حیکایه‌تی
شانزه‌ی مارت*
له 'ده‌ربه‌ندی په‌پووله' وه
شێرکۆ بێکه‌س
...
16 ی مارت - به‌ر له نیوه‌شه‌وی ئه‌م ڕۆژه قرچۆکه
شازاده‌هه‌وایه‌کی مۆدێرنیزمی شێت
هه‌وایه‌کی دووڕه‌ک، له نه‌سلی چه‌پ و ڕاستی
سیاسه‌تی ئه‌م دنیا به‌ستۆکه،
هه‌وایه‌کی که‌ته‌ی به ئؤکی له‌خۆبایی
بۆنی ده‌م سیراویی،
کت‌وپڕ هات و کوده‌تایه‌کی زه‌ردی
ئه‌لکترۆنیی به‌رپا کرد.
ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌ختوبه‌ختی ئاسماندا گرت،
بوو به تاقه فه‌رمانڕه‌وای
ئه‌م مه‌مله‌که‌ته به‌رینه‌ی به‌هار،
ڕێ و بانه‌کانی هه‌ناسه‌ی نێوان
ئاسمان و زه‌وی به‌ست،
ته‌واوی ده‌رگاکانی به‌هه‌شتی کڵۆم کرد
به ده‌نگی تێکه‌ڵی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا
به‌یاننامه‌ی ژماره یه‌کی خۆی خوێنده‌وه،
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌رینه‌وه‌ی گه‌ڵایه‌ک و که‌متر
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ترووکه‌ی چاوی ئاوێک و که‌متر
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نووزه‌ی کارژۆڵه‌یه‌ک و که‌متر
چی فریشته و حۆری و په‌ری و باڵدار و بێ‌باڵ هه‌بوون
کردنی به مۆم، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیان وه‌رێنی،
کردنی به شووشه، بێ ئه‌وه‌ی بیانشکێنێ
له که‌نار ئاوی ڕه‌شی ئه‌م ڕۆژه کپه‌دا
پۆل پۆل کۆتره‌کان سپی ئه‌چوونه‌وه،
هه‌ر ئه‌وه بوو نه‌یان ئه‌گماند.
له مه‌زرا و پاوانه سه‌وزه‌کانی ئه‌م ڕۆژه گێژووێژه‌دا
ئه‌سپه‌کان ڕه‌وه ڕه‌وه پاڵ که‌وتبوون،
هه‌ر ئه‌وه بوو نه‌یان ئه‌حیلاند.
له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌وا شێته‌دا
کێ ئه‌توانێ به پێوه بوه‌ستێ؟
کێ ده‌سته‌وه‌ستان نابێ؟
هه‌ر له ' گاتا' کانی زه‌رده‌شته‌وه
تا ' سه‌رمایه' ی مارکس
تا شمشێره‌کانی 'ذوالفقار'
ڕشانه‌وه و بڵقیان کرد و خپ بوون.
ئازایه‌تی، جوامێریی، بیروباوه‌ڕی ئاگرین
له سه‌نگه‌ره‌کانی خۆیاندا مه‌یین
بێ ئه‌وه‌ی فریای په‌له‌پیتکه‌ی
ته‌قاندنی خۆیان بکه‌ون!
بۆ ڕۆژی دوایی له یه‌که به یه‌که‌ی کۆڵان و شه‌قامی
ئه‌م سنگه خنکاوه‌ی مندا
له نێو ماڵانی ئه‌م سی‌یه داڕزیوانه‌ی مندا
فڕان فڕانی په‌راسۆکانم بوو،
فڕان فڕانی گۆرانییه‌کانم بوو،
مناره‌کان دارئه‌له‌تریکی ملیان هه‌ڵ ئه‌کێشام
هه‌ندێ ده‌ستی خۆیشم په‌نجه‌کانی خۆمیان ئه‌دزی.
سه‌یر بوو، ئه‌و ڕۆژه‌م قه‌ت قه‌ت له بیر ناچێ:
له تاقه ڕاسته شه‌قامی ئه‌م له‌شه ساردوسڕه‌دا
چاوی زه‌قم بڕیبووه پاسدارێکی ڕیش نوورانیی
به‌سه‌ر منی هه‌ڵه‌بجه‌وه ئه‌گریا و
که‌چی خێرا خێرا گلێنه‌کانی سنه و سابڵاخی ئه‌خوارد
ئه‌مه حیکایه‌تی شانزه‌ی مارت بوو
ئه‌مه هاواری خنکاوی ئه‌م سنگه‌م بوو.
...
...
---
* نووسینه‌وه‌ی ماڵێک له ئاسمان