ئەى خــــــــــــــودا

شێروان ئیبراهیم حەیدەرى
Sherwan79@hotmail.com
 

 


ئەو هەموو ئەلبوومە خوێناوییە چیە ؟
لەناو کتێبە قەدیمەکانى تۆ دا پیاسە دەکەن
ئەو هەموو تروسکەو بریقەى ئەو شمشێرانە چین ؟
کە لە ژێر ناوى تۆدا سەر پەل دەدەن
ئەو هەموو فوارەى خوێنە چیە ؟
لە کانیەکانى تۆدا قولپدەدەن
ئەو هەموو گڕو کلپەیە چیە ؟
لە گۆرەپانى تۆدا تروسکە دەدات
ئەو هەموو برین و داخ کردنە چیە ؟
کە چاو ئەبلەق دەکا
قاچى چەپم، دەستى راستم خوێنى لێدەرژێ
دەستە خوشکەکەم خوێن لە پشت ملیەوە دێتە خوارێ
ئەو هەموو تاڵانە چیە ؟
وەک گەردەلول رامان دەمالێ
*** *** *** *** *** ****
ئەى خـــــــــــــــــــودا .....
لەبەر سمى ئەسپەکان جوانى تۆ نابینین
لەبەر فیرمەى ئەسپەکان گوێمان لە دەنگى تۆ نیە
لەبەر ترسى دۆزەخەکانى تۆ ئاگامان لە بەهەشت نیە

*** *** *** *** *** ***
ئەى خـــــــــــــــــــــــــــودا .....
لەبەر گۆرەپانى جەنگى تۆ نیگامان لە ئاشتى نیە
لەبەر ئەنفالەکانى تۆ ئاگامان لە مالى خۆمان نیە
لەبەر دووکەلى رەشى هەندێک لە سورەتەکان
بەسەر چیرۆکە نازکەکان ناچەمێینەوە
لەبەر پەرینى نوکە پەنجەکان
ئاگادارى مازوو چنین نین
*** *** *** *** *** ***
ئەى خـــــــــــــــــــــــــودا.....
رێگاکانى تۆ ئەوەند زۆرن
مرۆڤـــ لاواز دەکەن
ئەو پیاوانەى بەناوى تۆ بریار دەدەن ئەوەندە زۆرن
ژیان دەکەن بە زەهرى مار
ئەو پیاوانەى بەناوى تۆ سێدارە هەڵدەدەن
هەر بەناوى تۆ ، هەر بەزیکرى تۆ وە
لە خــــــاچمان دەدەن
(( لافیتەکان بەناوى بەهەشتەوە فرێیان داینە دۆزەخ )) "1"
لافیتەکان ئەمانیان نەبوو
ئەوەى ویستیان کردیان
هیچیان بە دیارى بۆ ئێمە نەهێشتەوە
*** *** **** *** **** *** *** ***
ئەى خـــــــــــــــــــــــودا......
(( عەدەویەکان )) لێرە دا جێگایان نابێتەوە
پێیە باریکەکانى (( غــاندى )) لێرە دا جێگایان نابێتەوە
ئەوانە جێگایان دەبێتەوە کە بەرد بارانمان دەکەن
ئەوانەى ئێمەیان پێ ئاوەگرە
خۆشیان وەکو کراسى بەفر دەبینن
ئەوانەى بۆ جارێک داواى لێیوردنمان لێناکەن
ئەوانەى لە خەونى ئێمە دا ناژین
ئەوانە سەردارن و لە دەستە راستەوە بۆمان دێن
ئەوانەى بالیفەکانیان ئاو تەرى ناکات
ئەوانەى دواى گەشتێک شەر دەنێنەوە دەلێن ئێرە ((حەبەشە)) نیە
*** *** *** *** *** ***
ئەى خــــــــــــــــــــــــــودا.......
لەکاتى تەنگانەدا هەرتۆ هەیت
لەکاتى خۆشیدا هەر تۆ نیت
مزگەوتکانیش تۆ داگیردەکەن لە بۆنە دینیەکاندا
*** *** *** *** *** ****
ئەى خـــــــــــــــــــــــــــودا .........
بم بەخشە لەوەى کە باوەر ناکەم
کە مامەڵەى تۆ وەکو مامەڵەى ناو کتێبەکان بێت
*** *** *** *** *****

ئەى خـــــــــــــــــــــــــــودا .......
لەنێو مەعبەدەکاندا ئارامى نیە
لە نێو کتێبەکاندا ئارامى نیە
فیردەوسەکان بێدەرگان
*** *** *** *****
ئەى خــــــــــــــــــــــــودا
پەناگەیەک بۆ روح نیە
تیایدا بسرەوێ.