ئاوات ئەحمەد لە تەوەرى نووسین و خوێندنەوەدا
 

ئامادەکردنى :توانا ئەمین
 

ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەرد و سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپ و پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نووسەرانى سادەگۆ و پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەم و بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن... ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نووسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نووسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوە و ئاشنابوون بە کتێب و کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤ و جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نووسیندا، ئیشى ئیلهام و رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانییه‌ى رۆژنامەوانى و رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیر و نووسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوە و لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:

لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردى و بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیى و هیچ نەوتن نابات؟


ئاوات ئەحمەد:

کە جیاوازى لە بیرکردنەوەو بۆچوونەکاندا نەبوو، ئیتر بوونەوەرەکان هەموویان لە یەکتریی دەچن و وەکو یەک بیردەکەنەوە، بونەوەرێکى لەمجۆرەو لەناو ژینگەیەکى ئاواهیدا غەدرێَکى گەورەى لێدەکرێت داواى داهێنانى لێبکرێت

بەڵام زانین خۆى زادەى چیە؟ باشترین وەڵامێک بەم پرسیارەى بدەینەوە ئەوەیە بڵێین زادەى ئازادییە، ئازادى بە چ مانایەک؟ ئازادى بە مانا لۆکییەکەى، واتە ئازادى لە دەسەڵاتێکى ناڕەواى ستەمکار، ئەو چەشنە ئازادییەى کە دەبێتە هۆى خوڵقاندنى مرۆڤى سەربەخۆى خاوەن بیرکردنەوەى سەربەخۆ. لەم کەلتورەدا ئازادییەکى لەوجۆرە بوونى نییه‌. مرۆڤى ناو ئەم کەلتورە چواردەورى بە سانسۆر تەنراوە، ژیانى پڕێتى لەهێڵی سوور، ناتوانێت بە ئازادى بیربکاتەوە (بیرکردنەوەى ئازاد بەماناى ئازادبوون لە جیاوازییدا، لە کردە ناوەڕەواکانى دەسەڵاتى نهێنى و ئاشکرا، کە پێچەوانەى ئەوانیدى بیربکاتەوە، کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆى بدات). ئەو بوونەوەرەى خاوەنى ئازادى بیرکردنەوە نەبێت، وردە وردە تواناى بیرکردنەوەش لەدەستدەدات و سەرەنجام دەبێت بە بونەوەرێکى نەرآ. بوونەوەرە نەرێکانیش جیاوازى بنەڕەتى لەتێڕوانینەکانیاندا نییه‌، تێڕوانینەکانى بەتاڵن لە ماناى ئەقڵی و پڕن لە ماناى عاتیفى. کە جیاوازى لە بیرکردنەوەو بۆچوونەکاندا نەبوو، ئیتر بونەوەرەکان هەموویان لە یەکتریی دەچن و وەکو یەک بیردەکەنەوە. بونەوەرێکى لەمجۆرەو لەناو ژینگەیەکى ئاواهیدا، غەدرێَکى گەورەى لێدەکرێت ئەگەر داواى داهێنان و بەرهەمهێنانى زانینى لێبکرێت.
دەقە مەزنەکان شارستانێتى گەورەیان لەپشتەوە هەیە، ئەوە شارستانێتییە کە بونەوەرە جەنگەڵییەکەى کرد بە مرۆڤ، مرۆڤێک ئازاد نەبێت، ناتوانێت ژیانى خۆى تاقیبکاتەوە، ژیانێکیش کە تاقینەکرابێتەوە، ژیانێکى رەمەکییانەیە نەک ئەقڵییانە، ژیانى رەمەکییانەش دەقی گەورە بەرهەم ناهێنێت، چونکە هەرگیز وەکو سۆکرات پرسیارە ناکات: پێویستە چۆن بژین.
خوێنەرێک کە بەرهەمى بونەوەرێکى رەمەکییانەى لەبەردەستدا بێت، چى دەخوێنێتەوە جگە لە شیعر؟ چ جۆرە شیعرێک؟ لێوانلێو لە هەست و بەتەواویی خاڵی لە هزر. شاعیر کێیە؟ کەسێکە لەسەر شعور (هەست) کاردەکات، هەربۆیەشە لە یەکێک لە هەوڵەکانى وەرگێڕانى وشەکەدا بۆ سەر زمانى کوردى، یەکێک هەوڵیدا بیکات بە (هەستیار). دەمەوێت بڵێم کە من زاراوەى شاعیر زۆر بە فراوانى وەردەگرم، واتە تەنها مەبەستم لەوانە نییه‌ کە سەرقاڵی شیعر نووسینن، بەڵکو مەبەستم لە تەواوی ئەوانەیە کە وەک شاعیر بیردەکەنەوەو جیهان دەبینن و لە ئەندێشە شیعرییەکاندا بەشدارن، بگرە تەنانەت مەبەستم لەوانەشە کە بەبۆچوونى خۆیان لەکایەى دیکەى غەیرى شیعردا کاردەکەن، بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان، هەموویان هەر شاعیرن.
شاعیر شارەزایە لە بوارى هەستدا، هەستى ناسکە، لە ئازارو ژانەکان، لە جوانى...هتد تێدەگات. ئەمانە ئەو دەستەواژانەن کە بەردەوام لەم کەلتورەدا دووبارە دەکرێنەوە، خودى شاعیرەکان کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەى کێ باشتر ئەم گوزارشتە بکات. شاعیرترین کەس نزیکترین کەسە لە هەستەوە، نزیکترین کەسیش لە هەست، دوورترین کەسە لە هزرەوە، لێرەدا شتێکى مانادارە کە دەبینین شاعیر لەناو هەموو توێژەکانى کۆمەڵگاوە دێتە دەرەوە، شاعیر تەنها پێویستى بە هەستێکى ناسکە، لەپاڵ کەمێک شارەزایی و دەستڕەنگینیدا کە بە ئەزمون فێرى دەبێت. هۆى ئەمەش پێمان سەیر نییه‌ کە کەسێکى نەخوێندەوار، نابینا، کەسێک لە رووى سایکۆلۆجییەوە دروست نەبێت، ئاستى پەرەسەندنى ئەقڵیی بەرز نەبێت، هەموو ئەمانە بۆیان هەیە ببن بە شاعیر.
بەشى هەرەزۆرى قەڵەمبدەستانى ئەم کەلتورە شاعیرن، بۆیە بەشى هەرە زۆرى تێکستەکانمان تێکستگەلێکن کە تێڕامانى هەستییانە بەرهەمیانهێناون، نەک تێڕامانى ئەقڵییانە. شاعیر ئەوەندە پێویستى بە خوێندنەوەى شیعرو گەڕان بەدواى وشەى دڵگیرو سەرنجڕاکێشدا هەیە، ئەوەندە پێویستى بە خوێندنەوەى تێکستە مەزنەکان نییه‌. شاعیر کەسێکى ئەندێشەیی نغرۆى ناو هەستە ناوەکییەکانە و دوورە لە واقیع، ئەو هەمیشە لە ژیان رادەکات، بۆیە هەرگیز ناتوانێت لەوە تێبگات کە بۆچى سۆکرات دەڵێت ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، شایستەى ژین نییه‌، هەرگیز پرسیار لە ژیانى چاک و ژیانى خراپ ناکات، بە هیچ شێوەیەک گرفتە هاملێتییەکەى لەمەڕ بوون یان نەبوون نایهەژێنێت.
ئەو کەلتورەى لەبەرهەمهێنانى دەقی هزرییدا لاوازبێت، بە دڵنیایی لەبەرهەمهێنانى دەقى هەستیدا دەوڵەمەندە، لەبەرامبەرى بیرمەندەکاندا شاعیرەکانى هەیە، لەکاتێکدا کە هیچ گومانێکم نییه‌ لەوەى لە ساتەوەختى ئێستادا کەمترین ژمارەى ئەوانەى بیردەکەنەوە، دەکەونە ئەم ناوچە جوگرافییەى ئێمەوە، گومانیشم نییه‌ لەوەى کە زۆرترین ژمارەى شاعیران هەر لەم ناوچەیەدایە.
خوێنەر تەمەڵ نییه‌، خوێنەر بەرهەمى ئەم کەلتورەیە، کە تێیدا هەندێک کتێب هەن کە جارەها چاپدەکرێنەوەو ژمارەى زۆریان لێ کۆپی دەکرێت، ئه‌وانە دەقگەلێکن کە لەگەڵ ئەو میزاجەدا دەسازێن کە خودى کەلتورەکە بەرهەمى هێناوە. لاى ئەوانە خوێندنەوە کردەیەکى ئینفیعالییانەى سادەیە، تەنها لە ئاستى یەکەمى پرۆسەکەدا دەوەستێت، واتە بریتیە لەوەى هێماکان و وێنەکان لە رێگەى چاوەوە بگوێزرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى هەستکردن، بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى هەستییانە ماناى ئەو هێماو وێنانە لەگەڵ ئەزمونى رابردووى بوونەوەرەکەدا دیاریی بکات و هاوشوناسیی لەگەڵدا بکات و سەرەنجام بە چێژێکى هەستییەوە لە پرۆسەکە بێتە دەرەوە. ئەم پرۆسەیە هەرگیز ناچێتە ئاستێکى دیکەوە، واتە لە سەنتەرەکانى هەستکردنەوە ناگوێزرێتەوە بۆ سەنتەرەکانى هەڵسەنگاندن (مەبەستم لەو سەنتەرانە زیاتر مەبەستێکى وەسفییە نەک جێگەیی)، واتە خوێنەر هەوڵی پوختەکردنى ماناو مەبەستى نووسەر و رێکخستنەوەى نادات بە خواستى ئەوەى ئەزمونێکى نوآ بخاتە سەر ئەزمونەکانى خۆى، لەبرى دووبارەکردنەوەى ئەزمونێکى رابردوو، تا سەرەنجام توانا ئەقڵییەکانى خۆى زیاتر گەشەپێبکات و ئاستەکانى وردبوونەوەو تێڕامانى بڵندتر بکاتەوە.
ئەو تێکستانەى لەگەڵ ئاستى یەکەمى خوێندنەوەدا دەسازێن، چین جگە لە شیعر، وتارى ئاینى، پەندو ئامۆژگارى، خوێندنەوەى بەخت، شێوازەککانى ئامادەکردنى خۆراک...هتد؟ ئەم تێکستانەش لەم کەلتورەدا رەواجى خۆیان هەیەو بەهاى مینۆکى و ئابوریشیان بەرزە. بە پێچەوانەوە ئەو تێکستانەى تایبەتن بە ئاستى دووهەمى خوێندنەوە، بە زەحمەت جێگەیان دەبێتەوەو لە جوغزێکى تەسکى دەستەبژێرییدا دەمێننەوە.

مەسەلەکە نە پەیوەندى بە تەمەڵی خوێنەرەوە هەیەو نە بزریی دەقە مەزنەکانەوە (زۆرێک لە دەقە مەزنەکان لە سەردەمى نووسرانیاندا بێزراو بوون و رەواجیان نەبووە) مەسەلەکە کەلتورێکە کە شورایەکى سۆزییانەى بەدەورى خۆیدا کێشاوەو ماوەیەکى یەکجار درێژە خەریکى دووبارەکردنەوەى خۆیەتى. هۆیەکانى ئەمە چین؟ ئەمە مەسەلەیەکە دەکەوێتە دەرەوەى ئەو چوارچێوەیەوە کە بۆ نووسینى ئەم دێڕانە دیاریکراوە.