عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى لە تەوەرى نووسین و خوێندنەوەدا
ئامادەکردنى :توانا ئەمین
 


ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەرد و سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپ و پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نووسەرانى سادەگۆ و پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەم و بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن... ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نووسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبوونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نووسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوە و ئاشنابوون بە کتێب و کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤ و جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نووسیندا، ئیشى ئیلهام و رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانییه‌ى رۆژنامەوانى و رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیر و نووسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوە و لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:

لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردى و بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیى و هیچ نەوتن نابات؟

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى:

سادەگۆیى ئەوەندە ئیلهامى گەرەکە ئەوەندە مەعریفەى گەرەک نییە دیدو روئیاى گەرەک نییە، نووسینى وەها زادەى ساتێکە نە ئاوڕ لە دواوە ئەداو نە ئاوڕ لە ئایندە و لەگەڵ حازریشا قوڵنابێتەوە


ئەتوانین ئەم تەوەرە دابەشبکەین و بیکەین بەچەند لقێکەوە، هەرچەندە هەمویشیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە چونکە کێشەیەکى رۆشنبیرى ئەیانلکێنێتەوە بەیەکەوە.
راستە چاپەمەنى و دەزگاى بڵاوکردنەوە زۆربوون، دەزگاى حکومى و رەسمى و دەزگاى ئەهلى، هەندێکیان کەوتونەتە بازرگانیکردن. رەواج بە کتێبى وەها ئەدەن کە لاى نەتەوەکان خۆیان ئەرزشێکى وەهایان نییە.
من کە سەردانى کتێبخانەکان ئەکەم چیرۆک و رۆمانى فارسى وەهام بەرچاو ئەکەوێ لاى ئێرانییەکان خۆیان هیچ بایەخێکیان پێنادرێ و حسابیان بۆ ناکرێ. وەک ئەوەى بکەوێتە لیستى لێکۆڵینەوەو بایەخدانى رەخنەگران و نووسەرانەوە، کەچى ئەوانە ئەکرێن بەکوردى و بڵاوئەبنەوەو زۆریشیان لێئەفرۆشرێ و بگرە نۆبەى چاپیان دەگاتە حەوت و هەشت و نۆ. نمونەیەکت بۆ ئەگێڕمەوە، ساڵى 1975 کە لە ئێران گەڕامەوە کۆمەڵێک کتێبى فارسیم لە تەک خۆما هێنا، یەکێک لەوانە ڕۆمانێکى ئاسایى بوو، من بۆ زمانەکەى سوودم لێبینى. لە ئێران حەفدەجار چاپکرابووەوە. باوەڕ بکە گێڕانەوەیەکى ئاسایى و روداوى خۆشەویستى ئاسایى بوو.
لەم ساڵانەدا لەسەر شۆستەکان بینیم کرابوو بە کوردى و نۆبەى چاپەکەیشى گەیشتبووە هەشت. ئەم ڕۆمانە لە ئێراندا هیچ نرخێکى نییە، مەبەستم لەنرخ ئەوەیە کە لەسەر ئاستى راستەقینە و رەخنە و لێکۆڵینەوە بەهیچ شێوەیەک باسناکرێ.
دەیەها کتێبم لەسەر ڕۆمان و چیرۆکى ئێرانى خوێندۆتەوە هیچیان ئاماژەیەکیان تیا نییە بۆ ئەم ڕۆمانە. کەچى لا لە رۆمانە چاکەکانى ئێران ناکرێتەوە و نایەن نموونە چاکەکان وەربگێڕن.
خۆ هەندێک رۆمانى ئێرانى چاک کراون بە کوردى بەڵام فرۆشیان نییە. دیاردەیەکى وەها پەیوەندى بە سێ شتەوە هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کەسێک وەرناگیرێت کە بە ماناى وشە وەرگێڕ بێت و کردبێتى بە پیشە کەسانێک هەر ئەوەیە زمانى فارسى ئەزانن و بەڕێکەوت لەو نموونە لاوازەى سەرەوە کە باسم کرد، ئەخوێننەوەو ئینجا ئەبینێ دەرگاکان واڵان دێت ئەیکات بەکوردى. ئەمانە نابن بە وەرگێڕ، چونکە وەرگێڕ هەر ئەوە نییە زمانەکە بزانێت و بەس بەڵکو ئەو کەسەیە کە ڕۆشنبیرە و رادەى بیرکردنەوەى وا دەکات حیسى رەخنەیى لا دروست ببێت و بۆ مەسەلەى هەڵبژاردن چاک و خراپ جیا بکاتەوە. ئینجا دێتە سەر دەزگا، ئەبینآ دەزگاکەیش هەر لە ئاستى خۆیایەتى، پاشان نۆبە دێتە سەر خوێنەر، ئەبینین ئەویش کارە خراپەکەى لەوەدا ئەبینرێ کە رەواج بەو نموونانە ئەدات.. ئەوە، ئەفسانە دروست ئەکات پێوەرکان تێک ئەدات، خراپەکە وا لێ ئەکات جێگاى کارە باڵاکە بگرێت. ببورە مەبەستم لە هەموو خوێنەرێک نییە. بەڵام وەک چۆن نووسەرى جدى کەمە خوێنەرى جدیش کەمە، ئەم دوانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. کتێبى جدى و چاک کەمە بەڵام هێشتا ئەو خوێنەرەیش کەمە کە تواناى کەشفکردنى هەبێت. دەنگ بدۆزێتەوە بە ئینسافەوە لەلایەن خۆیەوە نووسەر وەک دەنگ، نەک وەک ناو کەشف بکات.
حیسى رەخنەیى و رۆشنبیریى وەهاى لا هەبێ پێش پروپاگەندە بکەوێت. من هەندآ جار خەم بۆ ئەوانە ئەخۆم یان بەزەیم بەحاڵى ئەو نووسەرە داهێنەرانەدا دێتەوە کە نە دەزگایەک نە نێوەندى ئەدەبى دەربەسە نرخى داهێنانیان بدۆزێتەوە.
هێشتا زۆرى ئەوێ نمونەى ئەوجۆرە خوێنەرانە سەرهەڵبدا و زۆر بێت. وتەیەکى رەخنەگرى سعودى عەبدوڵڵا غەزامیم دێتەوە یاد کە ئەڵێ و ئەپرسێ: باشە چى ئەبوو ئەگەر جەماوەرى عەرەب دکتاتۆرێکى وەک نزاریان لە رۆشنبیرى عەرەبیا دورست نەکرایە؟
مەبەستى عەبدوڵڵا ئەوەیە کە هەر جەماوەرە بەپێى ئاست و زەوقى خۆى لەڕێگاى کۆمەڵێک نەسەقەوە دکتاتۆر لەناو رۆشنبیریدا ئەسەپێنێ. ڕێگا لە دەرکەوتنى سروشتى کەسە داهێنەرەکانى تر ئەگرێ. هەر جەماوەرى عەرەبە نزار ئەکا بە نموونەى باڵا، بەڵام نموونەى باڵاى وەک ئونسى ئەلحاج پەراوێز ئەخات. ئیتاعەتى کوێرانەى خوێنەر، بێ پرسینەوە و بێ وەگەڕخستنى خەیاڵ وا ئەکات کەسێکى وەک نزار زیاتر پەرە بە ئەنساقەکانى خوی بدات، دەنگە جیاوازەکانى تر ئەو بایەخەیان پێنەدرێ.
رەنگە جۆرێک بێئینسافى بکەین ئەگەر بڵێین دەزگاکانیش هەموو وەک یەکن و کتێبەکانیشیان بەبێ جیاوازى لە یەک شێوەو ئاستان، چونکە هیچ نەبێ، باوەڕ ناکەم دەزگایەکى وەک سەردەم یا ئاراس و هەندێکى تریش خاڵیی بن لە شتى باش و کتێبى باشیان چاپ نەکردبێ. کتێبەکانیان زۆرن و کتێبى زۆرى تیایە، کە رەنگە ئەگەر بەرنامەیەکى تۆکمە دارێژرێ و بەباشى کارى بۆ بکرێ، ئەو کاتە پێویست نەکات هەمو کتێبێک چاپبکرێ. بەڵام بۆ شێوە گشتییەکە و حاڵەتە گشتییەکە لەگەڵتام. پێموایە وەزارەتى رۆشنبیرى و چەندین دەزگاى رۆشنبیرى بێ پرۆژەن لە کارکردنیانا. ئەمەش لەلایەکەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە وەزارەتى رۆشنبیرى بووە بە دەزگایەکى ئیدارى خۆى وەزارەتى رۆشنبیرى بوو بە دەزگاگەلى ئیدارى و زیاتر بۆ ئیدارە ئیشى تیا کرا نەک بۆ ئەنجامدانى ئەرکى رۆشنبیرى ئەوە ئەوکاتە کارەکانى دەوەستن.
یاخود ئەگەر کاربەدەستە باڵاکانى بوون بەکەسى ئیدارى رووت ئەوە ئەو کاتە ڕێگاى پڕ ئەبێ لە مەترسى، یاخود وەزارەتى پەروەردە وایلێهات بەهەمان شێوەى بەسەردێ ئەم جۆرە وەزارەت و دەزگایانە پێش ئەوەى ئیدارەبن بریتین لە کارى رۆشنبیرى و زانستى. راوێژکارى رۆشنبیرى، پسپۆر و چەندین پلەى تر ئه‌بێ رۆشنبیر و بەتوانا بن، ئه‌بێ بتوانن چوار پرۆژەى رۆشنبیرى دابڕێژن، بزانن کارە رۆشنبیرییەکان بە چ ئاقارێکدا ئەبەن. بەڵام راوێژکارێکى رۆشنبیرییە ئەبینین کارەکەى ئەبێتەوە بە کارى ئیدارى روت و هیچ خەم و بەرهەمێکى رۆشنبیرى نا‌بێ . ئەگەر خەممان هەر لە پێناوى نووسیندا بێت ‌بێ خوێندنەوە ئەوە شتى باش ننووسین. ناشآ نووسینى بێخوێندنەوە بڕ بکات و هێزى تیا بێت.. ئەوەندە دەربەسى نووسین دێین ئەوەندە بیر لەوە ناکەینەوە بخوێنینەوە. من لەو باوەڕەدام ئەگەر زۆر بخوێنینەوە لە ئاستى نووسینى جیهان تێئەگەین و ئەو کاتە سڵ لە نووسین و زۆر نووسین ئەکەینەوە. حەسرەت بۆ ئەو نووسینە جوانانەى دنیا ئەکێشین هەموو شتێک ناخەینە سەر کاغەز. کە نووسین خوێندنەوەى لە پاڵدا نەبوو شتەکان بەسادەیى دەخەینە روو، خۆمان لە تەنکاو ئەدەین. هەر وایشە ئەمە واقیعى حاڵى رۆشنبیرى و نووسینى کوردییە.
سادەگۆیى ئەوەندە ئیلهامى گەرەکە ئەوەندە مەعریفەى گەرەک نییە. دیدو روئیاى گەرەک نییە، نووسینى وەها زادەى ساتێکە نە ئاوڕ لە دواوە ئەداو نە ئاوڕ لە ئایندە و لەگەڵ حازریشا قوڵنابێتەوە.
بەڵآ زۆر بوونى دەزگا، زۆربوونى رۆژنامە کارێکى سلبى هەیە.
راستە زمانى ئەدەب جیایە لە زمانى رۆژنامە، بەڵام ئەمە بووە بە پاساوێک لە رویەکى خراپەوە ئەخوێنرێتەوە، دەرگاى کردۆتەوە بۆ ئاسانکردنى دیدو بۆچون و بابەت و قسەگێرانەوە. نەخێر رۆژنامە هەر شێوەى دەرکردنى هونەرى نییە، راگەیاندن هەر فێربوونى بەکارهێنانى کامێرا نییە، رۆژنامە رۆشنبیرییە، هەر تەنها ئەوە نییە فێربین چۆن هەواڵێک دائەڕێژین و ئیتر لێخۆرەو بڕۆ.
پەیوەندیمان لەگەڵ کتێبدا کزە. دۆستایەتى لەگەڵ کتێبدا ئاگاداریمان بۆ فراهەم دەکا. نەک تەنها رەخنەو لێکۆڵینەوە کە هەواڵەى سەرچاوەو کتێبى زۆرو جۆراوجۆرمان ئەکات بەڵکو شیعرو چیرۆکیش هەر وەهایە بۆ نووسین. شیعر هەر تەنها زادەى ساتێکى خێرا نییەو دەسى لێبشۆ.
شیعرى وەها هەیە بەزۆر ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوەکانى؟ شیعرى وەها هەیە هەواڵەى خوێندنەوەى دەیان رۆمانمان ئەکات.
بەداخەوە ئەو پەیوەندییە لە تەک کتێبدا دروستناکەین. راستە تێربوون و موچەى باش و ژیانى خۆش ڕێگایەکە بۆ نزبکبوونەوە لە دنیاى کتێب، بەڵام ئەدیبى وا هەیە کتێبیشى بۆ بکرى نایخوێنێتەوە باوەڕ بکە هەن تاقەتیان نییە ڕۆژنامەیش بخوێننەوە.ئیتر چۆن ئاگامان لە دنیا ئه‌بێ؟
من لە سەرەوە وتم هەر نووسەرەکە نییە ئەنووسێت و ناخوێنێتەوە، خوێنەریش ئەو خوێنەرە بەئاگایە نییە، ئەوەش زۆرى ئەوآ. بەڵام ئەوەیش ئەڵێم کە خوێنەرەکە زیاتر بەدواى کتێبدا ئەگەڕێ وەک لە نووسەرەکە، ئەمەیش لە ئامادەبوونمەوە ئەڵێم لە زۆر پیشانگاى فراواندا. ئەمساڵ ڕۆژانە لە پیشانگاى نێودەوڵەتى کتێبدا بووم کە لە هەولێرو سلێمانى ساز کرا. ئەگەر لەڕۆژى کۆتاییدا پێمبوترایە ئامارێک بکە بۆ ئەو توێژانەى کە سەردانیانکردووە. بێگومان ئەموت چەند نووسەرێکى کەم نەبن، نووسەران سەردانى پێشانگاکەیان نەئەکرد، مامۆستایانى زانکۆ ئامادەییان نەبوو. پێمناڵێى مامۆستاى زانکۆ چۆنچۆنى ئەتوانآ بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوى قوتابى هەڵبژێرێ یا چەند سەرچاوەیەکى بۆ دەستنیشان بکات ئەگەر ئاشنایەتى لەگەڵ کتێبا نەبێت؟
خوێنەر ئامادەیى چاکترى هەبوو. ئەمە موفارەقەیەکى سەیرە ئەوەى کە چاوەڕوانە نووسەر زانیارى و چێژى پێببەخشێ لە نووسەرەکە شارەزاترو بەئاگاتر بێت لە دنیاى کتێب!!