((سەیلى هیجرت بەردى بنچینەى لەرەگ هێنامەدەر
بارى فیکرت قەددى راستى تێکشکاندم وەک فەنەر))
((نالى))

کەفى خوێن


شێروان ئیبراهیم حەیدەرى
 هەولێر
 

کافرترین کافرۆشى عیشق
لەدیار کالیبتۆزەکانى "نادى تیجارە "مەبە بە پەرى
با رەشەبا لە نێو رەشمالى خۆیدا نەت گەوزێنێ
ئەى عەزاب پۆشى فیراق
لە دیار سنەوبەرەکانى شەودا سوژدە بۆ جوانى مەبە
بادەنگى کوکوختیەکان نەتگریێنێ
ئەى شولاز
بۆنى تۆ ........
بۆنى کالیبتۆزەکان ............
دەچنەوە سەر یەک توخمات
بۆنى تۆ رۆژەرێیەک سەوداسەرى دەکا
دلى باغەوانەکان مەست دەکا
رۆحى عابیدە سەرکەشەکان دەردەکا
نەشوەى کالیبتۆزەکان من و سەگەکانى باوکم مەست دەکا
بۆنى کالیبتۆزەکان بە باوە دەفرن
هەڵالە لەگەل خۆیان دەهێنن
دەیکەنە هاراوەى میسک و عەنبەر
بەسەر رۆحدا فەرشى دەکەن
هەڵالەکان هەلاهەلام دەکەن
سەر دەکەن بەگۆ شەقى تێهەلدەدەن
نەغمەى دەنگى تۆ
سوار دەپەرێنێ
لەسروودى ریشۆلەى ناو کالیپتۆزەکان دەچن
لەدەنگى کاروانى قازو قومریان دەچن
کەبە کاروان دەگریێن
بەیەک دەنگ دەلێن ((رەفیقان ! من ئەوا رۆییم لە لاتان
لە مەزلومان بڵا چۆل بێ وڵاتان )) "1"
دەنگت با دەیهێنێ
رەشەبا دەیبا
هەندێ جاریش لەگەل ئاوى جۆگەلەکان سەرچاوە دەگرێت
دەنگت ناکەوێ لە عەزفى خۆیدا
هەموو مەلەکان بانگ دەکا
بانگى فیراق
گوێچکەى کەڕ دەتاسێنێ
رەنگى تۆ و رەنگى تفرى کالیبتۆزەکان یەک رەنگن
لە ئاقارى سپى بوونەوەى رۆژەکان بەیەک دەگەن
من و تۆ لەیەک شەپۆل دا مەوج دەدەین
هەردووکمان قوربانى کالیبتۆزەکانین
کالیبتۆزەکان قوربانى بروسکن
ناوە ناوە رۆحیان دەوە رێنێ
من عشقى گەڵایە کەوزەکانم
عشقى بۆن و عشقى بخورى باغەوانەکانم
رۆحى من لەناو لەپى جۆگەکاندا گوزەر دەکا
چاوى من لە سەربەرماڵى کەفچرى خوێنى تۆدا سەمادەکات
سەما .... سەماى دەروێشانى تەریقەتى عیشق .... سەماى پرچ و سەماى نەى
سەماى خوا پەرستى ...... سەماى لەرزینى کاسەى مەى
سەما .... سەماى بەر تۆفان و بەر رەشەبا .... سەماى لەرزینى وردە زیخى نێو کانى
سەماى سەر شێـتى .... سەماى ژێر باران ...... سەماى ((خەیامانە ))لە دەورى گۆزەدا
لە کەفى خوێنى تۆدا خەرمانەى مانگ دەبینم
لە کەفى خوێنى تۆدا بەختى رەشى خۆم دەبینم
لە کەفى خوێنى تۆدا دەستى باوکت وەک دەستى ((ئیبراهیم )) دەبینم
بەلام ئەو دەستە بت ناشکێنێ
خوێن دەرژێنێ
ئەو دەستە بت ناشکێنێ
بت دەسازێنێ و قوربانى بۆ دەکات
من عاشقم
عاشقى ئەو ئاگرەم کەمەستەکان هەڵى دەکەن لە شەوانى زستاندا
ئەو ئاگرەى بەرۆکى ئاسمان دەگرێ
ئەو ئاگرەى هەموو یادگاریەکان لەگەل خۆی دەهێنێ
ئەو ئاگرەى لە زاکیرەماندا هەرگیز ون نابێت
بەرد دەسوتێنێ
جەستە دەکا بە غوبار
ئەو ئاگرەى گەرممان دەکاتەوە و تامى لەمیوە خۆشترە
تۆش عاشقیت
عاشقى ئەو دەست و پەنجانەى کە لەسەر کالیپتۆزەکان وێنەیان بەجێدەمێنێ
عاشقى ئەو دەست و پەنجانەى کە لەسەر پیانۆکانى ئەجەل دێن و دەچن
عاشقى ئەو هەورانەیت کە لەسەردانى کالیپتۆزەکان دەبارن
نەرم نەرم دەبارن
هەورەکان بەسەر ئەو خاکەدا دەبارن کە بۆنى خوێنى تۆى گرتووە
ئەو بۆنەى مەقامى شەهادەتى پێیە
شەهادەتى عیشق
شەهادەتى سەفا
شەهادەتى نوور
هەورەکان دەبارن
لەگەل کەفى خوێنى تۆدا بە خوڕ دەبارن
دلى باغەوانەکان دەکەن بە جل
عەباى ژنە رەشپۆشەکان دەکەن بە ئاو
ئاو بەسەر هەموو شەقامەکاندا دا دەرژێنن کە شوێن پێى تۆى بە سەر داهاتووە
هەورەکان بە خوڕ دەبارن
لەدیدارى کەفى خوێن دا دەبن بە تەرزە
عەشقى تۆ لەگەل رووانى کالیبتۆزەکان گەورە دەبێ
عەشقى تۆ لەگەل گەمەى کاریلە گوێ شۆرەکانە مەزن دەبێت
عەشقى تۆ لەگەل کەروێشکە خرپنەکانە دەخەوێ
ئاى دلى تۆ تەختى شاهن شا نیە
دلى تۆ تەختى ئەو لاولاوانەیە کەخۆیان هەڵدەواسن بە دیوارى ژیان
دلى تۆ لەناو لە پى ((رەحمان)) دایە
خوا دەگرى بەسەرى دا
من و تۆ تەنیا یەک باخچە کۆمان دەکاتەوە
من و تۆ تەنیا یەک پەنجەرە ئاوڕمان لێدەداتەوە
من و تۆ تەنیا یەک خوا کۆمان دەکاتەوە
من و تۆ تەنیا یەک شاتوو لە خەونەکانمان دەبینین
ئەو شاتووەى دۆمەکان لە ژێریا خیوەتیان هەڵدەدا دەیان کرد بە هەرا
دەیان کرد بە رۆژى حەشر
من و تۆ تەنیا یەک باخچە کۆمان دەکاتەوە
من لەدیار ئەو باخچەیەدا کەفى خوێنى تۆ دەبینم لە گەلڕ پووشەکان بەنێو جۆگەکاندا دەرۆن
دەرۆن بۆ دونیاى دوور
دەرۆن و منەکانى نێو من لە ناوخۆیاندا دابەش دەکەن
دەستى تۆ دەبینم وەکو قەدى درەختەکان بڕاونەتەوە
دەستى تۆ دوعا خوازە بۆ باڵاى سنەوبەرەکان
پەنجەى شەهادەتى تۆ شایتمانى عیشقن
رۆحى تۆ دەبینم لە باوەشى ئاسمانێکى بێ سنووردا لەسینەى رەنگاڵەکاندا بۆ لاى خوا بەرێدەکەون
لەوێدەبن بە قەندیلۆکەى عەرش
لەوێدەبن بە ........
گولە نێرگزى رەحمەت و گوڵاو پژێنى سەر کفن
پووشى دەوجۆگەکانیش کەلەگەلڕ خوێنى تۆدا دەرۆن
چاوەکانم دەتەزێنن
فرمێسکەکانم سڕدەکەن
فرمێسکەکانم بەناو سینەیەکى زەمهەریرى دا دێن
جەستەم دەکەن بە تاتە شۆرێکى سڕ
ئێستا ئەو باخچەیە بێ کالیبتۆزە
لە باخچەکەى ((ئسحاب ئەل جەننە )) زیاتر قەترانى بووە
چیمەنەکەى رۆژە رێیەک دووکەڵى سپى سپى لەسەر هەڵدەستێ
ئەو باخچەیە بێ شەرابە بێ ساقییە
بێ حۆرییە
بێ حەوزى کەوسەرە
ئەو باجچەیە بێ ((سەل سەبیل بێ زەنجەبیلە ))
بێ نوورە
بێ رێگایە
بێ دەرگایە
کەندە پیسە
لەمن تەنیا تر ئەوە
کۆلکەدارەکانیش باوکت لە کوورەى رەژوو دا دەیان سوتێنێ و فوو لە خۆڵە مێشى سپى دەکات
ئەو خۆڵەمێشەى وەکو تاراى بووکین سپیە
جارجاریش سپیترین خۆڵەمێش بەسەر جێى ژوان دا شەنەدەکا
ئەوەى پیاسە دەکات لەنێو ئەحزانەکانى مندا سووتانى ئەو خاکەیە
ئەوەى تابلۆکان دەگوازێتەوە فریاد رەسى وێنەکانى تۆیە
کەلە پشت دارەکان دەهاتن و دەچوون
ئەوەى دڵى بە جێماوە لە نێو ئەو خۆلە مێشەدا
ئەوە منم
ئەوەى دڵى بە جێماوە لە نێو ئەو کەفە زیوینیەدا
ئەوە منم
هیچ رەنگى ژیان نابینم
ئەوەى دەرکراوى نێو ئەو باخچەییە(( ئادەم)) نیە
ئەوە منم
لە دوورەوە گوێم لەدەنگى روحى ئەوە دەلێت ((مەلێن کەڵکى نەبوو رۆیى ،جەهەننەم
سەرم قەلغانە بۆتیرى قەزاتان ))"2"
ئەوە منم
کە هیچ کوخێک
کە هیچ ساباتێک
کە هیچ تاشە بەردێک
بۆ سێبەرى ژیان نابینم




((نادى تیجارە )): مەبەست لەو نادییەیە کە دەکە وێتە سەر رێگاى شەقلاوە لە هەولێر
یەکێک بوو لەو نادیانەى کە کاتى خۆى خەلکێکى زۆر جمەى دەهات و سەردانیان دەکرد
ئێستاش وەکو بەرى دەست تەختە .

((1،2)) دوو دێرە هۆندراوەى نالى شاعیرە
Sherwan79@hotmail.com