قییه‌وه و لێکترازانی خسته ناو ته‌نانه‌ت خێزانه‌کانیشه‌وه، که‌چی ئه‌مه بۆ له‌حزه‌یه‌کیش له خه‌وی نه‌کردن و، ئه‌م دیده بۆ کۆمه‌ڵگا و کۆنفلیکت تا ئێستاش قوڵترین دیدێکه که ڕۆشنبیرانی ئێمه قوڵیی خوێندنه‌وه فیکرییه‌کانی خۆیانی بۆ کۆمه‌ڵگا پێ ده‌پێون. هیچ که‌سێک له‌دوای بێده‌نگبوونی تۆپه‌کان نه‌هات و ڕاستگۆیانه و له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتردا به‌دوای وه‌ڵامێکه‌وه بێت بۆ ئه‌وه‌ی که ئاخر ئه‌و هه‌موو برا کورده چه‌کداره چۆن و بۆچی وا به‌زه‌میرێکی مورتاحه‌وه ده‌ستیان چووه ئه‌و قه‌واره کوردییه و ئاوا دوژمنانه دایانڕوخاند به‌سه‌ر یه‌کدا.
من پێموایه هه‌ستی هاودڵیی و ئینتیما لای هاوڵاتیی به‌وه دروست ده‌بێت/ده‌کرێت که مافه مه‌ده‌نیی و فه‌ردییه‌کانی دابین بکرێت، حیسابی هاوڵاتیی یه‌کسانی بۆ بکرێت و له هه‌لوده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ خۆپێگه‌یاندن به‌هره‌مه‌ند بکرێت، ئیعتیبار و که‌رامه‌تی ئینسانیی بۆ ڕابگیرێت، فه‌زڵی فیئاتی تری نه‌درێت به‌سه‌ردا و وه‌ک فیئه‌یه‌کی که‌مبه‌هاتر [inferior] مامه‌ڵه نه‌کرێت. ڕه‌سمییه‌تپێدانی کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی ستاندارد و زمانی فه‌رمیی وڵات هه‌موو ئه‌مانه ده‌کات. هه‌موو ئه‌مانه‌ش هه‌ستێک لای هاوڵاتیی دروست ده‌کات که وابزانێت حه‌قی خۆیه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه وێران بکات به‌سه‌ر یه‌کدا. لێره‌دایه ڕه‌گی نه‌هامه‌تییه‌کان و، لێکترازانه‌کان لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن. ئه‌وه حه‌ماقه‌تێکی ناشیوناڵستانه‌یه ئێمه بێین شه‌ڕی ناوخۆ وه‌ک ئاکامی ''مانه‌وه‌ی کولتوری به‌عس و به‌ربه‌رییه‌تی ئایدۆلۆژیای عروبه''، یان سه‌رهه‌ڵدانی هه‌مه‌جییه‌تی تیرۆریزمی ئیسلامیی له کوردستاندا وه‌ک هاورده‌یه‌کی دوژمنانی ده‌وروبه‌ر بۆ کوردستان، لێکبده‌ینه‌وه. هه‌موو ئه‌و ده‌ستوه‌شاندنانه له کۆمه‌ڵگا به‌لای منه‌وه هه‌وڵێکی ''تۆڵه‌ی خۆلێکردنه‌وه''ی ئه‌و که‌سانه‌یه له کۆمه‌ڵگایه‌ک که بێ‌حیسابی کردوون. دیاره ده‌ستوه‌شاندن له کۆمه‌ڵگا به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت ده‌بێت سزای موسته‌حه‌قی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام من له‌م سیاقه دادگاییه‌دا نا، به‌ڵام له سیاقی خوێندنه‌وه‌مدا بۆ ئه‌و تاوانانه، هاوشان له‌گه‌ڵ که‌سی تاوانباردا، ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تییش وه‌ک سه‌به‌بکار ڕاپێچ ده‌که‌مه ناو قه‌فه‌سی تاوانبارییه‌وه.
به‌لای منه‌وه ته‌حه‌ددی ئه‌سڵی ئه‌وه‌یه ئێمه کۆمه‌ڵگایه‌ک دروست بکه‌ین که تیایدا که‌س پێویستی نه‌بێت تۆڵه‌ی مه‌غدوریی بکاته‌وه. له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا تا ئه‌و ڕۆژه‌ی فیئه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی یان خه‌ڵکانێک بمێنن که هه‌ست به مه‌غدوریی خۆیان بکه‌ن، ئاشتیی له ترسی تووڕه‌ییاندا ناوێرێت سه‌ر به‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا بکات. ڕه‌واندنه‌ی هه‌ستکردن به مه‌غدورییش به کۆکردنه‌وه‌ی فیئاته‌کان به‌ده‌وری ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییدا نابێت، به‌ڵکو به‌ده‌وری پره‌نسیپی له‌موساوه‌مه‌نه‌هاتووی هاوڵاتیی یه‌کساندا ده‌بێت. فه‌قیرحاڵییه ڕۆشنبیری ئێمه تا ئێستاش نابینێت که ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر بودجه‌یه‌کی گه‌وره و نه‌وتێکی زۆروزه‌به‌نده بوو که ئێستا ڕۆژانه له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕشگێڕه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئینشیقاقی گه‌وره و گه‌وره‌تر ده‌خاته جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه.
من به کارێکی خه‌ته‌رناکی ده‌زانم که ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تیی تا ئێستاش ئه‌و ڕه‌وته زاڵه‌ی ناو ڕۆشنبیریی کوردییه که ڕه‌نگی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو گوتاری ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌دا فه‌رز کردووه. ڕادیکاڵترین ڕه‌خنه‌گری ئێمه که دێته قسه، ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی که ئێستا یه‌خه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی گرتووه، به نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد و به لادانی ده‌سه‌ڵاتداران ''له دابی کوردایه‌تیی''، لێکده‌داته‌وه. پێشنیارنامه‌که‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره‌ش به هه‌مان تۆن، ''یه‌کێک له هۆکاره‌کانی پارچه‌پارچه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی'' کورد به‌وه ده‌زانێت که ''ده‌زگا سه‌روه‌رییه باڵاکانی هه‌رێم هه‌ڵنه‌ساون به‌و پرسیارێتییه مێژووییه که هاوڵاتیی کورد بکه‌نه ئه‌ندامی پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد و خه‌یاڵ و په‌یوه‌ستبوونێکی سیمبۆڵیی له‌ناو زمانێکی تاک و ستانداردا بۆ دروست بکه‌ن''. داوایه‌کی وا بێئاگایه له‌وه‌ی که ڕه‌سمییه‌تپێدانی کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی ستاندارد ئه‌وه‌نده‌ی تر شێوه‌زاری کرمانجیی ژوروو په‌راوێزتر ده‌خاته‌وه و پرێستیژی لێ داده‌ماڵێت. له‌درێژه‌شدا حه‌تمه‌ن ئاگاداری ئه‌وه نییه که په‌راوێزکه‌وتنی شێوزارێک به‌مانای په‌راوێزکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی قسه‌پێکه‌رانیشی دێت. ئه‌مه پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته؛ به‌و مانایه‌ی که په‌راوێزکه‌وتنی گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی په‌راوێزکه‌وتنی زمان یان شێوه‌زاره‌که‌شیانی به‌دوادا دێت. ده‌ره‌نجام ئه‌مه بازنه‌یه‌کی داخراوی ''شه‌ڕ'' دروست ده‌کات که گروپێکی زه‌ره‌رمه‌ندت له کۆمه‌ڵگادا بۆ ده‌خاته جوغزێکی ته‌سکه‌وه و به ئاستێک حه‌سری ده‌کات که جگه له په‌لاماردانی کۆمه‌ڵگا و ڕوخاندنی به‌سه‌ر موسته‌فیدیندا، یان ئینشیقاق و ماڵجیاکردنه‌وه، هیچ ڕێگه‌یه‌کی تری بۆ نامێنێته‌وه.
لێره‌وه‌یه که من پێموایه ئه‌و ڕۆشنبیرانه به‌و ستاتۆسه‌ی بۆ کرمانجیی ناوه‌ڕاست داوای ده‌که‌ن زه‌مینه بۆ ناڕه‌حه‌تییه‌کی گه‌وره و خه‌ته‌رناکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دروست ده‌که‌ن. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه که من پێموایه ئه‌و پێشنیاره‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن له حاڵه‌تی جێبه‌جێکردنیدا، به‌پێچه‌وانه‌ی نییه‌ت و باوه‌ڕی ئه‌وانه‌وه، کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌ره‌و ''پارچه‌پارچه‌بوونێکی نه‌ته‌وه‌یی'' زیاتر ده‌بات. به‌تایبه‌ت چونکه ئه‌و جیاوازییه‌ی ئه‌مان له‌م دۆزه‌دا کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن خۆی له ئه‌سه‌ڵدا درزێکی کۆن و گه‌وره‌یه له جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردییدا و کارکردن له‌سه‌ری حه‌ساسییه‌تێک و به‌ئاگاییه‌کی زۆر گه‌وره‌ی ده‌وێت. له‌مه‌دا مه‌به‌ستم له‌و درزه‌یه که له‌نێوان ده‌ڤه‌ری بادینان و ده‌ڤه‌ری سۆراندا هه‌یه. ئه‌و درزه‌ی که من به یه‌کێک له سه‌ره‌کییترین هۆکاره‌کانی که‌وتنه‌وه و ئینجا جۆشدانی شه‌ڕی به‌ربه‌رییانه‌ی ناوخۆی ده‌زانم له ده‌یه‌ی ڕابردوودا. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو مۆنۆپۆلبوونی ده‌سه‌ڵات له کوردستانی عێراقدا له‌ده‌ست دوو حیزبی خاوه‌ن کولتوری خێڵه‌کییدا و ئه‌و یارییه مافیاییانه‌ی که ئه‌و دوو حیزبه‌ی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردیی به موقه‌ده‌رات و که‌رامه‌تی ئینسانیی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ی ده‌که‌ن، لای من به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌و دووکه‌رتبوونه‌ی کۆمه‌ڵگایه له مه‌یدانی سیاسیی‌دا.
تێنه‌گه‌یشتنه له ته‌بیعه‌تی ئه‌م دووکه‌رتبوونه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی که وا ده‌کات ڕۆشنبیران وا خه‌مخۆرانه ته‌رحی یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو به‌ره‌که له‌ڕێگای یه‌کخستنی شێوه‌زاره‌کانیانه‌وه دێننه پێشه‌وه و به‌و حه‌ماسه‌ته زۆره‌شه‌وه داکۆکیی لێ ده‌که‌ن که ده‌یکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌وان نایبینن ئه‌وه‌یه که ڕه‌سمییه‌تپێدانی یاسایی به کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی ستاندارد ستاتۆسی ''زمانه ڕاست و ڕه‌وانه‌که''ی ده‌داتێ و ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابی هه‌یبه‌ت و پرێستیژی کۆمه‌ڵایه‌تیی کرمانجیی ژوروو و قسه‌پێکه‌رانی ته‌واو ده‌بێت. ئاکامێکی بێئه‌ملاوئه‌ولای که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی هه‌ر شێوه‌زارێک یان دیالێکتێکیش ئه‌وه‌یه که ئیتر له سه‌تحی گشتیی‌دا تۆلێرانس بۆ ئه‌و شێوه‌زاره یان دیالێکته که‌م ده‌بێته‌وه و ئیتر قسه‌پێکه‌رانی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا ده‌بنه خاوه‌ن زمانه ''ناڕاست و خواره‌که'' و ته‌نگیان پێ هه‌ڵده‌چنرێت.
ڕه‌نگه کۆمه‌ڵگای کوردستانی عێراق یه‌کێک بێت له نموونه هه‌ره زه‌قه‌کانی چۆنیه‌تی کارکردنی ئه‌م میکانیکییه‌ته، به‌وه‌ی که له‌و وڵاته‌ی ئێمه‌دا ته‌نانه‌ت که‌سێک ده‌توانێت حاڵه‌ت بدۆزێته‌وه که تیایدا گه‌ڕه‌کێک تۆڵێرانسی بۆ دیالێکتی گه‌ڕه‌که‌که‌ی په‌ناده‌ستی خۆی نییه.[3] جارێ ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و مه‌سخه‌ره [bullying] تاڵه‌ی که ساڵان و ساڵانێکه له‌لایه‌ن دانیشتوانی شار و شارۆچکه‌کانی به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌یبه‌ت سوڵتانه‌وه به دیالێکتی ده‌شتی هه‌ولێر ده‌کرێت و ئه‌و مه‌وقیعه نزمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی مه‌سخه‌ره‌که‌ران به‌و دیالێکته و به قسه‌پێکه‌رانی ڕه‌وای ده‌بینن، ده‌بوایه ئه‌و په‌نجاوسێ ڕۆشنبیره‌ی له‌وه تێبگه‌یه‌ندایه که ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن بۆ تاکزمانکردنه‌وه‌ی کورد، ساڵانێکه خۆبه‌خۆ له‌سه‌ر ده‌ستی کوردان ده‌ستی پێکردووه و به‌رده‌وامیش درزی گه‌وره و بچوک ده‌خاته جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه. ئه‌و هه‌نگاوه ئیراده‌گه‌رییه‌ی ئه‌وان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ''ڕیزه‌کانی گه‌ل'' پێشنیاری ده‌که‌ن ساڵانێکه له مه‌یدانی شه‌عبییدا ته‌عه‌سوفیانه له‌فۆرمی لێشاوێک له نوکته‌دا، که نه‌بوونی تۆڵێڕانس و به‌که‌مسه‌یرکردنی ''زماننادروسته‌کان'' جه‌وهه‌ریان پێکدێنێت، فه‌رز ده‌کرێت و که‌چی تا ئێستا هه‌ر ته‌نها له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانی زیاتر و زیاتری ''ڕیزه‌کانی گه‌لی'' لێ حاسڵ بووه.
کێشه‌ی گه‌وره له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌وه هه‌ر ته‌ره‌فی هێرشبه‌ر نییه که قیمه‌ت و ئیعتیبارێکی که‌متر بۆ ئه‌و ئینسانه قایل ده‌بێت که شێوه‌زاره بێپرێستیژه‌که قسه ده‌کات، به‌ڵکو له‌به‌رمبه‌ریشدا له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و تاکه خۆیشیدا پرۆسه‌یه‌کی زاتیی و سه‌بجێکتیڤ ده‌گوزرێت که له‌ئاکامدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه خۆیشی تێڕوانین [attitude]و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ شێوه‌زاره‌که‌ی خۆی ''که‌مگیر'' ببێته‌وه و، ئه‌مه‌ش له‌درێژه‌دا، وێنه‌ی خۆی و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی خۆی لا ده‌شێوێنێ و ئیتر خۆی و زمانه‌که‌ی و خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی به سه‌ربه فیئه ''نامومتازه‌که'' ده‌بێنێت. بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌مه ده‌کرێت که‌سێک ئه‌وه بهێنێته پێشچاوی خۆی و بیرێک له‌وه بکاته‌وه که ده‌بێت له مێشکی منداڵێکی بادینییزماندا چی وێنه‌یه‌کی ''که‌مبه‌هایی'' بۆ خۆی و بۆ گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی خۆی و بۆ شێوه‌زاره‌که‌ی دایکی خۆی بۆ دروست ببێت کاتێک ببینێت له پۆلێکی پڕ له منداڵی بادینییدا و به مامۆستایه‌کی بادینییزمانه‌وه، به سۆرانیی ده‌رس ده‌خوێنن. که‌یفی خۆیه‌تی هه‌ر که‌سێک واز له شیعاراتی ناشیۆناڵستیی و ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تیی ناهێنێت، به‌ڵام ئیتر ئه‌و هه‌سته داڕوخێنه‌ره‌ی لای ئه‌و مناڵه دروست ده‌بێت، به‌لای منه‌وه هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌دا که لای ئێمه‌ی مناڵان و مامۆستایانی کوردی ناو پۆله ساده کورده‌کانی، بۆ نموونه، که‌رکوک دروست ده‌بوو.
- ده‌رفه‌تی یه‌کسان و هاوڵاتیی یه‌کسان:
ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ خۆپێگه‌یاندن و بۆ ته‌فاعولی کۆمه‌ڵایه‌تیی تاکه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا به‌ردی بناغه‌ی سازدانی کۆمه‌ڵگایه‌که که ئینسیجامێکی ناوه‌کیی هه‌بێت و ڕووبه‌ده‌ریش میلله‌تێکی یه‌کگرتوو بێت. به‌رفه‌رمیناسینی شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاست وه‌ک زمانی فه‌رمیی له‌م ده‌رفه‌ته‌ی هاوڵاتیی بادینییزمان که‌مده‌کاته‌وه. گه‌ر وای دابنێین که پێشنیاری ئه‌و ڕۆشنبیرانه کردنی کرمانجیی ناوه‌ڕاسته هه‌ر ته‌نها به زمانی خوێندن و زمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیی، ئه‌وا گومانی تیا نابێت که ئه‌وکات منداڵێکی بادینییزمان له خوێندندا ده‌رفه‌تێکی یه‌کسان به‌و ده‌رفه‌ته‌ی نابێت که منداڵێکی سۆرانییزمان ده‌یبێت بۆ تێگه‌یشتن له قوتابخانه و له وانه‌کان، که ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی ده‌بێته هۆی دواکه‌وتنی عیلمیی لای ئه‌و منداڵه.[4] کارێکی واش بێگومان له‌درێژه‌ی خۆیدا ده‌رگا بۆ دواکه‌وتن و داهێزرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابوریی و ڕۆشنبیریی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌کاته‌وه که قوتابییه‌کانی ئه‌و ئیستیفاده‌یه له قوتابخانه ناکه‌ن که قوتابییانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ی یان ده‌ڤه‌ره‌کانی تر ده‌یکه‌ن. ئه‌مه له‌پاڵ ئه‌م دواکه‌وتنه‌وه، جیاوازییه‌کیش دروست ده‌کات له‌نێوان ئاستی گه‌شه‌کردوویی له‌نێوان ئه‌و ده‌ڤه‌ره جیاوازانه‌دا. ئه‌و ڕۆشنبیرانه گه‌ر وورد سه‌یر بکه‌ن ده‌بینن که ئه‌مه لێکترازانێکی فیعلیی و خه‌ته‌رناکه له جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردییدا نه‌ک کۆکراوه‌یی به‌ده‌وری زمانێکی تاک و ستاندارددا.
هه‌ر به هه‌مان لێکدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانین بڵێین که گه‌ر کرمانجیی ناوه‌ڕاست زمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیی بێت، ئه‌وا بێگومان هاوڵاتییانی بادینییزمان گرفت و سه‌ختییان ده‌بێت له‌په‌یوه‌ندییاندا له‌گه‌ڵ ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کاندا. که‌سێکی بادنییزمان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه که به‌و ئاسانییه‌ی خه‌ڵکی سۆرانییزمان بتوانێت کاروباره‌کانی خۆی له ده‌زگا ئیدارییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا ڕایی بکات. بۆ نموونه که‌سێکی بادینییزمان له‌به‌رده‌م دادگادا ده‌بێت به‌هه‌مان ئاستی که‌سێکی سۆرانییزمان بتوانێت له مه‌جرای دادگاییکردنه‌که تێبگات و قسه و داکۆکیی خۆی بگه‌یه‌نێت .. ئه‌و که‌سه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌هه‌مان ئاستی سۆرانییزمانێک له‌و لێکدانه‌وانه تێبگات که ده‌رباره‌ی تاوانباریی یان بێتاوانیی ئه‌و ده‌کرێن و له‌و نووسراوانه تێبگات له دۆسیه‌که‌یدا هه‌یه. نه‌ڕه‌خساندنی ئه‌م مافانه گرفتێکی گه‌وره بۆ دۆزی دیموکراسییه‌ت دروست ده‌کات له‌و ناوچه‌یه‌دا. یه‌کسانیی له‌به‌رده‌م ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا پره‌نسیپێکی دیموکراتییه که خه‌ته‌رناکه ئاماده بین بیکه‌ینه قوربانیی ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی. لێره‌وه‌یه که من پێموایه جێبه‌جێکردنی خواستی ئه‌و ڕۆشنبیرانه مه‌عزه‌ڵه‌تێکی گه‌وره بۆ دۆزی دیموکراسیی له کوردستاندا دروست ده‌کات.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بێمافیانه‌ی که جێبه‌جێبوونی پێشنیاری ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیره به‌دوای خۆیدا بۆ خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری بادینانی دێنێت، من ته‌واوێک تێگه‌یشتنم بۆ ئه‌و قه‌له‌قییه و بۆ ئه‌و ناڕه‌زاییه زۆره‌ی ناو ڕۆشنبیرانی بادینان هه‌یه که دژ به هه‌وڵی تاکستانداردکردنی زمانی کوردیی پیشانیان دا و پیشانی ده‌ده‌ن.
کارکردنی پێچه‌وانه له‌سه‌ر دیفاکتۆکان
سه‌رجه‌م پێشنیاری ئه‌و په‌نجاوسێ ڕۆشنبیره له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دیفاکتۆیه خۆی داده‌ڕێژێته‌وه که کرمانجیی ناوه‌ڕاست خۆی به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ ستاتۆسێکی ستانداردیی له مه‌یدانه فه‌رمیی و نافه‌رمییه‌کاندا وه‌رگرتووه. من پێموایه ئه‌م دیفاکتۆیه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌نه بنه‌مای ئارگیومێنتکردنیان خۆی ئه‌سڵه‌ن ده‌بێت پێشنیار بۆ بڕیاری پێچه‌وانه‌ی له‌سه‌ر بونیاد بنرێت. ئه‌وه‌ی که له هه‌ر کوێیه‌ک که‌سێکی بادینیی و که‌سێکی سۆرانیی به‌یه‌کتر ده‌گه‌ن، مه‌گه‌ر بادینییه‌که سۆرانیی نه‌زانێت، ئه‌گینا کرمانجیی ژوروو به ئاستێک ستاتۆسی له‌ده‌ستداوه که هه‌رده‌م که‌سه بادینییه‌که فه‌رزی ده‌کات به‌سه‌ر خۆیدا که شێوه‌زاره‌که‌ی بگۆڕێته سه‌ر شێوه‌زاری به‌رامبه‌ره‌که‌ی، ئه‌مه نیشانه‌ی هه‌بوونی خه‌له‌لێکی خه‌ته‌رناکه له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا که له هه‌ناوی خۆیدا تۆوی کۆنفلیکت و په‌رته‌وازه‌بوونێکی موسته‌قبه‌لیی خه‌ته‌رناکی بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه هه‌ڵگرتووه . . خه‌له‌لێک که هه‌یبه‌ت و پرێستیژی بۆ گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌سه‌ر گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی تردا ڕاگرتووه . . خه‌له‌لێک که ده‌خوازێت زووبه‌زوو و به‌بێ دواکه‌وتن بکه‌وینه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی که به ده‌ستخستنه‌ژێرباڵێک و به هاوقیمه‌تکردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شێوه‌زاری کرمانجیی ناوه‌ڕاستدا، ئیعتیبارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ ئه‌و شێوه‌زاره و بۆ قسه‌پێکه‌رانی به‌ده‌ست بێنین. به‌لای منه‌وه هاوقیمه‌تکردنه‌وه‌ی شێوه‌زاره‌کان هاوقیمه‌تکردنه‌وه‌ی قسه‌پێکه‌رانیانه، ئه‌گینا کارکردن به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌وه هیچ نییه جگه له کارکردن بۆ فراوانترکردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵشتانه‌ی پێشتر که‌وتوونه‌ته جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی.
ئه‌وه‌ی که ڕۆشنبیرانی کورد له‌و حه‌قیقه‌ته‌وه ئه‌هه‌مییه‌تی کۆکردنه‌وه‌ی زمانی کوردیی هه‌ڵئه‌هێنجێنن که زمانی کوردیی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌وسێنه‌رانی کورد و بۆ پارچه‌پارچه‌کردنی میلله‌ته‌که ئاوا پارچه‌پارچه بووه/کراوه، وه لێره‌شه‌وه ده‌گه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کۆکردنه‌وه‌ی زمانه‌که کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌یه، ئه‌وه هه‌ڵهێنجانێکی میکانیکییه که نایه‌وێت دان به‌و دیفاکتۆیه‌دا بنێت که ئه‌و زمانه تازه زمانێکی فره‌شێوه‌زاره به جیاوازیی زۆره‌وه له نێوانیاندا، وه ناشیه‌وێت ئه‌و واقیعییه‌ته‌ی به‌رچاوی خۆی ببینێت که هه‌وڵی یه‌کپێگرتنه‌وه‌ی زمانه‌وانییانه‌ی ئه‌و شێوه‌زارانه به‌رده‌وام په‌رته‌وازه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتری لێکه‌وتۆته‌وه. که ئه‌مه‌شت نه‌بینی، حه‌تمه‌ن زه‌حمه‌ته ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌رک پێبکه‌یت که ئه‌م په‌رته‌وازییه ئیتر له‌ئاکامی هه‌وڵی په‌رته‌وازه‌کردنی زمانه‌که‌ت و له‌ئاکامی هێرشێکی ده‌ره‌کیی نییه، به‌ڵکو ئاکامێکی ڕاسته‌وخۆی هه‌وڵی یه‌کتاکردنه‌وه‌ی زمانه‌که‌ته و له‌ئاکامی هێرشێکی ناوه‌کییه.
دیاره ئه‌مه قه‌ت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مانای ئه‌وه نییه که ئه‌و خه‌ڵکه به‌و شێوه‌زاره دوورله‌یه‌کانه‌یانه‌وه ئیتر ناکرێت کۆبکرێنه‌وه و ناکرێت هاودڵییه‌ک و گونجانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی وایان له‌نێواندا دروست بکرێت که ڕووبه‌ده‌ر و ڕووبه‌ناو قه‌واره‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیی تۆکمه‌یان لێ ده‌رچێت. قه‌ناعه‌تی من ڕێک به پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینێکی له‌م چه‌شنه‌وه‌یه، به‌ڵام من وای ده‌بینم که له‌پێناو پێکانی ئامانجی توندوتۆڵکردنه‌وه‌ی بۆنده‌کانی نێوان تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا، خه‌ڵکی کورد پێویستی به‌وه‌یه ئیتر تۆڵێڕانسی بۆ جیاوازیی نێوان شێوه‌زاره‌کان و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌بێت نه‌ک هه‌وڵی مه‌حوکردنی بدات .. ئه‌و فره‌ڕه‌نگییه‌ی خه‌ڵکه‌که وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێز سه‌یر بکات نه‌ک سه‌رچاوه‌ی زوعف .. خه‌ڵکه‌که به‌ده‌وری پراکتیکردنێکی حه‌قیقیی به‌های هاوڵاتیی یه‌کساندا کۆبکاته‌وه نه‌ک به‌ده‌وری زمانێکی تاق و ته‌نیا و یه‌کگرتوودا.
ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه پێشنیاری ده‌که‌ن پێشنیارێکه ته‌واو هاوڕه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیار و پێشنیاره ناحه‌کیمانانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه ساڵانێکه له چوارچێوه‌ی ''شه‌ڕی ساردی ناوخۆیی'' خۆیاندا ده‌ستیان داوه‌تێ؛ بۆ نموونه ئه‌وه‌ی که بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ئیمتیازاتدان و بۆ پچڕینی بودجه‌ی زیاتر بۆ ئه‌و شارانه‌ی که خۆیان تیا نیشته‌جێن، داوا کرا سلێمانیی وه‌ک ''پایته‌ختی ڕۆشنبیریی'' بناسرێت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا قسه‌ی ڕادیکاڵانه‌ی زۆرێک له ڕۆشنبیران ئه‌وه‌بوو که شاگه‌شکه ببوون به‌و نازناوه، به‌ڵام ڕه‌خنه و دڵساردییان ئه‌وه‌بوو که شاری ڕۆشنبیریی ده‌بێت خزمه‌تی زیاتر له‌وه‌ی ئێستای پێ بکرێ و داوای ئه‌وه‌یان ده‌کرد که له سلێمانییدا هۆڵ و ناوه‌ند و داموده‌زگای ڕۆشنبیریی زیاتر دروست بکرێ و ئیهتیمامێکی زیاتر به ڕۆشنبیریی بدرێت تیایدا. وه‌ک شتێک شاره‌کانی بۆ نموونه چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار و دیانا و سومێل و کوێ و کوێی تر پێویستیان به‌وه نه‌بێت خزمه‌ت بکرێن و له‌ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه هه‌ڵسێندرێنه‌وه. که‌سێکت نه‌بینی له‌م ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌دا بێت و بڵێت: ئاخر ئه‌م ئیمتیازپێدانه ته‌فره‌قه‌کردنێکی ئه‌حمه‌قانه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌کانه که هیچێک ناپێکێت جگه له گه‌وره‌ترکردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی که خۆی به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ له‌نێوان خزمه‌تگوزاریی و ئیعتیباربۆدانان بۆ شار و شارۆچکه جیاوازه‌کان هه‌یه. که‌سێک نه‌یووت: ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه خۆی شار و شارۆچکه‌کانی تره که پێویستیان به به‌رزکردنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیریی و به‌رزکردنه‌وه‌یه‌کی ناو و ئیعتیباریانه له زیهنی عاممه‌دا نه‌ک پایته‌ختی سیاسیی و پایته‌ختی ڕۆشنبیریی. که‌سێک نه‌هات و به حاکمانی ده‌رهاویشته‌ی ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تیی بڵێ: واز له حه‌ماقه‌تی ڕازاندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆتان بێنن و فریای ڕۆشنبیریی شاره دووره‌ده‌سته‌کان بکه‌ون که له داخ و له ئاکامی ئه‌و حه‌قاره‌تانه‌دا که ئێوه پێیان ده‌که‌ن وا لێشاوێک له گه‌نجانیان سه‌رلێشێواو بوون و بوون به که‌سانی توندڕه‌و. ئه‌م کۆمیدیایه ئێستا له کوردستاندا گه‌یشتۆته ئاستێک که خه‌ڵک بۆ به‌ده‌ستهێنانی که‌مێکی زیاتر له مافه مه‌ده‌نییه‌کانیان و پچڕینی به‌شێکی زیاتر له ئیمتیازات بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێی نیشته‌جێن، لادێکان شه‌ڕی ئه‌وه ده‌که‌ن بکرێنه ناحییه و ناحییه‌کان شه‌ڕی کردنیان به قه‌زا و قه‌زاکانیش شه‌ڕی کردنیان به شار ده‌که‌ن. ڕووی دووه‌می ئه‌م کۆمیدیایه ئه‌و حه‌قیقه‌ته تراژیدییه‌یه که به‌ڵێ له کوردستانی ئێمه‌دا ناوچه‌کان هاوقیمه‌ت مامه‌ڵه ناکرێن و ئه‌و ناوی یه‌که‌ی ئیدارییه‌ی که لێی ده‌نرێت و ئه‌و تایتڵه وه‌سفییه‌ی به ڕه‌سمیی به باڵای ناوچه‌یه‌کدا داده‌بڕێت، ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بینێت له‌وه‌دا که ئایا خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه تا چه‌ند مافه مه‌ده‌نییه‌کانیان ده‌درێت، یان زۆرجار تا چه‌ند فه‌زڵیان ده‌درێت به‌سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌کانی تردا.
ئه‌م واقیعه‌ته سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئێستای کۆمه‌ڵگای کوردستانی عێراقه که ئه‌و ڕۆشنبیرانه نایهێننه ناو حیساباتی خۆیانه‌وه کاتێک پێشنیارێک بۆ ئه‌وه داده‌ڕێژنه‌وه که چۆن بتوانین زمانی ستانداردمان هه‌بێت. من پێموایه ئه‌م واقیعه‌ته هه‌لاهه‌لایه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی خۆیه‌تی که ده‌بێت ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ببینێت له‌وه‌دا که ئایا چه‌ند زمانی فه‌رمییمان هه‌بێت و به چی میکانیکییه‌تێک بگه‌ینه هاوقیمه‌تکردنه‌وه‌ی شێوه‌زاره‌کان و زیادکردنی تۆڵێرانس بۆیان، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئایا له چین و فه‌ڕه‌نسا و ئاڵبانیا و کوێ و کوێی تر به چی میکانیکییه‌تێک زمانی ستانداردیان ده‌ستنیشان کرد و ''چۆن سیاسییه‌کانیان به ئه‌رکی مێژوویی خۆیان هه‌ستان و تاکه شێوه‌زارێکیان وه‌ک زمانی فه‌رمیی ده‌ستنیشان کرد''.
دوو زمانی فه‌رمیی له‌پێناوی هاوڵاتیی کورددا
مایه‌وه بڵێم که من له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕایانه‌ی سه‌ره‌وه‌م، هیچ چاره‌یه‌کی تر بۆ دۆخی هه‌نوکه‌یی زمانی کوردیی و ئه‌و گرفتانه نابینم که له کۆمه‌ڵگای کوردییدا دروستی کردووه جگه له‌وه‌ی که دوو شێوه‌زاری فه‌رمییمان هه‌بێت له کوردستاندا. دیاره ئه‌مه‌ش به ده‌ستبردن بۆ ڕیفۆرمێکی زمانه‌وانیی ده‌بێت له کوردستاندا که له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زا له سۆسیۆلینگویستیک و لینگویستیکه‌وه پلانی کورتماوه و درێژماوه‌ی بۆ دابنرێت و سه‌رپه‌رشتیی بکرێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که ئاوا کورتبکرێته‌وه بۆ هه‌ر ته‌نها بڕیارێکی حکومیی و له‌مه‌شدا شۆڕشگێڕانی ڕێگای کوردایه‌تیی قسه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان بدرێته ده‌ست و ڕه‌سمییه‌ت به‌و مافه‌یان بدرێت که له ڕێگه‌ی بڕیارێکی کۆک له‌گه‌ڵ پێوانه‌کانی ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تییدا ته‌عه‌سوفیانه قسه‌ی خۆیان فه‌رز بکه‌ن به‌سه‌ر هاوڵاتیی کورددا.
بۆ که‌سێک قورس نییه ئه‌وه ببینێت که پێشنیاری ڕه‌سمییه‌تپێدانی هه‌ر ته‌نها یه‌ک شێوه‌زار وه‌ک زمانی فه‌رمیی له مونته‌ڵه‌قێکی ناشیوناڵستییه‌وه ئه‌تروحه‌ی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه و چاوی له ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییه. له‌به‌رامبه‌ردا پێشنیاری ڕه‌سمییه‌تپێدانی دوو شێوه‌زار له مونته‌ڵه‌قی پاراستنی مافه مه‌ده‌نییه‌کانی هاوڵاتیی کورده‌وه خۆی وه‌ک زه‌رووره‌تێک فه‌رز ده‌کات. ئه‌م دوو ڕوانگه‌یه بۆ مه‌سه‌له‌که به‌لای منه‌وه دوڕێیانێکی ڕاسته‌قینه‌یه و به دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌کتردا هه‌نگاو ده‌نێن. دیاره له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌رده‌م هه‌وڵی جیددی هه‌بووه، هه‌م لای ده‌سه‌ڵات و هه‌م لای زۆربه‌ی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد و هه‌میش له‌ناو خه‌ڵکه عاممه‌که‌دا که ئه‌م دووڕێیانه وه‌ک دووڕێیان سه‌یر نه‌کرێت و کوردایه‌تییکردن وه‌ک زامنی سه‌ره‌کیی مافه‌کانی هاوڵاتیی کورد وێنا بکرێت. به‌لای منه‌وه ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه لای ڕۆشنبیرانی ئێمه زیاتر ئاکامی ڕه‌دفیعلێکی ناڕاشیۆناڵانه‌یه له‌و سته‌مکارییه‌ی له ڕابردوودا خه‌ڵکی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک چه‌شتی، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئاکامی لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسیی ڕاشیۆناڵانه بێت. بۆیه من پێموایه نه‌بینینی ئه‌م دووڕێیانه وه‌ک دووڕێیان، هه‌رچییه‌ک بێت هۆکاره‌که‌ی، ئاکامه‌که‌ی ئه‌وه ده‌بێت که به عه‌مه‌ل ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیران و هه‌موو خه‌ڵکت بۆ ده‌کاته پاکانه‌که‌ر بۆ پێشێلکردنی مافه مه‌ده‌نییه‌کانی هاوڵاتیی کورد.
ئۆسلۆ - ٢٠٠٨/٥/٢٧
[1] من ئه‌گه‌رچی ئه‌و پۆلێنکردنه‌م پێ دروستتره که شیوه‌زاری سۆرانیی به کرمانجیی خواروو ناو ده‌بات نه‌ک کرمانجیی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام بۆ خۆپارێزیی له که‌وتنه‌ی به‌دحاڵییبوون و دوورکه‌وتنه‌وه له کرۆکی ئه‌سڵیی باباته‌که، پێم باش بوو لێره‌دا ناوی کرمانجیی ناوه‌ڕاست به‌کاربێنم.
[2] هه‌ر له ڕوانگه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه‌شه‌وه‌یه ساڵان و ساڵانێکه زۆربه‌ی زمانه‌وانان و نووسه‌ران و، وه به شێوه‌یه‌کی گشتیی خه‌ڵکی کورد بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی زمانی کوردیی بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ''نه‌قاوه‌تخوازیی'' و به‌په‌تییهێشتنه‌وه‌ی موفره‌داته‌کانی زمانی کوردیی و ڕێگرتن له‌هه‌ر ووشه‌یه‌کی ''به‌ئه‌سڵ ناکوردیی''یان به‌ڕێخستووه و زمانی کوردی‌یان له جوغزێکی ''ڕه‌سه‌نی کوردیی''دا حه‌سر کردووه و هه‌ناسه‌بڕیان کردووه.
[3] نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌مه ده‌کرێت گه‌ڕه‌که کوردییه‌کانی شاری که‌رکوک بێت.
[4] له‌م سیاقه‌دا و بۆ پاڵپشتی ئه‌م ڕایه که‌سێک ده‌توانێت ئاماژه به‌و واقیعیه‌ته بکات که به‌پێی قسه‌ی کادرێکی بواری په‌روه‌رده، ساڵی خوێندنی ٢٠٠٧/٢٠٠٦ له ده‌ڤه‌ری بادیناندا له ١٦ هه‌زار قوتابیی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی، ١٤ هه‌زاریان له تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌ری ساڵدا ده‌رنه‌چوون. (ڕۆژنامه‌ی جه‌ماوه‌ر، ژ ٢٢٩، ل ٨، به‌رواری ٢٠٠٧/٦/٢٥).