بەختیار على..
پیاوى خوێنەرە جیاوازەکان
 

توانا ئەمین


ئەزموونى زیاتر لە پانزە ساڵى دەسەڵاتى سیاسى لەکوردستاندا، کۆمەڵێک چەمکى هێناوەتە کایە یان چەمکگەلێکى ترى پێناس کردووە، کە سەرلەنوێ داڕشتنەوە و تێگەیشتنیانى کردۆتە کارە نەکردە.. یەک لەوچەمکانەى دونیاى گفتوگۆ و نووسین (جیاوازى)یە .
ئەم جیاوازییەى لەم پانزەساڵەى رابردوودا بەرى کەوتووین خودى (جیاوازى) خۆى نییە! واتە جیاوازییەکى لۆژیکى نییە لەسەر ئاست و پلەبەندییەکى دروست، جیاوازییەک نییە کە بتوانێت جیاوازى داڕێژێت.. واتە کاتێک دوو شت، دوو نووسین، دوو نووسەرمان پێ لەیەک جیاوازە، لەوەوە نەهاتووە کە یەکێک لەم دووانە خاوەن بوونێکى زیاتر، خوێندوەیەکى فراوانتر، دیدێکى روونترە.. لەباشترین حاڵەتدا لەوەدا کورت بۆتەوە کە ئێمە جیاوازین تەنیا بۆ ئەوەى لەیەک نەچین!! ئێستا وەختە چەمکەکە رەنگوبۆیەکى سایکۆلۆژى بگرێ، واتە جیاوازییەکانى ئێمە لەیەکتر جیاوازییە لە قیندا!.
لەم مێژووە نوێیەى دونیاى روناکبیرى کوردیدا، کەس هێندەى بەختیارعلى قسەى (جیاواز!)ى لەسەر نەکراوە، بەجۆرێک ئەو نووسینە (جیاوازانە) لەرووى قەبارەوە لەکۆى کارەکانى ئەم نووسەرە زیاترن. پرسیارى زیندوو ئەوەیە؛ ئەمانە چییان وت؟ چییان خستە سەر دونیابینى و ئەبستمى بەختیار و خوێنەرەکانیشى؟!.
هەڵبەتە روونە کە قسە کردن لەبارەى ئەم پیاوەوە سەختە و مرۆڤ دەخاتە ناو توناوتون و رێگومکەیەکى کوێرەوە، جارێک لەبەرئەوەى بوارى کارى نووسەرەکە زیاتر لەکاییەکە و جارێکیش لەبەر ئەوەى قورسایى ئەم کارانە رێ نادات وا بەسانایى هەموو خوێنەرێک لەسەر خۆى بێنێتە قسە.
لەڕاستیدا دەمێکە من لەبیرى ئەوەدام وتارێک لەمەڕ ئەم باسە بنووسم، لەسەر تێگەیشتن و ناسکردنى بەختیار على وەک خۆى و بەختیار على وەک ئەوەى هەیە.
بە بڕواى من ئەم نووسەرەى دونیاى ئەدەبى ئێمە خاوەنى سێ جۆر خوێنەرە.. خوێنەرانێک کە ناتونن هەزمى بکەن و لەکورتبینییانەوە بێ شرۆڤە و لێکۆڵینەوە، راست و چەپى بەسەردا دێنن و لە وێبسایتە شەرمەزار وخۆخەجڵەکانەوە ئەوەندە دەڕشێنەوە کە بڕست لەخوێنەرە بەستەزمانەکانى خۆشیان دەبڕن، ئەم خوێنەرە ئەم پیاوەى پێ قوتناچێت و لێرەوە قسەى بڕیوەتەوە کە هەرچییەکى نووسیوە و(هەرچیەکیش لەئایندەدا دەنووسێت!) هى خۆى نییەو دزیوێتى.. جێى داخە ئەم ستێپە لەخوێنەر دیدیان وەک جیکڵانەیان هێند بچووکە کە فرسەتى قبوڵکردنى دەقى گەورەى کوردى لەدەست داوە. دیسان جێى سەرنج و تێبینییە کە بەشێکى ئەم خوێنەرانە لەناو نەوەى دەییەى شەست و هەفتاکانن و لێرەو لەوێش گەراپیس و شڵەقاوەکانین لەگۆمەزارى نەوەى نوێدا چاودەکرێت.
لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەرپارت و ئایدیایەک پێویستى بە گەلەککارى و خەڵک لەخۆکۆکردنەوە هەبێت، ئەدەب وەک کایەیەکى خەیاڵکاریى-مەعریفى پێویستى پێى نییە. چونکە ئەدەب ناکۆتا درێژ دەبێتەوە، رەنگە تێکستێکى ئێستا لە سەد ساڵى داهاتوودا ژیانى خۆى دەسپێبکات. هەموو کێشەى نێوان ئایدۆلۆژیا و ئەدەب نەمرییە.. هەردووکیان هەڵوەداى ئەوەیانە نەمرن.. کەچى هەمیشە ئەدەب یارییەکەى بردۆتەوە.
رەنگە هەر نووسەرێکى دونیا بگریت پێی خۆشبێت ژمارەیەک بچێتە سەر خوێنەرەکانى و کتێبێکى زێدەتر بفرۆشرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە نووسەرەکە بۆخوێنەرەکانى نەیەتە خوار و ئەوان رابێنێت بۆ لاى خۆى سەرکەون.
بەشێکى ترى خوێنەرەکانى بەختیار على کە زۆرینەن ئەوانەن کە ئەم پیاوەیان خۆش دەوێت، خۆیان لێدەبێتە پاڵەوانى رۆمانەکانى، دەگوڕێن بە فەرەیدونى مەلەک و سەریاس و جەلادەت و دڵشوشە و ماجەلان.. ئەم جۆرەى خوێنەر وەک عاتیفە دواى بەرهەمى ئەم نووسەرە کەوتوون و زۆرجاران بێئەوەى خوێندبێتیانەوە لەسەرى هەڵدەدەنێ.. دەیکەنە هەرا.. تا ئاستێک 'بەختیار علی'یان کردۆتە تەوتەمێکى رووناکبیرى و هەرئەمانیشن فارس وتەنى هیزمکشى جەنگى نێوان جۆرى یەکەم و نووسەرن.
بەبڕواى ئێمە ئەم خوێنەرە خوێنەرێکى کوشندەیە و خزمەت بەنووسەر و پەیامەکەشى ناکات، ئەمان خوێنەرانێکى مەزاجى و جحێڵن، نە قوڵ دەفکرن و نە قوڵ دەئـاخفن، ئەم نەوە نوێیەى خوێنەرى بەختیار على پشکێکى لەو ڕەنگکوێرییەى جۆرى یەکەمى پێبڕاوە و ناتوانێت لەڕەش و سپى بەولاوە رەنگێکى تر ناس بکات.
جۆرى سێیەمى خوێنەرەکانى ئەم پیاوە لەرووى ژمارەوە کەمترینى خوێنەرەکانین، بەڵام دەکارن ئەم پیاوە وەک خۆى بخوێننەوە و لەجێگا و شوێنى خۆشى قسەیان لەهەندێک شوێنى بەختیار على هەبێت و بتوانن ئەوەندە لەگەڵ کارەکانیدا بژین کەهەست بە بچوکترین گۆڕان(نەک گۆڕانى رایکاڵ) لەفکرى نووسەردا بۆ نموونە لە چەمکەکانى (نەمرى، عەشق، مەرگ، عەدالەت) لەمەرگى تاقانەوە تا موسیقارە سپییەکان و غەزەلنووس بکەن.
ئەمانە کورتەى جۆرى خوێنەرەکانى ئەم نووسەرەن، بەوهیوایەى لەجێگایەکى تردا بتوانین قسەیان لەبارەوە بکەین و ئەم ستونەش ئێمە نەخاتە هیچ بەرەیەک نە لەدۆستە مەزاجى و نە لەدوژمنە سەرپێییەکانى بەختیار على یەوە.