مەنسور تەیفورى لە تەوەرى نوسین و خوێندنەوەدا
 

ئامادەکردنى :توانا ئەمین



ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەرد و سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپ و پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆ و پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەم و بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن... ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوە و ئاشنابوون بە کتێب و کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤ و جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهام و رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانى و رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیر و نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوە و لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:

لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردى و بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیى و هیچ نەوتن نابات؟

مەنسور تەیفوری:
بیرکردنەوە ئەو توخمە بزرەیە ئا ئێستەش لای ئێمە پرس نییە، ئا ئێستە لە رۆشنبیریی کوردیدا نەمانپرسیوە "بیرکردنەوە چییە؟" و "چییە بیرکردنەوەیەک حەقیقی دەکات؟"

وەک سەرەتا، بێ ‌ویستی خۆم و بە ناچار دەبێ نەک بەوەڵامدانەوە، بەڵکوو بە داڕشتنی پرسیارەکەوە خەریک ببم، چونکوو لەباتی پرسیار حوکمێکم لە بەردەستدایە کە تەنیا بە نیشانەی (؟) پرسیار دەیەوێ ببێتە پرسیار، حوکمێک کە خۆی پێش وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک پێویستی بە توێکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە هەیە‌، بۆ ئەوەی بانگێک بۆ وتووێژ و درێژەدانی ئاخافتن لە‌ناخیدا دەرکەوێت.
یەکەم: لە‌ نێوان مەعریفە و ئیلهام‌دا ناتەباییەکی بنچینەیی وێنا کراوە، کە چما ئەمانە دوو جیهانی بە تەواوی لێکجودان و چ کاریگەرییان لەسەر یەکتر نییە. بەڵام لە راستیدا چ جێکارییەکی لەم چەشنە لە نێوان مەعریفە و ئیلهامدا لە کاردا نییە، لانیکەم بە نیسبەت ئەدەبەوە، کە پرسیارەکە لە دواییدا خۆی لەسەر چڕ دەکاتەوە. ئەوەی دەبێ بەرامبەر مەعریفە دابنرێ وەهمە نەک ئیلهام، بە پێوستی دەزانم وەهم زیاتر روونبکەمەوە. وەهم بە پێی دابەشکارییەکی سوننەتی بۆ پلەکانی مەعریفە ئەوکاتەیە کە خەیاڵ بەتەواوی لە واقیع دادەبڕێ و هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ واقیع نامێنێ، ئەو کاتەیە کە چیدی واقیع و گرفت و ناکۆکیەکانی سەرچاوە و دەسپێکی بیراندن نین، بەڵکوو تەنیا ئارەزووی چەپێنراوی تاکەکەسی و گرووپەکانن، کە لە شێوەی شیزۆفێرنیایەکی فەردی یان بە کۆمەڵدا دەردەکەون و یەکەم شت کە نەفیی دەکەنەوە، ئەقڵ و ئەو چەمکانەیە کە تەنیا کەرەستەی گۆڕانن، وەهم وازهێنانە لە واقیع و ئەو چەمکانەی واقیعیان پێ پێناسە دەکرێ، وازهێنانە لە زمانی چەمکی و مێژووی بیرکردنەوە، زیندووکردنەوەی عەزیای پێش‌ مێژووییە لە شێوەی قەیرانی ناهاوچەرخدا، گەڕانە بۆ زمانی ئێستە و چارەی قەیرانەکانی ئێستە لە سەردەمانێکدا کە لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە جودان لە‌ئێستە، دابڕانە لە سەرچاوەی راستەقینەی بیرکردنەوەکە هەمان کۆمەڵگایە بە‌هەموو ناکۆکی و ململانێکانیەوە، وەهم بەرگە نەگرتنی ئەم ناکۆکی و ناتەواویانەیە، بەرگەنەگرتنی بیرکردنەوەیە، ترسە لەو بێدەنگیی و سەرسامیەی کە هاندەری یەکەمی بیرکردنەوەیە، دەرچوونە لەو پرسیارانەی واقیع بە بەردەوام و رۆژانە رووبەڕووی بیرکردنەوەی دەکاتەوە و گەڕانە بۆ دڵنیایی، لە کاتێکدا بیرکردنەوە بەردەوام دەبێ نادڵنیا بێ و کەی وەک فاوست بڵێ "گەشتم و تەواوە" و» بەجیهانە دەستکردەکەی خۆی خەنی بێی و واز بێنێ، رووخان و هەرەسی دەست پێدەکات، هەر ئەم نادڵنیاییەشە کە یەکەمجار مەعریفەی پێ شێوەڕێژکراوە، واتە هەمان گوزارە بەناوبانگە بنچینەییەکەی ئەرەستوو کە رایگەیاند "زانین زادەی حەیرەتە". پەنا بردنە بەر وەهم داماڵینی بیرکردنەوەیە لە هاندەری یەکەم و بنچینەیی خۆی و دووپاتکردنەوەی ئاواتێکی کەونینە و ئایینییە، گەڕانە بۆ بەهەشتێکی بێ‌ناکۆکی. لە کاتێکدا جیهانی مۆدێرن، جیهانی ناکۆکی رۆژانە و جیهانی مەتەڵە هەر رۆژەکان و خەباتی بەردەوام و بێوچان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم ناکۆکی و مەتەڵانە؛ مەعریفەش لەم هاوکێشە بەدەر نییە و بیرکردنەوەش دەبێتە خەباتێکی رۆژانە و بەردەوام و بە خۆداچوونەوەیەکی هەمیشەیی، ئەمەش ئەو داینەمۆیەمان و نەمانی بیرکردنەوەی پێوە دەبەسترێ، بەرامبەر وەهم کە بە نیازە یەک شوێنی هەمیشەیی بۆ حەسانەوەی خۆی بدۆزێتەوە و بۆ هەمیشە تێیدا دامەزرێ. بەڵام ئێلهام بە پێچەوانەی وەهم، دژی مەعریفە نییە، جەنگێک، ناکۆکیەک، رووداوێک دەتوانێ ببێتە ئیلهام بۆ بیرکردنەوە و نووسینی بابەتێکی فیکری یان خولقاندنێکی هونەری، خاپوورکردنی گوندێک دەکرێ ببێتە ئیلهامی خولقاندنی "گیۆڤێرنیکا"» لای پیکاسۆ و ئاشویتس دەتوانێ ببێتە ئیلهامی راگەیاندنی بێمانا کەوتنەوەی هەمووشتێک لای ئادۆرنۆ، ئیلهام نەک مانای پەنابردنە بەر جیهانی‌تر و گەڕان بۆ سەرچاوەی بیر و ئایدیا لە جیهانێکی دیکەوە، جیهانێک کە تەنیا لە وەهمدا هەیە، بەڵکوو ئەو خاڵەیە بیرکردنەوە لێیەوە دەست پێدەکات و بۆ ئەو بونیادە لێکترازاوە دەگەڕێ بەم خاڵە‌ گەشتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێ چۆنە مێژووی ژیار لە کارەساتدا چڕ دەبێتەوە و کام میکانیزم و هاوکێشە کۆمەڵکوژیی و ستەمی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و کامە سیستمی ئابوورییە دەتوانێ لەگەڵ هەموو شەڕێک هەڵبکات و لە پشتەوەی دیکتاتۆریەتەوە کامە سیستمی ئابووری خۆی شاردۆتەوە، ئێلهام چرکەی دەسپێکردنە و گەڕانە بۆ شتێکی گشتیتر لە پشتەوەی ئەم چرکەوە؛ لێرەوەش مەعریفە درێژکراوەی ئەم چرکە دەبێ، کە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی بونیاد و هۆکارە نادیارەکانی دراوە. بەڵام هاتنە ئارای ئەم پرسیارە ناتوانێ لە خۆڕا بێ. راستە لای ئێمە ئێلهام و وەهم جێگەیان گۆڕاوە و، چاوخشاندنێک بەسەر ئەدەبی هاوچەرخدا و هەڵدانەوەی لاپەڕە لە چەند نۆڤلێت، دەتوانێ پێمان بسەلمێنێ کە ئارەزووی چەند گەورە بۆ راکردن لە واقیع و پەنا بردنە بەر وەهم هەیە، ئەمە‌ ریالیزمی جادوویی نییە، بەڵکوو وەهمە، ریالیزمی جادوویی هێشتا ریالیستە و هێشتا پشتی بە مێژووە بەستووە و خۆی لە مەتەڵەکان دەدات، کەچی خەیاڵەکانی ئەم نۆڤلێتانەی بەرهەم دێن وەهمی رووتن و بەرهەمی ناتوانیی ئەقڵ و بیرکردنەوەن بەرامبەر واقیع و ، تەنانەت ئەوەندەش راستگۆ نین کە "بێکێت"»ئاسا ئەم ناتوانییە ئاشکرا بکەن و بۆ ناخی زمان و بیرکردنەوەی شۆڕ بکەنەوە. هەڵبەت ئەمە تەنیا بواری ئەدەب ناگرێتەوە و لە ئاستی بەرهەمی فیکریشدا روودەدات، هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی هەنووکە بە ئەفلاتوون و سارتەر و هایدگێر و ئەم نۆڤلێتانە وەکوو یەکن، راکردن لە ‌دەستی واقیع و پەنابردنە بەر ئەستێرەدۆزیی "حسێن نەسر"»یانە و وجوودپەرستی "سارتەر ـ هایدگێر"»یی و پێناسەکردنی بوون وەک بوون _بەرەو_ مەرگ و، وەهم یەک شتن، شەرعییەتدانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆن بە فەندەمێنتاڵیزم و جۆرە جیاوازەکانی گوتاری نائەقڵانیی و زیندوو بوونەوەی عەزیای پێش‌مێژوویی. ئەمانە وەهماندنن، ئەگین گەر وەهم نەبن چۆن بانگەشە بۆ بیرکردنەوەیەک دەکرێ کە‌جیهان پێشتر و لە پاڵ دەستی کوردستانیشدا، ئێران، خەریکی ئەزموونکردنی تەرجەمەی بابەتیی ئەوە، مەبەستیشم رێک ئەو تێکەڵەیە لە ‌ئەفلاتوون و نەسر و هایدگێر و فەردید، کە ئێستە مەهدەوییەتی لێ هاتۆتە دەر و حوکمی ئێران دەکات و لە‌ کوردستاندا بە‌ناوی حیکمەت، بوونخوازی و ئەفلاتوونیزمەوە لە ئاو هەڵکێشراوە و کەچی تەرجەمە سیاسیەکەی هیچ‌کات ئازادی نییە.


دووهەم: سادەگۆیی و هیچ نەوتن. رەنگە یەکەم هەوڵ بۆ فۆرمڕێژکردنی هیچ نەوتن لە ئەدەبدا بۆ نووسرەی مادام بواری، گۆستاوفلۆبر، بگەڕێتەوە کە یەکەم نووسینی بێ‌خاڵبەندیی لە پەخشانی فەرەنسیدا تاقیکردەوە، ئەو لە یاداشتەکانیدا دەڵێ "بە نیازم کتێب بنووسم سەبارەت بە‌هیچ، واتە کتێبێک بابەتەکەی هیچ بێت" بەڵام ئەو هەر لە‌توێی ئەم کتێبەشەوە توانی دەست بداتە توێکارییەکی چینی بۆرژوازیی و مامناوەندیی ئەو کاتی ئەورووپا و بەتایبەت فەرەنسا و هەر لەوێوەش پەل بۆ شیکاریی خزیی و ناجێگیریی و سەییالیەتی پێوەندییە مرۆییەکان بهاوێ و لە خوێندنەوەی مێژووی هاوچەرخی خۆیەوە، بتوانێ گشتیەک بدۆزێتەوە، کە بۆ سەردەمانی دیکەش تازە و وەڵامدەر دەبێ، ئەمە دێالێکتیکێکی سەیرە کە‌ چۆن ئەو بەرهەمەی بەتەواوی دەستەویەخەی مێژووی هاوچەرخی خۆیەتی، دەتوانێ شتێک لە گشتێتی و گشتیبوون هەڵگرێ و بۆ سەردەمانی دیکەش بەکار بێت، ئەمە ئەو جۆرە دیالێکتیکەیە کە بەرهەمی هونەری تواناترین دەرکەوتەیەتی. بەڵام هەر شێوەنووسینی ئەم بەرهەمە خۆی دیسان گران و ئاسان (سهل ممتنع)، ئەو سادەییەیە کە بەرهەمی چڕ بوونەوە و تێپەڕینی بیرکردنەوەیە بە ئاڵۆزیەکاندا، هەر ئەو بریسکەی دواتر لای نیچە لە شێوەی پەخشانی شاعیرانەدا دەردەکەوێ. ئەمە چیدی سادەگۆییەک نییە وەک قسەی سەرزارەکی، پارچە فەلسەفیەکانی ئادۆرنۆ هەموو تواناکی زمان بەکار دێنێ، بەڵام بۆ بەگژاچوونەوەی زمان خۆی و ئەمە لە "دیالێکتیکی رۆشنگەری"شدا بەرجەستەیە و هەندێ‌جار هەیە هەست دەکەی لۆژیکی شیعرت ئاگا لێیە، کەچی بە هیچ شێویە ئەوەی دەگوترێ سادە نییە، بەرهەمی سانا و سادەکردنەوەی جیهان نییە، ئەمەشە دیسان سادەگۆیی هیچ نەوتنیش بە جۆری دیکە لە لای بیرمەندان ئەزموون کراون، جیاواز لە‌ ئەزموونی ئێمە و پێناسەی ئێمە بۆیان. ئێخۆ ئەو سادەگۆییەی لای ئێمە هەیە وەک ئەم سادەگۆییەیە کە بنیامین لە "شەقامی یەکلایەنە"دا کردوویەتی: "رازق خودایە و، نوێنەریشی دەوڵەت"، بەڵام هەموو مێژووی گۆڕانی ئەم دوو چەمکەی بۆ یەکتر و ئامادەیی پرۆسەیەکی ئابووریی لەم ناوەدا ئاشکرا کردووە، ئەمە ئەو سادەگۆییەیە کە لە دڵی ئاڵۆزیەوە دەزێ. سەبارەت بە هیچ نەوتن دەتوانین ئاماژە بۆ سیمایەکی دیکە بکەین، سامۆئێل بێکێت بە سێ رۆمانەکەی خۆی و شانۆنامەکانی هەوڵی‌دا بە گژ زمان و توانای نواندنەوەی (representation) زماندا بچێتەوە و فۆرمی رۆمان و شانۆنامە تا دوایین رادەی خۆی کورت بکاتەوە و بیسەلمێنێ کە زمان بەشی نواندنەوە ناکات، کە نواندنەوەی تەواوەیتی واقیع بە زمان وەهمە، کە ئەدەبیش، رۆمان و شانۆنامەش و تەنانەت زمان و وشەکانیشی ناتوانکەوتوونەوە و بەگژ ئەم ناتوانکەوتنەوەدا چوو و رایگەیاند لە دواییدا هەوڵی ئێمە شکست دێنێ و وتی «هونەرمەند بوون مانای شکست هێنان»، ئەمەیە ئەو ئەزموونکردنەی هیچ کە مۆدێرنیستە گەورەکان ئەزموونیان کردووە، کە زۆر جیاوازە لەو هیچ نەوتنەی لەم پرسیارەدا نراوەتەوە و گەر وریا نەبین بە تەنیشتیدا رەت دەبین و بە سانا و ئاسایی وەریدەگرین.
بەم پێشەکیانەوە لەم حوکمە پرسیارێک دێت کە دەکرێ وەڵام بدرێتەوە: "چۆنە تێکستەکانی ئێمە سادەن و بەرهەمی مەعریفە نین؟" یان هەر داڕشتەیەکی دیکەی ئەم ناوەرۆکە.


بۆ من وەڵامی پرسیارە بەندە بە پرسیار لە ‌بیرکردنەوە خۆی، بیرکردنەوە ئەو توخمە بزرەیە ئا ئێستەش لای ئێمە پرس نییە، ئا ئێستە لە رۆشنبیریی کوردیدا نەمانپرسیوە "بیرکردنەوە چییە؟" و "چییە بیرکردنەوەیەک حەقیقی دەکات" و، ئەو هەموو ئێگزیستەی ئێمە نە هایدگێر و نە سارتریان وەک کەسانێک کە بیریان لە چییەتی بیرکردنەوە کردبێتەوە نەناساندووە. کلیلەکە بیرکردنەوەیە ، وەڵامێک لێرەدا بۆ ئەم پرسیارە هەمبێ ئەوەیە بیرکردنەوە، لە دوایین پلەی خۆیدا بیرکردنەوەیە لە "گشتی" (the universal). ئەمەش مانایەکی میتافیزیکیی نییە، بەڵکوو مانای توانای بەستنەوەی بابەتی هەندەکی (Particular)یە بە گشتییەوە، واتە تۆ چۆن دەتوانی شتە بەرواڵەت دابڕاوەکان‌ پێکەوە پێوەندیی بدەیت و بونیاد و هێزی نادیاری پشتەوەیان، بێ‌تووشبوون بە وەهم ئاشکرا بکەیت، چۆن بتوانی بیسەلمێنی بونیادگەریی ئایینی تۆژێکی ئابوورییە کە مەبەستی گۆڕینی زیاد لە 90% تلیاکی جیهانە لە ئەفغانستان، بۆ یۆرۆ و دولار؛ واتە تۆ چۆن بتوانی رووداوە خۆماڵی و هەندەکیەکان لە‌دڵی مێژووی مرۆڤایەتی و لە ناوکۆییەکی جیهانیدا بخوێنیتەوە و لێرەوەش خۆت بە جیهانەوە ببەستی و چیدی دوورگەیەکی داخراو نەبی. نەبوونی ئەم روانینە بۆ بیرکردنەوە، یان روونەدانی بیرکردنەوە، وایکردووە لای ئێمە زمان لە کەرەستەی بیرکردنەوە و بیراندنی جیهانەوە. ببێتە کەرەستەی کورتکردنەوەی جیهان بۆ زمان و زمانیش بۆ دوورگەیەک بۆ خۆشاردنەوە، ئەویش شاردنەوەی نەتوانین.
دەرباز بوون لەم دوورگە تەریکە و خۆدانان لە زەمینەیەکی گەورەتردا کە زەمینەی جیهان و مێژووی بیرکردنەوەیە، توانا و بوێرییەکی پێویستە کە‌ رەنگە ئێمە هێشتا نەمانبێت، پێویستی بە توانایەکە بۆ بەخۆداچوونەوە (self–reflection) کە لای ئێمە بزرە و کەچی بوێریی بۆ ئەم بەخۆدا چوونەوەیە، دەستەویەخەبوون لەگەڵ گشتی و خۆدانان لەم ناوکۆییەدا مەرجی سەرەکیی هەرچەشنە بیرکردنەوەیەکە ـ لێرەوە ئەدەبیش بە بیرکردنەوەوە گرێدەدرێ و دەتوانێ وەک بیرکردنەوە ناوەرۆکێکی کەشفکاری بە بەردابێتەوە. خۆ دانان لەم ناوکۆییەدا مانای بەراوردکردنی خۆشتە‌ بەجیهان، مانای تۆ دەبێ بە پێی جیهان، نەک شارێک و ناوچەیەک، بخولقێنی و بیربکەیتەوە و بەرهەم بێنی، مانای مێژووی مرۆڤایەتی و بیرکردنەوە و ئەدەب هەمووی مێژووی تۆن و تۆ لەم ناوکۆییەدا دەخولقێنی. هەڵبەت ئەمەش دیسان لە ‌روانگەیەکەوە نایەت کە خۆی لە واقیعی ئێرە و ئێستە دەدزێتەوە، بەڵکوو جۆرێک دیالێکتیک لە نێوان گشتی و هەندەکیدا درووست دەکات و خوێندنەوەی جیهانە لە رێگەی خوێندنەوەی نیشانەیەکەوە کە هەموو مێژووی تێدا چڕ بۆتەوە، چۆن مروارییەکی ژێردەریا، دەتوانێ چاوی مەلەوانێک بێت.