ئازاد عەبدولواحید تەوەرى نوسین و خوێندنەوە
 


ئازاد عەبدولواحید

ئامادەکردنى: توانا ئەمین


ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەرد و سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپ و پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆ و پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەم و بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن... ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوە و ئاشنابوون بە کتێب و کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤ و جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهام و رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانى و رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیر و نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوە و لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:

لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردى و بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیى و هیچ نەوتن نابات؟

ئازاد عەبدولواحید :
ئەوەى تواناى خەو بینین و خەیاڵ کردنى نەبێ ناتوانێ زەفەر بەواقیع ببات

لەپێشەوە پێویستە بڵێم ئەوە مایەى نیگەرانییە کە تا بەرۆژى ئەمڕۆکەش دەگات زۆر کێشەو گرفتى جۆراوجۆر لەناو ئەدەبیات و رۆشنبیرى کوردیدا دەبینرێن کە دەستیان بۆ نەبراوەو دەق و مۆریان نەشکاوە، یان هەندێ جار بەهەڵواسراوى ماونەتەوە، یان ئەو کێشەو گرفتە مەعریفى و ئەدەبیانە پێویستیان بەوەیە زۆر کونوقوژبن و سووچى تاریکیان زیاتر رووناکییان بخرێتە سەرو تێر قسەو باس و بیروڕاو بۆچوونى جۆراوجۆر بکرێن. بەلاى منەوە هۆى یەکەمى بوونى ئەو دیاردەیەو هەبونى ئەم کەمتەرخەمییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کتێبخانەى کوردى کەلەپورێکى رەخنەیى ئەوتۆى تێدا نەبووە کە لەرابردووەوە بۆمان بەجێ مابێ و ئەمڕۆکە ئۆخژنێک بخاتە دڵەوە تا نەوەى ئەمڕۆکەو نەوەکانى داهاتوو هەوڵى زیاتر بدەن بۆئەوەى ئەو کەلەپوورە رەخنەییە بەجێماوە پتر دەوڵەمەند بکەن و بەرهەمى رەخنەیى زیاتر بخەنە سەر خەرمانى ئەو کەلەپوورە.
لێرەدا من نامەوێ و مەبەستم نییە پەل بۆ هۆیەکانى دواکەوتن و کەمتەرخەمى رەخنە بهاوێم، بەڵام مانەوەى ئەو گرفت و کێشانە وەک خۆیان و خۆتەریک گرتن لەیەکلایى کردنەوەیان لەم قۆناغ و سەردەمانەدا بەتەنیا خەتایەکى لەئەستۆى (رەخنە)دا نییە وەک هەندێ کەس دەیەوێ بەم قسانە خۆى لەبەرپرسیارەتى بپەڕێنێتەوە، چونکە من باوەڕم وایە ئەدیبى داهێنەرو رۆشنبیرى کورد ئەمڕۆکە لەئەدیب و رۆشنبیرێکى دوێنێ بەرپرسیارترە، کە لەپورى رەخنەیى گەلانى تریش هەر بەم جۆرە دروست بووەو دواتر دەوڵەمەند کراوە، تۆ شاعیرێکى گەورەو داهێنەرى وەک (تى. ئێس. ئیلیەت) وەربگرە، دەبینین سەرەڕاى ئەوەى نوێخوازێکى بەرچاوى شیعرى ئینگلیزییە لەهەمان کاتیشدا رەخنەگرێکى بەتواناى بوارى رەخنەییشە کە نەک هەر رەخنەى راگوزارو سەرپێى نەنووسیوە، بگرە لەبوارى رەخنەسازیشدا بەشدارى کردووەو خاوەنى تیۆرى (هاوکێشەى مەوزوعیەی – المعادل الموچعی)یە لەڕەخنەداو جێ دەستى دیارە. لاى ئێمە وەک رەخنە دەستى کورتە لەبەسەرکردنەوەى گرفت و کێشە ئەدەبییەکان و ناساندن و بەسەرکردنەوەى کارى داهێنەرانە، لەهەمان کاتیشدا نووسەرە داهێنەرو بەتوانایەکانیشمان لاتەرکین لەو هەموو باس و خواسانەى پێویستە بیروڕایان لەبارەیانەوە هەبێت. لەلاى ئێمەدا وێنەى کەسانى وەک (بەختیار عەلى_ کەریم دەشتى_هاشم سەراج_ هیوا قادر_حسین عارف) لەم ڕووەوە زۆر دەگمەن و دانسقەن کە سەرەڕاى بەرهەم و داهێنانى خۆیان، لەبزاڤى رەخنەیى و فیکریشدا چالاکانە کاردەکەن و بیروڕاو بەرهەمیان هەیە.
ناکرێ ئەم نەوەیەش بێ رەخنە سەربنێتەوەو هەر لەچاوەڕوانى گۆدۆى رەخنەدا بمێنێتەوە تا بێت ئەو کێشەو گرفتە هەڵواسراوانەمان بۆ بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوەوە. لەمڕۆکەدا دەست بردن بۆ نووسین سەبارەت بەو کێشەو گرفتە ئەدەبى و رەخنەییانە ئەگەر بەنیوەو ناچڵیش بێت، باشترە لەبێدەنگى، هەر هیچ نەبێ ئەو سەرەتایانە لەداهاتودا دەبنە بەردى بناغە بۆ رەخنەیەکى تۆکمەتر، رەخنەى راستەقینەو خاوەن میتودیش هەر بەو جۆرە دروست بووەو گەشەى کردووە، بەتایبەتیش کە دەبینین هەندى کێشەو گرفتى کولتوورى و مەعریفى هەن ئاو زۆر دەکێشن و پێویستیان بە زیاتر لەخوێندنەوەو بیروڕاو بۆچوون و هەوڵێکە بۆ هەڵخستن و ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاو تێڕوانینى زیاتر، بەمەش دەتوانین بەشێوەیەکى هەرەوەزانەو بەهەوڵ و تەقەللاى هەموو لایەک وێنەیەکى تەواو و راستى دیمەنەکانى ئەو گرفت و کێشە ئەدەبى و کولتوورییانە بکێشین و لەلاى خوێنەران روونیان بکەینەوە، سەرەڕاى ئەوەش ئاڵوگۆڕکردنى ئەو بیروڕایانە سەبارەت بەو گرفت و کێشە ئەدەبى و مەعریفیانە بۆ خۆیان دەبنە مایەى شڵەقاندنى گۆمى مەنگى ئەدەبى و رۆشنبیریمان و رزگارکردنى لەو خامۆشییەى تێى کەوتووەو تەمى ئەو تەنگژەیەى بەسەریدا کشاوە بڕەوێنینەوەو هەر بەم جۆرەش دەتوانین کولتوورى مرۆڤایەتى بکەینە بەشێک لەکولتوورى نەتەوەیى خۆمان و بەشداریش بین لە تاووتوکردن و لـێ زیاد کردنیان.
*
کردەى نووسین و داهێنان بۆ خۆى پرۆسەیەکى ئاڵۆزە، لەهیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانى پێشڤەچوونى مرۆڤایەتیدا بەتەنیا بەحەزو ئارەزوو و بەهرەى رووت بەڕێوەنەچووەو نەدرەوشاوەتەوە، با واز لەنووسەرە بلیمەتەکان بهێنین کە ئەوانە (ناخواسایى – خارق العادە)ن و وێنەیان کەمەو لەمێژووى داهێناندا لەسەر ئاستى هەموو دنیا دەگمەن و دانسقەن و ئەو بەهرە تایبەت و مەزنانە کەم دووبارە دەبنەوە، لەوانەش کەسێکى وەک دیستۆیڤسکى کە توانیویەتى داهێنانێکى زۆر دەگمەن بەرهەم بهێنێ و بەبێ رەشنووس پاک کردنەوە، نووسینەکانى تەنیا جارێک بنووسێتەوەو دواتر یەکسەر بیاننێرێتە چاپخانەوە، یان کەسێکى وەک شەکسپیر کە وێڕاى زۆرى بەرهەمە شانۆیەیکانى، کەچى تێپەڕبوونى رۆژگار نەیتوانیوە ئەو بەرهەمانەکۆن بکات، لەهەمان کاتیشدا ئەو کارانە هێندە ساختومانەکەیان قایمە کە ناکرێ وشەیەکیان لـێ لاببرێن، کەسانى تریش هەن وەک (ئێرنست هەمنگواى) ناکرێ بەداهێنەر دانەنرێن کە رۆمانێکى خۆى شەست و چوار جار پاکنووس کردووەتەوە، مارسل پرۆست کە بەدەست نەخۆشى ڕەبوەوە دەیناڵاند، هەموو تەمەنى خۆى تەرخان کرد بۆ کۆکردنەوەى کەرەستەى رۆمانە گرنگەکەى: (گەڕان بەدواى کاتێکى ون بوودا)، بۆیە پێم وایە لەدەرەوەى بلیمەتى پێویستە (بەهرە) پەروەردەو مشتوماڵ بکرێ، تا لەلاسایى کردنەوەو جوینەوەى بەرهەمى کەسانى پێشترو دووبارە بوونەوەو لەیەکتر چوون دووربخرێتەوە، لێرەدا هەرگیز ناکرێ (بەهرە) بەبێ ئەزموون و مەشقکردنى بەردەوام لەسەر نووسین و خۆرۆشنبیرکردنى گەورەو بەرفراوان، ببێتە مایەى نووسینى بەرهەمى داهێنەرانەو مومکین نییە جیهانبینى و گۆشەنیگاى تایبەت بۆ بینینى دنیا بخولقێ. ژیانى نووسەرێک، داهێنەرێک، هونەرمەندێک وەک ژیانى پاڵەوانێکى وەرزشوان وایە کە پێویستە هەمیەشە مەشق و راهێنان ئەنجام بدات و قەت نابێ چاوەڕوانى ئیلهام بێ و تەنیا بەبوونى بەهرەکەى خۆى قەناعەت بکات.
بوونى ئەو بەهرەو عیشقە بۆ نووسین و داهێنان پێویستییەکى حەتمییە، چونکە مەرج نییە ئەوانەى زۆر دەخوێننەوە، ئەو زۆر خوێندنەوەیە بیانکاتە رۆشنبیرى گەورە، یان ببنە داهێنەرو نووسەرى چاک و سەرنجڕاکێش. مەرجى "رۆشنبیر بوون" بۆ داهێنەرێک ئەوە نییە بەتەنیا کتێب بخوێنێتەوەو ئاگاى لەتیۆرو فەلسەفەو بیروبۆچوونى زاناو فەیلەسووف و سیاسەتمەدارو هونەرمەندو داهێنەرە گەورەکان بێت و هەندێکیان لـێ ئەزبەر بکات تا وەک تووتى قسەو بیروڕاو بۆچوونى ئەوانە بڵێتەوە، چونکە چەندى پێویستە داهێنەر ئاگاى لەسەرجەم کایەکانى فیکرو مەعریفەو رۆشنبیرى هەموو بوارەکان بێت، ئەوەندەش پێویستى بەگەشەپێدانى (خەیاڵ)ى خۆى هەیە، مەزنترین شتێک کە مرۆڤ هەیبێ (خەیاڵ)ە، ئەو خەیاڵەى وەک بۆرخیس دەڵێ: (واقیع ئامادە دەکات بۆئەوەى ببێتە هونەر). هەروەها داهێنەر پێویستى بە (رامان) و قووڵ بوونەوەیە لەپرسیارە وجوودییەکان، پێویستى بەوەیە لەنهێنى نووسین و لەشێوازو ستایلى نووسینى داهێنەرانەى هەموو داهێنەرەکان ورد بێتەوەو هەوڵ بدات بۆ دروستکردنى شێوازو جیهانبینى تایبەتمەندو تایبەتى خۆى و لەسایەى ئەو کەسایەتییە رۆشنبیرییەى پێکى وەدەنێ، لێکدانەوەو بۆچوونى تایبەت بەخۆى لەبارەى سەرجەم دیاردەکانى ناو ژیان و کۆمەڵ و کایەکانى رۆشنبیریدا هەبێ.
*
من رەشبین نیم بەزۆرى ژمارەى ئەوانەى دەنووسن، کاتێک بەوە رەشبین دەبم ئەگەر بەزۆربوونى ژمارەى ئەو کەسانە رەشبین بووم کە بەسەر زەویدا دەڕۆن، لەبەرئەوەى لەهەموو کات و سەردەم و شوێنێکدا ژمارەى داهێنەرەکان کەمن، نووسەرى ئاسایى و رەوتەنى ژمارەیان زۆرترە. هەرکەسێک کە سەرەتا قەڵەم بەدەستەوە دەگرێ، خۆى پێ داهێنەرە، هەندێ جار خۆى پێ بلیمەتیشە، یان وا دەزانێ گەیشتووەتە لووتکەى بەخشش و داهێنان، ئەو جۆرە بیرکردنەوەو هەستە لەوانیە لەسەرەتاى نووسینەوە پێویست بێ، چونکە زۆرجار دەبێتە هاندەرێک بۆ بەردەوام بوون و کۆڵنەدان، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە ئەو هەستکردن و بیرکردنەوەیە تا سەر بەردەوام بێ و گەورە بکرێ، لەهەمان کاتیشدا بەخششە خاکەڕایەکە رووەو پووکانەوەو سادەیى و سادەگۆیى بڕوات.
کە دەڵێین نابێ رۆشنبیر وەک تووتى لـێ بێت و تەنیا ئەرکى وتنەوەى قسەى ئەم و ئەو بێت، ئەوە بەواتاى ئەوەیە کە "رۆشنبیر" بەرمیلێک نییە قسەى کەسانى دى لەخۆیدا کۆبکاتەوەو لەکاتى پێویستدا هەڵیانڕێژێ، بەڵکو پێویستە پێش هەر شتێک "رۆشنبیر"، رۆشنبیرییەکەى بەدەستى دەهێنێت ببێتە مایەى گۆڕینى چێژو کەسایەتى و تێڕوانین و نەریتە باوەکانى لاى خۆى و قەوارەو دیدو تێڕوانینى خۆى پێ بگۆڕێ و هەڵتەکێنێ، پاشان مشوورى دەوروبەرى خۆى بخوات. هەر عەقڵێکیش ئەوەندە جێگەى بایەخ و گرنگى پێدانە، کە لەگەڵ عەقڵەکانى دیکەو شێوازەکانى دیکەى بیرکردنەوە جوداواز بێ، کەسانى وەک حەللاج و سەهرەوەردى لەپێناوى جیاوازییەکانى خۆیان بوو خۆیان بەکوشت دا، بۆیە ئەوەى جێگەى بایەخى ئێمە نییە ناکرێ بخرێتە ناو بازنەى قسە لێوەکردن و بایەخدانەوە. لەناو دنیاى رۆژنامەگەرى و چاپەمەنى کوردیدا کە بەلێشاو بەرهەم و چاپکراوى ئەدەبى دەکەونە بازاڕەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لەپاش راپەرین دەرفەتێکى لەبار بۆ چاپ کردنى هەموو جۆرە بەرهەمێک وازو واڵا کراوەو رەخساوە، قەڵایەک بەرهەمى ئاست نزم و بێ نموودو بێ سەروبەر دەبینرێن، کە هیچیان جێگەى قسەو باس و سەرنجدان نین، چونکە خوێنەر لەبینینى ستووندیا هەمیشە لەچییەتى بەرهەمەکان دەپرسێ و لەبەر رەگەزى کتوپڕى – مفاجاە پرسیارى بەردەوامى لەلا دەورووژێ، لەوجۆرە خوێندنەوانەشدا زیاتر پێویست دەکات خوێنەرەکە نەچێتە پێستى هیچ نووسەرێک، یان دانەرێک، چونکە تواناى بەسەر شیکردنەوەدا نامێنێ، ئەم تێکەڵ بوونە حسییە زیانى خۆى هەیە، لەبەرئەوەى چالاکییەکانى عەقڵ دەکوژێ، هەرچەندە لەم قسەیەمدا لەگەڵ کوشتنى هەستدا نیم، بەڵکو تێکەڵکردنى هەست و عەقڵ بەپێویست دەزانم.
*
زۆر ڕێ کەوتووە ئەوە بخوێنینەوە کە هەندێ بەهرە لەزۆر شوێنى ئەو دنیایە، یان لەلاى ئێمەدا لەبوارى شیعر نووسین، موزیک ژەنین، شێوەکارى، بەهرەو سەلیقەى کەسەکە خۆى بەفریاى کەوتووە، زیاتر لەوەى بەرۆشنبیرییەکەى خۆى شاعیرێکى گەورە بێ و شیعرى جوانى وتبێ، یان موزیک ژەنێکى زۆرباشى لـێ دەرچووەو بەتەکنیکێکى زۆر بەرز ئامێرێکى ژەنیوە، یان بلیمەتێکى بوارى شێوەکارى بووە، کەچى لەهەمان کاتیشدا رۆشنبیرییەکەى زۆر کورت و کوێرو کۆڵەوار بووە، واتە تەینا بەفڵچە وەشاندن ئیکتیفاى کردووەو هەست و نەستى خۆى گوێزاوەتەوە سەر تابلۆیەکانى. هونەرمەندى شێوەکارو پەیکەرسازى زۆر گەورەم دیوە کە لەئاستێکى جیهانیدا ناسراوە، کاتێ لە پیشانگاکەى خۆیدا قسەى بۆ بینەرانى کارە هونەرییەکانى خۆى کردووە، من تەمەننام کردووە گوێم لەقسەکانى نەبێ، چونکە رۆشنبیرییە سادەکەى بەپێچەوانەى تابلۆو کارە هونەرییەکانى جوانى و داهێنانى ناو تابلۆیەکانى کاڵ کردووەتەوەو کوشتووە، یان شاعیر هەبووە لەهەموو تەمەنیدا پرۆژەى خوێندنەوەیەکى جددى و قووڵ نەبووە، بێجگە لەخوێندنەوەیەکى راگوزراو سەرپێى و پچڕپچڕو بەهەندێ لەئەزمون و بینینەکانى خۆى وازى هێناوەو قەناعەتى کردووە، کەچى شیعرى زۆر جوان و درەوشاوەو سەرنجڕاکێشى نووسیوەو داهێنەر بووە، بۆ نموونە شاعیرێکى گەورەى وەک (رامبۆ) کە شیعرى نەمرو درەوشاوەى هەیەو تا ئەمڕۆکەش شیعرەکانى دەقى نەمرو زیندوون، ئەم شاعیرە لەتەمەنى (16 تا 19) ساڵى، واتە لەماوەى سێ ساڵدا هەموو ئەزموونە شیعرییەکەى خۆى بەدەستەوە داوە، ئەوە هەر ئەو شاعیرەیە کە گوێچکەى شیعرى هەموو دنیاى گرتووەو رایتەکاندووە، هەر ئەو شاعیرەیشە کە نوێخوازى هەموو سەردەمەکانە، ئەو شاعیرە لەتەمەنى مێردمنداڵیدا کەوتە شیعر نووسین و تەمەنى شیعر نووسینەکەشى زۆر کورت بووە، بەڵام شیعرى زۆر سەرسوڕهاوەر و جوانى نووسیوە، بگرە وەک بلیمەتێکى گەورە شیعرى نووسیوە، ئەگەر هەندێ حاڵەتى دەگمەن و دانسقەو تایبەتى لەو جۆرە هەبن، ئەوە مەرج نییە لەهەموو کات و سەردەم و حاڵەتەکاندا هەموو شاعیرەکان و هونەرمەندانى بوارى شێوەکارى و موزیک ئەو حاڵەتەیان بەسەردا بچەسپێ کە بەبێ رۆشنبیرى گەورەو فراوان بتوانن داهێنەرى گەورە بن، هەروەک چۆن شاعیرى زۆر رۆشنبیریشمان هەن کە بەدرێژایى ژیانیان شیعرێکى جوانیان نەنووسیوە گرنگ و سەرنجڕاکێش بێت، چونکە ئەگەر شاعیرایەتى و پرۆسەى خوڵقاندن و داهێنان بەزۆرى و فراوانى رۆشنبیرى بوایە، ئەوە دەبوو بەدرێژایى مێژوو رۆشنبیرە گەورەکانى دنیا، هەر هەموویان شاعیرى گەورەو باڵا دەست و داهێنەر بوونایە، لەوانەیە ئەو رۆشنبیارنە بتوانن شیعرێک بنووسن لە (فیکر) بدات، بەڵام هەرگیز ناتوانن شیعرێک بنووسن لە (دڵ) بدات پاشان لە(فیکر) بدات وەک ئیلیەت دەڵێ. ئیلیەت خۆشى نموونەى شاعیرێکى بەهرەدارە کە بە (رۆشنبیرى) بەهرەکەى خۆى پەروەردەو گۆش کردووە، چامەیەکى گەورەى وەک (خاکى وشکەڵان)، (136) تێهەڵکێشى تێدایە کە لەتەورات و شانۆو رۆمان و داهێنانى پێش خۆى وەک ئاماژە هاتوونەتە ناو چامەکەیەوە، کەسێک ئەگەر بیەوێ لەو شیعرە تێبگا، دەبێ پێشتر ئەو سەرچاوەو ئاماژانە بخوێنێتەوەو بەتەواوى خۆى بۆ ئامادە بکات ئەوجا دەتوانێ لەکەنارى تێگەیشتنى شیعرەکە نزیک ببێتەوە.
لەبەرئەوەى شارستانیەتى ئەمڕۆکەمان شارستانیەتێکى عەقڵانییە، شاعیر زۆر پێویستى بەعەقڵانییەت نییە، چونکە ئەمڕۆکە عەقڵانییەت لەناو ئەو شارستانیەتەدا بووەتە مایەى دروستبوونى تەنگژە بۆ ئینسانى ئەو سەردەمە.
سووربوون و پێداگرتن لەسەر عەقڵانیەت لاى شاعیر بۆ خۆى دەبێتە هۆى جوداکردنەوەى ئینسان لەجەستەو لەدڵى. لەئەمریکاو لەئەوروپا تەنگژە و قەیرانەکە هێندەى دى گەورەترە، لەبەرئەوەى کەوتونەتە ناو گەمەى عەقڵانیەتەوە تا ئەو سنوورەى ئینسانەکەى لەهەست و سۆزو عاتیفەى خۆى داماڵیوە، بۆیە بەدواى زۆر شێوازى جیاجیادا دەگەڕێن بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى دروست بووە، یان بۆ گوزارشت کردن لەو بۆشاییە عاتیفییە هەوڵدانى بەردەوامیان هەیە، بۆیە شاعیر ئەوەندەى پێویستى بەفڕین هەیە لەسەر باڵى سیمورغى (خەیاڵ)، یان ئەوەندەى پێویستى بەجۆرێک لە(بیدائیەت) هەیە، ئەوەندە پێویستى بەعەقڵانییەت نییە، من لەشیعر نووسیندا پتر باوەڕم بەقسەکەى ئەفلاتوون هەیە لەبارەى بوونى (خواوەندى هونەر)، دواتر هۆکارەکانى دیکە دێن، نەک بیروڕاو بۆچوونەکى ئیدگار ئالان پۆکە پێى وابوو نووسینى شیعرێک بەرهەم و کارى زیرەکییە کە بەپرۆسەیەکى ماتماتیکى چواندووە، بۆیە عەقڵانیەت لەسنورێکى ماقووڵ و دیاریکراودا بۆ شاعیر پێویستە، تا بەسەر هەموو لایەنەکانى دیکەید زاڵ نەبێ.
ئەم بیروڕایانەى من دەریان دەبڕم سەبارەت بەشاکارى گەورەو داهێنەرانە، چەند نموونەیەکن لەوەى لەهەندێ حاڵەتدا مەرج نییە رۆشنبیرى، (داهێنان) لەهەندێ بوار دروست بکات، بەڵام ئەو قسەیەى من ماناى ئەوەش ناگەیەنێ ئەو حاڵەتە دەگمەن و دانسقانەى داهێنان ببنە بیانوویەک بۆ کەسانێ کە خۆ رۆشنبیرکردن بەلاوە بنێن، چونکە دەکرێ (رۆشنبیرى) بەهرە بچووکەکانیش بەگەورەیى بناسێنێ و دەقى گەورە بەرهەم بهێنێ، بەمەرجێک بزانرێ چۆن چۆنى ئەو رۆشنبیرییە لەناو کارى داهێنەرانەدا تەوزیف بکرێ.
ئەمڕۆکە دەگوترێ (دەق) نووسین، ئەوە لەخۆیدا ئەو دەقە زادەى مەعریفەیەکى بەرفراوان و هەمەچەشنەیە کە تێهەڵکێشێکە لەهەموو هونەرەکانى وەک (سینەما-شانۆ-مۆسیقا-شێوەکارى) و سەرجەم دەستاوێژەکانى بوارى فیکرو فەلسەفەو دەرونزانى و کۆمەڵناسى و ئاوێزان بوونى سەرجەمى ژانرەکانى ئەدەب لەگەڵ یەکتردا، ئەوە لەسەردەمێکدا کە دیوارەکانى نێوان هونەرەکانى نووسین رووخاون و هەموویان دەست لەملانى یەکتر بوونە. ئەگەر هونەر بەشێوەیەکى گشتى وەک (کرۆچێ) دەڵێ: (رێگایەک بێ لەڕێگایەکانى دەست گرتن بەسەر جیهاندا)، ئەوە بۆئەوەى دەست بەسەر ئەو جیهانەدا بگرێت، دەبێ ئەو مەبەستە دزێوى و ناشیرینى و کەموکوڕییەکانى دنیا ببینى، نهێنى و جوانییەکانى ژیان ببینى، بەبێ بوونى خەیاڵێکى گەرموگوڕو بزێو، بەبێ بوونى چاوێکى هونەرمەندانەو ئەفسوونگەرانەو بەبێ بوونى باکگراوندێکى رووناکبیرى قووڵ و هەمەلایەن نایەتە دى، چونکە بینینى شارەکانى خەون و نووسین بەزمانى ئایندە، پێویستى بەو چاوو خەیاڵە تیژو بڕندەیە هەیە، کەسێ تواناى خەوبینینى نەبێ، یان (خەیاڵ)ى نەبێ پێم وا نییە بتوانێ زەفەر بەواقیع ببات، بۆیە ناتوانێ و لەتوانستیدا نابێ وەڵامى پرسیارە وجوودى و ئەزەلى و ئینسانییەکانیش بداتەوەو لەناو (نادیار) و (بێ کۆتاییدا)، شتهایەکى نوێ بنووسێ نەمرو قووڵ و ئینسانى بێ، نەمرییش لەدنیاى نووسیندا لەدەرەوەى کات و مێژووەوە دێ، چونکە (مێژوو) مردووەو وەستاوە، بەڵام داهێنەر بەدواى ئەوەدا وێڵ و عەوداڵە کەلێى ون بووەو هەوڵ دەدا بۆشایى و کەلەبەرکان پڕبکاتەوە.
وتمان تەوزیف کردنى (رۆشنبیرى) لەناو داهێنان و تواندنەوەى ئەو رۆشنبیرییە لەناو جیهانبینیدا، ئەویش بۆ خۆى کارێکى سەختە، هەموو جۆرە کەسانێک ناتوانن وەک (ئیزرا پاوەند) و (ئیلیەت) رۆشنبیرییە فراوانەکەیان لەناو دیدگاو ئەزموونى خۆیاندا بتوێننەوەو شاکارى گەورەو نەمرى لێوە هەڵێنجن، بۆیە زۆرجار رۆشنبیریى گەورەو بەربڵاو دەست دەنێتە ناو بینەقاقاى نووسەرەوەو بەهرەى داهێنەرانەى لێدەکوژێ ئەگەر لەو هاوکێشەو هونەرى تەزیف کردنە تێنەگات، ئەم رەنگدانە وە نێگەتیڤە گەلـێ جار بووەتە هۆکارى رەخنەگرتن تەنانەت لەداهێنەرێکى گەورەى (جەلیل قەیسى) کە یەکێکە لەچیرۆکنووسە گەورەو داهێنەرەکانى عێراق و بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە (گێڕانەوەکانى)دا زیاتر هەوڵى داوە رۆشنبیریییە فراوان و ئینسیکلۆپیدییاییەکەى خۆى بەدەربخات، بۆیە رەخنەگران پێیان وایە ئەو چیرۆکنووسە رێگەى نەداوە زۆر لەکەسەکانى نێو چیرۆکەکانى، خۆیان بەشێوەیەکى سەربەخۆو ئاسایى نەشونما بکەن و دەرکەون، ئەوەندەى قسەو بیروڕاو فەلسەفەى کەسانێ لەناو چیرۆکەکانیدا رەنگى داوەتەوە کە خۆى بایەخى پێداون و جێگەى بایەخى ئەو بوون، هەرچەندەش توانیویەتى زۆر بەجوانى چیرۆکەکانى بباتە ناو دنیاى شیعرو ئەفسانەو فەنتازیاوە، ئەویش پێى وابوو (ئەو نووسەرەى خەیاڵێکى سستى هەبێ، تەنانەت ناتوانێ واقیعى ئاساییش بەجوانى ببینێ)، چونکە بەلاى ئەوەوە وایە کە بەبێ خەیاڵێکى درەوشاوەو گەش، هیچ داهێنانێک لەگۆڕێدا نامێنێ.
*
بوونى ئەو رەهەندە قووڵ و فیکرى و فەلسەفییەش کە هەندێ جار لەناو داهێنان و نووسینى کوردیدا لێرەو لەوێ هەستى پێدەکرێ، زۆرجار لەلاى خوێنەران بەشێوەیەکى نێگەتیڤ دەکەونەوەو راڤە دەکرێن، چونکە زۆربەى ئەو نووسین و داهێنانە قووڵانە، لەگەڵ ئەوەشەوە کە ژمارەیان کەمە، کەچى بەزمانێکى وشک و برنگ لێک دەدرێنەوەو تۆمەتبار دەکرێن. لەکاتێکدا بوونى ئەو رۆشنبیرى و مەعریفە قووڵ و فیکرییە دەبنە هۆى چڕکردنەوەى زمان و دنیابینى نوسەرو لەسادەگۆیى و لەدرێژدادڕى رزگارى دەکەن، ئەو (چڕبوونەوەى زمان)ە کە ئەنجام و بەرهەمى خوێندنەوەى زۆرو قووڵبوونەوەى جیهانبینى نووسەرى داهێنەرە، دەبێتە هۆى گومان دروستکردن لەسەر زمانى نووسینەکەو مەنتیقى ناو دنیاى خوڵقاندن و یاسایەکانى داهێنانەکەوە، تەنانەت زۆرجار دەبێتە هۆى تۆمەتبارکردنى نووسەرەکە بەنەزانینى زمانى نەتەوەییش، بۆیە نووسینى سادەو ساکارو پووچەڵ و بۆش کە لەئاستى تێگەیشتنى گشتى و چێژى باودایە دەبنە جێگەى سەرنج، زیاتر لەزمانى شاعیرێکى گەورەو قووڵ کە خەیاڵێکى گەش و گەرموگوڕ بەرهەمى دەهێنێ.
*
لەئێستادا کەڵەکەبوونى بەرهەمێکى زۆرى شیعرو چیرۆک و شانۆنامەو رۆمان و نووسین بەرچاو دەکەون کە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە دەکەونە ناو کتێبخانەى کوردییەوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە بەداخەوە جێگەى سەرنج نین و لەیادەوەرى کەسیشدا نامێننەوە. لەوانەیە لەناو نووسەرى ئەو بوارانەى نووسیندا کەسانى بەهرەدارو بەتوانا هەبن، بەڵام ئەوانە، یان بەهرەى گەورەو تایبەتمەند نین و هەر زوو دەپووکێنەوە، یان بەهرەو توانایەکى جوانیان هەیەو هەوڵ نادەن بەجوانى و ماندوو نەناسانە پەروەردەیان بکەن، بۆیە دەکەونە ناو دنیاى فریو خواردنى بێ بنەمایانەى ناووناوبانگى خێراو هەڵپەى زوو دەرکەوتن و هەندێ جار ئیرتیزاق و خۆڕەپێش کردن و دەرکەوتن و سنگ کوتان بۆ پێشەوە، لەبەر هەوڵنەدانیش بۆ خۆپێگەیاندن و لەبەر نەبوونى رۆشنبیرى و پاشخانێکى قایم و پتەوو پەروەردەنەکردنى ئەو بەهرەیە بەخۆراکى رۆشنبیریییەکى سەردەمیانەى پێویست و گەشەنەدان بە (خەیاڵ) و (هەستەکان)، دەبینین ئەو بەهرەیە بەسنوردارکراوى دەمێنێتەوەو ناتوانێ ببێتە بەهرەیەکى درەوشاوەى تایبەتمەندو هەر زوو سیس دەبێ، لەبەرئەوەیشە کە ناتوانرێ لەدەرەوەى مێژوو، دەقێکى جوان بنووسرێ تەمەنى درێژ بێ و بمێنێتەوەو کات و شوێن دوو بەدەر (اختراق) بکات و ناشتوانێ بەپێوە بمێنێتەوەو سیحرى خۆى بپارێزێ، بۆیە دەبینین شیعرەکان لەیەک دەچن و وا دەزانرێ یەک کەس ئەو شیعرانەى نووسیوە، رۆمانێکى گەورە دەخوێنێتەوە لەپاش تەواوکردنى خوێندنەوەى رۆمانەکە رستەیەکت لەلاى بەجێ نامێنێ، دیالۆگەکان ساردو سڕن، زمانەکەیان سادەو میللین و بەهۆى چڕبوونەوەى زمانەوە بارگاوى نەکراون تا ئەو زمانە ببێتە (ڕەمز) ئنجا ڕەمزەکانى لەناو ژیان هەڵبژێردرابن، یان رەمزەکانى خودى خۆى بن کە ئەوانیش دیسانەوە پێوەندییان بەژیانەوە هەیە. مۆنۆلۆگەکان قووڵ نین و هیچ رووناکییەک ناخەنە سەر تاریکستانى روخ و قووڵایى ناخى پاڵەوانەکەو کەسایەتى و کارەکتەرەکانى دیکەوەو پەڵەیەک چییە لەناخ و دەروونیان رووناک ناکاتەوە، وەزعى کورتە چیرۆکیش هەندێ هەوڵدانى لاوەکان و ناوە نوێیەکانى لـێ دەربکەیت، دەنا قەیرانى کورتە چیرۆکەو زۆربەى هەرە زۆرى ئەو چیرۆکنووسانە، یان دەستیان لەنووسینى هەڵگرتووەو ناینووسن، یان زۆر لاوازو ساکار دەینووسن.
*
بەشى هەرە زۆرى نووسەرانى بوارى کورتە چیرۆک و رۆمان و نۆڤلێت نووسەکانى لاى ئێمە لەعەریزەنووس دەچن زیاتر لەوەى داهێنەر بن، ئەوانە زیاد لەپێویست گرفت و کێشە ئینسانیەکان ساکار دەکەنەوەو بەرەو هەڵدێرى سادەگۆییان دەبەن، هیچ پرسیارێکى وجودیانەو نوێیان پێ نییە، بۆیە بەرهەمى زۆر ساردو سڕ دەنوسن، هۆیەکەشى هەرئەوەیە کە ئەو دوو هونەرە کە دوو هونەرى سەردەمیانەن بەپشت بەستن بە بەهرەى رووت نانووسرێن، ئەوەندەى پێویستیان بەرۆشنبیرى ئیسکلۆپیدیانە هەیە تا بگەیەنرێنە ئاستى شیعرو ئەفسانەوە، ئەم زمانى شیعرەش زمانى چڕبوونەوەو ئیحا گەیاندن و ڕەمزە، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەى (نەزانراو) نەک زانراو، هەر ئەوەش پێویستى بەهۆشیارییەکى بەرفراوان و تێڕامانى قووڵ هەیە بۆ هەستکردن بەهەموو رەهەندو لایەنەکانى، ئەوسا قەڵاى ئەو سیحرو نهێنى و جوانییانە سووک و ئاسان خۆیان بەدەستەوە نادەن، چونکە بەرەو ئاستى شیعر هەڵکشاوە، نەک بۆ ئاستى تەقریریەت دابەزیبێ، کارى ئەدەبى داهێنەرانەو جوانیش، بۆ خۆى لێڵ و تەماوییەو زوو خۆى بەدەستەوە نادا.
لەو سەردەمەدا هەموو ژانرو هونەرەکانى دەربڕین یەک دەنگییان تێپەڕاندووەو بەرەو فرە دەنگى – پۆلیفۆنیەت پەلیان هاوشتووە، داهێنەر لەمڕۆکەدا دەقى سەمفونیایى فرە دەنگ و ژێ دەنوسێ، تا لەدەنگى (من)ى سادەوە بچێتە ناو هەموو دەنگەکانەوەو ئاوێتەیان بێت، ئەوەش پێویستى بەرۆشنبیرى سەردەمیانەى فراوان و هەمەچەشن هەیە بۆ گەیاندنى دنیابینى شارستانیانەو مرۆڤانەو هاوچەرخانەى خۆى، بەمەبەستى شکاندنى فۆرمى تەقلیدیانەو دیدو تێڕوانینى سەلەفیانەى بەرتەسک و کۆڵەوارو کورتبین و دەست خستنە سەر فۆڕم و ناوەڕۆکێکى نوێوە، بۆئەوەى بەتێڕوانین و چەمکێکى نوێوە توانایەکانى ئینسانى کوردو ئازارو مەینەتییەکانى بەرجەستە بکرێن و دواکەوتوویى بەجێ بهێڵرێ، هەموو ئەمانە بەچەکى هۆشیارى و رۆشنبیرى دەکرێن، نەک بە (بەهرە)ى بچووک و سادەو ئاسایى دوور لەرۆشنبیرى و خەیاڵ و جیهانبینى نوێ، لێرەشدا کورد دەبێ وەک داهێنەر خۆى بنوێنێ، چونکە ناکرێ کورد تا ماوە خڵتەى کۆمەڵى مرۆڤایەتى بێ، یان بەرماوەى هزرى مرۆڤ بێ، بۆیە مەرج نییە هەموو رۆشنبیرێک نووسەر بێ، بەڵام ناکرێ نووسەرى ئەو سەردەمە رۆشنبیر نەبێ.
*
لەدنیاى رەخنەو لێکۆڵینەوە نووسینیشدا بەر لەهەموو شتێک دەبێ ئەو نووسینە دەست بۆ بابەتێکى نوێ و بیرۆکەیەکى تازە ببات کە دەق و مۆرى نەشکابێ، یان ئیزافەیەک بێ بۆ سەر ئەو کارانەى پێشتر کراون، ئەم نووسینە نوى و تازەیەش پێویستى بەوردبوونەوەو خوێندنەوەو بەدواداچوون و رۆشنبیرى هەیە، لەنووسیندا حیکمەت لەزۆر نووسین و زۆر لەچاپدانى کتێبى قەبارە گەورەدا نییە، ئەوەندەى گرنگییەکە لەتازەیى باس و بابەتەکەو قووڵى بیروڕاو بۆچوون و جوانى شێوازو شێوەى چارەسازکردنى ئەو باس و بابەتانەیە کە کۆمەڵگا پێویستى پێیانەو کێشەو گرفتەکانى پێ چارەسەر دەکرێ، یان پێوەندیى راستەوخۆى بەمێژوو و زمان و ئەدەبیات و کەلەپوورەکەیەوە هەیە، یان بریتین لەو بابەتانەن کە رۆشنبران و باسکاران و لێتوێژەرەوەکان پێویستیان پێیان هەیە، بۆ ئەو ئیش کردن و ئەو ئامانجەش خۆ رۆشنبیرکردن و شەونخونى و ماندووبون پێویستە، دەنا ناتوانین لەبوارى نووسین و لێکۆڵینەوەدا زانیارى نوێ بدەینە خوێنەران و کارێکى نوێ و بەسودیان پێشکەش بکەین. نووسین لەمڕۆکەدا بەئیلهام و بەهرە نانوسرێن، چونکە نووسین کە بەرهەمى مەنتیقێکى راستەوخۆیە لەگەڵ خوێنەران رووبەڕوو دەبێتەوە، بەرهەمى بێ تاقەتى نییە، ئەوەندەى بەرهەمى جدییەتە، بۆیە دەبێ لەکەشوهەوایەکدا بنووسرێ کە نووسەرەکەى بەزیهنێکى ساف و هەلومەرجێکى لەبارو گونجاوى نەفسى و بەکەرەستەى رۆشنبیرییەکى پڕ لەدیقەت و هەمە لایەنەوە بۆى بێتە مەیدانەوە.
*
یەکێک لەهۆیەکانى ئەو زۆرو بۆرى نووسینە بێجگە لەوەى لێشاوى دەرچوونى چاپەمەنى و بڵاوکراوەو گۆڤارو رۆژنامەکان دروستیانکردووە، لایەنێکى دیکەى بریتییە لەونبوونى رەخنەیەکى چالاک و گورجوگۆڵ تا شوێن پێى ئەو بەرهەمانە بکەوێتت کە بەرهەمى ناوازەو دەگمەن و داهێنەرانەن، تا هیچ نەبێ پشکۆو تروسکەى ئەو بەهرە رووناکانە لەناو ئەو قەڵایەى خۆڵەمێشە دەربهێنێ و لێیانى جودا بکاتەوە، هەر نەبوونى ئەو رەخنەیەشە بووەتە هۆى ئەوەى لەلایەک هەستکردنە بەبەرپرسیەرتى نووسین لاواز ببێ و هەرکەسـى بێت و قەڵەم بەدەستەوە بگرێ و خۆى بەنووسەرو داهێنەر دابنێ، لەلایەکى ترەوە خوینەرانیش لەناو ئەو سەفسەتە و هەراوزەناو پاشا گەردانیەدا سەریان لـێ بشێوى و پێوەرێکى رەخنەیى راست و دروستیان لەلادروست نەبێ تا بەرهەمى باش و خراپى پێ لەیەکتر جیابکەینەوە، پێشموایە ئەو زۆرى و بۆرى و سادەگۆییەى ئەمڕۆ کە کەتووەتە ناو دنیایى نوسینەوە، هەر بەتەنیا بەرۆکى نوسینى کوردى نەگرتووە، بگرە دیاردەیەکە لەناو ئەدەبیاتى گەلانى دنیاش هەستیپێدەکرێ، بەڵام ئەوان بەرنامەیەکیان هەیە بۆ روبەڕوبونەوەیان تا کاریگەرى نێگەتیڤانەى بەسەر چێژى گشتى خوێنەرانەوە نەبێ، بۆیە بەهۆى رەخنەیەکى چالاک و ئامادەو زیندووەوە داکۆکى لەچێژى گشتى دەکەن. بەڵام دەپرسین: چۆن کەسێک لەلاى ئێمە دەبێتە رەخنەگرو رێنیشاندەرى خوێنەران و داهێنەران و وەک پردى نێوانیان دێتە پێشەوە لەکاتێکدا ئەو (رەخنەگر)و (نووسەر)ە لەخوێنەران کەمتر بخوێنێتەوە؟ ئایا ئاستى رۆشنبیرى و چێژو خەیاڵ و هەستى ئەو نوسەرە چى لەرۆشنبیرى و چێژو خەیاڵ و هەستى خوێنەرى ئاسایى زیاترە تا رێنوێنییان بکات و پێشیان بکەوێ؟ ئەى چۆن دەتوانێ بەرەو گۆڕانکارى و نوێبوونەوەو هۆشیارکردنەوە پێشڕەوایەتى کۆمەڵبکات؟ من پێموا نییە کەسێک خۆى پێ نووسەر بێ، لەخوێندنەوەکانى خۆى زیاتر بنووسێ، لەو کاتەدا دەبێ لەخۆى بپرسێ: بەو رۆشنبیرییە رووکەشە چۆن دەتوانێ بەردەوامى بەداهێنانى خۆیبدات و چۆن وەک داهێنەرێک دەتوانێ لەگەڵ کۆمەڵ و دامودەزگایەکان بکەوێتە جەنگى باوەکانەوە؟ لەکاتێکدا ئەوەى دەیاننوسێ هەموو شتێکن نووسینى چاک نەبێ. لەکۆتاییدا بەدێڕە شیعرێکى حاجى قادرى کۆیى کۆتایى بەوتەکانم دەهێنم کە دەڵـێ:
ئەوەى بێ بەهرەیە لەکەسب و کەمال
ئەبێتە دەروێش و مارگرو حەمال