خه‌ونێکی سێکسی
سمکۆ ئه‌حمه‌د
هه‌موو شه‌وێ له‌سه‌رینه
سپیه‌که‌مدا
دارێکی سه‌وز هه‌ڵده‌تۆقێ
چنگی ڕه‌گی به شاده‌ماره‌کانی ملما
ڕۆ ده‌چێ
نه‌ک ته‌نها لاشه‌که‌ی من
سه‌رتاپای قه‌ره‌وێله‌که‌ش
به چنگ ده‌گرێ!
چۆله‌که‌یه‌کی هه‌وه‌سبازیش
له تووکی که‌لله‌سه‌ری من
هێلانه‌یه‌ک بۆخۆی ده‌چنێ
سه‌رتاپای داره‌که‌شم چرۆ ده‌کا و
میوه‌ی خه‌ونه‌شیرینه‌کان
به‌بۆڵ ده‌گرێ!
ته‌نها شه‌وان من ته‌نیا نیم
هه‌موو شه‌وێ
مه‌خلوقێکی ڕووت و ناسک
له‌ناو جێگا
توند له‌باوه‌شی خۆیم ده‌گرێ!
وه‌کو ئاده‌م و حه‌وا
پێش قه‌پاڵی سێوه‌که‌یان
جه‌سته‌ی ڕووتمان هه‌نار ده‌گرێ
له‌سه‌ر سینه‌ی مووروی سپی
که‌نار ده‌ریای بێ ئینسانا
هه‌نگی تینووی په‌نجه‌کانمان
نیرگز ده‌گرێ!
هه‌موو ڕۆژێ
کاتێ خۆری حه‌سوودیش به‌خه‌به‌ر دێ
یه‌که‌م که س له په‌نجه‌ره‌ی
فلاته به‌رزه‌که‌ی من ده‌دا
چۆله‌که هه‌وه‌سبازه‌که و
داره مه‌کربازه‌که‌ش
یه‌کسه‌ر هه‌ڵدێن!
مه‌خلوقه ناسکه‌که‌ی باخه‌ڵیشم
بۆ ماوه‌یه‌ک
له‌گه‌ڵ خۆردا به‌شه‌ڕ دادێ
زۆر به‌زوویی ده‌به‌زێت و
ئه‌ویش هه‌ڵدێ!
ئا به‌و جۆره
ڕۆژێکی دی له ته‌قویمی ته‌نیایی من
چاوی هه‌ڵدێ!
پایزی تۆکیۆ 2008-12-10