خه‌ونی مووروو
سمکۆ ئه‌حمه‌د
چه‌ند خۆش ئه‌بوو
ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن
وه‌کو ملوانکه‌که‌ی دایکم
ده‌نك ده‌نك بگه‌ڕیایه
له‌گه‌ردنی هه‌ر ده‌نکێکی
زه‌رده‌خه‌نه
پێکه‌نینێ راوه‌ستایه
چه‌ند خۆش ئه‌بوو
ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن
پڕ به‌بالای به‌هار بووایه
له‌ژێر لۆچی گه‌ڵاکانیا
ته‌ڕه‌ماچی
زه‌رده‌پاییز
ده‌نك ده‌نك قه‌تاره‌یان بگرتایه
بۆ نه‌ئه‌بوو؟
چاوسه‌و‌زه‌که‌م
منی غه‌ریب
دوای 13 ساڵ
له‌سه‌ر لێوی کڵۆ به‌فرێ
وشه‌یه‌کی تۆم بیستایه
بۆ چی! ئه‌بوو؟
منیش وه‌کو ریشۆڵه‌کان
ساڵی جارێ
به‌بێ ڤیزه
سه‌ردانێکی ئه‌وده‌ڤه‌ره‌ی
مناڵێتیم بکردایه
چه‌ند ناخۆش بوو
باوانه‌که‌م دوێنێ بیستم
له‌لای ئێمه سه‌وزی و به‌هار تیرۆر کران
ده‌نکی ملوانکه‌که‌ی دایه
وه‌کو قیژه‌ی ته‌رزه‌ی به‌هار
زۆر به‌زوویی بێده‌نگ کران
ده‌نك ده‌نك
له‌سه‌ر سینه‌ی جاده‌ی سالم
خه‌ونه‌کانیان له‌چاڵ نران
ئیتر ئه‌بێ
چۆن بتوانم
جارێکی تر له‌سه‌ر پرچی ریشۆڵه‌یه‌ك
من بێمه‌وه
ره‌نگی سه‌وز بۆ به‌هار و
گلێنه‌ی چاوی تۆ بێنمه‌وه
ئیتر ئه‌بێ چۆن بتوانم
خه‌ونی ده‌نکه موورووی خه‌مان
له‌ژێر چنگی جاده‌ی سالم
جارێکی تر ده ر بێنمه‌وه!!!؟
پاییزی 2008-11-17 تۆکیۆ