ده‌رگاكانی عه‌قڵ بزمار ڕێژ مه‌كه‌ن
ته‌نها ڕۆژێك بۆ گه‌شانه‌وه‌م له باخچه‌دا
هه‌ڵوه‌راندنی سێبه‌ری په‌ڕه‌ی هه‌ستم
له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئافاتی (با)كان
ڕزگار ناكات، خواپیاو!
كه نه‌ك ته‌نها نیگای خونچه
په‌ڕه‌كانی مێژووی وجود هه‌ڵبده‌ره‌وه
{ له سارای هه‌ر گه‌لێكی وێرانه‌دا نووسراوه؛
ده‌بوو ژن، به‌ر له نیشتمانه‌كه‌م ئازاد بكرێت! }
شاشۆخێك بووین، بناری دڵمان
كوچه‌ی نیشتنه‌وه‌ی په‌پووله بێده‌نگه‌كان بوو
له كاولبووندا!
قه‌شه‌نگترین خانمی یه‌زدانی بووین
سپیترین كۆتری ئه‌م عه‌شقه‌مان
تا شوراكانی موحیبه‌ت و باخچه‌كانی ئاوه‌دانی به‌ڕێ ده‌كرد و
به پێی په‌تی، ده‌گه‌ڕاینه‌وه ناوچه‌قی دۆزه‌خه‌كانی نیشتمان ....
وای كه ناسكپۆش بووین ئێمه
له مرواری ڕه‌حمی ده‌ریاكان نه‌بوایه
ملوانكه‌ی چاوه‌زارمان بۆ هه‌ناسه‌كانمان نه‌ده‌هۆنییه‌وه
به په‌رده‌ی ڕۆحی شاپیاوی غه‌زه‌له‌كان نه‌بوایه
جه‌سته‌ی خۆشه‌ویستیمان دانه‌ده‌پۆشی
به سوورترین ماچی لێوی خوانێره‌كان نه‌بوایه
ته‌نكیی لێوه‌كانمان سوراوڕێژ نه‌ده‌كرد
به نیگاكردنی ده‌زوله هیواكان و
وجودی هه‌ستی سۆزداریمان له ناو ئه‌واندا نه‌بوایه
هه‌رگیز نه‌مانده‌خواست
له به‌رزترین ترۆپكی ئاسمانه‌كانه‌وه
ئه‌ستێره‌ی دڵنیایی، بۆ ڕازیكردنی عه‌شقی ئه‌وان
به هێشو له هه‌وره‌كان بچنینه‌وه ...
وای كه ناسكپۆش بووین ئێمه
بۆ خزمه‌تی عه‌شق
به گۆزه میهره‌بانیمان له زه‌ریاوه ده‌هێنایه‌وه
بۆ كه‌له‌گێكانی دڵی ئه‌وان!
له عه‌ده‌مه‌وه
خۆشنودیمان به سواری گالیسکه سپییه‌كانی ئومێده‌وه
ده‌هێنایه‌وه بۆ زینده‌گی!
شه‌ونمی سه‌ر ڕووی گه‌ڵای خه‌زانمان ده‌سڕی و
ژووانی نیگه‌رانمان له مه‌له‌كوته‌وه ده‌هێنایه‌وه بۆ ماڵۆچكه‌كانی
زه‌رده‌خه‌نه!
ئێمه تێكڕا بۆ ژیركردنه‌وه
گۆرانییه‌كانی ناموڕادیمان كۆڵ ده‌كرد و
ئه‌وان پتر به خوێنی پیرۆزیمان تینووتر ده‌بوون...
ئێمه سه‌رقاڵی به‌خێو كردنی مه‌لۆتكه‌ی سه‌ربه‌ستی ده‌بووین و
ئه‌وان تاعونیان له باتی گوڵاو پێدا ده‌ڕشتین...
ئێمه، ئێێ چ ساویلكه‌یه‌كی دڵپاك بووین، ئێمه!
ئه‌وان تاشه‌به‌ردیان تووڕ هه‌ڵده‌دایه سازگارترین كانی خه‌ونه‌كانی ئێمه و
تنۆكه ورده‌كانی زیزبوونی سپێده‌مان
به شۆسته‌ی شه‌قامه‌كانی ئێوارانی وڵاته‌وه
هێنده‌ی یاقووت ده‌بریقایه‌وه و هه‌ر بێده‌نگ بووین..
ئه‌وان به مقه‌ستی وشه
له مه‌جلیسی لایه‌لایه‌ی زكره‌كانی فیرده‌وسدا
ڕوخسارمانیان هه‌لا هه‌لا ده‌كرد و
ئێمه چه‌ته‌ترین شامێی خودایی بووین
كه هه‌وڵمان فه‌قه‌ت دزینی عه‌شق بوو له تووڕه‌یی زه‌مه‌ن
تا جه‌سته‌مان ببه‌خشین به ئه‌وان .....
ببینن، ئێمه چ په‌رییه مێیه‌كین له عه‌شق هه‌ڵقوڵاوین
چ مێرگوزارێكی به‌وه‌فاین
(خۆر ڕووناكی پێمان ڕوون نایه!!)
ئێمه چ قه‌قنه‌سێكی نه‌مرین، له هه‌ڵمی هه‌ناسه‌كاندا به ئه‌هوه‌نی
و.. ێ.. ر.. ا.. ن .... د.. ه.. ب.. ی..ن
ئێمه تا ڕۆحمان ئارام نه‌كه‌ین، هیچ حه‌كیمێك ده‌ستی شفای نامانگاتێ!
لێگه‌ڕێن، له كاتپێوه‌كه‌ی مه‌چه‌كتان ورد مه‌بنه‌وه
له‌م مه‌غریبه خوێناوییه‌دا.. ل ێ گ ه ڕ ێ ن
زه‌مه‌ن چه‌ندی دی کاولبێت
كه عه‌شق و مێ بوون سپی‌تر بێت
ده‌كرێت له‌مه‌ودوا هه‌ر خوله‌كێك
هه‌ر چرکه‌یه‌ک
پاڵپشتی زیندوبوونه‌وه‌ی ڕۆح بێت له تاریكی‌دا ...
سه‌ره‌تای 2008
* ئه‌م ده‌قه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ، ڕۆژی پێنج شه‌ممه 11 \ 09 \
2008
ژماره ( 602 )، لاپه‌ڕه 2 بڵاو بۆته‌وه.